بانگەوازێک لە کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە
بەڕێزان
بە پێشەنگایەتیی کۆمسیۆنی ژنانی
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانکۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ئێمە ژنانی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، لە 18ی ئازاری 2018 دا لە برۆکسل کۆبووینەوە. بڕیارمان دا بە هەموو هێزی خۆمان پێکەوە لەگەڵ تەواوی ژنانی کورد لە هەر کوێ هەن کار بکەین، بەو ئامانجەی کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی کورد لە رۆژاوای کوردستان ببەسترێت. ئەگەر ئێمە خاوەنداریەتیی لە رۆژاوای کوردستان بکەین، دەتوانین بەر بە مەترسیی داگیرکاریی لەسەر باشووری کوردستان بگرین.
هەروەک دەزانن چارەنووسی هەموو پارچەکانی کوردستان بە یەکەوە گرێ دراوە. ئەم پێکەوە گرێدانەش لە قۆناغی ئێستادا لە چارەنووسی باشوور و رۆژاوای کوردستان زیاتر روون و لەبەرچاوە. ئیدی ئێمە ناچارین بە ئافراندنی ستراتیژی یەکێتی نەتەوەیی رێ لەبەردەم پلانی داگیرکەران بگرین.
بەڕێزان
لەبەر دۆخی ئاڵۆزی کوردستان، ئێمە وەک ژنانی کورد، بانگی ئێوە دەکەین بە خێرایی و لە نزیکترین دەرفەتدا، کە پێکەوە کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی کورد بۆ رێگرتن لە مەترسییەکانی سەر کوردستان پێک بێنین. لە هێرشی داگیرکارانەی سەر عەفرین و هێرشی 16ی ئۆکتۆبەری سەر کەرکوک و باشووری کوردستان، ئەو راستییە ئاشکرا بوو کە هێزە نەیارەکانی کورد، لە پیلانی ستراتیژیی خۆیان بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردستان لە کاردان. هێزە ناودەوڵەتیەکانیش لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین، بێدەنگ بوون و لەو بێدەنگییەش بەردەوامن. هەر هەمان ئەو هێزانەش بوون لەبەرامبەر هێرشی سەر کەرکوک بێدەنگ بوون. هەروەک چۆن لە شەڕی یەکەم و دوومی جیهانیدا رووی دا، ئەمڕۆش جارێکی تر دەیانەوێت کورد و کوردستان بکەن بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. لە داڕشتنی نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردان بخەنە ژێردەستی هێزە داگیرکارەکانی هەرێمەکە. سیاسەتی نێودەوڵەتی بەرژەوەندی کوردستان ناپارێزێت، بەڵکو دەوڵەتانی وەک تورکیاو ئێران و عێراق و سوریا بە بنەما دەگرێت. هەر لەبەر ئەو بێدەنگیە نێودەوڵەتییە، بە نەتەوەیەکگرتووەکان و ناتۆ و یەکیەتیی ئەوروپاشەوە، هاوار ئەکا کە دەیەوێت هەموو رۆژاوای کوردستان تێک بدات. هەمانکات ئەردۆگان بە ئاشکرا دەڵێت: دەمانەوێت هێرش بکەینە سەر شەنگاڵ و کەرکوک و قەندیل. ئەوە دوو مانگە گەلی کورد، ژنی کورد لەگەڵ دۆستەکانیان لە سەرانسەری دنیادا بۆ خاوەندارێتی لە عەفرین لە سەرپێ و لە خەباتدان. بەڵام لە هەمووی گرنگتر هێزی یەکیەتیی نەتەوەیی خۆمانە. لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بەستنی کۆنگرەی یەکیەتیی نەتەوەیی کورد کارێکی هەرە پێویست و مێژووییە. ئێمە وەک ژنی کورد، هیچ ئاستەنگیەک لەبەردەم بەستنی کۆنگرەیەکی لەو چەشنە نابینین. دەوڵەتانی داگیرکەر کوردستانیان کردووە بە چەقی ئاڵۆزییەکان. دۆخەکە بەرەو شەڕی سێیەمی جیهانیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاو دەنێت. ئەگەر ئەمڕۆ نەبێت ئەی کەی یەکیەتیی هێزە سیاسییە کوردییەکان رۆڵی خۆیان بۆ پاراستنی خاڵک و خاکەکەیان دەبینن!
ئێمە ژنانی کورد بانگی ئێوە دەکەین بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتیی و تاکەکەسیی و ناوچەگەریی بخەنە لاوە، و بۆ پاراستنی کورد و کوردستان لە کۆنگرەی یەکیتیی نەتەوەیی کورددا، لە دژی داگیرکەران هەڵوێستی هاوبەش بگرن. بۆ ئێمە هیچ شتێک لە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان گرنگتر نییە.
سڵاو و ڕێز
18-03-201818-03-2018