حەمەجەزا:
چاوگەشەکەم، گەر دەتەوێ ماڵ و حاڵەکەم ببینی؟... خزمەتگوزارتم بۆ ساتێ ڕێ هەڵەکەی بۆ دیدەنی
وا مەزانە دەوڵەمەندم ژیانی خۆش بەسەردەبەم... لە باتی کۆشکی چوارنهۆم هەر کونە گورگێک شک دەبەم
دوو دەستە نوێن و ڕاخەرێ هەمە ماڵێکی دەروێشی... ژێرخانێکی تاریک و تون هەرگیز تێیدانیە خۆشی
سنوقێکی بوراقی کۆن، قاپی شکاو بێ عەڵقەڕێز...جاجمێک و پۆپەشمینی، تاکێ فەرشی شڕی تەبرێز
ئاگردانێکی سێ کوچکه و دوو مەنجەڵی مسی چڵکن... قۆریەکی شوشە بەقەید، کاشیەک بۆ ماستاوی کوڵکن
لەگەنێک و یەگەنکێشێ، کەوگیرێکی مس دەسکدار... کاسەی تەختەی شەکردان و شەکرشکێنی دەم خوار
سەماوەرێکی زەردباوی بەنەقشاوی شێرە قوڵن... دوو چیغی شڕ، سنی داری ورد تاشراوی باڵا بڵن
مەسینەیەک و دەستشۆرێ تورەکەی خوێ هەڵواسراو...تەڵەیەکی سێ خانەی مشک، نانە چەورەی پێوەکراو
دۆڵابێکی شەقوشڕی لێک هەڵوەشاو داقڵیشاو...قوڵینەی نان تەشتی فافۆن قاپوقاچاغی هەڵچنراو
هەندێک گەنم بۆ ڕۆژی ڕەش، لە کونەیەکی سواغ دراو... دوکوپەی شینی بەقوڵف بۆ گرتنی سرکه و دۆشاو
گۆزەیەکی دەم قرنجاو لەناوگلێنەیە بۆ ئاو... یادگاری دەستی دایکمە ئەیپاریزم بە هەردوو چاو
تەنورێکی بەرهەیوان، بارێ داری وشکی ئەستور... گوڵبێنەیەکی هەواکێش بۆ خەفەکردنی تەنور
دوو تیرۆک و پنەیەک و هێڵەکێکی ئارد دابێژان... میچی کولێرە بەڕۆن و تەشتی هەویر ساجێکی نان
مایەی پەڕۆ و جێ دەس گیرفان بۆ مەچەکی پورە زێنە... بۆ پێوەدانی کولێره و مارمارۆکه و ناوەشکێنە
سەعاتێکی جەرەس قوڕمیش بۆ ئاگایی وەختی کارم... چرایەکی پشت ئاوێنە بۆ ڕوناکی ژوری تارم
عەلادینێکی سەرکەچەڵ، تەمەنی چل و یەک ساڵە... باش ناسوتێ دوکەڵ دەکات تاکێکی چاوی بەتاڵە
کێردێکی دەسک خورتومفیل هەسانی بەردی ناوسنوق... تەرازوی شەشپای گوسون و سەبەتەی مێوژ و باسوق
سەنگی بەرد و سەنگی زەرد و چەند گڵۆڵە بەنی بەلول... ئەنکیرەم و ئەلیرەم و ئیزرەم و حۆقەی ئەستەمبوڵ
کونەیەک و مەشکەیەک و سێپا و گوریسی دۆ ژەنن... هیزەڕۆنی قاڵی کراو بەروبومی مەڕ و بزن
جوتێ چاشکەوشی گەڵاسی ڕەق هەڵاتو بۆرهەڵگەڕاو... جوتێ پانی بەرزی تەختە، جوتی کلاشی تێگیراو
پاڵتۆیەکی عەسکەری زەرد درێژ هەتا سەرقولەپێ...قۆپچەی زلی تاجبەسەرە لە پاڵتۆکەی هێتلەر دەچێ
جانتای شانی تورەکەیی پڕ لە قورعان لی یەوممی ددین... یادگاری حوجرەی باوکمە دەچوەلای مەلا نەجمەدین
میراتی باوکم و دایکمە ماوە لەجێی قەسر و زەمین... ڕەنگە ئەم جیلە نوێیەمان نەزانن ئەم شتانە چین؟
ئەمە کەرەستەی ژیانمە وەرن ماڵم ئاشکراکەن... پێم باشە وەک مەتحەفێ خەڵکی بابێن تەماشاکەن
گیانی شیرین بیانو مەگرە بابەس دڵم سکاڵاکا... هەرچیم هەیە بۆت بفرۆشم بەشی تەسریحەکەت ناکا