کوردستان زێدی رەسەنی 3000 رووەک و گیای پزیشکییە
📊 ئامار و راپرسی
پڕۆفیسۆرێکی
زانکۆی سلێمانیزانکۆی سلێمانی دەڵێت ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی چیای زاگرۆس زێدی رەسەنی زیاتر لە 3000 رووەک و گیای سروشتی پزیشکییە، ئەگەر وەبەرهێنانی تێدا بکرێ، دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات.
بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، چیای زاگرۆس کە بەشێکی دەکەوێتە باشووری کوردستان، ناوچەیەکی زۆر دەوڵەمەندە بە رووەک و گیا سروشتییە پزیشکییەکان. تەنانەت لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە هەندێ رووەکی دەگمەن کە لە جیهاندا بۆ چارەسەری هەندێ نەخۆشی بەکاردێن، لەوێ هەن.
د.سامان عەبدولڕەحمان، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕ لە پۆلێنکردنی رووەکی سروشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ی گوت: ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و چیای زاگرۆس بەتایبەتی زێدی رەسەنی زیاتر لە 3000 رووەک و گیای سروشتیی پزیشکییە، هەندێ لەو رووەکانە تەنیا لە کوردستان هەن، بۆیە لە سەرچاوە زانستییەکاندا بە رووەکە کوردستانییەکان ناودەبرێن.
ساڵانە بڕێکی زۆر رووەک و گیای پزیشکی هاوردەی کورستان دەکرێ، بەڵام د.سامان دەڵێت ناوچە کوێستانییەکانی کوردستان ئەوەندە رووەک و گژوگیای پزیشکی تێدایە، نەک هەر هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو دەتوانێ پێویستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پڕبکاتەوە و ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار داهاتیش بۆ کوردستان دەستەبەربکات، بە مەرجێک وەبەرهێنانی تێدابکرێ.
تێزی دکتۆراکەی د.سامان تایبەتە بە پۆلێنکردنی رووەکی سروشتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان کە لە بەریتانیا بەدەستیهێناوە، ماوەیەکیش لە سەنتەری مەلەکی بەریتانی کاریکردووە. ئەو دەڵێت
❞بەریتانییەکان لە ساڵی 1753وە کار لەسەر رووەکی سروشتی چیای زاگرۆس دەکەن❝، بۆیە تەنیا لە سەنتەری مەلەکی بەریتانی زیاتر لە 60 هەزار سامپلی رووەکی سروشتیی هەرێمی کوردستان هەن.
بەگوتەی ئەو پڕۆفیسۆرە، هەندێک رووەک و گیای پزیشکیی دەگمەنن و تەنیا لە کوردستان هەن. لەوانە رووەکی کۆزینیائەزمەرێنتس کە تەنیا لە چیای ئەزمەر هەیە. رووەکی ئەستەرەگالس هەڵگوردینێنسس کە تەنیا لە چیاکانی هەڵگورد و سەکران و قەندیل هەیە. رووەکی ئیستیدرا کە بۆ چارەسەری پرۆستات بەکاردێ تەنیا لە کوردستان هەیە.
د.سامان عەبدولڕەحمان، بەرپرسی پرۆژەکانی دامەزراوەی رووەکی کوردستانیشە کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و پۆلێنکردنی رووەک و گژوگیا سروشتییەکانی کوردستان، د.سامان دەڵێت لەرێگەی توێژینەوە لە گژوگیاکانی کوردستان. 10 جۆر گژوگیام دۆزیوەتەوە کە تازەن لە جیهاندا، هەروەها 26 جۆری دیکەم دۆزیوەتەوە کە تازەن لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستا. هەر لە توێژینەوەکانم بۆم دەرکەوتووە جگە لەو رووەکە پزیشکیانەی بە سرووشتی دەڕوێن، دەکرێت زۆربەی ئەو رووەک و گژوگیا دەرمانیانەی کە دەگمەنن لەجیهاندا لێرە بڕوێندرێن.
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی رووەکناسانی کوردستان زیاتر لە 300 پێشەنگا و سەنتەری رووەکی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان هەن، فرۆشی رۆژانەیان دەگاتە زیاتر لە 500 کیلۆ دەرمانی رووەکی و گژوگیایی.
ئیسماعیل موشیر، سەرۆکی کۆمەڵەی رووەکناسانی کوردستان بە (رووداو)ی گوت لە هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر کارهێنانی رووەکە پزیشکییەکان هەیە،
رۆژانە 500 کیلۆ دەرمان و ماددەی خاو دەفرۆشرێ، لەم ژمارەیەش نزیکەی 300 کیلۆیان هاوردەیە، ئەگەر بەتێکرا بۆ هەر کیلۆیەک 10 دۆلار دابنێین دەتوانین بڵێین ساڵانە بەبەهای زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار رووەک و گیای پزیشکی هاوردە دەکرێ.
بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە خاک و هەوای کوردستان گونجاوە بۆ زۆربەی رووەکە پزیشکییەکان، ئێستا کۆمەڵەی رووەکناسانی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی توێژنەوەی کشتوکاڵی هەولێر، بەنیازی پرۆژەکین بۆ چاندنی رووەکی پزیشکی.
ئیسماعیل موشیر، دەڵێتتۆوی رووەکی جیسینگ، جینکۆ و ستیڤیامان هێناوە، ئەگەر لەچاندنیان سەرکەوتووبووین و بەرهەمەکەی ئابووری بوو هەوڵێدەدەین تۆوی چەند جۆرێکی دیکەی رووەک بێنین بەتایبەت ئەو رووەکانەی کە بەرهەمەکانیان لەهەرێمی کوردستان خواستی زۆری لەسەرە و نرخەکانیشیان گرانە.
بەهۆی زۆربوونی سەنتەرەکانی تایبەت بە فرۆشتنی رووەک و گیا پزیشکییەکان، کۆکردنەوەی گژوگیا و رووەکە پزیشکییەکان، بووەتە پیشەی بەشێک لە هاووڵاتیان بە تایبەتی لە وەزری بەهاردا.
ئیسماعیل موشیر دەڵێت لە کوردستان خەڵک زیاتر گیای گەزگەز کۆدەکاتەوە کە تورکیا کیلۆی بە 50 دۆلارە و لێرە بە 12 هەزار دینارە، گوڵەحاجیلە و شارتەرە کیلۆی بە 10 هەزار دینارە، جاترە و گەڵای گێوژ کلیۆی بە هەشت هەزار دینارە، چەقچەقا و تالیشکە کیلۆی بە 15 هەزار دینارە، گوڵە وەنەوشە کیلۆی بە 50 هەزار دینارە، گیا سالمە کیلۆی بە 100 هەزار دینارە.
بە گوتەی ئیسماعیل مشیر و ئەو گژوگیا و رووەکە پزیشکیانەی لێرە هەن، لە جۆری زۆرباشن، ئەگەر کارگە هەبێت دەستەبەندیان بکات، لەدەرەوە خواستیان لەسەرە بۆ نموونە من 17 جۆر چام هەیە لە کارگەکانی ئێران و چین ئامادەیان دەکەم، لەو چایانە شاریحانە و گوڵە عاجیلە کە بەرهەمی خۆمانە، هەناردەی مەغریب و ئوردنم کردووە.
لەکۆی ئەو 300 پێشەنگا و سەنتەرانەی لەهەرێمی کوردستان هەن، نیوەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەدان، زۆرترین خواستیش لەسەر رووەکە پزیشکییەکان لەوێیە.
جەلال کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمەڵەی رووەکناسانی کوردستان کە خاوەنی پێشەنگایەکی رووەکی پزیشکییە لە سلێمانی دەڵێ زیاتر خواست لەسەر ئەو رووەک پزیشکیانەیە کە هۆکارن بۆ دابەزاندنی کێش و چارەسەری قۆلۆن. گوتیشی 75%ی بەرهەکانمان هاوردەن.
وەزارەتی تەندروستی دێتە دەنگ
دکتۆر ئارام رۆستەم، راوێژکاری وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (رووداو) راگەیاند ناڕێکییەکی زۆر لە کاری پێشەنگاکانی گیادەرمانی هەیە، بۆیە پرۆژە یاسایەکیان بۆ رێکخستنی فرۆشتنی دەرمانی گیایی ئامادەکردووە و شەش مانگە نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کرد. بەپێی پڕۆژە یاساکە تەنیا رێگە بە دەرچووانی کۆلێژی دەرمانسازی زانست (بایۆلۆژی و کیمیا) کشتوکاڵ (بەسی رووەکناسی) دەدرێ پێشەنگای دەرمانی گیایی بکەنەوە.
دکتۆر ئارام گوتی تا ئێستا چەندین پێشەنگامان داخستووە، چونکە هەندێکیان گژوگیا و دەرمانی نەشیاویان بە قاچاخ هاوردەکردووە. لە کەناڵەکانیش رێکلامی وایان بۆ کردووە وەک ئەوەی مردوو، زیندوو بکاتەوە، بۆیە سکاڵامان لەسەر هەندێ کەناڵیش تۆمارکردووە.
[1]
23-02-201823-02-2018