ئاستی ئاوی دەربەندیخان 13 مەتر دابەزیوە
📊 ئامار و راپرسی
ئاستی ئاو لە
بەنداوی دەربەندیخانبەنداوی دەربەندیخان بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر لە 13 مەتر و نیو کەمی کردووە، بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردووش تاکە هۆکارە بۆ گلنەدانەوەی ئاو بەهەمان توانای ساڵانی رابردوو لەم بەنداوه.
ئه و ئاوەی لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا بەردەدرێتەوە بەڕێژەی 50%ی کەمترە بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتووکاڵی گەرمیانیش 95%ی زەوییە بەراوەکان پشت بە پرۆژە ئاودێرییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری گەرمیان دەبەستن، کە ئاوی سیروان سەرچاوەیەتی، بۆیە دەڵێن 105 هەزار دۆنم زەوی بەراو ئەمساڵ تووشی کەمئاوی دەبن.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەڵێ بۆ ئەمساڵ کەمتر ئاو بەردەدەینەوە بەهۆی ئه و کێشانەی بەنداوەکه هەیەتی، دەمانەوێت لەبارەی کێشەکانەوە بزانین، ئەوەش کۆمپانیای تایبەت و دیزانی دەوێ، بۆیە بەنداوەکە ناکەینە قوربانی کۆکردنەوەی ئاو.
لە گەرمیان 54 پرۆژەی ئاودێری هەن، 22یان پشت بە رووباری سیروان دەبەستن و گەورەترین پرۆژەکانی باڵاجۆ، سەلام، شێخ لەنگەر و قەرەبلاغن کە هەموویان پێکەوە نزیکەی 111 هەزارد دۆنم زەوی دەکەنە بەراو، بۆ ئەوەی زیانەکە بۆ کشتووکاڵی گەرمیان لەنیوە بگەڕێتەوە، پێویستە رێڕەوە ئاوییەکان پاکبکرێینەوه و هەندێکیان رێگاکانیان کورت بکرێتەوە.
شێرکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکان دەڵێ ''کەمبوونەوەی ئاو وا دەکات ئاو نەگاتە پرۆژەکان، دەبێت رێڕەوەکان پاک بکرێنەوە بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت، نووسراومان داوەتە ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەوەی بیدەنە ئەنجوومەنی وەزیران و بودجەمان بۆ دابین بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان هۆشداری داوەتە جووتیاران بۆ ئەوەی ئه و سەوزانە بچێنن کە کەمتر ئاویان پێویستە.
لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا بڕیارە 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دەربەندیخانەوە بەربدرێتەوە، ئەم رێژەیەش کەمترە له و ئاوەی ساڵی رابردوو بەردراوەتەوە، کە یەک ملیار و 600 ملیۆن مەتر سیجا بووە.
ئێستا قەبارەی ئاوی لە بەنداوی دەربەندیخان یەک ملیار و 300 ملیۆن مەتر سێجایە و بەهۆی کاریگەری بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردووش جگه له و ئاوەی تێیدایه، ناتوانرێت ئه و ئاوەی دەڕژێتە نێو بەنداوەکە، گلبدرێتەوە.
[1]
06-06-201806-06-2018