بە شانە هەر شەوێ ئەگریجە دابێنێ کە تا سینە
ئیتر دڵ هەر تەپ و کۆیە دەزانێ وەختی تاسینە
لە سینی و تەشت ئەدا عالەم کە من ئەیدەم لە سینە و سەر
لە خەڵقی وایە ڕۆژگیرانە کەچی داپۆشرا سینە
حەمدی صاحبقران 1875-1936
واتە:
1-بە شانە هەر شەوێک یار پرچی دابێنێت و بیهێنێتە خوارەوە تا سەر سنگی.
2-ئیتر دڵم دەکەوێتە تەپەتەپ چونکە دەزانێت کە ئیتر وەختی هەناسە بڕکە و تاساندنێتی.
تەپوکۆتەپوکۆ
3- خەڵک سینی و تەشت دەکوتن کە گیوێیان لێیە من لە سەروسنگی خۆم دەدەم لەتاوا
(چونکە جاران واباو بووە کە ڕۆژ یان مانگ بگیرایە خەڵک تەنەکە و شتیان دەکوتی
بە گومانی خۆیان بۆ ئەوەی بەرببێت)
4-لە خەڵک وایە من بۆیە وا دەکەم ڕۆژ گیراوە! بەڵام سینەی یار لە من داپۆشراوە نەک ڕۆژ.
(کەواتە سینەی ئه و وەک ڕۆژ پرشنگ داره و منیش ئەوەندە بە هێز دەکێشم بە سەروگوێلاکی خۆمدا
بەقەدەر ئەوە دەنگی هەیە کە خەڵک لە تەشت و سینی دەدەن بۆ بەربونی ڕۆژ.)
شەرحی زریان سەرچناری