Kütüphane Kütüphane
Arama

Kurdipedia Dev Kürtçe bilgi Kaynağıdır


Arama Seçenekleri





Gelişmiş Arama      Klavye


Arama
Gelişmiş Arama
Kütüphane
Kürtçe isimler
Olayların kronolojisi
Kaynaklar
Tarih
Kullanıcı koleksiyon
Etkinlikler
Yardım iste
Kurdipedi yayınları
Video
Sınıflamalar
Olayla ilişkili konu
Öğe kaydı
Yeni başlık kaydı
Görüntü gönder
Anket
Yorumlar
İletişim
Ne tür bilgilere ihtiyacımız var!
Standartlar
Kullanım Koşulları
Ürün Kalitesi
Araçlar
Hakkında
Kurdipedi arşivcileri
Bizim hakkımızda makaleler!
Kurdipedia'yı web sitenize ekleyin
E-posta Ekle / Sil
Ziyaretçi istatistikleri
Makale istatistikleri
Font Çevirici
Takvim - Dönüştürücü
Yazım Denetimi
Sayfaların dil ve lehçeleri
Klavye
Kullanışlı bağlantılar
Google Chrome için Kurdipedia uzantısı
Kurabiye
Diller
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
Benim Hesabım
Oturum Aç
Destek verme
Şifremi unuttum
Arama Öğe kaydı Araçlar Diller Benim Hesabım
Gelişmiş Arama
Kütüphane
Kürtçe isimler
Olayların kronolojisi
Kaynaklar
Tarih
Kullanıcı koleksiyon
Etkinlikler
Yardım iste
Kurdipedi yayınları
Video
Sınıflamalar
Olayla ilişkili konu
Yeni başlık kaydı
Görüntü gönder
Anket
Yorumlar
İletişim
Ne tür bilgilere ihtiyacımız var!
Standartlar
Kullanım Koşulları
Ürün Kalitesi
Hakkında
Kurdipedi arşivcileri
Bizim hakkımızda makaleler!
Kurdipedia'yı web sitenize ekleyin
E-posta Ekle / Sil
Ziyaretçi istatistikleri
Makale istatistikleri
Font Çevirici
Takvim - Dönüştürücü
Yazım Denetimi
Sayfaların dil ve lehçeleri
Klavye
Kullanışlı bağlantılar
Google Chrome için Kurdipedia uzantısı
Kurabiye
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
Oturum Aç
Destek verme
Şifremi unuttum
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 Hakkında
 Olayla ilişkili konu
 Kullanım Koşulları
 Kurdipedi arşivcileri
 Yorumlar
 Kullanıcı koleksiyon
 Olayların kronolojisi
 Etkinlikler - Kurdipedia
 Yardım
Yeni başlık
Biyografi
EVDIREHÎM REHMÎ HEKARÎ
23-04-2024
Rapar Osman Ozery
Biyografi
AHMET KARDAM
20-04-2024
Rapar Osman Ozery
Biyografi
MEHMET EMİN SEVER
20-04-2024
Rapar Osman Ozery
Biyografi
İbrahim Küreken
14-04-2024
Rapar Osman Ozery
Biyografi
Kemal Astare
14-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
Çiller Özel Örgütü TBMM Susurluk Komisyonu\'na Sunulan Dosya ve Belgeler
13-04-2024
Sara Kamele
Biyografi
Ekrem Cemilpaşa
11-04-2024
Rapar Osman Ozery
Kütüphane
MARDIN \'i DINLERKEN MÜZEYLE BAŞLAYAN DEĞİŞİM
08-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
MARDİN 1915
08-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
KOMÜNİST
07-04-2024
Sara Kamele
Istatistik
Makale  519,474
Resim 106,576
Kitap PDF 19,270
İlgili Dosyalar 97,131
Video 1,391
Biyografi
AHMET KARDAM
Kısa tanım
100 yıllık inkâra Kürt ente...
Kısa tanım
1914 Bitlis Kürd Ayaklanması
Kısa tanım
1914 Bitlis Kürd Ayaklanmas...
Kısa tanım
1914 Tarihli Bitlis İsyanın...
دەروازەیەک بۆ ئاشنابوون بە زانستی کەلام
Kurdipedia geçmişin ve bugünün tarihini gelecek nesiller için arşivliyor!
Grup: Kısa tanım | Başlık dili: کوردیی ناوەڕاست
Paylaş
Facebook2
Twitter0
Telegram3
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger1
E-Mail0
Copy Link2
Değerlendirme
3 Ses 3
Mükemmel
Çok iyi
Orta
Kötü değil
Kötü
Favorilerime ekle
Bu makale hakkında yorumunuzu yazın!
Öğenin tarihçesi
Metadata
RSS
Seçilen konunun resmini Google'da arayın!
Seçilen konuyu Google'da arayın.
Kurmancî - Kurdîy Serû2
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

دەروازەیەک بۆ ئاشنابوون بە زانستی کەلام

دەروازەیەک بۆ ئاشنابوون بە زانستی کەلام
نووسینی : هاوژینی مەلا ئەمین
پوختەی کتێبەکە:
زاراوەی کەلام -مانا دەقاودەقەکەی قسەکردنە- لە وەرگێڕانە عەرەبییەکاندا، بۆ کارە فەلسەفییە یۆنانییەکان، لە بەرامبەر لۆگۆس بە هەموو ماناکانییەوە، چ بە مانای وشە(word) چ بە مانای عەقڵ (reason) چ بە مانای ئارگومێنت (argument) بەکار هاتووە، هەروەها وشەی (متکلم، متکلمین) بۆ کەسێک و بۆ گرووپێک لە شارەزایانی ئەم بوارە (بواری زانستی کەلام) وەک فەیلەسووف و فەیلەسووفەکان (لە بواری فەلسەفەدا) بەکار هاتووە. ئیدی ئەو کەسانە لە موسڵمانەکان، یان لە مەسیحی و جووەکان بووبن، تەنانەت ئیبن ڕوشد زاراوەی موتەکەلیمەکانی هەرسێ میللەتەکە (مەبەست ئیسلام و مەسیحی و یەهوودییە) بەکار دەهێنێت و مووسای کوڕی مەیموون ئەم زاراوەیە بۆ یۆنانییەکانیش بەکار دەهێنێ (ئەوانەیان کە لە بواری کێشە و پرسە کەلامییەکاندا، بە ڕاشکاوی بۆچوونیان هەبووە و پاشان بوونەتە مەسیحی، یان ئیسلام)، ئیبن خەلدوونیش وشەی کەلام بەکار دەهێنێ بۆ خستنەڕووی بۆچوونی فەیلەسووفەکان لەبارەی سروشتناسی و سیۆلۆژیاوە.

لە پەیوەندیدا بە کولتووری ئیسلامییشەوە، ئەم ناوە بەکار هاتووە بۆ ڕەوشێکی تایبەت لە بیرکردنەوە لە بواری پرسە ئایینییەکاندا کە پەیوەندییان بە بوونی خودا و سیفتەکانی و کۆمەڵێک کێشە و پرس و بابەتی بیروباوەڕی ئایینییەوە هەیە، بەرلەوەی کە موسڵمانەکان بە فەلسەفەی یۆنانی ئاشنا ببن.

بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین کە لە کولتووری ئیسلامیدا، چەند توێژ و بوارێکی کولتووریی تەواو سەرەکیمان هەن کە بریتین لە (فەرموودەناسەکان و زانستی فەرموودە، موفەسیرەکان و زانستی تەفسیر، زمانناسەکان و زانستەکانی زمان، شەرعناسەکان و زانستی فیقە، موتەکەلیمەکان و زانستی کەلام، فەیلەسووفەکان و فەلسەفە، سۆفییەکان و سۆفیزم، مێژوونووسەکان و ژیاننامەی پێغەمبەر و مێژووی ئیسلام، زانایان و پزیشکان و زانستە سروشتی و ئەزموونییەکان).

زۆر لە توێژەران لە بواری فەلسەفەی ئیسلامیدا لانیکەم سێ بواری گرنگ لەو بوارانە لەژێر ناونیشانی فەلسەفەی ئیسلامیدا کۆ دەکەنەوە، کە بریتین لە: زانستی کەلام، فەلسەفەی ئیسلامی (بەرهەمی فەیلەسووفە موسڵمانەکانی وەک فارابی و ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد)، سۆفیزمی ئیسلامی (بەرهەمی عارفانی وەک ئیبن عەرەبی و حەلاج و ئیبن سەبعین).

لە سەردەمی یەکەمی ئیسلامدا (سەردەمی پێغەمبەر و هاوەڵانی) دامەزراوەیەکی ئایینی فۆرمەلە دەبێت کە بە شێوەیەکی گشتی، سێ ڕەهەندی بنەڕەتیی هەیە:

شەرعناسی کە لایەنی کردەوەکان لەخۆ دەگرێت، ئەو کردەوانەی کە بە پەلوپۆ و ئەندامەکانی لەش ئەنجام دەدرێن و پەیوەندییان بە شەریعەتەوە هەیە و دواجار زانستی (فقە و أصول الفقە) وەک کایەیەکی مەعریفی دەبێتە میراتگری ئەم بوارە.

ئەخلاقناسی و ئەخلاقی ئایینی کە دواجار تەسەوفی عەمەلی و زوهد و کتێبەکانی ئامۆژگاری و هەڵنان و تۆقاندن (الترغیب والترهیب) دەبنە میراتگری ئەم کایەیە.

بیروباوەڕ و ئیمان، باوەڕ بە خوا، بە ڕۆژی دوایی، بە فریشتەکان، بە پێغەمبەران، بە کتێبەکانی خوا و بە قەزاوقەدەر، قسەکردن لەم بوارەدا و چۆنیەتیی سەلماندنی ئەم بیروباوەڕانە و چۆنیەتیی وەڵامدانەوە بە گومانەکان لەبارەیانەوە و بەرگریکردن لێیان؛ زانستی کەلام وەک کایەیەکی مەعریفی دەبێتە میراتگری ئەم بوارە.

بە ڕای شەهرستانی و ئیبن خەلدوون، زانستی کەلام بریتییە لەو زانستەی کە لەم بوارە، واتە لە بواری بیروباوەڕ دەکۆڵێتەوە و ئامانجی سەلماندنیەتی و بەڵگەهێنانەوە لەسەری و وەڵامدانەوە بەو گومانانەی کە لە بەردەم ئەم بیروباوەڕانەدا دروست دەبێت.

هاری ئ.ولفسۆن دەڵێت: لە شێوەی قسەکردنی شەهرستانییەوە ئێمە ئەوە تێدەگەین کە فۆرمێک لە زانستی کەلام بەر لە واصلی کوڕی عەتا (699-748ز) و سەرهەڵدانی موعتەزیلە هەبووە. هەروەها ئیبن سەعد (764-854ز) لە کتێبەکەی خۆیدا (الگبقات) لە باسی مشتومڕدا لەبارەی کەسێکەوە کە گوناهی گەورەی کردبێت کافرە، یان نا (ئەم کێشەیە مورجیئەکان دەیورووژێنن)، زاراوەی موتەکەلیمین بەکار دەهێنێت، کە ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر بوونی کەلام بەر لە واصل و موعتەزیلە -حەسەنی کوڕی موحەمەدی کوڕی عەلی کوڕی ئەبوتالیب یەکەم کەسە کە نامەیەک لەبارەی ئەم کێشەیەوە دەنووسێت و دەتوانین ئەو کتێبەی بە یەکەم کتێبی کەلامی لە مێژووی ئیسلامدا لە قەڵەم بدەین. شایانی باسە کە ئەو لەو کتێبەدا لایەنگیری لە بۆچوونی مورجیئەکان دەکات و بۆچوونی خەواریجەکان ڕەت دەکاتەوە کە ئەو کەسەی گوناهی گەورە بکات ئەمان بە کافری دەزانن و دەڵێن هەتاهەتایە لە دۆزەخدا دەبێت. مورجیئەکان دەیانگوت: ئەو کەسە کافرە، بەڵام مەرج نییە هەتاهەتایە لە دۆزەخدا بمێنێتەوە و ئێمە دەبێت ئەم مەسەلەیە لێگەڕێین بۆ خودا و دوای بخەین، یان چاوەڕێی بەزەیی خودا بکەین، ناوی مورجیئەش هەر لەم بۆچوونەوە هاتووە (إرجا‌‌و) واتە دواخستن، یان چاوەڕوانیی ئومێدەوارانە بە ئومێدی خودا و ئەوەی کە ئەو لە دواڕۆژدا چی لە ئەو بەندەیەی خۆی دەکات، تەنانەت ئومێدوارانە لەم ژیانەدا، بە ئومێدی ئەوەی کە ئەم مرۆڤە تۆبە بکات و بەو شێوەیە نەمرێت، بەڵام ئیبن خەلدوون لەم بارەیەوە بەرچاوڕوونیی زیاترمان پێ دەدات و بە ڕاشکاوی باسی ئەم فۆرمە لە زانستی کەلاممان بۆ دەکات، کە بەر لە موعتەزیلە هەبووە. ئەو دەڵێت: موسڵمانەکانی پێشین (بەر لە واصیل و موعتەزیلە) لە کاتی بیرکردنەوە و ڕاڤەکردنیاندا بۆ مەسەلەکانی بیروباوەڕ، پەنایان بۆ قورئان و فەرموودەکان دەبرد، بەڵام پاش ئەوەی کێشەکان لەبارەی هەندێ وردەکاریی بیروباوەڕەوە سەریان هەڵدا، وردەوردە کەوتنە پەنابردنە بەر سەلماندنی عەقڵی و بیرکردنەوە و لێکدانەوەی خۆیان و بەم شێوەیە زانستی کەلام سەری هەڵدا، واتە کەلام ئاوێتە و وابەستەی ئەوەیە کە ئێمە تا چەند پەنا بۆ لێکدانەوە و سەلماندنی عەقڵی دەبەین. تەهانەوی، پێناسەی ئەم زانستە دەکات بەوەی کە بریتییە لە: ئەو زانستەی بە هۆیەوە دەتوانین باوەڕە ئایینییەکان بسەلمێنین و گومانیان لێ دووربخەینەوە. پێناسەی فارابی (950ز) و بەیزاوی (1281ز) و جیلییش (1355ز) لە ناوەڕۆکدا هەمان پێناسەیە. موحەمەد عەبدە لە پێناسەی کەلامدا لەبری جەختکردنەوە لەسەر بەرگریکردن لە بیروباوەڕ، جەخت دەکاتە سەر لێکۆڵینەوە لەبارەی بابەتەکانی بیروباوەڕەوە، واتە ئەو ئیدی خۆی نابەستێتەوە بە بیرۆکەی بەرگرییەوە. بەر لە بەرگری، پرۆسەی بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە هەیە. بەپێی ئەم پێناسانە بێت، ئەم زانستە فێربوون و هەوڵدانە بۆ سەلماندنی بیرۆکە و بیروباوەڕە ئایینییەکان لە ڕێگە جیاجیاکانی سەلماندنەوە، کە یەک لەو ڕێگەیانە لێکۆڵینەوەیە لە بابەتەکانی بوون و سروشتناسی و لێرەوە ئاوێتە بە فەلسەفەی ئیلاهی دەبێت، بەڵام لە ئامانجدا لە ئەو جیادەبێتەوە، چونکە پێچەوانەی فەیلەسووف، کەلامزان، بەو مەبەستە لە ئەو بابەتانە دەکۆڵێتەوە کە بیانکاتە بەڵگە لەسەر بیروباوەڕ و بۆچوونە ئایینییەکانی خۆی.

بەم پێیەش بێت، دیسان پێچەوانەی فەیلەسووف، کەلامزان بیروباوەڕەکانی خۆی دەربارەی بوون و گرنگترین مەسەلە و پرسە ئایینییەکان لە سەرچاوە ئایینییەکان وەردەگرێت و پرس و گەڕانی فەلسەفی لای ئەو، پرس و گەڕانی کەسێکی عەوداڵی حەقیقەت نییە، بەڵکو پرس و گەڕانی کەسێکە، باوەڕ و دڵنیایی تایبەتی خۆی هەیە کە لە ئایینەکەیەوە وەری گرتووە و دەیەوێت بەڵگە بۆ سەلماندنیان بدۆزێتەوە و بەرگرییان لێ بکات، بەبێ ئەوەی کە پرسیاری جیددی بخاتە سەر بیروباوەڕەکانی خۆی، یاخود گەر نەیتوانی بیانسەلمێنێت و بەڵگەی عەقڵیی بەهێزی، پێچەوانەی باوەڕەکانی خۆی دەست کەوت، ئامادە بێت دەستبەرداری ئەو باوەڕانە ببێت.

لەبەر هەندێک تێکەڵاوی و بەو هۆیەشەوە هەندێ جار بەکارهێنانی هەڵە، بە پێویستی دەزانم لێرەدا، ئاماژەیەک بە جیاوازیی نێوان سیۆلۆژیا و زانستی کەلام بدەم، (theology) لە دەستەواژەی (theologia)ی یۆنانی وەرگیراوە کە لە دوو بڕگە پێک هاتووە،(theo) واتە خودا و(logia) واتە گوتار، بە واتای گوتار و لێکۆڵینەوە و قسەکردن لەبارەی خوداوە.

بۆ یەکەم جار ئەفلاتون ئەم زاراوەیە دادەڕێژێت و بەکاری دەهێنێت، ئەو ئەم زاراوەیە لە کۆماردا و لە باسکردن لە کارەکانی ئەو شاعیرانەدا (وەک هۆمەر و هیسیۆد) کە باسی خوداکانی یۆنان دەکەن و ئاماژەدان بەوەی کە دەبێت چۆن باسی خودا بکرێت، بەکار دەهێنێت.

ئەرستۆ هەمان ئەم زاراوەیە بە مانا ئەفلاتونییەکەی لە میتافیزیکدا بەکار دەهێنێ و لە دابەشکردنی فەلسەفەی تیۆریدا، سیۆلۆژیا وەک بەشێک لە ئەو سێ بەشە دیاری دەکات کە فەلسەفەی تیۆری پێک دەهێنن کە بریتین لە ماتماتیک و سروشتناسی و سیۆلۆژیا. بابەتی ئەم زانستە بە بڕوای ئەو، قسەکردنە لەبارەی ئەو بوونانەوە کە باڵا و دابڕاون و دەکەونە سەرەوە و گۆڕان بەسەریاندا نایەت و پرنسیپەکانی جووڵە نایانگرێتەوە، ئەو ئەم بەشە لە فەلسەفەی تیۆری، بە باڵاترین بەشی فەلسەفە دەزانێت و بە حیکمەت و فەلسەفەی یەکەم ناوزەدی دەکات.

دوای دامەزرانی مەسیحییەت، بابەتی خودا و ئامۆژگاری و بیروباوەڕەکانی مەسیح، جێگەی خوداکانی یۆنان و ڕۆمانی گرتەوە و وردەوردە ئەم بوارە هەموو ئەو پرس و بابەتانەی لەخۆ گرت کە پەیوەندیی بە ئامۆژگارییەکان و سرووشی ئاسمانییەوە هەبوو. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئیدی سیۆلۆژیا بووە شای زانستەکان و هەموو هونەرەکان وەک ڕێخۆشکار و خزمەتکار بە ئەو، سەیر دەکران و ئەو بۆچوونە بەتەواوەتی جێگیر بوو کە فەلسەفە خزمەتکاری لاهووتە.

لاهووتناس و سیۆلۆگەکان لە چەندین ڕووەوە ئەم زانستەیان دابەش کردووە. گرنگترینی ئەو دابەشکردنانە، دابەشکردنێکە بەپێی بنەما و سەرەتاکان؛ ئایا پشتئەستوورە بە عەقڵ، یان بە نەقڵ. لێرەوە سیۆلۆژیا دابەش دەبێت بۆ (natural theology) خوداناسیی سروشتی، یان عەقڵی، یان بونیادی و(revealed theology) خوداناسیی پابەند بە وەحی و نەقڵ، ئەو خوداناسییەی کە لە سایەی نەقڵدایە. ئەم دابەشکردنە بە ڕاشکاوی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی تۆماس ئەکواینس و گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە لە بواری سیۆلۆژیادا. زاراوەی سروشتی لە ئەو ناونیشانەی سەرەوەدا دەشێت مایەی بەهەڵەتێگەشتن بێت، مەبەست لە سروشتی، سروشتی مرۆڤ خۆیەتی کە بوونەوەرێکی خاوەن عەقڵە و بە عەقڵی خۆی توانای ناسینی خودا و جیاکردنەوەی ڕاست و هەڵەی لە یەکدی هەیە؛ بەڵام لە سیۆلۆژیای پابەندی سرووشدا، باسی ئەو بابەتانە دەکرێت کە مرۆڤ بە عەقڵ ناتوانێت بیانزانێت و دەکەونە دەرەوەی توانای عەقڵ وەک بیرۆکەی سیانەیی خودا و گوناهی یەکەم و کۆمەڵێک بابەتی دیکە کە بە بڕوای پیاوانی ئایینی مەسیحی، مرۆڤ ناتوانێت بە عەقڵ ئەو بابەتانە بزانێت و ئاشنایان ببێت. ئەم بابەتانە (supernatural theology) دەبێت لەبارەیانەوە بکۆڵێتەوە، کە سیۆلۆژیایەکی پابەند بە سرووشی ئاسمانییە. دەشێت ئەم سیۆلۆژیایە دوای ئەوەی یەکەم دەست پێبکات، بەڵام دەکەوێتە سەرووی ئەوەوە.

بێگومان لەم میانەیەدا کەسانێک هەن کە جیاوازی نابینن لەنێوان سیۆلۆژیای عەقڵی و سیۆلۆژیای فەلسەفی و فەلسەفەی ئایین و فەلسەفەی ئایینیدا و ئەم زاراوە و کایانە بە هەندێک جیاوازیی زۆر کەمەوە هاوواتا دەبینن و یەک پێناسەیان بۆ دەکەن کە بریتییە لە لێکۆڵینەوەی عەقڵی بەبێ پابەندبوون بە ئایینێک، یان کتێبێکی ئاسمانییەوە، لێکۆڵینەوە لەبارەی خودا و بابەتەکانی دیکەی بیروباوەڕی ئایینییەوە. ئەم تێگەشتنە کێشەی لەگەڵ لاستیکی و نەرمی و نادیاریی سنوورەکانی ئەو جیاکارییانەدا هەیە کە تەواو ئاوێژانن و ئەو جیاکارییانە ئەستەم دەکەن، لە کوێدا و کەی بەشداریی عەقڵ دەست پێدەکات و ڕادەوەستێت و چۆن دەستبەرداری ئەو دەبێت کە کوێرانە خۆی تەسلیمی دەقێک بکات و ئایا ئەو دەقانە خۆیان هەڵگری لۆژیک و فۆرمێک لە بیرکردنەوەی عەقڵی نین!

بەشێکی دیکەی سیۆلۆژیا بریتییە لە (systematic theology) کە ئەم بەشە لەڕاستیدا هەموو بوارەکانی سیۆلۆژیا لەخۆ دەگرێت و لێکۆڵینەوەی سیستماتیزە کراوە لەبارەیانەوە؛ لەبارەی خوداوە تا بچووکترین بوونەوەر، لە چوارچێوەی سیستمێکدا کە پلەبەندی بۆ هەموویان دەکات، لە پەیوەندیدا بە باوەڕ و دیدگای ئایینییەوە. سیۆلۆژیا بەم مانایە ڕوانینە لە بوون بە چاوی ئایین و بەهای ئایینی و لە ڕوانگەی ئایینەوە. بەگشتی ئەم ناونیشانە سێ بەشی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:

(Philosophical theology)کە هەمان خوداناسیی سروشتی و عەقڵییە کە باسمان کرد.

(Dogmatic theology) کە ماک کواری (symbolic theology) ی پێ دەڵێت، لەبەر ئەو مانا سەلبییەی کە وشەی (دۆگما) لە کولتووری ڕۆژئاواییدا هەیەتی. بە هەرحاڵ لەم بەشەدا لێکۆڵینەوە لەبارەی ڕاستی و مانا ڕۆحی و ڕەمزییەکانی بیروباوەڕی ئایینییەوە دەکرێت؛ ئەو بیروباوەڕانەی کە سیستمی ئیمانداری لە ئایینێکدا دادەمەزرێنن.

(Applied theology) کە دەتوانین بە سیۆلۆژیای کرداری ناوزەدی بکەین. لەم بەشەدا لە باوەڕ و کارکردی لە ژیان و لە ڕەوشتدا لێکۆڵینەوە دەکرێت و گرنگی بە لایەنی پراکتیکیی ئایینداری دەدرێت و کۆمەڵێک بەشی تایبەت لەخۆ دەگرێت، وەک چۆنیەتیی خۆتەرخانکردن بۆ خزمەتی ئایین و خودا و سیۆلۆژیای ئەخلاق.

جگە لەم بەشانە سیۆلۆژیا بەشی دیکەی هەیە وەک سیۆلۆژیای بەرگریکردن لە باوەڕی ئایینی و سیۆلۆژیای مێژوویی و سیۆلۆژیای کتێبی پیرۆز، کە ئەمانە بەشی سەربەخۆ نین، بەڵام بەش و لایەنی گرنگی سیۆلۆژیان و لە بابەتی سیۆلۆژیی تایبەت، یان لە ڕوانگەی تایبەتەوە لێکۆڵینەوە دەکەن.

لە کولتووری ئیسلامیدا، وشەیەکی هاوواتای وشەی (theology)مان نییە. ئەم وشەیە هەندێک جار بە ئیسۆلۆژیا، هەندێک جار بە (علم الربوبیە)، یان (المعرفە الربوبیە)، یان بە ئیلاهییات وەرگێڕدراوە. لەبەر هەمان هۆکاریش هەندێک لە توێژەرە ڕۆژئاواییەکان لە بەرامبەر زانستی کەلامی ئیسلامیدا هەر وشەی(kalam) یان داناوەتەوە؛ وەک ولفسۆن. هەندێ جاریش بۆ نیشاندانی سروشتی دیالیکتیکیی کەلام، زاراوەی (dialectical theology)یان لە بەرامبەریدا بەکار هێناوە، ئەگەرچی وەک (شەهرامی پازووکی) دەڵێت: نابێت ئەمە لەگەڵ سیۆلۆژیای دیالیکتیکیدا لای کارل بارت، تێکەڵاو بکەین، کە ئەمە لای ئەو بەشێکی گرنگی ئیلاهییاتی هاوچەرخە.

بە شێوەیەکی گشتی، پێنج پاساو بۆ ناونانی ئەم زانستە بە زانستی کەلام باس دەکرێن:

ئەم زانستە ناونراوە بە زانستی کەلام لەبەر ئەوەی لە بەرامبەر لۆژیکدا دانراوە. لۆژیک وەک ڕێبازی سەلماندن لە فەلسەفەدا و کەلام وەک ڕێبازی سەلماندن و فۆرمێک لە ئارگومێنتسازکردن، لە بیروباوەڕە ئایینییەکاندا. لەبەر ئەوەی هەموو بابەتەکان و باسەکانی ئەم زانستە سەرەتا بە (الکلام فی کژا...) واتە (قسەکردن لەبارەی...) دەست پێدەکات و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی، ئەم زانستە ناوبنرێت کەلام. یاخود لەبەر ئەوە ناونراوە بە کەلام، چونکە ئەو کەسەی کە شارەزای دەبێت دەتوانێت ئارگومێنتسازی بکات و توانای موناقەشە و قسەکردنی دەبێت لەگەڵ نەیارانی بیروباوەڕەکانی خۆی. شارەزای بەڵگەکانیان و چۆنیەتیی ڕەتکردنەوەیان دەبێت؛ توانای دەبێت لە پرسە ئایینییەکاندا کە پەیوەندییان بە بیروباوەڕەوە هەیە قسە بکات.

ئیبن خەلدوونیش دەڵێت کە ئەم زانستە بۆیە ناونراوە کەلام، چونکە تەنها تیۆرییە و پەیوەندیی بە بیروباوەڕەوە هەیە، نەک کردەوە. ئەم زانستە پێچەوانەی (فقە) کە لەسەر کردەوەکانە، تیۆرییە و لەسەر بیروباوەڕە. یان دەشێت لەبەر ئەوە ناونرابێت بە کەلام، چونکە گەورەترین کێشە تێیدا، مەسەلەی کەلامی خوا و کێشەی قورئانە.

سەبارەت بە هۆکاری یەکەم و دووەم و سێیەم، وا دیارە کە زیاتر پێگەی ئەم زانستە و سوودەکانی دەخاتە ڕوو، هەروەها ئەگەرچی ڕاستە لە باسەکان و پرسەکانی ئەم زانستەدا دەستەواژەی (قسەکردن لەبارەی...) زۆر دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەم دەربڕینە تەنها تایبەت نییە بەم زانستە و لە زانستەکانی دیکەشدا هەر بەکار هاتووە.

بۆچوونەکەی ئیبن خەلدوونیش ئەگەرچی پەسەندی تێدایە و سنووری جیاکەرەوەی ئەم زانستە لە زانستی فیقە دەخاتە ڕوو -فیقە دەربارەی کردەوەیە و کەلام دەربارەی بیروڕا و باوەڕ- بەڵام ئەم لێکدانەوەیە زۆر شیاو نییە بۆ ناولێنانی ئەم زانستە بە کەلام.

ئەگەر ئەو جیاکارییەی ئیبن خەلدوون بە هۆکار وەربگرین، ئەم زانستە دەشێت ناوی (باوەڕناسی)، یان (زانستی بیروباوەڕ) (العقائد) بێت (ئەمەش یەکێک لە ناوەکانی ئەم زانستەیە لەڕاستیدا و ئەم ناوە بە وردی دیارە کە لەو جیاکارییە سەرەکییەی نێوان بوارەکانی ئایینەوە هاتووە کە ئاماژەمان پێ دا). ئەبووحەنیفە بەم زانستەی دەوت (الفقە الاکبر) لە بەرامبەر زانستی (فقە)؛ لەبەر ئەوەی بابەتی بیروباوەڕ، مەزنتر و گرنگ و گرانترە لە بابەتی کردەوەکان و حەڵاڵ و حەرام، هەروەها گرنگترە لە بابەتی ئەخلاق، چونکە بابەتێکی تەواو تیۆرییە و پەیوەستە بە خودا و بە سیفەتەکانییەوە و پەیوەستە بە ئیمانەوە.

بە ڕای (ئەحمەد مەحموود صوبحی)، شیاوترین هۆکار بۆ ناونانی ئەم زانستە بە کەلام دەشێت ئەوە بێت کە (مەسەلەی کەلامی خوا) گرنگترین و ئیشکالیترین و سەرەکیترین مەسەلە و پرسە تێیدا.

لە توێژینەوە نوێ و هاوچەرخەکاندا بە شێوەیەکی گشتی، دوو بۆچوون لەم بارەیەوە جەختی لەسەر دەکرێت، بۆچوونێکیان گرنگی بە ئەو تەکنیکە دیالیکتیکییە دەدات کە لەم زانستەدا پەیڕەو دەکرێت (خستنەڕووی بۆچوونێک، ڕەخنەکردنی ئەو بۆچوونە، وەڵامدانەوە بە ئەو ڕەخنەیە...)، یان (پرسێک، وەڵامێک بە ئەو پرسە، وەڵامدانەوەی وەڵامەکە)، یاخود بردنی کەسی خاوەن بۆچوونی جیاواز بەرەو بنبەست. بەم شێوەیە ئەم زانستە زانستی خستنەڕووی بیروڕاکان و وەڵامدانەویان و قسەکردن و قسەکردنە لەسەر ئەو قسانە، زانستی قسە و قسەی پێچەوانەیە.

بۆچوونی دووەم، واتای ئەم زاراوەیە فراوانتر دەکات و نزیکی دەکاتەوە لە سیۆلۆژیا (theology)، ئەمە لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەو جیاوازییەدا کە لەنێوان سیۆلۆژیای مەسیحی و سیۆلۆژیای ئیسلامیدا هەیە. سیۆلۆژیای مەسیحی، ڕۆشنگەرییەکی عەقڵیی باوەڕدارە، بەڵام کەلامی ئیسلامی زیاتر لە ڕۆشنگەری، ڕۆڵی بەرگری (apology) دەبینێت و زیاتر لە بونیادنان، لە ڕووخاندندایە؛ تێکدان و بەهەڵەخستنەوەی بۆچوونی بەرامبەر و نەیارەکان و وەڵامدانەوە بە گومانەکانیان.

بە ڕای ئێمە ئەگەرچی هەریەک لەو شیکارییانە ڕەوایەتی خۆی هەیە، بەڵام دەتوانین لەوەش قووڵتر لە ئەم ناولێنانە بڕوانین. لە کاتێکدا کە دەستەواژەی کەلام دەمانباتەوە سەر لۆژیک و لۆگۆسی یۆنانی و لەوێشەوە دەمانباتەوە سەر عەقڵ، هەروەها بە شێوەیەکی تۆکمە دەمانبەستێتەوە بە قسەکردن و موناقەشە و گفتوگۆ و ئارگومێنتسازییەوە لە ئەو مەسەلانەدا کە پەیوەندییان بە بیروباوەڕ و ڕای کەسەکانەوە هەیە، هەروەها لەگەڵ ئەوەی کە نەک مەسەلەی سەرەکی لەم زانستەدا کەلام و قورئانە، بەڵکو مەسەلەی سەرەکی لە هەموو ئاییندا و سەنتەری هەموو کێشە و زانستەکان و تاکە سەرچاوەی یەکلاکەرەوە لە ڕووی ئایینییەوە هەر کەلامە (قسە و ماناکانی و ئاکامەکانی و چۆنیەتیی تێگەشتنی، بەتایبەت قسەی خوا و قسەی پێغەمبەرەکانی)، بەم مانایە هەموو زانستە ئیسلامی و بگرە هەموو زانستە ئایینییەکان بەگشتی زانستی تێگەشتن و ڕاڤەکردن و شرۆڤە و پەیڕەوکردن و پارێزگاریکردنن لە کەلامی پیرۆز و سەرچاوەی هەموویان کەلامی پیرۆزە.

بەڵام لە هەموو ئەوانە وردتر بە ڕای ئێمە مەسەلەیەکە سەرنجی لێکۆڵەرەوانی ڕانەکێشاوە و بەها و گرنگیی خۆی هەیە، کە ئەویش بریتییە لەوەی، ئەم زانستە بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەگەرچی پاڵنەری ناوەکی و دەرەکی بۆ بیروباوەڕی ئایینیی کەسەکان و پارێزگاریکردنیان و بەرگریکردنیان بووە لەو بیروباوەڕانە و هەروەها ئاوێتەبوون بە کولتووری ئایینی دیکە و کولتووری یۆنانی، کاریگەریی زۆری هەبووە لە دەرکەوتنی ئەم زانستەدا، بەڵام دەشێت هۆکاری بنەڕەتیی ئەم ناولێنانە ئەوە بێت کە ئەم زانستە لەڕاستیدا لەجیاتی قسەی خودا و پێغەمبەر (الکتاب و السنە، النقل) قسەی خەڵکە؛ بیروڕای خەڵکە لەبارەی بوونی خودا و سیفەتەکانییەوە و لەبارەی دواڕۆژ و لەبارەی هەموو ئەو مەسەلە سەرەکییانەوە کە پەیوەندیی بە باوەڕی ئایینییەوە هەیە. پێچەوانەی ئەوەی کە لە زانستەکانی دیکەی ئاییندا بەدی دەکرێت وەک (فقە) بۆ نموونە، لەم زانستەدا ئەوەی کە کێشەکان یەکلایی دەکاتەوە، قورئان و فەرموودەکان نین، (نقل) نییە، بەڵکو ڕا و بۆچوون و ئارگۆمێنت و موناقەشە و بەڵگە عەقڵییەکانە. پانتایی ئەم زانستە، بە پێچەوانەی (فقە)ەوە، بە قورئان و فەرموودەی ڕاستی پێغەمبەر، یەکلایی نابێتەوە، بەڵکو بە عەقڵ و بە بۆچوونی مرۆڤ (بۆچوونی ڕاست و بەڵگەدار) یەکلایی دەبێتەوە. پانتایی ئەم زانستە بە وردیی ئەو پانتاییەیە کە خوا و پێغەمبەر لێی بێدەنگ بوون و شتێکیان لەبارەیەوە نەوتووە، (یاخود ئەوەی کە لەبارەیەوە وتوویانە و وا گریمانە دەکرێت کە دەیانەوێت ئێمە بێ چەندوچوون وەری بگرین، لانیکەم دەیانەوێت ئێمە لەبارەی ئەو مەسەلانەوە بێدەنگ بین نەک قسە بکەین) ئەوەش کە لەبارەیەوە وتراوە پشتی پێ نابەسرێت و سوودی نییە و تاکە ڕێگەی زانین لەم زانستەدا، وەک فەخرەدینی ڕازی دەڵێت: عەقڵ و بیرکردنەوەیە. ڕاستە ئایەتەکان و فەرموودەکان و ئایین بەگشتی ورووژێنەری ئەم بوارە بوون و ئەو ئیدیعا گەورەیەش هەیە لەسەر ئەم زانستە کە بۆ سەلماندنی بیروباوەڕی ئایینییە، بەڵام هەتا ئەو کاتەی کە خاوەن ئایینەکان لەبارەی باس و سیفەتەکانی خوا و لەبارەی ئەو بیروباوەڕانە کە لە ئایینەکەیاندا هەیە، گوێڕایەڵن و بێدەنگن و قسەیەکیان نییە و کێشەیەکیان نییە، شتێک بە ناوی زانستی کەلام لە ئارادا نییە. ئەم زانستە ڕێکوڕاست ئەو کاتە سەرهەڵدەدات کە شوێنکەوتووانی ئەو ئایینانە لەبەر هەر هۆکارێک بێت (ناوەکی، یان دەرەکی)، ئیدی لە بێدەنگی دەست هەڵدەگرن و لەبارەی ئەو بیروباوەڕانەی خۆیانەوە دەست بە قسەکردن دەکەن، هەر ئەمەشە وای کردووە کە بە ڕای ئەو ئاییندارانەی قسەکردنیان لەبارەی ئایین و مەسەلەکانی بیروباوەڕەوە قبووڵ نییە، ئەم زانستە و زانستی لۆژیکیش، کە لەم زانستەدا وەک ڕەوشێکی سەلماندن پشتی پێ بەستراوە، بە حەرام و بە لادان لە ڕێگەی ڕاست بدەنە قەڵەم و بێدەنگی (زانستی بێدەنگی) لە بەرامبەر زانستی قەسەکردن و کەلامدا هەڵبژێرن و بە پێویستی بزانن -ئەمە ڕای هەندێ لە حەنبەلییەکان و ئیبن تەیمییە و وەهابی و سەلەفییەکانە-. ئەم زانستە ناوی زانستی کەلامە لەبەر ئەوەی کە قسەکردنە لە شوێن و لە پانتاییەکدا، قسەکردنە لە کۆمەڵێک مەسەلە و پرس و بابەتدا کە مرۆڤ لەوێدا و لەو پرس و بابەتانەدا، بە ڕای ئەرسۆدۆکسییەتی ئایینی و بۆ سەلامەتیی بیروباوەڕی ئایینی و ئیمانی خۆی دەبێت بێدەنگ بێت.

ئەوە هیچ ڕوون نییە کە کێ ئەم زانستەی ناو ناوە کەلام؛ هەروەها ئەوەش تەواو ڕوون نییە کە دۆستان، یاخود ناحەزان و نەیاران ئەم ناوەیان هەڵبژاردووە و بەسەر ئەم زانستەیاندا بڕیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە لەپشت ئەم ناولێنانەوە بۆنوبەرامەی بەکەمزانینی ئەم زانستە هەیە، هەم وەک ئەوەی کە زانستی قسەیە، نەک کردەوە و هیچ کردەوەیەکی لەسەر دانامەزرێت و دەشێت ببێتە هۆی لادان لە بیروباوەڕی ڕاست، هەم وەک ئەوەی کە هەمووی قسەی ناپیرۆزە، قسەی خەڵکە، قسەیە، نەک وتەی خوا و پێغەمبەران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەسێک نەیاری ئەم ناولێنانە نەبووە و ئەم ناولێنانە بە شێوەیەکی گشتی پەسەند کراوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە هەمووان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە ئەم زانستە قسەی خەڵکە، قسەی کەس و گرووپە ئایینییە جیاجیاکانە، لەبارەی ئیمان و باوەڕی ئایینییەوە، نەک قسەی پیرۆز.

ئەگەر کەلام وەک قسە لە بەرامبەر فەرموودەکانی خوا و پێغەمبەرەوە وەربگرین، ئەو کاتە ئەم ناولێنانە دابەزاندنە لە ئاستی ئەم زانستە، بەڵام ئەگەر ئەم ناولێنانە لە بەرامبەر قسەی خەڵکەوە وەربگرین، ئەو کاتە کەلام بە قسەی حیسابی و موعتەبەر، بە قسەی بەڵگەدار، بە قسەی تۆکمە و تێروتەسەل دەوترێت. بە قسەیەک دەوترێت لەبارەی گرنگترین مەسەلەوە دەکرێت کە بیروباوەڕە و بەپێی بەڵگاندن و سەلماندنیش دەکرێت، بەم مانایەش ئەم ناولێنانە، ڕێزداریی تێدایە بۆ ئەم زانستە.

جگە لە کەلام، ئەم زانستە لە کولتووری ئیسلامیدا ئەم ناونیشانانەی دیکەشی لێ نراوە: الفقه الاکبر. ئەبووحەنیفە (150ک) ئەم ناوەی لێ ناوە و یەکێک لە هەرە کۆنترین ناوەکانی ئەم زانستەیە. أصول الدین، ئەشعەری (324ک) و البغدادی (429ک) ئەم ناوەیان بەکار هێناوە. علم العقائد، لە سەدەی چوارەمی کۆچی و دەیەمی زاینیدا ئەم ناوە لە لایەن الگحاوی (331ک) و الغزالی (505ک) و الگوسی (671ک) و الجیلی (757ک)یەوە بەکار هاتووە. علم النڤر والإستدلال، تەفتازانی لە پێشەکییەکەی خۆیدا بۆ شەرحی عەقائیدی نەسەفی ئەم ناونیشانە بەکار دەهێنێت و زۆر جار ئەمە ناونیشانی بەشی یەکەمی کتێبەکانی کەلام بووە و لەوێدا باس لە ڕەوش و چۆنیەتیی سەلماندن کراوە؛ بۆ نموونە لە کتێبەکەی بەغدادی و قازی عبدولجەباردا (415ک). علم التوحید والصفات، تەفتازانی لە شەرحی عەقائیدی نەسەفیدا ئەم ناوەش بەکار دەهێنێ. علم التوحید، هەروەها موحەمەد عەبدەش (1323ک) ئەم ناوە بەکار دەهێنێ.

بەم شێوەیە هەتا ئەو کاتەی کە ئەم زانستە و پرس و بابەت و کێشەکانی وردەوردە سەرهەڵدەدات، تاقە قسەیەک و تاقە کتێبێک کە هەموو شارستانێتی ئیسلامی لە دەوری کۆبووەتەوە، کتێب و قسەی خودایە. سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە تەنانەت نووسینەوە و بەکتێبکردنی قسەکانی خوداش جێگەی مشتومڕ بووە و ئەگەرچی نووسەرانی وەحی لە سەردەمی پێغەمبەر خۆیدا هەبوون، بەڵام پاش ڕاوێژ و بیرلێکردنەوە و پاش کوژرانی زۆر لەو هاوەڵانەی پێغەمبەر کە قورئانیان لەبەر بووە و لەبەر مەترسیی لەناوچوون، خەلیفەی یەکەم ئەبووبەکر هاتووەتە سەر قسەی عومەری کوڕی خەتاب و دڵنیا بووە لەوەی کە دەبێت قورئان کۆبکرێتەوە و بنووسرێتەوە و بکرێت بە کتێب. ئەم ڕاستییە مێژووییە بەرەو ئەو بڕوایەمان دەبات کە وردتر لە کێشەی کەلام و کتێب لەنێو شارستانێتی ئیسلامیدا بکۆڵینەوە.

کۆمەڵێک گێڕانەوە و ئاکارێکی ئیسلامییشمان هەیە کە باس لە بەهای بێدەنگی دەکات و بەرز دەینرخێنێت. گەر بە سەلیقەیەکی سۆسیۆلۆژییەوە لەم پێدراوە مێژووییانە ورد ببینەوە، لەوە ورد ببینەوە کە تەنانەت خوێندنەوەی کتێبەکانی دیکەی خوداش، تەورات و ئینجیل، شوێنی سەرزەنشت بووە و بەپێی هەندێ لە گێڕانەوەکان پێغەمبەر نکولیی لێ کردووە، دەگەین بەو ڕاستییەی کە کێشەی بنەڕەتیی ئەم کولتوورە لەگەڵ کتێب و کەلامدا چییە و بۆچی بەم زانستە دەوترێت کەلام. هەندێ لەو سەرچاوە و بیروڕایانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دان، تەنانەت باس لەوە دەکەن کە لە کتێبەکانی فیقە و لە بوارەکانی دیکەشدا، ئەو دیاردەیە بەدی دەکرێت کە سەرەتای باس و ناونیشانە لاوەکییەکان بە الکلام فی... دەست پێدەکەن. ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی نوێیە لەم کولتوورەدا و ئەمە لەڕاستیدا ئاماژە بۆ ئەو چرکەساتە دەکات کە کولتوورێک بە واتا تایبەت و کولتووری و باڵاکە، چۆن بۆ یەکەم جار فێری قسەکردن دەبێت و دێتە گۆ! لێرەدا موفارەقەیەک هەیە؛ ئەم ئایینە نوێیە خۆی، دیاردە و ڕووداو و کێشە ناوەکییەکانی خۆی سەرەتا یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنەگۆ و هاتنەنووسینی مرۆڤی نێو ئەم کولتوورەن. ئەگەرچی گومان لەوەدا نییە کە ئاوێزانبوون و تێکەڵاوبوون و ئاشنایی بە کولتوورەکانی دی و کاریگەرییە دەرەکییەکان هۆکاری سەرەکین بۆ دروستبوون و گەشەکردنی ئەم دیاردەیە.

تا ئەو کاتەی پێغەمبەر خۆی لە ژیاندا ماوە، تاکە کەسێک کە بۆی هەبێت قسە بکات، تەنها ئەوە. ئەو قسەکانی خوداش دەگەیەنێت بە ئێمە و خۆشی قسەمان بۆ دەکات؛ بگرە بەپێی هەندێ لە گێڕانەوەکان و بە ڕای شافیعی و زۆر لە ئەهلی سوننە، قسەکانی پێغەمبەریش وەک وەحی سەیر کراوە و ۆمَا ێنْگِقُ عَنْ الْهَۆی، إِنْ هُۆ إِلاَّ ۆحْیٌ یُوحَیی بەسەردا بڕاوە. هەموو ئەوانی دی لەنێو ئەم کولتوورەدا، دەبێت گوێڕایەڵ و گێڕەرەوە بن. بە هۆی مردنی پێغەمبەرەوە کێشەکان و ئاڵۆزییەکان سەرهەڵدەدەن و بێدەنگییەکان دێنە دەنگ، بە ناچاری دەست بە نووسینەوە و کۆکردنەوە و بەکتێبکردنی قورئان دەکەن. هەر لەم ڕاستایە و لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا دواجار دیسان بە ناچاری دەست بە گێڕانەوە و نووسینەوە و کۆکردنەوەی فەرموودەکانی پێغەمبەر دەکەن. دواجار نەریتێک سەر ڕێگە دەکەوێت کە خۆی لە تەفسیری پابەندی قورئان (التفسیر بالمأپور) و لە ڕاڤەکردنی فەرموودەکانی پێغەمبەردا دەبینێتەوە؛ نەریتێک بۆ درێژەدان بە کولتووری بێدەنگی و گوێڕایەڵی، سەرڕێ دەکەوێت کە ئەوەی تێدا باوە کە القول ما قال الله و قال الرسول، نەریتێک کە إژا صح الحدیپ فهو مژهبی، نەریتێک کە پرسیارکردن و گومانکردن و لێکدانەوە و سەرلێکردنەوە و بە کورتی، فەلسەفاندن تێیدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

ئەم بابەتە شایانی لەسەرڕاوەستانی زیاترە و سەرچاوەکانیش لەبارەی ژم الکلام و أهله زۆرن -یەک لەوانە کتێبەکەی هەرەوییە- ئەوەی مەبەستە لێرەدا ئەوەیە کە بەڕاستی و لە ناخی خۆیدا ئەم کولتوور و شارستانێتییە کولتوور و شارستانێتی بێدەنگی و گوێڕایەڵی و گێڕانەوەیە و چ نووسین و چ قسەکردن تێیدا، گەر قەدەغە نەبێت ڕەوا و بایەخدار نییە و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ناونانی ئەم زانستە بە زانستی کەلام. لەڕاستیشدا لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم کایە و دەرکەوتنی ئەم ناوەدا کۆمەڵێکی زۆر پرس هەن کە دەچنە ژێر ئەو تایتڵەوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەمە ناونیشانی تەنها زانستێک و کایەیەکی سنووردار نییە، ئەوەندەی کە ناونیشانی خودی پرۆسەی قسەکردن و بیرکردنەوە و بەگرفتکردن و پرسیارکردن و بیرکردنەوە و فەلسەفەلێدان و عەقڵکارییە، کێشە و پرسە کەلامییەکان وەک دواتر دەبینین تەواوی ژیانی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی موسڵمانانیان داگیر کردووە و کۆی ئەو پرسیارە ڕیشەیی و هەستیارانەن کە شوێنی ناکۆکی و ململانێن. هەر لە پرسیاری ئیمامەت و خەلافەتەوە تا بە خەلقی قورئان و بکەری گوناهی گەورە و قەزاوقەدەر و ئازادیی مرۆڤ و شۆڕش دژی خەلیفەی ستەمکار دەگات.

لەگەڵ تێکەڵا‌وبوونی دنیای ئیسلامدا بە ئایینەکان و شارستانێتییەکانی دی، ئیدی سێ ترادسیۆنی گەورە لە دنیای ئیسلامدا شکڵ دەگرێت کە بە درێژایی مێژووی کولتوور و شارستانێتی ئیسلام، لە ناکۆکی و دژیەکی و بەریەککەوتندا بوون و کۆمەڵگەی نیوەدوورگەی عەرەبی و خاوەنە ڕەسەنەکانی ئیسلام، هەمیشە ویستوویانە یەکێک لەو نەریتانە زاڵ و باڵادەست بێت و هەمیشە دوو نەریتەکەی دی وەک غەوارە و نامۆ و نەریتی نەیاران بە ئیسلام و وەک دەسیسەی دوژمنان سەیر کراون. ئەو نەریتەی کە خاوەنە ڕەسەنەکانی ئیسلام و عەرەبە موسڵمانەکانی نیوەدوورگەی عەرەبی -عەرەب بە واتا کولتوورییەکەی- بەرگریی لێ دەکەن و بە ئیسلامی ڕاستەقینەی لە قەڵەم دەدەن، نەریتی بێدەنگی و گوێڕایەڵی و جیهادە، بەپێی ئەم نەریتە ڕۆزیی پێغەمبەر خۆشی لە سایەی شێر و شمشێردایە.

بەدەر لەم نەریتە هەردوو نەریتەکەی دی، نەریتی ڕۆحانییەت و سۆیزم و گنوسیزم، هەروەها نەریتی کەلام و نووسین و بیرکردنەوە و پرسیارکردن، نەریتی مەوالی و موسڵمانە بێگانە و بێگانەپەرستەکانە، نەریتی ئەو باوەڕدارانەیە کە ڕیشەی میسری و ئێرانی و هیندۆسی و ڕۆمانییان هەیە. بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە کۆمەڵگەی ئیسلامی دابەش بووە بەسەر موجاهید و جەنگاوەران و سوارچاکان و دواجار دەوڵەمەندانی ئەم جیهاد و سوارچاکییە، بە هۆی ئەو دەسەڵات و تاڵانییانەوە کە دەستیان کەوتووە. ئەمانە هەمان ئەو چینە دژ بە کەلام و لۆژیک و کتێبەن کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستیان گرتووە بەسەر ڕوخساری گشتیی ئیسلامی ڕاستەقینەدا و هەمیشە لە دژایەتیی کتێب و کەلامدا بوون.

توێژە کۆمەڵایەتییەکەی دی کە مەوالی، داگیرکراوەکان و دیل و بەندە براوەکانی دەوروبەری ئەو توێژەن و لە پەراوێزی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەبینرێن و دواجار نابەرابەری و ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری، بەرەو شوڕش و یاخیبوونیان دەبات، دابەش بوون بەسەر پیشەوەر و دەستڕەنگینەکان و بیرمەند و نووسەر و کەلامزان و فەیلەسووفان و عارف و سۆفی و ڕۆحانییەکاندا. سەرنجێکی خێرا لە مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئیسلام ئەم ڕاستییەمان پێشچاو دەخات، تەنانەت زانا گەورەکانی زمان و ڕەخنە و بەلاغەی عەرەبییش، عەرەب نین، بە شێوەیەکی گشتی -بێگومان تاکوتەرا هەڵاواردنیش هەیە لەبەر ئەوەی ئێمە باس لە دیاردەیەکی کولتووری دەکەین، نەک ڕەگەزی- هەموو ئەوانەی کە ئەهلی کەلام -کەلام بە واتا فراوانەکەی- ئەهلی نووسین و گوتنن، هەموو ئەوانە مەوالی و غەوارەن. زۆربەی هەرە زۆر، یان کۆمەڵگەی عەرەبی بە شێوەیەکی گشتی دابەش دەبێت بەسەر دەسەڵاتدارانی ستەمکار و خەلیفەکاندا، لەگەڵ خەواریجەکان -شوراتەکان- کە ئەمانیش جەنگاوەر و سوارچاکی مەزن و عەرەبی ڕەسەنن.

ئەگەرچی ئەم لێکدانەوەیەی ئێمە، کەلام بە مانایەکی فراوانتر وەردەگرێت و دەیبەستێتەوە بە نووسین و قسەکردن و پرسیارکردن و ئازادیی ڕادەربڕین و کۆی کێشەکانی نێو دنیای ئیسلام لەو سەردەمەدا، بەڵام زۆر ئاماژە و بەڵگەشمان هەن بۆ ئەوەی کە ئەم تێگەشتنە پشتڕاست بکەینەوە: هۆکاری ناولێنانی ئەم زانستە بە کەلام تەواو وابەستەی هەمان دیاردەی کولتووری -سەرهەڵدانی کەلام و نووسین- لە دەرەوەی کەلام و نووسینی پیرۆز، لە دەرەوەی قورئان و فەرموودە خۆیەتی و یەکەم کتێب کە لەنێو ئەم شارستانێتەدا نووسرابێت، نامەکەی حەسەنی بەسرییە دەربارەی قەدەر؛ پاشان نووسینەکانی واصیلی کوڕی عەتا (131ک) کە هاوسەردەمی حەسەنی بەسرییە و هەردووکیان مەوالین. یەکەم کەسێکیش کە قسەی کردبێت لەوبارەیەوە مەعبەدی جەهەنییە (80ک کوژراوە)، پاش ئەمانیش ئیمام ئەبووحەنیفەیە (150ک) کە کتێبی الفقە الأکبر دەنووسێت، کە ئەویش هەر مەوالی و ئێرانییە. بەم شێوەیە ئێمە لەگەڵ ناونان لە دیاردەیەکی کولتووریداین کە هەر ئەو ناوە هەڵدەگرێت؛ ناوەکەشی ئاماژەی نەخوازراویی تێدایە و هێدی هێدی هاوتا دەبێت لەگەڵ سەرەتای بیدعەگەری و لاڕێکەوتن، هاوتا دەبێت لەگەڵ ئاوڕدانەوە لە لۆگۆس و پرسیارکردن و بەگرفتکردن و بێدەنگنەبوون، هاوتا دەبێت لەگەڵ هاتنەدەنگ لە ستەمی خەلیفە ئەمەوییەکان و بەرگریکردن لە ئازادی و کەرامەت و بەرپرسیارێتیی مرۆڤ.

باشترین دەروازە بۆ تێگەشتن لە پەیوەندیی نێوان کەلام و فقە، ئەو ناولێنانە گرنگەی ئەبووحەنیفەیە بۆ بابەتەکانی عقائد و بیروباوەڕ بە (الفقە الأکبر). زانستی فقە ئەو زانستەیە کە بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک یاسای گشتی و بنەمای بنەڕەتی، کە لە زانستێکی دیکەدا بە ناوی (أصول الفقە) لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کراوە و هەروەها بە پشتبەستن بە دەقە شەرعییەکان (قورئان و سوننە) هەوڵی ئەوە دەدات کە حوکمی هەڵسوکەوت و کردەکانی مرۆڤ بخاتە ڕوو، دەستنیشانی بکات و حەڵاڵ و حەرام لە یەکدی جیابکاتەوە؛ هەوڵ دەدات بە پشتبەستن بە ئەو دوو سەرچاوە بنەڕەتییە، پێمان بڵێت کە کام لەوانە حەرامن و کامەیان مەکروهە و کامەیان فەرزە و کامەیان سوننەتە و کامەیان کردن و نەکردنی، وەک یەک وایە و موباحە. هەروەها هەوڵی ئەوە دەدات کە پەیوەندیی ئەم کردانە و کاریکەرییان لەسەر یەکتر ڕوون بکاتەوە و ئەوەمان پێ بلێت کە چ شتێک مەرجە بۆ چ شتێک و چی دەبێتە بایسی چی و چی پێویستە، بۆچی و چۆن و بۆ؟

ڕواڵەتی ئەم پێناسەیە وا نیشان دەدات کە پەیوەندیی ئەوتۆ لەنێوان کەلام و فقەدا نییە، بەڵام ئەنجامی وردبوونەوەی زیاتر دەشێت بەرەو بۆچوونێکی پێچەوانەی ئەم بۆچوونەمان بەرێت.

دەبێت سەرەتا ئەوەمان لە یاد بێت کە هەموو سەرچاوە مێژوویی و پەیوەندیدارەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە: یەکەم کێشە لە مێژووی ئیسلامدا کە دەبێتە هۆی جیابوونەوەی موسڵمانەکان و ناکۆکییان لەگەڵ یەک، کێشەی ئیمامەت و جێنشینایەتیی پێغەمبەرە. ئەگەرچی شیعەکان (بەتایبەت دوانزە ئیمامی) مەسەلەی ئیمامەت بە مەسەلە و پرسێکی بنەڕەتی و سەرەکی و ئیمانی دەزانن، بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەم کێشەیە کێشەیەکی سیاسی و عەمەلییە، نەک کێشەیەکی ئیمانی و پەیوەست بە بیروباوەڕ. کێشەکە ئەوەیە کە کێ دەبێت جێنشینی پێغەمبەر بێت و بۆ؟

هەروەها زۆر لەو کێشانەی دیکەش کە دەبنە هۆی جیابوونەوەی موسڵمانان لە یەک و دروستبوونی تاقمە سیاسی و ئایینییەکان، وەک کێشەی (ئەو کەسەی کە گوناهی گەورە دەکات)، هەروەها کێشەی ناوگژیوانی لەنێوان عەلی و مەعاوییەدا و چەند کێشەیەکی دی. ئەمانە هەموویان لە بنەڕەتدا کێشەی سیاسی و عەمەلین. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ڕیشەی هەندێ لە کێشە عەقائیدی و ئیمانییەکان (کێشە و پرس و بابەتەکانی ناو زانستی کەلام) لە بنەڕەتدا، لانیکەم لە سەرەتادا، کێشەی فیقهی بوون و پاشان بوونەتە کێشەی ئیمانی و عەقائیدی. جیاوازیی موسڵمانەکان لە سەرەتادا جیاوازییەکی فیقهییە، نەک کەلامی. ئەمە لە ڕووی بابەتییەوە، لە ڕووی میتۆدیشەوە، لە سەرەتادا و لە قۆناغی یەکەمی سەرهەڵدان و گەشەکردنی زانستی کەلامدا، ئەو میتۆدەی کە پەیڕەویی لێ دەکرێت بۆ سەلماندن و ئەو بەڵگانەی کە دەخرێنە ڕوو، هەمان بەڵگە و میتۆدی زانستی فیقهن. مەسەلە کەلامییەکان تەواو ئاوێتەی مەسەلە فیقهییەکانە و پێکەوە و بە یەک میتۆد قسەیان لەبارەوە دەکرێت. بۆ سەلماندنی، یاخود یەکلاکردنەوەی کێشەیەکی کەلامی، وەک کێشەی قەزاوقەدەر و سەربەستیی مرۆڤ، هەمان ئەو میتۆدە بەکار دەبرێت کە لە یەکلاکردنەوەی کێشەیەکی فیقهیدا، وەک کێشەی کورتکردنەوە و کۆکردنەوەی نوێژەکان بەکار دەبرێت.

ئەم میتۆدە فیقهییە دوو پایەی بنەڕەتیی هەیە:

یەکەم: هەوڵدان بۆ سەلماندنی بۆچوونەکان بە پشتبەستن بە ئایەتەکان و فەرموودەکان و سوننەتی پێغەمبەر، بۆ ئەوەی کە بزانین مرۆڤ سەربەستە، یان نا. دەبێت بزانین لە قورئاندا چی هاتووە و پێغەمبەر چیی فەرمووە. ئەگەر ئایەتێک، یان فەرموودەیەکمان دەستکەوت کە باس لەوە بکات مرۆڤ سەربەستە و خۆی خوڵقێنەری چارەنووسی خۆیەتی، کەواتە مرۆڤ سەربەستە. خۆ ئەگەر ئایەتێک، یان فەرموودەیەکمان دەستکەوت پێچەوانەی ئەمە بێت، کەواتە مرۆڤ مەجبوورە و خوا خوڵقێنەری چارەنووسی ئەوە، نەک خۆی. واتە بەپێی ئەم میتۆدە و لەم قۆناغەدا لە مێژووی زانستی کەلام، کێشە کەلامییەکان وەک کێشە فیقهییەکان بە ئایەتەکان و فەرموودەکان یەکلایی دەکرێنەوە.

دووەم: میتۆدی لێکچوواندن (التشبیە)، یاخود (القیاس الفقهی) کە میتۆدێکی تایبەتە بە بابەتە فیقهییەکان، بۆ سەلماندن و یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانەی کە دەقێکی ئاشکرا لەبارەیانەوە نییە. ئەم میتۆدە لە زانستی کەلامیشدا، بەتایبەت لە قۆناغی سەرەتادا و پاش ئەوەش، بە شێوەیەکی بەربڵاو لە بابەت و پرس و کێشە کەلامییەکاندا بەکار هاتووە، بەتایبەت بەر لە ئاشنابوونی موسڵمانەکان بە لۆژیکی یۆنانی و قیاسی عەقڵی، هەروەها دوای ئەوەش لە لایەن ئەو ڕەوتە کەلامییانەوە کە پابەندانە لەبارەی مەسەلە کەلامییەکانەوە قسەیان کردووە و لۆژیکی یۆنانییان پەسەند نەکردووە و وەک میتۆدێکی نامۆ بە زمان و وشیاریی عەرەبی و ئیسلامی سەیریان کردووە، هەر بەکار هاتووە.

واتە لە ڕووی میتۆدیشەوە تێکەڵاوی و جۆرێک لە پاشکۆیەتی هەیە لە زانستی کەلامدا، بەتایبەت لە قۆناغی سەرەتادا و لای هەندێک لە ڕێبازە کەلامییەکان (ئەشعەرییەکان بە تایبەت)، بۆ زانستی فیقە، ئەو ناولێنانەی ئەبووحەنیفەش بە وردی ئەم مانایە دەگەیەنێت، زانستی کەلام هەر فیقە، بەڵام فیقهی گەورە، لەبەر مەزنی و گرنگیی ئەو بابەتانەی کە تێیدا باس دەکرێت.

ئەگەر ئەم تێگەشتنە پەسەند بکەین، ئەو کاتە جیاوازیی بنەڕەتی لەنێوان فیقە و کەلامدا، تەنها لەو ڕووەوە دەبێت کە فیقە و ئەحکامەکانی عەمەلین و دەبێت و نابێتەکانی کردەیی و پراکتیکین. لە کاتێکدا کەلام تیۆری و وێناییە (تصوری)، ڕاستە زۆر لە بیروباوەڕە کەلامییەکان، پەسەندکردن و دەربڕینیان، دەبێتە ژێرخان و بنەما بۆ کار و کردەوەکان و بڕیاری پراکتیکی و کردەییشی لەسەر دروست دەبێت، بەڵام ئەو جیاوازییە بنەڕەتییە هەر وەک خۆیەتی. لە کەلامدا ئێمە دەمانەوێت دیدێکی دروست بونیاد بنێین دەربارەی بوون و خودا و مرۆڤ و مەسەلەکانی دیکەی بیروباوەڕ، دەمانەوێت بزانین کە مرۆڤ سەربەستە، یان نا؛ زیندووبوونەوە بە جەستەیە، یان نا؛ خودا دەستی هەیە، یان نا و... هتد؟ واتە دەمانەوێت بزانین ئەو پرس و کێشە و بابەتانە خۆیان چۆنن، بە هەمان شێوەی فەلسەفەی تیۆری؛ لە کاتێکدا لە فیقهدا ئێمە دەمانەوێت بزانین کە ئەو پرس و کێشە و کردە و بابەتانە دەبێت چۆن بن؟

بەپێی ئەم تێگەشتنە دەتوانین فیقە بکەین بە دوو بەشەوە:

یەکەم: تیۆری کە (الفقە الأکبر)ەکەی ئەبووحەنیفەیە و زانستی کەلامە و فیقهی کایەی بیروباوەڕ و عەقائیدە و ئامانجی ئەوەیە کە دیدێکی دروستمان هەبێت بۆ پایەکانی ئیمان و ئەو مەسەلانەی کە پەیوەندییان پێوەی هەیە.

دووەم: پراکتیکی و عەمەلییە کە (فقە)ە و دەتوانین بە (الفقه الأصغر) ناوزەدی بکەین و بەم پێیەش بێت زانستی (أصول الفقه)، هەروەها ئەو بنەما و یاسا و ڕێسایانەی لەوێدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت دەبێتە پێشەنگ و بنەما و ژێرخان بۆ هەردوو زانستەکە. زانستی بنەماکانی فیقە، باس لە میتۆدەکانی سەلماندن و بنەما و ڕێسا گشتییەکانی چۆنیەتیی سەلماندنی فیقهی دەکات، باس لەوە دەکات بەڵگەی شەرعی چییە و چۆن سوودی لێ وەردەگیرێت لە سەلماندنی فیقهیدا و پلەبەندیی بەڵگەکان چۆنە و چۆن نییە و لە کاتی ناکۆکیی دوو بەڵگەدا لەگەڵ یەک، یاخود لە کاتی نەبوونی بەڵگەدا لەسەر پرسێک دەبێت چی بکرێت.

گرنگترین سەرچاوەکانی سەلماندن و بەڵگە بەپێی ئەم زانستە، قورئان و فەرموودە، کۆڕای زانایان و قیاسە. بێگومان ئەمە سەرباری یاسا و ڕێساکانی زمانی عەرەبی کە گرنگیی زۆریان هەیە لە دیاریکردنی مانای دەقەکاندا.

بە هۆی کۆمەڵێک کێشە و ئاڵۆزی و کاریگەریی ناوەکی و دەرەکییەوە، کە دەشێت دواتر ئاماژەیان پێ بکەین ئەم پەیوەندییە توندوتۆڵە لەنێوان فیقە و کەلامدا هەتا سەر، بەم شێوەیە نامێنێتەوە.

دواجار کەلام ڕێگەی تایبەتی خۆی دەگرێتە بەر و میتۆدی تایبەتی خۆی پەیڕەو دەکات و لە فەلسەفە نزیک دەبێتەوە و لە فیقە دوور دەکەوێتەوە و بگرە کاریگەریی خۆی لەسەر (أصولی فقه) و (فقە)یش دادەنێت، بەڵام بە ئێستاشەوە، کۆمەڵێک ڕیباز و ڕەوت و گرووپی ئایینی ئیسلامی هەن (وەک سەلەفییەکان) کە ئەو سکێچەی سەرەوە بەسەریاندا جێبەجێ دەبێت و ئەوان تەنها پەیڕەوی لەو خشتەیە دەکەن و وەک فیقە، لە بواری کەلامیشدا بەڵگەی عەقڵی و ڕای مرۆڤ پەسەند ناکەن و تەنها بە بەڵگە و بنەما و میتۆدی فیقهی لەم بوارەشدا بیردەکەنەوە.

سۆفیزم، وەک ئەزموونێکی پراکتیکی، خۆگرتنەوە و خوداناسی و زوهد، لە مێژووی ئیسلامدا سەرهەڵدەدات، پاشان وەک ئەزموونێکی ڕۆحی و عەقڵی کە پەیوەندیی بە دیدی مرۆڤەوە هەیە بۆ خودا و پرسە ئیمانییەکانی دیکە. دەتوانین بەوەی یەکەمیان بڵێین سۆفیزمی کرداری و بەوەی دووەمیش بڵێین سۆفیزمی تیۆری، کە دیارترین دەرکەوتە ڕۆحی و عەقڵییەکانی ئیسۆتریکیزم و میستیکیزمە (Esoterically & Mystical). لە قۆناغی یەکەمدا، یاخود لە حاڵەتی یەکەمدا بەرکەوتن و کێشەکانی سۆفیزم پتر لەگەڵ ئەحکامی پراکتیکی و فیقهدایە، بەڵام لە قۆناغ و لە حاڵەتی دووەمدا سۆفیزم لەگەڵ کەلامدا بەرکەوتن و پەیوەندیی بۆ دروست دەبێت.

کەلام لەوە تێناپەڕێت کە قسەکردن بێت لە بواری بیروباوەڕە ئایینییەکاندا، بە میتۆدی فیقهی، یان بە میتۆدی عەقڵی. سۆفیزم وەک ئەزموونێکی ڕۆحیی تایبەت، کە پشت بە حەدس و شهوود دەبەستێت، پشت بە دیدارە ڕۆحییەکانی سۆفی و عارف و ڕاڤەکردن و تێگەشتنی ئیسۆتریکی دەبەستێت، ئەویش لە لای خۆیەوە دەبێتە خاوەنی کەلامی خۆی و قسەی خۆی و دیدی خۆی هەیە بۆ خودا و بۆ سیفەتەکانی و بۆ هەموو پرسە ئیمانییەکانی دی و لێرەوە سۆفیزم لە ئیسلامدا میتۆدێکی نوێ دەهێنێتە کایەوە بۆ قسەکردن لە هەموو کایە ئیمانی و ئایینییەکان و لە بەرامبەر شەریعەتەوە جەخت لەسەر تەریقەت دەکات و لە بەرامبەر سەلماندنی فیقهی و عەقڵیشەوە جەخت لەسەر حەدس و شهوود و دیدار و ئەزموونی ڕۆحیی سۆفی و عارف دەکات. لە قۆناغی سوهرەوەردیدا ئیدی بەتەواوەتی سۆفیزم وەک میتۆدێکی بیرکردنەوە خۆی پایەدار دەکات و ڕەخنە ئاڕاستەی لۆژیک و عەقڵانییەتی ئەرستۆیی و ڕەوتی مەشائیی نێو فەلسەفەی ئیسلامی دەکات. بەم شێوەیە بەگشتی دەتوانین لەسەر سێ ئاست باس لە پەیوەندیی کەلام و سۆفیزم بکەین:

یەکەم: لەسەر ئاستی میتۆد؛ سۆفیزم چ وەک میتۆدێک بۆ لێکدانەوە و تەئویلی دەقە ئایینییەکان و چ وەک میتۆدێک بۆ بیرکردنەوەی عەقڵی و ڕۆحی (بیرکردنەوە بە دڵ) خاوەنی ڕیبازی کەلامیی تایبەت بە خۆیەتی.

دووەم: سۆفی و عارفی گەورە لەنێو کەلامزانەکانی هەموو ئایینەکاندا بەدی دەکرێن، کە غەزالی و قوشەیری و حاریسی موحاسیبی و حەلاج و ئیبن عەرەبی و ئیبن سەبعین و مەولانای ڕۆمی و مەولانا خالید، لەو ناوە دیارانەن کە نووسین و ڕا و قسەی خۆیان هەیە؛ بگرە قوتابخانەی خۆیان هەیە لە مەسەلە کەلامییەکاندا و هەروەها سەنگی زۆر تایبەتی خۆشیان هەیە لە مێژووی ئیسلامدا.

سێیەم: لە مێژووی هزری ئیسلامیدا، بەیەکگەیشتنێکی مەزن لەنێوان فەلسەفە و عیرفاندا دروست دەبێت، بەیەکگەیشتن لەنێوان ئیبن سینا و ئیبن عەرەبی، لە لای فەیلەسووف و عارفی گەورەی ئیسلام (صدرالدینی شیرازی)، کە ئەم دیاردەیە لە مێژووی هزری ئیسلامیدا، زۆر سەرنجڕاکێش و جێگەی بایەخە، لەبەر ئەوەی مەرزەکانی نێوان چوار کایەی زۆر گرنگ لە مێژووی ئیسلامدا ئاوێتە دەکات. کایەی تەفسیر و تەئویل، کایەی کەلام، کایەی فەلسەفە، کایەی تەصەوف. بەم شێوەیەش یەکێتییەکی ئەنتۆلۆژی لەنێوان زانست و بابەت و بوارە فەلسەفی و ئایینییەکاندا لە مێژووی هزری ئیسلامیدا دروست دەبێت کە بە ئاسانی عارف و فەیلەسووف و کەلامزان و موفەسیری قورئان لە یەکدی جودا ناکرێنەوە و ئەم کایانە بە قووڵی ئاوێتەی یەکدی دەبن و یەک دەوڵەمەندتر دەکەن.

بە کورتی لە پەیوەندیدا بە کەلام و فەلسەفەوە، سۆفیزم دواجار، یەکێتییەک دروست دەکات کە بە حیکمەتی نەمر و ئیشراق بە حیکمەتی ترنسندنتاڵ کۆتایی دێت، بە سیۆسۆفیزم کۆتایی دێت کە عیرفان و فەلسەفە و کەلام و تەئویلە لە یەکێتییەکی ترنسندنتاڵدا.

بە بڕوای ئیبن خەلدوون، کە (ئەمە ڕای فارابیشە) جیاوازیی فەلسەفە و کەلام لەوەدایە کە لێکۆڵینەوە لەبارەی بوون (بابەتەکانی ئۆنتۆلۆژیا و سیۆلۆژیا و سروشتناسی)، هەروەها لەبارەی لۆژیک و هەندێ بابەت و پرسی ئیبستمۆلۆژییەوە، لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو پرس و بابەتانەی کە فەلسەفەی تیۆری لێیان دەکۆڵێتەوە و کەلامزانیش ناچارە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکات، لێکۆڵینەوە لەم بوار و بابەتانە لە کەلامدا بۆ سەلماندنی بیروڕای ئایینی و بەرگریکردنە لێیان بەو شێوەیەی کە لە ئایینی کەسی کەلامزاندا هەیە و ئەو باوەڕی پێیەتی. لە کاتێکدا کە ئەم لێکۆڵینەوانە لە فەلسەفەدا و لە لایەن فەیلەسووفەوە بۆ زانین دەکرێت و لە پێناو گەیشتن بە حەقیقەتدایە، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە چەند لەگەڵ ئاییندا دەگونجێت، یان نا، فەیلەسووف بۆ بڕیاردان لەم بوارانەدا دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵ و بۆ بەرەنجامی گەڕانی فەلسەفیی خۆی. مەرجەعی فەیلەسووف عەقڵە؛ لە کاتێکدا مەرجەعی کەلامزان ئایینەکەی خۆیەتی. فەیلەسووف ئەو بۆچوونانە پەسەند دەکات و بەرگریی لێ دەکات کە لەگەڵ عەقڵ و تێگەشتنی عەقڵیی خۆی دەگونجێت، هەروەها لێکۆڵینەوە لە بوون و سروشت و عەقڵ لە فەلسەفەدا لە پێناو خودی حەقیقەت، لە پێناو خودی ئەم بابەتانە خۆیاندایە، واتە بە پلەی یەکەم دێن؛ لە کاتێکدا لە لای کەلامزان، ئەم لێکۆڵینەوانە بۆ سەلماندنی باوەڕی ئایینییە و بە پلەی دووەم دێن.

لێرەدا دوو کێشە و پرس شایانی باسە؛ یەکەم ئەوەی کە ئایا فەیلەسووفەکان دەربایسی ئایین نین و خاوەنی ئایین نەبوون؟ کەسانی وەک فارابی، وەک ئیبن ڕوشد کە قازی و داوەری یەکەم بووە و توێژینەوەی هەیە لەسەر فیقە و شەرعناسێکی گەورەش بووە، ئایا ئەم کەسانە لە بیری باوەڕی ئایینی خۆیاندا نەبوون، یاخود دەربایس نەهاتوون، یان چۆن؟

پرسی دووەم پەیوەندیی بە کەسانی کەلامزانەوە هەیە، ئایا بەڕاستی ئەوان، عەقڵ و بوون و لێکۆڵینەوە سروشتییەکانی خۆیان تەنها وەک دەسکەلا سەیر کردووە و وەک کەسی سۆفستائی تەنها ڕای ئایینیی پێشوەختی خۆیان مەبەست بووە، یاخود پەیوەندیییەکی دیالیکتیکیی قووڵتر لەمە دەشێت لە ئارادا بووبێت؟

ڕەنگە بۆ سەرەتا و دەستپێکردن ئەمە ڕاست بێت، واتە پاڵنەری یەکەم بۆ فەیلەسووف، حەقیقەت و ناسینی سروشت و بوون خۆی و بۆ کەلامزان، سەلماندنی بیروڕای ئایینی بێت، بەڵام ئەنجامەکان لەوە ئاڵۆزتر دەکەونەوە و دواجار کەلامزان دەکەوێت بەسەر هەندێک بەڵگە و ڕاستیی فەلسەفیدا کە ناتوانێت لەژێری دەرچێت، فەیلەسووفیش ڕوبەڕووی لێپرسینەوەی ئایینی دەبێتەوە و دەبێت باوەڕی ئایینیی خۆی ساغ بکاتەوە.

واتە پێدەچێت لەو سەرەوە، وێنەکە ئاوەژوو ببێتەوە، فەیلەسووف ناچار دەبێت بەڵگەی ئایینی بدۆزێتەوە بۆ بیروبۆچوونە فەلسەفییەکانی؛ دەبێت ئایین بگونجێنێت لەگەڵ فەلسەفە، کەلامزانیش دەبێت فەلسەفە بگونجێنێ لەگەڵ ئایین. وێنەی دەرەوەی ئەم کێشەیە وایە کە فەیلەسووف ئایین بە پلەی دووەم و کەلامزان فەلسەفە بە پلەی دووەم وەردەگرن. ئەمە سروشت و وێنەی ئەو کێشەیەشە کە بە کێشەی عەقڵ و نەقڵ، ناوزەد دەکرێت. ئایا عەقڵ لە پێشە، یان نەقڵ. ئایا ئەم دووانە، هەمیشە کۆکن، یان هەندێ جار دژبەیەک، ئایا ئەگەر دەقێک لەگەڵ بەڵگەیەکی عەقڵی نەگونجا، دەبێت چی بکرێت. ئایا ئەو بەڵگە عەقڵییە (ئاماژەیە بەوەی کە ئەو دەقە، یان ڕاست نییە، یان ماناکەی بەو شێوەیە نییە)، یاخود ئەو دەقە ئاماژەیە بەوەی کە ئەو بەڵگە عەقڵییە نادروستە و ڕاست نییە، بەڵگەی عەقڵی، یان دەبێت بە عەقڵ ڕەت بکرێتەوە، یان ئەئویل و لام و جیم هەڵناگرێت، بەڵام بەڵگەی نەقڵی (دەق) ئەگەر هیچ گومانێکیش لە دروستییدا نەبێت، دەشێت ماناکەی بەو شێوەیە نەبێت و ئەو بەڵگە عەقڵییە بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی کە مانایەکی دیکەی هەیە، واتە نەقڵ ئەگەر ڕەت نەکرێتەوە هەمیشە تەئویل دەکرێت، هەندێ لە دەقەکان دروست نین (واتە گومان هەیە لەوەی کە قسەی خاوەنی شەرع بێت و ئەمە بەتەواوی نەسەلماوە)، ئەو دەقانەی کە بەتەواوی دروستن (وەک دەقی قورئان بۆ نموونە) ئەم دەقانە هەندێکیان (محکم)ن واتە تەئویل قبووڵ ناکەن، یان نابێت تەئویل بکرێن. هەندێکی دیکەیان دەشێت تەئویل بکرێن و مانایەکی دیکەیان هەبێت جیا لە مانا ڕواڵەتییەکەی. ئایا کاتێک بەڵگەیەکی عەقڵی پێچەوانەی دەقێک دەبێت، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو دەقە (محکم) نییە و دەشێت تەئویل بکرێت و... هتد؟

لەبەر ئەوەی کە هەموو فەیلەسووفەکان لەنێو کولتوورێکی ئایینی و سیستمێک لە بیروباوەڕی ئایینیدا ژیاون، هەر لە یۆنانەوە تا ئیسلام، هەروەها لەبەر ئەوەی کە فەیلەسووفەکانی ئیسلام بەرلەوەی فەیلەسووف بن، موسڵمان بوون، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەشەوە، لەبەر ئەوەی کە کەلامزانەکانیش بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی هەمان کێشە بوونەتەوە، ئەم بابەتە، واتە بابەتی عەقڵ و نەقڵ، یەکێک لە هەرە گرنگترین بابەتەکان و کێشەکانی فەلسەفە و کەلامیشە. هەردووکیان لەگەڵ خۆیان و لە هەناوی خۆیاندا هەڵیانگرتووە. لەڕاستیشدا ئەم کێشە هاوبەشە، گرنگترین بوار و پێگەی بەیەکگەیشتنی فەلسەفە و کەلامە و هۆی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەیە لەنێوانیاندا و بە درێژایی مێژووی فەلسەفە و کەلامیش ئەم کێشەیە بە زیندوویی ماوەتەوە و هەمیشە جێگەی باس و مشتومڕ و تێڕامانی فەلسەفی و کەلامی بووە.

ئیبن ڕوشد کە (تهافت الفلاسفە)ی غەزالی تەواو سەغڵەتی کردبوو -لەبەر ئەوەی کە ئەم کتێبە لەڕاستیدا لە هەوڵێک دەچوو بۆ کردنەدەرەوەی فەلسەفە و فەیلەسووفەکان لە جیهانی ئیسلامیدا و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە بەرژەوەندیی کەلامزانەکان- لە وەڵامدانەوەیدا بۆ ئەو کتێبە، هەروەها لە کتێبی (فصل المقال)دا لەبارەی ئەم کێشەیەوە وا بیردەکاتەوە کە بەرەنجامەکانی فەلسەفە و ئایین و ئامانجی هەردووکیان هەریەکە و جیاوازییەکە لە چۆنیەتیی خستنەڕووی یەک حەقیقەتدایە، هەر بۆیە دوا ئەنجام کە ئەو پێی دەگات بریتییە لەوەی کە هەموو ئەو دەقانەی کە لەگەڵ عەقڵدا ناگونجێن، پێویستە تەئویل بکرێن و نابێت مانایەکیان لێ وەربگیرێت کە لەگەڵ عەقڵ نەگونجێت. بێگومان ئەمە ڕای فارابی و هەموو فەیلەسووفەکانی ئیسلامییشە بەگشتی. هەر لە میانەی ڕەخنەکانیدا لە غەزالی، ئەو لەبری فەلسەفە بیر لە قەدەغەکردنی کەلام دەکاتەوە، بە بڕوای ئەو جیاوازیی بنەڕەتیی نێوان کەلام و فەلسەفە، جیاوازیی بابەت و بوار و ئامانج نییە، جیاوازیی بنەڕەتی، جیاوازییە لەنێوان فەیلەسووفەکان و دوو توێژی دیکەدا کە أهل الجدل (مشتومڕکەرەکان) و عەوامەکانن، ئەو کەلامزان بە کەسێکی مشتومڕکەر دەزانێت کە لە ئاستی سەلماندنی فەلسەفی و تێگەشتنی فەلسەفیدا نییە و توانای ئارگومێنتسازیی ڕاستەقینەی نییە وەک (أهل البرهان والیقین)ەوە تا ئەندازەیەکی زۆر حەقیقەت لە عەوامەکان دەشێوێنێ و گومانەکان دەخاتە ڕوو، نازانێت وەڵامیان بداتەوە و وەک کەسێکی سۆفستایی ململانێ لەگەڵ حەقیقەت و لەگەڵ حەکیم و فەیلەسووفەکان دەکات و کارەکەی تا ڕادەیەکی زۆر ڕیاکارانە و عەوامفریودەرە، نە ئەوەیە وەک ئەوان (عەوام) بە ڕواڵەتی دەقەکان داکەوێت و ئیمانی خۆی لە بێدەنگیدا بپارێزێت، نە ئەوەشە وەک فەیلەسووف، دەستی بە ئارگومێنتی ڕاستەقینە بگات و هونەری نووسین و قسەکردن بە باشی بزانێت و بزانێت چۆن کێشە سیۆلۆژییەکان دەخاتە ڕوو.

بەم بۆچوونەی ئیبن ڕوشد، جیاوازیی کەلام و فەلسەفە لەوەدایە کە قسەی کەلامزان قسەی جەدەلی و مشتومڕکارییە نەک ئارگومێنت و بورهانی ڕاستەقینە و سەرهەڵدانی ئەم زانستە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چینێکی میانگیر، نە فەیلەسووف و نە عەوام کە ئەو پێیان دەڵێت: (أهل الجدل) دروست بوون کە تەنها توێکڵی فەلسەفە دەزانن و دەناسن. بابەتەکانی کەلام، بابەتی ڕاستەقینەی فەلسەفەن و فەلسەفە و ئایین کۆکن لەبارەیانەوە، بەڵام فەلسەفە بۆ هەمووان نییە و هەموو کەس لە زمانی فەلسەفە تێناگات؛ بگرە قورئان خۆی بەشی ئەو سێ توێژەی تێدایە و ئاستی جیاجیای تێگەشتنی هەیە کە هەر ئاستێکیان بۆ یەکێک لەو توێژانەیە و هەبوونی هەندێ سەلماندن لە ئایەتەکانی قورئاندا، بۆ ورووژاندن و هەڵنانی مرۆڤە تا بکەوێتە سەر ڕێی بیرکردنەوە و تێڕامانی عەقڵی و فەلسەفی، کە ئەمە پێویستییەکی ئایینییە لەسەر هەر کەسێک کە بتوانێت؛ بەڵام بەرلەوەی تۆ بگەیت بە پلەی فەیلەسووفی ڕاستەقینە و ببیت بە (أهل البرهان)، بە پلە و قۆناغی (أهل الجدل)دا دەبێت تێپەڕیت. هەروەک چۆن بۆ ئەوەی بگەیت بە یەقین دەبێت بە گوماندا تێپەڕیت، بەڵام کێشە مانەوەیە لەو پلەیەدا. ئەوانەی کە لەو پلەیەدا دەمێننەوە، دەبێت هەوڵی بەرزبوونەوە بدەن، یاخود بەو بەڵگە پلەدووانە (بەڵگەی جەدەلی) خۆیان دامەزرێنن و قەناعەت بکەن و بەم زمانەش بۆ جەماوەر نەنووسن، چونکە دەبێتە مایەی ناکۆکی و مشتومڕی ئایینی و عاقیبەتی باش نابێت.

بێگومان ئیبن ڕوشد کە وەک فەیلەسووفێک خەمی شار و سیاسەتیشی هەڵگرتووە، ئەزموونە خوێناوییەکانی موعتەزیلە و حەنبەلییەکانی لە یادە؛ باش ئەوە دەزانێت کە ئەم مشتومڕانە ئاسایشی شار تێک دەدەن و دادگای پشکنینی بیروباوەڕی لێ دروست دەبێت و بە کوشتنی فەیلەسووف و عاریفەکان و شەلاقدانی زانایان کۆتایی دێت، بە قەدەغەکردنی فەلسەفە و دادگاییکردنی و دووبارەبوونەوەی تراجیدیای سۆکرات، کۆتایی دێت. بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت هونەری نووسین و قسەکردن فێر ببین و ئەم بابەتانە نەکەینە بابەتی ڕای گشتی و بە ناوی تێگەیاندنی عەوامەوە، بە ناوی بانگەشەکردنەوە بۆ ئایین و بیروباوەڕ، نەبینە هۆی فیتنە و سەرلێشێوان بۆ خەڵک. دەبێت لەم بوارەدا بە شێوەیەک بنووسین و قسە بکەین کە ئەوەی ئەهلی ئەم بابەت و بوارە نەبێت، نەتوانێت لێی تێبگات.

بێگومان زۆر توێژەر لە بواری فەلسەفەی ئیسلامیدا هەن، لایەنگری زانستی کەلامن؛ بگرە بە فەلسەفەی ئیسلامیی ڕەسەن دەیدەنە قەڵەم. هەندێک لەوانە فەلسەفەی ئیسلامی دەکەنە سێ بوار و کایەی لێکۆڵینەوەی سەرەکی، کە بریتین لە: کەلام، زانستی بنەماکانی فیقە و سۆفیزم. لەم کایانە دەرچێت، زۆر لەو بابەت و زانست و بوارانەی دیکەی فەلسەفەی ئیسلامی بە وەرگێڕان و ڕاڤەکردن و دووبارەکردنەوە و کاریگەربوون و بە توێژینەوەی ناڕەسەن دەدەنە قەڵەم و وەک کاریگەربوون و دەنگدانەوەیەکی فەلسەفەی یۆنانی دەڕواننە فەیلەسووفەکانی ئیسلام، هەروەها هەندێکی دیکە لەوان سۆفیزمیش لەو بازنەیە دەکەنە دەرەوە و بە کاریگەریی ئەفلاتونیزم و ئەفلاتونیزمی نوێ و ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکانی دەزانن و داهێنانی فەلسەفیی ڕاستەقینە لە ئیسلام و کولتووری ئیسلامیدا بە ڕای ئەوان، تەنها (کەلام و بنەماکانی فیقە)ە.

بە هەرحاڵ ئەوەی لێرەدا ویستمان باسی بکەین و ئامانجمان بوو، تەنها خستنەڕووی سروشتی ئەو پەیوەندییە بوو کە لەنێوان کەلام و فەلسەفەدا هەیە لە کولتووری ئیسلامیدا. دەشێت لە بۆنە و نووسینی دیکەدا ڕۆشنایی زیاتر بخرێتە سەر ئەو پرس و بابەتە گرنگانە و بەتایبەتی توێژینەوەیان لەبارەوە بکرێت.

سەرچاوە مێژووییەکان لەسەر ئەو ژینگە کولتووری و ئایینییە وەستاون کە ئیسلام تێیدا سەری هەڵداوە، لە نیوەدوورگەی عەرەبیدا. ئەوەی لێرەدا شوێنی باسی ئێمەیە ئەو ژینگەیەیە کە زانستی کەلام تێیدا سەرهەڵدەدات؛ کە ئەم ژینگەیە دوو لایەنی هەیە: لایەنی یەکەم، ئیسلام خۆی (ئایەتەکانی قورئان و بیروباوەڕە ئیسلامییەکان)، هەروەها ئەو ژینگە کولتوورییە ناوخۆییەی کە موسڵمانەکان تێیدا دەژیان و کاریگەریی ئەم ژینگەیە لەسەر دروستبوونی مشتومڕ لەبارەی بیروباوەڕە ئایینییەکانەوە، گفتوگۆی موسڵمانەکان لەنێو خۆیاندا و لەگەڵ پێغەمبەر لەبارەی ئەم بابەتانەوە. لایەنی دووەم: ئیسلام لە بەرامبەر ئایین و بیروباوەڕەکانی دیکە و موسڵمانەکان لە بەرامبەر خاوەن ئایین و بیروباوەڕەکانی دی، لەگەڵ زاڵبوونی وەحی و کەسێتیی پێغەمبەر و گوتەکانی بەسەر ئەم ژینگەیەدا چ لە پەیوەندیدا بە ژیانی ناوخۆی موسڵمانەکان و چ لە پەیوەندیی ئەواندا لەگەڵ دەرەوەی خۆیان و کاریگەریی ئەم دوو لایەنە لەسەر سەرهەڵدانی زانستی کەلام.

دەتوانین بڵێین هاتنی ئیسلام خۆی و ڕاگەیاندی موحەمەد خۆی بۆ ئەم ئایینە و بۆ ئەوەی کە ئەو پێغەمبەری خوایە وەک عیسا و مووسا و... هتد لە پێغەمبەران، ئەمە خۆی بانگەشە و پاشان کێشەیەکی کەلامییە. خودا خۆی بە پێغەمبەرەکەی دەڵێت: ادْعُ إِڵی سَبِیلِ ڕَبِّکَ بِالْحِکْمَەِ ۆالْمَوْعِڤَەِ الْحَسَنَەِ ۆجَادِلْهُمْ بِالَّتِی هِێ أَحْسَنُ إِنَّ ڕَبَّکَ هُۆ أَعْڵمُ بِمَنْ چَلَّ عَنْ سَبِیلِهِ ۆهُۆ أَعْڵمُ بِالْمُهْتَدِینَ (125:16). هەروەها زۆر جار بەڵگەی بۆ دەهێنێتەوە و نموونەی بۆ دەهێنێتەوە و بگرە ڕێنمایی دەکات بۆ ئەوەی ڕێگەی تەحەداکردن لەگەڵیاندا بگرێتە بەر. ئیسلام ئەگەرچی سەرەتا بە ڕاگەیاندن و وشیارکردنەوە دەستی پێکرد (تبلیغ و إنژار)، بەڵام هەر زوو لەوە تێگەیشت کە دەبێت بکەوێتە گفتوگۆ و موجادەلە و ڕێگەی قەناعەتپێکردن بگرێتە بەر. پێغەمبەر سەرەتا لەوەش خۆی دەبوارد کە کاری کەشگێڕ و سەیر و لە توانای مرۆڤ بەدەر بنوێنێت و بەمە ڕاستیی پەیامەکەی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام هەر زوو ئەوەی بۆ دەرکەوت کە تەنها ئەمەش بەس نییە و ئەو دەبێت لەسەر زۆر مەسەلە لەگەڵ قەومەکەی و لەگەڵ خاوەن ئایینەکانی دیکەشدا بکەوێتە گفتوگۆ و مشتومڕەوە، کە زۆر جار ئەم گفتوگۆیانە بە شەڕی دەستەویەخە و دەستدرێژی کۆتایی دەهات و ئەوانەیان کە قسەیان لێ دەبڕا و بەڵگەیان پێ نەدەما، پەنایان بۆ ملهوڕی و هێزی بازوو و گەلەکۆمە و هێزی شیروتیر دەبرد، تەنانەت هەندێ جار گرەویان لەسەر بۆچوونە ئایینییەکانی خۆیان دەکرد (وەک گرەوی ئەبووبەکر لەسەر سەرکەوتنی ڕۆمەکان).

واتە هاتنی ئیسلام خۆی کێشەیەکی کەلامی بوو، پێغەمبەر زۆر بە زوویی ئەم ڕاستییەی بۆ دەرکەوت، هەر بۆیە موجادەلەکردن و بەڵگەهێنانەوە و نموونە گێڕانەوە و... هتد، لە ڕێگەکان و شێوەکانی سەلماندن و ئیقناعکردنی بەرامبەر، پانتاییەکی دیاری لە قورئاندا داگیر کردووە.

هەندێ جار موسڵمانەکان لەنێو خۆیاندا، یاخود لەگەڵ پێغەمبەر خۆی، بەتایبەت گەر بیروباوەڕێکی تازەتر، یان تێزێکی گرفتئامێز، یاخود گومانێکیان بۆ دروست ببوایە، ئەوانیش دەکەوتنە گفتوگۆ، ڕاستە ئەم گفتوگۆ ناوەکییانە هەتا ئەو کاتەی پێغەمبەر لە ژیاندا مابوو و قورئان دادەبەزی، زۆر بە زوویی و بە هێمنی و بەو شێوەیەی کە پێغەمبەر دەیویست با بە بێدەنگکردنیش بوایە، یاخود بە گۆڕینی ئاڕاستەی پرسیارەکەش بوایە، کۆتایی پێ دەهات، بەڵام هەر پێغەمبەر خۆیشی لە فەرموودەیەکیدا کە بە چەندین شێوە دەگێڕدرێتەوە و زۆربەی سەرچاوەکانی زانستی کەلام ئاماژەی پێ دەکەن و لە سەرەتای نووسینەکانیاندا وەک پاڵپشت بۆ خۆیان و توانج لە نەیارانیان دەیهێننەوە، پێشبینیی ئەوەی کردووە کە موسڵمانان لەدوای ئەو دەبن بە زیاتر لە حەفتاوئەوەندە پێڕ و فیرقە و ناکۆکیی ئایینی دەکەوێتە نێوانیانەوە و بەو شێوەیە بە یەکگرتوویی و بە بێدەنگی نامێننەوە.

بەم شێوەیە دەتوانین بڵێن کێشە و پرسە کەلامییەکان لەگەڵ هاتنی ئیسلام خۆیدا بۆ موسڵمانەکان دروست دەبێت و قورئان خۆی هەروەها بیروباوەڕە تازە و هەندێ جار نامۆکانی ئیسلام بە خەڵکی نیوەدوورگەی عەرەبیی خۆیان، دروستکەری ئەو ژینگەیە و بەشداریش بوون لەو مشتومڕە کەلامییانەدا، بەڵام لەگەڵ مردنی پێغەمبەر و دابڕانی ئەوان لە وەحیی ئاسمان، ئیدی سروشتی گوێڕایەڵیی و قەناعەتکردنی موسڵمانەکان لەناو خۆدا بە یەکدی و لە مشتومڕە کەلامییەکانیاندا لەگەڵ یەکدی و لەگەڵ خاوەن ئایین و بیروباوەڕەکانی دیکە، گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەردا هات.

مەرگی (موحەمەد) بۆ موسڵمانەکان، تەنها مەرگی سەرکردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکو مەرگی، پەیوەندیی بەردەوامی ئەوان بوو لەگەڵ خودا و ئاسمان، بە مەرگی ئەو ئیدی وەحی کۆتایی هات و کەسێک نەما کە لە ڕووی ئایینییەوە قسەی ئەو، دوا قسە و ڕاستترین قسە بێت، هەر بۆیە موسڵمانەکان ناچار بوون بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و پرسیار و ململانێکانی خۆیان ڕێگە و ڕێباز و بیرکردنەوەی جیا پەیڕەو بکەن، هەروەها لەگەڵ مردنی ئەودا، ئەوان لەوە تێگەیشتن چەندین پرس و کێشە هەیە کە بە وەڵامنەدراوەیی و بە ئاڵۆزی و بە هەڵپەسێردراوی بەجێهێڵراون و ئەوان کاتی خۆی لەبەر بوونی ئەو و لەبەر سەرقاڵیی خۆیان بە جیهاد و بە گوێڕایەڵیی ئەوەوە نەیانپەرژاوەتە سەری، ئەمە جگە لەوەی کێشەی تازە دێنە ئاراوە و دروست دەبن و ئەمان دەبێت خۆیان چارەسەری بکەن و بیری لێ بکەنەوە، تا ئێرە پەیوەندیی بە ناوخۆیانەوە هەیە، کە دیارترین و ترسناکترین کێشەی ناوخۆی ئەوان بە شەڕی خوێناویی نەبڕاوە کۆتایی هات. مەسەلەی جێنشینایەتیی ئەو بوو. کێ دەچێتە شوێنی ئەو؟ ئایا ئەو کەسەی دەچێتە شوێن ئەو، لەڕاستیدا دەبێت کێ بێت و چۆن بێت؟ ئایا بۆ و چۆن ئەو کەسێکی بۆ دەستنیشان نەکردن؟ ئەگەر کردی کێیە، ئەگەر نەیکرد بۆ؟ ئایا ئەوەی دەچێتە جێگەی ئەو وەک ئەوە، یان دەبێت وەک ئەو بێت؟ ئایا ئەو کەسە جێنشینی (رسول اللە) دەبێت، یان جێنشینی (موحەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا)، واتە جێنشینی سەرکردە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەیان دەبێت، یان جێنشینی پێغەمبەر و سەرکردە ئایینییەکەیان؟ ئەگەر کەسێک جێنشینی پێغەمبەر بێت، دەبێت ئەو کەسەش وەک ئەو بێت، لانیکەم دەبێت خوا، یان پێغەمبەر خۆی دەستنیشانی بکات و بتوانێت وەک ئەو ڕاستترین بڕیاری ئایینییان بۆ بدات، ئەگەرنا چۆن دەبێت؟ ئایا ئەوان دەبێت ئەوەی کە بۆ پێغەمبەریان دەکرد (گوێڕایەڵیی تەواو و جیهاد لەژێر ئاڵاکەیدا و پێدانی زەکات)، دەبێت هەمان شتیش بۆ ئەو کەسە بکەن، یان لە ڕووی ئایینییەوە ئەمە فەرزێکی ئایینی نییە لەسەر ئەوان و دوای مەرگی پێغەمبەر، ئیدی ئەمە دنیا و سیاسەتە؟ ئایا ئەو کەسە دەبێت هەر تەنها یەک کەس بێت، یاخود دەشێت لە یەک کاتدا چەند کەسێک هەبن و هەر یەکەیان جێنشینی کۆمەڵێک لە موسڵمانەکان بێت، ئایا ئەو کەسە کە دەبێتە جێنشین چۆن دیاری دەکرێت، بە دەنگدان و زۆرینە، بە دەستنیشانکردن، یاخود بە زۆر خۆی دەسەپێنێ، یاخود هەر دەبێت خودا و پێغەمبەر ئەو کەسەیان دیاری کردبێت، یان چۆن؟

بەم شێوەیە دەبینین مەرگی پێغەمبەر خۆی کێشەیەکی کەلامیی زۆر ئاڵۆز و فرەڕەهەندی ناوخۆیی بۆ موسڵمانەکان دروست دەکات کە بە کێشەی ئیمامەت مەشهوورە و بە شەڕ و خوێنڕێژیی ناوخۆ کۆتایی دێت و دەتوانین بڵێین کە هەموو کێشە کەلامییەکانی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئەوەی لە مێژووی ئیسلامدا بە جەنگی پاشگەزبووەکان بەناوبانگە، یەکەم دەرکەوتەکانی ئەم کێشە کەلامییەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و سروشت و هۆکار و کێشەکانی ئەم جەنگە و ڕووداوەکانی، مشتومڕی نێوان لایەنەکان و هۆکارەکانی، پێوستی بە لەسەرڕاوەستانی زۆر زیاتر هەیە لەوەی کە لە مێژووی ئیسلامیدا تا ئێستاکە کراوە.

لە پەیوەندیدا بە موسڵمانەکان و ئایینەکانی دیکەوە، گفتوگۆ و مشتومڕی نێوانیان، لەدوای مەرگی پێغەمبەر سروشتێکی دیکە وەردەگرێت، ئێستا وەک جاران نییە، ئەوان ئایینیان هەیە، ئەمانیش بە هەمان شێوە، ئەوان پێغەمبەریان هەبوو، ئەمانیش بە هەمان شێوە، بگرە لەبەر دێرینییان ئەوان تۆکمەتر و حازرتر و بەئەزموونتر بوون لە موسڵمانەکان، کێشەکانی نێوانیشیان ئیدی بە قورئان و بە فەرموودە یەکلایی نابێتەوە، چونکە ئەوانیش خاوەنی کتێبی پیرۆز و فەرموودەی خۆیانن، بۆیە دەبێت پەنا بۆ بەڵگە و سەرچاوەیەکی سەلماندنی دیکە بەرن، جگە لە ئایەت و فەرموودەکانی خوا و پێغەمبەر.

هۆکاری سیاسی (بەهێزیی خەلافەتی ئیسلامی و جیهادخوازیی ئەم هێزە و یان موسڵمان بوون، یان سەرانە وەک پرنسیپێک)، گرنگترین هۆکاری ئەوە بوو کە پەنابردنە بەر سەلماندنی عەقڵی، بە شێوە فەلسەفی و تۆکمەکەی لە مێژووی ئیسلامدا تا ئەندازەیەک دوا بکەوێت و موسڵمانەکان تەنها بە میتۆدی لێکۆڵینەوەی فیقهی و قیاسی فیقهی وەک باسمان کرد لەم بوارەشدا قسەوباس و لێکۆڵینەوە بکەن، ئەوان زیاتر بۆ ناوخۆ (لەنێوان خۆیاندا) پێویستیان بەم مشتومڕە دەبوو، یاخود پەنایان بۆ دەبرد، ئەگینا لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، پرنسیپی، یان موسڵمان بوون، یان سەرانە پەیڕەو دەکرا و زۆر بە کەمییش پەنا دەبرایە بەر هەندێ لەو بەڵگە و ئایەتانەی کە جۆرێک لە سەلماندنی عەقڵییان تێدایە و لە قورئاندا بۆ مشتومڕ لەگەڵ کافرەکان و خاوەن ئایینەکانی ئەو سەردەمە هاتووەتە خوارەوە.

بەم شێوەیە ئەو ژینگە کولتووری و ئایینییەی کە باڵادەستە بەسەر سەرهەڵدانی زانستی کەلامدا، قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر لە لایەک و مەرگی پێغەمبەرە وەک ڕووداوێکی کولتووریی مەزن کە گەورەترین دەرکەوتە سیاسی و ئایینییەکانی کێشەی ئیمامەت و شەڕی پاشگەزبووەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی یەکدی و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و پرسی سیاسی و ئایینیی نوێیە و موسڵمانەکان لەم قۆناغەدا ئەوەندەی مشتومڕ و کێشە و گرفتەکانیان و موجادەلەکانیان ناوخۆییە ئەوەندە دەرەکی نییە، هەر بۆیە گەورەترین سەرچاوەی سەلماندنیش لە لایان، ئەو میراتە ئایینییە و ئەزموونی کولتووری و ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو ژینگە تایبەتەی خۆیانە.

بەم شێوەیە دەتوانین وەک گرنگترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی زانستی کەلام، هۆکاری دەرەکی و هۆکاری ناوەکی دەستنیشان بکەین. سەرەکیترین هۆکارە ناوەکییەکان بریتین لە:

هاتنی ئایینی ئیسلام خۆی، وەک دیاردە و کێشەیەکی کەلامی و ورووژاندنی زەمینەی کێشە و پرسەکان لەبارەی یەکتاپەرستی و دواڕۆژ و پێغەمبەرایەتی و زیندووبوونەوە و زۆر بابەت و پرسی دیکەی پەیوەست بە بیروباوەڕ و ئایینەوە.

مەرگی پێغەمبەر و هەموو ئەو کێشە و پرسە ناوخۆییانەی کە دروستی کرد، لەسەرووی هەمووشیانەوە کێشەی ئیمامەت و جێنشینایەتیی ئەو.

کێشەکانی دوای کوژرانی عوسمانی کوڕی عەفان و کێشەی هەڵگەڕانەوە و شۆڕش لە دژی خەلیفە و هەروەها کێشەی ناوگژیوانی لەنێوان عەلی و مەعاوییەدا.

کێشەی خراپەکاریی خەلیفە ئەمەوییەکان و ستەمەکانی ئەوان لە خەڵک و مەسەلەی پەیوەندیی بیروباوەڕ بە کردەوەوە و پاشان کێشەی قەزاوقەدەر.

کێشەی سیفەتەکانی خوا و مەسەلەی خەلقی قورئان کە ئەگەرچی ئەم کێشەیە درەنگتر سەرهەڵدەدات، بەڵام کێشەیەکی ئیسلامیی ڕەسەنە.

بە شێوەیەکی بنەڕەتی، هۆکارە دەرەکییەکانیش لە دوو چەشنی سەرەکین:

ئاشنابوونی موسڵمانەکان بە فەلسەفەی یۆنانی و وەرگێڕانی کتێبە فەلسەفییەکان بۆ سەر زمانی عەرەبی.

ئاشنابوونی موسڵمانان بە ڕۆحانییەت و ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکان و سۆفیزمی ئێرانی و هیندی و کاریگەربوونیان بە کولتووری دەوڵەمەندی سۆفیزم و گنوسییەت، کە بەیەکگەیشتنی ئەم سێ ترادسیۆنە، ترادسیۆنی ئیسلامی و ترادسیۆنی فەلسەفی و ترادسیۆنی سۆفی، ئەو گەڕانەوە گەورەیە بۆ حەقیقەتی نەمر و حیکمەتی نەمر دروست دەکات و دواجار دیاردەی فەلسەفی و ئایینی و عیرفانیی مەزنی وەک سوهرەوەردی و مەلا صەدرا و قوتابخانەی سیۆسۆفیی ترنسندنتاڵی لێ دەکەوێتەوە، کە بە بانگەشەکردن بۆ یەکێتیبوون و یەکێتیی عەقڵ و یەکێتیی باڵای ئایینەکان کۆتایی دێت و ترادسیۆناڵیستە گەورەکانی وەک ڕنیە گیونین و فریتۆف شۆن و سید حسین نصر، نموونەی بەرز و دیاری ئەم ڕەوت و قوتابخانە مەزنەی حیکمەتن لە دنیای هاوچەرخدا و باس لە مەزنی و زیندوویی ئەو چرکەساتە مێژووییەی بەیەکگەشتنی عەقڵ و دڵ و ئیمان دەکەن.

بێگومان ئێمە لە قسەکردندا لە کەلام، پاش ئاشنابوون بە فەلسەفەی یۆنانی، پاش کاریگەربوون بە سۆفیزم و گنوسییەت، هەروەها لە قسەکردنماندا لە ئایندەی زانستی کەلام، جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتە، ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە تەنها ئاماژەدانە بە گرنگترین ئەو هۆکارە دەرەکی و ناوەکییانەی کە کاریگەرییان هەبووە لە سەر هزری ئیسلامی بە شێوەیەکی گشتیی و زانستی کەلام بەتایبەت.

تەنها شتێک کە پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە کە لەڕاستیدا پسپۆڕیی ئەم دابەشکردن و جیاکارییانە دەخوازێت، ئەگینا لانیکەم لە مێژووی ئیسلامیدا بوارە زانستییەکان و بوارە فەلسەفی و کەلامییەکان، فەلسەفە و فیقە و سۆفیزم، ڕەخنە و ئەدەب و تەفسیر و زانستی فەرموودە، زمانناسی و هەموو کایەکانی دیکە، بە شێوەیەک پێکەوە گرێ دراون کە ئەم جیاکارییانە تەنها بۆ ئاسانکاری و هەندێ جار سادەکردنەوەیە و لەڕاستیدا تەنها جیاکارییەکی ئیعتبارییە و هیچی دی، هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر جار لە لێکۆڵینەوەکانماندا لە کەسایەتی و قوتابخانە و ڕەوتە ئایینی و فەلسەفییەکانی نێو مێژووی ئیسلام، ناچار دەبین کە ئەو دەوڵەمەندی و یەکێتییە بە گرنگ وەربگرین بۆ ئەوەی کە تووشی هەڵەی میتۆدی نەبین لە کاتی لێکۆڵینەوەکانماندا.

لە پەیوەندیدا بە بابەتێکەوە کە دەکەوێتە چوارچێوەی سۆسیۆلۆژیای کەلام، یان مەعریفەی ئایینی بە شێوەیەکی گشتی، دووپاتکردنەوە و بەرچاوخستنی ئەو ڕاستییە زۆر گرنگە کە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگەی ئیسلامیی ئەو سەردەمە دەتوانێت چیمان پێ بڵێت لەبارەی هۆکارە سۆسیۆکولتووری و سۆسیۆئایینییەکانی ئەو دابەشبوون و جیاوازییە کەلامی و مەعریفییانەوە، دوای مەرگی پێغەمبەر موسڵمانان بەسەر خۆیاندا دابەش دەبن، سەرەتا ناکۆکیی نێوان ئەنسار و موهاجیرەکان لەسەر جێنشینایەتی، کە ئەمە دەبێتە هۆی پووکانەوەی ئەم توێژ، یاخود ئەم چینە ئایینییە، لە سەرەتای ئیسلامدا، دوای کۆچکردن بۆ مەدینە، قەوارەی کۆمەڵایەتیی ئیسلام و موسڵمانان پێک هاتووە لە ئەنسار و موهاجیرەکان. لەدوای مەرگی پێغەمبەرەوە ئەم توێژە ئایینییە ئەنسار، بە هەموو بەها و مانا و واتا کولتووری و ئایینییەکانییەوە، دەپووکێتەوە. ڕاستە بەرەتای هەڵوەشاندنەوەی ئەم هاوبەندی و ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەر خۆی، ئەو کاتەی کە سیستمی میراتی و ئیساری ئایینی هەڵدەوەشێتەوە و جارێکی دی سیستمی میراتیی خوێن و خزمایەتی جێگەی دەگرێتەوە. ادْعُوهُمْ ڵابَائِهِمْ هُۆ أَقْسَگُ عِنْدَ اللَّهِ (4:33) ئەمە سەرەتای پاشگەزبوونەوەیەکی سۆسیۆلۆژیی مانادارە لە بەهایەک و هاوبەندییەک و جۆرێک لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، کە تەواو لە دۆخێکی ئاوارتە دەچێت و دوای ئەوەی کە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی دەپێکێت، ئیدی کۆتایی پێ دێت، ئەو توێژە سۆسیۆسیاسییە هەرەگرنگەی دەبێتە پشتیوان و پارێزەر و داڵدەی ئیسلام دەدات، لەو ڕۆژەوە ئیدی پووکانەوە و پەرواوێزخستن و ئاماژە پڕ مەترسییەکانی هەڵوەشاندنەوەی دەست پێدەکات، سەقیفەی بەنی ساعیدە، شاهیدی هەوڵێکە بۆ ژیاندنەوەی بەهای سۆسیۆسیاسیی و سۆسیۆئایینیی ئەم پێکهێنەرە سەرەکییە، بەڵام دوای ئەوەی پووچەڵکردنەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکانی لە ئاسمانەوە مۆرکراوە، ئیدی زەمینە خۆشبووە بۆ ئەوەی کە وەک پێکهێنەرێکی سەرەکیی ئەم دۆخە سۆسیۆسیاسییە نوێیە سەیر نەکرێت و پەیمانشکێنیی لەگەڵدا بکرێت. لەنێوان پێغەمبەر و ئەنسارەکاندا پەیمانێک هەبوو، ئەمان وەک شەرەف و نامووس و وەک کەرامەتی خۆیان ئەوان (موهاجیرەکان بە پێغەمبەر خۆشییەوە) بپارێزن، لە بەرامبەر ئەمەشدا، ئەو بەڵێنی ئەوەی دابوونێ کە و لکم الأمر من بعدی، دەبوایە دوای مەرگی پێغەمبەر پێکهاتە و توێژی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوای ئیسلام، ئەنسارەکان بوونایە. ئەوان مانای سیاسی و باڵادەستی و فەرمانڕەوایەتییان بۆ ئیسلام مسۆگەر کرد. ئەوان بوونە مایەی ئەوەی کە ئیسلام بانگەوازێکی بەردەوام بێت و خامۆش نەبێت. ئەوان ئیسلامیان لە ئامێز گرت، دەبوایە هەر لە ئامێزی ئەواندا -وەک یار و یاوەرانی ڕاستەقینەی ئیسلام- بمایەتەوە، بەڵام ئەم توێژە پەراوێز خران و لەگەڵ خۆشیاندا ئیدی ئەو بەها ئایینی و ئایدیۆلۆژییە باڵایەش -برایەتیی ئایینی و هارمۆنیی ئایینی- پەراوێز خرا و کۆتایی پێ هات.

پاشان کارەکە تەنها لەوێدا نەوەستا؛ پاشگەزبوونەوە و گەڕانەوە بۆ بەهاکانی خوێن و خێڵ و گەڕانەوە بۆ دەمارگیریی خێڵەکی وردەوردە چەکەرەی کردەوە و دوو بنەماڵەی بندەست لە بنەماڵە پێکهێنەرەکانی قورەیش، یانی تەمیم و بەنی حەفص (ئەبووبەکر و عومەر) لەو دۆخە کۆمەڵایەتییە ئایینییە نوێیەی کە ئایینە نوێکە هێنابوویە ئاراوە سوودمەند بوون و توانیان هەردوو پێکهێنەرە سەرەکییەکەی دی (بەنی هاشم و بەنی ئومەییە) ناچار بکەن بەوەی کە بە فەرمانڕەوایەتیی ئەمان قایل ببن لە کاتێکدا کە بەنی هاشم، بەتایبەت جوانخاسێکی وەک عەلی کوڕی ئەبوتالیب، لەو میرات و ئەزموونە نوێیەدا وەک ئەوان و بگرە زیاتر بەشدار بوو، پاشان لەگەڵ خەلیفەی سێیەمدا ئیدی ململانێکە دەکەوێتەوە نێو دوو بنەماڵە سەرەکییەکەی قورەیش، بەنی ئومەییە و بەنی هاشم، بەنی هاشم بە ڕێبەرایەتیی عەلی و بە باکگراوندی ئایینیی قووڵەوە کە ڕیشەکانی بۆ بەر لە ئیسلام دەگەڕێتەوە -ئەمانە لە سەردەمی بەر لە ئیسلامیشدا پێشوازانی حاجییان و خزمەتکارانی ماڵی خودا بوون- لەگەڵ بەنی ئومەییە کە باکگراوندی دەسەڵات و ڕێبەرایەتیی سیاسی و دنیاییان بۆ بەر لە ئیسلام دەگەڕێتەوە و دوژمنایەتیی سەرسەختانەیان بۆ پەیامەکەی موحەمەدیش لە ترسیانەوە لە پێگەی خۆیان بوو، گەڕانەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی یەکجارەکی بۆ ئەم بنەماڵەیە -کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەلافەتی عوسمانی کوڕی عەففان- لەڕاستیدا باس لە زاڵبوونی یەکجارەکیی بەها خێڵەکییەکان و گەڕانەوە بۆ دەمارگیریی خێڵەکی دەکات. ئیبن خەلدوون یەکەمین کۆمەڵناسە کە بە ڕاشکاویی ئاماژە بەم پاشگەزبوونەوە و گەڕانەوەیە دەکات و ئەوەی کە لە مێژووی ئیسلامدا بە (عام الجماعە) ناوزەد دەکرێت، لەڕاستیدا گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئیسلامییە بۆ سەر مۆدێلی خێڵەکی بە شێوەیەکی یەکجاری و کۆتاییهێنانە بە کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو دۆخە ئاوارتەیەی کە ئایینی ئیسلام لەسەر ئاستی سۆسیۆسیاسی دروستی دەکات و زۆر ناخایەنێت کە کۆتایی پێ دێت.

بە پشتبەستن بەوەی کە پێشتر ئاماژەمان پێ دا لەبارەی سەرهەڵدان و ژینگەی ئایینی و کولتوورییەوە، هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی کەلام بە فیقە و بە فەلسەفە و بە سۆفیزمەوە، دەتوانین ڕاستە هێڵێک دروست بکەین و لەسەر ئەو ڕاستە هێڵە گرنگترین قۆناغەکانی گەشەکردنی ئەم زانستە و شاڕێگەکانی وێنا بکەین. ڕەوتی ئەم زانستە لە (فیقە)وە دەست پێدەکات و بە حیکمەتی موتەعالییە (یەکگرتن لەگەڵ عەقڵ و دڵ) لەگەڵ فەلسەفە و عیرفان کۆتایی دێت.

سەرەتا باڵادەستیی میتۆدی (فیقە)ی، لەگەڵ گەشەسەندنی زۆری ئەم زانستەشدا هەر بەردەوامیی دەبێت تا ئەو کاتەی کە بە هۆی بزووتنەوەی وەرگێڕان و ئاشنابوون بە فەلسەفەی یۆنانی و لۆژیکی ئەرستۆیی، گۆڕانی ڕیشەیی بەسەر میتۆدی لێکۆڵینەوە کەلامییەکاندا دێت و کەلام لە فەلسەفە نزیک دەبێتەوە و لە (فیقە) دوور دەکەوێتەوە. بێگومان موعتەزیلەکان (کە زۆر لە توێژەران بە دامەزرێنەر و خاوەنی ئەم زانستەیان دەزانن) ڕۆڵی بنەڕەتی دەبینن لە ڕێخۆشکردندا بۆ ئەم گۆڕانە ڕیشەییە، ئەمەش بە جەختکردنە سەر ئەوەی کە عەقڵ دەبێت ڕۆلێ بنەڕەتی ببینێت لە یەکلاکردنەوەی کێشە کەلامییەکاندا و لەم ڕووەوە عەقڵ لەپێش شەرع و نەقڵەوەیە، لەبەر ئەوەی کە باوەڕهێنان بە خودی شەرع خۆی و بە ئایین و بە خودا و بە کتێبەکانی پێویستی بە عەقڵە و مرۆڤ، ناتوانێت بەرلەوەی کە بە عەقڵ کێشەکانی باوەڕ یەکلا بکاتەوە ملکەچی دەقەکانی ئایین و فەرموودەکانی خودا و پێغەمبەران ببێت.

لە قۆناغێکی دیکە و هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەی دیکەدا، پاش ئەوەی کە سۆفیزم وەک ڕەوتێکی تیۆری و میتۆدێکی شرۆڤەکردن لە سیۆلۆژیادا، پێگەی خۆی لەنێو کولتووری ئیسلامیدا دادەکوتێ و کاریگەریی قووڵی خۆی لەسەر گەورە فەیلەسووفانی ئیسلام دادەنێت و عارف و حەکیمی مەزن دەبەخشێتە ئەم زەمینە کولتوورییە. وەک هەموو کایەکانی دیکە، لە کایەی زانستی کەلامیشدا، کاریگەریی گەورەی خۆی دەبێت و ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە ڕیفۆرمکردنی ئەو پەیوەندییەدا کە لەنێوان کەلام و فەلسەفەدا هەیە. سۆفیزم ڕەخنەی ڕیشەیی خۆی لە لۆژیکی ئەرستۆیی هەیە و لە بەرامبەر ئەو پێداگرتنە سەرسەختانەی ئەم لۆژیکە لەسەر عەقڵ، ئەو پێ لەسەر ئەزموونی ڕۆحی و دڵ دادەگرێت وەک ڕێگەیەک بۆ ئاشنابوون و تێگەیشتن لە پرس و لە کێشە ئاڵۆزەکانی باوەڕی ئایینی، کاریگەریی سۆفیزم لەسەر ئەم زەمینە کولتوورییە لەو یەکێتییە قووڵ و باڵایەدا بە دوا ئامانجی خۆی دەگات کە باسمان کرد، لە ئاشتکردنەوەی عەقڵ و عیشق و ئیماندا بە یەک دەگات و حەکیمی پایەبەرزی وەک سوهرەوەردی و مەلا صەدرا دەبەخشێتە ئەو زەمینە کەلامییە کە هەم کەلامزان و هەم فەیلەسووف و هەم عارف و خواناسی مەزنن.

بەم شێوەیە دەتوانین ڕەوتی کەلام کە لەڕاستیدا، گەشتی ڕاستەقینەی ئیمانی ئایینیی خۆیەتی وەک گەشتێک وێنا بکەین لە زمانەوە، لە فیقهەوە، لە کردەوەکانەوە، بۆ عەقڵ و بیرکردنەوە و گومان و تێڕامان و لەوێشەوە بۆ دڵ، بۆ تێڕامانی قووڵ لە حەقیقەتی ئیمان و حەقیقەتی دڵنیایی، وەک چەمکێک کە دوا ئامانجی کەلام و فەلسەفەشە. ئیمامی غەزالی خۆی جوانترین بەرجەستەکەر و نموونەی باڵای ئەم ڕەوت و گەشتەیە و دەشێت وەک بەرامبەرێکی بابەتی، وەک بەرجەستەبوونی خودی ئەو کولتوورە سەیری بکەین. بە هەموو کێشە و نیگەرانییە ناوخۆییەکان و گفتوگۆ و خۆڕاگرییەکییەوە لە بەردەم شاڵاوی گومان و هەمەڕەنگی و دەوڵەمەندیی ئەو سەرچاوە دەرەکییانەدا.

ئەگەرچی وەک زۆر لە بوارەکان و زانستەکانی دی، سەرهەڵدانی کەلامیش شوێنی مشتومڕ و بیروڕای جیاوازە، بەڵام من لەو باوەڕەدام کە ئەم قۆناغە درێژ دەبێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەر خۆی و دەشێت خودی ئەو فەرموودەیەی کە باس لە پەرتەوازەبوونی ئومەتەکەی دەکات، بکەین بە بەڵگە بۆ ئەم بۆچوونە. ئێمە چەندین نموونەی مشتومڕ و گفتوگۆمان لە بەردەستدایە، دەربارەی کێشە و باس و بابەتەکانی ئیمان و باوەڕی ئایینی و هەوڵدان بۆ سەلماندن و بەرگریلێکردنیان، چ لە قورئان و چ لە فەرموودەکانی پێغەمبەردا، چ لەسەر ئاستی گفتوگۆی ناوخۆیی -لەنێو موسڵمانەکان خۆیاندا- و چ لەسەر ئاستی گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانی دی، باوەڕهێنانی هیچ کەسێک بە موحەمەد و پەیامە تازەکەی ناشێت کە بە بیرکردنەوە و تێڕامان و هەڵوێستەکردن و گفتوگۆ و مشتومڕدا تێنەپەڕیبێت و وازهێنان لە بیروباوەڕ و خوو و نەریتێکی ڕەگوڕیشەدار کارێکی خاڵی لە بیرکردنەوە و هەڵوێستەکردن نییە.

بە دەلیلی ئەوەی کە پێغەمبەر خۆی بانگەشەی ئەوەی نەکردووە کە ئایندە دەزانێت و بگرە خودا خۆی فەرمانی ئەوەی پێ دەدات کە بڵێت من لە داهاتوو بێئاگام و غەیبزان نیم، ئەو فەرموودەیەی کە دەربارەی دروستبوونی دەستەوتاقمە ئایینییەکانە، ئەو پێشبینییەی کە ئەو دەیکات بۆ هاوەڵەکانی و بۆ ئوممەتەکەی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو بە چاکی هەستی بەوە کردووە کە ناکۆکییەک لەبارەی بیروباوەڕەوە لە دڵی هاوەڵانیدا هەیە و بە زوویی دێتە دەرەوە و دەبێتە مایەی پەرتەوازەبوون و جیاوازیی بیروڕا و بۆچوونی ئایینییان.

دەشێت لە کۆمەڵێک هۆکاری زۆر ڕیشەییەوە لە سەرهەڵدانی خێرای جیاوازی و ناکۆکییەکان بڕوانین، بەتایبەت لە بوارێکی ئاڵۆزی وەک بواری زانستی کەلامدا، ناکۆکی و جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکاندا بۆ ئالۆزیی بابەتەکە و بوارەکە خۆی، بۆ جیاوازیی مرۆڤەکان خۆیان لە توانای بیرکردنەوە و لە خواست و ئارەزوو و لە ئاڕاستە و سروشتیاندا، دەگەڕێتەوە. بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەندێ کەس چاولێگەر و بێتەماح و بێسەرەڕۆی مەعریفین و هەندێکی دی بە پێچەوانەوە، هەندێک حەزیان لە لاساییکردنەوە و بێدەنگی و چاولێگەری و شوێنکەوتنە. هەندێکی دی حەزیان لە سەرکردایەتی و پێشەوایەتی و داهێنان و ڕەچەشکێنی و قسەکردن و لێکۆڵینەوە و ڕەخنەگرتنە.

گومان لەوەدا نییە کە بەو پێیەی سەرچاوەکان باسی دەکەن ناکۆکییە عەمەلییەکان (فیقە)ییەکان و ناکۆکییە سیاسییەکان، بەر لە ناکۆکییە کەلامییەکان (بە مانا زاراوەیی و تایبەتەکەی) سەریان هەڵداوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئەو جیاکارییە لەنێوان ئەم بوارانەدا هێندە سانا و ساکاریش نییە و هەموو جیاوازییەکی سیاسی و عەمەلی دەشێت هەڵقوڵاوی جیاوازییەکی هزری و تیۆری، یان ڕێخۆشکەر بێت بۆی.

ناکۆکیی موسڵمانەکان لەدوای مەرگی پێغەمبەر لەسەر جێنشینایەتیی ئەو، یەکەم ناکۆکیی دیار و ئاشکرایە کە ڕوو دەدات، جەنگی (پاشگەزبووەکان) یەکەم جەنگی خوێناویی ناوخۆیە و یەکەم کاری یەکەم خەلیفەی موسڵمانان، ئەگەر بە شێوەیەکی زۆر تایبەتتر بە زانستی کەلامەوە قسە بکەین یەکەم کێشە و ناکۆکیی کەلامیی ئاشکرا لەنێوان موسڵماناندا لەدوای مەرگی پێغەمبەر، ناکۆکییە لەسەر هاوەڵانی عەلی و نەیارانی لە شەڕی جەمەل و شەڕی (صفین)دا، ناکۆکی لەسەر ئەوەی کە ئەم دوو گرووپە کە خوێنی یەکتریان ڕشتووە، کامیان کافرن و کامیان موسڵمان، ناکرێت هەردووکیان کافر بن، یاخود ئەوەتا یەکێکیان کافرە (چونکە گوناهی گەورەی کردووە و موسڵمانی کوشتووە بە ناحەق)، یان هەردووکیان موسڵمانن و گوناهی گەورە (با کوشتنی موسڵمان و خوێنڕشتنیش بێت) کوفر نییە، کەواتە هیچ گوناهێک کوفر نییە، ئیمان و کوفر پەیوەندیی بە کردەوەوە نییە.

پاش ئەوە لە سەردەمی خەلافەتی هیشامی کوڕی عەبدولمەلیکدا (106ک) کێشە دروست بوو لەسەر مەسەلەی قەزاوقەدەر کە کێشەیەکی کەلامیی زەق و ئاشکرایە و ئەمەوییەکان و دەربارەکانیان باوەڕیان وابوو کە هەرچی خوا نەیکات ناکرێت، (معبد الجهنی) و (غیلان الدیمشقی) و (جعدی کوڕی درهم)، کە بە یەکەم قەدەرییەکان ناویان دەرکردووە، پێچەوانەی ئەوان بەرپرسیارییەتیی مرۆڤیان ڕاگەیاند و باسی ئەوەیان دەکرد کە ئەوەی مرۆڤ دەیکات، خۆی دەیکات نەک خوا. ئەمانە بە یەکەم نەوەی موعتەزیلەکانیش دەژمێردرێن و لەدوای ئەم کێشەیەوە ئیدی ئەوان (جەبری) و ئەمان (قەدەری) و ئەم دوو ناونیشانە دێتە نێو کولتوور و مێژووی ئیسلامییەوە کە دوو ناونیشانی تەواو کەلامین ئەگەرچی کێشەکە خۆی لە بنەڕەتدا ڕەگوڕیشەی سیاسیی هەیە. هەر لە هەمان سەردەمدا (110ک) کێشەیەکی دی، کێشە کۆنەکە (بکەری گوناهی گەورە کافرە، یان موسڵمان)، لە زەمینەیەکی فیقهیی فیکریدا (کۆڕی وانەوتنەوەی حەسەنی بەصری (110ک مردووە)، دەورووژێنرێتەوە و (واصیلی کوڕی عەتا (131ک مردووە) و عەمری کوڕی عوبەید (142ک مردووە)، بە هۆی بیروڕای جیاوازیانەوە کۆڕەکە بەجێ دەهێڵن و بەو هۆیەوە ناویان لێ دەنرێت (موعتەزیلە) و ئەم گرووپە کەلامییە زۆر سەرەکییە ئیدی دروست دەبێت و دەبنە خاوەنی کۆڕی جیا و ڕای کەلامیی جیاوازی خۆیان. هەتا ئەو کاتەی کە مشتومڕ و جیاوازییەکان تەنها مشتومڕی ناوخۆیی موسڵمانەکانە لەگەڵ یەکدی، سەلماندنی بیروڕاکان بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە بەڵگەی نەقلی دەبەستێت، بەڵام بە هۆی بەرکەوتنی موسڵمانەکانەوە لەگەڵ خاوەن ئایین و بیروباوەڕەکانی دیکە و بەشداریکردنی ئەوانیش لە کێشە و پرسە کەلامییەکاندا، ئیدی سەلماندنی عەقڵی دەبێتە پێویستییەک و ئەمەش دەروازەیەکی دیکە لە ئەم زانستە و لە مشتومڕە کەلامییەکان دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەتایبەت موعتەزیلەکان بەر لە هەموو گرووپە کەلامییەکانی دیکە بگەن بە ئەو ڕاستییەی کە لە پرس و کێشەکانی بیروباوەڕدا، دەبێت پەنا ببرێتە بەر سەلماندنی عەقڵی، لەبەر ئەوەی کە بۆ کەسێک خاوەنی بیروباوەڕێکی دیکەیە، بەڵگەی نەقڵی سوودی نییە و نابێتە بەڵگە و ئەو کەسەی پێ پابەند ناکرێت.

موعتەزیلەکان وەک ڕەسەنترین گرووپی کەلامی کە خاوەنی عەقڵانییەت و میتۆدی عەقڵیی خۆیانن، ڕێچکەیەکی عەقڵی دادەمەزرێنن کە دواجار ئەم ڕێچکەیە باشترین زەمینەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی کولتوور و ڕۆشنبیریی ئیسلامی، بتوانێت فەلسەفەی یۆنانی پەسەند بکات و لەگەڵ لۆژیکی ئەرستۆدا بەتایبەت هەڵبکات. موعتەزیلەکان، زەمینە خۆش دەکەن و بەشداری دەکەن لە بزووتنەوەی وەرگێڕاندا و زۆرترین سوود دەبینن لەو میراتە فەلسەفییە.

گومان لەوەدا نییە کە عەقڵانییەتی یۆنانی و لۆژیکی ئەرستۆ بە ئاسانی و بەبێ ململانێی سەخت ناتوانێت جێگەی خۆی بکاتەوە، بەڵام پاش ئەوەی کە کەلامزانی گەورەی وەک ئیبن حەزمی ئەندەلوسی، ئەبووبەکری باقلانی (403ک) و ئیمامی غەزالی (505ک) و قوتابییەکانی، قوتابخانەکەی لۆژیکی ئەرستۆییان پەسەند کرد و لە باس و بابەت و نووسینەکانیاندا سوودیان لێ وەرگرت، ئیدی زانستی کەلام هەنگاوێکی لە ڕووی چۆنایەتییەوە نا کە دەشێت بە قۆناغی پاش کاریگەربوون بە فەلسەفەی یۆنانی و لۆژیکی ئەرستۆیی ناوزەدی بکەین.

گرنگترین ئەو گرووپە کەلامیانەی تا ئەم کاتە دروست بووبوون و لە برەودا بوون و ناویان هەبوو بریتی بوون لە:

الشیعە: شیعەکان دەشێت وەک یەکەم گرووپی سیاسی و ئایینی لە مێژووی ئیسلامدا سەیر بکرێن، بەو پێیەی کە شەهرستانی دەیانگێڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەر خۆی. شیعە بریتین لە لایەنگرانی حەزرەتی عەلی کوڕی ئەبوتالب، ئەو هاوەڵان و شوێنکەوتووانەی پێغەمبەر کە ئەویان بە مەزنترین و شایستەترین کەس دەزانی لەدوای پێغەمبەرەوە، بۆ جێنشینایەتیی ئەو، بێگومان لەنێو شیعەدا لە ئەوپەڕی میانڕەوەوە هەیە تا ئەوپەڕی توندڕەو. ئەوانەی تێدایە کە تەنها عەلییان بە باشتر و لە پێشتر و شایستەتر دەزانی و لە هاوەڵەکانی دیکەی پێغەمبەر زیاتر خۆشیان دەویست، ئەوانەشی تێدایە کە عەلییان بە خودا دەزانی و باوەڕیان بەوە هەبوو کە عەلی بەرجەستەبوونی ئەوە لەسەر زەوی. گرووپ و تاقمەکانی شیعە زۆرن و لە سەرچاوە ئیسلامییەکاندا بە درێژی باسیان کراوە. نزیکایەتی و تێکەڵاوییەکی زۆر لەنێوان شیعە و موعتەزیلە و پاشانیش لەنێوان شیعە و گرووپە ئیزۆتریکی و سۆفی و گنوسییەکاندا لە مێژووی ئیسلامدا دروست دەبێت، ئەوەی ئەم سێ ڕەوتە سەرەکییەی مێژووی ئیسلام پێکەوە کۆدەکاتەوە، نزیکایەتیی گەورەپیاوان و پێشەوایانی موعتەزیلەیە لەگەڵ هەندێ لە ئیمامەکان و ڕۆحانییەت و دەروونبەرزیی ئیمامەکانی ئەهلی بەیتە لە لایەکی دی و نەیاریی هەرسێکیانە بۆ دەسەڵاتی ئەمەوی لە لایەکی دیکەوە. بێگومان ئێمە دواجار لە باسی کێشە کەلامییەکاندا، بەتایبەتی لەسەر بیروڕای شیعەکان دەوەستین.

الخوارج: کە نەیارەکانیان ئەم ناوەیان لێ ناون و خۆیان بە خۆیان دەڵێن: (الشراە)، واتە ئەوانەی کە خۆیان بە خودا فرۆشتووە، یان ڕۆحی خۆیان فرۆشتووە بە خودا (موصلح جەلالی کتێبێکی بە زمانی کوردی بە ناوی شوراتەکانەوە نووسیوە کە لەم ناولێنانەی خۆیان سوودی وەرگرتووە و کتێبێکی بەسوودە لە ڕووی خستنەڕووی مێژوو و هەندێ لە بیروڕاکانی ئەم گرووپەوە)، هەروەها یەکێک لە ناوەکانی دیکەی ئەم گرووپە (الوعیدیە)یە، کە مانای هەڕەشە دەگەیەنێت و ئەم ناوە لەوەوە هاتووە کە شوراتەکان، کەسی گوناهکاریان بە کەسێکی کافر و هەتاهەتایە لە دۆزەخدا دەزانی و ئاڵای ئەم هەڕەشەیەیان هەڵگرتبوو بە ڕووی نەیارانی خۆیاندا کە بە بڕوای ئەمان گوناهی گەورەیان کردووە (تەفرەقەنانەوە لەنێو موسڵماناندا و ڕشتنی خوێنی موسڵمانان و خراپەکاریی دیکە). بە بڕوای شەهرستانی ئەم گرووپەش ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەر، دەگەڕێنەوە سەر کابرایەک کە بە پێغەمبەری گوت: دادپەروەر بە و ئەو غەنیمەتە بە دادپەروەرانە دابەش بکە. ئەویش دەڵێت: ئەگەر من دادپەروەر نەبم کێ دادپەروەر بێت! ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: بەو خوایە ئەم دابەشکردنە لەبەر خوا نەبوو!!. ئەم گرووپە بە هۆی یاخیبوونیانەوە لە عەلی، ناو دەنرێن خەوارج و دواجار لەگەڵ نەیارانیان تووشی شەڕی خوێناوی دەبن و عەلیش بە دەستی ئەمان دەکوژرێت و چەندین گرووپی بچووک بچووک و ناکۆکیی ناوخۆ لەنێوانیاندا دروست دەبێت و لەڕاستیدا لێکۆڵینەوە لەبارەیانەوە گرنگیی تایبەتی هەیە بۆ تێگەیشتن لە مێژووی ئیسلام و کێشە سیاسی و ئایینییەکانی نێوخۆی موسڵمانان.

المعتزلە: موعتەزیلەکان گەورەترین و گرنگترین گرووپی عەقڵی و کەلامین لە مێژووی ئیسلامدا و ڕێبەر و پێشەوایانی عەقڵگەرایین لەنێو ئەو کولتوورەدا. (إعتزال) واتە گۆشەگرتن و کەنارگیری و دوورکەوتنەوە و خۆجیاکردنەوە و بەجێهێشتن، زۆر لە سەرچاوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بە هۆی جیابوونەوەی (واصیلی کوڕی عەتا)وە لە کۆڕەکەی حەسەنی بەسری ئەم ناوەیان لێ نراوە و ئەو بە دامەزرێنەری ئەم گرووپە دەزانن، هەندێکی دیکە لە سەرچاوەکان ناوی (قەدەرییەکان) لە موعتەزیلە دەنێن و (معبد الجهنی و جعدی کوڕی درهەم) بە سەرمەشقی ئەوان دەزانن، موعتەزیلەکان و لایەنگرانیان حەسەنی بەسریش بە کەسێکی پێشڕەوی خۆیان دەزانن و باس لە نامەیەکی ئەو دەکەن کە لەبارەی ئازادیی مرۆڤ و قەدەرەوە نووسیویەتی و هاوڕای ئەوان بیری کردووەتەوە، هەندێ لە لێکۆڵەر و ڕۆژهەڵاتناسەکان بۆ ئەوە دەچن کە ناوی (إعتزال) و کەنارگرتن لە کێشە سیاسییەکان، لەوە کۆنترە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە هەندێ لە هاوەڵانی پێغەمبەر لە کێشەی نێوان عەلی و عایشەدا کەناریان گرت و چوونە ماڵەکانی خۆیانەوە و بەشداریی ئەو جەنگە ناوخۆییەیان نەکرد، وەک عەبدوڵڵای کوڕی عومەر و هەندێکی دی لە هاوەڵانی پێغەمبەر کە ئەو کێشەیەیان بە فیتنە دەزانی و خۆیان پاراست لەوەی کە بەشداریی تێدا بکەن.

زۆر لە توێژەرانی مێژووی ئیسلام لە لایەنگران و لە نەیارانی موعتەزیلە ددان بەوەدا دەنێن کە ئەم گرووپە ئەگەرچی بێ هەڵە و کێشە و کەموکوڕی و توندڕەوی نەبوون، بەڵام ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگیان بینیوە لە بڵاوکردنەوەی ئیسلام و بەرگریکردن لێی و لە دەستەبژێری نێو مێژووی ئیسلامن و بەتایبەت زانستی کەلام ئەو زانستەیە کە ئەمان داهێنەر و گەشەپێدەری بوون و لەو ڕێگەیەشەوە هەوڵی دڵسۆزانەیان داوە بۆ بەرگریکردن لە بێگەردیی خودا و لە ئایین و بۆ بڵاوکردنەوەی و پاراستنی لە بەلاڕێداچوونی گەورە.

موعتەزیلەکان (أهل العدل والتوحید)یشیان پێ دەوترێت، کە ئەم ناوە بە لای خۆیانەوە پەسەندتر بووە و ئاماژە بۆ دوو بنەمای کەلامیی گرنگ دەکات لە بیرکردنەوەیاندا کە دادپەروەریی خودا و یەکتاپەرستییە. موعتەزیلەکان بنەما سەرەکییەکانی بیرکردنەوەیان بریتین لە پێنج بنەما، ئەو دووانەی سەرەوە لەگەڵ (الوعد والوعید) (المنزلە بین المنزلتین) (الامر بالمعروف والنهی عن المنکر)، پەیمان و هەڕەشە، مەبەست لەوەیە کە خودا پەیمانەکانی خۆی دەهێنێتە دی و هەڕەشەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و لە پەیمانی خۆی پەشیمان نابێتەوە. پلەی نێوان دوو پلە، مەبەست لێی ئەوەیە کە ئەو کەسەی گوناهی گەورە دەکات، نە کافرە و نە ئیماندار، ئەو کەسە موسڵمانە، فاسقە و لەنێوان ئەو دوو پلەدایە و ئەگەر پاشگەز نەبێتەوە بە سزای خۆی دەگات بەو شێوەیەی کە خوا هەڕەشەی لێ کردووە. فەرمان بە چاکە و بەرگری لە خراپە، مەبەست لێی ئەوەیە کە هەموو موسڵمانێک ئەرکی سەرشانیەتی بە گوێرەی توانا چاکە بڵاو بکاتەوە و ڕێگری لە خراپە بکات و ئەم کارە تەنها کاری خەلیفە و دەستەوتاقمەکەی ئەو نییە، چونکە ئەوانیش دەشێت بکەونە هەڵەوە و دەبێت موسڵمانان چاودێر بن بە سەریانەوە.

الاشعریە: أبوالحسن الاشعری (324ک مردووە) کە قوتابیی أبوعلی الجبائی موعتەزیلە بووە، دامەزرێنەری ئەم گرووپە کەلامییەیە، کە لەپاش موعتەزیلەکانەوە بە هەرە گرنگترین گرووپی کەلامی دەژمێردرێت، لەبەر زۆریی شوێنکەوتووانیان و لەبەر ئەوەی کە دواجار دەبێتە میراتگری بیروباوەڕی بەڕاستزانراو لە مێژووی ئیسلامدا و بیروباوەڕی ئەم گرووپە وەک بیروباوەڕی ستاندارتی موسڵمانان بڵاو دەبێتەوە و پەسەند دەکرێت، ئەگەرچی لەنێو ئەم گرووپەشدا بیرکردنەوەی جیا هەیە، بەڵام یەکێک لە مۆرکە سەرەکییەکانی ئەم گرووپە جۆرێک لە میانڕەوییە: تەنها لە کاتی پێویستدا پەنابردنە بەر عەقڵ و شرۆڤەکردنی دەقە ناڕۆشنەکان.

الماتریدیە: دامەزرێنەری ئەم قوتابخانە کەلامییە أبو منصور الماتریدی (332ک) یەکێک لە زانا گەورەکانی مەزهەبی حەنەفییە و لە ڕێبازە کەلامییەکەیدا شوێنکەوتە و درێژەپێدەری ڕێبازی ئەبووحەنیفەیە. ئەم قوتابخانە کەلامییە قوتابخانەیەکە عەقڵگەراترە لە قوتابخانەی ئەشعەری، ئەگەرچی نزیکایەتیی زۆر لەنێوانیاندا هەیە و بە دووەم قوتابخانەی باوەڕپێکراو و پەسەندکراوی سونییەکان دادەنرێت و گرنگیی خۆی هەیە لە مێژووی کەلامدا. گەورەترین کەلامزانەکانی حەنەفی مەزهەب وەک (سەمەرقەندی و نەسەفی و ئیبن الهمام) و بە شێوەیەکی گشتی، موسڵمانانی حەنەفی مەزهەب سەر بەم قوتابخانەیەن. ئەمە سەرباری کاریگەریی ئەم قوتابخانەیە لەسەر محمد إقبال (1937ز) و محمد عبدە و زۆر لە ڕێبەران و پێشەوایانی سۆفیزم.

سەرباری ئەو دەستەبەندییانەی ئاماژەمان پێ دان، گرنگترین ئەو تێز و گوتەزا کەلامییانەی لەو ژینگەیەدا دروست بووبوون بریتی بوون لە:

الإرجا‌و: ئەم زاراوەیە دوو مانای هەیە، بە مانای دواخستن دێت، کە مەبەست لێی دواخستنی بڕیاردانە لە چارەنووسی ئەو کەسەی کە گوناهی گەورەی کردووە بۆ ڕۆژی دوایی، هەروەها بە مانای ئومێدپێدان و ڕجابەخشینیش دێت، بە مانای ئەوەی کە با ئێمە لە چارەنووسی ئەم کەسەدا بڕیارێکی توند نەدەین، بەڵکو ئەمە خوایە بەر ڕەحمەتی خودا بکەوێت و بەزەیی خوا بیگرێتەوە.

القدر: ئەم چەمکە ماناکەی بریتییە لە بڕیاری پێشوەختی خودا لەبارەی شتێکەوە، یان ئەو ڕێژە و ئەندازەیەی کە خوا بۆ شتێکی داناوە و دیاریی کردووە، بەڵام لەبەر فەرموودەیەکی پێغەمبەر کە لەم بارەیەوە هەیە و گێڕدراوەتەوە کە گوایە فەرموویەتی: قەدەرییەکان مەجووسییەکانی ئوممەتەکەی منن، ئەم زاراوەیە قەدەری بە دوو مانای تەواو دژبەیەک بەکار هاتووە، هەم بەو کەسانەش گوتراوە کە ئینکاری قەدەر دەکەن و ئازادیی ئیرادەی مرۆڤ و بەرپرسیارییەتیی ئەو دەسەلمێنن وەک موعتەزیلەکان، هەم بە ئەو کەسانەش گوتراوە کە جەبرین و دەڵێن هەموو شتێک بە قەدەری خوایە و مرۆڤ پووشی بەر بایە.

الجبر: ئەم زاراوەیە پێچەوانەی زاراوەی قەدەر، یان بە مانای دووەمی بەکار دێت.

التشبیە: شوبهاندن، یان شوبهاندنی خودایە بە مرۆڤ و بە مەخلوقات، وەک ئەوانەی کە ڕایان وایە کە خوا دەست و چاو و قاچی هەیە و لە شێوەی مرۆڤە، یان شوبهاندنی مرۆڤە بە خودا، وەک ئەوانەی کە ڕایان وایە مرۆڤیش وەک خودا توانای خوڵقاندنی هەیە، یان زانینی خوا و زانینی مرۆڤ فەرقی نییە، یان مرۆڤێکیان لە پلەی خوایەتی نزیک کردووەتەوە.

التعگیل: ئەم چەمکە بە مانای لەکارخستنی سیفەتەکانی خودا دێت، لێکردنەوەی سیفەتەکانی، کە بەم مانایە پێچەوانەی چەمکی (تشبیە)ە، توندڕەوی، یان زێدەڕۆییە لە (تنزیە)دا، ئەوانەی کە ڕایان وایە خوا دەستی نییە، قاچی نییە، بۆ نموونە، ئەمانە (تنزیە)ی خوا دەکەن، بەڵام ئەوانەی کە باوەڕیان وایە سیفەتەکانی خوا هەر زاتی خوا خۆیەتی، نەک شتێکی لەوە زیاتر، ئەمانە (تعگیل) دەکەن.

العدل: دادپەروەری، زاراوەیەکە لە داهێنانی موعتەزیلە و یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی بیرکردنەوەیان، وەک زاراوەیەکی کەلامی، ماناکەی ئەوەیە کە مرۆڤ سەربەستە و خوا دادپەروەرە، چۆن مرۆڤ بۆی نییە ستەم بکات، خواش ستەم ناکات. هەر کەسێک خراپ بێت خوا سزای دەدات و هەر کەسێک باش بێت خوا پاداشتی دەداتەوە. خوا چاکە لەگەڵ خراپ و خراپە لەگەڵ چاک ناکات، جیاوازی ناکات لەنێوان بەندەکانیدا، خراپە ناهێنێتە ڕێگەیان و دوایی سزایان بدات.

التوحید: یەکتاپەرستی کە یەکێکی دیکەیە لە بنەماکانی موعتەزیلە بریتییە لەوەی بە هەموو مانایەک یەک خوا هەیە و خوا یەکە، تەنها یەکبوونی سادەی ئەزەلی-ئەبەدی هەیە نەک چەند بوونێک بە هیچ شێوەیەک، چونکە ئەو یەکە، تاکە، بێوێنەیە، ناوازەیە، سادەیە، هەر بووە، تەنها ئەو هەر بووە.

الوعد والوعید: مەبەست لەم چەمکە ئەوەیە کە هەڕەشەکانی خودا و پەیمانەکانی خودا دێتە دی و خوا دەبێت وەک خۆی جێبەجێیان بکات، چونکە هەڕەشە و پەیمانی ئەو ڕاستە و هەڵە و درۆی تێدا نییە.

المنزلە بین المنزلتین: مەبەست لەم زاراوەیە بوونی ئەو کەسەیە کە گوناهی گەورە دەکات لەنێوان ئیمان و کوفردا، ئەو نە ئیماندارە نە کافر، ئەو کەسە فاسقە، ئەگەرچی گەر تەوبە نەکات دەچێتە دۆزەخەوە، چونکە خوا ئەم هەڕەشەیەی لێ کردووە، بەڵام ئەو کەسە کافر نییە، ئیمانداریش نییە چونکە ئەم گوناهە گەورەیەی وەک کوفر وایە.

پرسی وەرگێڕان لە فەلسەفەی یۆنانییەوە و کەناڵەکانی ئاشنابوونی موسڵمانان بە فەلسەفەی یۆنانی، پرسێکی تەواو ئاڵۆز و فرەڕەهەندە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی قووڵتر و زیاتر و بگرە بە ڕای پسپۆڕان لەم بوارەدا، پێویستی بە یەکگرتنی چەندین توانا و شارەزایی و هاوکاریی زانستی هەیە لە چەندین بواردا، بۆ ئەوەی کە زۆر ئاڵۆزی و ڕەهەندی جیای هەیە یەکاڵا و یەکلایی بکرێنەوە. ئەوەی کە لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بدەین، بەتایبەت کاریگەریی کولتووری عەقڵیی یۆنانییە لەسەر زانستی کەلام، ئەگەرچی وەرگێڕانی میراتی یۆنانی بۆ سەر زمانی عەرەبی، بەتایبەت لە بواری زانستە سروشتییەکاندا، پێشتر دەستی پێکردووە و هەندێ لە مێژوونووسان تا ڕادەیەکی زۆر ئەم کاریگەربوونە دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی خالیدی کوڕی یەزیدی کوڕی مەعاوییەی کوڕی ئەبووسوفیان، کە گوایە زانا و کیمیازانی سەردەمی خۆی بووە و سەرگەرمی گۆڕینی کانزاکانی دیکە بووە بۆ ئاڵتوون، بەڵام بەبێ ئەوەی خۆمان لەو وردەکاری و ئاڵۆزییانە دووربخەینەوە و بە هەند وەری نەگرین، دەتوانین تا ئەندازەیەکی زۆر ئەم کاریگەرییە لە بواری کەلامدا ببەستینەوە بە کیندی (یعقوب بن إسحاق الکندی(860ز مردووە) فەیلەسووف و سەردەمی ئەوەوە.

سەرەتا نابێت ئەوە لە یاد بکەین کە سریانییەکان چ ڕۆڵێکی گرنگیان لەم پرۆسەیەدا بینیوە. پرۆسەی ئاشناکردنی عەرەب بە فەلسەفەی یۆنانی و وەرگێڕانی زۆرێک لەم میراتە، میراتی فەلسەفەی یۆنانی بۆ سەر زمانی سریانی، کە ئەمە ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ دەستپێکردنی بزووتنەوەی وەرگێڕان بۆ سەر زمانی عەرەبی لە سەدەی سێیەمی کۆچیدا. ساڵی (765ز) بەغداد دروست دەکرێت و ساڵی (217ک) بەرامبەر بە (832ز) خەلیفە مەئموون، (بیت الحکمە) دروست دەکات و یحیای کوڕی ماسەویە (243ک-857ز) دەکات بە ئەمینداری ئەو ماڵە، یەکێک لە قوتابییەکانی یەحیا، حونەینی کوڕی ئیسحاق (194ک 260ک)، هەروەها ئیسحاقی کوڕی حونەین (910ز مردووە)، کوڕ و باوک، دوان لە بەناوبانگترین وەرگێڕەکانی فەلسەفەی یۆنانی بوون، چ بۆ زمانی سریانی و چ بۆ زمانی عەرەبی. بێگومان لەم لیستەدا ناوی زۆری دیکە هەیە کە پێویست ناکات سەرژمێریان بکەین، لەوانەش، عبدولمەسیحی کوری عەبدوڵڵای حیمصی (نیوەی یەکەمی سەدەی نۆیەمی زاینی) کە یاریدەدەری کیندیی فەیلەسووف بووە، ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە کە زۆر لەم مامۆستا و وەرگێڕانە مەسیحی و سریانین.

گرنگیی کیندی، فەیلەسووفی عەرەب لەم نێوەندەدا ئەوەیە کە زۆر لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم پرۆژەی وەرگێڕانە بووە و بەشداریی کارای تێدا کردووە و ڕێخوشکەری تەواو بووە بۆ هاتنی ئەم فەلسەفەیە و نەریتە عەقڵییەکانی بۆ نێو توێژینەوە کەلامییەکان لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە، کەسێکی تەواو نزیک بووە لە موعتەزیلەکان و لەو سەردەمەدا زەمینەیەکی تەواو لەباری هەبووە بۆ نووسین و وەرگێڕان و خوێندنەوە و چەندین نامەی گرنکی نووسیوە لە بوارە جیاجیاکانی فەلسەفە و کەلامدا.

گرنگی ئەم بیرمەندە لەوەدایە کە هەنگاوێکی باش، زانستی کەلام لە فیقە دوور دەخاتەوە و لە فەلسەفە نزیکی دەکاتەوە و بۆ یەکەمجار لە هەوڵی ئەوەدایە کە لۆژیکی ئەرستۆیی و عەقڵانییەتی یۆنانی، وەک میتۆد بخاتە گەڕ و لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئایین و فەلسەفە بگونجێنێ و چەمک و زاراوە فەلسەفییەکان بەو نێوەندە ئاشنا بکات.

کیندی خۆی دەشێت ئەو خاڵی وەرچەرخانە بێت کە ئەم زانستەمان لە قۆناغێکەوە بۆ دەباتە قۆناغێکی دی، گومان لەوەدا نییە کە موعتەزیلەکان، برەوێکی باش و تەواویان بە توێژینەوە کەلامییەکان و عەقڵانیزەکردنی ئەم توێژینەوانە و ئەم زانستە دابوو، بەڵام لە دوای کیندییەوە و لەگەڵ ئەودا ئیدی ئەم زانستە، زانستی کەلام بە میتۆدی ئەرستۆیی و لۆژیکی ئەرستۆیی لە توێژینەوەدا ئاشنا دەبێت و پەیڕەویی لێ دەکات.

گرنگترین کێشەی کەلامی، کە کێشەی کەلامی خوا و خەلقی قورئانە -وەک باسمان کرد هەندێ لە بیرمەندان و توێژەران بۆ ئەوە دەچن کە ناوی ئەم زانستە لە ئەم کێشە سەرەکییەوە هاتبێت- ئەم کێشەیە یەکێک لەو کێشانەیە کە ئەگەرچی ڕیشەی قووڵ و مێژووی لە پێشتری هەیە -دەگەڕێنرێتەوە بۆ الجعد بن درهم (120ک. بە دەستی خالد القسری وەک قوربانیی سەربڕراوە)- لەم ژینگە تازەیەدا دەورووژێت و پەرە دەستێنێت و دەتوانین وەک گرنگترین کێشەی کەلامیی پاش کاریگەربوونی ئەم زانستە بە فەلسەفەی یۆنانی بیدەینە قەڵەم.

بۆ یەکەمجار یۆحەننای دیمەشقی کتێبێک لە بەرگریی بیروباوەڕی مەسیحیدا دەنووسێ و ڕەخنە لە ئیسلام دەگرێت و بە ئایینی جەبر ناوی دەبات و مەسیحییەت بە ئایینی ئازادیی ئیرادەی مرۆڤ ناو دەبات، هەر ئەویش بۆ یەکەم جار کێشەی کەلامی خوا دەورووژێنێت، لەبەر ئەوەی کە ئەم کێشەیە پەیوەندیی بە عیسای مەسیحیشەوە هەیە وەک کەلیمەی خوا (بروانە: صبحی، ل1617) زۆر دەلالەتی گرنگی هەڵگرتووە لە پەیوەندیدا بە زانستی کەلام و لاهوتی مەسیحییەوە کە بێگومان ئەوانیش تەواو کاریگەربوون بە فەلسەفەی یۆنانی. ئەوەمان بیر نەچێت کە هەندێ لە لێکدانەوەکان بۆ هۆی ناونانی ئەم زانستە بە کەلام، ئەم ناولێنانە دەبەستنەوە بە لۆژیک و لۆگۆسی یۆنانییەوە، گومانیش لەوەدا نییە کە هیچ نووسین و کتێبێکی ئەم زانستە نییە بەر لەو مێژووە ناوی کەلام بێت، هەر بۆیە کاریگەریی یەکلاکەرەوەی فەلسەفەی یۆنانی و لۆژیکی ئەرستۆیی لەسەر ئەم زانستە نکولیی لێ ناکرێت ئەگەرچی چەندین باس و بابەت و توێژینەوەی کەلامی و گرووپی کەلامی لە مێژووی ئیسلامدا هەیە بەر لە ئەم مێژووە، بەڵام ئەم زانستە وەک زانستێک بە ناوی کەلام لەڕاستیدا ئەو کاتە بەتەواوەتی شکڵ دەگرێت کە وەرگێڕانەکان دەکەونە بەردەست و کیندی، نامە گرنگەکانی خۆی بەتایبەت فی الحدود والرسوم دەنووسێت و لەوێدا پێناسەی زۆر لە چەمک و زاراوەکان دەکات. کیندی کە خۆی هاوبیروڕای موعتەزیلەکانە و لە سایەی دەسەڵاتی ئەواندا کارە فەلسەفییەکانی دەکات.

موعتەزیلەکان ئەنجامی بەتەنگەوەهاتنی بەردەوامیان و خۆتەرخانکردنیان بۆ هەموو ئەو کێشە سیاسی-ئایینییانەی کە بە هۆی مەرگی پێغەمبەروەوە ڕوویان دا لە ناوخۆدا، هەروەها لە ئەنجامی گفتوگۆی ناوخۆی بەردەوامیانەوە، چ لەناو خۆیاندا و چ وەک بانگەشە و بەرگری لە بیروباوەڕی ئیسلامیی خۆیان لەگەڵ ئەوانی دی -گرووپە ئیسلامییەکانی دی و خاوەن ئایین و بیروباوەڕەکانی دیکە- هەنگاوێکی باشیان بەم زانستە نابوو، تەواو لە فەلسەفە نزیکیان کردبووەوە و هەندێ باس و پرسی فەلسەفیی پەتییان کردبووە بابەت و پرسی نێو ئەم زانستە -وەک بوون و جووڵە- هەروەها ئەوان بە عەقڵ بەرگرییان لە بیروڕای کەلامی و ئایینیی خۆیان دەکرد و بەمە ئەوان زەمینەخۆشکەر بوون بۆ ئەو گواستنەویەی کە بە هۆی وەرگێڕان و بە هۆی هەوڵەکانی کیندییەوە ڕوویان دا، بەم شێوەیە کاریگەربوونی ئەم زانستە بە فەلسەفە و لۆژیکی ئەرستۆیی و ئەم بەیەکگەشتنە لەخۆوە نەهاتە دی. ئەوان زەمینەسازیی تەواویان کردبوو بۆ ئەوەی کە ئەم کاریگەربوونە ڕووبدات و ئەم میتۆدە نوێیە سوودی لێ وەربگیرێت و دواجار ئەم کایە زانستییە لەنێو کولتووری ئیسلامیدا، بە یەکجاری جێگەی خۆی بکاتەوە و ببێتە زانستێکی پێویست و بوارێکی سەرەکی لە بیرکردنەوەی ئیسلامیدا.

صبحی باوەڕی وایە کە کاریگەرییە دەرەکییەکان و ناچاربوونی موسڵمانەکان بۆ بەرگریکردن لە بیروباوەڕی ئایینیی خۆیان، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئەم زانستەدا. بێگومان گەر ئەم بۆچوونە بە هەند وەربگرین و ڕەچاوی ئەوەش بکەین کە خاوەن ئایینەکانی دیکە، بەتایبەت مەسیحی و صابیئەکان و زەردەشتی و مەزدەکییەکان، زۆر پێش موسڵمانەکان ئاشنای بیرکردنەوەی فەلسەفی و فەلسەفەی یۆنانی بوون و فەیلەسووفی گەورەیان دروست کردووە، باشتر لەوە تێدەگەین کە باوەشکردنەوە بۆ فەلسەفەی یۆنانی و لۆژیکی ئەرستۆیی و دامەزراندنی (بیت الحکمە) چ پێویستییەکی کولتووری و ئایینی لە پشتیەوە بووە و چۆن ئەم بەرکەوتن و کاریگەربوونە، پێویستی بووە نەک تەنها خۆشگوزەرانیی عەقڵی. موسڵمانەکان دەبوایە فێری ئەم هونەرە عەقڵییە ببن تا بتوانن بەرگری لە ئایین و بیروباوەڕی خۆیان بکەن و لە دیبەیتەکاندا بە دۆڕاوی نەگەڕێنەوە.

لە پاش کیندییەوە، سەرباری ڕۆڵی غەزالی و ڕازی، دەبێت ئاماژە بە ڕۆڵی دیاری نصیرالدین الگوسی بدەین کە بە بڕوای (عبدالامیر الاعسم) دامەزرێنەری میتۆدی فەلسەفییە لە زانستی کەلامدا و پاش ئەو لێکۆڵینەوە کەلامییەکان بەتەواوی ئاشنا دەبن بە میتۆدی لێکۆڵینەوەی فەلسەفی و لۆژیکی ئەرستۆیی و زاراوە فەلسەفییەکان.

ڕەگوڕیشە و بنەما و ڕووداو زۆرن لە مێژووی ئیسلامدا کە دەتوانین بگەڕێینەوە سەریان و لەوێوە باس لە پەیوەندیی ئیسلام و سۆفیزم بکەین. گومان لەوەدا نییە کە ئایین بەبێ ڕۆحانییەت و تەسەوف وەک جەستەیەکی بێگیان وایە، هەر بۆیە دەشێت لە سەرەتادا قسەکردن لە کاریگەریی سۆفیزم وەک هۆکارێکی دەرەکی لەسەر ڕەوشی کەلام لە ئیسلامدا، هەندێک مایەی سەرسووڕمان بێت، ئەوەی کە لێرەدا ئێمە جەختی لەسەر دەکەینەوە، سۆفیزمە وەک تیۆرییەکی عیرفانی و هەڵوێستێکی ڕۆحی، بەرامبەر بە جیهان و ڕووداوەکان، گومان لەوەدا نییە کە مەبەست لە سۆفیزم لێرەدا خواناسی نییە بە شێوەیەکی گشتی، یان زوهد و پشتکردن لە دنیا و کۆمەڵێک خوو و ڕەفتاری دیکەی زاهیدانە؛ مەبەست لە سۆفیزم لێرەدا چۆنیەتیی سوودوەرگرتنە لەو گۆشەگیری و خوداناسی و وەرزشە ڕۆحییە بۆ گەیشتن بە مەعریفە و بەهرەمەندبوونی دەروونی و دواجار مەبەستمان عیرفانی تیۆری و شهودی عەقڵییە وەک ڕێگە و ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مەعریفەی کەلامی، بگرە وەک ڕێگە و ڕێبازێکی مەعریفەی حەق، کە سوهرەوەردی دەیکاتە سەرەتایەکی مەعریفی بۆ ڕەخنەکردنی لۆژیکی ئەرستۆ و ڕێبازێکی فەلسەفیی نوێی لەسەر دادەمەزرێنێت کە بە بڕوای ئێمە یەکەم ئاوڕدانەوەی ڕاستەقینەیە لە مێژووی فەلسەفەدا لە حیکمەتی نەمر، فەلسەفەی ئیشراق، کە حیکمەتی مەشریقیی ئیبن سینا و بەر لە ئەویش فارابی، ڕێخۆشکەر دەبن بۆی و ڕیشە ئەفلاتونی و گنوسییەکانی بە سەردەمی هیلینستی و ئێران و یۆنانی کۆندا شۆڕ دەبێتەوە و دایکی حیکمەتی موتەعالییەی مەلا سەدرایە؛ دواجار وەک ئاماژەمان پێ دا، دەبێتە میراتگری فەلسەفە و کەلامیش لە ئیسلامدا و ڕەوشێکە بە دڵ و بە عەقڵ و بە وەرزش، بە چێژ و بە ڕامان، بەدوای یەکێتی و حەقیقەتی حەقیقەتەکاندا دەگەڕێت و بەدوای هارمۆنیی تەواودا دەگەڕێت لەنێوان عەقڵ و دڵدا.

پێغەمبەر خۆی و هاوەڵانی نموونەیەکی خوداناسی و خوداپەرستی بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە بۆچوونی جیاجیا هەیە دەربارەی ئەوەی کە وشەی سۆفی لە کوێوە هاتووەتە نێو زمانی عەرەبییەوە و ڕیشەکەی بۆ کوێ دەگەڕێتەوە، هاوڕاییەک هەیە لەسەر ئەوەی کە یەکەم جار ئەم ناوە لە جابری کوڕی حەییان، یان عەبدەکی سۆفی نراوە کە ڕەوشێکی تایبەتی خۆی هەبووە لە خوداناسیدا، وەک گرووپیش (سۆفییەکان) بۆ یەکەم جار ئەم ناوە بڕاوە بەسەر کۆمەڵێک شیعەی خەڵکی کوفە و خەڵکی یاخیی ئەسکەندەرییەدا، دوای کێشەیەک کە لە ئەسکەندەرییە، ڕوو دەدات و بە فیتنە ناودەبرێت، ئەم گرووپە عەبدەک (نزیکەی 210ک مردووە) دوا پێشەوایان بووە، ئەم ڕووداو و ناولێنانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (199ک-814ز)، بەم پێیە بێت ئاشنابوونی کولتووری ئیسلامی بە سۆفیزم وەک دیاردەیەک دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی سێیەمی کۆچی و بەر لە ئەو مێژووە، لەگەڵ بوونی هەژار و خواناس و گۆشەگیر و زاهیدەکاندا، لەنێو موسڵماناندا، سۆفیزم بەم مانایە، بە مانای ڕەوشێکی تایبەت لە ژیان و بیرکردنەوە و گرووپێکی تایبەت لەنێو موسڵماناندا نەبووە.

سەرەتا خەواریجەکان لەگەڵ سۆفییەکاندا دەکەونە ناکۆکی و پاشان شیعە و موعتەزیلەکان و دواتریش حەنبەلی و سەلەفییەکان.

ڕیشەی ناکۆکیی گرووپە کەلامییەکانی دی لەگەڵ سۆفییەکاندا بەگشتی بۆ جیاوازییان لەگەڵ ئەم گرووپە دەگەڕێتەوە، لە داهێنانی کۆمەڵێک ڕێگە و ڕێبازی تایبەتی پەرستن و ژیانی ئایینیی تایبەت بە خۆیاندا، هەروەها لە میتۆدی شرۆڤەکردنیاندا بۆ دەقی ئایینی -بە بڕوای ئەوان ئایین و دەقی ئایینی دەر و ناوی هەیە- کە ئەوان بەو میتۆدە نوێیەی شرۆڤەکردن ئاشنا نەبوون و بە دەرچوون لە یاساکانی شرۆڤەکردنی دروستیان دەزانی، هەروەها سۆفییەکان باسی جۆرێکی نوێ لە مەعریفەیان دەکرد کە وەک ئیلهام و خستنەدڵ وایە و سەرباری مەعریفەی بەدەستهێنراو (الکسبیّە) بە بڕوای ئەوان مەعریفەی بەخشراویش -بەخشراو لە لایەن خواوە (المعرفە اللدنیّە)- هەیە. هەروەها ئەوان باسی ئەوەیان دەکرد کە مرۆڤ بە هۆی خواپەرستیی زۆر و وەرزشی ڕۆحییەوە، دەتوانێت بە دیداری حەق بگات و بە چاوی دڵ، ڕاستی ببینێت و هەست بە یەکێتیی بوون بکات.

توێژینەوەکان کە دوایی دەربارەی سۆفیزم کراون، باس لە کاریگەربوونی ئەم ڕێبازە بە ئەفلاتونیزم و ئەفلاتونیزمی نوێ و ئایین و حیکمەتی ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی و هیندی و چینی دەکەن، باس لە کاریگەریی یۆگا و تاویزم و زەردەشتی و مانەوی دەکەن لەسەر ئەم ڕێبازە. ئەمە سەرباری کاریگەریی مەسیحییەت. هەندێک لەو توێژینەوانە لەمە زیاتر پێ دادەگرن و وەک ڕێگەیەک بۆ خۆژیاندنەوەی ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکان و میراتی ئەفلاتونی لە ئیسلامدا، وەک مەترسییەک لەسەر ئیسلام باسی سۆفیگەری و گنوسیزم دەکەن.

گرنگترین بیرۆکە کەلامییەکانی سۆفییەکان بریتین لە: چەمکی بوون و یەکێتیی بوون، یەکێتیی بالای ئایینەکان و حەقیقەتی ئایینی، گەردوونناسی، دۆنایدۆن و بیروڕای ئەوان بەرامبەر بە بنەماکانی دیکەی باوەڕی ئایینی. لەم زەمینە کەلامییەدا غەزالی گرنگیی تەواوی خۆی هەیە وەک ئەشعەرییەکی کەلامزان کە لە سۆفیگەری نزیک دەبێتەوە و دەیەوێت کەلام لە چنگی فەلسەفە قوتار بکات و بیکات بە قوڕگی سۆفیگەریدا.

متبوون و چاولێگەریی، دووبارەکردنەوە و نووسینی تێکستی کورت و ڕاڤەی درێژ، بۆ ماوەی چەند سەدەیەک، تەنانەت نووسینی هۆنراوە، لە سەدەی دەیەم و یانزەیەم و زیاتر لە نیوەی سەدەی دوانزەیەمی کۆچی، واتە تا نزیکەی ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەمی زایینی، پەراوێز و ڕاڤەنووسین و بەهۆنراوەکردن و هۆنینەوەی زانستەکان و چاولێگەری و سستی باڵ دەکێشێن بەسەر زۆربەی هەرە زۆری جیهانی ئیسلامی و زانستە ئیسلامییەکاندا و تەمبەڵی دەبێتە مۆدێلێک بۆ ژیان و چاولێگەری دەبێتە ڕێبازێک بۆ بیرکردنەوە.

لە پەیوەندیدا بە زانستی کەلامەوە بە شێوەیەکی گشتی، ڕێبازی ئەشعەری و شیعەی دوانزە ئیمامی، باڵ دەکێشێت بەسەر جیهانی ئیسلامیدا، ڕێبازی ماتوریدیش لە تورکیا و کیشوەری هیندستان بڵاو دەبێتەوە و تەکییە و خانەقاکان بە شێوەیەکی بەرفراوان زۆر دەبن. ئەم بارودۆخەش درێژە دەکێشێ تا هاتنی جەمالەدینی ئەفغانی و موحەمەد عەبدە و قوتابییەکانیان و سەرهەڵدانەوەی بیروباوەڕی سەلەفی لەسەر دەستی موحەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب و شوێنکەوتووانی لە نیوەدوورگەی عەرەبیدا.

پاش ئەوە، بە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیستیعمار و هەرەسهێنانی خەلافەتی ئیسلامی و بەرکەوتنی جیهانی ئیسلامی لەگەڵ ڕۆژئاوادا، لە ڕووی سەربازی و کولتوورییەوە، لە لایەکەوە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسیی چەپ و ڕاست و ڕیفۆرمخواز و لە لایەکی دیکەوە ململانێ دێرین و ناوخۆکانی جیهانی ئیسلامی و کولتووری ئیسلامی زیندوو دەبنەوە و دواجار تاقم و گرووپە ئیسلامییە جیاجیاکان لەم ژینگەیەدا، سەرهەڵدەدەنەوە و دیاردەیەک بە ناوی ڕابوونی ئیسلامی و گەڕانەوە بۆ ئیسلام و سەردەمی سەروەرییەکانی، سەرتاپای جیهانی ئیسلامی دەتەنێت و لەگەڵ هاتنی چاپخانە و ڕۆژنامە و ئامڕازەکانی دیکەی گەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە و سیستمی خوێندنی مۆدێرندا، بووژانەوە و ململانێکان، لەسەر ئاستی کولتووریی، بەرەو توندی دەڕۆن و دۆخێکی کولتووری و عەقڵی و دەروونی بەسەر جیهانی ئیسلامیدا زاڵ دەبێت کە جۆرێک لە ترسی تێدایە بەرامبەر لەشیرازەدەرچوونی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان و لەناوچوونی ئایین و بیروباوەڕ و باڵادەستیی کولتووری ئیسلام و ئەم دۆخە کولتووری و دەرونی و کۆمەڵایەتییە، لەسەر چەندین ئاست و بە چەندین شێوە خۆی بەیان دەکات، کە بێگومان هەندێک لەو خۆبەیانکردنانە و بگرە زۆربەی زۆریان، لەسەر ئاستی کولتووری، خۆبەیانکردن و دەرکەوتنی کەلامین و دەچنە چێوەی قسەوباسی کەلامییەوە.

سەرلەنوێ دەستکردنەوە بە بەرگریکردن لە ئیسلام و بیروباوەڕەکانی، لە دژی پیلانگێڕ و سەرلێشێواو و زایۆنی و غەربزەدەکانی ناوخۆ و دوژمنانی دەرەکی، کە هەرە دیارترینی ئەو دوژمنانە خاچپەرستیی نوێ و هەردوو بێچووە زۆڵەکەی: مارکسیزم و لیبراڵیزمە، ئەمە سەرباری زایۆنیزم.

وەک ئەوەی کە مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، جارێکی دیکە کێشەی ئیمامەت و خەلافەت و فەرمانڕەوایی لە ئیسلامدا، دەبێتەوە بە پێشەنگی کێشە کەلامییە هاوچەرخەکانی دنیای ئیسلام و کتێبەکەی عەلی عەبدولرازق، گەورەترین کاردانەوە لە ناوخۆی جیهانی ئیسلامیدا دروست دەکات و لە بەرگێکی نوێدا هەموو ئەو کێشانە دەهێنێتەوە نێو دنیای ئیسلام کە لەگەڵ مەرگی پێغەمبەردا و بە هۆی ململانێوە لەسەر دەسەڵات ڕوویان دابوو. ئەم زانا و شەرعناسە میسرییە، لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنێکەوە بۆ مێژووی خەلافەت لە ئیسلامدا، هەموو ئەو باس و موناقەشانە زیندوو دەکاتەوە کە لەنێوان ئەمەوییەکان و نەیارانیاندا و لەنێوان گرووپە کەلامییەکانی پێشتردا، وەک شیعە و خەواریج و موعتەزیلەکان، لە ئارادا بوو؛ بگرە پرسی هەڵوێستوەرگرتن لە ئەو دەسەڵاتانە و ئەو کێشە سیاسییانەی بە درێژایی مێژووی ئیسلام و لە سایەی خەلافەتدا ڕوویان داوە، هەروەها هەموو پرسە کەلامییە وابەستەکان بە ئەم کێشەیەوە، زیندوو دەکاتەوە و زەمینە دەڕەخسێنێت بۆ فۆرمێکی نوێ لە موناقەشاتی کەلامی، کە ئەگەرچی لە ڕووی هەڵوێستی ئایینییەوە داهێنانێکی ئەوتۆی تێدا نییە و قسەزانەکان تا ئەندازەیەکی زۆر بەسەر هەمان هەڵوێستە کولتوورییەکاندا دابەش دەبنەوە، بەڵام باس و کێشە و سروشتی خستنەڕووی زۆر لە پرسە کەلامییەکان نوێیە و تەواو لەژێر کاریگەریی میتۆدی توێژینەوەی زانستی نوێ و لەژێر کاریگەریی کێشەکانی سەردەم و ڕۆحی سەردەمدایە.

گرنگترین ئەو خەسڵەتانەی کەلام لەم قۆناغەدا هەیەتی، دەرگیربوونە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی نوێی وەک پەیوەندیی ئایین و ناسیۆنالیزم و ئایین و لیبراڵیزم و ئایین و سۆشیالیزم و ئایین و مەدەنییەت و ئایین و مۆدێرنە و ئایین و مافەکانی مرۆڤ و ژیانی نوێ و زانستی نوێ و خوێندنی نوێ و تەکنەلۆژیای نوێ و... هتد.

هەروەها یەکێکی دی لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی زیاتر و زیاتر تۆخبوونەوەی، سروشتی بەرگری و دیفاعە (apology)، ڕاستە ئەمە سروشتێکی ڕەسەنی کەلامیی کۆنیشە، بەڵام موتەکەلیمەکانی جاران، لە سایەی دەسەڵات و شارستانییەت و کولتوورێکی شکۆدار و باڵادەست و بەهێزدا، دەیاننووسی و بیریان دەکردەوە و بەرگرییان لە ئایین و باوەڕی ئایینیی خۆیان دەکرد، بەڵام ئیدی ئەمە کۆتایی هات و موتەکەلیمەکانی ئەم قۆناغە لە بەردەم نوشوست و ئاوابوونی دەسەڵاتی سیاسی و کولتوورییاندا بەرگرینامەکانی خۆیان دەنووسن.

ئەگەر بە مانا بەرفراوانەکەی و بە هەندێک چاوپۆشییەوە لە کۆمەڵێک وردەکاری و چاوپۆشی لە بەپێزیی و بەهای کولتوورییەوە سەیری زەمینەی نوێ و هاوچەرخی کولتوور و ئەدەبیاتی ئیسلامیی بکەین دەتوانین بڕێکی ئێجگار زۆری ئەو ئەدەبیاتە وەک ئەدەبیاتی کەلامیی سەیر بکەین و لێرەوە بە پێچەوانەی پێشبینییەکانی ئیبن خەلدونەوە، ئەم زانستە نەک ڕۆڵی خۆی تەواو نەکردووە و زۆر ئەرک ماوە کە جێبەجێیبکات، بەڵکو لە لایەکەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرس و کێشەی نوێ بوەتەوە و دەبێت بە تەنگیانەوە بێت و لە لایەکی دیکەوە پێویستی تەواوی بە نوێکاریی و موتوربەکردن بە زانست و میتۆدی نوێ و چاوپێداخشاندنەوەی ڕیشەیی هەیە تا بتوانێت لە ئاستی ململانێ و بەرەنگارییە نوێکاندا بێت.

گومان لەوەدا نییە کە کولتووری ئیسلامیی دەوڵەمەندە و گەر لەم زەمینەیەدا شکستێک بەدی بکرێت، ئەوە شکستی موسڵمانانی نوێ و هاوچەرخە، شکستی داهێنان و نوێکردنەوە و تازەگەرییە لەنێو ئەم کولتوورەدا، نەک شکستی کولتوور و شارستانییەتی ئیسلامی. بەها و بایەخی شارستانییەتەکان بە دەسەڵات و باڵادەستیی سیاسی و سەربازییان ناپێورێت و پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی شارستانییەت و کولتووری ئیسلامی لەگەڵ دەرەوەی خۆی و جیهانیبوونی ئەم ئایینە و جێگیربوونی لەنێو ئایینە مەزنەکان و کولتووری ڕۆحیی مرۆڤایەتیدا، گرنگترین ڕەهەندی بەهێزین لەم کولتوورەدا کە دەتوانرێت لێیانەوە، دەستهەڵگرتنی خۆی لە بەشداری و لە بەتەنگەوەهاتنی مرۆڤایەتی کۆتایی پێ بهێنێت و وەک هەر ئایینێکی مەزن، وەک ئەوەی کە لە هەندێ دەرکەوتەی کولتووریی باڵادا لێرەولەوێ بەدی دەکرێت، چارەسەرەکانی خۆی بۆ قەیرانە ڕۆحی و مەعنەوییەکانی مرۆڤایەتی بخاتە ڕوو، چ لەسەر ئاستی مێژووی ئێستا و ئایندەی تایبەت بە خۆی و چ لەسەر ئاستی مێژووی مرۆڤایەتی، بەشداری لە ئاڕاستەکردن و لە وەرچەرخانی مێژوویی گەورە و مەزندا بکات، نەک خۆی ببێتە کێشەیەک پێویستی بەوە بێت کە چارەسەر بکرێت، یاخود بەرگرینامەی ناعەقڵانیی توند بنووسێت.

عەقڵی مەزنی وەک جەمالەدینی افغانی و موحەمەد عەبدە و موحەمەد ئێقباڵ و ڕنیە گیونین و فریتۆف شۆن و سید حسین نصر، لە دنیای ئیسلامدا، لە نموونەی ئەو عەقڵانەن کە بەم ئاڕاستە پۆزەتیڤ و گەردونییەدا بیر لە پەیامی ئایین و پەیامی ئیسلام بۆ دنیای نوێ و هاوچەرخ دەکەنەوە و بە بەراورد لەگەڵ ئیسلامگەرایی توندڕەو و دەمارگیر، ئەم عەقڵ و ڕۆحانە لە عەقڵ و ڕۆحی پیاوانی مەزنی وەک ئیبن عەرەبی و ئیبن ڕوشد و حەسەنی بەصری و واصلی کوڕی عەتا و قازی عبدولجەبار و جەعفەری صادق دەچن و ئەوانیش لە خەواریج و یاخییەکان و دیاردە و دەنگە نەخوازراوەکانی نێو ئەو کولتوورە.

بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین: ئەمڕۆش چەند لە دوێنێ دەچێت، هەر لێرەشەوە دەتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە زانستی کەلام ئێستا لە ڕابردوو زیاتر گرنگی و پێویستیی خۆی هەیە و ئامادەیی و نائامادەیی ئەم زانست و کایەیە و داهێنان و چاولێگەری تێیدا، باس لە نوشوست و سەرکەوتن، باس لە ئامادەیی و نائامادەیی ڕۆحی ئیسلامی و فەلسەفەی ئیسلامی، ئامادەیی و نائامادەیی عەقڵ و دڵی موسڵمان دەکات لە ئەمڕۆدا. ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە گەورەیەی کە ڕووی لە کەلامی ئیسلامیی نوێ کردووە، ئەرک و بەرپرسیارێتێکی گەورەیە بە دوو ئاڕاستەدا، ڕیفۆرم، عەقڵانیزە، تەفسیرکردنەوە و دابەزاندنەوەی ئیسلام جارێکی دی، بە جۆرێک کە لەگەڵ عەقڵ و لەگەڵ مەدەنییەت و کۆدەنگیی مرۆڤایەتیدا لەسەر مافەکانی مرۆڤ و ئاکاری مەدەنی بگونجێت. کە ئەمەیان ئەرکە زۆر هەستیار و هەنووکەییەکەیە و بەبێ ئەمە هیچ شتێکی دی مانای نییە. دواجار و پاش ئەمە بیرکردنەوەیە لە بەشداریکردنی ئەم ترادسیۆنە لە ڕۆحانییەت و لە ژیانی مەعنەویی مرۆڤی ئەم سەردەمەی سەرگۆی ئەم زەوییەدا، بە ڕاست و ڕەوانی، ئیسلام بەرپرسیارێتیی گەورەی دەکەوێتە سەرشان لە پەیوەندیدا بە ئاشتی و ئاسایشی جیهانییەوە و لە پەیوەندیدا بە دۆخی گشتیی مرۆڤایەتی و مرۆڤی موسڵمانەوە و پێویستە ڕاستگۆیانە و وەک ئەوەی کە لە ئایینێکی مەزن و ڕاستەقینە چاوەڕوان دەکرێت، ئاوا بێتە پای ئەو ئەرکە شارستانی و گەردوونییانەی خۆی.

ئەگەر لەگەڵ ئەو توێژەرانەدا هاوڕا نەبین کە کەلام و ئوسولی فیقە، بە تاقە فەلسەفە و بەرهەمی ڕەسەنی عەقڵی ئیسلامی دەزانن لە مێژوودا و سۆفیزم و بەرهەمی فەیلەسووفە موسڵمانەکان بە چاولێگەری و کاریگەریی دەرەکی تێدەگەن، لەوەدا لەگەڵیان هاوڕاین کە ئەم دوو کایەیە، بەتایبەت زانستی کەلام، یەک لە کایە هەرە گرنگ و ڕەسەنەکانی هزر و کولتووری ئیسلامییە و بەردەوامیپێدان و نوێکردنەوە و داهێنان تێیدا، ئەرکی مێژوویی و هەنووکەیی عەقڵی موسڵمانە.

تازەگەرییەکی مەزن کە لە کایەی فەلسەفەی ئیسلامیدا کراوە و دەشێت قیبلەنما بێت بۆ هەر چاکسازی و تازەگەرییەک لە بواری کەلام و هزری ئیسلامیدا بە شێوەیەکی گشتی، بە بڕوای نووسەری ئەم چەند دێڕە، لەبری بەشەڕدان و ناکۆکبینینی پایە و پێکهێنەرە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەی ئیسلامی، کە کەلام و فەلسەفە و سۆفیزمە، بینینی ئەو یەکێتییە بالایەیە لەنێوانیاندا و درێژەدانە بە قوتابخانەی ئیشراق و ڕێبازی حیکمەتی موتەعالییە و گەڕانە بەدوای حیکمەتی باڵا و نەمردا و بینینی ئەو ماناداری و یەکێتییە قووڵەیە کە لە حەقیقەتی بوون و لە حەقیقەتی ئەخلاقی و لە حەقیقەتی ئایینیدا هەیە، یەکخستنەوەی عەقڵ و دڵ و سەرگەرمکردنە بە گەشتێکەوە کە دوامەنزڵی یەکێتیی ڕەها و پەتیی ڕاستی و جوانی و چاکەیە.
Bu makale (کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmıştır, makaleleri orijinal dilinde açmak için sembolüne tıklayın!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Bu başlık 8,765 defa görüntülendi
HashTag
Kaynaklar
Bağlantılı yazılar: 3
İçerik Kategorisi: Kitap açıklaması
İçerik Kategorisi: Sınıflandırılmamış
Şehirler: Suleymaniye
Teknik Meta Veriler
Ürün Kalitesi: 90%
90%
Bu başlık Ziryan Serçînari tarafından 23-08-2018 kaydedildi
Bu makale ( Hawreh Bakhawan ) tarafından gözden geçirilmiş ve yayımlanmıştır
Bu başlık en son Hawreh Bakhawan tarafından 23-08-2018 tarihinde Düzenlendi
Başlık Adresi
Bu başlık 8,765 defa görüntülendi
Bağlantılı dosya - Sürüm
Tür Sürüm Editör Adı
Fotoğraf dosyası 1.0.139 KB 23-08-2018 Ziryan SerçînariZ.S.
Kurdipedia Dev Kürtçe bilgi Kaynağıdır
Kısa tanım
Cumhuriyet’in (Yüzellilikler) Sürgün Listesinden Mevlanzade Rıfat-4
Biyografi
Dilan Yeşilgöz-Zegerius
Resim ve tanım
1905 Mardin
Biyografi
Vedat Türkali
Kütüphane
MARDİN 1915
Kütüphane
Çiller Özel Örgütü TBMM Susurluk Komisyonu'na Sunulan Dosya ve Belgeler
Biyografi
Kemal Astare
Biyografi
AHMET KARDAM
Biyografi
İbrahim Küreken
Kısa tanım
Cumhuriyet’in (Yüzellilikler) Sürgün Listesinden Mevlanzade Rıfat-3
Kütüphane
MARDIN 'i DINLERKEN MÜZEYLE BAŞLAYAN DEĞİŞİM
Kısa tanım
1914 Bitlis Kürd Ayaklanması- 3
Kısa tanım
Cumhuriyet’in (Yüzellilikler) Sürgün Listesinden Mevlanzade Rıfat-2
Resim ve tanım
Erbildeki Patlama 19 kasım 2014
Kütüphane
KOMÜNİST
Kısa tanım
1914 Bitlis Kürd Ayaklanmasının Bastırılması, Mele Selim ve Arkadaşlarının İdam Edilmesi- 4
Biyografi
Reşan Çeliker
Biyografi
Rahime Kesici Karakaş
Biyografi
Pervin Çakar
Resim ve tanım
Mardin 1950 hasan ammar çarşisi
Biyografi
JAKLİN ÇELİK
Kütüphane
TÜRKİYE: KÜRT SORUNUNUN ÇÖZÜMÜ VE PKK
Biyografi
MEHMET EMİN SEVER

Gerçek
Biyografi
AHMET KARDAM
20-04-2024
Rapar Osman Ozery
AHMET KARDAM
Kısa tanım
100 yıllık inkâra Kürt entelektüellerinden cevap
23-04-2024
Sara Kamele
100 yıllık inkâra Kürt entelektüellerinden cevap
Kısa tanım
1914 Bitlis Kürd Ayaklanması
25-04-2024
Rapar Osman Ozery
1914 Bitlis Kürd Ayaklanması
Kısa tanım
1914 Bitlis Kürd Ayaklanması- 2
03-05-2024
Rapar Osman Ozery
1914 Bitlis Kürd Ayaklanması- 2
Kısa tanım
1914 Tarihli Bitlis İsyanının Osmanlı Arşiv Belgelerindeki
03-05-2024
Rapar Osman Ozery
1914 Tarihli Bitlis İsyanının Osmanlı Arşiv Belgelerindeki
Yeni başlık
Biyografi
EVDIREHÎM REHMÎ HEKARÎ
23-04-2024
Rapar Osman Ozery
Biyografi
AHMET KARDAM
20-04-2024
Rapar Osman Ozery
Biyografi
MEHMET EMİN SEVER
20-04-2024
Rapar Osman Ozery
Biyografi
İbrahim Küreken
14-04-2024
Rapar Osman Ozery
Biyografi
Kemal Astare
14-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
Çiller Özel Örgütü TBMM Susurluk Komisyonu\'na Sunulan Dosya ve Belgeler
13-04-2024
Sara Kamele
Biyografi
Ekrem Cemilpaşa
11-04-2024
Rapar Osman Ozery
Kütüphane
MARDIN \'i DINLERKEN MÜZEYLE BAŞLAYAN DEĞİŞİM
08-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
MARDİN 1915
08-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
KOMÜNİST
07-04-2024
Sara Kamele
Istatistik
Makale  519,474
Resim 106,576
Kitap PDF 19,270
İlgili Dosyalar 97,131
Video 1,391
Kurdipedia Dev Kürtçe bilgi Kaynağıdır
Kısa tanım
Cumhuriyet’in (Yüzellilikler) Sürgün Listesinden Mevlanzade Rıfat-4
Biyografi
Dilan Yeşilgöz-Zegerius
Resim ve tanım
1905 Mardin
Biyografi
Vedat Türkali
Kütüphane
MARDİN 1915
Kütüphane
Çiller Özel Örgütü TBMM Susurluk Komisyonu'na Sunulan Dosya ve Belgeler
Biyografi
Kemal Astare
Biyografi
AHMET KARDAM
Biyografi
İbrahim Küreken
Kısa tanım
Cumhuriyet’in (Yüzellilikler) Sürgün Listesinden Mevlanzade Rıfat-3
Kütüphane
MARDIN 'i DINLERKEN MÜZEYLE BAŞLAYAN DEĞİŞİM
Kısa tanım
1914 Bitlis Kürd Ayaklanması- 3
Kısa tanım
Cumhuriyet’in (Yüzellilikler) Sürgün Listesinden Mevlanzade Rıfat-2
Resim ve tanım
Erbildeki Patlama 19 kasım 2014
Kütüphane
KOMÜNİST
Kısa tanım
1914 Bitlis Kürd Ayaklanmasının Bastırılması, Mele Selim ve Arkadaşlarının İdam Edilmesi- 4
Biyografi
Reşan Çeliker
Biyografi
Rahime Kesici Karakaş
Biyografi
Pervin Çakar
Resim ve tanım
Mardin 1950 hasan ammar çarşisi
Biyografi
JAKLİN ÇELİK
Kütüphane
TÜRKİYE: KÜRT SORUNUNUN ÇÖZÜMÜ VE PKK
Biyografi
MEHMET EMİN SEVER

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.5
| İletişim | CSS3 | HTML5

| Sayfa oluşturma süresi: 0.516 saniye!