زیاتر لە دوو هەزار کەس فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە و دەستگیرنەکراون
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
زیاتر لە دوو هەزار کەس سەرەڕای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام دەستگیرنەکراون، بەرپرسێکی
وەزارەتی ناوخۆوەزارەتی ناوخۆش ئاشکرایدەکات، دەستگیرنەکردنی بەشێک لە تاوانباران پەیوەندی بەوەوە هەیە کە حەسانەیان هەیە و بەشێکیش لەوانە شوێنیان دیارنییە و هەندێک لەوانەش چوونەتە دەرەوەی وڵات.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، بەهەزاران کەس فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە، بەڵام بە هۆکاری جیاجیا دەستگیر نەکراون، ئه و کەسانەش لەسەر کێشەی جۆراوجۆر و گەورە و بچوک، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
بەپێی داتا و ئامارەکان پێنج هەزار و 22 کەس فەرمانی دەستگیردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام له و ژمارەیە تەنیا (2790) کەس دەستگیر کراون و (2232) کەس سەرباری دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنیان، بەڵام دەستگیرنەکراون.
لیوا عەبدوڵا خەیلانی، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە سنووری زۆربەی پارێزگاکانی هەرێم، ژمارەیەک کەس فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە، بەڵام دەستگیرنەکراون و تاوەکو کۆتایی ساڵ زیاتر لە دوو هەزار کەس فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە و بە دەگمەن نەبێت کەس دەستگیرنەکراوە.
ئاشکراشیکرد، هۆکاری ئەوەی پۆلیس ناتوانێ ئەو کەسانە دەستگیر بکات پەیوەندی بەوەوە هەیە، بەشێک لە تۆمەتباران پلەدارن، پێویستی بەڕەزامەندی سەرەوەی خۆیان هەیە و بەشێک لەوانەش هەڵاتوون بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان و هەندێکیشیان شوێنیان نادیارە.
عیزەت سابر، ئەندامی داواکاری گشتی، سەبارەت بە ڕۆڵی دەزگاکانی پۆلیس لە دەستگیرکردنی تاوانباران بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەپێی یاسا، دامەزراوەکانی پۆلیس دامەزراوەیەکی جێبەجێکارن بە پێی بڕیاری دادوەر دەجوڵێنەوە و فەرمان جێبەجێدەکەن، بەتایبەت له و کەیسانەی پەیوەندی بە تاوانبارانی گەندەڵی و مافی گشتییەوە هەیە، بەڵام هەندێکجار بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی گەورە لە کەیسەکان تێوەگلاون، ناتوانن به و ئەرکە هەستن، بۆیە لە حاڵەتی ئاوادا پەنا دەبردرێت، بۆ دەزگا ئەمنییەکانی تر.
لای خۆیەوە حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم، بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو، چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی هەرێم لە گەندەڵی تێوەگلاون، بەڵام بەهۆی بوونی حەسانەوە تائێستا دەستگیرنەکراون و ڕووبەڕووی دادگا نەکراونەتەوە.
ڕوونیشیکردەوە، ماوەی چەند مانگە نوسراویان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کردووە بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لەگەڵ ئه و بەرپرسە سەربازییانە بکات و بدرێنە دادگا و ئێستاش چاوەڕوانی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆن بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان بگرنەبەر و بەپێی یاسا ئه و دۆسیانە یەکلایی بکرێنەوە.
فەرمان ڕەشاد، سەرۆکی رێکخراوی ستۆپ، بۆ دژە گەندەڵی بۆ دواڕۆژ، ئاماژەی بەوەکرد، دەبێ پۆلیس و دامەزراوە ئەمنییەکانی تایبەت بە گەندەڵی دەسەڵاتی زۆریان هەبێت، چونکە ئەگەر ئەوان بە ئەرکی راستەقینەی خۆیان هەڵنەستن و لە ژێر هەیمەنەی کەس و حزبدا بن، ئەوا پانتاییەکانی گەندەڵی فراوانتردەبن.
لەبارەی ڕۆڵی دامەزراوە ئەمنییەکان، سەرۆکی رێکخراوی ستۆپ، دەڵێت دامەزراوەی پۆلیس لە هەرێم بەراورد لەگەڵ شوێنانی تر دامەزراوەیەکی زۆر لاوازە و بارگاوییە بە حزب لەبەرامبەردا گەندەڵکاران زۆرینەیان پاڵپشتی حزبییان هەیە و بەشێکی بەرچاویشیان بەشێکن لە پێشمەرگە یان پاڵپشتی چەکدارییان هەیە، بۆیە ناتوانن فەرمانەکانی گرتن جێبەجێ بکەن، تاکو دامەزراوەی پۆلیس سەربەخۆ نەکرێت و هاوشێوەی بەغدا و وڵاتانی تر بەهێز نەکرێت ناتوانن فەرمانەکانی گرتن جێبەجێبکەن.
[1]
21-12-201721-12-2017