نرخی سەگی پشدەر دەگاتە 50 هەزار دۆلار
📊 Anket ve istatistik
هێرش بەدرەدین، خاوەنی پڕۆژەیەکی بەخێوکردنی سەگە لە شارۆچکەی مەلائۆمەری نزیک
هەولێرهەولێر. بە گوتەی خۆی ساڵانە 50 هەزار دۆلاری لە فرۆشتنی سەگی خۆماڵی و بیانی دەستدەکەوێ.
هێرش جگە لە سەگی پشدەر کە خۆماڵییە، سەگی بیانی لە جۆری جێرمەن شیبرد و روت وایلەر بەخێو دەکات. تەنیا مانگی رابردوو 12 بەچکەی لە بەرهەمی جێرمەن شیبرد فرۆشتووە، کە نرخی یەک بەچکە لەو جۆرە سەگە بە گوێرەی جوانییەکەی لە نێوان 1200 تاوەکو 1800 دۆلارە.
خەریکە بەخێوکردنی سەگ لە کوردستان لە ئارەزووەوە دەبێتە بازرگانی. بەهۆی ئەو داواکارییە زۆرەی لەسەر سەگ هەیە، چەند کێڵگە و پێشانگایەکی تایبەت بە بەخێوکردن و فرۆشتنی سەگ کراونەتەوە.
بیرۆکەی بەخێوکردنی سەگ بۆ قازانج لەلایەن هێرشەوە بۆ حەوت ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، سەرەتا بەبەخێوکردنی سەگی پشدەر دەستی پێکرد، دواتر سەگی بیانیشی بەخێوکرد. هێرش دەڵێت: نرخی سەگی پشدەر جیاوازە لەگەڵ سەگی جێرمەن شیبرد و روت وایلەر، بەچکەی پشدەرمان بە 8 هەزار دۆلار فرۆشتووە، ئەگەر جوانیش بێت 10 تاوەکو 12 هەزاریش دەکات.
بە گوتەی هێرش، سەگی پشدەر لەلایەن فارس و تورکەکانەوە داواکارییەکی زۆری لەسەرە. هێرش گوتی: نرخی سەگێکی پشدەر ئەگەر باش بێ و گەورە بێ دەگاتە 50 هەزار دۆلار.
ئێستا لە کوردستان چەند پێشەنگایەکی تایبەت بە فرۆشتنی سەگ کراونەتەوە کە جگە لە سەگی خۆماڵی، سەگی ئۆکرانی، رووسی، سربی و بیلارووسی دەفرۆشن.
ئەو سەگانەی هاوردە دەکرێن دوو جۆرن، سەگی بچووکی ناوماڵ لە جۆرەکانی شیدزو، چاوچاو، بومرینیان، تریال مالتیز، لولو فۆکس، جۆرێکی دیکەشیان بۆ جوانی و پاسەوانی لە دەرەوەی ماڵ و کێڵگە و باخەکان بەخێودەکرێن کە بریتین لە جۆرەکانی جێرمەن شیبرد، روت وایلەر، بلدوک، مالینو، لابرادور، دوبرمان، گۆلدن ریتریفر، بیتبول، هاسکی.
ئەحمەد موفەق، خاوەنی پێشانگای ڤیڵا بۆ کڕین و فرۆشتنی سەگ و پشیلە لە شاری هەولێر، دەڵێت: هەموو جۆرە سەگێک کڕیاری تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام لەنێو سەگە بچووکەکان سەگی جۆری بومرینیان، تریال مالتیز و چاوچاو بەرناکەوێت، ئەگەر جوان بێت ژنان و گەنجان بەهەر نرخێک بێت دەیکڕن، بۆ پاسەوانی و جوانیش، سەگی جێرمەن شیبرد، روت وایلەر، دوبرمان، مالینو لە کوردستان خواستێکی زۆریان لەسەرە.
ئەحمەد موفەق باسی نرخی سەگەکانی پێشانگاکەی دەکات و دەڵێت: سەگی جۆری بومرینیان نرخی 1400 - 2100 دۆلارە، نرخی سەگی تریال مالتیز کە بەرهەمی ناوخۆ بێ 100-500 دۆلارە، بەڵام بیانییەکەی بە 1200 دۆلارە، سەگی چاوچاوی چینی بە 1000 - 2500 دۆلارە. جێرمەن شیبرد بەگوێرەی زیرەکی و رەنگ و جوانی و رەسەنی و پتەویی جەستەی بە 1400 – 6000 دۆلارە، روت وایلەر بە 1000- 2500 دۆلارە، هەروەها دۆبرمان و مالینوش بە 700 - 1800 دۆلارن.
پێشتر ئەحمەد، لەڕێی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە سەگی هاوردە دەکرد، بەڵام دوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی کوردستان لەلایەن بەغداوە، ئێستا لە رێگەی تورکیاوە هاوردەیان دەکات. ئەحمەد دەڵێت: ئێستا خەرجیی هاوردەکردنی هەر سەگێک نزیکەی 120 دۆلار زیاتر بووە، بۆ نموونە پێشتر سەگێک لە ئوکرانیاوە بە 45 دۆلار دەگەیشتە دەستمان لە هەولێر، ئێستا 100 دۆلار کرێی فڕۆکە تا تورکیا دەدەین، لەوێش 75 دۆلار دەدەین تاوەکو هەولێر.
60%ی ئەو سەگانەی ئەحمەد هاوردەیان دەکات لە شارەکانی عێراق ساغیان دەکاتەوە. ئەو دەڵێت: لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین خواست لەسەر سەگ لە پارێزگای سلێمانییە، دوای ئەو دهۆک، پاشان کەرکووک و هەولێر. سەبارەت بە شارەکانی عێراق، تەنیا لە نەجەف و کەربەلا خواست لەسەر سەگ کەمە، ئەگینا لەسەرجەم شارەکانی عێراق باشە.
قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر بازاڕی سەگ هەبووە. ئەحمەد دەڵێت: پێشتر لە فرۆشتنی سەگێک 300 دۆلارم قازانج دەکرد، ئێستا 50 دۆلار قازانج دەکەم.
زیادبوونی خواست لەسەر بەخێوکردنی سەگ هانی پزیشکانی ڤێتەرنەری داوە، نۆرینگەی تایبەت بە پشکنین و چارەسەرکردنی سەگ و پشیلە بکەنەوە.
دکتۆر مستەفا محەممەد زەکی، خاوەنی نۆڕینگەی فێترنەری بلو ئوبال لە هەولێر، دەڵێت ماوەی چەند ساڵێکە بەخێوکردنی سەگ لە هەولێر پەرەی سەندووە، زۆرتر عەرەب و مەسیحی و بیانییەکانی کوردستان بەخێوی دەکەن، هەروەها بووەتە خولیا لەلای هەندێک گەنجی کوردیش.
دکتۆر مستەفا محەممەد کە بەڕێوەبەری کەرەنتینی هەولێریشە، هەروەها دەڵێ بەپێی ئەو داتانایەی لەبەردەستمانن، دەتوانین بڵێین بە بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو، راگرتن و بەخێوکردنی سەگ لەهەولێر بەرێژەی 25% زیادی کردووە.
بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەموو کەسێک دەتوانێ سەگ هاوردە بکات، بەمەرجێک سەگەکە کارتی پزیشکیی هەبێت و کوترابێ و تووشی نەخۆشیی هاری نەبووبێ.
دکتۆر مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێترنەری هەولێر، دەڵێت: ساڵانە ژمارەیەکی زۆر سەگ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بەشێکیان بەشێوەی فەرمی دێن و بەشێکی دیکەشیان بە قاچاخ، بۆیە داتایەکی وردمان لەسەر هاوردەکردنی سەگ نییە.
گوتیشی: ئەو سەگانەی کە راهێندراون بۆ شەڕ و دۆزینەوەی چەک و ماددە بێهۆشکەرەکان، تەنیا بە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ رێگە بەهاوردەکردنیان دەدەین، ئەو سەگانەشی بۆ جوانی هاوردە دەکرێن، ئەگەر نەخۆش نەبن و کارتی پزیشکییان هەبێ رێگەیان پێدەدەین، بەڵام ئەگەر کەسێک ژمارەیەکی زۆر سەگ هاوردە بکات، ئەوە دەبێ کۆمپانیای هەبێ.
وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ ئامارێکی نییە بۆ ژمارەی سەگ لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دکتۆر مامەند پێشبینی دەکات نزیکەی 5 هەزار سەگ لە سنووری شاری هەولێر هەبن.
دکتۆر مامەند دەڵێت سەگە بەرەڵاکانیش جۆری نایابیان تێدایە، بۆیە ژمارەیەکیان لەلایەن خەڵک و رێکخراوەکانەوە بردراون بۆ ئەمریکا، رووسیا، فەرەنسا، ئێران و تورکیا.
سەگە بەرەڵاکانی کوردستان زیرەکن
ئەحمەد مۆفەق، خاوەنی کۆمپانیای ڤیلا بۆ هاوردەکردنی سەگ و پشیلە دەڵێت: سەگی کوردستان لەو سەگانەی بۆ پاسەوانی هاوردە دەکرێن باشترن، چونکە مێشکێکی باشیان هەیە، زۆر بەخێرایی راهێنان وەردەگرن و ئازان، هەروەها وەفایان بۆ خاوەنەکەیان زیاترە.
ئەحمەد بەڵگە بۆ قسەکانی دێنێتەوە و دەڵێت: سەگێکی بەرەڵام بۆ ئەمیر خالید برد لە بەغدا کە راهێنەرێکی بەناوبانگی سەگە. لەگەڵ سەگێکی پۆلیسی راهێنانی پێکرد، دەرکەوت ئەوەی هەولێر زۆر باشتر و خێراتر راهێنانەکان وەردەگرێ، هەروەها سەگێکی بەرەڵام بۆ راهێنەرێکی ئەفریقی هێنا، دوو ساڵ بەخێوی کرد، شتێکی نایابی لێدەرچوو.
[1]
08-02-201808-02-2018 ⚠️ Bu madde (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmış olan, orijinal dilinde öğeyi açmak için simgesini
tıklayın!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!