رۆسنەفت پابەندە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی لە هەرێمی کوردستان
📊 ئامار و راپرسی
کۆمپانیای
رۆسنەفترۆسنەفتی رووسی پابەندبوونی خۆی بە پرۆژەکانی لە هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، سەرەرای رەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغدا.
کۆمپانیای رۆسنەفت، کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە، پلانی پێنج ساڵەی پەرەپێدانی راگەیاندووە و پابەندبوونی خۆیشی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان و ڤەنزوێلا دووپاتدەکاتەوە.
پاول فیۆدۆرۆڤ، جێگری یەکەمی سەرۆکی کۆمپانیایی رۆسنەفت رایگەیاند، پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێش دەبەن و دەڵێت، هەرێمی کوردستان هەلی گەورەی کارکردنی بۆ رۆسنەفت تێدایە.
پاول فیۆدۆرۆڤ، جێگری یەکەمی سەرۆکی کۆمپانیای رۆسنەفت رایگەیاند سەبارەت بە کوردستانی عێراق بەئاشکرا پڕۆژەکانمان بەرەو پێش دەبەین و لەڕاستیدا هەلی کارکردن لە هەرێمی کوردستان، بە لامانەوە سەرنجڕاکێشە.
بەرپرسە باڵاکەی رۆسنەفت دەڵێت، هەلەکانی کارکردنی کۆمپانیای رۆسنەفت لە هەرێمی کوردستان چەند هێندەن، کە پەیوەستن بە ژێرخانی بەرهەمهێنان و هەڵکۆڵینی نەوت.
کۆمپانیای رۆسنەفت پلانی پێنج ساڵی پەرەپێدانی کۆمپانیاکەی راگەیاندووە، بڕیارە تاوەکو ساڵی 2022 بڕی 30 ملیۆن تۆن نەوت کە یەکسانە بە لە 10%ی کۆی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی خۆی زیاد بکات.
فیدۆرۆف جەختیکردەوە، هەموو وەبەرهێنانی کۆمپانیاکە کە بریتین لە تەرخانکردنی 400 ملیۆن دۆلار لە پێنج بلۆکی نەوتی و دامەزرانی بۆڕی نوێی گازی سرووشتی و بەرزکردنەوەی توانای بۆڕی گواستنەوەی نەوت، وەک چۆن پێشتر راگەیێندراوە، بەردەوام دەبێت.
ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمپانیای رۆسنەفت راشیگەیاندووە کوردستان لە چاوی ئێمەدا شوێنێکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان. یەدەکی جیۆلۆجی کوالێتی بەرزی هەیە و تێچووی دەرهێنانیش لەوێ نزمە.
هەرچەندە کۆمپانیای رۆسنەفت گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە، بەڵام بەپێی گەورەییەکەی، بازاڕی نەوتی لەدەستدا نییە. لەبەرئەوەش ئیگۆر سچین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بەنیازە لەڕێگەی پرۆژە نێودەوڵەتییەکانی پشکی کۆمپانیاکەی، لە بازاڕی نەوتی جیهاندا بەرزبکاتەوە.
رۆسنەفت لە ئەڵمانیا و هیندستان پاڵاوگەی نەوتی کڕیوە. لە هیندستان گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ئەو وڵاتەی بە 12.9 ملیار دۆلار کڕیوە.
رۆژی پێنجشەممە 14-12-2017 لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی ساڵانەی لە مۆسکۆ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند کۆمپانیاکانی ئێمە بەتایبەتی رۆسنەفت لە کوردستانی عێراق کاردەکات، ئێمە پێمانوایە ئەمە هەم لە بەرژەوەندی عێراق و کوردستانی عێراق و بەتایبەتی ئابووری رووسیایە. بەگشتی پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ کوردستان و لەگەڵ کورد پەیوەندیی مێژوویی و دوورودرێژ و باشن و متمانەیەکی باش لە پەیوەندییەکانماندا هەیە. ئێمە هەست بەو ئاستەنگانە دەکەین کە لە کوردستان هەن لە زۆر بواردا، هیچ بەربەستێک لەبەردەمماندا نییە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ گەلی کورد، ئێمەش بەردەوام دەبین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کورد.
[1]
20-12-201720-12-2017