راگەیەنراوی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی هەڵبژاردنەکان
📝 بەڵگەنامەکان
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ، سێشەممە 15/5/2018، مەکتەبی سیاسی پارتیمان، لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی کۆبووەوە.
سەرەتا، هەڵسەنگاندن کرا بۆ یەک بە یەکی قۆناغەکانی پرۆسەکە، هەر له قۆناغیبەرلەهەڵبژاردن؛ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن؛ ئامادەکاریەکان؛ چۆنیەتی بەڕێوەبردن؛ ئەنجامدان و سەرخستنی پرۆسەکە کە تیایدا پارتیمان بەشێوەیەکی شارستانی و سەردەمیانە بەڕێوەی برد. هەروەها باس لەقۆناغی دەنگدان و ئه و کێشە وگرفتانەی هاتنەپێش کرا و، شرۆڤەی بیروڕا جیاجیاکان کرا لەسەر دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە.
بەڕای کۆبونەوە، قۆناغی خۆئامادەکردن و هەنگاونانەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ئاستێکی باش دابوو، هەر لە بنکەکانی خوارەوەی رێکخستنەکانی پارتیمان تا سەرکردایەتی و، رۆڵی تەواوی ئەندام و لایەنگران و کادیران و ئۆرگانەکان بەرز نرخێندرا کە، سەرەڕای پابەندنەبوونی هەندێ کەس و لایەن به و رێنمایی و پرنسیپانەی کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دیاری کردبوون، بەڵام کادیران و ئۆرگانەکانی پارتیمان، بەهەست بە بەرپرسیارێتی و هەستیاریی بارودۆخ و قۆناغەکە، بەوپەڕی هۆشیارییەوە ئه و قۆناغەیان دەربازکرد، بۆیه کۆبوونەوە بە قەدرزانینەوە دەڕوانێتە ئه و رەفتاره و ئاکارانەی ئەندام و کادیر و ئۆرگانەکانی پارتیمان.
سەبارەت بە گرفت و کێشەکانی رۆژی دەنگدان، وەک لەکارکەوتن یا درەنگ بەکارخستنی ئامێرەکانی ویستگەکان و نەشارەزایی هەندێک لە فەرمانبەرانی کۆمسیۆن گفتوگۆی پێویست کرا، دەبوایە کۆمسیۆن لەوە زیاتر ئامادەسازیی کردبایە و مەشقی بە فەرمانبەرەکانی کردبایە و ئەم بابەتانە و پێڕانەگەیشتنی ژمارەیەک لە هێزەکانی پیشمەرگە بە دەنگدان لەرۆژی دەنگدانی تایبەت، هەروەها جەماوەری دەنگدەریش لەرۆژی 12/5/2018 لە ئاکامی ئه و گرفتە تەکنیکییانەی هاتبوونە پێش، زوو چارەسەر نەکرابوون.
پرۆسەکە ئەنجامدرا، لە قۆناغی جیاکردنەوه و ژماردنی دەنگەکان گومان لەسەر پاک و بێگەردیی دەرەنجامەکان لەلایەن چەندین لایەنی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردن راگەیەندرا و، پارتیشمان لەرێگەی گوتەبێژی فەرمیی رای خۆی بەڕوونی بڵاوکردەوە کە گومانمان لە دەرەنجامە بەراییەکانی پارێزگای سلێمانی دەربڕی کە دەرەنجام وەکو رای دەنگدەری پارتیمان نەبووە و، بۆ رەوینەوەی گومانەکان و پاراستنی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری، داوای ژماردنەوەی پسولەی دەنگدانەکانمان بەدەست کردبوو، ئامادەییشمان دەربڕی کە ئەگەر بەپێویست بزاندرێ، سەرتاسەری کوردستان ئەم پرۆسەیە بیگرێتەوە.
ئێستاش کە دەرەنجامە سەرەتاییەکان لەلایەن کۆمسیۆن راگەیەندرا، هەر لایەک بەپێویست بزانێ بۆ لادانی گومانەکان، با لەرێگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان و یاسای بەرکار هەوڵی خۆیان بدەن.
کۆبونەوە جەختی لە یەکڕیزی و تەبایی کرد و گرنگیی و هەستیاریی قۆناغەکە بەبیر هەموولایەک دەهێنێتەوە و بانگێشتی تەواوی لایەنەکانی سەرکەوتوو دەکات بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان بخەنە پێش بەرژەوەندیی کەسی و حزبی و، پلەوپۆستەکان لە بەغدا ئامانج نەبن ئەوەندەی شەراکەت و تەوافوق و تەوازن لەڕیزبەندیی یەکەم و دووەم و سێیەمی ئەولەویاتی گفتوگۆی هەرێم و بەغدادابن.
هەروەها زۆر پێویستە کەشوهەوای هەڵمەتی هەڵبژاردن کۆتایی پێبێنین و هەر گرفت و تێڕوانینێکی تایبەت سەبارەت بە دەرەنجامەکان، چ سەبارەت بە پێکەوەیی و چۆنیەتی مامەڵەمان لەگەل بەغدا بە شیوازێکی لۆژیکی و واقیعی دەربڕین.
کۆبونەوە دڵنیایە کە ویست و خواستی جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان، یەکڕیزی و تەبایی لەلایەنە سیاسیەکان دەوێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئه و ئەگەر و تەحەدییاتانەی رووبەڕووی خەڵکی کوردستان دەبنەوه، هەروەها بۆ پاراستنی ئه و دەسکەوتە دەستووریانە و بەدیهێنانی دەسکەوتی زیاتر.
لەکۆتاییدا کۆبونەوە سوپاسی جەماوەری کوردستانی کرد بەگشتی و، سوپاسی تەواوی ئەندام و لایەنگران و کادیرانی پارتیمان کرد کە لەخۆبوردووانە تێکۆشان، بۆ لەگۆڕنانی ئه و هەوڵ و تەقەللایانەی دەدران بۆ پەراوێزخستنی پارتیمان یا شکاندنی ئیرادەی پارتی و گەلی کوردستان که لەئەنجامدا ویستی ناحەز و دژەکان سەری نەگرت و پارتی وەکو حزبی یەکەمی کوردستان مایەوه و متمانەیان پێ بەخشی.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستانپارتی دیموکراتی کوردستان
15-05-201815-05-2018