هیومان ڕایتس ۆچ: 350 زیندانی بە دەستی هێزە کوردییەکان بێسەروشوێن کراون
📊 ئامار و راپرسی
بەپێی ڕاپۆرتێکی هیومان ڕایتس ۆچ، لە شاری
کەرکوککەرکوک زیاتر لە 350 کەس بە دەستی هێزە کوردییەکان ئاسایش گیراون و بێسەروشوێنن.
ئەمڕۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ (هیومان ڕایتس ۆچ) ڕاپۆرتێکی لەسەر زیندانیە بێسەروشوێنەکانی شاری کەرکوک بڵاوکردەوە، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم ناسراو بە ئاسایش لە شاری کەرکوک دەستگیرکراون و بێسەروشوێن کراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: زیاتر لە 350 کەس لە لایەن هێزەکانی سەربە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناسراو بە ئاسایش لە شاری کەرکوک گیراون و بە زۆر بێسەروشوێن کراون.
ئاماژە بۆ ئەوە کراوە: ئەوانەی کە ون بوون و بێسەروشوێن کراون زۆربەیان عەرەبی سونەن، کە دانیشتوی شاری کەرکوک بوون و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم ناسراو بە ئاسایش بە تۆمەتی پەیوەندیان بە داعشەوە دەستگیرکراون، هێزە ئەمنییە کوردیان لە مانگی 6ی 2014 بە هێز شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد، بەڵام لە مانگی ئۆکتۆبەری 2017 هێزەکانی حکومەتی عێراق گەڕانەوە شارەکە و کۆنترۆڵیان کردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس ۆچ-دا هاتووە، کە کەسوکاری ئه و زیندانیانە غەمگینن و بە شوێن چارەنوسی ڕۆڵەکانیاندا دەگەڕێن، ناوبەناویش دۆزینەوەی گۆڕی بە کۆمەڵ نیگەرانی ئەوان زیاتر دەکات.
باس لەوەش کراوە، لە ڕۆژی 7ی نۆڤەمبەر کەسوکاری بێسەروشوێنان لە شاری کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای ئاشکراکردنی ڕۆڵەکانیان کرد کە لەلایەن ئاسایشەوە گیراون و هەروەها داواشیان لە حەیدەر عەبادی کرد لێکۆڵینەوە بکات، بەڵام هەر دوای ئه و خۆپیشاندانە، ئازاد جەباری سەرۆکی پێشوی لیژنەی ئەمنی کەرکوک ڕەتیکردەوە ئاسایش ئەوانی بێسەروشوێن کردبێت، بەڵکو وتی زۆربەی بێسەروشوێننان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بووە لەنێوان ساڵی 2003 تا 2011.
هەر لە رٍِاپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، کە هیومان ڕایتس ۆچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ 26 کەس ئەنجامداوە، کە باسیان لەوە کردوە، ئەوان شایەتحاڵی ئەوەن 26 کەس لە کەسوکاریان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە لە کەرکوک دەستگیرکراون لەنێوان مانگی ئابی 2015 هەتا مانگی ئۆکتۆبەری 2017 و دوای ئەوەی دەستگیرکراون بە هیچ شێوەیەک نەیانتوانیوە پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن و نەیانزانیوە لە کوێن و بۆچی گیراون.
دایکی غازی چوو بۆ دادگای کەرکوک بۆ ئەوەی زانیاری وەربگرێت لەسەر هاوسەرەکەی، لەوێدا لە ڕێگەی سی سی تی ڤی کامێراوە دەردەکەوێت کە ئاسایش هاوسەرەکەی دایکی غازی دەستگیر دەکەن لە مانگی ئازاری 2017 لە شاری کەرکوک لە کاتێکدا لەگەڵ هاوڕێیەکی بە شەقامێکدا پیاسە دەکەن، دادگاش بە دایکی غازیان وت کە هیچ شتێک ئاشکرا نەبووە لەسەر ئەوەی هاوسەرەکەی لە کوێیە: هیومان ڕِایتس ۆچ نوسیویەتی.
هەروەها هاوسەری فەیسەڵ سوڵتان، کە یەکێکی ترە لە کەیسەکانی بێسەروشوێنان، وتویەتی: لە نیوەشەوی 12ی دیسەمبەری 2015 چوار پیاوی چەکداری ئاسایش هاتنە سەر ماڵەکەمان لە شاری کەرکوک و فەیسەڵیان برد، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هیچ زانیاییەکمان لەسەر فەیسەڵ نەبوو، بەڵام مانگی ڕابردوو کەسێک کە ئەویش گیرابوو تەلەفۆنی بۆ برای فەیسەڵ کرد و وتی کە فەیسەڵ لە ژیاندا ماوە.
باس لەوەش کراوە، لە کۆی ئه و 27 کەسە کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، هەموویان دەڵێن، پرسیاریان لە ئاسایش و هێزەکانی پۆلیس کردوە لەبارەی چارەنوسی ڕۆڵەکانیان، بەڵام هیچ زانیاریان پێنەدراوە لە بارەی شوێنی دەستگیرکردنیان و هۆکاری دەستگیرکردنیان، بەڵام بەشێک لە کەیسەکان باسیان لەوە کردوە لە ڕێگەی کەناڵی نافەرمییەوە توانیویانە هەندێک زانیاری بەدەستبێنن لەسەر ئەوەی ڕۆڵەکانیان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون و ڕەوانەی شوێنی دیکە کراون لە هەرێمی کوردستان.
[1]
21-12-201721-12-2017