ژمارەی قوربانییانی مەدەنی لە عەفرین بەرزدەبێتەوە
📊 Anket ve istatistik
17 رۆژ بەسەر دەستپێکی پەلامارەکەی تورکیا بۆ سەر ناوچەی
عەفرینعەفرین لە رۆژئاوای کوردستان تێدەپەڕێت. بەهۆی ئەو هێرشانەوە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی مەدەنی بوونەتە قوربانی، برینداربوون یان ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون. نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی ئاوارەکانی ئەم شەڕە بە 16 هەزار کەس مەزندە دەکات. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ش هۆشداری دەدات کە تورکیا و هێزە لایەنگرەکانی، چەکی قەدەغەکراویان بەکارهێناوە.
چەکی کیمیایی
رێکخراوی مانگی سووری کورد (هەیڤا سۆرا کوردی) لە راپۆرتێکدا کە رۆژی دووی شوبات بڵاوی کردەوە، نیگەرانییەکانی هەسەدە سەبارەت بە چەکە قەدەغەکراوەکان پشتڕاست دەکاتەوە و لە راپۆرتێکی خۆیاندا ئاماژە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیا دەکەن.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژی هەینی رابردووی هەیڤا سۆر، پێنج کادیری ئاسایشی عەفرین هێنراونەتە بنکەی هێورکردنەوەی دڵەڕاوکێی رێکخراوەکە و حاڵەتی دڵتێکەڵهاتن، رشانەوە، قورسیی هەناسە و نیمچە بێهۆشییان هەبووە. لە راپۆرتەکەدا تەنیا ناوی چوار کەسیان هاتووە کە بریتین لە عەبدوللەتیف ئیبراهیم (تەمەن 32 ساڵ)، ئەحمەد حوسنی عەبدۆ (تەمەن 37 ساڵ)، مەلاز ئالافۆ (22 ساڵ) مامۆ جەمۆ (30 ساڵ).
راپۆرتەکەی هەیڤا سۆر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تیمەکەیان راهێنانی چەکە کیمیاییەکانی پێکراوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەرچەند تاوەکو ئێستا رەوشی پێنج کادیرەکە بە وردی شینەکراوەتەوە، بەڵام بەو پێیەی تورکیا هێزە کوردییەکانی سووریا بە باڵی پەکەکە دەزانێت و پێشتریش چەکی کیمیایی لەدژی پەکەکە بەکارهێناوە، بۆیە حاڵەتی پێنج کادیرەکە گومانی ئەوەی دروستکردووە کە هێزەکانی لایەنگری تورکیا چەکی قەدەغەکراویان بەکارهێنابێت. پێنج ئاسایشەکە لە ئەشکەوتێکدا خۆیان حەشار دابوو کاتێک هاوەنێک بەر دەریچەی ئەشکەوتەکە کەوتبوو.
هەڕەشە لەسەر ئاوارەکان
عەفرین لە باکووری رۆژئاوای سووریا هەڵکەوتووە، بەو پێیەش هەموو کات لە ناوچەی شەڕ و پێکدادانەکانی باکووری سووریا نزیک بووە. بەڵام هەر ئەم نزیکییەی لە ناوچەکانی شەڕ و ئارامیی رێژەیی عەفرین وای کردبوو کە ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانی شەڕی باکووری سووریا روو لە عەفرین بکەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی هەیڤا سۆر، 284 هەزار و 727 ئاوارە لە عەفرین ناویان تۆمار کردووە. لەو ژمارەیە زیاتر لە نیوەیان لە سەنتەری عەفرین جێگیرن و ئەوەی دیکەیان بەسەر ناوچەکانی دیکەی عەفریندا بڵاوبوونەتەوە. لە راپۆرتەکەدا چۆنێتی دابەشبوونی ئاوارەکان بەسەر ناوچە جیاجیاکانی عەفرین بەم شێوەیەی خوارەوە خراوەتەڕوو:
ناوەندی عەفرین: 143 هەزار و 505 ئاوارە.
ناوچەی شێراوە: 76 هەزار ئاوارە.
ناوچەی جەندرێس 43 هەزار و 510 ئاوارە.
ناوچەی راجۆ 6970 ئاوارە.
ناوچەی شران 10 هەزار و 105 ئاوارە.
ناوچەی شێخ ئەلحەدید: 780 ئاوارە.
ناوچەی بلبل: 1645 ئاوارە و ناوچەی مابتڵی: 2207 ئاوارە.
قوربانییانی هێرشەکە
هێرشەکانی سەر عەفرین، کە لە تورکیا بە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون” ناوی دەرکردووە، ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. بەهۆی سنووردارکردنی رووماڵە میدیاییە سەربەخۆکان ئامارێکی وردی کوژراو و برینداری هەردوو لایەنی شەڕەکە لەبەردەست نییە.
تورکیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە 932 تیرۆریستیان لە هێرشەکەی عەفریندا سڕ کردووە. تاکە کێشەی ئەم ژمارەیە ئەوە نییە کە لەلایەن هیچ دەزگایەکی میدیایی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵکو کێشەیەکی دیکەش ئەوەیە بەرپرسانی ئەنقەرە دەڵێن ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون دوو گروپ دەکاتە ئامانج، یەکێکیان گرووپە جیهادییەکانی وەکوو داعشە و ئەوەی دیکەیان هێزەکانی یەپەگەیە.
بۆیە ئەگەر ژمارەکە راستیش بێت، دیار نییە چەند لەو ژمارەیە سەر بە گرووپە جیهادییەکانن و چەندیان لە هێزە کوردییەکانن، جیا لەمەش چ بەڵگەیەک نییە کە ئەو ژمارە کوژراوە سەر بە یەکێک لەو دوو گرووپەن و مەدەنی نین. ئەوە جگە لەوەی کە عەفرین ناوچەی نفووزی رەهای پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)یە و باڵە سەربازییەکەی ئەو حیزبەش (یەپەگە) رۆڵێکی سەرەکی بینی لە لەناوبردنی خەلافەتەکەی داعش پاش وەدەرنانی لە رەققە.
بەرپرسانی تورک ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە 14 سەربازیان لە شەڕەکەدا کوژراوە، لەو ژمارەیەش هەشت سەربازیان لە رۆژی شەممەی رابردوودا کوژراون کە بە خوێناویترین رۆژ بۆ سەربازانی سوپای تورکیا لە 17 رۆژی رابردوودا لەقەڵەم دەدرێت. لەو ژمارەیە پێنج کەسیان لە ئاکامی هێرش بۆ سەر تانکێکی سوپای تورکیا لە باکووری رۆژهەڵاتی عەفرین کوژران و سێ کەسەکەی دیکەش لە هێرشێکی دیکەدا کوژراون.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە دوایین راپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کردووە کە تاوەکو رۆژی یەکشەممە 19 سەربازی تورک و 134 چەکداری سووریی لایەنگری تورکیا کوژراون. بە گوێرەی راپۆرتەکە لە 16 رۆژی شەڕ و پێکدادانەکاندا 106 شەڕڤانی یەپەگەش گیانیان لە دەستداوە.
بەپێی راپۆرتەکەی روانگەی سووری، لە زیاتر لە دوو هەفتەی یەکەمی شەڕەکەدا 68 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون، لەو ژمارەیە 21 کەسیان منداڵ و 12 کەسیان ئافرەت و 35 کەسیان پیاو بوون. لەکاتێکدا بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی تەندروستیی عەفرین لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە تا ئێستا 129 کەسی سڤیل بوونەتە قوربانی.
لە راپۆرتەکەی هەیڤا سۆردا، ژمارەی کوژراوان و بریندارانی شەڕەکە لە نۆ رۆژی یەکەمی شەڕەکەدا خراوەتەڕوو. لەو ماوەیەدا 43 کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە 22یان منداڵن، 10یان ئافرەت و 11شیان پیاو بوون. هەروەها لە نۆ رۆژی یەکەمی شەڕەکەدا 166 کەس برینداربوون، کە 111 کەسیان پیاون، 27یان منداڵ و 28یشیان ئافرەتن.
بەرپرسێکی فەرمانگەی تەندروستی عەفرین بە (بی بی سی) بەریتانی راگەیاندووە کە لە کاتی دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکانەوە 150 هاووڵاتی مەدەنی کوژران و 300ی دیکەش بریندار بوون.
تورکیا 911 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریا هەیە، بەشی زۆری ئەو سنوورە هاوبەشەش دەکەوێتە ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دان کە تورکیا بە باڵی سووریای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لەقەڵەم دەدات.
[1]
06-02-201806-02-2018 ⚠️ Bu madde (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmış olan, orijinal dilinde öğeyi açmak için simgesini
tıklayın!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!