Kurdipedia.org
🏠 البداية
کوردیی ناوەڕاستکوردیی ناوەڕاست
📧اتصال
ℹ️حول كورديبيديا!
FacebookKurdipedia on Facebook
TwitterKurdipedia on Twitter
المزيد
Kurdipedia
کوردیی ناوەڕاست
🏠|📧|حول كورديبيديا!|المکتبة|📅
🔀 موضوع عشوائي
❓ المعاينة
📏 قوانين الأستعمال
🔎 بحث متقدم
➕ ارسال
🔧 الأدوات
🏁 اللغات
🔑 حسابي
✚ موضوعات جديدة
📕 الكرد وكردستان؛ بحث في دائرة المعارف الأسلامية الصادرة في عام 1986
ترجمة: محمد نجم الدين النقشبندي
2001
📕 الكرد وكردستان؛ بحث في دائرة المعارف الأسلامية الصادرة في عام 1986
🏰 منبج - مابوك ( حلب)
مَنْبِج هي مدينة في شمال شرق محافظة حلب في غرب كردستان. على بعد 30 كم غرب نهر الفرات و80 كم من مدينة حلب ، في تعداد عام 2004 الذي أجراه المكتب المركزي للإحصاء، كان عدد سكان منبج يبلغ حوالي 100,000 نسم
🏰 منبج - مابوك ( حلب)
👫 الشخصیات
طيار بكي بن مصطفی - أبو زوراب
📕 المکتبة
البعد الفكری للفيدرالية و ت...
👫 الشخصیات
لالش ميدي
👫 الشخصیات
مستورة أردلان
📖 بحوث قصیرة
الجانب الإداري والاقتصادي ل...
📖 بیرەوەریەکانی مستەفا چاوڕەش | صنف: بحوث قصیرة | لغة السجل: 🏳️ کوردیی ناوەڕاست
⠪ Share
Facebook
Twitter
LinkedIn
Whats App
Viber
SMS
Facebook Messenger
E-Mail
👍
⭐ تقييم المقال
⭐⭐⭐⭐⭐ ممتاز
⭐⭐⭐⭐ جيد جدا
⭐⭐⭐ متوسط
⭐⭐ ليست سيئة
⭐ سيء
☰ المزيد
⭐ أضف الی مجموعتي
💬 اعطي رأيک بهذا المقال!

✍️ تأريخ السجل
🏷️ Metadata
RSS

📷 أبحث علی صورة السجل المختار في گوگل
🔎 أبحث علی سجل المختار في گوگل
✍️✍️ تعديل السجل

بیرەوەریەکانی مستەفا چاوڕەش
خوشک و برایانی بەڕێز، ئه و هاوڕێ بەڕێزانەی کە چەندین ساڵ لە خزمەتی نیشتماندا پێکەوە بووین، زۆر دەمێکە بیرم کردووەتەوە بیروەرییەکانی ژیانم بنووسمەوە و بیانخەمە بەردەستی بەڕێزتان. دیارە هەر ساڵه و شتێک هاتووەتە پێشەوه و سەرکەوتوو نەبووم. زۆر لە هەڤاڵەکانم داوام لێدەکەن بۆ نووسینەوەیان، زۆریش بەڵێنم دانێ ئەمڕۆ نا سبەی دەست پێبکەم، بەڵام هەر بۆم نەکرا و جێبەجێ نەبوو. ئێستا تازەبەتازە بڕیارم داوە ئەوەی لە ژیانی خۆمدا دیومه و بەسەر خۆم و کەسوکارم و هاوڕێکانم هاتووه، بیخەمە بەردەستی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست. ئەمەش بۆ دەوڵەمەندکردنی نووسینەوەی ئه و هەڤاڵانەی پێش من بیرەوەرییە کانی خۆیانیان نووسیوەتەوه، بۆ ئەوەی بچێتە سەر خەرمانی خەباتی میللەتە کەم. بڕوا بکەن زیاتر لە دە ساڵ دەبێ هەر بەڵێنیان پێئەدەم. جارجارە کە ئەمبیننەوە، گلەییم لێدەکەن. منیش هەرجارەی بیانوویەکم هێناوەتەوە، بەڵام هەر پێم وتوون ئه و بەڵێنەی داومە، جێبەجێی دەکەم و دەیبەمە سەر. ڕەنگە تۆزێکیش تەمەڵیی خۆمی تێدا بووبێ. به هەرحاڵ، دەست له دەست و قوەت لە خوا دەستم بە نووسینەوەیان کرد.
دیارە هەر کەسێک هەر شتێک بنووسێتەوە، پێی خۆشە لە هی هەموو کەسێک باشتر و دەوڵەمەندتر بێ، بۆ ئەوەی هەر کەسێک کە دەیخوێنێتەوه، حەقی خۆی بداتێ، ڕەحمەتی بۆ بنێرن و گلەیی لێنەکەن. نووسینە وەی ڕاستییە کان خزمەت بە خۆت و میللەتە کەت دەکەن، ئیتر هەر شتێک تۆمار بکەی، تا هەر هیچ نەبێ، چەند هاوڕێیەک کە لە ژیاندا ماون، بڵێن ڕاستە یان بە پێچەوانەوە. لێرەدا دەمەوێ بڵێم ویژدانی خۆم ئازار نادەم غەدر لە هیچ هاوڕێیەکم بکەم. مێژووش هەروا نووسراوەتەوە. بەندە پەنجا ساڵێک لە ڕیزی حیزبایەتی و تێکۆشاندا بووم. پێش ئەوەی من یادەوەرەییەکان بنووسمەوە و باسی ڕووداوەکان بکەم، گەلەکەم شاهیدن و دەمناسن؛ شارەکەم و شارەکانی تر و خەڵکی دەرەوە شاهیدن، چونکی لە ژیانی خەباتگێڕی و تێکۆشاندا بە زۆر کووچە و کۆڵان و شار و گونددا تێپەڕم کردووە. شتێک نییە شارا وە یان هەڵبەستراو بێ. هەڤاڵەکانم کە ئیشم لەگەڵ کردوون و بەشێکی خەڵکی کوردستان ئاگاداری خەباتی منن و هەڵسەنگاندنی خۆیان هەیە. ئەوەی ئەتەوێ بینووسی، یان بیڵیت، دەبێت پێش هەر کەسێکی تر جێی ڕەزامەندیی خۆت بێت.
من ڕێزی زۆرم هەیە بۆ هەموو ئه و هەڤاڵە تێکۆشەرانەی پێش خۆم بیرەوەرییە کانیان نووسیوەتەوە و دەستخۆشییان لێدەکەم. چونکی تەنیا ژیان و خەباتی خۆت نانووسیتەوە و تەنیا موڵکی خۆت نییە، هی میلەتەکە تە. هەرچییەک بنووسیتەو ە، لە سەرت ماڵە و دەبێ ورد بیت لە نووسینەوەیدا، غەدر لە کەس نەکەیت و بە شانوباڵی کەسدا هەڵنەدەیت. هەر کەسەش خۆی بەرپرسیارە بەرامبەر بە مێژوو، بەرامبەر بە خوێنی شەهیدەکانی و هاوڕێ و کەسوکاری، کە لە مەیدانی خەباتدا گیانی خۆیان بەخت کردووه و مەیدانیان بۆ بەجێ هێشتووه، تۆش دەبێت لە دێڕی یەکەمییەوە تاکو کۆتایی بیرەوەرییە کان ڕاستگۆ بیت.
بڕوا بکەن بەشێک لە درەنگکەوتنم لە نووسینەوەی بیروەرییەکانم تەنیا تەمەڵی نەبوو، بەڵکو زۆر شتی تریش ڕێگر بوون. چ لە پێش دەستپێکردنی شۆڕشی نوێ و دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چ دواتریش زۆر بەرپرسیارێتی و مەسئوولیاتم هەبووە. به و پێیەش چەندین نامەی هەڤاڵانم بۆ هاتووە. بەشێک لە نامەی هەڤاڵەکانم لە چەند قۆناغێکدا فەوتان، وەک نامەکانی جەنابی مام جەلال، کاک نەوشیروان مستەفا، کاک ڕەسوڵ مامەند، ناوەندی کۆمەڵە، کاک سالار عەزیز، مەلا بەختیار، کاک ملازم عومەر و هەموو کاکەکانی تر. هۆی یەکەم: هەندێکم ناردەوە بۆ سلێمانی، بەڵیێنیان دامێ بۆم هەڵبگرن، بەداخەوە لەبەر دڕ ندەیی ڕژێم کەسوکارەکەم نامەکانیان لەگەڵ چەندین وێنەدا سوتاند. هەندێک لە وێنەکان کە هی قۆناغی منداڵی بوون و پاراستبووم. ئەگەر نەفەوتانایە و لەگەڵ ئه و هەموو نامانەدا بمانایە، خەرمانێکی گەورە دەبوون بۆ ڕاستیی نووسینە وەکەم. هۆی دووەم: کاتێک لە سیروان به دەسکیسەی ڕژێم ژەهرخوارد کراین، هەرچیم هەبوو لە ماڵەکەدا، بە نووسینەکانیشەوە، جارێکی تر فەوتان و نەمزانی چییان لێهات. ژەهرخواردنەکە جگە لەوەی بووە هۆی شەهیدبوونی دایکم و کاک بێستون مەلا عومەر و سەریعەی مەلا موحەرەمی مەرگە، بووە هۆی بەشێکی تر لە نامەی هەڤاڵەکانم، بەتایبەت سەرکردایەتی، لەناو بچن. هۆی سێیەم: لە قۆناغەکانی تردا و دوای ساڵی 1996 به دواوه بەشێکی تریش فەوتان، . ئیتر نەمدەویست شتێک بنووسمەوە پشتیوانیی لەگەڵدا نەبێ، هەرواشی لێهات. ئەوەی دەیڵێمەوە، وەک حیکایەتێک وایە. زۆر داوای لێبوردن دەکەم بۆ کەموکووڕییەکان. هیچ شتێک لەم دنیایەدا بێکەموکووڕی نابێ. هەڵەکانی ئەم نووسینە دەگەڕێتەوە بۆ خۆم. هەر لێرەشەوە داوای لێبوردن لە هەموو ئه و هەڤاڵانە دەکەم ئەگەر ناویانم لەبیر چووبێت، یان شتێکم باس کردبێت و ناویانم نەهێنابێ. گرنگ ئەوەیە ئەوەی دەیخەمە بەردەستی بەڕێزتان، بۆ خزمەتی خەباتی میللەتە کەمە. دژی هیچ کەسێک نییە، تەنها بۆ دەرخستنی ڕاستیی ڕووداوەکانە، تەنها دژی داگیرکەرانی کوردستان و خائین و خۆفرۆشانە، ئەوانەی لە خزمەت ڕژێمدا بوون. دیارە ڕاستییەکانیش بەم نووسینەوەیەی من و دوای منیش تەواو نابێ. دەیان کار و شتی تازە دێتە پێشەوه، خەڵکی تریش دەتوانن بینووسنەوە و هەقی خۆیانە، مێژوو بەم چەند دێڕەی من کۆتایی نایەت و بەردەوامە، کاروان لە ڕەوتایە و بەره و پێشەوەیە. تەنها هیوام ئەوەیە بەم نووسینەوەیەم خەباتی میللەتە کەم نەشێوێنم و غەدر لە هەڤاڵە خۆشەویستەکانم نەکەم، کە لە کاروانی خەباتدا شەهید بوون، چونکی ئەوەی ئێمە ڕەنجی ئەوانی زۆر تێدایە، ئەوان ئەم ئەمانەتەیان بۆ ئێمە بەجێ هێشتووە، کە هێشتا لە ژیاندا ماوین.
تەمەن و ژیانی من بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی کردووه. ئەوەی لەبیرم بێ، وەک لاوێک لە ساڵی 1962دا چوومە تە ڕیزی حیزبایەتی. لاوێکی تەمەن 16 ساڵ بووم، لە ژیان و سیاسەتیشدا کەمئەزموون بووم، بەڵام تاکو ئەمڕۆ بۆ چرکەساتێک لە خەبات دوا نەکەوتووم. خەباتی من له و کاتەوە دەست پێدەکات، کە لە یەکێتیی قوتابیانی عێراقدا بووم حیزبی شیوعی. ئیتر دەبێ بیهێنمەوە بەرچاوی خۆم و خەیاڵی خۆم، چونکی وەک لە پێشەوە وتم، هەموو شتەکان فەوتان. دیارە لە تەمەنی پەنجا ساڵ خەباتدا بیرەوەرییەکان بێکەموکوڕی و بیرچوونەوە نابن. ئەم تەمەنەش هی لەبیرچوونەوەیه. خوا بکات تاکو تەواوی دەکەم، کەڵکی ئەوەم پێوە مابێ شتە گرنگەکانم لەبیر نەچێتەوە. لەم ئەم ڕۆژگارەدا و بەم هەموو بەسەرهات و چوون و هاتنەوە زۆر زەحمەتە بتوانیت لە سەداسەد وێنەیەکی تەواو بهۆنیتەوە بۆ ئەوەی کە دەیڵێیت. بۆ کەسێک ئەرشیفەکەی لەناو چووبێت، زۆر زەحمەتە ڕۆژ و مانگ و سەعاتی لەبیر بێ. ئه و جانتایەی ناردمەوە بۆ سلێمانی بۆم هەڵبگرن، سەدان وێنەی تێدا بوو کە ئەگەر بمانایە، بۆ ئێستا سامانێکی گەورەبوو، چ بۆ خۆم چ بۆ مێژووی میللەتە کەم. ئیتر کە هەڵەت کرد، دەبێ ئەنجام هەرچی بێت، قبوڵی بکەیت.
دوای ڕاپەرینی ساڵی 1991 هاتینەوە ناو شار. چووم بۆ ماڵی هەندێک له و خزمانەم، کە جێگەی بڕوا بوون. وا هەستم دەکرد دایکم شتی لا دانابن و بۆیان شاردبێتەوە، دەموت دایکم هیچی لا دانەناون؟ دیارە وەڵام هەر ئەوه بوو کە نەخێر، ئه و کەسانەش کە شتیان لا دانرابوو، نەدە چوونە ژێری، لەبەر ئەوەی سوتاندبوویان. هەر یەکێک دەیوت شتێکی لامە. دیارە مەبەستی من شتی ناوماڵ نەبوو، مەبەستم ئه و دەستمایە و سامانەم بوو، کە لە نامە و وێنەکاندا بوو و هەموویان فەوتان. هەموو کاتێک کە بیرم دەکەوێتەوە، داخی بۆ دەخۆم و دەڵێم ئه و هەڵە گەورەیە چی بوو؟ بۆ لای ئه و خوشکەم دامنان؟. خۆ ئەگەر له لای کەسێکی دەرەوه بووایە، مەبەستم خەڵکی لادێکانە، بە چاو و گیانی خۆیان دەیانپاراست. لە سەرێکی تریشەوە ناتوانم گلەیی بکەم، هەموومان ڕژێمی بەعس و ڕژێمی دیکتاتۆرەکەی سەددام حسێن دەناسین. چی نەما بە میللەتە کەی نەکەن، لە کوشتن و بڕین و ماڵوێرانکردنەوە هەتا تیربارانکردنی کوڕەکانیان بە بەرچاوی خۆیانەوە و دەیان و هەزاران تاوانی تر؟ بۆیە ناتوانم تەنها وشەیەک لەسەر ئەوە بە کەس بڵێم. ئیتر کە هاتمە سەر نووسینەوەی ئەم تەمەنەی خەبات و ئەم شۆڕشە، پێش هەموو شتێک بڕیارم دا لە ڕاستی لا نەدەم و ئەوەی بە بیرم هاتەوە، بە هێمنی بینووسم.
زۆر داوای لێبوردن لە خوێنەران دەکەم، کە هەندێک شت هەیە نانووسرێ؛ ڕاستە بیرەوەرییە و هی خەبات و پێشمەرگایەتی و قۆناغی منداڵییە لە شاری سلێمانی، بەڵام هەر ناوترێ. خۆتان دەزانن مەبەستم لە چییە، چونکی له و هەموو ساڵەی ئیشکردن بە چەندین قۆناغدا گوزەرمان کردووه، زۆر شتمان بینیووە و زۆرمان کردووه. مەبەستەکەش بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان بووه، شتێکی تایبەتی یان شەخسیی لە پێشەوە نەبووە. لە ماوەی لێپرسراویەتیمدا لە هەر جێگەیەک درێغیم نەکردووە بۆ سەرخستنی ئامانج و هیوای گەل. من کێشەی موڵک و بەراو و توتنم لەگەڵ کەس نەبووه. هەر لە تەمەنی شانزە ساڵییە وە کە چوومەتە ڕێزی حیزبی شیوعییەوە، زۆر بە جیدی ئیشم کردووه، لە پاش ئەوەش بەهەمان شێوە و لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکاندا ئیشارەتی پێدەدەم. بیرەوەرییە کان خۆیان دەدوێن و شاهیدیم بۆ دەدەن، خەڵکی کوردستان خۆیان پێش خوێندنەوەی شاهیدی ڕاستییە کانن. مەگەر هەر خۆم و ئەوانەی ئیشم لەگەڵ کردوون، بزانن چیمان کردووە، ئەمە ئەگەر مێژوو ویژدانی هەبێ و غەدر لە کەس نەکات، یان هەڤاڵەکانی لە سەروو خۆتەوە غەدرت لێنەکەن.
خەبات دوای ئێمەش زۆری ماوه، کێشەکانمان زۆریان چارەسەر نەکراون. ئەوەی بە دڵسۆزی کردوومە، بە شەرەفێکی گەورەی دەزانم بۆ خزمەتی میللەت و داهاتووش تاکو ئەوەندەی ئیمکان بێ و بتوانم، هەر نەبێ لەبەر خاتری خوێنی شەهیدە هاوڕێکانم و میللەتەکەم درێغی نەکەم. رەنگە ئێوەش پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە کەموکورتی بەدی بکەن کە لای منەوە بێت، یان شتێکتان بۆ ڕوون ببێتەوه. پێشتر خەڵک نووسیوویانە، بەوەی منیش تەواو نابێ، دوای ئەوەش دەیان و سەدان خەڵکی دڵسۆز هەن ڕاستییە کان بڵێن و نەیشێوێنن. بەڕێزتان فەرموون بە خوێندنەوەی ئەوەی خۆم کردوومە و بەشدار بووم تێیدا. جارێکی تریش سەرم بۆ هەموو شەهیدانی کوردستان نەوی دەکەم.

قۆناغی منداڵی

لام باشە لێرەوە دەست پێبکەم. ئەوەندەی لەبیرم ماوە، لە سەروبەندای شۆڕشی چواردەی گەلاوێژدا خەڵکی عێراق و کوردستانیش زیاتر هۆشیار بوونەوه. له و سەردەمەدا هەموو خەڵکی ملیان لە سیاسەت دەدا و هەر کەسەش بە مەیلی خۆی ڕێگەی خۆی هەڵدەبژارد، بەتایبەت گەورەکان. منیش وەک بنەماڵە لە پێش چواردەی گەلاوێژ و بەدواوەش کەسوکارەکانم گەورەکان شیوعی بوون، بەتایبەت خاڵێکم بە ناوی (حەمەئەمین حسێن). ئەمەم بە حوکمی ئەوە لەبیرە، کە پێکەوە لە ماڵێکدا دەژیاین. لە سەردەمی مەلیک فەیسەڵ ساڵی 1956 قوتابیی بووم لە پۆلی سێیەمی سەرەتایی. خوا لێی خۆشبێ شێخ مەحموود و مەلیک فەیسەڵ هاتن بۆ سلێمانی. لە قوتابخانەوە ئێمەیان برد و جلی خاکییان لەبەر کردین، پێیان دەوت کەشافە. لە سەروو پۆلی خۆمانەوە له بەردەم باخی گشتیی سلێمانی ڕیزیان کردین. ئێستاش هەروەک خۆی ماوە و بەرامبەر ئوتێل سلێمانی پاڵاسە، ئەوسا دائیرەی ئینحیساری تووتنی سلێمانی بوو، لەولاشەوە هیچ خانوویەکی تری لێنەبوو، لە خوار ئەویشەوە سانەویی سلێمانی بوو، ئه و کاتە گەڕەکی عەقاری نەبوو. لەولاترەوە شار هەمووی دەشتایی بوو، پێیان دەوت دەشتی تەیارەخانەکه، چونکی ئەگەر جارجارە تەیارەیەکی بچووک یان هالیکۆپتەر بهاتایە، لەوێ دەنیشتەوە. من شاری سلێمانی و ئه و جێگەیەم به و شێوەیە بینیووه.

ماڵمان لە گەڕەکی سابوونکەران بوو لەسەر جادەکە. ئه و ماڵەی کە تێدا بووین، دوو دەرگای هەبوو، دەرگایەکمان لەسەر جادەکە بوو، دەرگاکەی تریش نزیک مزگەوتی حاجی شێخ ئەمین بوو، باوکی بەڕێز قازیی سلێمانی شێخ محەمەدی خاڵ کە پیاوێکی بەڕێز بوو و لە بنەماڵەیەکی دینی بوو، ماڵیان ئاخر ماڵی سلێمانی بوو، پشتی ماڵیان دەشتایی بوو. دوایی بوو بە قوتابخانە و منداڵی گەڕەک لەوێ یاریمان دەکرد، هەندێک گامێشی لێبوو، توڕەمان دەکردن، ڕاویان دەناین، لامان ئازایەتی بوو.

شەقامی سابوونکەران بە ماڵی خوالێخۆشبوو ڕەشید کەریم هەیەری قەساب کۆتایی دەهات. زۆر جار منداڵەکانی گەڕەک لە حەوشە گەورەکەی ماڵی ئێمە کۆدەبووینەوە و پێکەوە یاریمان دەکرد. من بووم، نەوزاد و ئازاد کە دوو برا بوون و هاوتەمەن بووین، محەمەدی حاجی عەبدوڵڵا، حسێن حاجی عەبدوڵڵا، ئەکرەمی پوورزام و مەحموود کاکە جەمال. حەوشەکەمان گەورە بوو، لەم دەرگا ڕامان دەکرد و له و دەرگا دەهاتینە دەرەوە. له و سەردەمەدا تەمەنی منداڵی ساده و خۆش بوو، وەک ئێستا نەبوو ئەم هەموو شتە پێشکەوتووانە هەبێ.

بە حوکمی ئەوەی لای نەنکم (دایکی دایکم) گەورە بووم، کە لە قوتابخانە دەهاتمەوە، دەبوایە بچوومایە بۆ لای خاڵەکانم. هەردووکیان خەیات بوون، من شاگردیان بووم. دوایی کە دوکان هەڵدەگیرا، بوغچەیەک شەوکارم دەبردەوە بۆ ماڵیان و دوایی دەهاتمەوە بۆ ماڵەوه. ئیتر مانگ بە مانگ و ساڵ بە ساڵ تەمەن هەڵکشا، من و مەکتەب و شاگردی بەردەوام بووین.

منداڵ بووم، نازانم چووبوومە قوتابخانەی سەرەتایی یان نا، ماڵی پوورزاکانمان لە کەرکووک بوون، لەگەڵ خاڵم چووبووین بۆ سەردانیان. لەوسەرەوە بە پاس گەڕاینەوە بۆ سلێمانی. خاڵم لەناو پاسەکەدا شتێکی خستە گیرفانی کراسەکەمەوە و وتی سنگ بنێ بە کورسییەکەی پێشەوه. منیش نەمدەزانی چییه. دیار بوو بەیانی حیزبی شیوعی بوو، چونکی خۆی شیوعی بوو. لەبەر پشکنین دای بە من. کە هاتینەوە سلێمانی، دەریهێنا. هەروەک وتم، خاڵم شیوعی بوو، لە ساڵی 1955 – 1956 لە سلێمانی سجن کرا. له بیرمە لەگەڵ دایکم چووم بۆ لای لە سجنی سەرەوەی سلێمانی، کە ئێستا بووە بە پارکی دایک. وەک لەبیرم بێت، ئەم کەسانە لەگەڵ خاڵم سجن بوون: 1- حەمەی حەمە جۆڵا 2- عەلی بۆسکانی 3- سەعید ناکام 4- ئەحمەد موەزمید 5- سابیر پێیان ئەوت سابیرە لووته، دوایی بوو بە ئەمن، بەڵام ئه و کاتە لەسەر شیوعییەت گیرابوو، ئەوانەی ناوم نووسیوون، خوا لێیان خۆش بێت کەسیان نەماون.

لە هاویناندا لای مێردی پوورم وەستا حەمە ئەمینی بەنا و کوڕی پوورم وەستا محەمەد کرێکاریم دەکرد. به و منداڵییە لە سێ مانگی پشووی هاویندا شتێکم بۆ خوێندن پاشەکەوت دەکرد، ئەگەرچی بەشی پێویستییەکانی نەدەکرد. خزمەکانم دەستیان پێمەوە بوو، بەتایبەت نەنکم و پوورم و دایکم. ئەمە ژیانی ئه و سەردەمە بوو. ئێستاش جارجارە قسە بۆ منداڵەکانی خۆم دەکەم، دەڵێم من خۆم به و شێوەیە دروست کردووە و کارم کردووه. تەمەنم دوانزە ساڵان بوو کرێکاریم دەکرد. لە بیرمە شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ بوو، من ئه و ڕۆژە کرێکاریم دەکرد و لە مزگەوتەکەی ئابڵاخ ئیشم دەکرد، ئێوارەکەی زانیمان شۆڕش بووە. ئه و ساڵەشم لەبیرە کە شێخ مەحموودی حەفید وەفاتی کرد. شەوەکەی تەرمەکەی گەیشتەوە سلێمانی. ئه و کاتە تەمەنم دە ساڵ بوو. لەگەڵ عەبدوڵڵا حاجی حەمە سەعید خەراجیانی خاڵی شەهید سەلاح موهندیس پێکەوە چووین بۆ پێشوازیی تەرمەکەی. کاک عەبدوڵڵا ئێستا مامۆستایە، ڕەنگە خانەنشین بووبێ یان بەڕێوەبەری قوتابخانە بێت. لە جادەی گۆرانی ئێستا، کە ئەوسا شەقامێکی باریک بوو و نەکرابوو بە شەقام، هاتینە خوارەوه. گەیشتینە بەردەرکی سەرا، لای فولکەکە تەنیشت دەرگای سەرەکیی سەرا کە ئینزباتخانەی عەسکەری بوو. خەڵکی شاری سلێمانی لە هەموو لایەکەوە خرۆشابوون، بۆ پێشوازیی لە شێخی نەمر دەستەدەسته و تاک و کۆمەڵ دەڕۆیشتین بەره و مزگەوتی گەوره، له و کاتەدا کە ئێمە گەیشتینە لای بەردەرکی سەرا، خەڵکێکی زۆر بەره و جادەی پیرەمێرد و بەره و سجنی سەرەوە دەڕۆیشتن و هاواریان دەکرد چیتان دەوێت ئەی میللەت؟ وەڵام دەدرایەوە بەربوونی شێخ لەتیف. دیار بوو ئه و کاتە شێخ لەتیف لە سجنی سەرەوە بەند بوو. لە پێشەوەش باسم کردووە سجنی سەرەوە ئەوپەڕی سلێمانی بوو. لە کاتی هوتافکێشاندا هاوار هاواری بەربوونی شێخ لەتیف بوو. لە پڕێکدا بوو به تەقە و دەستڕێژی گولله. پێشتر گوێم لە تەقە نەبووبوو. زۆر ترسام، لەگەڵ کاک عەبدوڵڵا بە ترسەوە بەره و ماڵەوە هەڵکشاینە وه. لە کوێوە هاتبووین، لەوێوە گەڕاینە وە. تەقە هەر بەردەوام بوو. ئه و کاتە وتیان تەرمی شێخی نەمریش گوللەی بەرکەوتووە. بەیانی زانیمان له و خۆپیشاندانەدا ئەختەری خێزانی خوالێخۆشبوو ڕەشۆڵ عەبدوڵڵا شەهید بووە. ئێستاش وەک ئه و ڕۆژە لە بیرمە. بەیانی وتیان خەڵکی تریش شەهید بووە و خەڵکیشیان گرتووە. ئه و کاتە سەردەمی مەلیک فەیسەڵ بوو و عومەر عەلی پارێزگاری سلێمانی بوو. من خۆم چەند جار عومەر عەلیم بینیووە. جارێکیان هات بۆ قوتابخانەکەمان. ئه و کاتە لە سەرەتایی بووم لە قوتابخانەی مەڵکەندی کە لە گەڕەکی مەسیحییەکان بوو. منیان وەک منداڵێکی پاکوخاوێن بانگ کرد بۆ ژووری بەڕێوەبەر. بەڕێوەبەر و مامۆستاکانیش لەوێ بوون. لەسەر سینییە ک نوقڵەکەم گێڕا بۆ عومەر عەلی کە پارێزگار بوو.

لەبیریشمە ساڵی 1957 کە لافاوی سلێمانی بوو، ئه و ڕۆژە لە ئامادەیی سلێمانی بووم. یاری هەبوو، منیش حەزم لە یاری بوو، چووبووین بۆ سەیری. له کاتی یارییەکەدا پەڵەهەورێکی ڕەشی هێنا و باران دایکرد. بە شەقامی مەولەویدا بەره و ماڵەوە دەڕۆیشتم، ئیتر کە گەیشتمە ناوەڕاستی شەقامی مەولەوی، باران و لافاو بواری نەدا، شەقامەکە ئەمبەروئەوبەری پێدا نەدەکرا. لە نزیک قاڵدرمەکانی ئێستا و لای دوکانی مەدهوشی خەیات بینایەکی تۆزێک بەرزی لێبوو، بە چەند پلیکانەیەک سەرکەوتم، ئیتر نازانم کوێ بوو، وابزانم دائیرەی کشتوکاڵ بوو، زۆر باش لەبیرم نییە. لافاو هاتە خوارەوه. بە چاوی خۆم بینیم سەیارەی دەهێنا، چەند سەیارەیەکم بینی. ئاو چووە هەموو دوکانەکانەوە. خێراییەکەی ئەوەندە بەهێز بوو، کەس ئەمبەر وئەوبەری بۆ نەدەکرا، پاش ماوەیەک باران وەستایەوە. خەڵکی کەوتنە جموجۆڵ، منیش بەره و ماڵەوە گەڕامەوه. ڕۆژ بەره و تاریکی ڕۆیشت. شەوێ لە ماڵی خۆمان گوێمان لێبوو ئۆتۆمبێل دەگەڕا و بە بڵندگۆ هاواری دەکرد و ئەیوت بۆ خەڵکی لێقەوماو: (ئەوەی ماڵوێرانە، ڕوو بکاتە خەستەخانه). دیار بوو خەڵکێکی زۆر لە شاری سلێمانی و گەنج و لاو پیر و منداڵ بوونە قوربانیی ئه و لافاوه و زەرەرێکی یەکجار زۆری گەیاند بە ماڵ و حاڵ و دوکانی خەڵکی. خاڵەکانم لە قەیسەریی وەسمان پاشا خەیات بوون، قەیسەرییەکەش نزم بوو و ئاوی تێچووبوو، شتەکانی ناو دوکانەکان خراپ بووبوون. فەردە شەکر و هەنار و ئه و شتە قورسانەم دەبینی، کە لافاوەکە هێنابوویە ناو قەیسەرییەکەوە، ئه و کاتە وەک ئێستا نەبوو، هیچ ڕاگرییەکی ئاو نەبوو، ئێستاش جارجارە ئه و کێشەیە هەر هەیە لەگەڵ ئەوەی زێرابی سندوقی دروست کراوە.

ساڵ بە ساڵ سەرەتاییمان تەواو کرد. له و سەروبەندەدا بەتایبەت پاش شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ، هەموو شتێک خۆی دەرخست، پێم باشە کەمێک باسی فوتبۆڵێن بکەم. هەر گەڕەکە و تیپی خۆی هەبوو، تیپەکەش ناوی هەبوو. ئێمەش لە سابوونکەران، پاش قۆناغی منداڵی و تۆپی پەڕۆ و چەرم، بە حوکمی تەمەنمان خۆمان لە تیپی دووەمی هێرش بینییە وە. تیپی یەکەم ئه و برا گەورانە بوون، کە لە تەمەن و باڵاشدا لە ئێمە گەورەتر بوون. مەیدانی فوتبۆڵێنەکەمان خەستەخانەی شیرەکەی ئێستا بوو. ئەوێ کرا بە بینا بۆ خەستەخانه، چووینە مەیدانێکی تر دارالطلبە کە لەسەر ئیبراهیم پاشای ئێستا بوو ئەوسا پێیان دەوت سەدەکه. ئه و کاتە شەقام نەبوو، کە زستانان باراناو دەهات، لەوێدا کۆدەبووەوە و دەچووە خوارەوە بەره و لای گردی سەیوان و سەرکارێز و خواری سلێمانی. مەیدانی تۆپتۆپێنمان لەوێ بوو. لە تیپی یەکەم هەندێک ناوم لەبیره، داوای لێبوردنیش دەکەم ناوی هەندێکی تری ئه و برا بەڕێزانەم بیر نەماوە.

تیپی یەکەمی هێرش و سەرۆکی تیپەکە خوالێخۆشبوو 1- کەریم حاجی فەرەج ئاغا بوو. 2- نەجمەدین شێخ نیزامەدین. 3- عوسمان سابوونچی. 4- وەستا ساڵح سووری بەنا. 5- تەیمووری ساحێبقران. 6- عەبدولڕەحمان. 7- قادری حاجی فەرەج ئاغا و چەندینی تر. تیپی دووەمیش کە لە تیپی یەکەم منداڵتر بووین و ئەم بەڕێزانە بوون: 1- خۆم. وێنەی ئه و سەردەمەشم لایە ساڵی 1959 لەگەڵ پاشکۆی ئەم بیرەوەرییە دا بڵاوی دەکەمەوە بە ناوەکانیشەوە، کە لە وێنەکەدا هەن. 2- عەلی مەلا تاهیر (وەفاتی کردووه) زابت بوو. 3- سیروان خەفاف (وەفاتی کردووە). 4- ماجید ساحێبقران (وەفاتی کردووه). 5- فەرەیدوون زەنگەنە (وەفاتی کردووه)، برای بەڕێز شەوکەت دانساز. 6- ڕەفیقی خەلفە فەرەج کەبابچی (وەفاتی کردووه). 7- ئەکرەم حەپسە لە موسڵ لە ڕۆژی (10/12/1980) لە سێدارە درا. 8- هەڵگورد عارف (وەفاتی کردووه) کە دواتر سەرۆکی یانەی سلێمانی بوو، 9- غەفوور شێخ مەحموود نانەوا (شوکر ماوه). 10- عەبدولی برای حاجی محەمەد حەوایی (شوکر ماوه). 11- ساڵح حەمە ئەمین موزەمید (شوکر ئەویش ماوه و ئێستا خانەنشینە) 12- عەلی مەعسووم، کە بوو بە باشترین یاریزانی سلێمانی و تیپی یەکەمی هێرش، کاتی خۆی لەگەڵ تیپەکەی ئێمە بوو. ئەوکاتەش گەڕەکاوگەڕەک یاری دەکرا.

جارێکیان لەگەڵ تیپی یەکەمی هێرش بۆ یاریکردن چووین بۆ هەڵەبجە. لەبەر ئەوەی یاریزانێکمان کەم بوو، منیان لە تیپی یەکەم داخڵ کرد. له کاتی یاریکردندا یەکێک لە هاوڕێکانم بە ناوی عەبدول وتی چاوڕەش تێی هەڵدە. ئیتر کە یاری تەواو بوو، منداڵی هەڵەبجە بە چاوڕەش چاوڕەش دوام کەوتن. لە دواییدا چاوڕەش بوو بە نازناو بۆم. ئێستاش لە هەر جێگەیەک تاکو نەڵێیت مستەفا چاوڕەش، کەس نامناسێت. لەڕاستیشدا ناو چاوم قاوەییە و برۆ و برژانم ڕەشە.

ئه و سەردەمە هەموو کەسێک سەیارەی نەبوو. تەنها کەسانێک و هەندێک خانەوادە هەیانبوو، کە توانایان باش بوو. چەند جارێک کە لە گەڕەکی سابوونکەرانەوە دەڕۆیشتین بۆ فوتبۆڵێن و یاریی گەڕەکاوگەڕەک لە مەیدانی سانەوییەی سلێمانی، دوو عەرەبانە یان سێ عەرەبانەی دووئەسپیمان دەگرت. سەرەکەی موشەما بوو، هەڵمان دەدایەوە و بە سێ ڕیز دادەنیشتین. هەموو ئەندامانی تیپەکه و ڕیزێک له لای عەرەبانچێکە، دوو ڕیزیش لە دواوە، بە شەقامی مەولەویدا دەڕۆیشتین. ئه و سەردەمە تاکسی نەبوو. لە دوای یاریش ئەگەر براوه بووینایە، عەرەبانەمان دەگرت و بەهەمان ڕێگەدا بە چەپڵەڕێزان و خۆشی دەهاتینەوە بۆ گەڕەکی خۆمان.

ئه و سەردەمە ژیان زۆر ساده و ئاسایی بوو. بڕوا بکەن شەقامی مەولەوی لە ئێستا جوانتر و پاکتر بوو. هەموو گەڕەکەکان تیپی خۆیان هەبوو، ناوی هەندێک لە تیپەکانم لەبیرە: 1- تیپی ئەزمڕ 2- تیپی هێرش، کە هی سابوونکەران بوو 3- تیپی ئاسۆ 4- تیپی جوانڕۆ 5- تیپی دەرسیم 6- تیپی چوارباخ 7- نەغەدە 8- مەڵکەندی و هی تر. هەر تیپەش قارەمانی خۆی هەبوو. گەڕەکاوگەڕەک یاری دەکرا و ئێستاش هەر ماوە، بەڵام بە چوونەپێشەوەی دنیا و پێویستییەکان ئەویش چووەتە قۆناغی پێشترەوە، هەندێک جاریش سیاسەت لە تیپ و گەڕەکاندا ڕەنگی دەدایەوە. ئه و کاتەش هەر لە خوێندن بەردەوام بووم.

پاش شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ وردەوردە ملەقوتێی سیاسەت وای کرد خەڵکی چاوی بکرێتەوە. منیش وەک هەموو کەسێکی تر و لە بنەماڵەیەکی ئه و سەردەمەی شیوعیدا چاوم کردبووەوە. لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمووز ڕۆژانە یان ناوبەناو ئاهەنگ دەگێڕدرا و هەر جارەی بە ناوی شتێکی تازەوە ڕێک دەخرا بۆ پاڵپشتیی شۆڕش. حیزبەکان ئاشکرا بوون، مۆڵەتیان وەرگرت و بارەگاکانیان لە سلێمانی کرایەوە. هەر له و سەردەمەدا بە چاوی خۆم بینم هەندێک تێکۆشەر کە لە زەمانی نووری سەعیدی سەرۆکوەزیرانی پێشوودا گیرابوون، پاش شۆڕشی گەلاوێژ بەربوون. خەڵکی سلێمانی ڕۆیشتن بە پیریانەوە، بەتایبەت شیوعییەکان. ئازادکراوەکان لەسەر پیکابێک بوون و خەڵکی لە پێشوازییاندا بوون. من لەلای قوتابخانەی پیشەسازیی ئێستا لە شەقامی سالم بینیم. ئەوانەی لەسەر پیکابەکە بوون، وتیان مامۆستا بەهادین نووری و گۆرانی شاعیرن، من نازانم کێی تریان لەگەڵ بوو. شار خرۆشابوو، دەیانوت بەهادین نووری لە ئەشکەنجەداندا ئوتویان لەسەر پشتی داناوە. ئەوه بۆ هەستی نیشتمانی زۆر گرنگ بوو. لە دواییدا زەمانێک منیش چوومە ڕیزی حیزبەکەی مامۆستاوە و بووین بە هاوڕێی خەبات و ئاشنای یەکتر بووین. دوایی دێمەوە سەر ئەم باسە.

هەروەک وتم، هەر کەسه و ئازادانە حیزبی خۆی دۆزیەوه، یەکێک لە حیزبی شیوعی و یەکێکی تر لە پارتی دیموکراتی کوردستان. ئه و کاتەش هەر ئه و دوو حیزبە هەبوون و ناویان هەبوو. لە هەموو گەڕەکێک خەڵکی خۆیان هەبوو، بنکەیان هەبوو، بێجگە لە سەندیکای کرێکاران، تەندروستی و مامۆستایان، بارەگای قوتابیان، هەر کەسەش بۆ لای خۆی، منیش بە حوکمی ئەوەی مێردی پوورم وەستا حەمەئەمین و وەستا محەمەدی کوڕی کە هەردووکیان بەنا بوون، هەروەها خوالێخۆشبوو عومەری عەلی قەساب کە ئەویش خزممان بوو، سەرۆکی سەندیکای کرێکاران بوو، لەگەڵ ئەوەی تەمەنم منداڵ بوو، بەڵام هەر هاتوچۆم دەکردن. خۆشم بە بیروباوەڕ لەوانەوە نزیک بووم. هێشتا کاتی ئەوەم نەبوو بچمە حیزبەوه، له لایەکی تریشەوە خەریکی خوێندن بووم. منیش وەک هەموو کەسێکی تر وردەوردە چاوم کردەوه و هەستم بە هەندێک شت دەکرد. وەک ئێستا هەر حیزبه و ئەندام و لایەنگری خۆی هەبوو. هەستی سیاسیشم ئەوەندە نەبوو وەک پێویست درک بە شتەکان بکەم، چاوم لە کەسوکاری خۆم کرد، کە شیوعی بوون. نەمدەزانی قڕەقڕ و کێشەی شیوعییەکان و پارتی لە ساڵەکانی پەنجاونۆ بەدواوە لەسەر چییە. ساڵی پەنجاونۆ لە سانەویی سلێمانی شەڕ دروست بوو. برایەکی وەستا سەعید فەرەج بە ناوی حسێن لای فولکەی پاڵاس به دەستی کۆمەڵێک خوێندکار کە سەر بە پارتی بوون، شەهید کرا. شیوعییە کان بە ڕێپێوانێکی گەورە بردیان بۆ سەرقەبران، من خۆشم دوایان کەوتم تا ڕێپێوانەکە کۆتایی هات.

شیوعییەکان کە لە دەوری حکومەتی عەبدولکەریم قاسم بوون و جێگەی گرنگیان هەبوو و بارەگایان لە بەغدا بوو. کادێرە سەرەکییەکانی دیار بوون، بەڵام بێجگە لەوەی شیوعییە کان جێگەی گرنگیان به دەستەوە بوو، نەتەوەپەرستەکان و بەعسییەکان وردەوردە خەریکی کاری خۆیان بوون و سەریان لە عەبدولکەریم شێواندبوو، ڕۆژبەڕۆژیش دۆخەکە خراپتر دەبوو، حاڵیبوونی عەبدولکەریمیش لە مەسەلەی کورد و داواکانی بەره و ئاقاری خراپ هەنگاوی دەنا. لە بەرواری (11/9/1961) شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێکرد، هێزی پێشمەرگە ڕێگەی دەربەندی بازیان و دەربەندیخانیان گرت. حکومەتی قاسم بە تەیارە هێرشی کرد، کە یەکەمجار بوو دوای شۆڕشی تەممووز دژی گەلی کورد بەکاریان هێنا. هێزی پێشمەرگەیان لە دەربەندی بازیان و دەربەندیخان شکاند. شۆڕش بەردەوام پاشەکشەی دەکرد، چەندین پێشمەرگە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانه و بێڕەحمانە شەهید کران. بڵاوە له و جێگەیانە کرا و بۆ چەمی ڕێزان و جێگەکانی تر، وەک ماوەت و بەمۆ. لە بەشەکانی تردا بەرەکان و هێزەکان ڕێک خرانەوە. ئەمجارەش بە مەیدانی شۆڕش ڕاگەیەنرا. حکومەتی قاسم هەنگاوێکی نەنا بۆ داواکان و چارەسەرکردنیان. ئەوەی ڕاستی بێت، من وردەکاریی ئه و سەردەمە باش نازانم، بەڵام ڕۆژگارەکانم لەبیره و ئەوەندەی دیومە، دەیگێڕمەوە. شۆڕشەکە ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبوو و ئەچووە پێشەوە.

حیزبی شیوعی کە لەژێر پاڵەپەستۆی سۆڤێتدا لەگەڵ حوکمی عەبدولکەریم قاسمدا دۆست بوو، ئەم جووڵانەوەیەی پێ باش نەبوو. ئەگەرچی گرتن و ڕاونانی شیوعییە کان دەستی پێکردبوو، بەڵام شیوعییەکان لاوازبوونی قاسمیان پێ خراپ بوو و دەیانوت کاتی شۆڕش نییە. دەرەبەگەکان لەبەر دابەشکردنی زەوی ئەم جۆرە قسانەیان دەکرد، ئەمە دەوری یەکێتیی سۆڤێت لەولاوە بوەستێت کە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی ڕژێمی قاسمی دەکرد و کاریگەریی گەورەشی دانابوو لەسەر سەرکردایەتیی حیزبی شیوعیی عێراق، کە پشتیوانی قاسم بن و پشتیوانی لە شۆڕشی کورد نە کەن. بێگومان دەوری ئەم سیاسەتەش کەم نەبوو. حیزبی شیوعی نەیدەتوانی لە فەلەکی سۆڤێت بێتە دەرەوە، ئەگەر هەر شتێک بوایه، دەبوایە پرسیاری ئەوێیان بکردایە. نەیاندەتوانی لە قسەی سۆڤێت دەربچن. ئەگەرچی پڕتەوبۆڵەیەک دروست بووبوو، بەڵام کز بوو، تا وای لێهات گەورەترین زیانی بە شیوعییە کان و جووڵانەوەی نیشتمانییش گەیاند. ئەوەبوو بینیمان لە 8ی شوباتی 1963دا چی بەسەر قاسم و شیوعییە کانیش هات، که بووە بە مێژووی کوشتوبڕ هەر لە سەلام عادل کە سکرتێری حیزبی شیوعی بوو، تا دەیان ئەندامی لیژنەی ناوەندی و کادێر لە بەغدا وەک شەهید جەمال حەیدەری، ئەمە جگە لەوەی سەدان کادێر و ئەندامیان لە زیندانەکان توند کران و سەدانی تریشیان لێ شەهید کردن. قاسم و دارودەستەکەی قاسمیش لەولاوە بوەستێ، هۆی ئەمەش سیاسەتی هەڵە و چەوتی قاسم و شیوعییە کان بوو. من ئه و کاتە پاڵێوراوی حیزبی شیوعی بووم و ساڵی 1962 چووبوومە حیزبەوه.

وردەورده شۆڕشی کورد بە سەرکردایەتیی خوالێخۆشبوو بارزانی ڕێک خرایەوە و بە دەوری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان له و جێگەیانەی به دەستیانەوە بوو لە دێهاتەکان، بنکە و بارەگایان دانا. خەڵکیش ڕوویان کردە دەرەوە. پۆلیسە کوردەکانیش کە له مەخفەرە دووردەستەکان بوون، ناوبەناو مەخفەرەکانیان تەسلیم دەکرد و دەچوونە ناو شۆڕشەوە. هەندێکیشیان بە شەڕ دەستی بەسەردا گیرا. شۆڕش لە پشدەر، قەرەداغ، شارباژێڕ، بەمۆ و چەمی ڕێزان گەورە بوو. لە بادینان و هەولێریش ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەست بوون پێوەی. بێجگە لە خەڵکی عەشایەر و دێهاتەکان، خەڵکی خوێندەواریش کادێرەکان چوونە دەرەوه. ئیتر هەرجارە لە شوێنێک مەخفەر دەستی بەسەردا دەگیرا و شەڕی پارتیزانی دروست دەبوو. بەڕاستی پۆلیسەکانیش دەوریان هەبوو، دەتوانیت بڵێیت بە چەکی مەفخەرەکانیان شۆڕشیان دەوڵەمەند کرد و لەگەڵ شۆڕش هاوڕێ بوون. شۆڕش ڕوو لە هەڵچوون و گەورەبوون بوو. ئەم گەورەبوونەش لە بادینانەوە تاکو بەمۆ، کەموزۆر گرنگ بوو، بە چاو دەبینرا و دەبیسترا و باسی دەکرا. پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی بارزانی خاوەنی بوو. مەکتەبی سیاسیش لە مالومە و ماوەتی دڕی و شوێنەکانی تر بوو، به گوێرەی دۆخی خۆیان کە له و جێگەیانەدا پێویستیان پێبوو.

ناوبەناو شەڕ ڕووی دەدا، له بیرمە لەلای دیێ تەگەران لەسەر پردەکە گەورەترین شەڕ لەگەڵ حکومەت کرا. من سەیارە شکاوەکانی پۆلیسم بینی کە هێنایانەوە. له و شەڕەشدا پێشمەرگەی ئازا و سەرلقی ئه و کاتە حەمید کاوانی شەهید بوو. حیزبی شیوعیش نە ئەوەبوو دەستی لە حکومەتی قاسم بەربێت، نە حەزیشی لێبوو لە دژی شۆڕشی کورد به قسەی بکات. ئەوەش لە داهاتوودا زیانی لێدا و هۆکارەکەشی سۆڤێت بوو، چونکی سۆڤێت ڕێگەی نەدەدا دژی قاسم شەڕ بکرێ.

شیوعییە کان پۆلپۆل دەگیران و زیندانی دەکران و دوور دەخرانەوە، بەعسییەکانیش خۆیان ئامادە دەکرد. هەر حیزبی بەعس لە ساڵی 1959دا بە سەرۆکایەتیی سەدام لە شەقامی ڕەشیدی بەغدا بۆسەیان بۆ عەبدولکەریم نایەوە، تەقەیان لێکرد و برینداریان کرد. له و کاتەشدا عەبدولکەریم نەهات ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەی کورد بدۆزێتەوە. عەبدولکەریم قاسم لەباتی ئەوەی پەند وەربگرێت، لە جاران زیاتر دژایەتیی دیموکرات و شیوعییە کان و لەملاشەوە دژایەتیی کوردی دەکرد. شۆڤێنییە عەرەبەکان و بەعسییەکان ڕۆژبەڕۆژ خۆیان قایم دەکرد. ڕۆژی هەشتی شوبات کودەتایان کرد و عەبدولکەریمیان کوشت، دەیان ئەفسەری پلەبەرزی دیکە شیان گرت و کوشت بە شیوعییە کانیشەوە، چونکی تەنها شیوعییە کان بوون لە ڕۆژی هەشتی شوباتدا بەرگرییان لە خۆیان و عەبدولکەریم کرد، بەڵام هیچیان پێنەکرا و تەنیا ماڵوێرانی و کوشتنیان بۆ مایەوە. چەندین لاشەی تێکۆشەرەکان لەسەر شەقامەکانی بەغدا کەوتبوون، لە شیوعییە کان، دیموکراتەکان، عەسکەرەکان. حیزبی بەعس بەیانی ژمارە 13ی دەکرد بۆ لەناوبردنی شیوعییە کان و سەلام عادل حسێن و دەیان و سەدانی تر شەهید کران.

حەرەس قەومییەکانی بەعس درێغییان نەکرد لە کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و ئەتککردنی نامووسی خەڵکی. دڕندەیی و بێقانونی لە سنوور چووه دەرەوە و لای هەمووان ئاشکرا بوو، هەتا نەتەوەپەرستە عەرەبەکانیش پێیان قبوڵ نەدەکرا و ئەوانیشی گرتەوە. کودەتای هەشتی شوبات تاریکترین ڕۆژگار بوو له و سەردەمەدا. منیش تازە پلەی پاڵێوراویم تەواو کردبوو، قەرار بوو بە ئەندام لە حیزبی شیوعی وەربگیرێم.

هەر له و سەردەمەدا لە سلێمانی شیوعییە کان کەوتینە ئامادەباشی و چاوەڕوانیکردنی بەغدا. دوای چەند ڕۆژێک چاوەڕوانی هەموو لە جێگەیەک لە جادەی ئیبراهیم پاشای ئێستا کۆ دەبووینەوە، گروپگروپ ڕادەوەستاین، سیان و چوار سەرمان کردبوو بەیەکدا و چاوەڕوانی ڕێنمایی حیزبمان دەکرد. ئه و سەردەمە چەکمان نەبوو، تاکوتەرا خەنجەرمان پێبوو. دەمانچە هەر زۆر نامۆ بوو. چاوەڕوانی ئەوە بووین شتێک ڕوو بدات. ئەمە چەند ڕۆژێکی خایاند. بێهودە ملمان شۆڕ کرد، کودەتای بەعس سەری گرت و ئێمەش بڵاوەمان لێکرد هەر کەس بۆ ماڵی خۆی. دەسەڵات لە هەموو شارەکان کەوتە دەست بەعسییەکان. ئەحمەد حەسەن بەکر و عەبدولسەلام عارف کە لە ئەفسەرە پلەبەرزەکانی ئه و سەردەمە بوون، سەرکردایەتییان دەکرد. دیارە حیزبی بەعس و نەتەوەپەرستە عەرەبەکان دەیان کادێر و ئەفسەری حیزبی بەعسیان لەگەڵ بوو. هەرچییان لە کوشتن و گرتن پێکرا، کردیان. ئەم کودەتایە فرسەتێک بوو بۆ شۆڕشی کورد، شەڕیان ڕاگرت و کەو تنە گفتوگۆ لەگەڵ بەعسییەکان. پاش ماوەیەک وەفدی کوردی بە سەرپەرشتیی ساڵح یوسفی و هەندێکی تر لە لێپرسراوانی کوردی - لە یادم نییە کێی تریش بوون - چوون بۆ بەغدا، ئەمە ماوەیەکی خایاند. ئەوەی ڕاستی بێت، نە بەعسییەکان و نە قەومییەکان داوای کوردیان پێ هەزم نەدەکرا و قبوڵ نەدەکرا، بەردەوام بوون لەسەر هەستی شۆڤێنیی عەرەبیی خۆیان. هەر له و سەروبەندەدا مام جەلال هات بۆ سلێمانی و لە بەردەرکی سەرای سلێمانی قسەی بۆ خەڵکی کرد، کە لە لەگەڵ حکومەت گفتوگۆدان. ئەمەش سەری نەگرت و زۆری نەخایاند وەفدی نوێنەری کورد لە بەغدا گیران. ساڵح یوسفی و پێشمەرگەش چوونەوە شاخ و شەڕ دەستی پێکردەوە.

زۆر لە بارەی ئەم قۆناغەی شۆڕشی ئەیلوول تاکو کودەتای بەعسییەکان و قەومییەکان لە ساڵی 1963 نووسراوه و وتراوە. منیش وەک لاوێک کە تازە سەرم هەڵدەدا، ئەوانە باس دەکەم کە خۆم لە بیرمه و دیومە. پێش من مێژووناسەکان و خاوەن پێنووسە جوانەکان و کەسانی بەتوانا و شارەزا زۆریان لەسەر نووسیووە. لە هەموو ڕوویەکەوە ئەوەی من دەتوانم باسی بکەم، تەنها ئەوەیە کە چوومەتە ناو حیزبی شیوعی و ئەمەش لە ساڵی 1962 دەست پێدەکات، کە تەمەنم شازدە ساڵان بوو. لەبەر دوو هۆ زۆر ملەلەقێی سیاسەتم دەکرد. ئەوەی وریای کردینەوە، یەکەم/ شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ بوو، دووەم/ کەسوکارەکەم شیوعی بوون. ئەمانە وایان کرد خولیای ئه و بیروباوەڕە بم و پێش منیش کەسانی تر هەر له و تەمەنەدا 16-18 ساڵاندا دەستیان پێکردووە.

ناوەندیی شۆڕش

ئه و سەردەمە لە ناوەندیی شۆڕش بووم، مەکتەبەکەمان لای خەستەخانەی سەرەوە بوو و دیوارەکەی بە دیواری خستەخانەوە بوو. لە پۆلی یەکەمی ناوەندی بووم. بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان خوالێخۆشبوو شەوکەت فەندی بوو، سدارە یەکی ڕەشی لەسەردا بوو. هەتا بڵێیت پیاوێکی باش بوو. مامۆستاکانیش خوا لێیان خۆشبێت ئەمانە بوون: مامۆستا غەفووری مەلا عەلی مەڵکەندی، مامۆستا لەتیف میرزا مەحموود کە دوایی بوو بە بەڕێوەبەر، مامۆستا جەمال عەبدول، مامۆستا مەحموودی مەلا عیزەت و هەندێک مامۆستای بەڕێزی تر. ئێمە خەریکی خوێندن بووین و شۆڕشی کوردیش بەردەوام بوو. له و سەردەمەدا ڕۆژانە کێشەی شیوعییە کان و پارتی لە قوتابخانەکەدا هەبوو و بەرۆکی ئێمەشی گرتبوو، بەتایبەت ساڵی 1963دا ڕۆژ نەبوو لە قوتابخانەکەمان دەنگەدەنگ نەبێ لەسەر سیاسەت و پارتی و شیوعی. دۆخی ئه و کاتەش وای کردبوو ئێمەی شیوعی لە قوتابخانە ژمارەمان کەم بێت لەچاو پارتییەکان، بەڵام جوڵەمان هەبوو و به و ژمارە کەمەشەوە خۆڕاگر و نەترس بووین. ئێستا ئەگەر ئه و هەڤاڵ و برایانەی ئه و سەردەمە ئەمە ببینن، ڕاستیی ئه و ڕۆژگارەیان دێتەوە پێش چاو. کێشمەکێش و ناکۆکیی شیوعی و پارتی بەسەر مەسەلەکاندا بۆ هەموو چین و توێژەکان ڕەنگی دەدایەوە، نەک هەر خوێندکارەکان. باسی ڕۆژ و شۆڕشی کورد و هەڵوێستی شیوعییە کان لە هەموو کوچە و لایەک هەبوو، تەنانەت لەناو خوێندکارانیشدا.

هەموو ڕۆژێک دەنگەدەنگ بوو و ئێمەش دیار بووین. بڕوا ناکەم ڕۆژێک لەبەر کاری حیزبی و به هۆی کۆبوونەوە و ڕاکردن بە دڵسۆزی بۆ کاری حیزبی دەرسی پێنجەمم خوێندبێ. هەر به و هۆیەشەوە لە خوێندن دواکەوتم و سەرکەوتوو نەبووم.

ئه و کاتە برادەرێک بە ناوی وەهبی لێپرسراوم بوو. ئێستاش ماوه و جارجارە دەیبینم. دەمزانی کۆمەڵێک لاوی گەڕەک که لە خوێندنیش پێکەوە بووین، کەسوکاریان شیوعییە. هەوڵم دەدا خۆمیان لێ نزیک بکەمەوە و بیانهێنمە ناو حیزبەوە، وەک شەهید کەمال جەمال، عومەر مام تۆفیق، کە ئێستا هونەرمەندێکی سەرکەوتووە عومەر دڵپاک مامی کەمال جەمال بوو. کەمال شاکر ئێستا لە وەزارەتی پێشمەرگەیە. محەمەد ڕەحیم دوایی بە هەڤاڵ جووجەڵە ناسرا و لەبەر بچکۆلەیی و زەعیفی ئه و ناوەیان لێنابوو، کە چووه دەرەوه، بوو بە پارتی و دواتریش خاڵە حاجی. دیارە من پێش هەموویان چوومه دەرەوه. ئەوان خوێندکار بوون، بەجێم هێشتن.

هەر له و ساڵانەدا ئەوانەی لە ناوەندیی شۆڕش بووین، پێکەوە شیوعی بووین، من بەرپرسیان بووم لە شانەیەکی حیزبیدا، چەند کۆبوونەوەیەکیشمان کرد پێکەوە. کەسەکان ئەمانە بوون: شێخ جەعفەر مستەفا کە ئێستا وەزیری پێشمەرگەیە، مەنسووری شێخ کەریم حەفید، موعتەسەم عەبدولکەریم خاڵی شێخ مەنسوور بوو، محەمەد ڕەحیم، کەسێکی تر ناوی عوسمان بوو، هەروەها محەمەد ناوێ له گەڕەکی سابوونکەران. دەمانچەیەکی بچکۆلەمان هەبوو و لای محەمەد ڕەحیم بوو، ئیتر نازانم برادەرانی پارتی چۆن پێیان زانیبوو، چووبوون لە پۆلدا لێیان سەندبوو، لەسەر ئەوە تووشی شەڕ و قڕەقڕ هاتین. هاتنە سەر من و شەڕ دەستی پێکرد. نەتیجەی شەڕ چەقۆیەک بەر پەنجەم کەوت، ئەوەی چەقۆکە یان خەنجەرەکەی پێبوو، کاک ئاسۆی شێخ نووری بوو، ئێستا لە ئەنجومەنی ناوەندە و زۆر برای بەڕێزە.

ساڵی 1964 هەر لە قوتابخانه بووین، شەوێکیان تاکو بەیانی بە شەونخوونی دروشممان دەنووسی. ئەوەی حیزب داوای دەکرد، پێمان سپێردرابوو کە به کاغەز و کاربۆن له ژێریدا بینووسینەوە. ئەوەی نووسیبوومان، دابەشمان کردبوو. لە پۆلەکان خستبوومانە ناو مێزی خوێندکارەکان، هەندێکیشی لای من مابووەوە. ئه و سەردەمە بوو کە حیزبی شیوعی بۆ ئەوەی ئەم ئاگرە بکوژێتەوە، داوای ئاشتیی دەکرد لە کوردستان. زۆر لە دروشمە کانیم لەبیر نەماوه، ئەوەندەی بزانم هەمووی باسی ئاشتی بوو. برادەرانی پارتی کە ئەمەیان زانی، ئیتر بوو بە دەنگەدەنگ، هاتنە پۆلەکەی منیش و بردیان بۆ شەوکەت ئەفەندی، کە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بوو. شەوکەت ئەفەندی بانگی کردم وتی ڕۆڵە تۆ کوڕی هەژاریت، چیت داوە لەم سەرئێشەیه؟ بڕۆ خەریکی خوێندنی خۆت بە. لە هۆڵی قوتابخانەکەش زۆر لە خوێندکاران و مامۆستاکان وەستابوون و قەرەباڵغی دروست بووبوو. شەوکەت ئەفەندی قسەی بۆ دەکردین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. لە یەکێک لە قسەکانیدا وتی: ئەم جەمال عەبدولناسرە موزاهەرات و شتی هێنایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زۆر قسەی تریشی بۆ قازانجی هەموومان کرد.

ئەوەش دۆخی خوێندن بوو. لەڕاستیدا هەر خەریکی کۆبوونەوە بووین، خوێندنی چی؟ ئەم دۆخە ڕۆژبەڕۆژ توندوتیژتر دەبوو. هەر له و ساڵەدا بوو کە لە سلێمانی بکوژوببڕ بوو. زەعیم سدیق داوای لە مامۆستایان کرد بروسکە بۆ حکومەت بنێرن، تەئیدی عەبدولکەریم قاسم بکەن و لە بروسکەکەدا دژی شۆڕشی کورد قسە بکەن. باشم لە بیرە مامۆستا مەحموودی مەلا عیزەت هەزار ڕەحمەتی لێبێت، وابزانم هەر ئه و ساڵە دامەزرابوو، مامۆستامان بوو، بروسکەی نەکرد. ئەوە بوو ئیتر قاچاغ بوو و چووه دەرەوە. مامۆستایەکی عەرەبیش هەبوو ناوی فائیز زوبەیدی بوو، ئەویش بروسکەی لێنەدا، هەڵوێستێکی تری هەبوو و شیوعی بوو. دوور خرابووەوە بۆ سلێمانی. ئێمە لە ناوەندیی شۆڕش لیژنەیەکی حیزبیمان هەبوو، کە لێپرسراوی ناوەندیی شۆڕش بووین و پێک هاتبووین لە چەند هەڤاڵێک. شێخ حسێن شێخ عوسمانی نێرگزەجار لێپرسراومان بوو و کاتبی قوتابخانەکەمان بوو له و سەردەمە شلۆق و کێشمەکێشمەدا. پاش ماوەیەک کارکردن پێکەوە سەرپەرشتیی کارەکانی حیزبمان دەکرد، من پلەکەم بەرز کرایەوە و بووم بە ئەندامی لیژنه. هاوڕێیەکی تر بوو بە لێپرسراومان، هی من و کاک شێخ حسێن و کەمال جەمال کە لیژنەکەمان پێک هێنابوو. شێخ حەمەتایەر خەڵکی ئەحمەدبڕنه بوو. بنەماڵەیەکی تێکۆشەر بوون، له و سەردەمەشدا دێی ئەحمەدبرنە زۆریان شیوعی بوون. شێخ حەمەتایەر کەسێکی خاکی بوو، لە ڕووی حیزبییەوە لە ئێمە هۆشیارتر بوو، کۆبوونەوەکانی باش بەڕێوە دەبرد. من لەبەر کاری حیزبی دیار بووم. پاش ئەوەی قوتابخانەم بەجێ هێشت و خواحافیزیم کرد و چوومە دەرەوە، بیستم شێخ حەمەتایە ر به هۆی هەندێک کەسی ناسیاویەوە چووەتە دانشگای سەربازی و بووه بە ئەفسەر لە سوپای عێراق. بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا بیستم وەفاتی کردووە. بەڕاستی کەسێکی دڵسۆز بوو بۆ حیزب و زیرەک بوو، ئیتر دۆخەکەش ڕۆژبەڕۆژ بەره و توندوتیژی و ناخۆشی دەڕۆیشت.

قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سلێمانی 9/6/1963

با بێینەوە سەر وەزعی ناو شاری سلێمانی. لە بەرەبەیانی 9/6 هاتوچۆ قەدەغە کرا. هەر لە نیوەشەوەوە سەربازەکان بە کوچه و کۆڵانەکانی شاردا بڵاو بوونەوە. بە سەرکردایەتیی زەعیم سدیق، کە هەموو خەڵکی بە هۆی خراپییەکانی و ئازاردانی خەڵکەوە ناویان بیستووە، دەستیان کرد بە پشکنینی ماڵبەماڵ. زەعیم سدیق ئامرلیوای سەربازی بوو و هەموو دەسەڵاتێکی هەبوو. ئه و ڕۆژە تاکو ئێوارێ خەڵکێکی یەکجار زۆر ڕەشبگیر کران و هەزاران گەنج و پیر ڕاپێچ کران بۆ حامیەی سلێمانی و لەوێش تیرباران کران. خەڵکی زۆر ناوداری تێدا بوو و خەڵکی تێکۆشەر بوون، وەک کەمال حاجی فەرەج ئەفەندی، مامۆستا یاسین حاجی باقی، زیاتر لە سەدوپەنجا کەس شەهید کران بەبێ ئەوەی بچووکترین تاوانیان هەبووبێ. ئەم کوشتوبڕەش بۆ چاوترساندنی خەڵکی شاری سلێمانی بوو. ئەوانەی گیران، ماوەیەکی زۆر لە سەربازگەکەی سلێمانی حامیەی سلێمانی له ناو وڵاخ و ئه و جێگەیانەدا زیندانیان کردن، نزیکەی سێ ڕۆژ زیاتر نان و ئاویان نەدانێ، ئازارێکی جەستەیی زۆریان دابوون. زۆر باشم لەبیره هەر له و بەرەبەیانەدا خودەبەسەر و سەربازەکان خۆیان کرد بە حەوشەکەی ئێمەدا و ڕیزیان کردین. جیایام کردینەوە و دوو کەسی خزمی ئێمەیان برد. نازانم چۆن منیان نەبرد، ڕەنگە لەبەرئەوە بووبێت کە منداڵ دیار بووم. کەس ئاگای لە کەس نەبوو، نەتدەزانی لە خزم و کەسوکار و برادەرت کێ گیراوە و کێ براوه. لەبەر ئەوەی چوونەدەرەوە نەبوو. کەس نەیدەوێرا سەر لە دەرگا بەرێتە دەرەوە. پاش ئەوەی حکومەت بڵاوی کردەوە بۆ چەند سەعاتێک دەتوانن بێنە دەرەوە، هەر کەسه و هەواڵی کەسوکاری خۆی دەپرسی. ژمارەی گیراوەکان لە چەند هەزار کەسێک تێپەڕی کرد، شار بۆنی خوێنی لێدەهات، ئەمە گرانی و قاتوقڕی لەولاوە وەستابێ. ژیان زۆر زەحمەت بوو، ئەگەر کەسێک نەگیرابێت یان نەکوژرا بێت، دەبێ بڵێیت شانسی هەبوو.

ئەوانەش کە لە سەربازگەی سلێمانی گیرابوون، وەجبەوەجبە ڕیزیان دەکردن، هەر لە سەربازگەکەوە بە شەقامی کانێسکاندا دەیانهێنان و دەبوایە هوتافیان بکێشایە بۆ سەروەریی حکومەت. یەکێک لە پێشەوە هاواری دەکرد و دەبوایە ئەوانی تریش بیڵێنەوه، ئەوانەی لە ڕیزەکەدا بوون، هەموویان لەبەر برسێتی و ئازار ڕەنگی مردوویان لێنیشتبوو.

پاش ئەوەی خەڵکەکە بەربوون، دەرکەوت دەیان و سەدان خەڵکی ئەم شارەیان گرتووە. مامۆستا یاسین یەکێک بوو لە شەهیدەکان، کە یەکەم وەرزشکاری سلێمانی بوو و مامۆستای وەرزش بوو، خۆشەویستی خەڵکی شاری سلێمانی بوو. به دەستی تاوانبار زەعیم سدیق غەدرێکی یەکجار زۆر و تاوانێکی گەورەیان دەرهەق بەم خەڵکە کرد لە شاری سلێمانی.

ئەوەی ڕاستی بێت بە پێشمەرگەیان نەدەوێرا، داخی دڵی خۆیان بە خەڵکی بێدیفاع ڕشت، کەسیش نەبوو لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات، چونکی حاکمەکانی بەغدا لەوان زیاتر دژی میللەتی کورد بوون. لەم ڕەشبگیرییەدا پرسیار نەدەکرا کێ پارتییە یان شیوعییە یان شتێکی ترە، هەموو خەڵکیان پێ دوژمن بوو. هەر لەسەر ئه و سیاسەتەش ڕۆیشتن و عێراقیان غەرقی خوێن کرد، خۆشیان پاشان بە جەهەنەم چوون. ئەم گرتن و ڕاونانە هەموو عێراقی گرتەوه، بەتایبەت شیوعییە کان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق. بەعس درێغیی نەکرد لە کوشتن و بڕین و ڕاونان و گرتن. دەیان سەرکردەی حیزبی شیوعییان کوشت و تیرباران کرد.

هەڵوێستی حیزبی شیوعی لەسەر شۆڕشی کورد ناڕۆشن بوو. بۆ خۆڕزگارکردن لە م شاڵاوەی ڕژێم بۆ سەر تێکۆشەرانی حیزبی شیوعی، بڕیاریان دا پاش چەند ڕۆژێ لە ڕەشبگیر بچینە دەرەوە. منیش به هۆی خزمەکانم کە لە خۆم گەورەتر بوون و شیوعی بوون، خۆم ئامادە کرد لەگەڵیان بچمە دەرەوه. ئه و کاتە هێشتا تەمەنم نەگەیشتبووە هەژدە ساڵ، چاوم لە گەورەکان دەکرد و ملەقوتێی سیاسەتم دەکرد. ئه و سەردەمە شەقامی ئیبراهیم پاشای ئێستا دەرەوەی شار بوو، ڕەنگە چەند ماڵێک لەولاترەوە هەبووبن. لەگەڵ وەستا محەمەد بەنای پوورزام، خوالێخۆشبوو وەستا عومەری عەلی قەساب، کە سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی سلێمانی بوو، خوالێخۆشبوو جەبار عەلی قادری پوورزای دایکم و دەیانی تر، له و مەوعیدەدا کە حیزب داینابوو، هەموومان شه و یەکمان گرتەوە. بە ترس و ناڕەحەتییەکی زۆر بە ناوشاردا ملی ڕێگەمان گرت و به بێدەنگی بە بەینی دوو ڕەبایەی عەسکەریدا ڕۆیشتین. دەستی یەکمان گرت و چووینە دەرەوە بەره و شاخی گوێژه و بە شاخەکەدا سەرکەوتین.

ڕۆژی یەکەم نزیکەی پەنجا کەس دەبووین له هاوڕێیانی حیزبی شیوعی. یەکەمجار بوو لە ژیانمدا دەرەوە ببینم وەک لادێ. قۆناغی یەکەممان گەیشتینە دێی چنگیان. ئەمەی باسی دەکەم، چەند ڕۆژی دوای قەدەغەکردنی هاتوچۆ بوو. ئه و ڕۆژە تاکو ئێوارێ لە چنگیان ماینەوە. برادەرانی پارتی و پێشمەرگە و بەرپرسانی ئه و سەردەمە لەوێ جوابیان ناردبوو چۆن هاتوون بۆ ئێره؟ من وردەکاریی ئه و سەردەمەم نەدەزانی. بە تەمەن بچووکترینی ناو ئه و هاوڕێیانه بووم. زەختیان کرد و وتیان دەبێ لێرە نەبن. لای ئێوارە وتیان خۆتان ئامادە بکەن دەڕۆینە دێی ئاڵاسیاو. ئه و کاتە بارەگای جەنابی شێخ لەتیف لەوێ بوو. زۆر دۆستی حیزبی شیوعی بوو و ئەوانەی دەوروپشتی کەسانی شیوعیی تێدا بوو. شێخ لەتیف پیاوێکی دڵسۆز و پاک بوو.

ئێوارە بەره و گوندی ئاڵاسیاو بەڕێ کەوتین. شه و تاریک بوو، چاوساخێکمان لەگەڵدا بوو، وتیان ئه و شارەزای ڕێگەیه. شیوعی بوو و ناوی غەریب سمێڵ بوو. پاش ماوەیەک ڕێکردن دنیا تاریک بوو. غەریب لە دۆڵێکدا ڕێگەکەی هەڵە کرد. وتیان مادام وایە، با تاکو بەرەبەیان لێرە بین، ئەوسا دەڕۆین. هەرکەسە لە جێگەی خۆی شوێنکی تەختانیی دۆزییەوە بۆ ئەوەی ڕاکشێ. ئەوەی ڕاستی بێت، من لە هەموو خشەیەک دەترسام، دەرەوەم نەبینیبوو. شتێک کە بیرم ناچێتەوە، مێشوولەیەکی بچووک هەبوو، بە هەواوە هاتوچۆی دەکرد، وەک فسفۆر وابوو، لە ترسی ئه و میشولەیە تاکو بەیانی خه و نەچووە چاوم. وتیان ئەوە باڵەکانی وایە زیانی نییە. ڕۆژ بووەوە و به هۆی شارەزاکەمان ملی ڕێگەمان گرت و گەیشتینە گوندی ئاڵاسیاو. پێش ئێمەش هەندێک لە شیوعییە کان گەیشتبوونە ئەوێ، دیارە بڕیاری حیزب بووە لەوێ یەک بگرینەوە. هەر بندار و سێبەرێک چەند هاوڕێیەکی لێبوو. چەند ڕۆژێک لەوێ ماینەوه و بردمانە سەر. خواردن هەر زۆر کەم بوو، نان و دۆ بوو. بە یاسای شیوعی هەمووی وەک یەک بەری دەکەوت. هەریەکەی دۆلکەیەک دۆ و کەمێک شەکر و چای دەدرایە.

ئه و ماوەیەی لەوێ بووم، دوو کۆبوونەوەی فراوان کرا. ئەوانەی لەوێ بوون، ئەگەر هەڵەم نەکردبێ، سەد هاوڕێیەک دەبوون. کۆبوونەوەیەکیان دکتۆر فارس خواڕەحم کە شیوعییە کی ناسراو بوو، بەڕێوەی برد. دکتۆر فارس تاکو وەفاتیشی کرد، هەر شیوعی بوو. لە ساڵەکانی هەشتاکان لە مۆسکۆ وەفاتی کرد و هەر لەوێش بە خاک سپێردرا. باسەکەی لەسەر دیموکراتیی مەرکەزی بوو. هەموومان گوێبیستی بووین، لە بن ئه و دەوەنە و له و برسێتی و نائومێدییەدا کە شیوعییە کان بەسەریان هاتووە، من هەر تەقەی سەرم دەهات. چونکی تازە چووبوومە حیزبەوە. دیارە شیوعییە کان لە هەر جێگەیەک بن، خۆیان ڕادەهێنن، مەسەلەی فکر و خوێندنەوە شتێکی گرنگە لایان. دانیشتنی دووەم شێخ جەعفەر عەبدولکەریم کۆبوونەوەی پێکردین. خیانەتی کرد و تەسلیم بووەوە، بوو بە بەعسی و لە ساڵەکانی دواتردا بوو بە پارێزگاری سلێمانی. لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس عێراقی بەجێ هێشت. وتیان ئەندامی لیژنەی محەلیی سلێمانییە. ئه و کاتە ئه و پلەیە گەورە بوو. ئه و ڕۆژگارە سیاسەت ئاوا بوو. دیارە برای قارەمانی حیزبی شیوعی شێخ مەعروف بەرزنجییە، کە مەردانە گیانی خۆی بەخت کرد و بەعسییەکان لەگەڵ برایەکی تریدا لە سێدارەیان دا. من لەچاو ئەوانی تر منداڵ بووم کەمئەزموون بووم. دوای چەند ڕۆژێ پێیان وتم تۆ بڕۆرەوە. بەڕاستی خۆشم حەزم دەکرد. خۆ لەوێش هەر دانیشتن بوو له بن دارودەوەن. خوا بەوە ڕەحمی کرد مانگی شەش بوو و دنیا سەرماوسۆڵە نەبوو، ئەگینا لە کوێ جێگەمان ئەبووەوه. لە ڕێگەی حیزبەوە لەگەڵ چەند کەسێکی تر لە هاوڕێکان گەڕامەوە بۆ سلێمانی. دواتر وتیان ئه و برادەرانەی لە ئاڵاسیاو بوون، لەوێ نەماون و ڕۆیشتوون بۆ دەوری دێی ئاشی بارام. لەوێش برایانی پارتی ئه و سەردەمە زەختیان لێدەکردن. وابزانم تاکەتاکەش لێیان گرتبوون. دۆخی شیوعییە کان به و شێوەیە بوو له و ناوچەیەدا. لە شاخی بەمۆش لە ناوچەی هورێن و شێخان چارەنووسیان زۆر لەوە خراپتر بوو. لەوێ بارەگایەکیان کردبووەوە و لە دەستی ڕژێمی بەعس هەڵاتبوون. بەڵام پارتی پەلاماری دان، بارەگاکانیان گرتن و چەند شیوعییە کیان کوشت. هەندێک لەوانەی ڕایان کردبوو، خۆیان دابوو بە دەم ئاوی سیروانەوه، مەللەیان نەزانیبوو یان ئاوەکە خوڕ بوو و خنکابوون. ئەم زەختەش لە هەموو جێگەیەک نەبوو، زیاتر لە دەوری سلێمانی وابوو.

له و سەردەمەدا لەگەڵ ئه و هەموو ماڵوێرانی و دەربەدەرییەدا حیزبی شیوعی هەر پاشکۆی سۆڤێت بوو. دیارە ئەمە بووە هۆی ئەوەی کێشە لەناو حیزبدا دروست ببێت. بەتایبەت لە ساڵی 1964دا، کە چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ویست و بڕوایان وابوو ڕژێم بەره و ئیشتراکییەت دەڕوا و بەنیاز بوون حیزبی شیوعی لەناو اتحاد اشتراکی عر بیدا بتوێننەوه. بۆ ئه و مەبەستە چەندین بەیان نووسران، کە لەم ڕێگەیەوە دەڕۆن بۆ ئیشتراکییەت. ئەوانەی هەڵگری ئەم ئاڵایە بوون لە مەکتەبی سیاسی، عامر عەبدوڵڵا و مامۆستا بەهادین نووری بوون. نازانم کێی تریش لەگەڵ ئه و بیروباوەڕە بوون. ئەمە بووە بنەمای کێشە لەناو حیزب. پێشتریش لە زەمانی عەبدولکەریم قاسمدا دوو باوەڕ لەناو حیزبدا هەبوو. لایەک پێی وابوو کە هەقە حکومەتی عەبدولکەریم قاسم بڕوخێنن. سۆڤێت بەمەی زانی، به پەلە بەتاڵی کردەوە و سەرکردایەتیی حیزبی شیوعیی ناچار کرد کە واز له و سیاسەتە بهێنن، وای لێکردن لە قسەی سۆڤێت دەرنەچن و بە پاشکۆیی بمێننەوە. ئه و بەیانەش کە ساڵی 1964 دەرچوو، لەناو حیزبدا پێیان ئەوت خەتی ئاب. ئەوانەی ئه و کاتە له ناو حیزبی شیوعیدا ئیشیان کردبێ، زۆر باش لە بیریانە. ئیتر لەناو حیزبی شیوعیدا دژی ئه و بەیانە وەستانەوە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە دەیان شیوعی لەناو زیندانەکاندا بوون. دەیان کەسی تریش کە نەگیران و نەکوژران، هەڵاتن. دەیان ئەفسەر و کادێری عەرەب ڕوویان کردە کوردستان. من لەبیرمە کەسێکی عەرەب به ناوی ئەبووعەلی ڕای کردبوو و لە ماڵی ئێمە بوو. ماوەیەکی زۆر مایەوە لامان و زۆریش خزمەتی پێکرا.

کێشەی شیوعی و پارتی هەر بەردەوام بوو، بەتایبەت لە سنووری سلێمانی. بە هەقی دەزانم بڵێم زۆر دڵسۆز بووین بۆ حیزب و به دڵ و گیان ئیشمان بۆ دەکرد. خەڵکیش دابەش بووبوون بەسەر حیزبەکاندا. لە مەیدانەکەدا هێزی پارتی هێزی گەوره بوو و پێشمەرگەی هەبوو. له و سەردەمەدا شۆڕشی کورد پەناگایەکی باش بوو بۆ شیوعییە کان.

ساڵی 1964 هەر خوێندکار بووم، بەڵام وەک لە پێشەوە باسم کرد هەر خەریکی کۆبوونەوە و کاری حیزبی بووم. لە ساڵی 1964 لە گەڕەکی سابوونکەران برادەرێک هەبوو ئوتووچی بوو، ناوی قادری ئاتە بوو، زۆربەی کاتی بێئیشی لای دەوەستاین. کاتێکم زانی شەڕە، ئەکرەمی پوورم لەگەڵ چەند برادەری بە حساب پارتی بەشەر هاتووە و ئەکرەم خەنجەری بەدەستەوەیە. بەهەرحاڵ، منیش چووم و کەوتمە بەینەوە. خەنجەرێک بەر قۆڵم کەوت و خوێنێکی زۆری لێهات. منیان بەڕێ کرد بۆ خەستەخانە. لەوێ دکتۆرەکان خستیانم، ئەوەندەی پێنەچوو ئەکرەمیشیان هێنا. بەڵام ئەکرەم زۆر خراپ بوو. خەنجەریان لێدابوو و بەر سییەکانی کەوتبوو، خوێنی لەبەر دەڕۆی. بە هەرحاڵ، هەردووکمان بە تەنیشت یەکەوە لە خەستەخانە کەوتین. ئەکرەم چەند بوتڵێک خوێنیان تێکرد، تەرەفی دووەمیش برینداریان هەبوو. ئەوانەی لەسەر شیوعی و پارتی شەڕمان بوو، وەک برا وابووین هەم لە قوتابخانه هەم لە گەڕەک. ئەکرەم لەگەڵ بریندارەکەی تر بە منداڵی شیریان خواردووە. ئیتر شەڕەحیزب و سیاسەت برای لە برا کردووە. ئەوانەی شەڕمان بوو، ئەوسا و ئیستاش برایەتیمان لە هەموو کاتێک خۆشترە. ئێمەش به هۆی دڵسۆزیمان بۆ بیروباوەڕەکەمان بووبووینە سووتەمەنیی ئەم سیاسەته.

ئه و سەردەمە شەڕەخەنجەر باو بوو، دەمانچە هەر زۆر کەم بوو. من خۆم ماوەی چواردە ڕۆژ لە خەستەخانە کەوتم، چونکی دەمارەکانی قۆڵمی بڕیبوو. ئەکرەم زیاتر مایەوە، چونکە برینەکەی کاریگەرتر بوو. دیارە دوای ئەم هەموو شەڕەش هەر ئاشتبووینەوە. ئەمە دۆخی سەرجادە و شاری سلێمانی بوو. ئه و کاتەی من و ئەکرەمی پوورم کە لە خەستەخانە کەوتبووین، مفاوەزاتی پارتی و حکومەت دەستی پێکرد. کەسێکیان هێنا بۆ خەستەخانە. وتیان ئەمە شیوعییە و لە شەڕی سەری بەردی لای سیدەکان و ڕواندز قاچی بریندار بووه، ناوی نەجمەدین مامۆ بوو. ئێمەش بە حوکمی خۆشەویستیمان بۆ حیزبی شیوعی و بیروباوەڕ چووینە لای و خۆمان به یەکتری ناساند. ئەوەی بۆ خۆمان بوایە، بۆ ئەویش دەبوو. ئه و غەریب بوو و خەڵکی هەریر و باتاس بوو. خێزانی و خوشکی و خوشکەزای هاتن. ئێمەش بردماننە ماڵی خۆمان و لەوێ میواندارییەکی باشمان لێکردن. پاش دەرچوونی نەجمەدین مامۆ ئەویشمان بردەوە ماڵی خۆمان. ماڵی شەهید ئەکرەم و کەسوکارەکەشمان لە ئێمە زیاتر خزمەتیان دەکرد، چونکی قاچێکی بڕابووەوە، خوشکەزاکەی ناوی عەبدولڕەزاق و کچەکەی ناوی حەسیبە و کوڕەکەی ناوی فرسەت بوو. نەجمەدین مامۆ چەند مانگێک لامان مایەوه و تاکو ساڵی 1965 شەڕ دەستی پێکردەوه و بۆ جێگەی خۆی ڕۆیشتەوە. ئێمەش هەریەکە بەلایەکدا ڕۆیشتین.

لە سەرەتای 1965دا منیش لەبەر هەم لە قوتابخانە و گەڕەک دیار بووم، چووم بۆ سەربازی و ماوەی سێ مانگ لە کەرکووک سەرباز بووم. لە کەرکووک لە ماڵی خزمەکانم بووم، پووری دایکم پوورە حەلاو و کوڕ و کچەکانی ماڵیان هەر لە کەرکووک بوو. خۆیان خەڵکی سلێمانی بوون. هەموو شەوێک لە ماڵی پوورە حەلاوم دەنووستم، بەیانیان دەچووم بە پاسکیلی ئازادی پووزام دەچووم بۆ دەوام. لەوێش لە تیپی فتبۆڵێن بووم. دەوام هەر ئه و چەند سەعاتەی سەرلەبەیانیان بوو، ئیتر دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە. بەوەش بۆم نەچووە سەر. ڕۆژی 01-04-196501-04-1965 لە ڕێگەی حیزبەوە نامەم وەرگرت. چوومە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی و یەکەمجار چوومە قەڵادزێ، لقی کوردستانی حیزبی شیوعی لەوێ بوو. ڕۆژی یەکەم لەوێ مامەوه. بۆ ڕۆژی دوایی بە بڕیاری حیزب وتیان بچن بۆ ئاوەگرد. ئاوەگرد لەسەر شاخی سەفین بوو بە بەرزاییەکەوە، بارەگای حیزبی شیوعیی لێبوو. لە ئاوەگرد کانییە کی باشی لێیه و ئاوەکەش زۆر سازگارە. باشم لەبیرە ئه و ڕۆژەی کە لە قەڵادزە بەڕێ کەوتین بۆ ئاوەگرد، من تەمەنم 18 ساڵ بوو. لە ڕانیە لەگەڵ هەندێک هاوڕێدا یەکمان گرتەوە. ئەوانەی پێکەوە چووین بۆ ئاوەگرد، ئەم کەسانە بووین: 1- ملازم ئەحمەد جبووری ئەفسەرێکی عەرەب بوو، لە دەست ڕژێمی بەعس هەڵاتبوو و بەر گرتن نەکەوتبوو، شیوعی بوو. دوایی بووین بە برادەر، لە چەندین بۆنەدا ناوبەناو یەکمان دەبینییەوە. 2- عەلی مەولوود خەڵکی داربەسەر بوو. بەداخەوە ساڵی 1974 کە شەڕ دەستی پێکردەوە، لە چۆمان به هۆی فڕۆکەکانی ڕژێم شەهید بوو. 3- ڕەئوف سلێمان، خوالێخۆشبوو خەڵکی ڕانیە بوو. 4- دکتۆر عەلی سلێمان. لە ڕانیە وە بەڕێ کەوتین بۆ ئاوەگرد، لە بناری شاخ لە جەلی دابەزیین. کەوتینە ڕێ و بە شاخەکەدا سەرکەوتین، پاش ماوەیەک گەیشتین. لەوێش بارەگای حیزبی لێبوو، هاوڕێیەکی لێبوو بە ناوی کەمال خدر، مامۆستا بوو و لێپرسراوی بنکەکە بوو، خەڵکی شاری کۆیە بوو. من لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ لەوێ یەکمان گرتەوە. ئەوانیش وەک من بوون و هەندێکیان خەڵکی سلێمانی بوون، زیاتر ئاشنا بووین بە یەک. ماوەی سێ مانگ لەوێ ماینەوه، پاش ئه و ماوەیە وتیان دەتاننێرین بۆ پێشمەرگایەتی، له لای گەڵاڵە بارەگای حیزبی لێیە و هێزەکانی پێشمەرگەش لەوێن.

ماوەی سێ ڕۆژ به ڕێگەوه بووین. بە چەند قۆناغێک گەیشتینە بناری شاخی هەندرێن له ڕێگەی سەرکەپکان و دۆڵەڕەقە و وەرتێ، لە دێی سەروچاوەش لامان دا. لەوێ بارەگایەکی پێشمەرگەی هەبوو و ملازم ئەحمەد جبووری لێپرسراوی بوو، لەوێ بینیمانەوە. دوایی بەره و سنووری ڕواندز ڕۆیشتین. ئەمەش ساڵی 1965 لە مانگی حەوتدا بوو. گەیشتینە ئەوێ و بەسەر پەلەکاندا دابەشیان کردین. ئه و کاتە چەند لقێک هەبوون و دابەش بووبوون بەسەر چەند پەلێکدا. هەمووی ڕێک خرابوو، هەر هەمووشی بە نۆرە لەسەر شاخی هەندرێن واجباتی دەگرت. شاخی هەندرێن پانترین شاخی کوردستانە، بەسەر ڕەواندز و سەربازگەکەی ڕواندوزدا دەڕوانێ. لە بنارەکەیدا بە دیوی بەرزیوەدا چەند گوندێکی بچووکی لێیە وەک جنراوە، میراجیان، هەوارەکۆن، بەرامبەری گوندی ماولیانه، لەولاشەوە دێی دەرگەڵه و له سەروویەوە گوندی سەلان لەگەڵ شاخی کاروخ لەیەک دەدا تەوە، کە بەسەر گوندی وەرتێدا زاڵە، وەرتێ ئێستا بووە بە ناحیە.

چوونمان بۆ ناوچەی ڕەواندز

ماوەی سێ ڕۆژ به ڕێگەوه بووین. بە چەند قۆناغێک گەیشتینە بناری شاخی هەندرێن له ڕێگەی سەرکەپکان و دۆڵەڕەقە و وەرتێ، لە دێی سەروچاوەش لامان دا. لەوێ بارەگایەکی پێشمەرگەی هەبوو و ملازم ئەحمەد جبووری لێپرسراوی بوو، لەوێ بینیمانەوە. دوایی بەره و سنووری ڕواندز ڕۆیشتین. ئەمەش ساڵی 1965 لە مانگی حەوتدا بوو. گەیشتینە ئەوێ و بەسەر پەلەکاندا دابەشیان کردین. ئه و کاتە چەند لقێک هەبوون و دابەش بووبوون بەسەر چەند پەلێکدا. هەمووی ڕێک خرابوو، هەر هەمووشی بە نۆرە لەسەر شاخی هەندرێن واجباتی دەگرت. شاخی هەندرێن پانترین شاخی کوردستانە، بەسەر ڕەواندز و سەربازگەکەی ڕواندوزدا دەڕوانێ. لە بنارەکەیدا بە دیوی بەرزیوەدا چەند گوندێکی بچووکی لێیە وەک جنراوە، میراجیان، هەوارەکۆن، بەرامبەری گوندی ماولیانه، لەولاشەوە دێی دەرگەڵه و له سەروویەوە گوندی سەلان لەگەڵ شاخی کاروخ لەیەک دەدا تەوە، کە بەسەر گوندی وەرتێدا زاڵە، وەرتێ ئێستا بووە بە ناحیە.

ئه و پەلەی منی بەرکەوتم ملازم عەبدولڕەحمان سەرپەلمان بوو، ئەگەر بە هەڵە نەچووبم، خەڵکی ناسرییە یان دیوانییە بوو. پەلێکی تریش هەبوو عەریف یونس سەرپەلی بوو، خەڵکی هەولێر بوو. بەداخەوە لە مانگی پێنجی ساڵی 1966 لە شەڕی هەندرێن شەهید بوو. ئه و کاتە لیوای چواری سەربازیی عێراقی هێرشی هێنا بۆ سەر هەندرێن. شاخی هەندرێن بە شیوعییە کان سپێردرابوو و حیزبی شیوعی سەرپەرشتیی دەکرد. ئه و کاتەش بارەگای لقی کوردستانی حیزبی شیوعی دوور نەبوو لێی، لە دۆڵی شاور بوو لە دێی بەردانگە. ئه و هێزانەی حیزبی شیوعی کە لەوێ بوون، سەر به هێزی باڵەک بوون و عەبدوڵڵا ئاغای پشدەری ئامرهێزەکەی بوو، بە ماندووبوونی خۆی بووبوو بە ئامرهێز و لە شەڕیشدا چاوێکی لەدەست دابوو. ئەم ئەفسەرە عەرەبانەی لەوێ بوون: مقدم سعید مطر، غضبان سعد، ملازم خدر، ملازم ریاض، ملازم احسان، ملازم عبدالرحمان کە سەرپەلی من بوو، مقدم کمال نعمان کە لێپرسراوی هیزەکان بوو، هەروەها شەهید فاخری حەمەد ئاغای مێرگەسووری. مونیر عەسکەر مەسیحی بوو و خەڵکی عەینکاوە بوو، بەڵام ئەفسەر نەبوو.

هەروەک لە پێشەوە باسم کرد، ئه و پەلە ی منی تێدا بووم، ملازم عەبدولڕەحمان سەرپەلی بوو، عەریف ڕەفیق خەڵکی کۆیە بوو و جێگری سەرپەل بوو. ئەوانەی لە پەلەکە ی ئێمە پێکەوە بووین، خەڵکی سلێمانی عوسمان ئامەی بەرخەش وەفاتی کردووه و هەر شیوعی بوو، جارجار دیومە. حەسەنە بچکۆل بەنا بوو، بەداخەوە لە شەڕی کۆڕەک کە پێکەوە بووین، شەهید بوو. حەمەئەمین خەڵکی دەشتی هەولێر بوو، ئەویش لە کۆڕەک شەهید بوو. شێخ عەبدولڕەحمان خەڵکی دێی کانی ماران بوو لە بیتوێن، پێیان دەوت هاوڕێ کاسترۆ، ناوە حیزبییەکەی کاسترۆ بوو، پیاوێکی دڵسۆز بوو بۆ حیزب و ئازاش بوو، وەفاتی کرد، لەم ساڵانەی دواییدا جارجار ئەمبینی. لەتیف شاڵی خەڵکی کەرکووک بوو، ئێستا لای برایانی پارتییه و لە بەشی جیهاز ئیش دەکات، عەلی قادر خەڵکی کەرکووک بوو. خەڵکی تریش هەبوون، بە داوای لێبوردنەوە ناوەکانیانم بیر نەماوە.

لە چەند خاڵێکی گرنگی سەر شاخی هەندرێن واجباتمان پێ سپێردرابوو. ماوەی دوو هەفتە لەسەر شاخ دەبووین، دوایی دەیانگۆڕین، پەلێکی تر دەهاتە شوێنی ئێمە و ئێمەش دەهاتینە خوارەوه. بارەگاکانمان لە چەند شوێنێک بوو. 1- لە میراجییان لە جەنیراوە لە بناری هەندرێن لەسەر ئاوی دەنگارە. لە هاویندا بارەگاکانمان دەبردە ناو قەدی هەندرێن. دۆڵێکی لێبوو و ئاوێکی هەتا بڵێیت ناسازگاری هەبوو، پێیان دەوت کانی گیز. زۆر ناخۆش بوو، مێشولەشی زۆر بوو. واجباتەکانمان لەم جێگایانەدا بوو. ئەشکەوتی شەهیدان لە دامێنی شاخی هەندرێن دەڕوانێت بەسەر دێی جندیان و بێشوکدا، نزیک سەربازگەی ڕواندز. 2- قەڵاگە لە ناوەڕاستی شاخی هەندرێن بوو، لەوێ چادرمان هەڵدابوو. لە قەڵاگە هەندێک پێشمەرگەی کاولوک و ڕواندزی شارەزا هەبوون، بە ئێستر دەچوون لەسەر شاخی هەندرێن بارێک بەفریان دەهێنا، لەسەر تەنەکە دامان دەنا، دەتکایەوە ناو تەنەکە وە کە له ژێرەوەی دامان نابوو، ئیتر ئەوە ئیشی ڕۆژانەمان بوو. کە لەسەر شاخ بووینایە زەردەزیڕە تێی دەدا، ئەگەر ئاوت بخواردایەتەوە، دەبوو زۆر هۆشیار بێت، زەردەزیڕەکە کە بۆ ئاو دەهات، بە دەمتەوە نەدات.

ئەوانەی کە له پەلە کەمان شارەزا بوون، یادیان بەخێر بێ ئەگەر مابن، بەهێز بوون و شارەزا بوون: 1- سەعید شێخۆ خەڵکی ڕواندز بوو، چەند برایەکیشی هەر پێشمەرگەی حیزب بوون لەگەڵمان. 2- عەلی هەینی خەڵکی کاولوک بوو، برایەکیشی لەگەڵمان بوو.

لە ئەشکەوتی شەهیدانیش واجباتم گرتووە، هەردووکیانم بینیووە. سەرکەوتن بۆ سەر شاخی هەندرێن ناخۆش بوو، دوور بوو. ئەگەر لە ئەشکەوتی شەهیدان واجباتمان بگرتایە، ئەوە بە وڵاخ دەهاتینە لای میراجیان و بە تەنەکە و شەڵتە ئاومان سەردەخست. خەفەری ئاو و خواردن حازرکردن هەبوو. من خۆم هەردووکیانم بەرکەوتووە. هەر کات خەفەری ئاو بوومایه، کێشەم هەبوو، کێشەکەشم بارکردن و بەستنی بوو، کە ئێستاش هەر فێر نەبووم، بەتایبەت ئەگەر به تەنها بووینایە، زەحمەت بوو. برادەرەکانی کاولوک و ڕواندز ماشاڵڵا یان لێبێت بەتایبەت سەعید شێخۆ دەچووە سەر هەندرێن بارەبەفری دەهێنا. هەر لە کێشی ئەودا بوو، عەلی هەینی و برادەرەکانی تریش هەروا بوون.

من تازە چووبووم بۆ پێشمەرگایەتی. لە پێش ئێمەشدا کە هێزەکانی تر لەوێ بوون، چەند هاوڕێیەک لە شەڕ لەگەڵ حکومەتدا شەهید بووبوون، وەک شەهید قاسم، برای ڕەئیس لەتیف بوو. پێشتریش لە سلێمانی یەکترمان دەناسی، خەڵکی گەڕەکێک بووین و هاتوچۆشمان هەبوو لەگەڵیان. قەبرەکەی لە دێی میراجیانە. یەکێکی تر بە ناوی جەلال حاجی ئەحمەد خەڵکی شاری کەرکووک بوو. لەسەر ڕێکخستن و ڕێکوپێکیی ناو هێزەکانی لق و پەل، شیوعییە کان زۆر باش و ڕێکوپێکن.

له و سەردەمەدا لە مانگی هەشتی 1965دا لەگەڵ فاخری حەمەدئاغا کە بەرپرسی هێزەکان بوو، لەگەڵ هەندێک لە پێشمەرگەکان چووین بۆ دۆڵی ئالانە لە بناری شاخی کۆڕەک تاکو گوندی شەرکان جولەمێرگ، بە شه و ڕۆیشتین. ئه و کاتە سەربازگەی سەربازی لە خەلیفان هەبوو. ئەم دوو دێیەی باسم کرد، زۆر نزیکی خەلیفان بوون. دیارە من پێشمەرگەیەکی سادە بووم. نەمدەزانی ئەم سەردان و چوونە بۆ ئەوێ بۆ چییە. دواتر دەرکەوت ئەم جەولەیە بۆ شەڕی کۆڕەک بووە. هەر له و دەمەدا پاش جەولەکەمان بۆ لای خەلیفان لەسەر شاخی هەندرێن واجباتمان هەبوو. لەسەر ڕێگە وتیان بارزانی دێت، وەک ئێستا لە بیرمە، سەرم بە گوێزان سفر کردبوو و جامانەیەکی سوورم بەستبوو. پاش ماوەیەک دەرکەوتن و خوالێخۆشبوو حەمەدئاغای مێرگەسووری باوکی فاخر لە پێشییەوە دەڕۆیشت. وتیان خاڵۆزایەتی یان خاڵیەتی. گەیشتنە لامان، بە حوکمی شەهید فاخر حەمەدئاغام دەناسی، پاش چاکوچۆنی لەگەڵ بارزانی تەوقەم کرد، هەر زۆرم پێخۆش بوو، چونکی لەوەتەی چاومان کردووەتەوە ناوی بارزانی دەبیستین. وا ئێستا دەست دەخەمە دەستیەوە، بەلامەوە خۆش بوو.

دیار بوو بەڕێزی بۆ گرتنی شاخی کۆڕەک هاتبوو. هەر لە مانگی هەشتەوە هێزەکانمان بەره و دۆڵی ئاکۆیان بەڕێ کەوتین و ئەوەندەی پێویست بوو، لە شاخی هەندرێن هێشتیانەوە. ئه و هێزانەی بەشداریی شەڕەکەیان کرد، لقێکی عزەت سلێمان بەگی دەرگەڵە و مەلا ئەمین بارزانی بوو، خۆشیان بارەگایان لەوێ بوو. من خۆم یەکەمجارم بوو بەشداریی شەڕ بکەم. دیارە بەرپرسان بەرنامەی شەڕەکەیان داناوە و هەر پەلە جێگەیەکی پێسپێردرابوو. سەرکەوتین بەره و شاخی کۆڕەک. ئەگەر شاخی کۆڕەک بگیرێ، زاڵ دەبێت بەسەر گەلی عەلی بەگ دا و دیوێکی دەڕوانێ به سەر هەموو دۆڵی ئالانە و خەلیفان و لایەکی تریش ڕواندز.

شەڕی کوڕەک لە ساڵی 1965

هەر کە سەرکەوتین، پەلاماری ڕەبیەی یەکەممان دا و پاش ماوەیەک گیرا. من برادرێکم لاوە بوو، لێم پرسی تەقە لە کوێ بکەم؟ یەکەم شەڕە بەشداریی دەکەم لە ژیانمدا. تفەنگێکی هۆڵەندیم پێبوو، وایان پێدەوت، فیشەکی ئینگلیزیی دەخوارد. له و شەڕەدا ملازم ڕیاز بریندار بوو، یەکەم شه و من یەکێک بووم له و پێشمەرگانەی کە هەڵمانگرت و بە کۆڵ هێنامانە خوارەوە بۆ دارەهیشک، کە بارەگای پشتەوەمان بوو. ملازم ڕیاز خۆی شاهیدە، ئێستا لە دانیمارک یان لە سوید دەژی. له ژێرەوە فانیلەیەکی عەلاگەی سپیم لەبەردا بوو. لە دوای ماوەیەکی زۆر فڕێم دا، تا ئه و کاتەش هەر خوێنی پێوە بوو، چونکی بە ئاوی گەرم شتبووم. خوێن به ئاوی گەرم دەیبوێرێ، ئه و کاتە نەمدەزانی به ئاوی سارد پاک دەبێتەوە.

ئەم شەڕە ماوەی دوو هەفتە زیاتری خایاند. ئه و جێگەیانەی نەگیرابوون، لەگەڵ سەربازەکان بەرامبەری یەک وەستا بووین. له و شەڕەدا دوو برای مەلا ئەمین بارزانی شەهید بوون، یەکێکیان ناوی تاهیر بوو. شەڕ درێژەی کێشا، ئێمەش نەکشابووینەوە. وتیان هێزی ترمان بۆ دەنێرن. هێزێک هات و وتیان جەماعەتی مەکتەبی سیاسین، کە چوون بۆ هەمەدان، لەگەڵ پارتی ڕێک کەوتوون و گەڕاونەتەوە. ڕەئیس کەمال موفتی بەرپرسی یەکەمیان بوو. پێکەوە بەرنامەمان بۆ هێرشی دووەم دانا. بڕوا بکەن ئەوەندە نزیک بووین لە یەکەوە، گوێمان لە دەنگی یەکتر دەبوو. تۆپبارانی حکومەتیش بەردەوام بوو. بە شه و زۆر سارد بوو، بە ڕۆژیش مانگی ئاب بوو و زۆر گەرم بوو. ئەم کەسانە لەگەڵ ئه و هێزەدا بوون: کەمال مەولوود، عەریف حەسەن خەڵکی هەرتەڵ بوو، شەوی هێرشەکە شەهید بوو، زۆر پیاوێکی بەهەڵمەت و ئازا بوو، ئیبراهیم سەعەکەڕ دەنگی خۆش بوو و به عەرەبی گۆرانیی بۆ سەربازەکان دەوت. هەروەک وتم، نزیک بووین له یەکەوە، به دەم ڕەبابەی بۆ لێدەدان. جارجارەش قسەی خۆشی بۆ دەکردن. ئەوانیش به تەقە وەڵامیان دەداینەوە. له و ماوەیەدا هێرشی دووەممان کردە سەریان. دوو هەفتەی خایاند و هەموو شاخی کۆڕەکمان گرت. تەنها یەک ڕەبیە مابووەوە، کە شوێنێکی قوت بوو و پێیان دەوت کەپکەقەل، ئەوەندە قوت بوو، بە ڕاستی مەگەر هەر قەل لەسەری هەڵنیشتایە. ئەگەر ئەوێمان بگرتایە، ئیتر هەموو شاخی کۆڕەک دەگیرا و بەسەر ناوچەکە و گەلی عەلی بەگدا زاڵ دەبووین. جادەی هاملتۆنمان کۆنترۆڵ دەکرد کە لە حاجی هۆمەرانەوە دێتە ڕواندز و بە گەلی عەلی بەگدا تێپەڕ دەکات.

ڕەبیەی کەپکەقەل نەگیرا. له و ماوەیەشدا حکومەت هێزی زۆری هێنا. لە ئاخر شەودا وتیان سەعید حەمۆ کە ئەفسەرێکی بەناوبانگی سوپای عێراق بوو و فەرماندەی لیوا بوو، هاتووە. لە کاتی هێرشی ئێمە بۆ کەپکەقەل تۆپبارانێکی زۆر خەست و چڕیان کردین. هەموو ئه و جێگەیانەی ئێمەی لێبووین، پێکای. هێزەکانی ئێمەش و ئەوەشی هاتبوو، شپرزه بووین و شکاین، چونکی شەهیدێکی زۆرمان هەبوو، نزیکەی بیست پێشمەرگە لە هەردوو لامان شەهید بوون. لام وابێت هی تریش شەهید بوون، من لە شیوعییە کان ناوی چەند هاوڕێیەکم لەبیرە، کە هەر لە پەلەکەی ئێمە بوون. حەمەئەمین خەڵکی هەولێر بوو. عەبدوڵڵا بچکۆل هەر خەڵکی هەولێر بوو. وەستا حەسەن بەنا خەڵکی سلێمانی بوو. هەندێک له و برادەرانە بە چەند پارچەیەک دۆزیماننەوە، بەتایبەت وەستا حەسەن لەلای برادەرانی م.س، عەریف حەسەن شەهید بوو. لە کۆتایی شەڕەکە هێزەکانمان لێدانێکی یەکجار کوشندەی بەرکەوت و لەگەڵ هێزەکەی تر بڕیاری کشانەوەیان دا. هاتینەوە بۆ گوندی فەقێیان و دۆڵی ئاکۆیان، بارەگای هەموو هێزەکان لەوێ بوون. تفەنگەکەی عەبدوڵڵا بچکۆلیان دا به من، وەسەتێکی جوان بوو، لەبەر ئەوەی وریا بووم. کاتی خۆی ئه و چەکانەی کە حیزبی شیوعی لە شۆڕشی وەرگرتبوو، وەک باسیان دەکرد 30 تفەنگی بڕنه و بووه، تەنها سێ تفەنگی وەسەتی تێدا بوو، یەکێکیان درا بە من. یەکێکیان لای ڕەئیس کەمال نەعمان بوو. هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر نەبوو به و هەموو هێزە زۆرەوە ئەوەندە شەهیدمان هەبوو و لە پاش تێکشکانیش بگەڕێینەوە بۆ شوێنەکانی خۆمان لە ئاکۆیان. برادەرانی کاک عزەت سلێمان بەگ گەڕانەوە بۆ دەرگەڵە. کاک زراری برای و هێزەکەیان لەوێ بوون. هێزەکانی مەلا ئەمین هەر لە شوێنی خۆیان مانەوه، چونکی واجباتیان هەر لەوێ بوو. بەداخەوە دوو برای شەهید بوو.

ئەمە یەکەم شەڕ بوو بەشداریم تێدا کرد، تەمەنم هەژدە ساڵ بوو. لەڕاستیدا دەبێت بڵێم لە شەڕی کۆڕەکدا پێویستمان به هێزی تر بوو، لەبەر ئەوەی هیلاک بووین، وتیان ئەمە هێزی عەشایەرە، وتیان گۆرانن. عەشرەتێک هەیە به و ناوەوە و له و سنوورە بوون، ئەوانیش شەهیدیان دا. تێکشکانمان خەسارەتێکی گەورە بوو. ئەگەرچی لە ڕۆژانی یەکەمدا زۆر باش چووینە پێشەوه، بەڵام سەنگەری حکومەت لە کەپکەقەل بەرنامەکەی تێک دا، دۆخی جەبهەکەی گۆڕی و بە کشانەوەی ئێمە تەواو بوو.

پاش گەڕانەوەمان بۆ شاخی هەندرێن زستان هات و بەهار هاته پێشەوە. وەک لە پێشەوە باسم کردبوو، واجباتەکانمان لەسەر شاخی هەندرێن بوو لە ئەشکەوتی شەهیدان و قەڵاگەی ناوەڕاستی هەندرێن. هێزەکانمان نیوەی لە دێهاتەکانی میراجیان، جەنراوە، بەرسرین و هەوارەکۆن بوون. بارەگای سەرەکیی هێزی حیزب لە گوندی بەرسرین بوو. ئه و کاتە لیوای چوار لە حامیەی ڕواندز بوو. لە بەرەبەیانی (1/5/1966) هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر شاخی هەندرێن و زۆریان داگیر کرد. ئەگەرچی وردەشەڕمان لەگەڵ دەکرد، بەڵام ئەوان هەر لە پێشڕەو یدا بوون. ئه و ڕۆژە پەلەکەی ئێمە لە خوارەوە بووین لە بارەگای پشتەوه. کە ئەمەمان زانی، هەموو هێزەکانمان سەرکەوتین بۆ لای برادەران، کە لەسەر شاخی لە هەندرێن بوون. هەر پەله و جێگەی بۆ دیاری کرا. لە ماوەی دە ڕۆژدا سوپای عێراق زۆربەی هەرە زۆری شاخی هەندرێنی داگیر کرد. بەڵام بەرەنگاری هەر بەردەوام بوو. مانگی پێنج بوو، باران هەر مابوو. بۆ نەگبەتی ئه و چەند ڕۆژەش بۆ هەر باران دەباری. ئێمەش لەبەر سەرما و باران بووین، سەرەوەی شاخی هەندرێن بەفری زۆری پێوە بوو، ساڵ لە دوای ساڵ بەفر بەسەریەکدا دەبارێ و دەمێنێتەوە.

شەڕی هەندرێن و هێرش بۆ سەر سوپای عێراق

سەرکردایەتیی سەربازیی ئه و کاتە نەخشەی بۆ دانرا. ئه و کاتە من ڕابەری سیاسیی پەلەکەی خۆمان بووم. سەرکردایەتیی لقی کوردستانی حیزبی شیوعی لە دەرگەڵە بوون. وەک لەبیرم بێت، ئەم کەسانە بوون: مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی، ئەبووحیکمەت، عادل سەلیم و هەندێک کەسی تریش. مامۆستا بەهادین نووری و مامۆستا کەریم ئەحمەد لەوێ بوون. هێزەکانی پێشمەرگەش فاخر حەمەدئاغای مێرگەسووری و ڕەئیس کەمال نەعمان کە ئەفسەرێکی عەرەب بوو، منیر عەسکەر مامۆستا بوو و خەڵکی عەینکاوە بوو، ملازم خدر لەسەر تۆپەکان بوو، ئێستاش هەر ماوه و لە هەولێره. ئەفسەرەکان ملازم عەبدولڕەحمان و ملازم ئیحسان بوون. ڕەنگە ناوی تریشم لەبیر چووبێ. لەگەڵ ئەم هێزەی ئێمەش بە سەرپەرشتیی عزەت سلێمان بەگ و زراری برای. بەڕاستی ئەوەی بیرم بێت، لەسەر شاخ و بەرزاییەکانی دەوروبەری ئەم هێزانەم بینی. ئێمە لەسەری هەندرێن بووین، لەبەر سەرما چووبووینە ئەشکەوتێک پێیان دەوت ئەشکەوتی گامۆر، دووکەڵی ئاگر خەریک بوو کوێری دەکردین. سەرما و باران تاکو ڕۆژی (12/5/1966) بەردەوام بوو. له بەرنامەی هێرشکردنەکەدا دەستەدەستە جیا کراینەوە بۆ هێرش بۆ سەر سوپاکەی عێراق. لەلای خۆمانەوە بە تۆپی 81 ملم و 82 ملم بە سەرپەرشتیی ملازم خدر کەمال نەعمان لە دوای نیوەڕۆوە دەست کرا بە تۆپبارانی سەنگەرەکانی سوپای عێراق. لە کۆسپی سپی لەولای بەرزێوەوە تۆپخانە هەبوو، لەسەر جادەی هاملتۆن لە پێچەکەی کە لادەداتەوە بەره و بەرسرین، چەند تۆپێکی 125 ملمی لێبوو. ئامرهێزی باڵەک عەبدوڵڵا ئاغای پشدەری و خوالێخۆشبوو فڕا نسۆ هەریری لەوێ بوون، هەروەها ئیدارەی هێزی باڵەک عەبدولڕەزاق بێتوشیی خەڵکی کۆیە بوو. به و حسابەی شەڕەکە لە سنووری هێزی باڵەکدایە بە سەرکردایەتیی شۆڕشی خوالێحۆشبوو کاک ئیدریس بارزانی و کاک مەسعود بارزانی، ئەوانیش دوور و نزیک سەرپەرشتیی هێزەکانیان دەکرد. لەگەڵ دەستپێکردنی هێرش دژی حیزبی شیوعی هەندێک پڕوپاگەندەیان بڵاو کردەوه. شیوعییە کان هەندرێنیان فرۆشت و خیانەتیان کرد، ئەمە ڕۆژانی پێش هێرشی ئێمە تاکو 12/5 بوو، چەند ڕۆژێ ئەم قسانە کرا، بەڵام ئێوارەی هێرشی ئێمە هەموو ئه و پڕوپاگەندانە بەتاڵ بوونەوە و قسەی ناحەزان پوچەڵ کرایەوە.

دەوری سەعات 3:30ی پاشنیوەڕۆ هێرشی ئێمە دەستی پێکرد. هەر هێزەش جێگەی بۆ دەستنیشان کرابوو. من خۆم بۆ دەستەی هێرشبردن نووسی و شەڕ دەستی پێکرد. هەر لە یەکەم هێرشمان بۆ سەر سەنگەرەکانی سوپا سەرکەوتوو بووین، چونکە ئه و هاوەنانەی کە هەمان بوو، پێش هێرشەکە بە سەرپەرشتیی ڕەئیس کەمال نەعمان و ملازم خدر جێگەکانی خۆیان زۆر باش پێکا. کاک فاخر مێرگەسووری و هەموو پێشمەرگەکان لەگەڵ هێزەکانی دەرگەڵەییەکان بە سەرپەرشتیی عزەت سلێمان بەگ و زراری برای دەورێکی یەکجار مەردانەیان نواند. لە ماوەی چەند سەعاتێکدا ئه و هێزە گەورەیەی لیوای چوار شکا و هەڵاتنی سەربازەکان دەستی پێکرد. ڕەبیە به ڕەبیە دەگیرا و ئێمەش دەچووینە پێشەوە، بە دواوەیان بووین. من خۆم لە ناوەڕاستی شاخی هەندرێن لە هێرشبردندا بریندار بووم، گوللەیەک بەر سەرم لای گوێچکەم کەوت، ئیتر کەوتم و خوێن لە لووت و دەموچاوم دەهات. ئێستاش ئه و گوێچکەیەم هیچی پێنابیستم؛ لە جێگەیەکی تردا دێمەوە سەر ئەم باسە. سەفەری بەغدا و ئێران کرد و عەمەلیاتم کرد، بەڵام سوودی نەبوو، ئەمەش خۆی چیرۆکێکە لە ژیانی مرۆڤدا.

له و شەڕ و هێرشە مەردانەیەدا سێ کەسمان لێ شەهید بوو 1- عەریف یونس کە سەرلق بوو، پیاوێکی مەرد و ئازا بوو. 2- ساڵح مام ئەلیاس، خەڵکی ڕواندز بوو، باوکیشی هەر پێشمەرگەیەکی ئازا بوو. لەگەڵ عەریف یونس سەرپەل بوو. 3 خدری عەبدوڵلا بەگی دەرگەڵەیی کە لەگەڵ هێزەکەی کاک عیزەت و دەرگەڵەییەکاندا بوو.

ئەوەندەی لەبیرم بێت ئەم کەسانەش بریندار بوون: 1- مستەفا چاوڕەش. 2- ڕەئوف ئەڵڵاکەرەمی هەڵەبجەیی 3- حەسەن خەڵکی سلێمانی بوو، تۆزێک ئەشەلی 4- عومەر قەرەچەتانی 5- ئیسماعیل نەسروڵڵا 6- زراری سلێمان بەگ 7- سەعید خەڵکی ڕەواندز بوو. من لە تەنیشت شەهید ساڵح مام ئەلیاسەوە بریندار بووم. ئیتر ئیمان و بڕوامان ئەوەندە بەهێز بوو بە حیزب و چینی کرێکار، له و کاتەی خوێن لە دەموچاوم و سەرم دەهات، وامدەزانی ئەمرم، چونکی گوللە له سەری ئینسان بدات و نەزیف هەبێ، ئەگەری مانەوەی لە ژیاندا کەمە. هوتافم دەکێشا بە ژیانی حیزبی شیوعی و چینی کرێکار. کوڕێکی هاوڕێم لەگەڵمان بوو و ناوی بەکرەڕەش بوو، خەڵکی کەرکووک بوو، له و کاتەی من هاوارم دەکرد بژی حیزب و چینی کرێکار، وتی هەتیو فڵقەفڵقی چیتە؟ کەی کاتی ئەوەیه؟ تۆ خەریکی دەمریت. ئیتر ئاگام لە شەڕەکە نەما. دنیاش بەره و تاریکی دەڕوات.

شاخی هەندرێن زۆر گەورە بوو. له و شوێنەی بەجێیان هێشتبوو، چادرێکمان بینی، وتیان ئەم چادرە هی ئامرلیواکەیە و ڕای کردو وه، لەوە دەچوو وابێت، لە هی سەرباز نەدەچوو. هەموو پێویستییەکی تێدا بوو، بۆ نموونە لێفەی تێدا بوو بە بەرگەوه، کە لە سەربازی هەر بەتانی هەیه. من بە لێفەکەی ئامرلیواکە دایانپۆشیم، کە گەورە بوو و دوو کەسی بوو. ئه و شەوە بەبێ دەرمانکردن مامەوه، بەڵام هاوڕێکانم برینەکەیان توند بۆ بەستم بۆ ئەوەی خوێنی زیاترم لێ نەڕوات. ڕێگەش ئەوەندە دوور بوو، هی ئەوه نەبوو به کوڵ هەڵمگرن. به و شەوە هەر نەدەکرا. بەیانی تۆزێک بە کوڵ هەڵیانگرتم و وڵاخیان بۆ پەیدا کردم، سواریان کردم بۆ خوارەوە بۆ بارەگاکانی پشتەوە لەسەر جادەی هاملتۆن. لەوێشەوە سواری سەیارەیان کردم بۆ خەستەخانەی شۆڕش له ناوپردان، کە خانویەکی گڵ بوو و دوو ژوور بوو، نزیک جادەکە بوو لەمبەرەوە. دکتۆرێکی عەرەبی لێبوو و بە ناوی دکتۆر حەسەن، لێپرسراوی خەستەخانەکە بوو، خۆشی شیوعی بوو. ئەنجا بێمەوە سەر دۆخی تەندروستیی خۆم. لەبەر ئەوەی خوێنێکی زۆرم لەبەر ڕۆیشتبوو، چووبووە ناو گوێچکەمەوه و خوێنەکە وشک بووبووەوە. تا گەیشتمە ناوپردان، بیست و چوار سەعاتی خایاند. لەوەش سەیرتر ئەوەبوو دەمم نەدەکرایەوە؛ دیار بوو گوللەکەی کە بەرم کەوتووە، دەماری مفسەلی لای گوێچکەمی گرتووه، ئەمەش شتێکی زۆر زەحمەت بوو. بێجگە لە ئازار و برینداری ئەمەشی هاتە سەر. دەمم نەدەکرایەوە خواردنی پێبخۆم، لە کاتی قسەکردندا دەمم دەیگرت، پسکیتم دەکردە چاوە و بە پەنجە ئەمخستە دەممەوە، پاش دوو ڕۆژ لە خەستەخانەی شۆڕش لە ناوپردان تۆزێک کرایەوە.

داستانی شەڕی هەندرێن

شەڕە گەورەکەی هەندرێن بووە داستانێکی بێوێنە لە ژیانی شۆڕشی ئەیلوولدا و دەیان هۆنراوە و پەخشانی بەسەردا هەڵدرا. بەڕاستیش هەقی خۆیەتی، لەبەر ئەوەی گۆڕانێکی بەرچاوی هێنایە کایەوە. له و شەڕەدا دەیان پارچە چەکی قورس گیران لە تۆپ و جۆرەکانی جیهازی زۆر پێویست، کە بۆ کاری سەربازی بەکار دەهێنرێ. بێجگە لە سەدان پارچە چەکی سووک و کوژرانی سەربازێکی زۆر لە مەیدانی شەڕەکەدا. لەبەر ئەوەی من لەوێ نەبووم و لە خەستەخانە بووم، لە هەموو جێگەیەکەوە لە سنوورەی باڵەکایەتی و ڕواندز خەڵکی دەچوون بۆ تەماشاکردنی شاخی هەندرێن. هەندێک کەسیش چووبوون شتە بەجێماوەکان ببەن بۆ خۆیان. خەڵکی دێهاتەکانیش هەقی خۆیان بوو.

ناردنم بۆ ئێران بۆ چارەسەر

پاش ئەوەی چەند ڕۆژێک لە خەستەخانەی ناوپردان مامەوە، ناردمیان بۆ خەستەخانەی خانێ لە ئێران. چەند ڕۆژێکیش لە خانێ مامەوه. دوایی ناردمیان بۆ تاران. له بیرمە کە ڕەوانەیان کردین بۆ تاران، سێ پێشمەرگە بووین، ئه و کاتەش کارمەندێکی دەوڵەتیان لەگەڵ دەناردین لە هێنان و بردن، دیار بوو ساواک بوو. 1- من خۆم 2- کوڕێک ئاشووری به ناوی ستێفان، ئەڵغام لە دەستیدا تەقیبووەوە. پەنجەکانی پەڕیبوون و چاوی ئەزیەت دابوو، به زەحمەت دەیبینی. 3- کەسێکی تر به ناوی سەعید خەڵکی لای دهۆک بوو، ئەویش ئەڵغامی پێدا تەقیبووەوە و مێشکی تێک دابوو. چووینە شاری مەهاباد، یەکەمجار بوو ئەوێ ببینم. لە کەبابخانەیەک نانمان خوارد، دوایی چووین بۆ مەراغە. ئێوارە سواری شەمەندەفەریان کردین، چوار کەس بووین، کارمەندێکی دەوڵەت و ئێمەش سێ پشمەرگه، کەسێکی تریشمان لەگەڵدا بوو، لەوە دەچوو بارزانی بێت. شەوەکەی لە ناو شەمەندەفەرەکەدا بووین، ڕۆژ بووەوە و گەیشتینە تاران. لە وێستگەی شەمەندەفەر دابەزین. لە ژیانمدا شاری وا گەورە و جوانم نەدیبوو؛ لە شاخەوە بۆ تاران. ئیتر دەستیان گرتین و لە شەقامەکە پەڕیینەوە. جلی خاکی و کوردیمان لەبەردا بوو. خەڵکی تەماشایان دەکردین. من کەڕ بووم و دەمم نەدەکرایەوە. سەعید ئەقڵی نوقسان بووبوو. ستێفان کوێر بووبوو. بە ڕاستی کە خەڵک سەیری دەکردین، بەزەییم بە خۆماندا هاتەوە، وتم ئێستا خەڵکی کە ئەمانبینن، ئاخۆ بە چیمان تێبگەن؟ ئه و کاتە سەردەمی شا بوو، کارمەندەکەی ساواک بردینی بۆ جێگەیەک، کە لەوە دەچوو جێگەی حەوانەوە بێت و تایبەت بێت بە پێشمەرگه و بریندار، لە سەڵتەنەت ئاباد بوو. لەبەر ئەوەی من برینەکەم چاک بوو، پێویستی نەکرد لە خەستەخانە بمخەن. ڕۆژانە دەیانبردم بۆ لای دکتۆر. ئەوەی پەیوەندیی بە برینەکەمەوە هەبوو، دکتۆرەکان وتیان ئەم حاڵەی ئەم بە تێپەڕینی کات چارەسەر دەبێت، دەمی چاک دەبێتەوە و دەکرێتەوه. گرژی و خوێن گرتوویەتی. ماوەی دوانزە ڕۆژێک لە تاران بووم. ڕۆژێک کارمەندێکی دەوڵەت هات، لەبەر ئەوەی دەیان گەڕاندمەوە، بردیانینە دەرەوە بۆ بازاڕ و دوایی گەڕاینەوە بۆ سەڵتەنەت ئاباد. بۆ ڕۆژی دوایی گێڕانیانینەوە بۆ کوردستان. ئیتر کە چوومەوە بۆ لای هاوڕێکان، لە قسەکردندا دەمم دەیگرت. هەر کەسێک قسەی لەگەڵ بکردمایە، هەستی پێدەکرد. هەر له و ماوەیەدا بە حوکمی گەورەیی شەڕی هەندرێن شۆڕش و حکومەت سووکەگفتوگۆیەکیان کرد به ناوی ڕێککەوتنی حوزەیران. گفتوگۆکەش لەگەڵ عەبدولڕەحمان بەزازی سەرۆک وەزیر کرا. شەڕی هەندرێن وای کرد حکومەتی بەزاز بکەوێتە گفتوگۆ.

ڕێککەوتنی عەبدولڕەحمان بەزاز

لەبەر دۆخی خۆم و دەمم سەردانی بارەگای بارزانیم کرد لە حاجی هۆمەران، لەوبەرەوە بوون لە کوێستانەکان. بارەگای بارزانی لەژێر چادردا بوو. نامەیەکیان دامێ بۆ دکتۆر غانم عەقراوی لە خەستەخانەی شەعبیی بەغدا، دۆستی شۆڕش بوو. بە منیان وت نامەی بارزانییە، لام زۆر گرنگ بوو، ڕەنگە نامەکە یان کاک ئیدریس یان کاک مەسعود نووسیبێتیان. نامەکەم وەرگرت و هاتمەوە بارەگاکانی خۆمان لە بەرسرین.

ئامرهێزی باڵەک عەبدوڵڵا ئاغای پشدەری بە دەستوخەتی خۆی بەرگەیەکی بۆ کردم بۆ ئەوەی بڕۆم بۆ بەغدا و لە بازگەکان دەست نەهێننە ڕێگەم. کوڕێک سەیارەیەکی مارسیدسی پێبوو و ناوی نامیق بوو، هەولێری بوو، وابزانم شیوعیش بوو. برادەران دەیانناسی. لەگەڵ نامیق سواری سەیارە بووم بۆ هەولێر و لەوێشەوە بۆ بەغدا. گەیشتمە بەغدا، هەندێک ماڵی خزمم هەبوو لەوێ. چوومە ماڵی کاک جەبار کوڕی پووری دایکم. ڕۆژی دوایی چووم بۆ خەستەخانەی شەعب لای دکتۆر غانم عەقراوی. نامەکەم دایە دەستی و زۆرزۆر ڕێزی گرت. وتی بەسەرچاو، دەبێ ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ عەمەلیات. بۆ ڕۆژی دوایی چوومە وە بۆ خەستەخانەی شەعب، دیار بوو خۆی ڕێکی خستبوو، بردمیانە ژووری نەشتەرگەری عەمەلیات و پاڵیان خستم. ئەوەندەم ئاگا لێبوو دەرزییەکیان لێدام و شتێکیان خستە دەممەوە، قاڵبێک بوو بە قەدەر دەمم دەبوو، وەک جەکی سەیارە وابوو. پاش ماوەیەک کە هۆشم هاتەوە و چاوم کردەوه، هەندێک لە خزمەکانم کە ماڵیان لە بەغدا بوو، هەروەها شەهید عەلی بۆسکانیم بینی. لەگەڵ کاک عەلی هەم تێکەڵاوی خێزانیمان هەیە و هەم شیوعی بوو. بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا خەڵکی نامەرد و قازانجپەرست بە دەستی غەدر شەهیدیان کرد. قەت غەدری وا گەورەم لەبیر ناچێت. ڕۆیشتمەوە بۆ ماڵی کاک جەباری پوورزام و چەند ڕۆژێک لەوێ پشووم دا. پاش نەشتەرگەرییەکە دەمم فەرقی کردبوو. لەبەر ئەوەی بە زۆر کردبوویانەوە، وەک خۆی لێهاتەوه، بەڵام کەمێک لە جاران باشتر بوو و فەرقێکی کردبوو.

گەڕانەوەم بۆ لای هاوڕێیان

ئەگەرچی خزمەکانم زۆریان لێکردم جارێ نەڕۆمەوە، بەڵام من بڕیارم دا بگەڕێمەوە. دیارە کە من هاتم بۆ بەغدا، سووکەڕێککەوتنێک هەبوو، ماوەکەی کورت بوو. هەر به و خەیاڵە گەڕامەوە، به و بەرگەیەی کە بەڕێز عەبدوڵڵا ئاغای پشدەری بۆ ئاسانکردنی ڕێگە بۆ نوسیبووم. لە گەڕانەوەمدا لە سەیارەکەدا لە خالس ڕایانگرتین، وەک پیشەی هەمیشەیی بازگەکانی عێراق داوای ناسنامەیان کرد، منیش بەرگەکەم دەرهێنا، وتیان دابەزە. هەر بە دابەزینم سەربازەکان کەوتنە لێدانم و گرتیانم، سەیارەکەیان ئیزن دا و منیان گلدایەوه، پاشان لەگەڵ چەند سەربازێک بردیانم بۆ سەربازگەی سەعد. پاشان نووسراویان بۆ کردم بۆ دایەرەی ئەمنی بەعقووبه. لە ژووری مدیر ئەمنی بەعقووبە لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردم. لەوێ نەموت پێشمەرگەم، وتم خوێندکارم، له ماڵی خزمەکانم بووم لە بەغدا. لە گەڵاڵە نەخۆش کەوتووم و ئەم بەرگەیان داومەتێ بۆ لای دکتۆر لە بەغدا، بۆ چارەسەر ڕۆشتووم بۆ ئەوێ. برینەکەم دەمێک بوو ساڕێژ بووبوو. هەر کێشەی دەمنەکردنەوەم بوو، پێمەوە دیار نەبوو. مدیری ئەمن وتی کێ دەڵێت تۆ بریندار نیت؟ وتی پیاسە بکە بۆ ئەوەی بزانێت ئەشەلم یان لەم جۆرە شتانە، منیش چەند جارێ بە بەرچاویە وە هاتم و چووم. چونکی تەمەنیشم کەم بوو و لە پێشمەرگە نەدەچووم، ڕەوانەی تەوقیفی بەعقووبەیان کردم. چەند ڕۆژێ لەوێ بووم، پڕبوو لە خەڵکی کورد بۆ ئەوەی هەر کەسه و بۆ جێگەی خۆی ڕەوانەی بکەنەوە. دیارە منیش لە قسەکانمدا وتوومە خوێندکارم، کۆمەڵێک کوردی تێدا بوو و بەردەبوون. بیرم کردەوە تازە من دەگەڕێمەوە. لەوێ کوڕێکی تێدا بوو لە تەمەندا لە من گەورەتر بوو، وتیان شیوعییە و گیراوە، ناوی باقی بوو، خەڵکی خانەقین بوو. منیش خۆم پێناساند. بەڕاستی زۆر یارمەتیی دام و ئه و چەند ڕۆژە جێگەی کردمەوە. دوایی بانگیان کردم و وتیان خۆت ئامادە بکە، ڕەوانەی کەرکووکت دەکەین تە سفیرات بە شەمەندەفەر. سێ پۆلیسیان لەگەڵ ناردم. کەلەپچەیان کردە دەستم و سواری شەمەندەفەر بووین. پۆلیسەکان کورد بوون، خەڵکی دەوری خانەقین یان شارەبان بوون. کە زانییان کوردم، لەناو شەمەندەفەرەکەدا کەلەپچەکەیان لەدەستێکم کردەوە، بەڵام بە دەستێکمەوە مابوو، کردیان بە شیشی کورسییەکەی بەردەمم، هەر پیاوەتی بوو، منیش له و دەقیقەی کە گیراوم، بیر لە ڕاکردن دەکەمەوە و چۆن خۆم دەرباز بکەم و ڕزگارم بێ. لە هەندێک جێگە شەمەندەفەرەکە ڕادەوەستا. کە نەمویست ڕابکەم دوو هۆی هەبوو: 1- پۆلیسەکان پیاوەتییان لەگەڵ کردووم و کەلەپچەکەیان داکەندووە. 2- ئەگەر ڕاشم بکردایه، چونکی چۆڵەوانی بوو، دەگیرامەوە. ئیتر ماوە نەمایەوە، گەیشتینە کەرکووک. وتم لە ناو کەرکووک ڕادەکەم. سەعاتێکم لە دەستدا بوو، هەندێک زنجیر هەیە وەک ئیسپرینگ دەکشێت، بردمە لای ئانیشکم. وتم تاکی کەلەپچەکە دەکەم بە ژێریدا و قۆڵی کراسەکەم دادەدەمەوە بە سەریدا.

مانگی هەشت بوو، بەڵام شانسی من کە سواری پاسیان کردم، چووە ناو مەوقیفی کەرکووکەوه. لەوێ دایانگرتم و هیچ دەرەتانێک نەمایەوە بۆ هەڵاتن. ئیتر کردمیانە ژوورەوە. ژوورەوە پڕ بوو لە خەڵکی و زۆریان شیوعی بوون خەڵکی لای موسڵ بوون. منیش وەک ئەوەی شتێکی گەورەم دۆزیبێتەوە، خۆم پێناساندن. بردیانمە لای خۆیانەوە، زۆر حورمەتیان گرتم و هاوکارییان کردم. دوانیان ناوەکانیان دەزانم، پاش بەربوونیان هاتنە دەرەوە بۆ لای حیزبی شیوعی لە ناوچە ی گەڵاڵە. ناویان سوبحی و عامر بوو و لە شیوعییە کانی شاری موسڵ بوون. دوو شه و لەوێ مامەوه. بڕیار بوو ڕەوانەی سلێمانیمان بکەنەوە. نزیکەی 8 تا 10 کەس دەبووین. خستینیانە ناو سەیارەیەک، کە وەک قەفەز وابوو، پەنجەرەپەنجەرە بوو. بەره و سلێمانی کەوتینە ڕێ. هێشتا هەر بیر لە ڕاکردن دەکەمەوە، هۆیەکەشی ئەوە بوو ئەگەر لە سلێمانی دەفتەر و کونیە ی من هەڵبدەنەوە، دەزانن شیوعیم، دەورم هەبووە و ناوم هەیە. منیش لە ئیفادەکەمدا وتوومە خوێندکارم، ئێستاش لە سلێمانی دەمناسن و دەزانن یەکەم پێشمەرگەم. لە ڕابوردووشدا خەباتم دیار بووه و تووشی ئازاری زۆر دەبم یان زۆر دەگیرێم. هەندێک شت هەیە گێڕانەوەی وەک فیلم وایە. کاتێک لە کەرکووکەوە بۆ سلێمانی بە سەیارەی پۆلیس لە قەفەزەکەدا بە ڕێگەوە بووین، زاوایەکی پووری گەورەمان پوورە حەلاو ماڵیان لە کەرکووک بوو، ئۆتۆمبێلی باری گەورەی پێبوو و له نێوان کەرکووک و سلێمانیدا ئیشی دەکرد، ناوی حاجی کەریم بوو. ئۆتۆمبێلەکەی ئێمە لە پێشەوە بوو، ئۆتۆمبێلەکەی ئەویش لە دواوە بوو و پوورزاکانمی تێدا بوو. نەوزاد و سیروانی کوڕی بوون. کە منیان بینی، ئەنجا زانرا گیراوم، چونکی تاکو ئەوەی گەڕابوومەوە لە بەغدا، وایانزانیوە دوای نەشتەرگەرییەکە گەیشتوومەتەوە لای هاوڕێیان لە گەڵاڵه. کە گەیشتبوونە سلێمانی، ئاگاداری کەسوکاریان کردبوو کە من گیراوم و به و شێوەیە منیان بینیووه. منیش کە ئەوانم بینی، دەستم بۆ جوڵاندن، ئیشارەتم دانێ و زانییان.

گەیشتینە حەوشەی سەرای سلێمانی. ڕۆژی هەینی بوو و تەسلیمی پۆلیسی خەفەریان کردین. بەڵام لەبەر ئەوەی هەینی بوو و دائیرە نەبوو، هەر لە حەوشەکەی بەر ژووری ئەفسەری ئیشگر ڕایانگرتین. نووسراویان کرد بۆ ئەوەی بمانبەن بۆ سجنی سەرەوە، تاکو ڕۆژی شەممە دائیرە دادەنرێ و بانگمان بکەن. ئەوانەی لەگەڵ من بوون، ڕەوانەیان کردن، هەر من مامەوە. وتیان تۆ سەربازی فیراری، دەتنێرین بۆ حامیەی سلێمانی. منیش وتم کاکە وانییە بڕۆن جوان تەماشای نووسراوەکان بکەن من خوێندکارم. ڕۆیشتن، پاش کەمێک هاتنەوە و وتیان ڕاستە. ڕاوەستە تاکو کتابەکەت بۆ چاک دەکەین. منیش هەر لە حەوشەی سەرای سلێمانیم، لەبەر ژووری ئەفسەری ئیشگر ڕاوەستام، بەڵام کەلەپچەکەم له دەست کراوەتەوە. منداڵی سلێمانیم و کۆڵانەکانی سلێمانی هەمووی شارەزام. سێ پۆلیسیان هێنا ئاگایان لێم بێت، ئەفسەرەکە داوای ئاوی کرد، دوانیان مایەوە. له و کاتەدا منداڵێکیان هێنا کە مار پێوەی دابوو.

وردەوردە هاتمە لای دەرگا گەورەکەی حەوشەی سەرا، بەرامبەر بەڕێز ڕەفیقی وێنەگر لەسەر شەقامی پیرەمێرد کە بەرامبەر حەمامەکە بوو. یەکسەر لە شەقامەکە پەڕیمەوه بۆ کۆڵانەکەی بەرامبەری و لە بەرچاو ون بووم، بە ڕاکردن خۆم کرد بە مزگەوتەکەدا بۆ دیوی شەقامی گۆرانی ئێستا. مزگەوتەکە دوو دەرگا بوو، خۆشم زۆر شارەزا بووم، یەکسەر دەچووە لای حەمامی سەرچناری ئێستا، کە ئێستا شەقامی گۆرانه، ئه و ساڵە تازە دروست دەکرا. شەقامەکە هەمووی هەڵکەندرابوو، ساڵی 1966 ڕێگە نەبوو سەیارەی پێدا بڕوات، ئاوەڕۆی گەورەیان تێدا دروست دەکرد. هەر به ڕاکردن بەره و ماڵەوه ڕۆیشتمەوە. ماڵی پوورە حەپسەم لەسەر جادەی گۆران بوو، لای سەرەوە ماڵی وەستا حەمەئەمینی بەنا، خۆم کرد بە ماڵەوەدا و وتم لە زیندان ڕام کردووە. وریای خۆتان بن و هەر ئەوەنده. ئیتر لەوێ دەرچووم بۆ جێگەیەکی ئەمینتر. حکومەت هاتبوون خاڵێکمیان گرتبوو به ناوی عەباس دەروێش حسێن خەیات بوو، ماڵبەماڵی خزمەکان گەڕابوون و ئەوەی شکیان لێکردبێت، لەگەڵ خۆیان بردبوویان، بەڵام تازە من ڕزگارم بوو. لە ماڵی کەسێکی ناسیاومان بووم لە گەڕەکی حاجی حان، هەر لەوێشەوە جوابم نارد بۆ بۆ هاوڕێیانی حیزب، لە سلێمانی، کە شتێکی وابووە.

پاش دوو شه و مانەوە له ڕێگەی حیزبەوە و لەگەڵ هاوڕێیەکی تر لە کارێزەوشکەوه و لای ئیسکان دەرچووینە دەرەوە بۆ دەرەوەی شار. ناوی مام قادر بوو، ئه و کاتە ئەندامی لیژنەی شاری سلێمانی بوو، ئەگەر زیاتر نەبووبێ. زۆر بەداخەوە ماوەی چەند مانگێک پێش ئێستا وەفاتی کرد، بەره و گەڵاڵە و دەرگەڵە ملی ڕێگەمان گرت. ئەوە بۆ من خۆشترین سەرکەوتن بوو. هەندێک جار لە فیلمدا یان لە کتێبدا شتی وامان خوێندووەتەوە. بە ڕۆحیەتی بەرزەوە ڕزگارم بوو، خاڵم چەند ڕۆژێک زیندانی کرا و پاشان بەردرا. پاش چەند ڕۆژێک ڕێگە گەیشتمەوە لای هاوڕێیان و بەسەرهاتی خۆم بۆ گێڕانەوه.

ئینجا بێمەوە سەر نەشتەرگەری. دەمم وەک جارانی لێهاتەوە، تەنها تۆزێک فەرقی کردبوو. لای ڕاستم گوێچکەم هیچی نەدەبیست، کەڕ بووبووم و دەمم باش نەدەکرایەوه، کە قسەم دەکرد زمانم دەیگرت و پێمەوە دیار بوو. ئه و کاتەی من لە دەست پۆلیسەکان ڕام کرد، کەسێک عەریفی ئێشکگر بوو به ناوی عەریف ئیبراهیم ئەولێ خەڵکی سلێمانی بوو و پیاوێکی باش بوو. لەسەر من نەقڵی ڕانیە یان کرد. بەداخەوە ئەوانیش لەسەر من لەگەڵ پۆلیسەکان تووشی دوورکەوتنەوه و گواستنەوە بوون، چاریش نییە، ئەمە ڕێگەی خەباتە، زۆرم پێناخۆش بوو.

من وەک جاران لە دەرەوە بووم. ڕۆژبەڕۆژ و مانگبەمانگ ساڵ دەچێتە پێشەوە، تفەنگم کردەوە شانم و لەگەڵ هاوڕێکان واجباتی خۆم دەست پێکردەوه. وا بوو بە ساڵی 1967. لە سلێمانی حیزب تووشی هەندێک کێشە بووبوو، هەڤاڵەکان داوایان کردبووم بۆ لای خۆیان. من ئاگام لە هیچ نەبوو، بەڕێز مامۆستا کەریم ئەحمەد و بەڕێز مەلا ئەحمەدی بانیخێڵانی بانگیان کردم بۆ دەرگەڵه. کە چووم، وتیان حیزب لە سلێمانی پێویستیان پێت هەیە، کێشەیەک ڕووی داوە. ئەوەی ڕاستی بێت، خۆشم زۆرم پێخۆش بوو، لە شاخ ڕزگارم دەبێ و ئەگەڕێمەوە بۆ ناوشار بۆ لای هاوڕێیان، تەنانەت ئەگەر کاتییش بێ. ئه و هاوڕێیانەی داوایان کردبووم، هەموویانم دەناسی، لەوەپێش پێکەوە بووین. پاش ئه و بڕیارەی حیزب بە نهێنی گەڕامەوە بۆ سلێمانی، پەیوەندیم کرد بە حیزبەوه و هەڤاڵەکانیشم بینی وەک 1- ئەکرەمی حەپسە 2- لەتیف حەمەموراد، ساڵی 1969 لە بەغدا لە قەسر ئەلنیهایە شەهید کرا. 3- مەلا ڕەئوف، ئێستا لە لەندەنە.

ئه و کاتەی هاتمەوە، لەگەڵ هاوڕێ شێخ عەلی کە لێپرسراوی ڕاستەوخۆی ئێمە بوو، ئیشمان دەکرد. بەداخەوە وەفاتی کرد، پیاوێکی مەرد و ئازا بوو، باوکی بەختیار عەلی، کە ئێستا بەختیار یەکێکە لە نووسەرە گەورەکان. ئه و کاتەی من هاتوچۆم دەکرد، بەختیار منداڵ بوو، وابزانم لە پۆلی سێیەمی سەرەتایی بوو یان زیاتر. شێخ حامدی مامیشی هەر لەوێ پێکەوە بوون، بنەماڵەیەکی شیوعیی تێکۆشەر بوون. وابزانم دەوری مانگی هەشت بوو. ماوەیەک پێکەوە کارمان کرد و کارەکانی حیزبمان بێ دوودڵی ڕادەپەڕاند و جێبەجێمان دەکرد. ئێمەش گەنج بووین و دڵسۆز بووین بۆ حیزبەکەمان. هەر له و سەردەمەدا و لە 17/9/1967 حیزبی شیوعی بوو بە دوو بەشەوه.

ئەوەی پێیان دەوت قیادەی مەرکەزی عەزیز ئەلحاج سەرکردایەتیی دەکرد، گوایە دژی حیزب بوو و لە خەتی شۆڕشگێڕی لایان داوە. ئەم باڵەی حیزبی شیوعی خۆی بە شۆڕشگێڕتر دەزانی و دەیوت سیاسەتی حیزب کە لایداوە به لای ڕاست، قیادەی مەرکەزی ڕاستی دەکاتەوە. جیابوونەوەکەش زۆر گەورە بوو، سەرتاپای عێراقی گرتەوە. دژی سیاسەتی سۆڤێت بوو، کە حیزبی شیوعیی دایک کلکیەتی و بە دوای ئەوەوەیە، قیادەی مەرکەزی دروست بوو، لە هەموو جێگەکانی عێراق دەرکەوت. ئێمەش ئه و هاوڕێیانەی کە ناوم هێنان، لەگەڵ قیادەی مەرکەزی کەوتین کە عەزیز ئەلحاج سەرکردایەتیی دەکات، هاوڕێ شێخ عەلی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تر بەڕێوەیان دەبرد. ئەنجا تۆ سەیر بکە، ئه و کاتە منیان ناردەوە بۆ ئیشکردن لە سلێمانی، بەڵام ئەوەندەی نەخایاند لەگەڵ باڵەکەی قیادەی مەرکەزی ڕۆیشتم. گەنج بووین، وردەکاریی سیاسەتی حیزب زۆر شارەزا نەبووین، ڕاست و چەپمان باش نەدەزانی. مامۆستا کەریم ئەحمەد و مەلا ئەحمەدی بانیخێلانی و ئەبووحکمەت منیان ناردەوە، کەچی کە جیابوونەوە بوو، من لەگەڵ ئەم باڵەی تری حیزب ڕۆیشتم، ئەوەش دوو هۆی هەبوو. هەموو هاوڕێ شۆڕشگێڕ و کوڕە ئازاکانی من دەمناسین، لەگەڵ قیادەی مەرکەزی بوون. منیش لەگەڵ هاوڕێکانی تر لەگەڵ قیادەی مەرکەزی بۆ ئیشکردن بەردەوام بووم. بڕوا بکەن ئه و کاتەی حیزبی شیوعی بوو بە دوو بەشەوە لە سلێمانی، زۆربەی زۆری شیوعییە کان لەگەڵ قیادەی مەرکەزی بوون، لای ئەوانیش مایەوه، بەڵام کەمەکەی بوو. لەبیرمە جارێکیان وتیان ڕۆنیۆ و چاپ کەوتووەتە لای ئەوان و لای هاوڕێ....ە. خۆمان حازر کرد بچینە سەری و داوای لێبکەینەوە، ئیتر نازانم چۆن بوو نەچووین، ڕێک نەکەوت. زۆرزۆر سەرمان قاڵ بوو به کاری حیزبییەوه، به و حسابەی ئێمە شۆڕشگێڕترین. خەریکی ڕێکخستنەوەی کارەکانمان بووین له و بەشەی ئیشمان تێدا دەکرد. هەرچیمان پێسپێردرا، بەبێ دوودڵی بەدڵ و بەگیان جێبەجێمان دەکرد بۆ حیزب. کۆمەڵێک کادێر و هاوڕێی ئیشکەر و دیار بووین. ناومان هەبوو لای هاوڕێیان خۆمان و دەسەڵاتی ئه و سەردەمەی سلێمانی حسابیان لەسەر ئەکردین. لە ئیشوکارەکانیش خۆمان دەرنەئەخست. هەر لە ژوورەوە بووین، مەگەر کارێکمان بووبێ بهاتینایە دەرەوە، چونکی کەسانێکی دیار بووین، ئەگینا هەر له ژێرخان و ماڵ خۆمان ئەشاردەوە، ئه و سەردەمەش حکومەت زەعیف بوو، بەڵام باڵی مەکتەبی سیاسی کە پێیان ئەوت جەلالی، لە سلێمانی دەسەڵاتیان هەبوو، بارەگای سەرەکییان لە بەکرەجۆ بوو، ئێمەش ناومان هەبوو، لە کادێرە سەرەکییەکانی حیزبی شیوعی بووین لە باڵی قیادەی مەرکەزی، لە ژێر چاودێریدا بووین.

من خۆم و ئه و هاوڕێیانەی پێکەوە کارمان ئەکرد، هیچ کێشە و گرفتێکمان نەبوو، دەستکاریی ئیشی کەسمان نەدەکرد، تەنها لە چوارچێوەی کاری حیزبیی خۆماندا بوو، بەڵام هەستمان ئەکرد جەلالییەکان چاودێریمان ئەکەن، ئیتر ساڵی 1968ەوە خۆمان ئەپاراستن، چونکی ئەوان لەگەڵ دەسەڵاتدا بوون.

جەژنی قوربان

ئه و ماوەیەی دوای جیابوونەوەی قیادەی مەرکەزی لە حیزبی شیوعیی عێراق ئێمەش لەناو ئه و حیزبەدا زیاتر خەریکی کاری حیزبی بووین. برادەرێکم خۆی لە جەماعەتی مەکتەبی سیاسی بوو، جوابی هێنا و وتی ئاگاداری خۆتان بن، چاودێریتان ئەکەن. بە حوکمی ئەوەی برادەری منداڵی بووین و لە گەڕەکدا پێکەوە بووین، ئاگاداری کردینەوە. شەوی یەکەمی جەژنی قوربانی 1968 چووینە ماڵی برادەرێکم بە ناوی شێخ کەریم، دراوسێمان بوو و لە بەیتەری ئیشی ئەکرد. ئه و شەوە لەوێ ماینەوە، هەم جەژن بوو هەم خۆپاراستنیش بوو، ڕۆژی دووەمی جەژن لە دڵی خۆمدا وتم حەقیان چییە به سەرمانەوە؟ جەژنە و هەموو کەس سەرگەرمی جەژنە لەگەڵ کەسوکاری خۆیدا، چاوەڕوانی ئەوەمان نەئەکرد بە شەوی جەژن بێنە سەرمان.

به هێزێکی زۆرەوە هاتنە سەرمان

دووەم شەوی جەژن نزیکەی سەعات نۆونیو بوو. لە دەرگای ماڵەوە درا، غەڵبەغەڵب و قەرەباڵغی پەیدا بوو، ماڵمان لەسەر شەقامی گۆران بوو لە سەروو ئۆرزدی باکەوە. لە ماڵی ئەکرەمی پوورم بووم، ماڵی وەستا حەمەئەمین بەنا. من و ئەکرەم هەردووکمان لە تەمەنێکدا بووین، هاوڕێی یەک بووین و شیوعی بووین، تەنیا هەردووکمان بووین، شەوی جەژنیش ماڵەوە پڕ بوو لە کەسوکار.

هەردووکمان یەکی دەمانچەیەکمان پێبوو، د مانچەکەی من میکارۆفی رووسی بوو، ئەوەی ئەکرەم چواردەخۆر بوو. قسەمان دەکرد، نەمدەزانی کێن و کێ نین. سەربانێک بەرامبەرمان بوو، ماڵی مەلا مستەفا بوو، ئیمامی مزگەوتی حاجی شێخ ئەمین بوو، سەربانەکەیان بەرامبەر ژوورەکانی ئێمە بوو، تەماشامان کرد پڕ بوو لە تفەنگ بەدەست. دیار بوو دەورمان گیرابوو، ئێمەش ئاگامان لێنییە سەربان و بنبان گیراوه، هاتنە بەر پەنجەرە و هەیوانی ئه و ژوورەی تێیدا بووین. پرسیمان ئێوە کێن؟ وتیان پێشمەرگەی حیزبین، بیکەنەوە. کە گوێمان لەوە بوو، وا هەستمان کر بۆ گرتنمان هاتوون. ژوورەکە مەکینەیەکی خەیاتی و لیفه و دۆشەکی تێدا بوو، هەموویمان خستە بەر دەرگاکە بۆ ئەوەی نەکرێتەوه و نەیەنە ژوورەوە، چونکە نیازی تەسلیمبوونمان نەبوو. پێمان وتن چیتان ئەوێ، لێرە بڕۆن، سوودی نەبوو. وتیان تەسلیم بن. ئه و ژوورەش من و شەهید ئەکرەم و و خوشک و دایک و منداڵەکانی تری لێبوون. لە دە کەس زیاتر بووین له و ژوورەدا، بە خۆشیی جەژنەوە کۆبووبووینەوە. لە بەرامبەر دەرگای ئه و ژوورەی کە تێیدا بووین، کەسێک دەستڕێژێکی کرد بەناوماندا، غەدارەی ئەمەریکی بوو. له و جێگەیەی فیشەکەکان هاتوونە ژوورەوە، مانای کەسێک وەستاوه. لێی هاتینە دەست و تەقەمان له و جێگەیە کردەوه. شەڕ دەستی پێکرد، لە هەموو لایەکەوە دەستڕێژ دەکرا. من و شەهید ئەکرەم دابەش بووین. ئه و ئاگاداری بەر هەیوانەکە بوو، منیش دەرگاکه، نەکا پاڵی پێوە بنێن و بێنە ژوورەوە. گڵۆپەکانی ژوورەکەمان کوژاندەوه، ئێمە لە تاریکی و ئەوان لەبەر ڕووناکی. ئەوان کڵاشنکۆف و بڕنه و و چەکی تریان پێبوو، ئێمەش تەنها دوو دەمانچەمان پێبوو، بەرگریمان کرد. بڕوا بکەن ماوەی یەک سەعات زیاتر هەر لە ژوورەوە بووین، چونکە نیازی تەسلیمبوونمان نەبوو. پاش دەستڕێژەکانی یەکەم ئێمە تەنها بۆ خۆپاراستن بۆ ئەوەی فیشەکمان پێبمێنێ، ناوبەناو تەقەیەکمان دەکرد، به و مانایەی ماوین، بەڵام لە یەکەم دەستڕێژدا ئێمە دوو بریندارمان هەبوو، یەکێکیان زاهیری برام بوو، ئه و کاتە تەمەنی 12 ساڵ بوو، ماجدی پوورم تەمەنی یانزە ساڵ بوو، هەردووکیان خوێندکار بوون. ئەوان هەندێکیان لە سەربان دەبینران. ناوبەناو ژن هاواری دەکرد و دەیقیژاند و سوورەتی قورئان و ئایەتەلکورسییان دەخوێند. لەپڕێکدا دەستڕێژیان لێدەکردین، لە نیوەیدا لە ترسا لەبیریان دەچووەوە، ماجد گوللەیەک بەر قاچی کەوت و خوێنی لێئەهات. زاهیریش گوللەیەک بەر قاچی کەوت و قاچی شکاندبوو، خوێنیان لەبەر دەڕۆیشت و لەتاو ئازار هاواریان دەکرد. کەسوکارەکەم پاڵ دەخست بۆ ئەوەی گوللە نەیانگرێتەوە. لەبەر ئەوەی کچەکەی پوورم خەیاتیی دەکرد و مەکینەکە ی خەیاتییەکە هی ئه و بوو، جلی ژنانە و قوماشی جلدوورین لە ژوورەوە هەبوون. چووم برینەکانم بۆ پێچان بۆ ئەوەی خوێنی زیاتریان لێنەیەت. بۆ ئەوەی هێرش نەکەنە سەرمان، ئەکرەم بە وریاییەوە تەقەی دەکرد، منیش هەروەها. دوعاونزا هەر تەواو نەدەبوو. نەمانهێشت بێنە پێشەوە، ئه و هێزە زۆرە کە چوار پیکاب بوون، لە بەکرەجۆوە هاتبوون، پاش ماوەیەک تەقە کەمتر بووەوە. له و کاتەدا دەستم لە پەنجەرەکە بردە دەرەوە و تەقەیەکم بەره و سەروو جادە کرد، حەرەسی ماڵی مووسا سەمەد هەبوو بەڕێوەبەری پەروەردە بوو، وتم بۆ ئەوەی بێن بەدەنگمانەوه، بەڵام هیچ نەبوو، نەهاتن.

پاش کەمێک گوێمان لە شوتەشوتی سەیارەی پۆلیس بوو، هاتنە بەر پەنجەرەکه، پەنجەرەکە بەسەر جادەی گۆراندا دەیڕوانی. سەیارەی پۆلیس ڕاوەستا و ئەفسەرێکی پۆلیس دابەزی، دەمانچەیەکی سمیتی بەدەستەوە بوو. وتم کەی ئەمە حکومەته؟ هەندێک جنێوم دا بەوانەی هاتوونەتە سەرمان. وتی کاتی ئەوە نییە، دەرگاکە بکەرەوە. ئەوەی ڕاستی بێت هەر لە کاتی تەقە و ئەم جۆرە شتانەدا دامنابوو حکومەت دێت و دەگیرێین. زەمانی جاران لەژێر پشتێنی کوردییەوە قایش دەبەسترا، بە هەردوو کچە پوورە کەم نەسرین و پەروینم وت لەژێر جلەکانتانەوە بیبەستن، ئەگەر پۆلیس هات، به دەستی بەتاڵ دەچینە بەردەستیان. هەر وامان کرد. پۆلیس هات، ئەوان شکان و ڕایان کرد، ئێمەیان بۆ نەگیرا. دەمانچەکەی خۆم و ئەکرەمی پوورمم دا بە کچەکانی پوورم. کە دەرگامان کردەوە، بینیمان یەکێک لەوان بەجێمابوو، کوژرابوو. ئێمەش دوو بریندارمان هەبوو. من ماجدی پوورم هەڵگرت و خستمە ناو سەیارەی پۆلیسەوە، ئەفسەرەکە وتی سەرکەوە. وتم با بچم بریندارەکەی تر بهێنم کە زاهیری برام بوو. کە هاتمەوە ماڵەوە، وتم ئەکرەم با بڕۆین، چونکی ئەوەی لێیان بەجێمابوو، پۆلیس وایزانی لە ئێمە کوژراوە. لەگەڵ ئەکرەم چووینە ماڵێکی دراوسێ و کچەکانی پوورم دەمانچەکانیان بۆ هێناین. لەوێشەوە چووینە ماڵێکی دراوسێیەکمان تاکو بەرەبەیان لەوێ ماینەوە. ئیتر هەردووکمان له کاتی بانگی بەرەبەیاندا هاتینە دەرەوە و ڕۆیشتین، بیرمان کردەوە بچینە هەر ماڵێک کە خزممان بێت، یان برادەری نزیکمان بێت، ڕۆژ بێتەوە دێن بۆمان ئەگەڕێن. بە شەقامی مەولەویدا هاتینە خوارەوه. لەلای فولکەی سەرۆکایەتیی زانکۆی ئێستا لای سلێمانی پاڵاس، نانەواخانەیەک هەبوو، هەندێک نانمان کڕی. ماڵی برادەرێکی حیزبیمان هەبوو لە عەقاری، پێشتر بۆ خۆحەشاردان لەوێ بووین. لە نزیک یان بەرامبەر ماڵی حەمەی حاجی تایەر بوو، کە لێپرسراوی باڵی م.سی ئه و کاتەی سلێمانی بوو. وتمان جێگەیەکی بێشکە، بەرەبەیان بوو، لە دەرگامان دا، به نانی گەرمەوە چووینە ژوورەوە. نەمانوت چی بووە و چی ڕووی داوە، جارێ لێی نوستین. دوایی کاک مەحموود چووبوو بۆ دەوام بۆ سەرکارەکەی خۆی. کە هاتەوە بۆ ماڵ، وتی ئەوە ئێوە چیتان کردووه؟ شار شڵەژاوە و بەدواتاندا ئەگەڕێن، ئێمەش ئەوەی ڕووی دابوو، وەک خۆی بۆمان گێڕایەوە. وتمان کاکە کاتی ئەوە نییە، بڕۆ به زووترین کات هەم حیزب ئاگادار بکە ئێمە لێرەین، هەم فیشەکمان کەم پێماوە لە هەردوو جۆرەکەیمان بۆ بکڕە و بۆمان بهێنه. ئەویش مەردانە ڕۆیشت، هاتەوە و فیشەکی بۆ هێناین. دوو شه و لە ماڵی ئه و بووین، دوای ئەوە هەندێک بەرنامەمان هەبوو. دوای ئەوەی ئەوان هاتوونەتە سەرمان، ئەوەی دەبێت جێبەجێی بکەین، ئەوەیە تۆڵەیان لێبکەینەوە، بەڵام جێبەجێ نەبوو. پاشان ملی ڕێگەمان گرت بۆ دەرەوە. ئیتر بۆ ڕۆژەکەی هەندێک لە خزمەکانمان وەستا حەمەئەمین بەنا و باوکی شەهید ئەکرەم گیران، زەختێکی زۆریان لە کەسوکارمان کردبوو.

ئێمەش له ڕێگەی حیزبەوه ڕێگەمان گرتەبەر بەره و بناری بەمۆ بۆ دێی کوێرەک و بانی بی بۆ لای عەلەڕەش و کاک حەمەفەرەج فەتاح. شارەزایان لەگەڵ ناردین تا گەیشتینە دێی کوێرەک. ماڵی کاک عەلەڕەش لەوێ بوو، کەسێکی دیاری شیوعی بوو لە ناوچەکه. لەگەڵ کاک حەمەفەرەج فەتاح هەردووکیان لە کادێرە دیارییەکانی حیزب بوون. هەردووکیان بەشدار بوون لە جووڵانەوەی جوتیارانی هۆرێن و شێخان لە ساڵی 1953 دژی ئاغاکان.

ئه و ماوەیەی لەوێ بووین، شتێک نەبوو خۆمانی پێوە سەرگەرم بکەین، بەڵام باشییەکەی ئەوەبوو ناوچەیەکی ڕزگارکراو بوو لەلایەن شۆڕشەوە، وا ڕێکەوت ئه و کاتەی ئێمە ڕێمان کەوتە ئەوێ، شەڕ گەرم بوو لە بەینی جەلالی و مەلاییدا، فاخری حەمەدئاغای مێرگەسووری و سامی عەبدولڕەحمان هەردووکیان خوا لێیان خۆش بێت، هاتبوون بۆ سەرپەرشتیی ئه و ناوچەیە، هەر له و کاتەشدا خوالێخۆشبوو حەمە شەمیرانی کە سەرلقێکی ئازا و ناودار بوو و لە عەشیرەتی شەمیرانی بوو، تازە چووبووە ناو حکومەت و جەلالییەکان. ئێمەش هەر له و ناوە مابووینەوه و بۆ سەرقاڵی له بەینی دێهاتەکاندا هاتوچۆمان ئەکرد. ماوەی مانگێک زیاتر لەوێ ماینەوە. چەند جارێ لەگەڵ کاک حەمەفەرەجی فەتاح و عەلەڕەش و ساڵح کوێخا چووین بۆ سەر شاخی بەمۆ، ئەوان حەزیان لە ڕاو بوو، ئێمەش هیچمان لێ نەئەزانی و تەقەی سەرمان ئەهات. مەگەر هەر لە چیرۆک و کتێبدا باسی ڕاوکردنمان بیستبێ، بە کوردییەکەی کاری ئێمە نەبوو، هی خەڵکی شارەزای خۆی بوو. یەکێک لە جارەکان دۆینەمان لەگەڵ هێلکە و نان پێچایەوە و بۆ ڕاو لەگەڵیان ڕۆشتین بۆ جێگەیەک لە شاخی خۆشک. ئەوان شارەزای ئه و جێگەیە بوون. هەر لە نیوەشەوەوە سەرکەوتینە سەر شاخ، بەڵام بایەکی ئەهات، زۆر سارد بوو، باکەی ئەوەندە بەهێز بوو، لە هەنگاوناندا ئەیگێڕاینە دواوە. چووینە بن شاخێک، عەلەڕەش وتی من چاو لێک ئەنێم، تۆ به و دووربینە تەماشای بەردەمی خۆت بکە، ئەگەر شتێکت بینی، هەڵمسێنە، بەڵام جووڵەجووڵ مەکە. لە بیرمە تفەنگێکی پەڕەشوتمان پێبوو. پاش تۆزێک دنیا ڕووناک بووەوه و منیش سەیری خوارەوەم ئەکرد، تەماشام کرد چەند سەر حەیوانێک ئەلەوەڕێن. بە هێواشی عەلەڕەشم هەڵساند، ئەویش نیشانی لێگرتن، تەقەی لێکردن و یەکێکیان کەوت. ئیتر من شۆڕبوومەوە بۆی، چووینە سەری، بزنەکێوی بوو، پاشان هەموو ئەوانەی چووبووین بۆ سەرشاخ، کۆبووینەوە و ئاگرمان کردەوە. ئەوەندەی بۆمان خورا خواردمان، باقیاتمان دا بە کۆڵماندا و بۆ ماڵەوە گەڕاینەوە. پاش ماوەیەک مانەوە حیزب جوابی نارد مادام ناتوانین لەناو شار بمێنینەوە، داوایان لێکردین بچین بۆ بەغدا، ئێمەش ڕازی بووین. شەهید حەمە کوڵەباڵ خەڵکی باوەکۆچەک بوو و لە عەشیرەتی کۆکۆیی بوو، شیوعییە کی دیار بوو، هات بەدواماندا. ئێمەش خواحافیزیمان لە کاک عەلی و کاک حەمەفەرەج و حەمە ڕەق و ساڵح کوێخا عەزیز و هاوڕێیانی ئه و ناوچەیه کرد.

لەگەڵ حەمە کوڵەباڵ بەره و هەڵەبجە ملی ڕێگەمان گرت بۆ ئەوەی لەوێوە بۆ ئه و جێگەیە بڕۆین، کە بۆیان دیاری کردبووین. بە شاخی زمناکۆدا سەرکەوتین بەره و ناوچەی تاوەگۆزی به لای دێی کانی کەوە بەره و هەڵەبجە بە دێی پریسدا تێپەڕیین، نزیکی هەڵەبجە بووینەوە. بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بچینە ناوشارەوه، حەمە کوڵەباڵ چووە ڕەبیەکانی عەشرەتی خۆیان بۆ لای کوێخا عەلی کە خزمیان بوو. ڕێگەی بۆ کردینەوە و چووینە هەڵەبجەوە. چەند شەوێک لەوێ ماینەوە، چەند هاوڕێیەکی مامۆستای لێبوو، لای ئەوان بووین. حەمە کوڵەباڵ وتی ئەچم بۆ شار و دێمەوە. لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تردا چووبوو. لەبەر ئەوەی حیزب ئیمکانیاتی نەبوو و ساڵێک بەسەر جیابوونەکەوەدا تێپەڕ نەبووبوو، بەرنامەیان دانابوو بۆ ڕفاندنی پارەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی. ئه و کاتە پەروەردە بەرامبەر مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ بوو، مزگەوتی گەورەی سلێمانی. بە سەرکەوتوویی ئیشەکەیان جێبەجێ کردبوو، تەقە ڕووی دابوو، هاوڕێیەک لەوانەی بەشداریی کردبوو، بریندار بووبوو و گوللەیەک بەر قاچی کەوتبوو. پارەکەیان هێنا، چواردە هەزار و پێنجسەد دینار بوو. لە سابوونکەران حەمە کوڵەباڵ چووبوو نان بخوات لە کەبابخانەی عەبدوڵڵا سەید شریف، جەماعەتی بەکرەجۆ ئەچنە سەری و ڕێگەی پێئەگرن، تەقەی لێئەکەن و شەهیدی ئەکەن. ئێمە کە به و ڕووداوەمان زانی، هەر زۆرزۆر پێمان ناخۆش بوو، لە دوو سەرەوه. له لایەک هاوڕێیەکی چالاکی حیزبمان لەدەست داوه، له لایەکی تر لەگەڵ ئێمە زۆر ماندوو بوو لە هێنان و بردن و هێنانەوەمان بۆ هەڵەبجه، ئێمەش چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەکەین بۆ ئەوەی بەرنامەی دەرچوونمان لە هەڵەبجە جێبەجی بکەین کە ئه و چاوساغمان بوو. به غەدر شەهیدیان کرد، لە سلێمانی لیژنەی شاری سلێمانی بەیانێکی زۆر توندی دەرکرد لەسەر شەهیدکردنی حەمە کوڵەباڵ، ناڕەحەتیی ئێمەش سنووری نەبوو.

بۆ ڕۆژی دوایی لە هەڵەبجە هاتینە دەرەوە و ملی ڕێگەمان گرت. هەر به هۆی خزمەکانی شەهید حەمە کوڵەباڵەوە بەپێ بەره و سلێمانی کەوتینە ڕێ. کوڕێکمان لەگەڵ بوو ناوی عەلی بچکۆل بوو، شارەزا بوو و نیژوینی بوو ماڵیان له لای سەراو بوو، بە دێی ئەحمەدبڕنەدا هاتین و قۆناغ بە قۆناغ گەیشتینە سلێمانی، لەوێشەوە بەره و سنووری قەڵادزێ چووین. ئه و ڕێگەیەمان بە پیادە بڕی. لە قەڵادزێ لەگەڵ کەمال جەمال بەختیار یەکمان گرتەوە. پاش ماوەیەک حیزب نووسراوی بۆ کردین بڕۆین بۆ بەغدا.

چوونمان بۆ بەغدا

بەرەبەیانی ڕۆژی 17/7/1968 سەیارەیەکی تایبەتمان گرت و بەره و کەرکووک بەڕێ کەوتین. کە گەیشتینە (هەیبەت سوڵتان)، لە بازگەی سەربازی ڕایانگرتین، وتیان شۆڕش بووە، هاتوچۆ قەدەغەیه، ئینجا زانیمان بەعسییەکان کودەتایان کردووە بەسەر عەبدولڕەحمان عارفدا. بە ناچاری شۆڕ بووینەوە بۆ چایخانەکانی هەیبەت سوڵتان. ئه و شەوەمان لەوێ بەسەر برد، بۆ ڕۆژی دوایی بەهەمان سەیارە و لەگەڵ هەمان سائق سوار بووین بۆ کەرکووک و لەوێشەوە بۆ بەغدا. هەرسێکمان هەویەی تەزویرمان پێبوو بۆ ئەوەی لە بازگەکان تووشی کێشە نەبین و بگەینە بەغدا. شه و گەیشتین و چووینە ئوتێل. ئه و شەوە لەوێ تووشی ژانەسکێک بووم. مەسەلەیەکی کوردی هەیە دەڵێت عەرزەکەم به نینۆک هەڵئەکەند. داوای ئیسعافیان بۆ کردم، بردیانم بۆ خەستەخانە، لەوێ دەرمانیان دامێ و دەرزییان لێدام. گەڕامەوە بۆ ئوتێلەکه. له و کاتەوە ئیتر تووشی نەخۆشیی دڵەکزه و مەعیدە بووم، لە کاتێکی تردا دێمەوە سەر عەمەلیاتی مەعیدەم پاش 5 ساڵ.

لەگەڵ هاوڕێیانی بەغدا

نامەیەکمان پێبوو بۆ ئەوەی خۆمان بە حیزب بناسێنین. کاک فاروق مەلا مستەفا لەوێ کارمەند بوو، وابزانم لە وەزارەتی بازرگانی یان یەکێک لە بانکەکان کاری ئەکرد. پاش ئەوەی کاک فاروقمان بینی، نامەکەمان تەسلیم کرد، ئەویش ئێمەی ئەناسی. دوایی لەگەڵ حیزب ڕەبتی کردین و هاتن بەدواماندا. بردیانین بۆ ماڵێکی حیزبی. خاوەنی ماڵەکە ناوی حەمید بوو، کورد بوو و خەڵکی خانەقین و دەوروبەری بوو. چەند شەوێک لەوێ ماینەوە و خزمەتیان کردین. دوای ئەوە بردیانین بۆ ماڵێکی تر، ئەویش هەر کورد بوو. تاکو لە بەغدا ماینەوە، هەر لە ماڵی ئەوان بووین. ناوی هاوڕێ جەبار بوو، خێزانەکەی ناوی بەهیجە بوو، کورد بوو و خەڵکی خانەقین بوون، سێ منداڵیان هەبوو بە ناوی ستار، نزار، ڕزگار گەورەکەیان ستار بوو. چەند کەسێک لە ماڵەکەیاندا بووین، کە زۆر زەحمەت بوو. ماڵیان لە گەڕەکی ڕاغبە خاتوون بوو. من خۆم، ئەکرەمی پوورم، کەمال جەمال، لەتیف حەمەموراد، جەمال عەلی فائز، مەلا ڕەئوف. چواریان شەهید بوون، تەنها من و مەلا ڕەئوف ماوین. ئەوەی ڕاستی بێت خۆمان ئەپاراست، زۆر کەم ئەچووینە دەرەوە مەگەر بۆ کارێکی حیزبی، کاک جەبار لە مەیدانی نەهزە لە دوکانێکی سەمونفرۆشتن لەسەر دەغیلە بوو. شه و کە ئەهاتەوە، باوەشێ سەمونی گەرمی بۆ ئەهێناینەوە. هەتا بڵێیت ماڵێکی بەحورمەت بوون، خزمەتی زۆریان کردین. لە ڕووی کارکردنمانەوە چەند کۆبوونەوەیەکمان کرد، من لە لیژنە باڵاکە بووم. شەهید ساڵح عەسکەری کە کورد بوو، لە سەرکردایەتیی قیادەی مەرکەزی بوو و لێپرسراومان بوو، جارێکیش کازم سەفار کە لە قیادەی مەرکەزی بوو، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کردین.

له و سەردەمەدا ئەمانویست خۆمان جیا بکەینەوه. بەحساب شۆڕشگێڕین لە لیژنەی مەرکەزی، چەندین چالاکیمان ئەنجام دا. لە سەردەمی نازم گزار و دەستوپێوەندەکانی بەعسدا لەتیف حەمەموراد گیرا و لە قەسر ئەلنیهایە شەهید کرا. ئه و سەردەمە عەزیز ئەلحاج گیرا و لە قەسرئەلنیهایە ئیعترافی کرد. ناوی زۆری هێنا و زۆر زووش ڕووخا. سەرکردەکان هەموویان گیران. هاوڕێ کەمال شاکر کە ئێستا لە وەزارەتی پێشمەرگەیە و لەناو یەکێتی ئیش دەکات، لە فەرماندەیی پێشمەرگه پێکەوە بووین، کەسێکی ئازا بوو. بڕیارەکانی حیزبی به سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکرد. له و کاتەی ساڵی 1968 1969 چەندین کاری شۆڕشگێڕانە کرا و دەنگی دایەوە، حیزبی برد بۆ قۆناغێکی تر کە متمانەی پێبکەن. بڕوا بکەن کوردەکان بووین کە کارەکانی حیزبمان جێبەجێ کرد، هەر هەموویان دەورێکی قارەمانانەیان بینی، کورد وتە نی کون لە جەرگیان نەبوو، ئەگەرچی زۆریش شارەزای بەغدا نەبووین. بەداخەوە زۆربەیان شەهید بوون، هەریەکەی بە شێوەیەک. له و خەباتە سەختەی پێیدا تێپەڕیین، هەرچییەکمان پێدەسپێرا، بەبێ دوودڵی جێبەجێمان دەکرد.

له و ساڵەی لە ماڵی شەهید جەبار بووین، له و بەغدا گەورەیەدا مانگانە یەکی 5 دینارمان هەبوو، بەڵام بڕوا و ئیمان بە چینی کرێکار و زەحمەتکێشان لە خوێن و لە دڵماندا بوو. ئەگینا ئەگەر ئەوە نەبێ، چی وا لە ئێمە دەکات لە کوردستانەوە بۆ بەغدا؟ یەکێک لە چالاکییە کانتان بۆ باس دەکەم. حیزب جوابی نارد دۆخی مادی زۆر خراپە. له ڕێگەی حیزبەوە ناونیشانیان هێنا. هەفتانە لە جێگەیەک پارەی پاکەتی جگەرەی جمهوری کۆدەکرێتەوە، بەرنامەمان دانا ئه و کاتەی پارەکە تەواو دەبێ، دوای نیوەڕۆ تەسلیم دەکرێت. برادەران چوون هێنایان، هێنایانە ماڵی کاک لەتیف شاکر برای کاک کەمال شاکر، کە ماڵیان لە بەغدا بوو. من و ساڵح عەسکەری چاوەڕوانمان دەکرد و لێمان وەرگرتن. پارەکە لە جانتایەکی چەرمدا بوو. لەبەر لایەنی ئەمنی پارەکەمان دەرمان هێنا و جانتاکەمان لە تونی حەمامەکەدا سووتاند. پارەکەمان کردە دوو بەرگەپشتییەوە. من و ساڵح عەسکەری بردمان بۆ گەڕەکی بەیاع. ماڵی ئامۆزایەکی کاک ساڵح لەوێ بوو، نائب ضابط بوو. لە ماڵی ئەوان ژماردمان (8500) دینار بوو، کە بۆ ئه و کاتە زۆرزۆر بوو. لەوێش تەسلیم کرا و من گەڕامەوە بۆ ماڵەوە لە ڕاغبە خاتوون. ئێمەش حیزبەکەمان دروشمی شۆڕشگێڕانە و ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەڵگرتبوو، بەڵام سەرکردایەتی لە بەغدا دانیشتبوون. چۆن دەبێت بەم دروشمە قورسەوە له بەردەستی ڕژێم دانیشێت؟ ڕۆژانە قڕه بوو لەگەڵ بەعسییەکان، بەتایبەت لە دانشگا و شوێنەکانی تر. هەر له و ماوەیدا خوێندکارێکی چالاکی شیوعی شەهید کرا به ناوی مطشر حواس، هاوڕێی ئێمە بوو. ڕۆژبەڕۆژ دەرکەوتن و ئیشکردن ئەستەم دەبوو، بەعسیش دەستی دابووه دڕندەیی.

لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێدا کارمان دەکرد و هاتوچۆی ماڵەکانیانمان دەکرد، وەک سەعدون فەیلی، کە پاش نەکسەی شۆڕشی ئەیلوول لە کوردستانەوە گەڕایەوە بۆ بەغدا. دواتر لە تۆڵەی ڕابوردووی کە ناویان هێنابوو، بەعس گرتی و لە سێدارەی دا. چەند برادەرێکی تریش هەبوون لای من بوون، ماڵیان لە مدینە الثورە بوو.

کارەکانمان و کۆبووەنەوەکانمان لەگەڵ ساڵح عەسکەری بەردەوام بوو. جارێکیان ئه و چەند برادەرەی کە لە ماڵەکەی ڕاغبە خاتوون پێکەوە دەژیاین، گلەییمان هەبوو لەسەر هەندێک لایەنی ژیانمان و هەروەها هەندێ کاری سیاسی. ساڵح عەسکەری ئەحمەد مەحموود حەلاقی هێنا بۆ لامان. جارێکیش بۆ نیوسەعات عەزیز ئەلحاج هات بۆ لامان، چونکی ئیشەکانی ئێمە هەستیار بوو. ئێمەش کەم نەبووین، هەموو یەکێک له و هەڤاڵانە قارەمانێک بوون. مێژووش سەلماندی و گیانی خۆیان کردە قوربانی له و ڕێگەیەدا.

دۆخەکە بەردەوام بوو. لە خوارووی عێراق لە هۆڕەکان هێزێکی حیزبی بە سەرکردایەتیی خالد ئەحمەد زەکی و ئەبووموحێسن خۆیان بۆ خەباتی چەکداری ئامادە دەکرد. بەڵام سەرکردایەتییەکە هەر لە بەغدا بوو. ئه و بڵاوکراوانەشی دەردەچوون، ئاگریان لێدەباری بەرامبەر ڕژێم و حیزبی بەعس. ئەمەش ئەوەندەی تر هەم بەعسی وریا کردەوە، هەم خۆی حازر کرد بۆ ئەوەی تۆڵە بکاتەوه. حیزبی شیوعی لیژنەی مەرکەزی خەریکە لەگەڵ بەعس بچێتە بەرەی نیشتمانی و ئازادبوون، هەنگاوبەهەنگاو لەگەڵ بەعس بەره و ڕێککەوتن دەڕۆیشتن. سۆڤێتیش لەبەر قازانجی خۆی دەورێکی سەرەکیی هەبوو. پاش ماوەیەک بەرەکەیان پێک هێنا و ئیمزایان کرد. بە ئاشکرا بنکە و بارەگایان کردەوە، دەیانویست لەگەڵ ڕژێمی دیکتاتۆری بەشداری حکومەت بن. شۆڕشی کوردیش بەردەوام بوو لە خەبات و تێکۆشانی خۆی، هێزی پێشمەرگه لە هەموو جێگەیەک دیار بوو و دەستی باشی لە ڕژێم دەوەشاند.

ئێمە جارێ هەر لە بەغداین. لەگەڵ هاوڕێ ساڵح عەسکەری لە مەیدانی سەباع مەوعیدمان هەبوو. کە هات، جانتایەکی گەورەی پێبوو، نەمزانی چیی تێدایه. وتی توخوا ئێستا کاتی ئەمەیە؟ پاش ماوەیەک لەیەک جیا بووینەوه و سواری تاکسی بوو. بۆ ڕۆژی دواتر دەبوایە یەکمان ببینیایەتەوه، بەڵام نەهات، بۆ ڕۆژی دواتریش هەر نەهات. ئەگەر مەوعیدەکان دواکەوتنی تێدا بووایە، بۆ ڕۆژی دواتر دووبارە دەبووەوە. له و جێگەیە کەسێکم بینی و پێی وتم هەموویان گیراون. له و سەروبەندەی پێش گرتنی عەزیز ئەلحاج ئێمەش زۆر لە ماڵی هاوڕێ جەباردا ماینەوە. ترسی ئەوەمان بوو کەشف ببین. وتمان بچین بۆ خانوو بگەڕێین لە بەتاوین. من و لەتیف حەمەموراد له لای شۆریجە لەسەر جادەی جمهوری بووین. وا ڕۆیشتبووین به ناوی خوێندکارەوه بەدوای خانوودا بگەڕێین، چونکی من ناسنامەیەکم پێبوو به ناوی ئەرکان عەبدوڵڵا ئەلسەعداوی لە پۆلی چوارەم کۆلێژی تەربیە بووم، ئەمەش خۆی چیرۆکێکە. ڕۆژێکیان چووم بۆ لای برادەرێکم لە داخلییەکەی باب ئەلموعەزەم، کە چوومە ژوورەوە لەسەر مێزێکی گەورە سەدان ناسنامەیان هەڵڕشتبوو بۆ ئەوەی خوێندکارەکان ناسنامەی خۆیان بدۆزنەوە. کارگوزارێک لەسەر کورسییەکە دانیشتبوو، منیش دەستم دایە ناسنامەیەک و هەڵمگرت. ناسنامەکە ناوی ئەرکان عەبدوڵڵا ئەلسەعداویی لەسەر نووسرابوو، وابزانم خەڵکی لای خاڵس بوو. هاتمە ماڵەوە، وێنەکەی ئەوم لێکردەوە و وێنەیەکی خۆم پێوەنا. بووم به خاوەن ناسنامەیەکی باش.

با بێمەوە سەر ئەوەی چۆن بۆ خانوو گەڕاین. بۆ عەسکەری فیرار دەگەڕان. وتمان با لەسەر جادەکەوە نەڕۆین، باشتر وابوو بچینە کۆڵانەکان. وتم لەتیف من ناسنامەم پێیە و لە پێشەوە دەڕۆم، ئەگەر تووشی عەسکەر و نیزامی بووین، تاکو داوا لە من دەکەن، تۆ بگەڕێرەوە. پێکەوە دەڕۆیشتین، تەماشای دەوری خۆشمان دەکرد. هەردووکیشمان دەمانچەمان پێبوو. کاتێکمان زانی ئەفسەرێک لەگەڵ دوو سەرباز لە دوکانێک هاتنە دەرەوە، وتیان ناسنامەکەت، من دەستم برد بۆ گیرفانم، بلووزێکی ملدارم لەبەردا بوو، کە هەویەکەیان بدەمێ. لەتیف لە دوامەوە ڕای کرد و دەرباز بوو. ئەوان بە لەتیفەوە مەشغووڵ بوون، منیش دوور کەوتمەوە. له و جێگەیەی کە پێیان دەوت سوق الغزل، جارێکی تر ڕا دەکات. بەڵام تووشی تەقە دەبێ و ئەمجارە لەتیف دەگیرێ. پێشتر له نێوان خۆماندا وتبوومان ئەگەر حاڵەتی گرتن هاتە پێشەوە، کەسمان ناڵێن شیوعین، دەڵێین ئێرانیین و قاچاغچین. لەتیفیان برد بۆ مەخفەرێک لای مەیدانی نەهزە. هەواڵەکەشمان به هۆی شەهید حەسەن فەرەجەوە پێگەیشت. لەوێ برادەرێکی مفەوەزی هەبوو و کورد بوو. من دوو جار چووم بۆ لای لەتیف. جل و پێویستیم بۆ برد و هەتا خەریک بووین محامیی بۆ بگرین. له و کەینوبەینەدا عەزیز ئەلحاج گیرا، هەروەها لێپرسراوەکەی لەتیف کە ناوی حاتەم سوجان بوو، وتبووی بابە ئەوە ئێرانی نییە، لە لیژنەی ئیغتیالاتی بەغدایه. شه و چووبوون لەتیفیان بردبوو، من ڕۆژی دواتر وەک جاران چووم بۆ لای. مفەوەزەکە لە دوورەوە بە ئیشارەت وتی نەیەیت، ئیتر من پشتاوپشت گەڕامەوە. دوایی هەواڵمان بۆ هات کە شەوێ لەتیفیان بردووه، حاتەم ئیعترافی لەسەر کردبوو، ئیتر نەمانبینییەوه. دوایی دەرکەوت لە قەسر ئەلنیهایە کوشتوویانە. بەڕاستی لەتیف کوڕێکی مەرد و ئازا بوو، کون لە دڵیدا نەبوو، زۆر دڵسۆزی بیروباوەڕەکەی بوو، گیانی خۆی لە پێناویدا دانا.

خۆڕێکخستنەوەی خۆمان کە هاتینەوە بۆ کوردستان

له و ماوەیەدا هاوڕێ ئیبراهیم عەلاوی پاش ئەوەی لە زیندان بەربوو، هاتە دەرەوە. هاوڕێ نەجم ناوە نهێنییە کەی بوو. کەسیش لە هاوڕێ ئیبراهیم و موسڵح جەلالی لەوانەی لە دەرەوە بوون، لە پێشتر نەبوون. ئه و کاتە عەزیز ئەلحاج و ساڵح عەسکەری و مەحموود حەلاق و باقیاتی قیادەی مەرکەزی گیرابوون. سکرتێری حیزب عەزیز ئەلحاج دەورێکی هەر زۆر ترسنۆکانە و نامەردانەی هەبوو، منیش ترسم لێنیشت و خێرا شوێنەکەم بەجێ هێشت. کە دۆخەکە وای لێهات، ئیمکانیاتی مادیشمان ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبوو. هاوڕێیان ئەکرەمی پوورم و هاوڕێ کەمال شاکرم ناردەوە بۆ سلێمانی. دەمانچەیەکی ستاری بچووکمان هەبوو، بۆم فرۆشتن بە 30 دینار بۆ مەسرووفات و گەڕانەوەیان. ئەوان ڕۆیشتن. منیش کەوتمە کۆکردنەوەی ئه و شتانەی لەم ماڵ و ئه و ماڵی هاوڕێیان هەمانە. وا بکەم هاوڕێیەکم دەست بکەوێ تەسلیمی بکەم و منیش بگەڕێمەوە. ئه و کاتەش موسلح جەلالی ئەندامی سەرکردایەتیی قیادەی مەرکەزی بوو و بەرپرسی سلێمانی بوو. نامەیەکی بۆ ناردبووم داوای کردبوو ئێمە بگەڕێینەوە بۆ کوردستان. منیش لە دڵسۆزیم وتم با ئەم شتانەی هەمانه، کۆیان بکەمەوە، ئیتر منیش دوای ئەکرەم و کەمال دەگەڕێمەوە. چەند غەداره و دەمانچەمان هەبوو، هەندێکی لە ماڵی سەعدون فەیلی بوو، چووم و خستمە ناو زەمیلەیەکەوە، هەندێک سلقم دا بەسەریا و دامپۆشی. سواری پاسی دووقات بووم و بردم بۆ جێگەیەکی تر. هەندێکی تریشم کۆکردەوە. ناسنامەم بۆ هاوڕێ سەعدون فەیلی و سامی فەیلی دروست کرد و ناردمنەوە بۆ سلێمانی بۆ ماڵی خۆمان ماڵی شەهید ئەکرەم حەپسە، لەوێشەوە بۆ بارەگای حیزب کە لە قەرەداغ بوو لە دێی گەرەزیل. کارتێکی پڕنەکراوەم هەبوو هەویە هی جمعیە الأقتصادین العراقین بوو، بۆ سامیم پڕ کردەوە و ڕەوانەم کردن. هەندێک کلماتی چاپەمە نیم لابوو، ناسنامەم پێدروست دەکرد، هی حیزب بوو. ئێستا سامی فەیلی لە سویده.

قیادەی مەرکەزی و هەندێک له و کادێرانەی بەردەست کەوتوون، گیراون. له و کاتەدا ئەم گرتنە دەستی پێکردووە، هاوڕێیەکی دۆست و خزمی کاک جەبار بە ناوی نەسرەدین مەجید یەدەکی قیادەی مەرکەزی بوو، تازە لە زیندان ئازادیان کردبوو لە لای بەسرە لە زبیر لەبەر نەخۆشیی سنگی. ئەویش خەڵکی خانەقین بوو. به هۆی کاک جەبارەوە یەکمان گرتەوە، وتم بەخوا زۆر باش بوو هاوڕێ نەسرەدین تۆ هاتیتەوە. من لە خوام دەویست کەسێکم دەست بکەوێت، خوا دەلیلی داماوە و وا تۆی بۆ ناردم. نامەم بۆ هاتووه و دەبێت بگەڕێمەوە بۆ کوردستان. ئه و شتانەی لامه و کۆم کردوونەتەوە، تەسلیمی جەنابتی دەکەم. وتی زۆر باشه.

کەسێک کە پێشتر چەند جارێک بینیبووم، لێم پرسی کەسێک ناناسی پلەی حیزبییەکەی تۆزێک گەوره بێ و لە پلەی لق و ئەم جۆرە شتانەدا بێ بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی بچڕاون لە حیزب کۆیان بکەینەوه؟ وتی با من کەسێک دەناسم. مەوعیدێکمان دانا، ڕۆژەکەیم لەبیر نییە، بەڵام دەزانم ڕۆژی سێشەمە بوو سەعات سێ، لەسەر شەقامی شێخ عومەر بەرامبەر حەمامی کولات. لە پشتەوەی گەراجێک هەبوو، هەموو ئۆتۆمبێلەکانی عێراق لەوێوە سەفەریان بۆ شارەکان دەکرد. سەر سووچەکەی چایخانەیەکی لێبوو. وا ڕێک کەوت دەروبەری سەعات دوو لەگەڵ نەسرەدین پێکەوە بووین. وتم کاک نەسرەدین من لەگەڵ هاوڕێیەک مەوعیدێکم داناوە، بڕیارە برادەرێکی فەرعی بەغدا بێت و بیبینم. ئەگەر وابوو، تەسلیمی جەنابتی دەکەم. لەبیرمە سێسەد فیشەکی دەمانچەم لە توورەکەیەکدا بەدەستەوە بوو، تەسلیم بە هاوڕێ نەسرەدینم کرد. وتی منیش دێم لەگەڵت، وتم پێویست ناکات. ئیتر زۆر قسەمان نەکرد لەسەر ئەوه، ماڵێکی خزمێکی له و نزیکانە بوو، چوو فیشەکەکانی دانا، ئێمەش ملی ڕێگەمان گرت. ڕۆژی پێشتر دەمانچەیەکی ستاری گەورەم بۆ هاوڕێ نەسرەدین بردبوو. وتم حیزب لێی دراوە و دەبێ وریا بین، با تۆش ئەم دەمانچەیەت پێبێ. به هەردووکمان 750 فلسمان پێبوو، تاکسییەکمان گرت بۆ شەقامی شێخ عومەر، چەند مەترێکی مابوو دابەزین، وتم کاک نەسرەدین بەخوا دەترسم به هۆی ئەم مەوعید و مەوعیدکارییە وە تووشی شتێک بین، وتی چی بکەین؟ وەک ئەوەی دەڵێیت دڵم لێی دابوو. لە دوورەوە تەماشای چایخانەکەم کرد. چەند کەسێک لە دەرەوە دانیشتبوون، برادەرەکەی خۆم بینی کە مەوعیدم لەگەڵی دانابوو، یەک دوو کەسی لەگەڵدا بوو. وتم ڕەنگە ئه و هاوڕێیە بێت کە هێناویەتی بە منی بناسێنێ. من و هاوڕێ نەسردەین چووینە لایان و سەلاممان کرد و لەبەرمان هەڵسان. تەوقەمان کرد و دانیشتین. یەکێکیان گەوره و کەتە بوو، چاویلکەی لە چاودا بوو، وتم ڕەنگە ئەم هاوڕێیە بێ. چایان بۆ بانگ کردین، من دەستم لەسەر مێزەکەی بەردەمم بوو. کەڵەگەتەکە هەڵسایە سەرپێ و پەلاماری مەچەکی منی دا، زانیم تووش بووین. خۆم ڕاتەکاند و ڕزگارم بوو لە دەستی، تێگەیشتم ئەمە داوە و کەمینی بەعسییەکانە. کوڕ ئه و کوڕەیە خۆی ڕزگار بکات. ئه و جێگەیەش به هۆی گەراج و بازاڕەوە زۆر قەرەباڵغ بوو. چەند هەنگاوێک ڕام کرد. تەقەیان لێکردم. منیش دەمانچەیەکی چواردەخۆرم پێبوو، فیشەکی لەبەردابوو، بەس چەکوشەکەم دادابووەوه، هەڵگەڕامەوە و دەستڕێژم لێکردن. قەناعەتم وابوو لەبەر ئەوەی ئەوەندە خەڵکیان گرتووە و یەکسەر دەستی بەرز کردووەتەوە و تەسلیم بووه، وادەزانن منیش وەک ئه و کەسانەم و یەکسەر تەسلیم دەبم. لام وابێت تەقەکانیان بە ئاسماندا کردبێ، چونکی سێ مەتر دوور نەبووم تەقەیان کرد، هەر نەبوایە برینداری دەکردم، زۆر نزیک بووین لە یەکەوه، بەڕاستی تەقەیان نەکرد، ئەگینا دەیانکوشتم. ئەوەندە خەڵکی نابوت و ترسنۆکیان گرتووە، تاکو ئێستا کەسیان نەدیووە تەقەیان لێبکات. هەمووی هەر بێچەک بووه گرتوویانە، هەرواشیان حساب بۆ من کردبوو. من ڕادەکەم و ئەوان بەدوامەوە. ناوبەناو هەڵدەگەڕێمەوە تەقەیان لێدەکەم، ئەوانیش لە منی دەکەن. من دەبوایە حسابی فیشەک بکەم، هەر دوو یەدەکی دەمانچەم پێبوو، کەوتمە پشتی گەراجەکەوه، ماڵەکان و کۆڵانەکان دەستی پێکرد، ئه و خانووانەش هی خەڵکی فەقیر بوون. وتم بەڵکو له و ناوە ڕزگارم بێ. هیلاک بووبووم، ئەم هەموو خەڵکە هاتبوونە دەرەوە لە ماڵەکان و سەرجادەکە، تەماشای ئەم فیلمە دەکەن، مرۆڤ ئەگەر هەر لە ماڵەوە دانیشێ و خۆی شاردبێتەوە لەپڕێکدا ڕاکردن زەحمەته. چەند جارێ دەکەوتم و هەڵدەسامەوه، بەڵام پۆلیسێک بەدوامەوە بوو و لێم نەدەبووەوە. هەڵگەڕامەوە فیشەکێکم پێوەنا، بەری نەکەوت، بەر دیوارەکە کەوت، سڵەمییەوە، لەویش ڕزگارم بوو. ماڵی خوشکێکم هەر له و ناوچەیە بوو لە ناوچەی کوردەکان، ئەمبەریان پشتی شەقامی شێخ عومەر لای باب شێخ. لە خەیاڵی خۆمدا وتم خۆم دەکەم بە ماڵی خوشکەکەمدا و خۆم دەشارمەوه، بەڵام کار لە کار ترازابوو، هەموو دنیا هاتبوونە دەرەوە سەیری ئەم ڕووداوەیان دەکرد. کە گەیشتمە لای ماڵی خوشکم ئەوانیش وەک خەڵکی تر هاتبوونە دەرەوە بۆ سەیری ئەم تەقە و فلیمە.

دایکم و ڕێزانی خوشکم و زاهیری برام منیان بینی ڕادەکەم. ئیتر ماوەی ئەوە نەمایەوە بڵێم دەچم بۆ ئەوێ، ئەوانیش لە سلێمانییە وە هاتوون و لە ماڵی خوشکمن. کە بەم شێوەیە منیان بینی، ئیتر من نەوەستام. فەوزیەی خوشکم و زاهیری برام به دوامدا ڕایان کرد. من ڕۆیشتمەوە سەر شەقامی شێخ عومەر، چاکەتەکەم داکەند و دەمانچەکەم خستە ژێر پانتۆڵەکەمەوە، تاکسییەکم ڕاگرت. هەر کە وەستا، خوشکەکەم لەگەڵ زاهیری برام خۆیان فڕێ دایە ناو تاکسییە کەوە. ئەگەر تاکسییە کە ڕاست برۆیشتایە، دەچووەوە هەمان ڕووداو، پێم وت بڕۆ بۆ بەردەرگای شێخ عەبدولقادر گەیلانی، کابرای تاکسی ڕۆیشت و چووینە سەر شەقامی جمهوری، وتم بەره و گازینۆی کندی، ئەوێ زیاتر کوردەکانی خەڵکی سلێمانیی لێ دادەنیشتن. پێش ئەوەی بگەمە گازینۆی کندی، دابەزیم و نەموێرا زیاتر، چونکی ئێمە قاچاغ بووین لە جەماعەتی م.س، ئەوانیش لەوێ دادەنیشتن و ناکۆک بووین. ماڵی کوڕێکی پوورم وەستا محەمەد بەنا له و ناوە خانوویان گرتبوو بە کرێ. خوشکەکەم لەسەر جادەکەوە تاکو ماڵی وەستا محەمەدی پوورم به پێی ڕووت به دوامەوە بوو، ڕەنگە خەڵکی بەغدا شتی تریان بە خەیاڵا هاتبێت به و شێوەیە ئێمەیان بینی، نازانن ئەم چیرۆکە شتێکی ترە.

کە چووینە ماڵی وەستا محەمەدی پوورم، بینیمان پوورە حەپسەم لەوێیە. ئەویش لە سلێمانییە وە هاتووە. موسلح جەلالی و حیزب بەیانێکیان دەرکردووە لەسەر گرتنی عەزیز ئەلحاج، سەدوپەنجا دانەیان بە پوورمدا ناردووە بۆ من بڵاوی بکەمەوە... ئاش لە خەیاڵێ و ئاشەوان لە خەیاڵێ. وتم هەر ئێستا بیسووتێنن، ئێوەش ئاگاتان لە خۆتان بێ. خوشکەکەم ناردەوە بۆ ماڵی خۆیان لەگەڵ زاهیری برام. لە ماڵی خوشکەکەم زۆر شتم دانا بوو. هەموو جۆرە شتێک قومبەلەی دەستی، کەرەسەی دروستکردنی ناسنامە تەزویر، کلماتی چاپخانه، کاغەزی پڕنەکراوەی مۆڵەتی سەربازی بۆ خەڵکی پێبنێرینەوە بۆ کوردستان، شتی تریش. وتم بڕۆن خێرا لەناویان بەرن، لەوێ مەیانهێڵن. من پاش ئەم قسەوباسە بەجێم هێشتن. خوایە بۆ کوێ بچم؟ کوڕێکی هاوڕێمان لە بەغدا دەیخوێند، لە وەزیرییە بوو. ناوی جەلال عەبدوڵڵا بوو، بە جەلال چاوشین ناسراوە. ئێستاش ماوە و لە سلێمانییە. زۆر برادەرمان بوو، چووم بۆ لای، خواهەڵناگرێ مەردانە خزمەتیان کردم، دوو شه و لایان بووم، ئه و کاتە عادل مەجید لەگەڵی بوو، ئەویش دەیخوێند. بیرم کردەوە ژیان بۆ من لە بەغدا تەواو بوو، ناکرێ پیاو لەوە زیاتر خۆی تووشی تالوکە بکات. ئه و دڵسۆزییەی من لە بەغدا لەوە زیاتر بڕ ناکات، مانەوەش سوودی نییە. هەر ئه و ڕۆژەی دوایی سەردانی ماڵی ژنبرای هاوڕێ جەبارم کرد به ناوی کاک ئەحمەد، کورد بوو، برای ژنەکەی بوو، ئێستاش ماوە و جارجارە تەلەفۆنم بۆ دەکات. چوومە ماڵیان، کە لە نزیک شەقامی ڕەشید بوو. وتم بە کاک جەبار بڵێن من و نەسرەدین تووشی شتێکی وا هاتووین، با ئەویش نەچێتەوە ماڵەوه، چونکی ڕەنگە نەسرەدین گیرابێ، پێکەوە بووین، من بە شەڕە دەمانچە دەرچووم. ئیتر نازانم ئه و چیی بەسەر هاتووه. ئیتر من بە غدا کۆتاییم بە کارەکانم هێنا و چووم بۆ لای پوورە حەپسەم.

دوو دەمانچەی چواردەخۆرم لە کەمەری ڕاست و چەپی پوورم بەست، بەیانی زوو سەعات شەش لە پێشەوەی تاکسییە کە جێگەی دوو نەفەرم گرت، خۆم لای سایەقەکەوە سوار بووم، دەفتەر خزمەتی سەربازیم پێبوو هی عادل مەجید بوو، دەستکاریم کردبوو و کردبووم به کامل ئەمین کە سەربازیم تەواو کردووه، عادل ئێستا خانەنشینە و لە سلێمانییە. ماوەیەک وابزانم بەڕێوەبەری شوێنەوار یان مۆزەخانە بوو.

پوورم کەواکەی دایەوە به سەر دەمانچەکاندا، له ژێرەوە بەستبووی. چەند بازگەیەکی پشکنین داوای هەویەیان دەکرد، منیش دەفتەری خزمەتی سەربازییەکەم خستبووە ناو نایلۆنێکەوه. کە سەربازەکە داوای دەکرد، لە بەرچاوی بۆم دەرهێنا. به و مانایەی زۆر پارێزگاریی لێدەکەم بۆ ئەوەی خراپ یان پیس نەبێ. تەماشای دەکرد و دەیدامەوە. بەم شێوەیە گەیشتینە هەولێر. لەوێ هاوڕێیەکم دەناسی بە ناوی فازڵ. کوڕێکی کورتەبنە بوو و ماڵیان لە قەڵات بوو. چووینە ماڵیان، لەوێ دەمانچەکانم لە پوورم وەرگرت و له و ماڵە دامنا. پوورم ناردەوە بۆ سلێمانی. منیش سواری سەیارە بووم بۆ گەڵاڵە بۆ لای حاجی هۆمەران. ئیتر له ڕێگە ترسم کەم بووەوه، دەفتەری خزمەتی سەربازیم پێبوو، گەیشتینە دیانا. لە چوارڕێیانەکەی دیانا دوا بازگەی سەربازی بوو. لەوێش تێپەڕم کرد گەیشتمە دێی ناوکێلەکان کە بارەگای حیزبی شیوعی قیادەی مەرکەزی لەوێ بوو. کە دابەزیم، زۆربەی هاوڕێکانم دەناسی. چەند ڕۆژێ بوو گەیشتبووم، وتیان ئەمشه و عەزیز ئەلحاج دێتە سەر تەلەفزیۆن و ئیعتراف دەکات.

هاوڕێ فاروق مەلا مستەفا لە شاریش و دەرەوە ش ئیشی دەکرد. موسڵح به کاری حیزبی چووبوو بۆ گەڕەزیلی قەرەداغ. ئێمەش چووین و ماوەیەک لەوێ ماینەوه. لە دێهاتەکان دەگەڕاین لە دۆڵان، دەرەویان، جافەران کە بارەگای هێزی پێشمەرگەی لێبوو. له و ناوە ماوەیەکمان بەسەر برد. پاشان گەڕاینەوە بۆ بارەگای سەرەکی لە ناوکێلەکان. هەر له و ماوەیەی عەزیز ئەلحاج و هاوڕێکانیان گیرابوون، شک پەیدا بووبوو کە موسڵح لە ژێرەوە لەگەڵ پاراستنی پارتی خەریکە. کاری ڕۆژانەی جێی شک بوو، دیار بوو ئەبوولەیلا ئیبراهیم عەلاوی لە ئێمە زیاتری دەزانی. ڕۆژێکیان ئەبولەیلا بانگی کردین، ئه و چەند هاوڕێیەی بڕوای پێیان بوو. لە بارەگاکە بووین، پێی وتین شکی زۆرمان لە موسڵح هەیە، کە لەگەڵ پاراستن دەستی تێکەڵاو کردووە. زاوایەکی موسڵح لە خەستەخانەی ناوپردان بوو، ناوی دکتۆر فازڵ مستەفا بوو، ئیتر نازانم لە ڕیگەی ئەوەوە یان کەسێکی ترەوە زانیبووی، وردەکارییەکانی نازانم.

لە بارەگای ناو کێلەکان بڕیاری چەککردنی موسڵح جەلالی درا و گیرا

ئه و هاوڕێیانەی پێمان وترابوو، خۆمان حازر کرد. لەسەر نانخواردنی بەیانی هەموومان پێکەوە بووین. ئەبولەیلا ئیبراهیم علاوی قسەی لەگەڵ کردبووین. موسڵحمان چەک کرد. چەند هاوڕێیەکمان دەمانچەکەمان لێسەند، ئاگادار کرا کە تۆ خیانەتت کردووه، ئیتر له و جۆرە شتانەی لەسەری کۆبووبووەوە، ئەوانەی به و کارە ئاگادار کرابووین، من خۆم، کەمال شاکر، ئەکرەم حەپسە، کەمال جەمال بەختیار. دیارە لە ڕووداوێکی وای چاوەڕواننەکراودا هێمنیی بارەگاکه تێک دەچێت. ئەوانەی لەوێ بوون، ئاگادار نەکرابوون و تاکو ئه و کاتەی موسڵح چەک کرا، کەسانی یەکەمی حیزبەکە لایان سەیر بوو. ئەمە چی بوو ڕووی دا؟ پێی وترا خیانەتت کردووە. پاش ماوەیەک قسەوباس، دەستی کرد بە گریان. دەستەسڕێکی سپیی پێبوو، چاوی سڕی و وتی من ئامادەم ساڵێک له و ئەشکەوتەدا دانیشم و لەم جۆرە قسانە، دیار بوو خۆ ئێمەش سجنمان نەبوو، ئیزن درا و ڕۆیشت بۆ ناوپردان، ئیتر بۆ لای کێ چوو؟ نازانم، دوای ئەوە پەیوەندیی کردبوو بە هێزێک لە هاوڕێیانی سلێمانییە وە و چەند کەسێکی لەگەڵ ڕۆیشتن، ماوەیەک ئاژاوه و سەرئێشەی دروست کرد بۆ حیزب. حیزبیش خۆی ڕوو لە کزی بوو، بەتایبەتیش پاش گرتنی عەزیز ئەلحاج و ئەوەی لەسەر تەلەفزیۆن وتی. ئەوانەشی لەگەڵی ڕۆیشتن لە سلێمانی حەمە ئەمین پێنجوێنی ئەندامی لقی کوردستان بوو، فایەق ئەمین سەعەسوور، کەسانی تریش کە ئێستا ناوەکانم لەبیر نەماوە. کۆتاییەکەشی دەزانن، موسڵح چووەوە لای ڕژێمی بەعس و خیانەتی کرد، لەوێ جێگەی خۆی دۆزییەوه. هەموو ئەوانەی له و سەردەمەدا لە حیزبی شیوعی کاریان کردبێ، ئه و ڕاستییە دەزانن.

ساڵ ڕۆیشت و ساڵ هات. گۆڕانێکی گەورە هات به سەر شۆڕشی کورددا. ئێمە لە دەرەوە بووین، پێشمەرگه بووین، موسڵح لەگەڵ سەدام حسێن لە تەلەفزیۆن دەرکەوت لەسەر مەسەلەی ڕۆشنبیری، سەدام پێی وت مامۆستا. به چاوی خۆم بینیم بووبوو بە بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی ناوچەی حوکمی زاتی. ئەوەی ڕۆشنبیری بێ، موسڵح نەیبوو، لەبەر ئەوەی وەک سەدانی تر خۆیان فرۆشتبوو. خەڵکی تریش دوای کەوتن. پاش ئه و زیانە گەورەیەی حیزب کردی، پاش گرتنی عەزیز ئەلحاج، ئەمیش لەملاوە زیانێکی گەورەتری لە ڕیزەکانی حیزب دا و بەره و لاوازیی برد. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکخستنەکان باش بوون لەچاو ئەم هەموو مەینەتییەی بەسەری هاتووە.

دوای ئەوە هاوڕێ ئیبراهیم عەلاوی بوو بە کەسی یەکەمی حیزب، ئەبووجەعفەر ناوی خضیر سەلمان بوو خەڵکی زاخۆ بوو. ئەبووئەنیس فاروق مەلا مستەفا، لە شاری سلێمانیش شێخ عەلی و دەیان کادێر و هەڵسووڕاوی تر لە شارەکان ئیشی خۆیان دەکرد. ئێمەش لە دەرەوە کادێرە هەڵسووڕاوەکانی عەسکەریی حیزب بووین. ئه و کاتە کارەکان بە ئێمە هەڵدەسووڕا. دەوری ئیبراهیم عەلاوی زۆر بوو، پشتیوانیی گەورەشی لە هاوڕێ فاروق مەلا مستەفاوە بوو. پێش جیابوونەوەی قیادەی مەرکەزی لە حیزبی شیوعی ساڵی 1967 هاوڕێ فاروق هەر لە خەتی ئەبولەیلا بوو. هاوکاریی باشی دەکرد، ئێمەش هەر هەموومان زۆرزۆر بڕوا و متمانەمان پێی بوو، کەسێکی یەکجار زیرەک بوو، پیاوێکی ساده و پاک بوو، ڕەنگە له و سەردەمەدا من و دەیانی وەک من لە ڕووی فکرییە وە سوودمان لێوەرگرتبێ. خۆ کێشەی حیزب و کاری ڕۆژانە هەر تەواو نابێ. دوای هەڵاتنی موسڵح، دیار بوو ئەبووجەعفەریش مەیلی لای ئەوان هەبوو. بەڕاستی ئەبووجەعفەریش پیاوێکی دیار بوو.

کێشەی ناو حیزب هەر تەواو نەدەبوو. دوایی هەندێ بارەگامان بردە گوندی گوێزان، دارئەلسەلام، لای گەڵاڵە. چەند گوندێک بوون لەسەر جادەکە، واتە لەسەر خەتی هاملتۆن نەبوون. لە دارئەلسەلام لە جێگەیەکی چۆڵەوانیدا خانوومان دروست کرد، ساڵ گوزەری دەکرد و ئێمه بەردەوام بووین، شۆڕشی کوردیش بە سەرکردایەتیی بارزانی ڕۆژبەڕۆژ لە گەورەبوون و پەرەسەندندا بوو، هەموو بەشەکانی کوردستانی عێراقی لە زاخۆوە تاکو خانەقین گرتبووەوە. ئه و کاتە پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی دیموکرات باش بوو، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوپردان بوو، ئەمەی باسی دەکەم، ساڵی 1969 و سەرەتای ساڵی 1970یە. چەند جارێک لەگەڵ هاوڕێ ئیبراهیم عەلاوی و هاوڕێ فاروق مەلا مستەفا پێکەوە چووین بۆ لای (م.س)ی پارتی. کاک حەبیب محەمەد کەریم سکرتێری حیزب بوو، لەگەڵ بەڕێزان عەلی عەبدوڵڵا و دکتۆر مەحموود عوسمان لە ژوورێکدا کاریان دەکرد. کاک محەمەد عەزیز لێپرسراوی ئیداریی م.س بوو و بەڕێوەی دەبرد. له و سەردەمەدا پەیوەندیی شۆڕش و حکومەتی عێراق بەره و لەیەکنزیکبوونەوە دەچوو. پێشمەرگە دەستی باشی لە ڕژێم دەوەشاند. حکومەتیش زیانی زۆری پێکەوتبوو. بە حوکمی ئەوەی بارەگاکەمان له ناوکێلە کان لەسەر جادەی گشتی بوو، ئاگاداری هەندێک هاتوچۆ بووین لە نێوان حکومەت و شۆڕشدا و بۆنی ڕێککەوتنی لێدەهات.

یەکەم سەفەری هاوڕێ ئیبراهیم عەلاوی بۆ سوریا و لوبنان

بڕیار درابوو هاوڕێ ئیبراهیم عەلاوی سەفەرێکی سوریا و لوبنان بکات، هاوڕێکانی ڕێکخستنی دیمەشق و هاوڕێ موزەفەر نەواب کە ئه و کاتە لە دەرەوە بوون، داوایان کردبوو. بەرنامەی سەفەرێک ڕێک خرا. هاوڕێ ئیبراهیم عەلاوی ویستی بۆ ئەم سەفەرە لەگەڵیدا بڕۆم. زۆر منی خۆش دەویست بڕوا و متمانەی پێم بوو. ڕۆژی 09-03-197009-03-1970 بەڕێ کەوتین. من بووم، هاوڕێ عەزیز ئەنوەر ناسراو بە عەزە ڕەش، بە عەزەی بەهێش دەناسرا، بەداخەوه لەم ساڵانەی دواییدا وەفاتی کرد. هاوڕێیەکی تر عەرەب لەگەڵماندا هات، لای ئێمە بوو و ناوی حەسەن بوو، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی بوو، باوکیشی عەسکەری خانەنشین بوو و پلەکەی گەوره بوو. ملی ڕێگەمان گرت بۆ سوریا و نووسراویشمان وەرگرتبوو لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکرات له لای بەڕێز حەبیب محەمەد کەریم بۆ ئەوەی هێزی زاخۆ کە عیسا سوار ئامر هێزی بوو، هاوکاریمان بکات بۆ پەڕینەوە بۆ سوریا. ڕۆژی یەکەم بە گوندەکانی گەرووی بێشی و شێخان و بەره و مێرگەسوور ڕۆیشتین. ئێوارەی ڕۆژی 11/3/1970 گەیشتینە مێرگەسوور. بەیانی یانزەی ئازار خوێندرایەوه، ئێمە لامان غەریب نەبوو و دەمانزانی شتێک هەیە. دوو ڕۆژ بوو بە ڕێگەوە بووین، لەبەر بارانی ڕێگە تۆزێکیش تەڕ بووین. شەوێ چووینە ماڵی خوالێخۆشبوو حەمە ئاغای مێرگەسووری، بە حوکمی پەیوەندیی من لە پێشمەرگایەتیدا لەگەڵ کاک فاخری کوڕی لە هەندرێن ناسراویمان هەبوو. جەوهەر و سەعید و ئەوانیشم دەناسی، خوا لێیان خۆش بێت ماڵێکی بەڕێزی گەورە بوون. هەروەها عەزەی بەهێش ماوەیەکی زۆر لەگەڵ کاک فاخردا بوو، ماڵیان وەک ماڵی خۆی وابوو، خۆشیان دەویست، خزمەتێکی زۆر باشیان کردین، هەر لەوێ بووین گوێمان لە بەیانی یانزەی ئازار بوو لە مێرگەسوور.

بەیانی یانزەی ئازار

له نێوان شۆڕشی کورد بە سەرکردایەتیی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی و حکومەتی عێراق ڕێککەوتن بوو. ئەو کاتە ش ئەحمەد حەسەن بەکر سەرۆکی کۆماری عێراق بوو. پاش بەیانی یانزەی ئازار لە سەرتاسەری کوردستان شەڕ ڕاگیردرا. بوو بە خۆشی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و له نێوان هەردوولادا گفتوگۆ و هاتوچۆ دەستی پێکرد. ئێمەش بۆ ڕۆژی دوایی هەڵساین و ملی ڕێگەمان گرت بۆ سوریا. چووینە ڕێزان و لەوێشەوە بۆ بلی، بارزان لەسەر ڕێگەی سەفەرەکەمان بوو. ئیتر قۆناغبەقۆناغ دەڕۆیشتین، لەولای بلێوە ڕووبارێکی لێبوو، ئاوەکەی دەهاتەوە بۆ لای ڕێزان. له و ئاوە پەڕیینەوە بەره و دەشتی زێبار. لەسەر ڕووبارەکە هەندێک ماسیمان کڕی و بە ئاگر برژاندمان. دوایی بەره و دێرەلوک و هاندڵ ڕۆیشتین. بۆ شەوێ چووینە گوندێک بە ناوی کالین کە ئاشووری بوون و بەڕۆژوو بوون، خواردنیان کردبوو بێ ڕۆن. ڕۆژووی ئەوان نە چەوریی تێدایە نە گۆشت. ڕۆژی دوایی ڕێگەمان گرتە بەر. گەیشتینە بالتە و لەوێشەوە بەره و خوارووی دهۆک. ئەو کاتە دهۆک قەزا بوو، بچووک بوو، گڵۆپەکانی دهۆک لێمانەوە دیار بوو. ئه و ماوەیەمان بە شه و بڕی. هاتینە شندۆخا، پاشان پەڕیینەوە بۆ مالتایا و لەوێشەوە چاوساغمان لەگەڵ بوو بۆ ناوچەی پێشمەرگە و قۆناغبەقۆناغ گەیشتینە لای عیسا سوار ئامرهێزی زاخۆ. بارەگاکەی لە گلناسک بوو. چووینە بارەگاکەی و خۆمان پێناساند. نامەکەی مەکتەبی سیاسیمان دایە، ئەویش زۆر ڕێزی لێگرتین و ئه و ڕۆژە تاکو ئێوارێ لای ماینەوه. ڕەمەزان عیسا لەوێ بوو، لەوێ کەسێکی شارەزای بانگ کرد ناوی محەمەد ڕەشۆ بوو، لەچاو ئێمەدا بەتەمەن بوو. دیار بوو پەڕاندنەوەکاری خۆی بوو، لەگەڵمان هاتە گوندێکی گەورەی مەسیحی بۆ ئەوەی بچینە سەر ئاو، وابزانم دێی ڕەبوون بوو، بۆ ئەوەی لە ئاوە گەورەکەی فیشخابور بپەڕیینەوە بۆ بەری سوریا. ئه و ئاوە سنووری کردووە بە دوو بەشەوە لە نێوان تورکیا و سوریا و عێراقدا، ئاوی دیجلەی پێدەڵێن. ئاویش چی، ناوێری تەماشای بکەی، بەهاره و ئاو زیادی کردووە، غیرەتی ئەوێ. پانایی ئاوەکەش زۆر بوو لەبەر ئەوەی ئاوەکە بە هۆی باراناو و لافاو هەڵسابوو. له و کاتەدا پانییەکەی نزیکەی نیو کیلۆمەتر دەبوو. کاک محەمەد ڕەشۆ خوا بکەم ئێستا مابێت، چاکەی باشی لەگەڵ کردین یادی بەخێر بێ.

پەڕینەوە بۆ سوریا

کاک محەمەد هات و دوو چووپی گەورەی تراکتۆری پێکەوە بەستەوە، بە حەبلی گەوره و ئەستوور دوو چووپی سەیارەی بەست بە چووپە گەورەکانەوە. کەسێکی تریش لەگەڵی بوو ناوی نازانم. هەردووکیان لە پێشەوە سواری چوپە بچوکەکان بوون. عەزەی بەهێ تا سەر سنوور لەگەڵماندا هات، خواحافیزیمان لێکرد و گەڕایەوە. ئێمەش سێ کەسمان ڕۆیشتین. بڕیارەکەش وابوو.

له ناو ئاوەکەدا محەمەد ڕەشۆ و هاوڕێکەی مەلەیان دەکرد، ئێمەشیان لەگەڵ خۆیان ڕادەکێشا. ئاوەکە هی ئەوە نەبوو بڵێی مەلە دەزانم، ئەگەر لێت بقەومایە، مەلەوانیش بویتایە، بڕوا ناکەم ڕزگارت بوایە. بە هەرحاڵ، من ئه و کاتە مەلەم نەدەزانی. ئەگەر گرفتێک ڕووی بدایە لە ئاوەکەدا، من یەکەم کەس تێدا دەچووم و دەخنکام. ئیتر ژیانیش زۆری سەرکێشییە. هەرواشمان هێناوە لە ژیاندا. بڕوا بکەن ڕەنگە نیوسەعات زیاتر ئه و ئاوە ئێمەی بردووەتە خوارەوە لە بەرامبەر فیشخابور تا گەیشتینە بەری سوریا. بە سەلامەتی گەیشتینە ئەوێ. ئەم پەڕینەوەیەم لا سەیر بوو. خواحافیزیمان لە محەمەد ڕەشۆ و هاوڕێکەی کرد. ئه و شەوەی پەڕینەوەکەش شەوێکی مێژوویی بوو، یەکەم: دوای یانزەی ئازار بوو، دووەم: سەر سنووری سێ پارچەی کوردستان بوو، لەسەر چیاکان و ئاگر لە هەرسێ لاوە بەرز دەبووەوه. پیاو هەستێکی یەکجار سەیری لا دروست دەبێ. کوردستان چۆن وا دابەش کراوە. شەوی نەورۆز بوو، نەورۆزیش هی هەموومانە.

گەیشتنە سوریا

کە گەیشتینە گوندەکانی سنووری سوریا، چووینە دوو گوند بە ناوی پلێسێ و ڕەکاڤە. لەبەر ئەوەی ناوەکان کوردی بوون، حیزبی بەعس گۆڕیبوونی بە حەیفا و یافا. لەوێ نامەمان پێبوو بۆ کوردەکانی سوریا، ئەو کاتە پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی چەپی سوریا هەبوو، سەرۆکەکەی بەڕێز محەمەد نەیۆ بوو، سکرتێرەکەی سەلاح بەدرەدین بوو. ئەو کاتە هەردوو حیزبی کوردی هەبوون. ئەوانمان لە گەڵاڵە دەناسی، لە کوردستانی عێراق بوون. لە دوو دێکە ئەوەندە حورمەتیان گرتین، پیاو نازانێ چۆنی باس بکات. بۆ بەیانی ڕۆژ چاوساغیان لەگەڵ ناردین و سواری ئۆتۆمبێلی دێکە بووین بۆ قامیشلو. برایانی سوریا زۆر هاوکارییان کردین، لە قامیشلو چووینە ماڵی عەزیز ئومەری، کە لە برادەرانی پارتیی سوریا بوو. ئێستاش لەبیرمە ماڵیان لە شەقامی خالید کوڕی وەلید بوو، دەرگاکەیان ژمارەی 46 بوو، لەبیرم نەدەچووەوه، چونکی لەدایکبوونی خۆم ساڵی 1946ە. لە ماڵی کاک عەزیز دڵسۆزانە و کوردانە خزمەتیان کردین. باسی وەزعی کوردستانی عێراق و ڕێککەوتنی تازەی یانزەی ئازار کرا. ئەوانیش ئازارێکی زۆریان دەدەن، سیاسەتی تەعریب لەوێ بەردەوامە، ئیعترافیان پێناکەن و رەگەزنامەی نادەنێ. ئه و ڕۆژە تاکو ئێوارە لە ماڵی ئەوان ماینەوه. لە قامیشلو بۆ حەلەب سەیارەیان بۆ گرتین. سەیارەکان بە شه و دەڕۆیشتن. بەرەبەیان گەیشتینە شاری حەلەب. هەر ئه و ڕۆژە سواربووین بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا. تەلەفۆن و ناونیشانی هاوڕێیانی سوریامان لابوو، بەتایبەت هاوڕێ حەسەن کە عەرەب بوو، لە سوریا وە هاتبوو بۆ لامان و شارەزاییەکی باشی هەبوو. ڕەفیقەکانی خۆی لەوێ بوون. ئه و هاوڕێیانەی لە سوریا بوون، خەلیل ئیبراهیم کە دوایی بوو بە دکتۆر و ئێستا لە ئەڵمانیایە. ئەو کاتە لەگەڵ ڕێکخراوی فەلەستین بەرەی دیموکراتی بوون، هەروەها حەسەن. هەندێک هاوڕێی تریش لە دیمەشق بوون و لە دانیشگا دەیانخوێند. عادل عەبدولجەلیل کەسێکی هەڵسووڕاو بوو. لەم ساڵانەی دواییدا بەعسییەکان لە لوبنان تیرۆریان کرد، نزار عەبدولجەلیل برای بوو. دکتۆر تارق دلێمی ئەویش لە جامیعەی دیمەشق دەیخوێند و ساڵی کۆتایی بوو. حازم و دەیانی تر لەوێ بوون. کە گەیشتینە ئەوێ، هاوڕێیان هاتن و ئێمەیان برد بۆ بینایەک. قەبوویەکیان بۆ گرتبووین. لەوێ بە ژێرزەمین دەڵێن قەبوو، کەمێک حەساینەوه.

دوو هەفتەی ویست تاکو گەیشتینە دیمەشق. پاش ئەوەی ماوەیەک لەوێ بووین، شوقەیەکمان گرت و لە عێراقەوە به دزییە وە منداڵەکانی ئەبوولەیلا هاتن. خێزانەکەی ناوی هاجەر بوو و لە ئەسڵدا کورد بوو، کوڕێک و کچێکی هەبوو و ناویان لەیلا و عادل بوو. لە خانووەکەدا پێکەوە بووین، من وەک کوڕ و برای ماڵەکە وابووم، جێگەی بڕوای تەواوی ئەبولەیلا بووم. لەگەڵ هاوڕێکانیش بەهەمان شێوە خۆشەویستی و برایەتیمان بەهێز بوو. ئه و ماوەیەی لەوێ بووین، ئەبولەیلا خەریکی کاری حیزبی بوو لەگەڵ بەعسییە چەپەکان، کە لە دەست ڕژێمی سەدام حسێن ڕایان کردبوو. پەیوەندییەکی باشی دروست کرد، وابزانم کەسێکی لێپرسراویان ئەو کاتە ناوی دکتۆر فوئاد بوو. ویستمان سوود لەم پەیوەندییه وەربگرین بۆ هەندێک پێویستیی چەک و شەڕی پارتیزانی. هەر له و ماوەیەدا کە ئێمە لەوێ بووین، حافز ئەسەد دەسەڵاتی گرتە دەست. کۆنگرەی هەرێمی حیزبی بەعسیان گرت، حافز ئەسەد دەوری کۆنگرەی دا و هەموویانی گرت بە سەرکردایەتیی قەومی و هەرێمییە وە، بەرنامەکانی ئێمەش ئه و بەشەی تێکچوو. ئەوانەی سووریا گیران، لەناویشیاندا نوورەدین ئەتاسی. منیش کە بڕیار بوو هەندێک چەک و تەقەمەنی بهێنمەوە بۆ هاوڕێیان، بەرنامەکەم تێکچوو. بەڵام کۆڵمان نەدا و هەر لە هەوڵدا بووین. پێش ئەوە من وەجبەیەکی کەمم هێنایەوە، دە کڵاشینکۆف و دە دەمانچەی چواردەخۆر، زوو هێنامەوه و تەسلیم بە برادەرانم کرد.

لە هەوڵدان بۆ پەیداکردنی پێویستیی شەڕی پارتیزانی بەردەوام بووین، لەگەڵ ڕێکخراوی فەلەستین بەرەی دیموکراتی بە سەرۆکایەتیی نایف حەواتمە و قەیس سامرایی پەیوەندیی باشمان هەبوو، هەندێک لە هاوڕێکانی خۆمان لە بەرەکەی ئەوان کاریان دەکرد و بەشدار بوون.

ئه و ماوەیەی لەوێ بووم، لەگەڵ ئەبولەیلا له ژێرخانەکەی خۆمان بووم. لە دیمەشق ڕۆنیۆیەکی تازەمان کڕی. ئەبولەیلا هەر خەریکی نووسین بوو. کتێبێکی بە دەستەوە بوو لەسەر تەحریفیەت. حیزبی شیوعی بووبوو بە پاشکۆی سۆڤییەت و زیانی گەیاندبوو بە جووڵانەوەی شیوعییە ت. هەر له و ژێرزەمینه نووسینی کتێبەکەی تەواو کرد. شه و و ڕۆژ ئیشمان تێدا دەکرد. کتێبەکە ناوی حزب الشیوعی العراق والتحرفییە العالمیە المعاصرە بوو. دوای تەواوبوونی بەرگ و دەرزیلێدان، منیش ئەوەندەی بەشی کوردستان بوو، لەگەڵ خۆم هێنامەوە. نووسراوەکان و نامە نهێنییە کانی ئەبوولەیلام بۆ هاوڕێیان لەگەڵ خۆم هێنا. وەک جاران لە دیمەشقەوە بۆ حەلەب و لەوێ ئێوارە سواری ئۆتۆمبێل بووم بۆ قامشلو. بەرەبەیان گەیشتمە ئەوێ و چوومە ماڵی کاک عەزیز ئومەری. پاش ئەوە چاوساغیان لەگەڵ ناردم. برادەرێکیان هەبوو ناوی ڕەسوڵ بوو لە دێی گرد زیارەت، بە عەرەبی کردبوویان بە تل ئەلزیارەت، دەچوومە ئەوێ، لەوێشەوە هاوکارییان دەکردم بۆ سەر سنووری عێراق. گرد زیارەت لەسەر ڕێگەی گشتیی قامشلو-دیریک بوو. لەسەر سنوور لە دێی خانک لە ئاوەکە دەپەڕیمەوە بۆ دێی دیرەبوون لە سنووری زاخۆ. لەوێشەوە بەره و دهۆک بە ناوچە ئازادکراوەکاندا بە ڕێگەی پێ، وڵاخم لە دێکان بەکرێ دەگرت و شتەکانم لێدەنا، چونکی کتێبێکی زۆرم پێبوو. هەندێک جار هەر بە شه و دەڕۆیشتم. ئەوەندە هاتوچۆم کردبوو، شارەزا بووم و چاوساغم نەدەویست بۆ ڕێگە.

بەتایبەت لە سوریا باش شارەزا بووبووم، ئەوێ وەک عێراق نەبوو، ڕەبیە و بازگە نەبوو. من لە سنووری قامشلۆوە به ناو کۆمپانیای نەوتدا تێدەپەڕیم. کەس نەیدەوت لە کوێوە هاتووی. ئەمەی باسی دەکەم، چەندین جار دووپات بووەتەوە، ئیتر گەیشتمەوە ناوکێلەکان بۆ بارەگای حیزب لای گەڵاڵه. ئیشەکانی ئەوێشم تەواو دەکرد، دەبوایە بگەڕامایەتەوە بۆ سوریا و لوبنان. جارجارەش هاوڕێیەکم لەگەڵ خۆم دەبرد بۆ سوریا بۆ ئەوەی شارەزا بن.

لە لوبنان

ئه و کاتانەی دەچووم بۆ لوبنان، پاش ئەوەی دەچوومە ئوتێل، پاشتر دەچوومە ماڵی کاک مستەفا جاف. بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا کۆچی دوایی کرد. خۆی هاوڕێی ئەبولەیلا بوو لە لەندەن، ساڵەکانی دانشگایان لە لەندەن پێکەوە تەواو کردبوو. هەردووکیان ئەندازیار بوون، حەقیشە باسی خوشکی بەڕێزم نازەنین قەفتان بکەم، هاوسەری کاک مستەفا بوو. هەتا بڵێیت بە خزمەت بوون، نەک هەر بۆ ئەبولەیلا، بۆ هەر کەسێکی تریش. ئەوانەی لە ڕابوردوودا هاتوچۆیان کردوون، شاهیدییان بۆ ئەدەن. نموونەیان زیاد بێت. هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی کاک مستەفا جاف. پاش ئەوەی ئەبولەیلام لەوێ ئەدۆزییەوه، کاری ڕۆژانەی ئەویشم دەکرد. زیاتر هاتوچۆی گۆڤاری الحریەم دەکرد. موحسن ئیبراهیم و فواز تەرابلسیم دەناسی، لەسەر دۆخی عێراق و کوردستان قسەم بۆ دەکردن، ئەوانیش لە گۆڤارەکەیاندا بڵاویان دەکردەوە، بەتایبەت لەسەر ڕژێمی سەدام حسێن. خۆیان چەپ بوون، لەگەڵ ئەبوولەیلا ڕێکخراوی تریشمان دەبینی. کەسێک چەند جار ئەبولەیلای بینی نخلە مطران. ئەوانیش لە شیوعییە کانی لوبنان بوون و تەیارێکی تایبەت بوون.

من زۆربەی کات هەر لە سوریا بووم لای هاوڕێکان، قەد پیاوەتیی عادل عەبدولجەلیلم لەبیر ناچێتەوه، هەروەها نزاری برای و تارق دلێمی و خەلیل و ئەوانی تر. ئەمەش لە پێناوی مەسەلەیەکی پیرۆزدا بوو ئەم هەموو ڕێگەیەم دەبڕی. بڕوا بکەن هەموو جارێ دە ڕۆژ ڕێگە بەڕێوە دەبووم تاکو دەگەیشتمە قامشلو، ئەگەر بیروباوەڕ نەبێ کێ توانای ئەمەی هەیە؟ پیاو باسی خۆشی بکات کەس لە ڕۆیشتن لەگەڵم دەرنەدەچوو، چونکی جگەرەم نەدەکێشا. بە منداڵیش وەرزشکار بووم، هەندێک بەغیلییان پێدەبردم لە ڕۆیشتندا. ئه و پێشمەرگانەی لەگەڵم بوون، شاهیدن.

لەم هاتوچۆیەدا دوو وەجبە چەکم هێنا بۆ هاوڕێیان. ئەگەرچی ژمارەکەی کەم بوو، بەڵام لە ڕووی مەعنەوییە وە زۆر بوو. جارێکیان ساڵی 1972 لە سوریا وە هەندێک چەکمان هێنا. قۆناغی یەکەم لە دێی گرد زیارەت لای کاک ڕەسوڵ گەیاندمانە سەر سنوور و داخڵی کوردستانم کرد، بەڵام لای لەشکری یەک خوالێخۆشبوو ئەسعەد خۆشەوی دەستی بەسەردا گیرا. ئەسعەد خۆشەوی بارەگاکەی لە بامەڕنی بوو. پاش ماوەیەک هێنان و بردن وەرمانگرتەوە و گەیاندمە لای هاوڕێیان. ئەو کاتە ی لە دیمەشقە وە دەگەڕامەوه، ئەوانەی یارمەتییان دەدام، دیارییەکم بۆ دەهێنان. دیارییەکە زیاتر ڕەمزی بوو. لە دیمەشق فیشەکی تاپڕ یان شتی ترم بۆ دەکڕین. کە ڕێگەشم دەگۆڕی، لە هەر جێگەیەکەوە بووبێ هەر شتم بۆ دەهێنان.

هاتوچۆ لە ڕێگەی موسڵە وە بۆ سوریا بە مغامەرە

دیارە دوای ڕێککەوتنی 11ی ئازار چەند جارێ هاوڕێکانم هێنا و بردمن. هەر جارەی کە دەگەڕامەوە بۆ سوریا، چەند هاوڕێیەکم لەگەڵ خۆم دەهێنا بۆ ئەوەی هەم دنیا ببینن و هەم فێری ڕێگە بن بۆ ڕۆژی پێویست، هەم پشوویەک بدەن. ئەوانەی له و جارانەدا کە لەگەڵ خۆم بردوومن بۆ سوریا بۆ ئەوەی شارەزا بن، زۆر لە هاوڕێکان بوون وەک ئەکرەمی پوورم، کەمال جەمال (بەختیار)، کەمال بە بەختیار دەیانناسی. جەمالی عەلی فائز، بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا هەرسێکیان شەهید بوون و لە سێدارە دران.

ڕێگە گۆڕین

بەهۆی ڕێککەوتنی یانزەی ئازارەوە لە گەڵاڵەوە دەڕۆیشتین بۆ هەولێر، لەوێشەوە بۆ موسڵ پاشان بۆ دێیەکی کوردی ناوی تاوس بوو، بە عەرەبی گۆڕیبوویان و ناویان نابوو وەلید. ئێستاش هێزی کوردی لێیە. تاوس مەخفەرێکی سنووریی گەورەی تێدا بوو، لەوێوە بۆ ئه و دێیەی سوریا بە شه و دەڕۆیشتم، ڕێگاکەی نیوسەعات بوو، دێکەی سوریا ناوی قوڵدمان بوو. لە تاوس دەچوومە ماڵی حەمید، کوڕێکی زۆر دڵسۆز بوو. لەوێ لە تاوس کە شه و تاریک دەبوو، چاوساغیان لەگەڵ دەناردم و دەپەڕیمەوە بۆ دێی قوڵدمان. لەوێش برادەرانی پارتی هاوکارییان دەکردین، نووسراومان پێبوو بۆیان. جارێکیان کە چووم کاک فازڵ میرانی لەوێ بوو، ئەو کاتە ئەندامی لقی 3 بوو لە موسڵ. لەوێ یەکەمجار یەکترمان بینی و ناسی. لە دێی تاوس هاوکارییان کردم لە ڕووی چاوساغ و پەڕینەوەوە. ئیتر کارەکەم ئاسان بووبوو، لەباتی دە ڕۆژ ڕێگە، بە ڕۆژێک دە گەیشتمە خاکی سوریا، ئەمەش وەک ئەوەی فێڵ لە میری بکەی. دوای ڕێککەوتنی یانزەی ئازار کە بازگەکان توندوتیژییان کەمتر بووبووەوە، جامانەیەکی سوورم دەبەست، ئیتر ئه و زەمانە جامانەی سوور بەرگەی پەڕینەوە بوو، بازگەکان نەیاندەپرسی، منیش سوودێکی زۆرم لە جامانەی سوور وەرگرت بۆ هاتوچۆ، جارجار ئەگەر دوا بکەوتمایە و دوو مانگی پێ بچوایە، خەڵکی دێکان گلەییان لێدەکردم بۆ دواکەوتووی؟ بەینم زۆر خۆش بوو لەگەڵیان، وەک کەسوکاری خۆمیان لێهاتبوو.

کۆنفرانسی لقی کوردستان حیزبی شیوعی قیادەی مەرکەزی

لە سنووری گەڵاڵە لە چەند دێیەک بارەگامان هەبوو: 1- ناوکێلەکان 2- دارئەلسەلام 3- گوێزان. ساڵی 1972 بڕیار درا کۆنفرانس بگیرێ بۆ پێداچوونە وەی کاری حیزبی، وا ڕێکەوت لە کوردستان بووم و بەشدار بووم. پێشتر ئەندامی لیژنەی شاری سلێمانی بووم. هەموو شتێک ئاماده کرا، ئه و هاوڕێیانەی لە جێگە دوورەکانەوە هاتن، گەیشتن. نزیکەی چل کەس دەبووین. ئەبولەیلا لەوێ بوو و سکرتێری حیزب بوو. کۆنفرانس چەند ڕۆژێکی خایاند. پاش وتاری ئەبولەیلا ڕاپۆرت خوێندرایەوە لەسەر ئیشکردن و خەباتی چەکداری، کە دژی دیکتاتۆرییەت و ڕووخانی ڕژێم بەردەوام بین. لەسەر هەموو خاڵەکان قسه کرا و لقی کوردستانی قیادەی مەرکەزی هەڵبژێردرا. لەوانەی دەرچوون لە کۆنفرانسەکەدا بۆ لقی کوردستان، ئەگەر کەسێکم لەبیر نەچووبێتەوە: 1- شێخ عەلی 2- فاروق مەلامستەفا 3- خۆم(مستەفا چاوڕەش) 4- سەعدی خالەند خەڵکی مەخموور بوو دوای نەکسەی شۆڕش 1975 بەعس لە سێدارەیان دا. 5- تارق حاجی سەعید، خەڵکی هەولێر بوو. 6- ئیسماعیل خەڵکی موسڵ بوو برای عەدنان چلمیران بوو، ئیسماعیل ناوە نهێنییەکەی بوو. 7- مامۆستا عومەر خەڵکی سلێمانی بوو. هیوادارم کەسێکم لەبیر نەچووبێت، کۆنفرانس تەواو بوو هەر کەسەش گەڕایەوە بۆ جێگەی خۆی. بەیانی کۆتایی دەرچوو و بەرنامەی کاری داهاتوو دانرا. ئیتر پاش هەڵبژاردن جارێکی تر بە منیان وت کارمان زۆرە و دەبێ بچیتەوە بۆ سوریا.

دیسان سەفەر بۆ سوریا

پاش ڕێککەوتنی یانزەی ئازار هاتوچۆم ئاسان بووبوو. بازگەکان کەمتر زەختیان دەکرد و کەمتر ڕایاندەگرتیت. ئەمجارە هاوڕێ فاروق مەلا مستەفا هاوڕێی سەفەرمه، بەڵام چاوساغ منم کە بچین بۆ سوریا بۆ ئەوەی هاوڕێ فاروق کارەکانی ئەوێ جێبەجێ بکات. دووقۆڵی بۆ سەفەری سوریا کەوتینە ڕێ. هاتینە هەولێر، هەردووکمان جامانەی سوورمان بەست. ئاسان بوو، خەڵکی سیاسیش هەمیشە دەگەڕێت فێڵ لە دوژمنەکەی بکات بە هەر ڕێگەیەک بێت. لە هەولێرەوە چووینە موسڵ و چووینە ئه و گەراجەی ئوتۆمبیل کە خەتی د ێی تاوس دێت و دەگەڕێتەوە. بەیانیان دەهات و دوای نیوەڕوان دەگەڕایەوە. له ناو موسڵ لەسەر شەقامەکەی دەچووین بۆ گەراج، چاومان بە بەهادین ئەحمەد کەوت، کە لە مەجلسی تەشریعی بوو. کاک فاروقی دەناسی، بەڵام منی نەدەناسی. خۆمان لێ لادا، چونکی لەگەڵ دەوڵەت بوو. تاکسییەکمان گرت بۆ دێی تاوس، ئه و ڕۆژە سەیارەی خەتەکەیان نەهاتبوو. زۆر شارەزای ئه و ڕێگەیە نەبووین، کە تەکسییەکە لێوەی ڕۆیشت. تاکسییەکە بەره و ڕەبیعە ڕۆیشت، ئێمەش زۆر ترساین، کاک فاروق وتی ئەگەر زانیمان مەبەستێکی هەیە، سایەقی تاکسییەکە دەکوژین. پێش ئەوەی بگەینە ڕەبیعە، به لای ڕاستدا لای دا بۆ دێی تاوس. گەیشتینە ماڵی کاک حەمید و هات بە پیرمانەوه. ماڵی حەمید خانەخوێم بوون، دەمەدەمی ئێوارە بوو، چووینە ژوورەوه. پاش هەواڵپرسی کاک فاروقم پێناساندن، ژنەکەی کاک حەمید هات زۆپاکەی بە پشقل داخست. لەوێ دار نییە. بە دەستی پشقلی کردە زۆپاکەوە، بەهەمان دەستیش بێئەوەی بیشوات، چای کردە قۆرییەکەوە. کە چای تێکرد، کاک فاروق نەیخواردەوە، وتم کاکە ئەوە شتێکی ئاساییە، بەڵام من چایەکەم خواردەوە. دوای نانخواردنی ئێوارە یەکێک تاکو دێی قۆڵدمان کە دێیەکی سوریایە، لەگەڵماندا هات. بە پشتی مەخفەرەکەی تاوسدا بردیانین. بە کەمتر لە سەعاتێک گەیشتینە ئەوێ، لەوێش پێشوازییەکی گەرمیان لێکردین و ڕێزێکی زۆریان لێگرتین. شەومان ڕۆژ کردەوە، بەیانییە کەی سواری جێب بووین بەره و قامشلو. ئیتر وەک جاران قۆناغبەقۆناغ بۆ حەلەب و دیمەشق. کە گەیشتینە دیمەشق، ژەمبوردە بووبووین. پێکەوە دووقۆڵی چووینە ڕیستورانتێک و نانمان خوارد. دوایی هاوڕێکانی خۆمان دۆزییەوە. ئه و ماوەیەی سوریا هەر پێکەوە بووین. کاک فاروق ئیشەکانی حیزبی جێبەجێ ئەکرد و من ڕێنماییم دەکرد بۆ شوێنەکان. جا لێرەدا حەقە بوەستم: لە گەڵاڵەی حاجی هۆمەرانەوە حیزب یەکی دە دیناری داینێ، حساب کرابوو. لە موسڵ بایی دینارونیوێک گۆشتم کڕی بۆ ماڵی کاک حەمید کە خانەخوێمان بوو و هاوکاریی پەڕینەوەی دەکردین. ڕەنگە کاک فاروق شتێکی زیاتر پێبووبێ، دۆخی دارایی ماڵیان باشتر بوو. ئێمە ئاوا دەروێشی حیزب بووین، بە دە دینار بۆ دیمەشق، ڕەنگە هەبێت بڕوا نەکات.

سەردانی مەزاری مەولانا خالیدمان کرد

بە حوکمی ئەوەی من شارەزای دیمەشق بووم، لەگەڵ هاوڕێ فاروق چووین بۆ گەڕەکی کوردەکان بۆ سەر مەزاری مەولانا خالیدی نەقشبەندی. کاک فاروق و ئەوانیش خۆیان بە نەوەی مەولانا خالید دەزانن. لە پردی نحاس پەڕیینەوە و چووینە مەزارەکەی، کە لە گۆڕستانێکی گەورەدا بوو لە گەڕەکی کوردەکان. ئه و بینایە خێزانێکی لێبوو، لە ڕووی ناوماڵەوە ڕێکوپێک بوون، لەسەر قەنەفە دانیشتین، تەلەفزیۆن و ئەمجۆرە شتانەیان هەبوو. کاک فاروق لە من باشتر مێژووی شەجەرەی مەولانا خالیدی دەزانی. قسەی لەگەڵ کردن. وتم کاکە لای ئێمە زێوان هەمووی ڕیشدار و ڕیشسپین، بزانە لێرە چەند پاکوخاوێنن. ئەوەشمان تەواو کرد و گەڕاینەوە بۆ جێگەی خۆمان.

سەردانێکی لوبنانمان کرد، پێکەوە چەند شەوێ لەوێ بووین لە ئوتێل جیرۆ سالم هاوس لە کۆڵانەکانی شەقامی حەمرا بوو. دوایی گەڕاینەوە بۆ دیمەشق و لەوێش پاش چەند ڕۆژێکی تر گەڕاینەوە بۆ کوردستان. وەک جاران لە ڕێگەی خانکەوە هاتینەوە. لە ئاوی دیجلە بە بەلەم پەڕیینەوه بۆ دێی دیرەبوون. بەره و لای گەڵاڵە و بارەگای خۆمان له ناوکێلەکان و دارئەلسەلام کەوتینە ڕێ، دواجاریش لەگەڵ ئەبوولەیلا چووین و گەڕاینەوه، هەر لە ڕێگەی برادەرانی کوردی سوریاوە بوو. هەتا ماوین سوپاسیان دەکەین، ئه و کاتەی لە سوریاوە هاتینەوە، لەسەر سنووری سوریا عێراق دەورمان بە پاسەوانی سنووری سوریا گیرا. پێی دەڵێن هەجانە، تەقەیەکی زۆریان لێکردین. پاش ئەوە گرتیانین و تۆزێک ئازاریشیان داین. به دەستبەستراوی بردیانین بۆ قامشلۆ. ڕیسەکەمان بووەوە بە خوری. هەرچیمان پێبوو گیرا. ئه و شەوە لە قامشلۆ لە بارەگای موخابەرات بە سجنی ماینەوە. بەڕاستی لە بیرم نییە کێی تریشمان لەگەڵ بوو. من و ئەبوولەیلا بووین، هەریەک بە جودا ئیفادەی خۆمان دا و خۆمان ناساند، کە ئێمە عێراقیین و سیاسیین. لەگەڵ دیمەشق قسەیان کرد. بۆ ڕۆژی دوایی ئازادیان کردین، خۆشیان تاکو سەر سنوور هێنایانین و دوایی پەڕیینەوە بەره و کوردستان، هەر بە پێ گەڕاینەوە بۆ بارەگای خۆمان له ناوکێلەکان.

کوژرانی ئەبووجەعفەر

دیاره کێشە لەناو حیزبدا هەبوو، ئەبووجەعفەر بە تاکڕەوی کاری دەکرد. وای لێهاتبوو بارەگاکەشی جودا بوو. لەناو خۆماندا ئەوەندە بە خراپی باس کرابوون، ئەگەرچی من هەر خەریکی هاتوچۆ بووم، بەڵام مێشکی پێشمەرگەکان پڕ بووبوو کە ئەمانە خائینن و لەم جۆرە شتانە. زیاتر کێشەکان لەسەر خوارووی عێراق بوو، کە ئەبووجەعفەر سەرپەرشتیی دەکرد. چەندین موخابەرات و جاسوسی تێخزابوو. ڕۆژێک لە کاتی ڕێککەوتنی یانزەی ئازاردا کە هاتوچۆ گەرم و بەردەوام بوو، پێشمەرگەکانی ناوکێلەکان ئەبووجەعفەر لەناو سەیارەیەک دەبینن. کوڕێک ناوی حسێن بوو لەگەڵ عەباس ناوێک هەردووکیان عەرەب بوون، دایدەگرن و دەیکوژن، بێئەوەی نە ئەبوولەیلا یان کەسێکی تر ئاگادار بێ، یان ئەمریان پێکرابێ. ئەوان بە کارێکی شۆڕشگێڕییان زانیووە. ئەم تەقەتەقەش له و کاتەدایە کە وەفدێکی حکومەتی عێراق هاتووە و لێپرسراوان لەگەڵیان دێنە خوارەوە تاکو ڕەوانەیان بکەن. ڕووداوێکی ناخۆش بوو، ئێمەش لە دارئەلسەلام بووین، ئاگامان لە هیچ نەبوو. کە وەفدەکە بە سەر کوژراوەکەدا دێن، پارتی حسێن دەکوژێ. ئیتر دوای ئەوە زانیمان شتی وەها ڕووی داوە. ئەمەش هۆیەکەی ئەوه بوو موسلیح خیانەتی کردبوو. کێشەکانی ناو حیزب زەقتر بووبوونەوە. هەندێک کەسی تریش لەگەڵیان ڕۆیشتبوون. ئەبووجەعفەریش وەک ئەوان نیازی ڕۆیشتنی هەبوو. ئیتر نازانم بۆ کوێ و نیازی چی بووه. ئه و ماوەیە لە لامان نەمابوو، چووبووە لای دەربەند و چۆمان. ئەمەش، بێجگە لە کوشتنەکە، کارێکی زۆر ناخۆش بوو. له و سنوورە حاکمیەت و دەسەڵات هی پارتی بوو، کوشتن هەر قبوڵ نەدەکرا، زۆر تووڕەیان دەکات. هەر لەبەر ئەوەش حسێنیان کوشتەوە.

خۆشمان دەمانزانی پارتی شتی وەها قبوڵ ناکات، ناحەقیشیان نەبوو. ئێمە لە بن دەسەڵاتی ئەوانداین. زۆر خراپە بە کەیفی خۆت خەڵک بکوژی. پاش چەند سەعاتێک هێزێکی پارتی لە هێزی گەڵاڵەوە هاتن بۆ دارئەلسەلام بۆ بارەگاکەمان، ئێمەیان هەموو سجن کرد. ئەبوولەیلا لەلامان نەبوو، شتێکی سەیر بوو، بەڵام چاوەڕوانکراو بوو. هەر کە ڕووداوەکە بوو، من نامەیەکم بۆ هاوڕێ فاروق مەلا مستەفا نووسی لە سلێمانی و تیایدا ڕووداوەکەم بۆ باس کرد. ئه و کاتە زاهیری برام لامان بوو، منداڵ بوو و جێگەی شک نەبوو. بە زاهیردا نامەکەم بۆ نارد. ئەبوولەیلایان بانگ کرد بۆ ناوپردان. ئه و هێزەش به سەرپەرشتیی حەسەن ناسر و مستەفا نیرویی لە هێزی باڵەک هاتن. ئیتر نازانم چەند کەسیان لەگەڵ بوو. بە هێمنی و حورمەتەوە گرتیانین. بۆ ڕۆژی دوایی ئەبوولەیلا هاتەوە. دیار بوو ڕووداوەکەی بۆ ڕوون کردبوونەوە. دەرگایان کردەوە و ئێمەیان بەردا.

پاش چەند ڕۆژی هاوڕێ فاروق هات و زاهیری برامی لەگەڵ بوو بۆ چاوساغی. ئەبووجەعفەر بە هیچ شێوەیەک حەقی کوشتنی نەبوو. ئه و هاوڕێیانە بە عەقڵی خۆیان ئەمەیان کردبوو، ئەمە ڕاستیی ڕووداوەکەی ئەبوجەعفەر بوو. کاروباری حیزب پێشکەوتن و گەشەکردنی نەبوو. لە دەوری خۆمان ئەخولاینەوە. دۆخەکەش وای کردبوو و یارمەتیدەر نەبوو.

چوونم بۆ بەغدا بۆ نەشتەرگەریی گەدە

ساڵی 1968 هەر لە یەکەم ڕۆژی کودەتای حیزبی بەعسەوه تووشی کێشەی گەدە بووم. چڵک و ئازار و ترشانی هەر بەردەوام بوو. زۆریش دەچوومە لای دکتۆر، بەتایبەت که لە سوریا بووم، ترسم نەبوو و بە ئازادی دەچووم بۆ لای دکتۆر. دکتۆرێک هەبوو ئێستاش ناوەکەیم لەبیرە، هاتوچۆم دەکرد. جێگەکەی له مەیدانی عەرنوس بوو، ناوی منذر الدقاق بوو. مامۆستای کۆلێژی پزیشکی بوو لە دیمەشق. کە لە سوریا دەبووم، دەچووم بۆ لای. پاش پشکنین دەرمانی بۆ دەنووسیم، لە کاغەزەکەی دەنووسی پاش پانزە ڕۆژ سەردانی دکتۆر بکەرەوە. ئیتر منیش ئەگەر لەوێ بوومایە، دەڕۆیشتم، لەوێش نەبوومایە ئەوە هیچ. ئه و ماوەیەی دەرمانەکانم بەکار دەهێنا، باش دەبووم، دوایی وام لێدەهاتەوە. ئیتر ساڵی 1973 زۆر خراپ بووم، چوومەوە بۆ سلێمانی. هەرچیم دەخوارد، ئەمهێنایەوە. دڵەکزێیەکی زۆرم هەبوو و ئازاری دەدام. دکتۆر عەدنان هەبوو لەسەر شەقامی پیرەمێرد لە نزیک خەستەخانەی سەرەوه. چوومە لای، وتی تۆ قورحە هەیە و دەبێ عەمەلیاتی بکەی. منیش بیرم کردەوە لە سلێمانی به هۆی حیزبایەتییەوه شتم زۆر لەسەرە. خوایە لە بەغدایش حوکمی ئیعدام هەیە بە غیابی لە زەمانی عەزیز ئەلحاج و بەغدا، دۆخێکی تایبەتیم هەیە. هێنام و بردم، وتم هەر بەغدا باشترە، کەس نامناسێ. بە کەسم نەوت. ڕۆیشتم بۆ بەغدا. دەفتەر خزمەتی سەربازیم پێبوو، به ناوی خۆمەوە نەبوو، لە پێشەوە باسم کرد هی کەسێکی تر بوو و دەستکاریم کردبوو. خوایە بچم بۆ لای کێ؟ ماڵی کاک جەباری پوورزام لە بەغدا بوو. کوڕی پووری دایکم بوو، چوومە ماڵیان. کاک عومەر عەلی قەساب لەوێ بەڵێندەر بوو و ئیشی بینای دەکرد. کاک جەباری پوورزاشم زاوای بوو و بۆم باس کرد. خوا لێیان خۆش بێ هەردووکیان نەماون. لە دارا تۆفیق نامەیەکی بۆ وەرگرتم بۆ دکتۆرێکی برادەری، ناوی یوسف مووسا محەمەد بوو. عیادەکەی لە مەیدانی نەسر بوو. چووم بۆ لای، برادەرێکم لەگەڵ بوو، ناوی جەمالی عەلی فائز بوو. دکتۆر یوسف پاڵی خستم فەحسی کردم. وتی تۆ قورحەتە و دەبێ عەمەلیاتی بکەی، هەروەها دوانزەگرێش. خۆی مامۆستای کۆلێژی پزیشکی بوو. وتی بچۆ بۆ خەستەخانەی کەرامە. لەوێ جێگە نییە، دەست بگرە بە سکتەوه و بڵێ ئازارم زۆره، با بتخەن. چیی پێوتم، وامکرد. تاکسییەکم گرت، جەمال لەگەڵمدا هات. له بەردەرگای خەستەخانە خۆم کرد بە مردوو لە تاو ئازار بۆ ئەوەی بمخەن. دەرزییان لێدام و خۆم چاک نەکردەوە، ها ئێستا یان کاتێکی تر ئەمرم. لەوێ خستیانم. بەیانی دکتۆر یوسف هات، لە هۆڵەکەی خۆی لێی بەرپرسیار بوو، ناسیمیەوه، بۆی نووسیم بۆ خوێن. لە بەردەرگای خەستەخانە دوو قاپ خوێنم کڕی یەکی بە سێ دینار. ئیتر ڕۆژی دوایی عەمەلیاتیان کردم. ئەوەی لام بوو جەمال سەفێ خوشکەزای کاک عومەری عەلی قەساب بوو، خزممان بوو، کە چاوم کردەوە لەلام بوو. دوایی زاهیری براشم لە سلێمانییەوە هات بۆ خەستەخانە بۆ لام. وامان کرد کەس نەزانێ. ئەگەر بەعس پێی بزانیمایە، کۆتایی بە ژیانم دەهات.

ماوەی هەشت ڕۆژ لە خەستەخانە بووم، دوایی چوومە ماڵی هەندێک لە خزمەکانی ترم. ماڵی کچێکی پوورم لەوێ بوو بە ناوی ئەمیرە. چوومە ماڵیان تاکو باش بووم و گەڕامەوە بۆ سلێمانی، بەڵام سەرکێشییەکی گەورە بوو. کەم کەس دەتوانێ ئەوە بکات.


وازهێنان لە حیزبی شیوعی قیادەی مەرکەزی

زۆر زەحمەتە کەسێک تەمەنی لاویێتیی خۆی تەرخان کردبێت بۆ حیزبێک، ئەوەی لە توانایدا بووبێ و بە زیادیشەوە لەپێناوی ئه و ئامانجە و داخوازیی چینی هەژاراندا هەرچی پێکرابێ، درێغی نەکردبێت. کەچی هەر خۆی واز بهێنێت. ئه و هاوڕێیانەشی کە کاریان لەگەڵ کردووم یان لە نزیکەوە ناسیویانم، شاهیدی دەدەن بۆ ڕاستیی ئەوەی لەم یادەوەرییەدا پێش وازهێنان نووسیومه. نامەوێ زۆر باسی خۆم یان هاوڕێکانم بکەم کە له و ڕێبازەدا ڕەنگە لە من زیاتریان کردبێ و شەهید بوون و گیانی خۆیان بەخت کرد. منیش چەندین جار لە لێواری مردن ڕزگارم بووە. هەر لەوەی لە شەڕە گەورەکەی هەندرێن گوللە لە سەری دام و ئێستاش پێوەی دەناڵێنم. یان لە بەغدا ئەگەر خۆم بەغیرەت نەبوومایە، ئەوەی تووشم هات لە گرتن و بە شەڕە دەمانچە دەرچووم و چەندین ڕووداوی تر. بەڵام نەک هەر خۆم، کەسوکارەکەشم هەمووی پێمانەوە موبتەلا بوون. تاکو ئه و ڕۆژەی بڕیاری وازهێنانم داوه، وەک ئەمڕۆ ڕووسوورم لەگەڵ ئه و هاوڕێیانەی بەجێیان دەهێڵم، ڕووسوورم لە بەردەم میللەتە کەمدا، کە هەمیشە لە سەنگەری گەلدا بووم.

پێش نەشتەرگەریی گەدەم و دوای ئەوەش ماوەیەک لە خولیای ئەوەدا بووم واو بهێنم، چونکی پاش ئەم هەموو ماندووبوون و قوڕبەسەرییەی دیوومانە، حیزبەکەمان گەشە ناکات، هەر لە جێگەی خۆیەتی و لەباتی پێشکەوتن بەره و دواوە دەڕوات. پاش ئەوەی لە بەغدا گەڕامەوە، لە سلێمانی لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکانم، ئەوانەی دەیان و سەدان شه و پێکەوە شەونخونیمان کێشا له پێناوی حیزبدا، کۆبوومەوە. ئەوانیش شیوعی بوون. زۆر بەیەکەوە ئیشمان کردووه، هاوڕێی خەباتم بوون، وەک شەهید ئەکرەمی پوورم و هی تریش. قسەمان زۆر کرد، کۆتاییەکەی ئەوە بوو من بڕیاری وازهێنانم دا لە حیزب. پێم وتن من دەچم بۆ لای سەرکردایەتی و لای هاوڕێ ئەبولەیلا لە دارئەلسەلام، کە بارەگاکەمان لەوێ بوو، پێیان دەڵێم واز دەهێنم. ئیتر ڕۆیشتم بۆ لایان. داوام کرد بەتایبەتی لەگەڵی دانیشم. لەگەڵ ئەبوولەیلا هەم بەینمان زۆر خۆش بوو هەم هەردووکمان وەک دوو هاوڕێ یەکترمان خۆش دەویست. سەدان شه و و ڕۆژمان پێکەوە کردووەتەوە، بە ئەمینی لەگەڵ خۆی و ماڵ و منداڵی لە سوریا شەونخونیمان کێشاوە. هاوڕێی چەندین جار سەفەری قەرەداغ و شوێنەکانی تری کوردستانم بووە، هەروەها هەموو جارەکان من لەگەڵی بووم لە سوریا و لوبنان. پاش ئەوەی قسەم بۆ کرد و ڕەئی خۆم دا. ئەوەی ڕاستی بێ، زۆرزۆری پێناخۆش بوو، زۆر قسەی بۆ کردم و هەوڵی لەگەڵ دام پەشیمان ببمەوه، کاک فاروق مەلا مستەفا شاهیدە. وتیان نابێت. وتم هاوڕێیانی بەڕێز وا حسابم بۆ بکەن ترساوم یان ترسنۆکم. ئەبولەیلا وتی دەزانین تۆ ترسنۆک نیت. بەڵام مادام هەر سووری، بڕیار لای خۆته. منیش ئەملاوئەولام ماچ کردن و خواحافیزیم لێکردن. لە حیزبی شیوعیدا وەک جیگای تر نییە. من دەمانچەیەکی حیزبم لابوو لێیان وەرنەگرتمەوە. ئەگەرچی ئەوەی هەشیانبوو ئەوەی لە سوریا وە هاتبوو هەر من هێنابووم، بەڵام تەربیەتی حیزبی شیوعی جیاوازە. سوپاسم کردن و خواحافیزم کرد.

چوونم بۆ گەڵاڵە بۆ لای کاک فەڕەنسۆ هەریری

کاک فەڕەنسۆم دەناسی، چونکی ئه و چەند ساڵەی تەمەنی پێشمەرگایەتیم لە سنووری هێزی باڵەک و لە گەڵاڵە بووە. چەندین جاریش بە ئیشی حیزب چووم بۆ لایان. لە مێشکی خۆمدا وتم دەچم ئاگاداریان دەکەم لە ئێستاوە ئیتر من شیوعی نیم و وازم لە حیزب هێناوە. وام دانابوو بڕۆم بۆ قەڵادزێ بۆ ماڵی باوکم دانیشم، کاروکاسبییەک بکەم. شاری قەڵادزەش ڕزگار کرابوو و بە دەستی پێشمەرگەوە بوو، کورد حوکمی دەکرد. کە چوومە لای، شەرحی حاڵی خۆم بۆ کرد، وتم من له و کاتەی هاتوومەتە لای تۆ، وازم هێناوه. مەبەستیشم ئەوە بوو له و سەردەمەدا هەرچی دەکرا، ئەگەر مۆری شیوعییە کانی پێوە بوایە، ناوی من و و چەند هاوڕێیەکی تریشی تێدا دەهات. من لە سوریا و لوبنان بووم شت ڕووی ئەدا، ناوی منیان دەهێنا. دەیانوت مستەفا چاوڕەش بووه. ئاگاشم لێنەبووە. ئەوەی ڕاستی بێت، کە من شەرحی حاڵی خۆم بۆ کرد، کاک فەڕەنسۆ هەریری زۆر ڕێزی گرتم. وتی باشە کاکه، لام باشە کاک مەسعود بارزانی ببینیت. منیش نەمویست قسەکەی بشکێنم وتم باشه. مەوعیدی بۆ وەرگرتم. له و کاتەدا کە من چووم، وتیان کاک مەسعود چووە بۆ ناوچەی بارزان و هەفتەیەک زیاتری پێدەچێ، لێره بە تاکو دەگەڕێتەوه. تاکو ئه و هاتەوە، کاک ئیدریس بارزانیشم بینی. ئەویش هەر هەمان قسەی پێوتم کاک مەسعود ببینم. ئه و ماوەیە تاکو هاتەوە، من لە دەربەندی ڕایات بووم لە چایخانەکەی مستەفا سلێمانی برای خوالێخۆشبوو ڕەشۆڵ. کە هاتەوە، چووم بۆ لای لە کوێستانەکانی حاجی هۆمەران. بارەگای بارزانی لەوێ بوو. بەره و پایز دەڕۆیشت. لەژێر چادرێکدا دانیشتبوو. شارەزا بووم، لە ساڵەکانی 1966 چەند جارێک چووبووم بۆ ئەوێ لەبەر بریندارییەکەم لە هەندرێن بۆ ئەوەی بمنێرن بۆ تاران. ئه و کاتەش کە من چووم بۆ لای کاک مەسعود، دۆخەکە ڕۆژبەڕۆژ بەره و ئاڵۆزی دەچوو لەگەڵ حیزبی شیوعیی عێراقی. ڕۆژنامەکانی هەردوولا لەسەر یەکیان دەنووسی. شیوعییە کان لەگەڵ بەعسییەکان لە بەرەیەکدا بوون. لە چەند جێگەیەک تووشی تێهەڵچوون بووبوون لەگەڵ یەک، له و کاتەشدا 12 شیوعی لە دەرەوەی وڵات لە دەورە دێنەوە. لە سنووری زاخۆ بێسەروشوێن کران. شیوعییە کان پارتییان تاوانبار دەکرد کە نەماون، لە سنووری عیسا سوار بوو. هاوڕێیەکی خۆم کەمال جەمال بە بەختیار ناسرابوو، ئەویش هەر له و سەردەمەدا چووبوو بۆ سوریا، لە ڕێگە بێسەروشوێن کرا و تا ئێستاش نادیارە، بە شەرتێ لەگەڵ حیزبی شیوعی نەمابوو، وازی هێنابوو.

چاوپێکەوتنی کاک مەسعود بارزانی

چووم بۆ لای کاک مەسعود، پاش بەخێرهاتن هەندێک قسەی بۆ کردم لەسەر دۆخەکە و سیاسەتی شەڕ و شیوعییە کان؛ ئیتر منیش دۆخی خۆم بۆ باس کرد. دیار بوو پێش خۆم کاک فەڕەنسۆ هەریری پێی وتووە و بۆی باس کردووە وازم هێناوه. ئەگینا ئه و منی باش نەدەناسی. لەبیرمە وتی کاکە من لەژێر ئەم چادرە دانیشتووم، کەسێک دێت دەمانچەیەکی بەدەستەوەیە و دەیەوێ بمکوژێ. دیارە من بەرگری لە خۆم دەکەم و هەرچیم پێبکرێ ئەیکەم. مەبەستی ئەوکات هەم ڕژێمی بەعس بوو هەم شیوعییە کان، کە وردەشەڕیان هەبوو. ماوەی زیاتر لە چارەکە سەعاتێک لای بووم، دوایی وتی نامەیەکت بۆ دەنووسم بۆ عەلی عەبدوڵڵا، کە ئەو کاتە پارێزگاری شاری سلێمانی بوو. لە نامەکەیدا نووسیبووی کە کوڕێکی باشه و سوود لە توانای وەربگرن، ناوبانگی باشە، وازی لە حیزبی شیوعی هێناوه. لە نامەکەدا نووسیبووی ڕەبتی بکەن بە هەڤاڵ محەمەد ڕەحیمەوە. ئه و نامەیەش دوایی کەوتبووە لای محەمەد ڕەحیم و لە کتێبەکەی محەمەدی حاجی مەحمووددا کە لەم ساڵانەی دواییدا دەریکردبوو، نامەکەی چاپ بووبوو. دیارە نامه و شتەکانی محەمەد ڕەحیم پاش کوژرانی کەوتووەتە لای کاک محەمەدی حاجی مەحموود، بەڵام مێژووەکەی بە هەڵە نووسیوە. نامەکە هی ساڵی 1973یە. سوپاسم کرد و هاتمه دەرەوە، خواحافیزیم کرد. ئیتر ویستم بڕۆمەوە بۆ سلێمانی، کاک فاتح حەمەڕەش لە فەوجی حدود بوو، ئامرفەوج بوو، سەیارەی پێبوو. لەگەڵی سوار بووم، لە ڕێگەی دۆڵی بالیسانەوە هاتینەوە بۆ سلێمانی. کاک فاتح ئه و کاته منی نەدەناسی. جیا بووینەوە و سوپاسم کرد.

چوونم بۆ لای کاک عەلی عەبدوڵڵا، پارێزگاری سلێمانی

ڕۆژی یەکەم لە ماڵەوە بووم. وتم چۆن بچم بۆ لای کاک عەلی عەبدوڵڵا، بیرم کردەوە بێستون مەلا عومەر برادەرمە و لەگەڵ محەمەد ڕەحیمە. تەلەفۆنم بۆ کاک بێستون مەلا عومەر کرد. قسەم لەگەڵ کرد و وتم نامەیەکی وام پێیە، ئەگەر بێیت بۆ لام. لەگەڵ کاک بێستون لە قۆناغەکانی ژیاندا هەر لە منداڵییەوە لە سەرەتایی پێکەوە بووین لە گەڕەک، هەروەها زۆر برادەری یەکتر بووین. برایەتیمان بەهێز بوو، من شیوعی و ئه و پارتی بوو لە هەموو تەمەنی خۆیدا.

دیدارەکەمان ڕێک خست. عەسرێک هات بەدوامدا، لەگەڵی چووم بۆ لقی 4ی پارتی دیموکراتی کوردستان. کە چووم، ئەم کەسانە لەوێ بوون: کاک عەبدوول سۆران، بەداخەوە به غەدر شەهید کرا. کەمال شێخ غەریب و کاک مەحموود مەلا عیزەت. هەرسێکیان نەماون و بە بەهەشت شادبن. تۆزێک دانیشتم، زۆر بەخێریان هێنام، دوایی کاک عەلی عەبدوڵڵا هات. دوای دەوام لە لقی چوار دەوامی دەکرد. لێپرسراوی یەکەم بوو. چوومە ژوورەوە بۆ لای کاک عەلی، زۆر ڕێزی گرتم، چایەکی بۆ بانگ کردم و هەندێک قسەی بۆ کردم. نامەکەم دایە دەستی و خوێندییەوه. زۆر قسەی باشی کرد؛ وتی کاکە لەبەر ئەوەی خۆت دەزانی من پارێزگاری سلێمانیم، کارم زۆرە و سەرم قاڵه، لەگەڵ کاک محەمەد ڕەحیم یەک ببینن و پەیوەندیتان هەبێ. نامەکەی کاک مەسعوودی جێبەجێ کرد.

لەگەڵ کاک محەمەد ڕەحیمدا

لام باشە بگەڕێمەوە بۆ ساڵەکانی (1962 – 1963) بەدواوه. من لە ناوەندیی شۆڕش بووم. ئه و کاتە شیوعی بووم و ئیشی حیزبم دەکرد، لە ناوەندی شۆڕش بەرپرس بووم. ڕۆژگار شتێکی تره و گۆڕان بەردەوامە. ئه و کاتە من بەرپرسی محەمەد ڕەحیم بووم، ئەویش شیوعی بوو و لای من بوو. ئێستا ئەندامی لقی 4ی پارتییە و لێپرسراوی پاراستنه. بێستون مەلا عومەر سایەقی ئەوە، جێبەکەی بۆ لێدەخوڕێ. ئه و کاتەش ئۆتۆمبێل کەم بوو، کەم لێپرسراو هەیبوو. جێبێکی کورت لاندرۆڤەر بوو. ئەوەی سەیارەی بوایە، بەغیلیان پێدەبرد. لەسەر قسەی کاک عەلی عەبدوڵڵا لەگەڵ محەمەد ڕەحیم یەکمان بینی. دیار بوو کاک عەلی ناوەڕۆکی نامەکەی پێوتبوو. لەم ساڵانەی دواییشدا دەرکەوت هەر نامەکەشی داوەتێ، لای ئەو بوو. خوا هەڵناگرێ ئەویش زۆری پێخۆش بوو. ئه و ماوەیەی لە سلێمانی بووم، بۆ زۆر جێگە لەگەڵ خۆی سواری دەکردم لە پێشەوە. بە تیرێ دوو نیشانی دەپێکا، یەکێکیان وەک وەفایەک بۆ ڕابوردووی برادەری و لە ڕابوردوودا من بەرپرسی ئه و بووم لە گەنجێتی و خوێندکاریدا، دووەم نیشانی خەڵکی سلێمانیی دەدام کە من وازم لە حیزبی شیوعی هێناوه. ئەمەش ماوەیەکی خایاند. دۆخەکەش هەر بەره و شەڕ و ناخۆشی دەچێت، ڕۆژانە لەگەڵ حکومەت گرژی دروست دەبێ.

وتیان لە چوارتا بارەگایەک دەکەینەوە. مادام ئیشت نییە، تۆ بچۆ بۆ ئەوێ و لێپرسراوی بە. وتم باشه. خۆشم حەزم دەکرد لە بەرچاو نەبم، چونکی شتم لەسەر بوو. ئه و نامەیەی کاک مەسعود بارزانی بۆ عەلی عەبدوڵڵا هەر زۆرزۆر مەبەستمە و بۆ من باش بوو، چونکی کەس ناتوانێ لە ڕووی میرییەوە کێشەم بۆ دروست بکات لە خەباتی ڕابوردوومدا. ئه و شتانەی لەسەرم بوون، به هۆی حیزبی شیوعییە وە بوو.

بارەگای چوارتا

بینایەکمان بۆ ئەم بارەگایە بەکرێ گرت و وردەوردە دامانمەزراند. من خۆم لەوێ بووم. لە پێشەوە چەند پێشمەرگەیەکی کەم بووین، لە دە کەس تێپەڕی نەدەکرد. ماڵی کاک حسێن بوو لە چوارتا. ئه و کاتە قایمقامی چوارتا کاک لەتیف حاجی ساڵح بوو. لێپرسراوی ناوچەی چوارتا کاک عەلی ماردین بوو، خزمی هەڤاڵ محەمەد ڕەحیم بوو. خانووەکەش دوو نهۆم بوو، ژێرەوەی دوو ژوور بوو. لەبەر ئەوەی شارەکان بارەگا و پێشمەرگەی تێدا بوو، چۆڵ بوو، منیش لە هەفتەیەکدا دووجار دەڕۆیشتمەوە بۆ سلێمانی. ئیشێکی ئەوتۆی تێدا نەبوو. ژوورێکی تێدا بوو بۆ مەکتەب. کاک جەمال قاسم ناوبەناو دەهات. ئەویش لەگەڵ محەمەد ڕەحیم کاری پاراستنی دەکرد، جێگری بوو. ئەم هاتوچۆیەش بەردەوام بوو.

ڕۆژیکیان هەینی بوو، لەسەر شەقامی مەولەوی چاوم بە کاک بەکری حاجی فەرەج و بێستون مەلا عومەر کەوت. پاش چاکوچۆنی وتیان ئیشمان هەیە، ئەمرمان پێکراوه و دەچین کەسێک دەگرین. من نەمدەزانی کێیە، وتم منیش ئیشم نییە، لەگەڵتان دێم. لە ڕووی هاوڕێیەتییەوە وام وت. وتیان نابێ کەس بزانێ، وایان باس کرد.

سواری جێبەکەی محەمەد ڕەحیم بووین. ڕۆیشتین و لە تەیناڵ تێپەڕیین. وتیان دەچین بۆ دێی هەیاسی. دوو هەیاسی هەیه، سەروو و خواروو. کە چووینە ئەوێ، ئەوان ناوەکەیان دەزانی. لەوێ وتیان ڕۆیشتووەتەوە بۆ سلێمانی. ئیتر ئێمەش گەڕاینەوە. پێش ئەوەی بگەینە تەیناڵ، لە ڕێگە چەند کەسێک بە پێ بەره و تەیناڵ دەڕۆیشتنەوە. دیار بوو بەکری حاجی فەرەج و بێستون دەیانزانی کێیە. کە پێیان گەیشتین، سڵاومان کرد. بە عومەری سەید عەلییان وت سەرکەوە لەگەڵمان. من تاکو ئه و کاتەش و دوای ئەوەش نەمزانی کێیە. بردمان بۆ سوورداش بۆ لای هێزی ڕزگاری. ڕەئیس عەبدوڵڵا ئامرهێز بوو. بەکری حاجی فەرەج دەستی کردە ملی و سەرکەوت، چونکی پێی وترابوو نابێ کەس بزانێ. ئێمە گەڕاینەوە سلێمانی. وتیان بڕۆن بیهێنن بۆ چوارتا. من خۆشم لێپرسراوی بارەگاکەی چوارتا بووم. گەڕاینەوە، چووینە سوورداش. لە سجن دانرابوو. لە بیرمە ملازم سەردار دەلەوی لەوێ بوو. هەر ئه و شەوە هێنامان بۆ چوارتا. تاکو ئه و ساتە عومەری سەید عەلیم نەناسیووە چییه و کێیە، لەبەر هاوڕێیەتی لەگەڵیان چووم. ئیتر من هاتمە دەرەوە، لای ژوورەکەی جەمال قاسم وەستابووم. وتی نازانم بۆچی منیان هێناوە، جەمال قاسم وتی غێر مارکسییەتەکە. کە وای وت، من لام سەیر بوو، چونکی وتیان خەتەره و پیاوی حکومەتە. ئەمە مانای چی؟ ئیتر کە هاتە دەرەوه، من خۆم قسەم لەگەڵ کرد وتم بۆچی تۆ لەسەر مارکسییەت گیراوی؟ وتی بەڵێ. وتم گوێ مەدەرێ من خۆم هەمووی مانگێک دەبێ لە حیزبێکی مارکسی وازم هێناوه. یانی چی خەڵکی مارکسی بگرم؟ ئیتر نازانم چییان لێپرسیووە و چیی وەڵام داوەتەوە. وتم گوێ مەدەرێ، من براتم لێرە.

زیندانیکردنی عومەر سەید عەلی

لە کۆمەڵگای کوردیدا هەر کەسێک کە دەگیرێ، حسابی بەندی بۆ دەکرێ. ئەویش کە لە ژوورەوە بوو، نە من ئەوم دەناسی نە ئەویش منی دەناسی؛ خۆی ماوە لە ژیان. من زۆر هاوکاریم کرد ئه و چەند ڕۆژه: 1- کتێبێکم بۆ بردە ژوورەوە عشرة أیام هزة العالم کە ئەمە مەگەر هەر لای مارکسییەکان و شیوعییە کان دەست بکەوێت، لە بارەگای پاراستن شتی وا هەر نییە، هەشبێت بۆ زیندانی نییە. 2- نامەیەکم لێوەرگرت بۆ شێخ حامد کە خزمی بوو، بە دزییەوە ناردم بۆ ئەوەی بزانن گیراوه. هەر ئەوەش وایکرد زوو بەریان دا. 3- نەمهێشت لە زیندان ئیشی پێبکەن، ئیش هەر بە زیندانی دەکرێ. له و سەردەمەشدا چەند کەسێکی تر گیرابوون. وتیان ڕەوانەی بارەگای بارزانییان دەکەن. ئەمیشیان هێنا وامزانی ڕەوانەی سەرەوەی دەکەن. بە دزییەوه سێ دیناری ئه و کاتەم دایە. وتم نەک پارەی پێنەبێ. کاک عومەر ئێستا دەڵێت دینارێک بووه. ئەگەر دینارێک بێت یان زیاتر و کەمتر، مەبدەئی کارەکە حەق حسابی بکات. هەرچەند بێ، ئەو کاتە زۆر بووە. خۆشمان له و سەردەمەدا ڕەنگە چەند دینارێکمان پێبووبێ. کە هێنایانن، سواری سەیارەکەی یەکێتیی جوتیارانیان کردن، ئەمیان بەره و سلێمانی بردەوە. ئەوانی تریش ڕەوانەی سەرەوە کران بەره و گەڵاڵە و حاجی هۆمەران و ناوپردان. ئەوانیش حەمەی حەمە تالیب و ئەحمەدی برای بوون. ئەمان کە گیرابوون، فێلیان لێکردبوون. پێیان وتبوون وەرن کاک شەکیب عەقراوی ببینن، کاک عەبدوڵڵا مەلا ساڵح خزمیان بوو، فێڵیان لەویش کردبوو. کاک عەبدوڵڵا ویستبووی وەک کوردێکی دڵسۆز خزمەت بکات، کەوتبووە بەینەوە لە حکومەتیان دوور بخاتەوە و خزمەت بە شۆڕش بکەن. وەعدیان دابوویه، بەڵام دوایی وا دەرنەچوو. هەر ئه و شەوە کاک عەبدوڵڵا زۆر هەوڵی دا، وتی نامەردیتان لەگەڵ کردووم. قسەی زۆری کرد، حەقیشی بوو. بەڵام گوێیان لێنەگرت. ئەمە هەمووی محەمەد ڕەحیم کردبووی. غەدریان لێکرا، هەرچەند کاک عەبدوڵڵا وتی عەیبه و نامەردییە و بۆ من ناخۆشه، بەڵام ئەوان نەیانبیست.

هاتنە دەرەوەی کۆمەڵێک ئەفسەری کورد

دۆخی شۆڕش و حکومەتی بەعس ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە گرژی بوو، ئێمەش بارەگاکەمان هەر لە چوارتایە. ئەم ئەفسەرانە ئەندامانی پارتی بوون و لە سوپای عێراقدا بوون. خەڵکی تێکۆشەر بوون، لە ڕێکخستنی پارتیدا ئیشیان دەکرد. هەمووی چەند ساڵێک بوو ئەفسەر بوون. لەسەر داوای خۆیان هاتنە دەرەوە بۆ ئەوەی خزمەت بە پێشمەرگە بکەن. هاتنە لامان لە بارەگای چوارتا. لای ئێمەش چەند ڕۆژێک مانەوە، دوایی چوون بۆ بارەگای مەکتەبی سەربازی له ناوپردان. ئەوانەی لە یادم بێ هاتنە لامان: 1- شەهید ستار سەعید خەلەف. 2- شێرکۆی عەبدوڵڵا دەروێش. 3- ملازم مەنسوور حەفید و کەسانی تریش. دوایی بەسەر هێزی پێشمەرگەدا دابەشیان کردن.

بارەگاکەمان چوو بۆ پێنجوین

ڕۆژبەڕۆژ دۆخەکە خراپتر دەبوو. بۆنی دەستپێکردنەوەی شەڕ دەهات. خەڵکی دەترسان و خۆیان ئامادە کردبوو بێنە دەرەوە بۆ ئەوەی حکومەت نەیانگرێ. ئێمەش وتیان دەگوێزینەوە بۆ پێنجوێن. هێشتا هەر لە چوارتا مابووین. سەدان خەڵکی سلێمانی و جێگەکانی تریش هاتنە دەرەوه. قەرەباڵغییەکی بێشومار ڕوویان کردە دەرەوه. دکتۆر مەحموود عوسمان لە ڕادیۆی کوردستان قسەی کرد و ڕوحیەتی خەڵکی بەرز کردەوە. لە قسەکانیدا وتی حکومەت بە هەرچییەک لێمان بدات، ئێمەش هەمان شت بەکار دەهێنین. ئەوەش لەسەر وەعدی ئێران. زۆر قسەی کرد بۆ بەرزکردنەوەی ورەی خەڵکی. هەموو شوێنەکان پڕ بووبوون لە خەڵک، جێگەوڕێگە نەمابوو. خەڵکی کوردستان شۆڕشیان بە هی خۆیان دەزانی. هەموو چین و توێژەکان لە دەرەوە بوون. کرێکار: دکتۆر، ئەندازیار، مامۆستا، کاسبکار... شاری سلێمانی چۆڵ بوو. هەر له و کاتەدا پۆلیسی سلێمانی هەمووی هاتە دەرەوه، سجنی سلێمانیشیان هێنا و شکاندیان. هەرچیی تێدا بوو، ئازاد کران. ئەمەش هەر ڕووی لە زیادبوون بوو. شارەکانی تریش هەروەها، لە دەرەوەش ئیدارەکانیان ڕێک خست. پارێزگا دروست کرا و هەر دائیرە یەکیش لە کەپر و بنداراندا جێگەیان بۆ خۆیان کردەوە. پارێزگاری سلێمانی خوالێخۆشبوو شەفیق ئاغا بوو.

محەمەد ڕەحیم و جەمال قاسم لە بارەگای پێنجوین بوون. بارەگاکە لە تەکیەی شیخ محەمەد شێخ عەبدولکەریمدا بوو. چەندین بارەگای تریشی لێبوو. هێزی خەباتی لێبوو و شەهید فەتاح ئاغا ئامرهێز بوو. کە شەڕیش دەستی پێکردەوە، هەموو ناوچەکانی گرتەوە. شەڕ گەرم بوو، بەتایبەت لە ناوچەی گەڵاڵە و ڕواندز و ناوچەکانی تریش. بەڵام لەبەر ئەوەی سەرکردایەتیی شۆڕش و بارەگای بارزانی لە حەوزی ڕواندز بوو، حکومەتی عێراق هەوڵی ئەوێی دەدا. لەبەر ئەمەش هێز لە جەبهەکانی ترەوە دەچوون بۆ پشتیوانیی هێزی باڵەک و ڕواندز بۆ پشتیوانی. هێزەکانی خەبات و ئەزمڕ هەر جارەی چەند لقێکیان بە ناو خاکی ئێراندا بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئێرانی دەنارد. بە نۆرەش پاش مانگێ، زیاتر یان کەمتر، ئاڵوگۆڕیان پێدەکرا. ئه و لقەی ئێمەش کە لە پێنجوین بووین، لەگەڵ هێزی خەبات ڕۆیشتین. لە پێنجوێنەوە بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئێرانی لە مەریوانەوە بۆ مەهاباد ڕۆشتین و شه و ماینەوه. دوایی بۆ خانێ و لەوێشەوە بۆ حاجی هۆمەران، لەوێشەوە دابەش دەکراین. شەڕ لە زۆزک و سەتیز و جەبهەکانی تریش گەرم بوو. زەختی زۆر لەسەر جادەی هاملتۆن بوو، بە گەیشتنمان ڕەوانەی زۆزکیان کردین.

لە سەنگەرەکانی زۆزکدا

به شه و گەیشتینە سەر شاخی زۆزک. شەوەکەی تۆپباران بەردەوام بوو. هەموومان له و شاخە نەشارەزا بووین. کە ڕۆژ بووەوە، چووین بۆ نزیک سەنگەرەکانی بەرامبەر دوژمن بۆ گۆڕینی هێزی ئەزمڕ، کە هی پۆلیس بوو. هەر لە کۆسپی سپییە وە دابەزین و بە پێ سەرکەوتین بۆ سەر شاخی زۆزک. ڕەنگە من وەک ناوچە لە هەموویان شارەزاتر بووبم، لەبەر ئەوەی تەمەنی پێشمەرگایەتیم لە سنووری ڕواندز تەواو کردووە و شارەزای شاخی هەندرێنم. ئه و تۆپبارانەی ئه و شەوە بینیم، شتێکی سەیر بوو. ڕۆژمان لێبووەوە. ئیتر ڕۆیشتین بۆ گۆڕینی ئەو هێزەی لەوێیه. له کاتی گۆڕینی هێزەکاندا تۆپباران مۆڵەتی نەدەداین، لە دەوروپشتی دەداین. ڕەنگە چەند مەترێک لێمانەوە دوور بووبن. له و کاتەی تۆپبارانەدا ئه و هێزەی ویستمان بیانگۆڕین، هێزەکەی شەهید قادری حەمەساڵح تاوەگۆزی بوو. هەر لە بەردەماندا پارچەکانی تۆپێک لە لەتیف عەبدوڵڵا مارفی دا، یەکسەر قاچی پەڕاند، بە سەختی بریندار بوو. ئیشتاش ماوە و خۆی شاهیده. قاچی بۆ دروست کراوە. هەر لەم لامانەوە تەرمی ملازم محەمەد حاجی ئەحمەدیان هێنایەوە کە بە حاجی ئەحمەدی سەروپێ مەشهوورە، شەهید بوو. لەگەڵ بێستون مەلا عومەر پێکەوە هاتبووین. هێشتا چاومان نەکردبووەوە زیانێکی زۆرمان کرد، لامان قورس بوو، ترسیش لەولاوە وەستابێ. ئەوەی بۆمان کرا، ڕەوانەکردنی بریندارەکان و شەهیدەکان بوو له ڕێگەی ئێرانەوە بۆ کەسوکاریان لە سلێمانی.

زاهیری برام لەبەر من هاتبوو، منداڵ بوو. بانگم کرد و پێم وت لەگەڵ بێستون مەلا عومەر و تەرمی شەهید محەمەد بڕواتەوه. ئەوان ڕۆیشتن و زاهیریش تاکو مەریوان لەگەڵیان چووبوو، کاتێکم زانی زاهیر پەیدا بووەوە. ئینسانێکی بەغیرەت بوو. بۆ حەق و ویژدان، هێزەکانی سلێمانی و گەرمیان بۆ جەبهەکانی ڕواندز درێغییان نەکرد، ڕۆژ نەبوو چەندین پێشمەرگەی قارەمان له و پێناوەدا شەهید نەبێ. ئێرانیش تۆپبارانی جەبهەکانی حکومەتی عێراقی بۆ دەکردین، لە چەند جێگەیەک تۆپیان دابەستبوو.

پاش ماوەیەک ئێمەیان گۆڕی. هاتینە خوارەوە بۆ ئەوەی پشوویەک بدەین، بەڵام هەر لە سنووری باڵەکایەتی لە دەوری دەربەند و چۆمان له ناو چنارەکاندا بۆ پشوودان ماینەوە. بۆ جارێکی تر ناردینیانەوە بۆ جەبهه. ئەمجارەیان بۆ جەبهەی گەرووی هۆمەرئاغا لە دامێنی شاخی زۆزک، دەکەوێتە پشتی شارۆچکەی دیانا، کە ئێستا بووە بە سۆران. کە گەیشتینە جەبهەکە، بە شانێکی شاخەکەدا دابەش بووین و لە تەنیشتمانەوە تۆپی 106ی لەسەر جێب لێبوو. هەندیک لە ئەفسەرە کوردەکان سەرپەرشتییان دەکرد. یەکێک لەوانە ملازم مەحموود ئەحمەد کەریم بوو و لە ئەسڵدا خەڵکی ئابڵاخ بوو. ئەمە لە مانگی تشرینی یەکەمدا بوو. چەند شه و و ڕۆژ لەوێ بووین بۆ ئەوەی نەک میری و سەربازەکانی لەوێوە دزە بکەن و پشتی جەبهەکان بگرن. هەموو ڕۆژێک تۆپبارانمان لەسەر بوو، چاڵمان هەڵکەندبوو.

ئێوارەی ڕۆژی 21/10/1974 حکومەت وەک هەموو ڕۆژانی تر کەوتە تۆپبارانی سەنگەرەکانمان. ئێمەش هەموومان دامەزراین و بووین بە چەند بەشێکەوه. به درێژایی سەنگەرەکان تۆپەکان دووکەڵێکی سپیی له بەردەممان دروست کرد، وتمان نەک دوژمن لەژێر تاریکیی ئەم دووکەڵەدا هێرش بهێنێت. تۆپبارانەکە زۆر بوو، پاش ماوەیەک له لای ڕاستەوە گڕ بەرز بووەوه. سی مەترێک لە منەوە دوور بوو. ئیتر من ڕام کرد بۆ جێگەی ئاگرەکە، تەماشام کرد سێ پێشمەرگەمان کە لە سەنگەرەکەدا بوون، دوانیان بەرکەوتوون. زاهیری برام و مەحموود ڕەشید کاک نەبەز، بەڵام یاسین مەلا عیزەت بریندار نەبووبوو. زاهیر هاواری کرد وتی کاکە منم بمکوژێنەوە. ئیتر هەموو ئەوانەی لەوێ بووین، خەریکیان بووین. گڕیان لێ هەڵئەسا. ئه و مەتارە ئاوانەی پێمان بوون، پێماندا کردن، کەچی لەباتی کوژانەوە، زیاتر دەگەشایەوە. دوای ئەوە زیاتر وەک پشکۆی ئاگر دەگەشایەوە. ئاویش سوودی نەبوو. واماندەزانی بە ئاو دەکوژێتەوە. پاشان زانیمان ئاو هەر زۆر خراپە و پێی دەگەشایەوە.

لە جەبهە دکتۆری لێنەبوو. برینپێچێک لەگەڵماندا بوو، ناوی عەلی مەلا عەزیز بوو و برادەرم بوو، شوکر ماوە. هەرچیی کرد هیچ سوودی نەبوو. هەتا عەلی توڕە بوو و قسەی زۆری کرد لەبەر کەم ئیهتمامی بە جەبهەکە و نەبوونی دکتۆر.

تاریکی کرد و شەوی بەسەردا هات. ئه و جەبهەیە سەیارەیەکی لێ نییە بریندارەکانی پێ بگوێزینەوە بۆ ئه و کارەساتەی بە سەرمان هاتووە. ملازم مەحموود کە لێپرسراوی تۆپی (106)ی سەر جێبەکان بوو، تۆپەکانی لێکردەوە و دایگرت. نەبەز و زاهیری برامی خستە سەر جێبەکە بۆ ناوپردان. بەینی ئێمە و ناوپردان چەند سەعاتێکە تاکو بگەینە دکتۆر لە ناوپردان. سەیارەکە سەری بەتاڵ بوو هەوا لێی دابوون.

هەندێک زانیاری لەسەر بۆمبی فسفۆڕ:

1- باشترین شت ئەوەیە هەوای لێببڕی و نەهێڵیت هەوا لێی بدات.

2- ئاوی پێدا نەکەیت.

3- بەتانی تێوە پێچیت و هەوا لێی نەدات.

4- خۆڵی پێدا بکەی بۆ ئەوەی هەوای لێ تەر ک بکەیت.

لە خەستەخانە ئەم زانیارییانەیان پێوتین. لەناو ئەم جێبە سەر بەتاڵەدا دوو سەعات زیاتر هەوای خێرای سەر سەیارە لێی داون. تاکو گەیشتینە خەستەخانە لە کەوەرتیان به و ئازار و هاوارەوە، ئەوەندەی تر وێران بووبوون. خراپترین شت ئەوە بوو بە هەوا و ئاو وەک خەڵووز دەگەشانەوە.

لە خەستەخانەی کەوەرتیان له لای دکتۆر خورشید هەندێک پاککردنەوە و دەرمان کران، ڕەوانەیان کردین بۆ خەستەخانەی خانێ لە ئێران. لەوێش بە گەیشتنمان دکتۆرەکان هاتنە سەرمان. دکتۆرێکی لێبوو خەڵکی سلێمانی بوو، برادەرمان بوو، دکتۆر ئەسفەندیار ئەحمەد شوکری، دکتۆری شۆڕش بوو خزمەتێکی زۆر باشی کردین. ماوەی چەند هەفتەیەک لەوێ بووین لەگەڵ زاهیری برام و مەحموود ڕەشید (نەبەز). سووتانی زاهیری برام سنووری نەبوو. دەموچاوی، دەستی، قا چەکانی، جێگەی ساغی نەمابوو، هەمووی بە فسفۆر سووتابوو. بڕوا بکەن پاش هەفتەیەک لە خەستەخانە کە گڵۆپەکانیان دەکوژاندەوە لە هەندێک جێگەی لەشیدا وەک گڵۆپ فسفۆڕ دەسووتا، بەتایبەت دووکەڵ لە گوێچکەی دەهات. ئەم حاڵەتە زۆر ناخۆش بوو، چارەش نەبوو.

بەڕێوەبەر و کارمەندەکانی و سستەرەکانی خەستەخانەکەی خانێ هەموویان تورک و فارس بوون. حاڵەتی ئێمە ئەوەندە دیار بوو، هەموویان دەهاتن بۆ لامان. زۆر باش بوون لەگەڵمان، بەزەییان پێماندا دەهاتەوه. لەلایەکی تریشەوە خزم و دۆست و برادەران دەهاتن بۆ لامان بۆ نەخۆشخانە. هەموو کات دوو کەسمان لابوو، یەکێکیان نیهاد مەحموود زۆر برادەرم بوو، بەداخەوە لەم ساڵانەدا وەفاتی کرد، هەروەها ئەحمەد برای کاک نەبەز.

ڕۆژانە برینپێچێکی کورد دەهات بۆ لامان، برینپێچی شۆڕش بوو و لەوێ ئیشی دەکرد. خەڵکی بادینان بوو. پیاوێکی زۆر باش بوو، ناوی کاک ئەحمەد بوو. ماوەی چەندین سەعات برینەکانی زاهیری دەرمان دەکرد. بڕوا بکەن بە دوو سەعات تەواو نەدەبوو. هەندێک جێگەی برینەکانی ڕزیبوو، دەبوایە بە مقەست بیبڕێ. زاهیر ئەوەندە ئازاری هەبوو، بە کاک ئەحمەدی دەوت جگەرەیەکی بدەنێ بۆ ئەوەی تۆزێک لە پێست بڕین نەجاتی بێت و هەناسەیەک بدات لەتاو ئازار. ماوەیەک لەوێ ماینەوه، زاهیریان ڕەوانەی تاران کرد و منیش لەگەڵی ڕۆیشتم بۆ تاران.

تاران و خەستەخانەی501ی ئەرتەش

گەیشتینە ئەوێ. خەستەخانەکە عەسکەری بوو و کەس نەیدەتوانی شه و لەوێ بمێنێتەوە. منیش ڕۆژانە لە بەیانییەوە دەڕۆیشتم بۆ لای تاکو ئێوارێ. دوایی دەگەڕامەوە بۆ ئوتێل سەنتڕاڵ له شەقامی لالەزاری نۆ، لەسەر حسابی ئێران بوو. ڕۆژێکیان زاهیریان بردە ژوورەوە بۆ شتن و پاککردنەوە، کە هێنایانەوە، وتی گوێچکەیەکم لێبووەتەوە. ڕزیبوو، چونکی فسفۆرەکە هەمووی ڕزاندبوو و سووتاندبووی. ئیتر دڵخۆشیم دایەوە وتم لە دەرەوەی وڵات گوێچکە دروست دەکرێ، خەمت نەبێ.

ئه و ماوەیەی زاهیر لە خەستەخانە بوو، ماڵی کاک سەرداری حەمەی عەبدولڕەحمان ئاغا لە تاران بوون، زۆر خزمەتیان کردین. جارجارە سایە خانی خێزانی خواردنی تایبەتی دروست دەکرد و دەیانهێنا بۆمان. لەگەڵ سایە خزمایەتیمان هەیە، هەروەها سیروانی براشی لەوێ بوو. کاک نیهادی خاڵی وەک برام زیاتریش بوو، لەوێ بوون. هەتا ماوین لە بیرمان ناچێتەوە. له و ڕۆژگارەدا کە لە شارێکی وەک تاران لە خەستەخانە بووین، پاش ئەوەی لەوێ هەوڵێکی باشیان بۆ دا لە خەستەخانەی 501 ی ئەرتەش، دیار بوو چارەسەری زۆرتری ئەویست. وتیان دەینێرین بۆ بەریتانیا.

ناردنی زاهیری برام بۆ بەریتانیا

ئاشکرا بوو حکومەتی عێراقی بۆمبی فسفۆری بەکار هێناوه، کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا قەدەغەیە. وڵاتان لە ڕادیۆکانیان باسیان دەکرد کە دژی مرۆڤایەتییه. ڕۆژنامەکان لەسەریان نووسی، زاهیریش برینەکەی زۆر کاریگەر بوو. دیار بوو لە دوو ڕووەوە ناردنەکەی قازانجی بۆ کورد هەبوو. یەکەم بۆ ئەوەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بزانن حکومەتی عێراق چەند دڕەندە و بێڕەحمە و دژی مرۆڤایەتییه، زاهیریش نمونەیەکی دیارە. دووەم زاهیر چارەسەری باشتری بۆ دەکرێ. شۆڕشیش پێی باش بوو زاهیر بنێرنە دەرەوە، چونکە وەک ڕیکلامێک بوو بۆی.

لەسەر بڕیاری بارەگای بارزانی ئەوەی پێویست بوو، بۆیان جێبەجێ کرد و حازریان کرد بۆ سەفەری دەرەوە بۆ بەریتانیا. بۆ ڕۆحییەتی پێشمەرگەش باش بوو. ئەگەر پێشمەرگە وای بەسەر بێت، خاوەنی هەیە بۆ چارەسەرکردن. من و خوالێخۆشبوو نیهاد بەرەبەیان زوو لەگەڵی چووین تاکو فڕۆکەخانەی میهرئاباد لە تاران و بەڕێمان کرد. ئەملاوئەولایمان ماچ کرد.

گەڕانەوەم بۆ پێنجوێن

لەبەر بارەگاکەمان لە پێنجوێن بوو، گەڕامەوە بۆ ئەوێ. ماوەیەکی کورت لەوێ بووم، مانگێک تێپەڕی نەکرد. ئیتر دەنگ بڵاو بووەوە کە لە جەزائیر ڕێککەوتنی جەزائیر لە نێوان سەدام حسێن و شای ئێراندا مۆر کراوە. به هۆی هاواری بومدین کە ئەوکات سەرۆک کۆماری جەزائیر بوو و لە نێواندا بوو، لەسەر چارەنووسی شۆڕشی کورد پێک هاتبوون. ڕادیۆکان باسیان دەکرد. هەموو خەڵکی و پێشمەرگە ڕۆژانی یەکەم لایان قورس نەبوو، چونکی کەس بڕوای نەدەکرد شۆڕشێک بەم گەورەییە و خاوەن هەزاران هەزار پێشمەرگەی گیان لەسەردەست وای بەسەر بێت. من چووم بۆ چۆمان و ناوپردان بۆ ئەوەی ڕاستییە کان بزانم، ئەوێ نزیکترین جێگە بوو بۆ ئەوەی هەواڵەکان زووتر بزانین، چونکە نزیکی سەرکردایەتیی کورده. ئیتر هەموو بەیەکدا دەهاتین، ئه و هاوڕێیانەی یەکترمان دەناسی، دەتوت خۆڵودۆ کراوە بەسەرماندا. نەک هەر ئێمه، بۆ هەموو کورد، ئەوەی تەنانەت لە شارەکانیشدا بوو، زۆر قورس بوو بۆی. جێگەی بڕواکردن نەبوو، هەموو ئه و خەڵکانەی لە فرۆشگا و ئۆردوگا و بازاڕدا بوون، نەیاندەزانی چ بڕیارێک بدەن.

لە ڕادیۆکانی دەرەوە هەر باس باسی ڕێککەوتنی جەزائیر بوو. له و کاتەشدا جەنابی بارزانی بانگ کرابوو بۆ تاران بۆ ئەوەی بڕیارەکەی پێڕابگەیەنن. دکتۆر مەحموود عوسمان و وابزانم کاک موحسین دزەییشی لەگەڵ بوو. پاش چەند ڕۆژێ گەڕانەوە. ڕاگەیەندرا کە شۆڕش تەواو بووه: 1- کێ دەچێت بۆ ئۆردوگا، ئێران دەرگای کردووەتەوە. 2- کێ دەڕواتەوە بۆ عێراق ئازادە. هەریەکەش ئازادە و بڕیار لای خۆیەتی. بێجگە لەوەی شۆڕش تەواو بوو، هەموو چارەنووسمان دیار نییە. من چارەنووسی زاهیری براشم له و کاتەوەی بردوویانە بۆ بەریتانیا هیچ هەواڵی نازانم، دڵیشم لای ئەوە. هەزاران کەس ملی ڕێگەیان گرت و تەسلیم بوونەوه بە ڕژێم. منیش لەگەڵ کۆمەڵێک برادەردا کە زیاتر خەڵکی سلێمانی بوون و هەندێکیان ئەفسەر بوون، هەر بەخۆماندا دەهاتین چی بکەین؟ کەوتمە عەوداڵ و بەدوای چارەنووسی زاهیری برامدا دەگەڕام. له لایەکەوە بەر گوێم کەوت زاهیر دەنێرنەوە. ئه و کاتەی ئەوانەی لێپرسراو بوون کە نوێنەری شۆڕش بوون 1- هاواری کاک زیادی کۆیە 2- جەمال عەلەمدار لە لەندەن ئیشی کوردیان هەڵدەسووڕاند، ئەوانیش هەر سەرپەرشتیی زاهیریان دەکرد. هێشتا برینەکانی سارێژ نەبووبوو ناردیانەوە. منیش چاوەڕوانم دەکرد. کە هاتەوە، یەکمان گرتەوه.

ناوچەکان چۆڵ بووبوون. ئەوەی لە خەیاڵمدا نەبوو، گەڕانەوە بوو. چی بکەین؟ خەڵکی جارێک نائومێده، ئێمە دوو جار نائومێد؛ بەم دەست و دیارییەوە بڕۆینەوە بۆ شار و لای کەسوکاری هەژار؟ چەند ڕاوێژمان کرد، جێگەیەک نەبوو لێی بین. بڕیارمان دا بڕۆینەوە بۆ لای کەسوکار، بەڵام خۆمان تەسلیم نەکردەوە، وەک خەڵکی تر گەڕاینەوە. کە چووینە وە، لە سلێمانی زاهیری برام بەجێ هێشت و چەند ڕۆژێ بەدزییە وە لەلای خزمان بووم. له ڕێگەی قەڵادزەوە بە هاوکاریی کاک قادری حاجی حەمە قادر گەڕامەوە بۆ ئێران. کاک قادر لە قەڵادزە کەسێکی بانگ کرد ناوی حەمەی پیرۆزە ڕەش بوو، خەڵکی قەڵادزە دەیناسن. وتی نابێ کەس بزانێ. من لێرەوە سوپاسی هەردووکیان دەکەم، گەیشتمەوە سەردەشت و خزمەکانی باوکم هەموویان لەوێ بوون. باوکم لە بنەچەدا خەڵکی شاری سەردەشتە و باپیرم قەبرەکەی لە سەردەشته. باوکم بە منداڵی هاتۆتە سلێمانی و قەڵادزە، کەسوکارەکەم بە بنەماڵەی ڕەحیمی ناسراون. ماڵی پوورم خوشکی باوکم لەوێیە. کەسوکاری زۆرم لەوێن. چوومە سەردەشت بۆ ماڵی حاجی ئەحمەد ڕەحیمیی کەبابچی، وەک بنەماڵەش قەساب و کەبابچین، لە دێکانیش لە بێزیلی ماڵی پوورم و کوڕەکانی لەوێن.

ژیان لە سەردەشت

چوومە وە سەردەشت. دەوڵەت قبوڵی نەدەکرد لە شار دابنیشم، یان دەبێ بچمە ئۆردوگای ڕەبەت یان جێگەیەکی تر، خزمەکانم لە خەستەخانەی سەردەشت کاریان دەکرد. ڕێگەیان بۆ دانام کە لەوێ دابمەزرێم. خۆشم لە پێشمەرگایەتیدا فێری دەرزیلێدان و خزمەتکردنی بریندار بووبووم. چووم بۆ ڕەزائیە (ورمێ) بۆ لای دکتۆر ئەسفەندیار. عەریزەیەکم نووسی، داوای ئەوەم کرد کە برینپێچی دەزانم بۆ ئەوەی دامەزرێم. بۆ مەسەلەی ژیانیش پێویستە خۆم بژییەنم، موحتاجی کەس نەبم. به هیمەتی دکتۆر ئەسفەندیار چووم بۆ لای ئاغای جەم، لێپرسراوی شیروخورشید بوو لە ئازەربایجانی غەربی. نووسراویان بۆ کردم بۆ بیمارستانی سەردەشت و لەوێ لە تاقیگە موختەبەر دامەزرام. ماوەی ساڵێک ئیشم کرد. لەوێش لەناو کەسوکارەکانمدا بووم. من لە سەردەشت کێشەم نەبوو. پاش ئەوەی دۆخەکە یەکلا بووەوه، هەندێک کەس ڕۆیشتەوە و هەندێکیتر مایەوە لە ئێران. لەگەڵ زاهیری برام پێوەندیمان هەبوو. جوابم بۆ نارد بێتەوە بۆ ئەوەی بینێرن بۆ دەرەوە. لام مەبەست بوو زاهیر بنێرنە دەرەوە. بۆ ئیشی زاهیر جارێکیان لەگەڵ شەهید شێرکۆی شێخ عەلی کە بەداخەوە دوایی لە شەڕی ناوخۆدا شەهید بوو، چووین بۆ کەرەج بۆ لای کاک مەسعود بارزانی. بێجگە لە مەسەلەی چارەسەری زاهیری برام هەندێک شتمان باس کرد و لەگەڵ شێرکۆی شێخ عەلی بگەڕێنەوە بۆ کوردستان، بەڵام سەری نەگرت.

له و سەردەمەشدا چەند وڵاتێک پەناهەندەیان وەردەگرت، لەوانەش هۆڵەندا، نەمسا، ئەمەریکا. ناوی زاهیری براشم لەناو لیستی هۆڵەندادا بوو، لەبەر ئەوەی پێویستی بە هاوکاری هەبوو، ناوی منیشیان نووسیبوو. ناومان لە هۆڵەندا هاتەوە. لە تارانەوە برووسکەیان بۆ کردم خۆم حازر بکەم کە جەماعەتی هۆڵەندا سەفەر دەکەن، تۆش دەبێت ئامادە بیت. منیش دائیرە کەم ئاگادار کردەوە و خواحافیزیم لە خزم و دۆستانی سەردەشت کرد. ئه و کاتەی کە لە سەردەشت بووم، کاک دکتۆر عەلی ڕەحیمیی ئامۆزامان تازە لە زیندانی ورمێ نەجاتی بووبوو، چەند ساڵێک لەسەر سیاسەت سجن بوو؛ خۆی دکتۆری بەنج بوو. لەسەر بیروباوەڕی چەپ گیرابوو. ماڵی حاجی ئەحمەد ڕەحیمی و کاک عەلی و دایکی و برا و خوشکەکانی لە دایک و باوکی خۆم زیاتر خزمەتیان کردم، هەستم به غەریبی نەدەکرد. زۆریان پێناخۆش بوو کە ڕۆیشتم. بەڵام منیش لەبەر زاهیری برام و هەم ئەورووپاش ڕۆیشتم. هەموو کەسێک حەز دەکات لە سەردەشت ڕزگاری بێ بۆ ئەورووپا. لە خەستەخانەی سەردەشت بە نووسراوێک وازم هێنا. نامەیەکیان دامێ و سوپاسیان کردم. لێم ڕازی بوون، ئیشی باشم کردبوو، مەسرووفاتی ڕێگەشیان دامێ، خواحافیزیم کرد.

لە تاران

کە گەیشتمە تاران، لەگەڵ زاهیری برام لە ئوتێل دیاموند یەکمان گرتەوە. دوایی چووین بۆ کەرەج بۆ لای کاک مەسعود بارزانی. سوپاسیمان کرد بۆ ئەوەی یارمەتیی زاهیری داوە. بۆ مەسرووفاتی زاهیر به قەدەر ئیمکانیاتی ئه و کاتە هاوکاریی کردین.

ڕۆژی 06-03-197606-03-1976 لە تارانەوە شەش کەس سواری تەیارە بووین. لە هۆڵەندا پەنجا کوردیان وەرگرتبوو. پەنجا کەسەکەش بە ژن و منداڵ و پیاوەوە. ئه و شەش کەسەش ئەمانە بووین: خۆم و زاهیری برام، دکتۆر سەمیر چەراغوەندی، ڕوکان، ئەکرەم مستەفا، دلاوەر. سەفیری هۆڵەندا لە فڕۆکەخانەی میهرئاباد لەگەڵمان بوو. بلیتی تەیارەشیان بۆ بڕیبووین. خواحافیزیی لێکردین و پاش پێنج سەعات گەیشتینە هۆڵەندا.

ئه و برایانەی پێش ئێمە گەیشتبوونە هۆڵەندا، هەندێکیان لەگەڵ کچێکی هۆڵەندی کە لە ڕێکخراوی پەناهەندە ئیشی دەکرد و ناوی خیدیا بوو، چاوەڕوانمان بوون. ئێمە لەبەر ئەوەی بە ڕەسمی قبوڵ کرابووین، هەروەها سەرۆکی پەناهەندەی هۆڵەندی بیت مۆلەرمان لەگەڵ بوو، سواری پاسیان کردین بەره و ئوتێل، ئوتێلەکە ناوی ئایتونیل بوو، لە دنیایەکەوە بۆ دنیایەکی تر.

لە هۆڵەندا، ئوتێل ئایتونیل

دوو ئوتێل هەبوو هی یەک کەسی هۆڵەندی بوو. هەردوو ئوتێلەکە لەسەر یەک جادە بوو و نزیکی یەک بوون. هەردووکیان ناویان ئایتونیل بوو. ئه و پەنجا کوردە پەناهەندەیە دابەشیان کردبووین به سەر ئەم دوو ئوتێلەدا، بەڵام نانخواردنمان لە بەشەکەی لای ئێمە بوو. سێ ژەمە لە یەک کاتی دیاریکراودا لەسەر مێزی نانخواردن نانمان دەخوارد، لە دنیایەکی نائومێدییە وە کەوتووینەتە وڵاتێک کە هەر لە خەودا بینومانە، ئەوەندە جوان بوو!!

لەبەر ئەوەی لای حکومەتی هۆڵەندەوە دەعوەت کرابووین، مەسرووفاتیان دەکێشاین. هەفتانە شتێکی کەم یارمەتییان دەداین. کچەکە ش کە ناوی خیدیا بوو هەموو ڕۆژێ بۆ جێبەجێکردنی ئیشەکانمان هاتوچۆی دەکردین. وەک خەستەخانە، کۆرسی زمان، دۆزینەوەی ئیش. بەڕاستیش کارەکانی بۆ ئاسان دەکردین.

کۆرسی زمانی هۆڵەندی

هەر پاش چەند ڕۆژێک کۆرسی زمانی هۆڵەندییان بۆ حازر کردین، کە زۆر پێویست بوو. لە هەر وڵاتێ بژیت، حەق وایە فێری زمانەکەی ببیت. زمانی هۆڵەندیش یەکێکە لە زمانە قورسەکانی ئەوروپا. هەموومان ڕۆژانە دەچووین. لە دوو پۆل دایان نابووین، له و سەردەمەشدا هەر کەسه و بە قەدەر زیرەکی و توانای خۆی فێری زمان دەبوو. من بەشەکەی خۆم بایی ئەوەندە بوو، کە کاری ڕۆژانەی پێ مەیسەر بکەم. دوایی باسی دەکەم. بەڵام فکرێکم هەر لە کوردستان بوو.

دەستپێکردنەوەی کاری حیزبی لە هۆڵەندا

هەموو ئه و کوردانەی کە لە هۆڵەندا بووین، به هۆی نەکسەی شۆڕشەوە کەوتبووینە ئەوێ. هەر هەمووشمان لە دوای شکست و نائومێدیی شۆڕش ئه و وڵاتانە وەریانگرتین. دیارە کە گەیشتینە ئەوێ، هەم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروست بووبوو، هەم قیادەی موەقەتە. ئێمەش دابەش بووبووین بەسەر هەردوولادا. لەوێش هەموو کەسێک ئازاد بوو کێ هەڵدەبژێرێ. هەردوولاش هەوڵیان دەدا کە ئەوانەی لەوێن، ڕایانکێشێ بۆ لای خۆی. هەموو یەکێکشمان ڕابوردوومان دیار بوو. ئەگەرچی لەوێش هەموومان پەیوەندییەکی باشمان پێکەوە هەبوو. هەردوولا ڕێکخستنی خۆیان هەبوو، منیش وەک هەموو کەسێک هەوڵیان لەگەڵ دام و هەموویان ڕێزیان لێدەگرتم بە حوکمی ماندووبوونی ڕابوردوومان، زاهیری برام شاهیدی خەبات و جەبهەکان بوو. من برادەرانی یەکێتیی نیشتمانیم هەڵبژارد. هەردوولاش ڕێکخستنی خۆیان دروست کرد. لەوێش لە چوارچێوەی دوو ئوتێلداکە ڕۆژانە قسەوباس و موناقەشە بوو، کە چۆن ئەم شۆڕشە گەورەیەمان لەدەست چوو و ئاوارەی وڵاتان بووین. هەر له و ماوەیەدا کۆمەڵەی خوێندکاران لە بەرلین کۆنگرەی بەست. زۆربەمان چووین بۆ ئەوێ بۆ بەشداریکردن. دوای ئەوەش لە فرانکفۆرت.

ئەوانەی لەوێ بووین، هەموومان ئیشمان دەکرد و لە ساڵی 1976دا لەگەڵ یەکێتی بووین. ئەم کەسانە: من، ئازادی مستەفا خۆشناو، فوئاد حسێن کە ئێستا لێپرسراوی مەکتەبی سەرۆکی هەرێم کاک مەسعود بارزانییە، عەلی ئیحسان، مەحموود دەروێش، چیا عەباس، زۆری تریش. برادەرانی تریش، پارتی و قیادەی موەقەتە، بەشی خۆیان خەڵکیان هەبوو. هەر هەمووشمان لە ئوتێلەکە پێکەوە بووین، برایەتیمان باش بوو و ژیانمان پێکەوە بوو. ئەوانەی یەکێتی هەموومان کۆمەڵە بووین. لە ڕێگەی ئازادی مستەفا خۆشناوەوە پەیوەندیمان بە هەڤاڵانەوە لەگەڵ دیمەشق هەبوو. ئه و کاتە سەرکردایەتیی یەکێتی لە دیمەشق بوو.

هاتنی مام جەلال و عادل موراد بۆ هۆڵەندا

هەر لە ساڵی 1976دا مام جەلال و عادل موراد هاتن و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەوانەمان کرد کە یەکێتی بووین. پاشانیش لەگەڵ کوردەکانی ئەوێ لەسەر بەرنامه و سیاسەتی یەکێتی و دۆخی کوردستان قسەیان بۆ کردین. ئه و ماوەیەش لەوێ بووین، چەندین ڕێپێوانمان دژی ڕژێمی عێراق کرد، بەتایبەتیش کە کاک شەهاب و هاوڕێکانیان لە سێدارە دران. هەموومان کوردەکان لە مەیدانی دام کە جێگەیەکی بەناوبانگە لە ئەمستردام و لە بەردەم تەلاری مەلیکەی هۆڵەندایە، چەندین وێنە و دروشممان دژی ڕژێمی دیکتاتۆری بەغدا بەرز کردەوە. لەگەڵ هاوڕێکاندا لە کارکردن بەردەوام بووم. هەر له و ماوەیەشدا بوو محەمەد سابر هاتە دەرەوه، چەند شەوێک لامان مایەوە و ئیتر نەگەڕایەوە بۆ عێراق، بە ئیفاد هاتبوو.

کۆبوونەوەی پاریس

هاوڕێیانی کۆمەڵە بڕیارمان دا کۆبوونەوەیەک لە پاریس بکەین. ئەوانەی بەشداربووین: 1- فواد مەلا مەحمود، خوا لێی خۆش بێ وەفاتی کرد 2- مستەفا چاوڕەش 3- ئازاد مستەفا خۆشناو 4- ئەحمەد بامەڕنی، کە کۆبوونەوەکەش لە ماڵی ئەوان بوو 5- زاهیر حەمەد خەڵکی کۆیە بوو، بەداخەوە ئەویش پاش گەڕانەوە لەگەڵ ماڵومنداڵی بەر ئەنفال کەوت 6- چیا عەباس 7- فواد حسێن 8- فازڵ تەیب. لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر دۆخی کوردستان و یەکێتی قسەی زۆرمان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بۆچوونێک هەبوو، کە با جارێ پەلە نەکەین و لە ڕێکخستنی کۆمەڵەدا به نهێنی ئیش بکەین. من خۆم دژی ئەوە بووم و وتم هاوڕێیان برادەران لە کوردستان هاتوونەتە دەرەوە. خەباتی چەکدارییان دەست پێکردووه، لەگەڵ ئه و هەموو زەختەی لە سەریانه. مانای چی ئێمە لە ئەوروپا بە نهێنی کار بکەین؟ کۆبوونەوەکە بە سەرکەوتنی ڕایەکەی من کۆتایی هات. بڕیارمان دا وەک ڕێکخستنی کۆمەڵە لە چوارچێوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە ئاشکرا ئیش بکەین. دوای ئەوەش بڕیارمان دا لەگەڵ هاوڕێیانی وڵات پەیوەندی دروست بکە ین و لە دەرەوەش لەگەڵ هەموو ئه و جێگەیانەی دەستمان دەیگاتێ لە ئەوروپا، خەریکی کاری ڕێکخستن بین. لە پاریس وێنەیەکم لای بورجی ئیڤڵ گرت. دەستم گرتبوو بە ئاسنەکانییە وه، وتم ئەگەر چوومە وە بۆ وڵات، با شاهید بێ و بڵێن پاریسی دیووە. دوای کۆبوونەوەی پاریس بەرنامەی خۆمان دانا.

کۆبوونەوەی فرانکفۆرتی یەکێتی

ساڵی 1977 دکتۆر فواد مەعسوم هاتبوو بۆ کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕێکخستنەوەی کارەکانی یەکێتی. ئێمەش هەڤاڵەکان لە هۆڵەنداوە چووبووین و ئەمانە بووین: من خۆم، فواد حسێن، عەلی ئیحسان، مەحموود دەروێش، چیا عەباس. لە وڵاتانی تریشەوە هاتبوون: لە بەریتانیاوە د.فازڵ تەیب. دکتۆر ئازاد نەجمەدین و محەمەد سابیر. دکتۆر فواد قسەی بۆ کردین کە ئێستا لە کوردستان شۆڕش دەستی پێکردووەتەوه و هەڤاڵەکان لە دەرەوەن. ناوی چەندین کەسی دیاری هێنا، کە چالاکیی باشیان هەیه. ئەوەی پێویست بوو، بۆی باس کردین. له و کۆبوونەوەیەشدا قسە زۆر کرا لەسەر شۆڕش و خەباتی نوێ. دکتۆر فواد وتی دۆخی شۆڕش لە ڕووی دکتۆرەوە باش نییە. ئەگەر پێشمەرگەیەک بریندار ببێت، نە دەرمان هە یە نە دکتۆر. منیش لە کۆبوونەوەکەدا وتم بیکەن بە بڕیار و داوا لە دکتۆرەکان بکەن بڕۆنەوه. هەر کەسێک نەڕۆیشتەوە، لێی قبوڵ مەکەن، بەتایبەتی ئەوانەی یەکێتین. هەر لەوێدا من دکتۆریش نەبووم بە کاک دکتۆر فوادم وت من لە ئێستاوە ئامادەم بۆ گەڕانەوه، هەر واشم کرد. له کاتی پشووداندا یەکێک لە دکتۆرەکان وتی بۆچی تۆ پێشنیاری ئەوە دەکەی ئیجرائات بکرێ؟ وتم باشە ئێوە لەشولارتان عەیبی نییە بۆچی ناڕۆنەوە؟ به هەرحاڵ، کۆبوونەوە تەواو بوو. لەگەڵ دکتۆر فواد ڕێک کەوتم بۆ گەڕانەوە. کە گەڕایەوە، نامەیەکی لە سوریا وە بۆ ناردم بۆ گەڕانەوە، پاش چەند ڕۆژێک خۆم حازر کرد و خواحافیزیم لە برادەرەکان کرد. سواری تەیارە بووم بۆ سوریا، به مەرجێک زاهیری براشم لە بەریتانیا عەمەلیات کرابوو، بەجێم هێشت. ئەوانەی لە کۆبوونەوەکەش بووین و لە هۆڵەنداوە چووبووین، گەڕاینەوه. زاهیر دوایی گلەیی لێکردم کە بەجێم هێشتووە. ئه و لەسەر حەق بوو. پێش هاتنەوەش به هۆی بارودۆخی زاهیری برام کە جیاواز بوو لەبەر سووتانەکەی، شوقەیەکیان داینێ لە بالمامیر لە نهۆمی هەشتەم، ژمارەی شوقەکەمان 824 بوو. بیناکە ناوی دیڤلستاین بوو.

پێش هاتنەوە چەند برادەرێکی ئەفسەر کە بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولیان کردبوو، لە سوریاوە هاتن بۆ هۆڵەندا. تاکو ئێستاش هەر لە هۆڵەندان، ملازم فەرەیدون حەمەڕەشید خەڵکی سلێمانی و ملازم عەلی مستەفا خەڵکی کەرکووک بوو. کە هاتن، چووین بۆ فڕۆکەخانەی ئەمستردام (سیخپوڵ) بۆ پێشوازیکردنیان. ویستیان گلیان بدەنەوە، ئێمەش سووکەناڕەزایەتیەکمان دەربڕی و کارەکەمان بۆ ئاسان کردن، هەروەها سلێمان قەسابیش لە ئەڵمانیاوە هات. ماوەیەکی زۆر لە هۆڵەندا مایەوە. ئەویش لە شۆڕشی ئەیلوولدا سەرلق بوو و پێشمەرگەیەکی ئازا بوو.

گەڕانەوەم بۆ سوریا و لەوێشەوە بۆ کوردستان

مانگی 9ی ساڵی 1977 گەیشتمە سوریا و لەوێش چووم بۆ لای هەڤاڵان. ماوەیەک لایان مامەوە. بەرنامەمان دانا بۆ چوونە وە بۆ کوردستان. دیارە چوونە وەش لە نێوان ئەم هەموو دەوڵەتەدا کارێکی ئاسان نەبوو.

من و دکتۆر کەمال خۆشناو ڕێک کەوتین. خوا بە بەهەشتی شاد بکات دوایی بوو بە سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، بەداخەوە کۆچی دوایی کرد. لەگەڵ عەونی قەڵەمچی پێیان دەوت ئەبووعومەر، لە جووڵانەوەی سۆشیالیستی عەرەبی بوو لە جەماعەتی عەبدوڵڵا نەسراوی. ئەمیش لەم ساڵانەی دواییدا تەسلیم بووەوە و گەڕایەوە بۆ لای سەدام حسێن پێش ڕووخان. هەڵویستێکی خراپیشی هەبوو. لە تەلەفزیۆنی عێراقی قسەی کرد و بوو بە بەشێک لە ڕژێمی سەدام. چەند ساڵ بەڕۆژوو بوو، دوایی بەربانگی بە.... کردەوە.

هەرسێکمان لە سوریاوە سواری تەیارە بووین بۆ ئەستەنبوڵ و لەوێشەوە بۆ دیاربەکر. لە دیاربەکر هەندێک لە دۆستە کوردەکانی تورکیا چاوەڕوانیان دەکردین. عومەر چەتین لەگەڵ برایەکی تر به ناوی موحتەرەم، بەداخەوە بیستم بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل وەفاتی کردووە. پاش ئەوەی شەوێک لە دیاربەکر ماینەوە، بۆ ڕۆژی دوایی سواری ئۆتۆمبێل بووین بەره و گەڤەر و شەمدینان. موحتەرەم ئۆتۆمبێلەکەی لێدەخوڕی و گەیشتینە گەڤەر، بۆ ئەوەی لەوێشەوە لە ڕێگەی هەڤاڵەکانیانەوە بچینەوە سەر سنوور. ئێمە ڕۆژی 13/10/1977 گەیشتینە ئەوێ، بەڵام دیار بوو ڕۆژی 10/10/1977 هەندێک لە هەڤاڵانی یەکێتی هاتبوون و هەندێک چەکیان پێبوو بیبەنەوە بۆ کوردستان. لەوێ لە ڕێگە قیادەی موەقەتە کەمینیان بۆ دانابوون و چەند هەڤاڵێکیان شەهید کردبوو، هەرچی پێیان بوو، بردبوویان. لەوانەی شەهید بووبوون، ملازم حەسەن خۆشناو، باهر و هی تریش من ناوەکانیان نازانم، داوای لێبوردن دەکەم.

ئێمە کە گەیشتینە گەڤەر، ئاگاداری ئەم ڕووداوە نەبووین و دڵمان خۆش بوو قۆناغێکی باشمان بڕیووە، لەسەر سنوور نزیک بووینەتەوه و هەڤاڵەکان هەموویان لەوێن، مام جەلال و کاک نەوشیروان و هەموو ئەوانەی لەگەڵیانن.

کە چووینە ئه و ماڵەی بڕیار بوو هاوکاریمان بکات بۆ لایان، وتی ناتوانم جووڵە بکەم، میتی تورکی ئه و ناوەیان گرتووه. دۆخێکی زۆر ناخۆش بوو. هەتا ماڵەکە وتیان ناتوانین لێرەش بتانحەوێنینەوە. سەرسنوور و ناو شاریشیان گرتووە. لەگەڵ کاک موحتەرەم گەڕاینەوە بۆ شاری وان. لەوێش کەسی خۆیان هەبوو، بردینیە ماڵی برادەرێک کە لە کارگەی چیمەنتۆی وان ئیشی دەکرد. دوو ڕۆژ لەوێ ماینەوه، بەڵکو ڕێگەکە بکرێتەوە و بتوانین دەرباز بین. ڕێگە هەر نەکرایەوە. موحتەرەم هاتەوە بەدواماندا بڕۆینەوە بۆ دیاربەکر، لەوێش چووینە ئوتێل سەراج، خاوەنی ئوتێلەکە کورد بوو. من و دکتۆر کەمال خۆشناو نزیکەی دە ڕۆژ زیاتر له و ئوتێلە ماینەوە. ئەبووعومەر عەونی قەڵەمچی گەڕایەوە بۆ سوریا، تاقەتی ئەم هاتوچۆ و بێنەوبەرەیەی نەبوو. به و حسابە گەڕایەوە تا برادەران ئاگادار بکاتەوه.

به ڕۆژ له و شارەشدا نەماندەزانی چی بکەین. من لای خاوەن ئوتێلەکە وتم خەڵکی ئێرانم و ناتوانم بچمەوە بۆ ئێران. چاوەڕوانی باوکم دەکەم، بڕیارە لێرەوە بێت، دەچین بۆ حەج و دەیبینم. خاوەن ئوتێل شکێکی کردبوو. مەسرەف گران بوو، دەچووین نانمان لە نانەواخانەیەک دەکڕی. لە ئوتێلەکە بەدزییە وە چامان لێدەنا، بە پەنیر و ماست و ئەم جۆرە شتانە بەڕێمان کرد. گوزەرانمان لە ئوتێل بەم شێوەیە بوو. ناوبەناویش عومەر چەتین و موحتەرەم دەهاتن بۆ لامان، یان لە چایخانەیەک دەمانبینین. لە سەرەتای مانگی یازدەدا برادەرێک لەگەڵ موحتەرەم هات بۆ لامان و وتیان با بڕۆین، گەڕانەوەمان ڕێک خستووه. سوار بووین لەگەڵیان. کە هاتن، ملازم عەبدوڵڵا خۆشناویش لای برادەرانەوە هاتبوو، ئەویشمان لەگەڵ بوو، شارەزای ڕێگە بوو.

چووینە هەکاری جولەمێرگ. لە ماڵی برادەرێک بووین بە ناوی حافز. ئێستاش دۆستایەتیمان ماوە، چەند جار هاتووە بۆ سلێمانی و لە خزمەتیدا بووم. شەوێک لە ماڵیان ماینەوە. دنیاش بەره و سەرما و بەفر دەچێت، ناوچەی هەکاری کوێستانە. ئۆتۆمبێلی ئیسعافی هێنا و حازریان کردبوو، من و دکتۆر کەمال خۆشناو و ملازم عەبدوڵڵا خۆشناو لە دواوە لە جێگەی نەخۆش سوار بووین، لە هەکارییە وە بۆ شەمدینان. لەوێ بە ناو بازگەی جەندرمەکانی تورکیادا تێپەڕیین و به سەلامەتی گەیشتینە لای هەڤاڵان. لەوێ دێیەک هەبوو بە ناوی ماسی ڕۆ لەسەر سنوورە. بۆ من خۆش بوو، لەوێش ئەوانەی بینیم، زۆربەیان لە ڕابوردوودا و لە شۆڕشی ئەیلوولدا دەمناسین. لە ترسی جەندرمه و حکومەتی تورکیا لە دەرەوەی دێکە بوون. کە گەیشتین، برادەران ئاگریان کردبووەوه. بەفر باریبوو، سارد بوو، منیش لە ئەوروپاوە گەڕاومەتەوە، کۆڵەپشتێکم پێیە، لە هۆڵەنداوە هێنابووم و شتی زۆری تێدا بوو. کە برادەران ئێمەیان بینی، خوا بە بەهەشتی شاد بکات، عوسمان قادر منەوەر برادەرم بوو لە زووەوە، بۆ سوبعەت وتی مردووت مرێ ئەوە ڕۆن ڕژاوە وا هاتوویتەتە وە؟ بوو بە پێکەنین.

منیش وەک ئه و هەڤاڵانەی ئەوێ قاتێک جلی کوردیم پێبوو، خۆم گۆڕی. چەند هەڤاڵێک دەچوون بۆ دەرەوە. پانتۆڵەکەی خۆم دایه یەکێکیان بۆ ئەوەی سەفەری پێبکات بۆ ناو تورکیا، چونکی ناو تورکیا جلی کوردی قەدەغە بوو. سوودی لە پانتۆڵەکەم بینی، ئه و ماوەیەی لەوێ بووین، لەگەڵ هەڤاڵان ئاشنایەتیم پەیدا کرد.

هەموو ڕۆژێ پێش ئەوەی ڕۆژ بێتەوه، و لە ترسی حکومەتی تورکیا ناو دێکانمان چۆڵ دەکرد دەچووینە دەرەوەی دێ. بەفریش باریبوو. لەسەر ئه و بەفرە دەماینەوە و تاکو ئێواره و ئاگرمان دەکردەوە. شەوان دەهاتینەوە بۆ ناو گوندەکان. له و دێیانەی لێی بووین ماسی ڕۆ لە زستان جەندرمەی تورک شوێنە کوێستانییە کانی چۆڵ دەکرد و هاوینان بۆی دەهاتنەوە. وابزانم ئێستاش هەر وایه، چونکی زستانان ژیانی تێدا ناکرێ.

لەگەڵ ئەم هەموو سەرماوسۆڵه و برسێتییەدا باوەڕمان بەهێز بوو، بە سەری یەکتر سوێندمان دەخوارد. ڕۆژگارمان بەڕێ دەکرد، چونکی لەوێ چاوەڕوانی چەکمان دەکرد. ئەوانەی لەوێ بوون، ناوی هەموویان ناوترێ. مام جەلال، نەوشیروان مستەفا، ملازم عومەر، عەلی عەسکەری، سالار عەزیز، ڕەسووڵ مامەند، حاجی حاجی ئیبراهیم، دکتۆر خالید، ملازم تاهیر عەلی والی بەگ، مامۆستا سەلام، دلێری سەید مەجید، شێخ حسێن بابە شێخ یەزیدی، مامۆستا عەزیز، هاوڕێ جەبار، عەلی ئامەخان، عوسمان قادر منەوەر، عەبدولقادر هەڵەدنی و دەیانی تریش. پاش ماوەیەک دکتۆر مەحموود عوسمان و شەمسەدین موفتی هاتن. لیژنەی تەحزیری بوون، بە ناوی پارتییەوە هاتن. لەسەر سنوور یەکمان گرتەوە. هەروەها شەوکەت حاجی موشیر کە لەم دواییانەدا لە دێی گامیش تەپە لە شارەزوور بە دەستی تیرۆریستان نامەردانە شەهید کرا. هەروەها کاک محەمەدی حاجی مەحموودیش لەوێ بوو. هەر هەموومان بە کۆمەڵه و بزووتنەوە، یەکێتی بووین.

هاتنی چەک

دەماو دەمی ئێوارەیەکی درەنگ بوو. هەواڵیان هێنا وتیان چەک هاتووە. ئه و قەرەباڵغیەی سەرسنووریش بەشێکی بۆ ئەوەبوو. هەر هەموومان خۆمان کۆ کردەوە. کە چووین، لۆرییەک بوو و چەقیبوو. سەرەوەی هەمووی فەردە ئارد بوو، چەکەکان لەژێرەوە بوون و لەچاو ئه و چاوەڕوانییەی ئێمەدا به و هێزەوه هەمانبوو، زۆر نەبوو، بەڵام بۆ ئێمە و بۆ دەستپێکردنەوەی شۆڕش و ڕۆحییەتی هەڤاڵەکانیش باش بوو، بە دەستی بەتاڵ نەدەگەڕاینەوە بۆ ناو وڵات. کەم یان زۆر، زۆر باش بوو. گوڕوتینێکی تری داینێ. ئاربیجیی تێدا بوو، لەوێش مام جەلال و برادەران دابەشیان کرد. پێش گەڕانەوەمان چەند ڕۆژێک لە ماڵی مام خورشید بووین لە گەرێشم. زۆرزۆر خزمەتیان کردین، بەتایبەت مام خورشید، بەڕاستی پیاوێکی بە خزمەت بوو، بە ماستی زستانه و هەنگوین تێری کردین.

پێش ئەوەی من و دکتۆر کەمال خۆشناو بگەینەوە، بەڕێز عەلی عەسکەری لە ڕێگەی شێخ محەمەدی لۆلانەوە چووبوو بۆ بەغدا. لەسەر بڕیاری یەکێتی و بە ئاگاداریی هەڤاڵان چووبوو، لەسەر متمانەی حاجی شێخ محەممەدی لۆلان. بەڵام هەروا هاتەوه و گەیشتەوە لای هێزەکان. حکومەت هەر حسابی بۆ نەکردبووین و داوای کردبوو تەسلیم بینەوه. وتبوویان دەبێ ئه و ناوە چۆڵ بکەن و لێتان دەدەین. ئیتر بڕیاری گەڕانەوە درا.

گەڕانەوە بۆ کوردستانی عێراق

هێزەکەی ئێمە لەگەڵ ئه و بەشە چەکەی بەرمان کەوتبوو، بە سەرکردایەتیی کاک نەوشیروان کە لێپرسراوی یەکەم بوو، کەوتینە ڕێ. دنیا زستان بوو، بەفرێکی زۆر باریبوو. لە ناوچەی شەمدینانەوە بە ئێراندا بۆ عێراق کەوتینە ڕێ. ڕۆژێک بە تەواوەتی تاکو شەومان بەسەر هات، نیوەی چۆمی گادەرمان تەواو کرد و بارانیش دەباری. لە چۆمی گادەر لامان دا. ئاگرمان بۆ نەدەکرایەوه، تاریکەشه و بوو، ئه و شەوەمان لەبەر سەرما گوزەراند، زۆر ناخۆش بوو. بۆ ڕۆژی دوایی لای ئێوارەکەی تروسکاییەکمان لێدەرکەوت، ڕوومان تێکرد. چەند ماڵێک بوون سەر بە شاری شنۆ بوون، لەوێش خزمەتێکی باشیان کردین. له و نێوانەی ڕێگەدا هەر سێ کەسمان لێپرسراوی وڵاخێک بوو، لە بارەکە و وڵاخەکەش بۆ ئالیکدانی و ڕاکێشانی، باره تفەنگ بوو. هەم خۆمان برسی و هەم وڵاخەکان. چۆمی گادەرەش ئاوەکەی هەڵسابوو، چونکی باران دەباری. ڕەنگە دەیان جار بە جل و پێڵاوەوە ئەمبەروئەوبەری ئاوەکەمان کردبێ، بەڵام بواری پەڕینەوەی هەبوو.

گەیشتینە خاکی ئێران

لە ناوچەی شنۆوە بە ڕۆژەکەی بە دێهاتەکاندا بەره و ناوچەی خانێ کەوتینە ڕێ. لە ڕێگە زۆر ماندوو بووین، گەورەترین کێشەمان باربەستن بوو. کە بارێک دەکەوت، چەند خەریک بووینایه، نەماندەزانی وەک خەڵکی لادێ بیبەستین و چاکی بکەین. ئەگەر هیمەتی برادەرانی خەڵکی دەرەوە نەبوایە کە لەگەڵمان بوون، زەحمەت بوو و پەکمان دەکەوت. له و هیلاکییەدا وڵاخەکانیش ماندوو و برسی دەبوون، سەرماش لەولاوە وەستابێ. هەر بۆ خۆشی و نمونە مامۆستا عەزیز دانشگای تەواو کردبوو یادی بەخێر بێ، لە سلێمانی گیرا و دوایی بەعس لە سێدارەی دا. بارەکەیان کەوتبوو داوای لە محێدین کرد کە خەڵکی دەرەوە بوو و چۆخماخی بوو، یارمەتیی بدات بۆی چاک بکاتەوه. پێی دەڵێ کاکە کە ئێوە نازانن بار ببەستن بۆچی هاتوون بۆ پێشمەرگایەتی و هاتوونەتە دەرەوە. مامۆستا عەزیز دەڵێت بەخوا نەمزانی دەبم بە قەتارچی. کاکە تۆش وەرە پرسیارێکی فیزیام بۆ حەل بکە تاکو منیش بارت بۆ ببەستم. ئەمە مەسیرەکەمان بوو. بەڵام جارجار قسەی خۆش و خۆشەویستی هەبوو. ئەمەش زەمانی شای ئێرانە و ئه و ڕێگەیەی پێدا دەگەڕێینەوە، زۆر لە دێهاتەکانی ئێران پاسگا و ئەرتەشی تێدا بوو. لە هەندێ جێگە دەبوایە بە شه و بڕۆین بۆ ئەوەی نەمانبینن. ئێوارەیەک چووینە دێیەک، پێش ئەوەی بگەینە خانێ، مەبەستم دەوری خانێیە، لە دێکە دابەش بووین. ئێمەش لەگەڵ کاک نەوشیروان، کاک سالار و ملازم عومەر لە دیوەخانی ئاغای دێکە بووین، هێشتا نانمان نەخواردبوو، سەربازی ئێرانی و چریک لەگەڵ لێپرسراوی پاسگاکە هاتنە ژووروه، وتیان ئێوە چین و چی دەکەن لێرە؟ بۆمان شەرح کردن. وتیان هەر ئێستا هەڵسن و بڕۆن. دەڕۆین و ناڕۆین و تەنها نان دەخۆین و دەڕۆین... لەم قسانەمان دەکرد. ملمان نەدا. برسێتی شتی تریشی بەدەمەوەیە، دوایی هەڵساین و هەر بە و شەوە به و هێزەوە ملی ڕێگەمان گرت و گەیشتینە ناوچەی لاجان و کۆنە لاجان. بە دەوری خانەدا سوڕاینەوه. حەقی خۆشیەتی کە دەوری قادر خەبات بنرخێنین. ئه و ڕێگەنیشاندەرمان بوو، کەسێکی تریشی لەگەڵ بوو، ئەویش شارەزا بوو، وابزانم دوایی لە شۆڕشدا شەهید بوو. لەگەڵمان زۆر ماندوو بوو. منیش کە لە ئەوروپاوە هاتبوومەوە، هەندێک ڕۆژنامەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانم پێبوو. لە چەند شوێنێک کە لامان دەدا ئەمدا بە خوێندەوارەکانی خەڵکی دێکان، کە کاک نەوشیروان بەمەی زانیبوو، بەپەلە جوابی بۆ ناردم وتی مردووت نەمرێ تۆ چی دەکەی؟ وەزعی خۆمان زۆر جوانە ڕێوی به کونەوە ناچی هەژکێ بەخۆیەوە دەبەستێ. ئەنجا بەڕاستی کاک نەوشیروان لەسەر حەق بوو. منیش وازم لە دابەشکردنی بەیان هێنا، خواخوامان بوو بگەینەوە وڵات.

هەر له و گەڕانەوەیەدا به ڕۆژ لە دێهاتەکان نەدەهاتینە دەرەوه. خۆمان دەشاردەوه، نەماندەهێشت لە هەندێ جێگە کەس بچێتە دەرەوە. شه و بەڕێ کەوتین. لە نێوان خانه و میراوادا چەکەکانمان لە عەرەبانەیەکی تراکتۆر بارکردبوو، چادرمان دابوو بەسەریا، هەندێکمان لەسەر مەکینەکە سوار بوبووین، چەند عەرەبانەیەک بوو لەسەر جادەی گشتیی خانه و سەردەشت. سەربازەکانی ئێران ڕێگەیان پێگرتین. وتیان ئێوە چین و چی دەکەن؟ یەکێکیان چادری سەر عەرەبانەکەی لادا. هەر شێت بوو، هەمووی چەک بوو. وتیان دوامان کەون بۆ پاسگا، یان پادگان. ئێمەش خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک حازر کردبوو، وردەوردە لەگەڵ مەسیری جادەکەی خۆمان مەبەستمان بوو لەگەڵیان هاتین تاکو گەیشتینە لای میراوا، لەوێ لامان دا و وەڵاممان نەدانەوه. ئێمەش چەکدار بووین. ئەوەی ڕاستی بێ، ئەوانیش زۆر لەسەری نەڕۆیشتن. دەیانزانی کە تەسلیم نابین. پاروویەکی بچوک نەبووین، لەوێش ڕزگارمان بوو. بە شاخەکەدا هەڵگەڕاین. لە شانی میراواوە سەرکەوتین تاکو گەیشتینە دێی کونە مشکە. کە چووینە ئەوێ، دامەزراین و نزیک وڵاتی خۆمان بووینەوە. دیوەخانێکی گەورەی لێبوو و وێنەیەکی گەورەی عەلی حەسەن ئاغای مەنگوڕی هەڵواسیبوو. عەلی ئاغا گەورەیان بوو. عەلی حەسەن ئاغای مەنگوڕ پیاوێکی قسەخۆش بوو. بەداخەوە حکومەتی سەدام حسێن خۆی و خزم و کوڕێکی لە سێدارە دا. هەزار ڕەحمەتی لێبێت.

ئه و شەوە لە کونە مشکە ماینەوه. بەیانی ملی ڕێگەمان گرت بەره و نۆکان و شێنێ. لە مەسافەی ڕۆیشتندا دوودوو و سێسێ دەڕۆیشتین. به ڕێگەوە بووین لە نزیک بەرزاییەکانی نۆکان شۆڕ بینەوە. تووشی جەماعەتێک چەکدار بووین. کەوتینە سەنگەرگرتن له یەک، ئێوە کێن و ئێمە کێین؟ بوو بە تەقە لە نێوان هەردوولادا، وابزانم لەوان کەسێک کوژرا و برینداریش هەبوو، وتیان جەماعەتی قیادەی موەقەتە بوون. ئەوەی ڕاستی بێ، هیچ بەرنامەیەکی شەڕ نەبوو، ئەوەش بە ڕێکەوت بوو. ئێمە وا نزیکەی دە ڕۆژ زیاترە بە ڕێگەوەین. ئەوەندە ماندووین، هەر مەپرسە. شەڕه و تووشت دەبێ، دەرکەوت ئەوانیش هەر بۆ سەفەر چوون بۆ ئێران.

ئه و دۆخە هەزار تەفسیری بۆ کرا، کەمینە و لەم جۆرە شتانه. بە ڕاستیش ڕووداوێکی خۆش نەبوو. ئەم ڕووداوە کە ڕووی دابوو، هەواڵ چووبوو بۆ شێنێ و نۆکان و زەڵێ. تاکو ئه و کاتەش لەم سنوورە و لە سنووری سلێمانیش هیچ شەڕوپێکدادانێک لە نێوان یەکێتی و قیادەی موەقەتە پارتی ڕووی نەدابوو. عەبدولمەلیک پارتی بوو، لەگەڵ جەماعەتەکەی ئەم هەواڵە دەزانن و ناوچەکە چۆڵ دەکەن، وا دەزانن بەرنامەی لێدانیان هەیە، کە نزیک بووینەوە، هەڤاڵەکانی خۆمان هاتن بۆ پێشوازیمان. ئەو کاتە ئەم کەسانەم بینی: تاڵب ڕۆستەم کە ئامرهەرێمی ئه و سنوورە بوو، کوێخا عەلی قەلاوە، دکتۆر عەلی و مریەم خان، بەکر پیرۆت، یەکێتیی زۆری لێبوو. چەند ڕۆژێ لەوێ لە شێنێ و زەڵێ و نۆکان حەساینە وە. ئیتر کاک نەوشیروان لەگەڵ هەڤاڵەکانی تر بەرنامەی دانا بۆ گەڕانەوە بەرەو سلێمانی بۆ ئەوەی ئه و چەکانەی پێمانە، دابەشی بکەن و مەفرەزەکان ڕێک بخاتەوە، چونکی ئه و بووبوو بە ئامرهەرێمی سلێمانی.

بەیانییە کەی هەتاو بوو. خۆمان حازر کردبوو و بارەکانمان بەستن، بەڵام شاخەکان بەفری پێوە بوو. ملی ڕێگەمان گرت و سەرکەوتین، لە نیوەی ڕێگە لەسەر شاخ نزیک بووبووینەوە، هەواکەی گۆڕی و دەستی کرد بە بەفربارین و کڕێوە. تاریک بوو، وای لێهات ڕێگەکان کە پێیدا دەڕۆیشتین، دیار نەما، سەرما و هەوای سارد لەولاوە وەستابێ، وڵاخەکان کە بارەکانیان پێوە بوو، هەمووی وەستان. هەر کەسەمان خەمی خۆمان بوو ڕەق نەبینەوە، بڕیار درا گوریسی هەموو بارەکان بپچڕێنن. هەرچیمان پێبوو لە چەک و ئه و شتانەی کە لەسەر وڵاخەکان بوون، بەجێمان هێشت، کوڕ ئه و کوڕەیە خۆی ڕزگار بکات. چەند کەسێک تەقەی دەکرد بۆ ئەوەی لەیەک ون نەبین. زۆربەشمان نەشارەزابووین، ئەمەشمان بەسەر هاتووه. هەندێکمان به ڕێگەیەکدا ڕۆیشتین، دۆڵێک بوو پێیدا چووینە خوارەوه، پاش ماوەیەک تووشی ئاشێک بووین، لامان دا و ئاگرمان کردەوه، خۆمان گەرم کردەوە، بووبووین بە چەند بەشێکەوە، چاوەڕوان بووین خۆش بکاتەوە. باش بوو بۆ ڕۆژی دوایی ساماڵ بوو. هەریەکەمان گوریسێکمان هەڵگرت و سەرکەوتینەوە بۆ سەرشاخ بۆ ئەوەی چەکەکان بهێنین، هەر لەوێ لەسەر چوون بۆ سەرشاخ له نێوان کاک ملازم عومەر و مامۆستا عەزیز ساردی پەیدا بوو، وتی من سەرناکەوم. وەک براش وابوون، هەست بە دڵسۆزیی بۆ جێبەجێکردنی کارەکان ئەمەشی تێدا بوو. هەموومان سەرشاخ کەوتین، چەکەکانمان دۆزیەوە. هەرکەسە چەند چەکێکی بە گوریس لە کۆڵی بەست، هێناماننە خوارەوە. دوایی بۆمان دەرکەوت ئه و دۆڵەی بۆی هاتووین، پشتی دێی هەڵشۆ بوو، هەر ئه و ڕۆژە شەوەکەی بەڕێ کەوتین. بە بەردەم دێی هەڵشۆدا هاتینە خوارەوه و لامان نەدا، چونکی مەخفەری تێدا بوو. بۆ ئەوەی کەشف نەبین، هەر به و شەوە بەردەوام بووین لە ڕۆیشتن، گەیشتینە دێی نورەدین، لەوێش بەلەمیان بۆ ئاماده کردین. لە بەرامبەر نورەدینەوە پەڕیینەوە بۆ دێی سەرتەنگ و لە بانە ڕۆژمان لێبووەوه، بەدوای یەکدا بە هیلاکی و برسیەتی و سەرما. لەوێش گەیشتینە مەفرەزەکانی خۆمان کە لە ناوچەکە بوون. کاک محەمەد مەلا سەلام بوو، کاک نەوشیروان هەندێک چەکی دانێ لەوەی پێمان بوو. وتیان پلەکەی ئامرهێزە. چاومان کەوت بە مام ئەحمەد خەڵکی مامەنداوا، مام ئەحمەد (عەلی)ی کوڕیشی لەگەڵدا بوو، بەداخەوە لە شۆڕشدا به غەدر شەهید کرا.

پاش ئەوە بەره و ناوچەی گەڵاڵه و شینکایەتی و سەفرەوزەرون ڕۆیشتین. لە گەڵاڵە سەربازگەی لێبوو، خۆمان لێ لادا. شارەزامان لەگەڵ بوو. لە بناری شاخەکەوە ڕۆیشتین، هەر جارەش پاش ماندووبوون کاتی نانخواردن لەسەر کانی لە ڕێگە لامان دەدا. چامان لێدەنا و نانمان دەخوارد، پاش ئەوە بەره و جێگەیەکی تر کە مەبەستمان بوو، دەڕۆیشتین. دواقۆناغمان گەورەدێ بوو، خەڵکی ئەویش هەندێکیان پێشمەرگە بوون لەگەڵمان، وەک حاجی مەحموود گەورەدێ ئێستاش ماوە. لەوێ پشوویەکی باشمان دا، گەورەدێ دێیەکی گەورە بوو، چەند ڕۆژێ لەوێ ماینەوە. ئیتر جەولەمان دەکرد لە دێکانی مالومە، گەڕەدێ، چۆخماخ و دەوروبەری سنگر و مێولاکه، ئه و برادەرانەی لە مەسیرەکەدا لەگەڵمان بوون، هەندێکیان خەڵکی دۆڵی جافایەتی بوون، وەک خوالێخۆشبوو عەبدولقادر حاجی کە خەڵکی هەڵەدن بوو باوکی شەهید غەریب هەڵەدنی، مەجیدی برای و حاجی مەحموود گورون خەڵکی چۆخماخ بوون. پاش ئه و ماوە درێژە کە گەیشتینەوە، ئەوان چوونە وە بۆ لای مال و منداڵیان، دەمێک بوو دابڕابوون لێیان، حەقیان بوو. پاش ئەوە لەگەڵ کاک نەوشیروان خۆمان حازر کرد.

لە دێی چۆخماخ بووین کە زانیمان کاک ئارام لە قەرەداغ لە دێی تەنگی سەر شەهید بووە، من و کاک نەوشیروان پێکەوە وەستابووین. نامەکەی نیشان دام، کە خەسارەتێکی یەکجار گەورە بوو. خۆمان وردەوردە نزیک بووینەوە لە خەمزە، لەوێش هەندێک هەڤاڵی ڕێکخستن هەبوون، من نەمدەناسین، وەک شێخ یوسف و ئیسماعیل ڕەشید و حامد، لەوێ دابەشیان کردین، هەروەها فەتاح خەڵکی سنگر، لەوێشەوە هاتینە خوارەوە بۆ سیرەمێرگ لە ماڵی عومەری حاجی ئەحمەد و مەجیدی برای، خزمەتیان زۆر کردین، هەروەها فەتاحی براشیان. پاش نانخواردن چاوساغیان لەگەڵ ناردین بۆ پەڕینەوە. پاش ماوەیەک گەیشتینە دێی تەگەران. لەوێش ناکرێ بمێنینەوه، سەرجادە بوو، ڕەبیەی حکومەت لە پشتی ماڵەکان بوو. ڕۆیشتین بۆ گەڕەدێ و چنگیان، ئه و ڕۆژە هەر لە دێی چنگیان بووین. لەوێ کاک نەوشیروان بە هاوکاریی ملازم عومەر و کاک سالار هەندێک لە هێزەکانی ڕێک خستەوە. مەفرەزەکان دروست کران، ئەوانەی ئامرمەفرەزە بوون لە کۆبوونەوەکەی چنگیان 1- شەهید عوسمان قادر منەوەر 2- من خۆم مستەفا چاوەڕەش 3- مەحموود ڕەشید نەبەز 4- کەریم دادەمەنە 5- جەمال عەلی باپیر 6- دەرسیم کە لەوێ یەکمان گرتەوه 7- ئەحمەد فەتحوڵڵا ئاغا. کاک بەکری حاجی سەفەر و عەلی چوارتاییش لەوێ بوون. ڕۆژی دوایی تریش هەر لە چنگیان بووین و دابەش بووبووین. بەرەبەیانی لە دەنگی تەقە خەبەرمان بووەوە. دیار بوو دەوری دێکە گیرابوو. حکومەت هەواڵی ئەوەیان زانیبوو کە ئەم هێزە لەگەڵ نەوشیروان مستەفادایە، جەیش و جاش هاتبوون دەوری دێکەیان گرتبوو، کوڕی ئازا ئەوە بوو خۆی ڕزگار بکات.

دێی چنگیان لە دۆڵێکدایە پشت و بەرامبەری شاخی بەرزە. لەم ڕووداوەدا هەشت پێشمەرگە لە مەفرەزەکەی کاک عوسمان قادر منەوەر گیران، خۆی لەگەڵیان نەبوو، نامیق کە خەڵکی سپیار بوو، لەگەڵیان بوو. دەبوو بچنە چایخانەکەی قەیماسە، بەڵام کە چووبوون، کەوتبوونە داوی دوژمنەوە و هەموویان گیرابوون. ئێمە نەمانزانی تاکو تەقە دەستی پێکرد. من ئەو کاتە یەک پێشمەرگەم هەبوو، ناوی ئازاد ساڵح بوو پۆلیسی یاریکەر بوو، باوکی کەبابچی بوو. هەریەک کڵاشینکۆفم هەبوو و هی شانی خۆم بوو، دابوومێ، خۆم لە تورکیاوە هێنابوومەوە. ئەوەشم نەما. بەداخەوە حکومەت هەر هەشت پێشمەرگەکەی لە سێدارەدا. دوای ئه و بەرەبەیانە هەریەکه و به لایەکدا ڕامان کرد. ئێمە هەڵگەڕاین بە شاخەکەی بەرامبەر دێی چنگیاندا، هەندێکیشی بە دۆڵەکەدا بەره و دێی باراو، ئەوان سەلامەت بوون. بەشەکەی کاک نەوشیروان، ملازم عومەر، سالار عەزیز پێکەوە بووین. بە شاخەکەدا بەره و گەلێ هەڵگەڕاین. وردەوردە دنیا ڕووناک بووبووەوە. جاشەکان تەقەیان لێدەکردین. نازانم چۆن بەرنەکەوتین، نیوەی شاخەکە لە سەرەوە بەفر بوو، لەبەر ئەوەی کاک نەوشیروان جگەرەکێش بوو، کوتوپڕ تووشی هەناسەبڕکێ بوو. تەنگەنەفەس بوو. من لە ئەوروپاوە هاتبوومەوه، قەمسەلەیەکی گەرم و باشم لەبەردا بوو، دامکەند و دام بە کاک نەوشیروان، جامانەکەم دایە و لەچکی کرد. چووینە دۆڵەکەوە، لە گوللەی دوژمن ڕزگارمان بوو، بەڵام نەشارەزا بووین له و دۆڵەدا، هەر چاوەڕوان بووین ئێوارە دابێ، برسیشمان بوو. بە پێشمەرگەیەکمان وت بچێت بۆ ناو دێی دۆڵەتو ناوی شوانە بوو، نەیوێرا بچێت. خەبات مەلا عەبدول منداڵ بوو و تازە هاتبوو، وتی من دەچم. ڕۆیشت و هاتەوە، نانیشی بۆ هێناین. وتی ناو دێکە دوژمنی تێدا نییە، مەبەستی دۆڵەتوو بوو، پاش ئەوە شۆڕبووینەوە بۆ ناو دێ.

جارێ وردەکاری و دۆخی برادەرەکان باش نازانین، ڕووداوەکەش جارێ لێمان ڕوون نەبوو، ئەوەندە نەبێ ئه و چەند کەسە ڕزگارمان بووه و پێکەوەین. شێخ عەبدول دۆڵەتوو خەڵکی دێکە بوو، خزمەتێکی بەرچاوی کردین، مەرد بوو، هەروەها خەڵکی دێیەکەش. وردەوردە ئیتر هەواڵمان بۆ هات چی بووه و چی ڕووی داوە، کێ شەهید بووه و کێ گیراوه. بۆ ئێوارە درەنگ چووینە وە بۆ چنگیان، لەوێشەوە نەماینەوە. بەره و دێی باراو کە مەسافەکەی نزیکەی چلوپێنج دەقیقە دەبێ، بە پیادە ڕۆیشتین. چنگیان سەختترە. هەموومان به هۆی ئه و پەلامارەی دوژمن بۆ سەرمان لە دێی باراو یەکمان گرتەوە، هەر دوان لە بن دارێک یان بن بەردێک دانیشتبووین، باسی دۆخەکەی نامیقمان دەکرد، کە بەره و قەیماسە ڕۆیشتوون و تووشی کەمین بوون، جارێ نامیق دیار نییە. عوسمان قادر منەوەر وتی نامیق شارەزایە، ئێستا لە چەمی تەنکەبوار پەڕیونەتەوه و ڕزگاریان بووه. نامیق زۆر وریایە. تەنکەبوار ڕوبارێکە دێتە خوارەوە و لەبەر دێی زەلانەوە دەڕوات بۆ قەڵاچوالان.

له و قسانەدا بووین و هەواڵیان هێنا مەفرەزەکەی نامیق هەموویان گیراون. زۆرمان پێناخۆش بوو، عوسمان قادر منەوەر لە هەموومان زیاتر. چونکی دەستەکەی خۆی بوون، هێشتا خۆمان ڕێک نەخستووەتەوە تووشی ئه و زیانە گەورەیە بووین. بەڵام بەردەوام بووین لە کارەکانی خۆمان، هەر لەگەڵ کاک نەوشیروانداین. جارێ بۆ کارکردن و گەڕان بە دێهاتەکاندا ڕۆیشتین بۆ ناوچەی شلێر و پێنجوێن. ئه و کاتە ئەنوەری مەجید سوڵتانمان لەگەڵ بوو، بەداخەوە لە شەڕ بۆ بەرگری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لای سەقز شەهید بوو. زۆر برادەر بووین، لە دێهاتەکان زۆربەی کات پێکەوە دابەش دەبووین بۆ نانخواردن.

لە گەڕانمان لە دێکان جارێکیان چووینە دێی حاجی مامەند و لەوێوە بۆ پاڕەزان، لەوێ ملازم ئەنوەر کەسێکی بانگ کرد. شکی لێکرد کە لە سلێمانی گەڕابووەوە، پاش پرسیارکردن لەشی گەڕا، لە پاکەتی جگەرەکەیدا نامەیەکی بچوک پێچرابووەوە. لە کەسێکی حکومەتەوە بووە کە سەر بە دائیرە ی ئەمن بوو حەمە کەریم خەبات بۆ کادرێکی عەسکەری.... کە پێشمەرگە بوو. نامەکەمان خوێندنەوە. دەرکەوت لەگەڵ ئه و کەسه و لە ڕێگەی ئەویشەوە لەگەڵ ئەمنی سلێمانی پەیوەندیی هەبوو، کەسەکەش لە جەولەکەی لای شلێر بوو لەگەڵ کاک نەوشیروان، بەپەلە ڕۆیشتین و کاک نەوشیروانمان لێئاگادار کردەوە، چەک کرا و سجن کرا، ئەگەرچی بنکه و بارەگا و سجنمان نەبوو. له و کاتەشدا هەڤاڵان شێخ حسێن بابە شێخ یەزیدی و دکتۆر خالید سەعید پێکەوە هاتبوون بۆ سنووری شلێر. هەموومان لە شلێر یەکمان گرتەوە. لە گەڕان لە دێکان ئیشەکانیش ڕێک دەخرا. ئه و کەسەی گیرا بوو، لە ئێوارەیەکدا لەکاتی دابەشبووندا هاوکارییان کردبوو، هەڵات و چووەوە بۆ ناو حکومەت.

کە لەوێ بووین، چووینە دێی چاش و مشیاو. کاک نەوشیروان نەخۆش کەوت، چەند ڕۆژێ لە ماڵی خوالێخۆشبوو حەمە سدیق خان خزمەتیان کرد. خۆی و کوڕەکانی خانەدان بوون، ئەم دێیە لەسەر سنووری ئێرانە. ئینجا هەموو هێزەکانمان بەره و ناوچەی سیوەیل هاتین. گەیشتینە دێی بارێی گەورە و بارێی بچوک لە لای تیمار. له لای تیمار ڕەبیەی لێبوو. دیار بوو ئەم هێزەی ئێمەشیان بینی بوو، تەقەیان لێکردین. بەڵام لەسەر ڕۆیشتنی خۆمان بەره و ناوچەی ئالان درێژەمان دا و لە دێی موسەکەوە و شابەدین بەره و لای مەروێ و شاناخسێ، بۆ ئەوەی هێزەکە بپەڕێتەوە و بە خاکی ئێراندا بڕۆین بۆ لای مام جەلال. دیارە لە بەینی سنوور ئاوێکی گەورەی لێبوو. سیم دەبەسترا لەمبەر بۆ ئەوبەر بۆ پەڕینەوە، ئەم مەسیرەیەش دیار بوو.

بڕیاریان دابوو بڕۆن بۆ تورکیا بۆ هێنانی وەجبەیەکی تر چەک. بڕیاریان درابوو زۆرترین هەڤاڵەکان و پێشمەرگە بڕۆن. له و سەفەردا ئەوانەی ڕۆیشتن، کەسێکی وا نەمایەوە. لە فەرماندەی مەفرەزەکان، ئەوانەی ڕۆیشتن 1- جەمالی عەلی باپیر 2- محەمەدی حاجی مەحموود 3- عوسمان قادر منەوەر 4- مەحموود ڕەشید نەبەز. هەموو ئیشەکانیان بە ئەحمەد فەتحوڵڵا ئاغا و من سپارد. کاک ئەحمەدیش زیاتر لە ناوچەی ئالان لە دەوری گرگاشە دەمایەوە، لەسەر چەمەکەی سەرسنوور.

پاش ڕۆیشتنی ئەوان، من و ئەحمەد فەتحوڵڵا ئاغا کۆبوونەوەیەکمان کرد بۆ ئیشەکانمان. ژمارەمان زۆرزۆر کەم بوو، کاک بەکری حاجی سەفەریش لە سنووری پێنجوین زیاتر ئیشوکاری حیزبی دەکرد. عەلی چوارتاییش مابوو، ئیتر هەموو سنوورەکە ئەوەندە مابووین، دیارە لە کاد رەکانیش کاک وەهاب و شۆڕش ئیسماعیل مابوون. هەموومان بە دێهاتەکاندا دەگەڕاین بۆ ئەوەی ئیسپاتی مانەوەمان بکەین. جارجارەش مەفرەزەیەک دەڕۆیشتین بۆ ناو شاری سلێمانی. ئەوانەی مابووین، بێجگە لە شەهید عەلی چوارتایی هەموو کۆمەڵە بووین، ناوبەناویش لاوان دەهاتنە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی و ڕێکمان دەخستن. دیارە کارێکی وا ئاسان نەبوو، دوژمن هەمیشە دەیویست جێپێمان هەڵگرێ و دەستمان لێبوەشێنێ. ئێمەش لە گەڕانمان خۆمان دەپاراست. ئەم دۆخە چەند مانگێکی خایاند، پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ خەڵکی دێهاتەکان دروست کرد و توانیمان خۆمانیان پێبناسێنین و خۆشیان بوێین. گەڕان و هاتوچۆ جارێک و دوو نەبوو، لە بەردەوامیدا بوو. ڕەنگە له و ماوەیەدا چەندین جار لە سنووری ئالانەوە بۆ شارباژێڕ و سیوەیل هاتوچۆم کردبێ.


سەفەری هەکاریی هەڤاڵان

لەوکاتەی کە ئه و هەڤاڵانە بۆ هێنانی چەک ڕۆیشتن بۆ هەکاری، ئیتر ئەرک و گەڕان کەوتبووە سەرشانی ئێمە. هەر له و سەردەمەشدا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ برایانی ئێراندا هەبوو لە ڕێگەی شەهید محەمەد مەلا عەلی خەڵکی بێژوێ، کە لەوێوە نامه و ڕاسپاردە و شتەکانی لە لای کاک سەلاحەدین موهتەدییەوە دەهێنا. منیش ئەمنارد بۆ لای مام جەلال لە دۆڵەکوکە و نێوزەنگ، دواجار هاتبوونە ئەوێ. بەداخەوە لە گرتنی ناحیەی کارێزە محەمەد مەلا عەلی شەهید بوو، کەلێنێکی گەورە بوو بۆمان، زۆر خزمەتی کردین و گیانی خۆشی لەسەر دانا. پیاوێکی تێکۆشەر و دڵسۆزی کوردایەتی بوو، ماڵ و منداڵی بەخزمەت بوون.

من کە دەهاتمەوە، زیاتر لەگەڵ ئەحمەد فەتحوڵڵا ئاغا یەکمان دەبینی و دەگەڕامەوە بۆ شارباژێڕی تەخت، تاکو سنووری بەرزنجە دەهاتم. جارێکیان محەمەد مەلا عەلی کەسێکی هێنا بوو لای سەلاحەدین موهتەدی بۆ لامان، ناوی خانەی موعینی بوو، برای شەهید سلێمان موعینی و عەبدوڵڵا موعینی بوو. خەڵکی شاری مەهاباد بوون، ماوەیەکی کورت پێکەوە بووین. زۆر سوودم لێوەرگرت، ئەویش تازە لە زیندانی شا ڕزگاری بووبوو، لەشی جێگەی ئەشکەنجەی پێوە دیار بوو و نیشانی دەدام، بەتایبەت قاچی. باسی ژیانی خۆی و ئێرانی بۆ دەکردم. ساواکی ئێران زۆر ئەزیەتیان دابوو. دوای ئەوەی بەربووبوو، ڕەوانەی لای ئێمەیان کردبوو بینێرین بۆ لای سەرکردایەتی و مام جەلال.

شەهیدبوونی هەڤاڵ ئەحمەد فەتحوڵڵا ئاغا و خانەی موعینی و پۆلێک پێشمەرگە

پاش سەردانی شارباژێڕ ناوبەناو دەچوومە وە بۆ لای هەڤاڵ ئەحمەد بۆ ئەوەی بزانین چیمان کردووه و چی بکەین باشه. به ڕێگەوە بووم بۆ لای، لە میراواوە بەره و شاخی گمۆ دەڕۆیشتم، لە ڕێگە بەیەک گەیشتین، دیار بوو ئەوان شاخەکەیان بڕیبوو و دەهاتنە خوارەوە. ئەملاوئەولای یەکترمان ماچ کرد، چونکی ئەوەندە خۆشەویستی هەبوو له نێوانماندا، سنووری نەبوو. وتی تۆ لێرە بە، من کارێکم لە دیوی ماوەت هەیە. زۆرم پێناچێ دەگەڕێمەوە، منیش وتم کاکە بۆ بمێنمەوە؟ وادانیشتووین پشوویەکمان داوە. ئەوەی هەیە باسی دەکەین، منیش دەبێ بڕۆمەوە بۆ شارباژێڕ. لەسەر ئیشوکارەکان هەندێک قسەمان کرد. وتی تاکو یاڵانقۆز دەچم، ئیتر وتم کاک خانە با لەگەڵ من بێت، وتی قەیناکە با لەگەڵ من بێت. خواحافیزیمان کرد و لەیەک جیا بووینەوه، تاکو میراوە پێکەوە بووین. ئەوان ڕۆیشتن، ئێمەش شه و لە میراوا ماینەوە.

بەرەبەیان لە دەنگی تەقەیەکی زۆر حەرەسەکە بەئاگای هێناین. لە ماڵی عوسمان قامیشی بووم. ئەو کاتە پێشمەرگەی خۆمان بوو. هەموومان هەڵساین، خۆمان کۆکردەوە و خۆمان بەست، وتم کاک عوسمان با یەکێک بچێتە سەرەوە و بزانێ ئەم تەقانە چییه؟ وابزانم خۆی سەرکەوت یان کەسێکی تر بۆ بەرزاییەکەی پشتی دێ، هاتەوە و وتی هیچ نییە، لەبەری دڕی تەقەیە، وتم ڕەنگە سەربازەکان مەشق بکەن، چونکی کاک ئەحمەد نەیوت دەچم بۆ ئەوێ، پاش ئەوەی نان و چای بەیانیمان خوارد، ڕۆیشتین بۆ دێی کوڕەداوێ. نانی نیوەڕۆمان لەوێ خوارد، بەرامبەر دێی کوڕەداوێ دەڕۆیشتین بەره و گۆرانگە. هێشتا ناو دێمان بەجێ نەهیشتبوو، چەند جارێ بانگیان کردم، منیش ڕاوەستام. حاجی سەلیم ئاغای مەروێ هات، ئەو کاتە لە دەرەوە لەگەڵمان بوو، لەگەڵ ئەحمەد فەتحوڵڵا ئاغا بوو. وتی حکومەت پەلاماری داوین لە دڕێ لەسەر کانی بێشوک. لەوێ هەموو پێشمەرگەکان پەرش و بڵاو بوونەتەوە، کاک ئەحمەد و چەند پێشمەرگەیەکی تر شەهید بوون و کۆمەڵەکیش گیراون. خۆمان چیمان بەسەر نەهاتبوو تا ئەم هەواڵە ناخۆشەش ببیستین. لەولاوە لە هەکاری برادەران تێدا چوون و چارەنووسیان دیار نییە، لێرەش ئەم پۆلە پێشمەرگەیەمان شەهید بوون. ئەرکەکانیش ئیتر دەکەوێتە سەرشانی من. خوایە چی بکەم؟ ئیتر پاش ئه و هەواڵە ناخۆشه ناچار بووم بگەڕێمەوە بۆ دیوی ئالان بۆ ئەوەی مام جەلال و سەرکردایەتی لەمەی بەسەرمان هاتووە، ئاگادار بکەمەوە. گەڕامەوە و لە دێی میراوا حاجی تۆفیقم بانگ کرد کە موختاری دێکە بوو، وتم مادام لەناو شەهیدەکاندا خانەی موعینیی تێدایە، هەر چۆنێک بێت، بەڵکو بچیت بۆ ماوەت، بەڵکو تەرمی شەهید خانەم بۆ بهێنیتەوە، ئا مانەته لامان. خوا هەڵناگرێ وتی بەسەرچاو، ڕۆیشت و هاتەوە، وتی بەخوا هەر نەموێرا باسیشی بکەم. دیارە بۆی نەکرابوو.

له گەڕانەوەماندا بۆ دیوی ئالان خوا کردی و حاجی چاوشین پەیدا بوو. حاجی چاوشین بەناوبانگ بوو بۆ خێراڕۆیشتن. حاجی ڕێگەی دوو ڕۆژی به ڕۆژێک دەبڕی. لە سەرکردایەتییەوە بە ناو خاکی ئێراندا گەڕابووەوە. بەداخەوە ئەمیش ساڵی 1979 لەگەڵ شەهید سیروان تاڵەبانی شەهید بوو. ئیتر ڕووداوەکە چۆن بوو، لە نامەیەکدا بۆ مام جەلال و کاک نەوشیروانم نووسی. نامەکەم پێدا و بەڕێم کرد. ئەوانەی شەهید بوبوون:

1- ئەحمەد فەتحوڵڵا ئاغا جێگری هەرێم خەڵکی دڕی بوو.

2- محەمەدی حاجی عەلی خەڵکی بەردەسپیان لای سەراو.

3- عوسمان عەریف مەجید لە ئەسڵدا خەڵکی شوان بوو.

4- فەرەیدون حاجی ئیبراهیم ناسراو بە حاجی ئیبراهیم چاوشوشە. خەڵکی سلێمانی بوو.

5- جەزا ناوێک.

6- خانەی موعینی خەڵکی شاری مەهاباد بوو، براکانی لە تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی ئێران بوون. دوو پێشمەرگەش بەدیل گیرابوون:

1- مستەفا حەمەعەلی دەمرکانی تازە هاتبووە دەرەوە، تەمەنی هەژدە ساڵی تێنەپەڕاندبوو. لەبەر ئەوە ئیعدامیان نەکرد، حوکمی هەتا هەتاییان دا، لە لێبوردنی گشتیی ساڵی 1979دا بەربوو، جارێکی تر هاتەوە لای خۆم و بووەوە بە پێشمەرگە. کوڕێکی ئازا و وریا بوو.

2- کوڕێکی عوسمان قامیشی بەدیل گیرا، ئەویش هەر لەبەر منداڵی لە سێدارە نەدرا و لە لێبوردنی گشتیدا بەربوو.

ئەمەی بەسەر پێشمەرگەکاندا هات کارەساتێکی یەکجار قورس بوو، خۆمان له و سەردەمەدا چەند ئەوەندەیەک دەبووین. دوای ئەوەی حاجی چاوشینم بە نووسراو ڕەوانەی لای سەرکردایەتی کرد، پاش دوو سێ ڕۆژ حاجی هاتەوه و وەڵامی نامەکانی خۆمی بۆ هێنامەوە. من هەر لە ئالان چاوەڕوانم کرد تاکو هاتەوە. مام جەلال لە وەڵامدا سەرباری ئەوەی ئەم برا پێشمەرگانە شەهید بوون، سەرخۆشیی لێکردبووین و هەندێک ئامۆژگاریی کردبووین، لە نامەکاندا یەکێک لە خاڵەکان نووسیبووی بۆم، من جێگری ئامرهەرێم بم تاکو شێخ عەلی خولە کەشکۆڵ دێتەوە. ئەویش لەگەڵ برادەرانی تر لە شەڕی هەکاری لای قیادەی موەقەتە گیرابوو.

ئەوەی بەسەرمان هات و ئەوەی لە هەکاریش ئه و هەموو هەڤاڵانەمان شەهید بوون و گیران، له و سەردەمەدا قورس بوو. نائومێدیەک باڵی هەم بەسەر پێشمەرگه و هەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا کێشا، بەتایبەت دوای هەکاری، چونکی لە هەکاری ئەوەی کوژرابوو، کوژرابوو، باقیات گیرابوون، چەند کەسێک نەگیرابوون و هەڵاتبوون، پاش ماوەیەک گەیشتنەوە لامان. وەک جەمالی عەلی باپیر و محەمەدی حاجی مەحموود، کە ئێستا لێپرسراوی حیزبی سۆشیالیستی کوردستانە، چەند کەسێکی تر ڕزگاریان بووبوو و بە هەزار دەردیسەری گەیشتنەوە لامان. له و سەرکردانەی لەوێ شەهید بووبوون: 1- عەلی عەسکەری 2- دکتۆر خالید 3- شێخ حسێن بابە شێخی یەزیدی. ئەوانەی گیرابوون 1- ملازم عومەر 2- شێخ عەلی(خولە کەشکۆل) 3- حامدی حاجی خالید 4- ئازاد هەورامی 5- عوسمان قادر منەوەر 6- مەحموود ڕەشید (نەبەز) 7- مامۆستا سەلام 8- سەید کاکە 9- تایەری عەلی والی. خەڵکی کە ئەم هەواڵانەیان دەبیست، وایاندەزانی شۆڕش نەماوە.

ئەوانەی لەگەڵمدا بوون، نزیکەی بیست پێشمەرگە بوون، یەکێکیان فەرماندەی دەستەکەم بوو بە ناوی عادل سەید قادر. منیش دە پێشمەرگەم لەوانەی لای خۆم بۆ جیا کردەوە و وتم بڕۆرەوە بۆ شارباژێڕ، لەناو خەڵکی و دێهاتەکاندا بگەڕێن با خەڵکی بزانن پێشمەرگە ماوه و کاری باش بکەن.

وەڵامی نامەکانی مام جەلال زیاتر ورەی بەرز کردمەوه، کاری تازەشی بۆ دەستنیشان کردبووم، بڕوا و متمانەی زیاتریشی دامێ. منیش لە دیوی ئالانەوە گەڕامەوە بۆ میراوا. جارێکی تریش حاجی تۆفیق موختاری دێی میراوا م بانگ کرد و ناردم بۆ ماوەت هەر بۆ تەرمەکەی خانەی موعینی، کە ئەمانەت بووە لامان، حکومەتی عێراق نازانێ خەڵکی ئێرانه. خوا هەڵناگرێ جارێکی تر چووەوە، بەڵام نەیتوانیبوو. چونکی بە هەڵە تەرمەکانیان شاردبووەوە. ئیتر منیش بە ناچاری بەره و کوڕەداوێ گەڕامەوە و لەوێشەوە بۆ گردە زوبیر و وەراز بۆ ئەوەی بپەڕێمەوە بۆ شارباژێڕی تەخت. پێش خۆشم عادل سەید قادرم نارد بووەوە. ئەم هاتوچۆیەش ئاسان نییە. بە ناو ئەم هەموو کەمینانەدا قۆناغبەقۆناغ گەیشتمەوە لای دۆڵەتوو و سەرکەوتم بۆ لای چایخانەکەی قەیماسە.

ڕۆژی پێش ئەوە ڕەفیقی حاجی عەبدوڵڵا کە پێشمەرگە بوو لام، پارەم دابویە و وتم تاکو من دێمەوە حەیوانێک بکڕن، هیلاکین، پێشمەرگەکان با گۆشت بخۆن. لە دوورەوە کەسێک بەره و ڕوومان هات. کە نزیک بووەوە، ڕەفیقی حاجی عەبدوڵڵا بوو. پاش سڵاو وتی دەزانی چی ڕووی داوە؟ وتم چی بووه؟ وتی کارەساتێکی زۆر ناخۆش ڕووی داوە، ئه و دەستەیەی کە من لەگەڵ عادل سەید قادر ناردوومەتەوە بە ناو خەڵکیدا بگەڕێن بۆ ئەوەی خەڵکی پێشمەرگە ببینێ، لە دێی عازەبان تووشی شەڕ بوون لەگەڵ دەستەکەی کاک وەهاب، کە ئەو کاتە کادێر بوو. کاک وەهاب شکی لێکردوون و وایزانیوە تەسلیم دەبنەوە. ئەمانیش هەمان شکیان هەبووە لەوان. پەلاماری یەکتری دەدەن و تەقە دروست دەبێ لە نێوان هەردوو لایاندا و کوڕێکی پێشمەرگەی چاک بە ناوی بێباک شەهید دەبێت. بێباک ئەندازیار بوو، خەڵکی خانەقین بوو. زۆرم خۆشەدەویست. لە بنەماڵەیەکی ناسراو بوون. عادل خۆی بریندار دەبێ، گوللەیەک بەر قۆڵی دەکەوێت و تووشی نەزیف دەبێ. کوڕێکی تر بە ناوی محەمەد هەڵەبجەیی بریندار دەبێ، کاک وەهابیش پاش ئه و ئیشە له و ناوە دوور دەکەوێتەوە. نائومێدی و بێخاوەنی باڵ دەکێشێ بەسەر ناوچەکەدا. ئیتر کە ئەمەم بیست، کەوتمە سۆراغی کارەکه. لەولا هەکاری، لەولاوە شەهید ئەحمەد فەتحوڵڵا و هاوڕێکانی، لەملاشەوە مەفرەزەکەی عادل و کاک وەهاب.

هاتمەوە سەر ماڵی وێران

ئەم ڕووداوە زۆرزۆر بۆ من ناخۆش بوو، سۆراغم کردن و دۆزیمنەوە. کە هێنایانن، لە دارەمەیتدا بوون، عادل لەسەر شانی پێشمەرگەکان بوو. خەڵک هاوکاریی دەکردن، نەشدەکرا لە دێیەک بیانهێڵێتەوە لەبەر ئەوەی نەک دوژمن پێی بزانێ و بێت بیانبات. عادل خوێنی تێدا نەمابوو. نە دکتۆرمان هەیە و نه خەستەخانە، دکتۆرەکەیان خۆم بووم. دەمزانی دەرزی لێبدەم. کۆڵەپشتێک دەرمانم پێبوو، عادل و محەمەدیشم دەرمان کرد. پێشمەرگەیەک لەولاوە هەر بۆ گاڵتە وتی ئەگەر حکومەت بزانێ خۆشت دکتۆری، قیمەتت زیاد دەکات. بیرم کردەوە، جێگەمان نییە بۆیان. بارەگامان نییە، کەسیش نییە لە ترسی حکومەت بیانشارێتەوە. بە بیرمدا هات وتم بیانبەن و لای حکومەت تەسلیمیان بکەنەوە. بڵێن ویستومانە تەسلیم ببینەوه، مستەفا چاوڕەش هاتووەتە سەرمان. کە زانیویەتی تەسلیم دەبینەوە، وای لێکردووین، بۆ ئەوەی بڕواتان پێبکەن، کارەکەم خستە سەرخۆم. دوو چەکیشم دانێ تەسلیمی بکەنەوە بۆ ئەوەی بڕوایان پێبکەن، چەکێکی بڕنه و و کڵاشینکۆفێکی خراپمان هەبوو، بەحرییان پێدەوت. هەردوو چەکەکەم دانێ. کەسوکاریش لەبەر دوو هۆ زۆر سوپاسیان کردم. یەکەم چەکم دانێ. دووەم ڕێگەم دان بیانبەنەوە، دایکیشی لەگەڵیا بوو، کەسوکاری کە ڕووداوەکەیان زانیبوو، هاتبوون بۆ لایان. ئەوان ڕۆیشتنەوه، کاری خۆیان چۆن جێبەجێ دەکەن کەیفی خۆیانە، ئیتر ئاگامان لەیەک نەما. لە ساڵانی دواتردا عادل بە نەخۆشیی دڵ وەفاتی کرد، ڕەحمەتی لێبێ.

پاش ئەوە ناردم بەدوای کاک وەهابدا و دۆزیمەوه، هات بۆ لام. کاک وەهاب شوکر ماوە. وتم کاکە کارێکی خراپتان کردووه، ناشکرێت لەبەر دۆخی ناسکی خۆمان لێرە بمێنیتەوە، بچۆ بۆ سەرکردایەتی. کاغەزێکم نووسی بۆ کاک نەوشیروان، کاک وەهابیش پێی باشبوو. ئیتر ڕۆیشت بۆ سەرکردایەتی. منیش چەند ڕۆژێ خەریکی گەڕان بووم به دێهاتەکاندا، هەم دۆخەکەمان ڕوون دەکردەوە بۆ خەڵکی کە لە نێوان خۆماندا بە هەڵە بووە، هەم خەریکی پەیداکردنی چەک بووین، له و ماوەیشدا چەند جارێک چووینە شارەوە بۆ دەستوەشاندن لە حکومەت، خۆشم لەگەڵیان دەچووم.

پەیوەندیی نێوان خۆمان و ڕێکخستنی ناوشار

پەیوەندییەکی باشمان دروست کرد. ناوبەناو لەسەر دۆخەکە و جوڵانی دوژمن زانیارییان بۆ دەناردین، بەتایبەت لەسەر جموجۆڵی دوژمن و ئەوانەی هاوکاریی ڕژێم دەکەن. سوودمان لێوەردەگرتن، لە نێوان خۆمان و ناوشاردا کەسێکی ئەمینم دۆزیبووەوە. بڕوایان به من هەبوو، ئێستاش ماوە، خەڵکی دێی دۆڵەتوو بوو بە ناوی شێخ عەبدول، ناوبەناو نامەم پێدا دەنارد، وەڵامی نامەکانی بۆ دەهێنامەوە. پیاوێکی دڵسۆز بوو. ڕۆژبەڕۆژیش خەڵکی زیاتر باوەڕمان پێدەکات و متمانەمان لایان زیاتر دەبێ و ئێمەش زۆر حورمەتمان دەگرتن.

ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران

له و سەردەمەدا وەزعمان بەره و پێشەوە دەچوو. لە خەڵکی شار و لادێش دەهاتن بۆ لامان بۆ پێشمەرگایەتی. ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران دەستی پێکردبوو، وردەوردە شارەکانی دەگرتەوه، بۆ ئێمەش زۆر باش بوو. لەگەڵ کوردەکانی ئێران پەیوەندیمان هەبوو لە ڕێگەی محەمەدی مەلا عەلی بیژوێ وە. ڕۆژێکیان کاک محەمەد دوو برای کوردی ئێرانی هێنایە لامان بە ناوی 1- مامۆستا ئیبراهیم ساعدی وەتەندۆست 2- دکتۆر جەعفەر شەفیعی دکتۆر عەزیز ناوی نهێنیی بوو. ئەم دوو برایە لە ڕێگەی کاک محەمەد مەلا عەلییە وە هاتن. کاک سەلاحەدین موهتەدی کە لە بۆکان بوو، ناردبوونی، بۆ ئەوەی ڕەوانەی لای مام جەلا یان بکەم.

لە بەردەم دێی بیژوێ چریک و ژاندارم ڕێیان پێگرتبوون و دکتۆر جەعفەریان گرتبوو، مامۆستا ئیبراهیم خۆی شاردبووەوه، بەڵام فێڵیان کردبوو لێیان، کاک محەمەد مەلا عەلی وتبووی بۆ سەردانی ئێمە هاتوون بۆ بێژوێ، به و شێوەیە ڕزگاری بووبوو. شەوێک دواکەوت، منیش کە مامۆستا ئیبراهیم هات و لە ئاوەکە پەڕاندیانەوە، زۆر ترسام. چونکی ماوەیەک پێش ئێستا خانەی موعینییان ناردبوو، لە (دڕی) تووشی ئه و کارەساتە بوون، ئەمانەش ئەمانەتن. مامۆستا ئیبراهیمم نارد بۆ پشتی گرگاشە شوێنێکی لێبوو و پێیان دەوت بایەقەل، لەوێ شاردمەوە. ماڵیان ئاوابێ خزمەتیان کردبوو و ڕێزیان گرتبوو. بۆ بەیانی دکتۆر جەعفەریان هێنا، منیش هەردووکیانم ئامادە کرد ڕەوانەی لای سەرکردایەتییان بکەم. ئەوەندەی لەبیرم مابێ، بارێک دەرمانیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو. هەروەها مەبلەغێک پارە بۆ یارمەتیی شۆڕشی کورد. بۆ ئێمە زۆر بوو، وابزانم دە هەزار دیناری ئەو کاتە بوو. نەک دە هەزار دینار، دە دیناریش بۆ ئێمە زۆر بوو.

ڕەوانەکردنیان بۆ لای سەرکردایەتی

مامۆستا غەفور ژاژڵەیی تازە هاتبووە دەرەوە، ئەویش دەچوو بۆ سەرکردایەتی. به فرسەتم زانی و تەسلیمی دەستێکی ئەمینی وەک مامۆستا غەفورم کردن و ڕەوانەم کردن. سیممان بەست و بە شه و لە ئاوەکە پەڕاندنماننەوە بۆ بەری ئێران. خۆیان بە سیمەکەدا هەڵواسی. منیش دڵم ڕەحەت بوو کە تووشی هیچ نەبوون. پاش ماوەیەک مامۆستا غەفور ژاژڵەیی لە سەرکردایەتی هاتەوە. تەسلیم بە مام جەلالی کردبوون. دکتۆر جەعفەریش لەوێ خەستەخانەیەکی بچوکی دانابوو، دەستی کردبوو بە دکتۆری و بە دکتۆر عەزیز دەناسرا. جەعفەر شەفیعییش لەوێ بوو. دوایی لەگەڵ هەردووکیان بووین بە برادەر، خەڵکی زیرەک و تێکۆشەر بوون. لە سەرکردایەتیی کۆمەڵەی ئێران بوون. ئێستاش مامۆستا ئیبراهیم بەردەوامە لە خەبات، بەداخەوه دکتۆر جەعفەر لە ڕووداوی ئۆتۆمبێلدا شەهید بوو و گیانی لەدەست دا.

لەگەڵ مامۆستا غەفور پێکەوە بووین، زۆر منی خۆشەدەویست و جارجارەش جودا دەبووینەوە و ناوبەناو یەکمان دەگرتەوە. بەداخەوە تەمەنی مامۆستا غەفور زۆری نەخایاند لەناو شۆڕشدا، به هۆی خیانەتی کەسێک کە پێشمەرگە بوو لەگەڵیدا و خزمی بوو، لە خەودا لای باڵخ شەهیدی کرد و تەسلیم بووەوە، ئەمە زۆر ناخۆش بوو بۆمان. ئەوەی شەهیدی کرد، ناوی ساڵح بوو. کادێرێکی باشی خاوەن ئەزموون لە شۆڕشی ئەیلوولدا بەدەستی نامەرد و خیانەتکار شەهید بکرێ. من ئومێدی زۆرم پێی بوو، پێویستمان پێی بوو. خۆشی خەڵکی سنووری ماوەت بوو، کادێرێکی بزووتنەوە بوو. دوای شەهیدکردنی مامۆستا غەفور ماوەی هەفتەیەکی نەبرد، خیانەتکارەکە لە شاری سلێمانی کوژرایەوە. ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ ئەوەی کەس نەوێرێ دەستی بچێتە خوێنی هەڤاڵەکانی و لە پێناوی پارەوپولدا خیانەت بکات و بزانێ دەکوژرێتەوە. ئەوەی کوشتیەوە، دەستی خۆش بێ.

ه و سەردەمەدا وام لێهات دێهاتەکان هەموویان دەیانناسیم. خۆشم کارێکی وام کرد، هەموو شارباژێڕ و سیوەیل و بەرزنجه و سنوورەکە وەک پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بمناسن. پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ دێهاتەکاندا دروست کرد. خوا هەڵناگرێ خەڵکی لە ئێمە دڵسۆزتر بوون، پشتیوانی شۆڕش بوون، هەموو شتێکیان بۆ دەکردین، دەیانحەواندینەوە، نانیان دەداینێ، جلیان بۆ دەشتین، دەنگوباسی دوژمنیان بۆ دەهێناین. لەم سەروبەندەدا ناوبەناو خۆم لەگەڵ مەفرەزەکان هاتوچۆی ناوشارم دەکرد و دەستمان لە دوژمن دەوەشاند.

هاتنەوەی کاک نەبەز و کاک عوسمان قادر منەوەر پاش بەربوونیان لای قیادەی موەقەتە

ڕۆژێکیان لە دێیەک بووین. جوابیان هێنا و وتیان دوو برادەر هاتوونەتەوە عوسمان قادر منەوەر و مەحموود ڕەشید (نەبەز). من چووم بە پیرییانەوه، تووشی ئەزیەتێکی زۆر بوون لە گرتن لای قیادەی موەقەتە. پاش ئەملاوئەولای یەکتر ماچکردن و پشوودانێک، نامەیەکی کاک نەوشیروانیان دامێ، کە بۆ منی نووسیبوو. پاش سڵاو و هەواڵپرسی، نووسیبووی وا ئه و برایانەی خۆت ڕزگاریان بووە و هاتنەوە. خۆشت دەزانی چەند برادەرن، هیوادارم مەفرەزەیان بۆ دروست بکەیتەوە. لەڕاستیدا هەر زۆرزۆرم پێخۆش بوو، هەم بۆ ڕزگاربوونیان، هەم بۆ منیش باشە کە دوو هاوڕێی باش و ماندوو و خاوەن شارەزایی باش پێکەوە کارەکان بکەین. خۆ ئەوان هیچ تاوانێکیان نەبووە کە تووشی ئه و ڕووداوە بوون. بێجگە لەوەش، لە پێش منەوە لە پێشمەرگەکانی ساڵی 1976 بوون کە هاتوونەتە دەرەوە. کە ڕۆیشتبوون، وەک من دەستەیەک پێشمەرگەیان هەبووە، هەردووکیان غەریب نەبوون بۆ من و تازە یەکترمان نەناسیووە. لە شۆڕشی ئەیلوولیش پێکەوە پێشمەرگە بووین. حەقی خۆیان بوو درێغی نەکەم. کە ئەوان هاتنەوە، نزیکەی سی پێشمەرگە زیاتر دەبووین. منیش دابەشم کرد بەسەر هەرسێکماندا، هەریەکەمان دە پێشمەرگەمان لەگەڵ بێت، خۆ ناکرێ هەر پێکەوە بین. لە ڕووی کاری پارتیزانیشەوە باش نییە. بۆ ئەوەی دابەش بین بەسەر ناوچەکاندا، پاش چەند ڕۆژێ پێکەوەبوون بڵاوەمان لێکرد و ناوبەناو یەکمان دەگرتەوه.

ئەگەر شەوێک لە دێیەک بماینایەتەوە، بەیانییە کەی چوار پێنج سەعات زیاتر دوور دەکەوتینەوە له و دێیەی لێی بووین بۆ ئەوەی دوژمن جێگە پێمان هەڵنەگرێ، نیوەڕوانیش هەمیشە لە جوڵاندا بووین. ئەمه پیشەمان بوو. چەکی دەستیشمان تەنها کڵاشینکۆف و بڕنه و بوو، کە بەشی هەموومانی نەدەکرد. فیشەک هەر ئەوانەمان پەیدا دەکردەوە، کە لە شۆڕشی ئەیلوول لەم لادێ و ئه و لادێ شاردرابووەوە. سەرچاوەیەک نەبوو یان کەسێک نەبوو لەم دوورەدەستییەماندا هاوکاریمان بکات. بێجگە لەوەی لە مانگێکدا چەندین جار دەچووینە ناوشار بۆ دەستوەشاندن لە دوژمن، ئەمەش بۆ هەست و ڕۆحییەتی خەڵکی لەناوشاردا باش بوو.

دوو پێشمەرگەی خەڵکی سلێمانی له لای مام جەلال پێشمەرگە بوون. حەزیان لێبوو بێنەوە بۆ سلێمانی. نووسراویان بۆ کردبوون و هاتنەوە بۆ لای من. یەکێکیان ئاوات عومەر عەلی ئەمین بوو، کە باوکی خزممان بوو، خوێندکار بوو و وازی هێنابوو، ئەویتریان ناوی هێمن قەیسەر بوو. لاو بوون، ئیتر ئەوانیشمان لەگەڵ خۆمان ڕێک خست، بەداخەوە ئاوات پاش ماوەیەک له کاتی جەولەکردندا لە دێی هونەرێنە گیرا، دوژمن لە بەرزنجەوە هێرشیان بۆ کردبوون، دوایی لە موسڵ لە سێدارە درا.

بابا تاهیریش لە سلێمانی هاتبووە دەرەوە. ئێمەیش لەگەڵ ناوشار و ڕێکخستن کارەکانمان ڕێک خستبوو، ناوبەناو خەڵکی ڕێکخستنیان نەدەدۆزییەوە. بۆ ئەوەی تووشی مەترسیی گرتن نەبن، زۆرجار لەگەڵ خۆمان تەماسیان دەبەست و بە زانیاری هاوکارییان دەکردین.

لەگەڵ کاک عوسمان قادر منەوەر (لەم ساڵانەی دواییدا وازی لە یەکێتی هێنابوو و بووبوو بە پارتی. بەداخەوە ساڵی 1994 لە شەڕی ناوخۆدا شەهید بوو) وا ڕێک کەوتین هەر چوارمان بچینە شارەوه، برادەرێکمان هەبوو لە ناوشار بە ناوی ڕەفیقی قادر نەمەڵی، بە تاکەکەسی ئەمبینی. هاتبوو بۆ لام، ئێستا ماوە و لە دەرەوەی وڵاتە. پێم وتبوو بزانێت ئاخۆ خەڵکی بێگانە لە ناوشاردا هەیە؟ بۆ ئەوەی بیانڕفێنین و دەنگ بداتەوە، خەڵکی و ئەوروپا بزانن لە کوردستان شۆڕش هەیە.

پاش ماوەیەک وەڵامی داینەوە و نووسیبووی چەند ئەڵەمانییە ک هەیە و ماڵەکەیان لە تووی مەلیکە لای ماڵەکانی مامۆستاکانی زانکۆوە، وتمان زۆر باشه. من و کاک عوسمان لەگەڵ بابا تاهیر و ئاوات عومەر عەلی ئەمین ڕێک کەوتین (بەداخەوە بابا تاهیریش لە شەڕی ناوخۆدا لای شەقڵاوه شەهید بوو). هەرچوارمان ملی ڕێگەمان گرت و بە شه و خۆمان کرد بە ناو سلێمانیدا. شەوی یەکەم من و عوسمان چووینە ماڵی خوشکێکم، ماڵەکەیان لە خانووەکەی ئێستگەی نەقڵ بوو، پشتی دارالطلبە لە خوار خانووە قوڕەکان. ماڵی (عوسمان حاجی عەلی) زاوام بوو. ڕۆژ بووەوە، ئەوەندەی پێویست بوو، کەسوکار هاتن بۆ لامان. ئەکرەمی پوورم هات، ماوەی ساڵێک دەبوو ژنی هێنا بوو، سەنگەری کوڕی خستە باوەشمەوه، وتی کوڕەکەم جوانە؟ وتم لە خۆت دەچێ. لێرەدا ئەکرەم بە چەند دێڕێک باس ناکرێ. ئەکرەم یەکێتی نەبوو و بڕوای پێی نەبوو. لەسەر ئەوەی نامەیەکی بۆ من نووسی و به هۆی خەڵکی خائینەوە دەست دوژمن کەوت، لەسەر ئه و نامەیە و ڕابوردووشی قینیان لێی بوو.

ئه و ڕۆژەی لە ماڵی خوشکم بووین، بۆ شەوێ لەگەڵ باباتاهیر و ئاوات یەکمان گرتەوه. کە چووین بۆ لایان، من و عوسمان لەسەر شەقامی ئیبراهیم پاشا دەستمان لە تاکسییەک ڕاگرت، دیار بوو ئێمەی ناسی، ناسیاو دەرچوو، عوسمانی باشتر دەناسی. وتی کاکە گیان ئەوە سویچی تاکسیەکەم، بە خوا وا خەریکە دڵم دەوەستێ، ناوێرم لەگەڵتان بێم. ئه و ڕۆیشت و تاکسییەکی ترمان ڕاگرت. چووین بۆ لای ڕەفیقی قالە نەمەڵی. کە بینیمان، وتی ئەڵەمانییە کان لەوێ نەماون. وتمان ئەی باشە ئێمە بەم هەموو شاخ و ناڕەحەتی و ترس و خۆشاردنەوەیە هاتووین بۆ ناوشار، با شتێک بکەین ئینجا بگەڕێینەوه دەرەوە. لەبەر یانەی سلێمانی لەسەر شەقامەکه، خوار فلکەی ئاسکەکانی کانێسکان لەگەڵ باباتاهیر و ئاواتدا یەکمان گرتەوه. هەرچوارمان سواری تاکسییەک بووین و بە شەقامی مەولەویدا بەره و بەر دەرگای سەرا و لەوێشەوە بۆ جادەی سابوونکەران ڕۆیشتین، لەوێ چالاکییەکی سەرکەوتوومان جێبەجێ کرد. ئیتر بە گەڕەکی قەزازەکاندا چووینە خوارەوە، لای مزگەوتی هەمزە ئاغا، تۆزێک لە جێگەی چالاکییەکە دوورکەوتبووینەوە، تەقەیەکی زۆر کرابوو، خەڵکی هاتبوونە بەردەرگا بۆ ئەوەی بزانن چی ڕووی داوە، ئێمەش تێکەڵی خەڵکەکە بووین. گەنجێک ڕای دەکرد و پێڵاوێکی پاژنە بەرزی لە پێدا بوو، وتم کاکە ئەوە بۆچی ڕادەکەی، چی بووە؟ وتی کاکە ئەمە دۆخی شارەکەمانە، منیش وتم هیچ مەترسە، خائنێک کوژراوه، دەمانچەکەم دەرهێنا و نیشانم دا. که ئەمەی دی، لە شەقەی باڵی دا و لە جاران خێراتر ڕای کرد، من ویستم ڕوحییەتی بەرز بکەمەوه، لە جێگەی کارەکە دوورکەوتبووینەوە، ئیتر هاتینەوە بۆ شارباژێڕ.

لە گەڕانەوەماندا لای دێی وەللانە کوڕێک پێشمەرگە بوو لای عوسمان قادر منەوەر، ناوی سوارە سیوەیلی بوو، وتی دەڕۆمەوه، بە دزییەوە داوای لە عوسمان کرد دەمانچەکەی بداتێ تاکو دێتەوە، ئەویش دەمانچەکەی دایە. دەمانچەکەش لە ڕاستیدا هی کاک بەکری حاجی سەفەر بوو، عوسمان بە موەقەت وەریگرتبوو، دای بە سوارە. ئەو کاتە چەک هەر زۆر کەم بوو. بە حساب سوارە ڕابەری سیاسی بوو لە مەفرەزەکەی عوسمان و کۆمەڵە بوو. کە ڕۆیشت، هەر نەهاتەوە، دوایی له ناوشارەوە هەواڵیان بۆ ناردین وتیان سوارە تەسلیم بووەتەوە. عوسمان زۆری پێناخۆش بوو و توڕە بوو. قسەی زۆر خۆش بوو، هەموو ڕەفیقەکان دەزانن، سلێمانی وتەنی کوڕی شار و کوڕی کۆن بوو. عوسمان وتی وامدەزانی ئەم سەگبابە خوشکەزای مارکسە. خۆم لە پەنایا مەلاس دابوو بۆ ئەوەی کەس ڕەخنەم لێنەگرێ، کەچی ئه و پیاوە دەرچوو.

بە حوکمی ئەوەی زۆربەی کاتەکان لەگەڵ عوسمان و نەبەز پێکەوە بووین، بڵاو دەبووینەوە و یەکمان دەگرتەوە. پاش ماوەیەک کاک نەوشیروان نامەیەکی نووسیبوو بۆم و دەڵێت هەرسێکتان لیژنەی هەرێم بن. ئەو کاتە ئامرهەرێمی 3ی شارباژێڕ بووم هەر خۆم سەرپەرشتیم دەکرد. منیش بیرم کردەوە چی ڕەنجێکی بێشومارم داوه و کێشاوه. من لای خۆمەوە زۆر ڕێزم لە نامەکەی کاک نەوشیروان گرت، بەڵام عەقڵم لیژنەی نەدەبڕی. لیژنە بۆ هەموو شتێک دەبێ، بەڵام بۆ کاری پێشمەرگایەتی نابێ، بەتایبەتی لە دۆخێکی وەک ئێمەدا کە شەڕی پارتیزانی دەکەین. چونکی دەبێ یەک کەس بڕیار بدات. لیژنە بۆ ڕاوێژکردنە لەسەر مەسەلەیەک، پاش ماوەیەک پێکەوە بووین، من نامەیەکم بۆ کاک نەوشیروان نووسی و وتم من لیژنەم پێ باش نییە. ئەگەر جەنابتان لەم سێ کەسەمان هەر کامێکمانت پێ باشترە، من ڕازی دەبم و مۆری هەرێم تەسلیمی ئه و دەکەم. لە وەڵامدا هەر خۆمیان دانایەوە، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ دژی یەکتر بووین، ئێستا و ئەوساش وەک برا وابووین، بەداخەوە شەڕی ناوخۆ لەیەکی کردین. هەر لە کۆتایی ساڵی 1978 و سەرەتاکانی 1979دا بوو لە ئێران جوڵانەوە دروست بوو.

سەرهەڵدانی جوڵانەوەی ئێران

له و سەردەمەدا جارێکیان لەگەڵ محەمەدی مەلا عەلی بێژوێ بە دزییە وە بە ناو خاکی ئێراندا لەسەر سنوورەوە سەردانی سەرکردایەتیمان کرد. چوومە لای مام جەلال و کاک نەوشیروان و باقیی برایانی تر. لە نێوزەنگ تازە خەریکی ژوور دروستکردن بوون. مام جەلال لەگەڵ دکتۆر مەحموود عوسمان پێکەوە ژوورێکی بچوکیان هەبوو، ئاودزی کردبوو، تەختەیان لەسەر دانابوو، ئاو به ژێریاندا دەڕۆیشت، زستانیش بوو. هەواڵی کارەکانمان و دۆخی ناوچەکەیان لێپرسیم و وەڵامم دانەوه. خەڵکی ئێرانی دژی ڕژێمی شا هەستابوون، کوردستانیش لەم ڕاپەڕینەدا بەشدار بوو. بۆ ئێمە زۆر باش بوو، ویستم بڕۆمەوە، مام جەلال نامەیەکی دامێ بۆ کاک سەلاحەدین موهتەدی کە لە بۆکان دادەنیشت. لەگەڵ کاک محەمەد مەلا عەلی گەڕامەوە، چووم بۆ بانه و لەوێشەوە بۆ بۆکان. کە چووم لە سەقز بوو، لە ڕێگەی دۆست و هاوڕێکانمەوە چووم بۆ سەقز، ئه و ڕۆژە چلەی شەهید محەمەد حسێن کەریمی بوو، کە یەکێک لە لێپرسراوانی کۆمەڵەی ئێران بوو. کۆمەڵە ئەو کاتە ناوی خۆیان نەنابوو، بڵاوکراوەیان بڵاو دەکردەوه، ناوی کۆمەڵەی لەسەر نەبوو. کە چوومە سەقز، پاش ئەوەی لە ڕێگەی هەندێک هاوڕێی بانەییمەوە ئەمویست کاک سەلاحم بۆ بدۆزنەوە، ئۆتۆمبێلێکی پەیکان هات چەند کەسێکی تێدا بوو، لەگەڵیان سوار بووم. من کاک سەلاحم نەبینیبوو و نەمدەناسی، کەسێکی کورتەباڵام بینی، جلی کوردیی لەبەردا بوو، شەدەیەکی گوڵداری بە سەرەوە بوو، وتم من هاتووم کاک سەلاحم دەوێ، وتی من ئەوم. نامەکەم دایه و چووینە جێگەیەک، وەڵامەکەی بۆ نووسیمەوه. من گەڕامەوە بۆ بانە. یادیان بەخێر بێت یەکێکیان کاک جەلیل حەمە مەلا بوو. دوای ئەم ساڵانە بە نەخۆشیی دڵ وەفاتی کرد، دوو برای لە زەمانی (شا)دا شەهید بوون. یەکێکی تریان کاک غەفور هەمزەیی بوو، ئەویش ئەو کاتە لە حیزبدا نەبوو، پاشان بووبوو بە ئەندامی کۆمیتە مەرکەزیی حیزبی دیموکرات و نوێنەریان بوو لە بەغدا، کەسێکی دڵسۆز و باش بوو، بەداخەوە ڕژێمی بەغدا شەهیدیان کرد. کاک غەفور لە بانە مامۆستا بوو، شەوێک لایان مامەوه. لە ڕێگەی بلەکێوە گەڕامەوە بۆ شارباژێڕ.

دۆخی ئێران ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبوو، خەڵکی دژی ڕژێمی شا هەڵسابوون و شارەکانی کوردستانیان گرتبووەوە. مام جەلال نامەیەکی بۆ نووسیبووم دەربارەی جوڵانەوەی ئێران، نووسیبووی لە هەر کاتوساتێکدا کوردەکانی ئێران پێویستیان پێتان هەبوو، خۆتان بە پێشمەرگەی ئەوان بزانن و لە خزمەتیاندا بن. ئێمەش ئه و ماوەیە جارجار دەکەوتینە سەر سنوورەکان. ئه و پێشمەرگانەی لەگەڵمان بوون، خوا لێیان خۆش بێت حەمە ئەمین ئاغای بارێ و عەلی چوارتایی بوون. دووجار لەسەر داوای خوالێخۆشبوو شێخ جەلال حسێنیی بانە کە لەوێ وەک ڕابەرێک سەرپەرشتیی شاری بانه و دەوروبەری دەکرد، بە هێزەوە چووینە شاری بانە بۆ پشتیوانیی خەڵکی، کە دژی ڕژێمی (شا) کۆدەبوونەوە. لە سەرقەبرانی سلیمان بەگ قسەمان بۆ خەڵکی دەکرد، کە ئێمە پشتوپەنای ئێوەین، یەکێتیی نیشتمانی به هی خۆتان بزانن. ئەم دۆخەش چەندجار دووبارە بووەوە تاکو شا هەڵات. ئێمەش درێغیمان نەکرد لە پشتیوانیکردنیان.

چوونە ناو شاری سەردەشتەوە

من لە ناوچەی ئالان بووم، هێشتا بەشێکی ساواک و پادگان له سەردەشت مابوو، سەربازی تێدا بوو. ئێوارەیەک به و هێزەی لەگەڵمدا بوو، خۆم کرد بە شاری سەردەشتدا. لای خەڵکی شتێکی سەیر بوو. بە حوکمی ئەوەی پاش نەکسەی شۆڕشی ئەیلوول هەر لە سەردەشت مامەوە و کەسوکاری باوکم هەموویان هەر لە سەردەشتن و باوکم خەڵکی سەردەشت بوو، هەموویان دەیانناسیم و بڕوایان پێم هەبوو. قەبری باپیریشم لە سەردەشتە.

لام وابێت له و سەردەمەدا یەکەمجار بوو خەڵکی شار له ناوشاردا پێشمەرگە ببینن و (ئار بیجی)ی بە شانەوە بێ. دەما ودەمی ئێوارە بوو، دەیان خەڵکمان لێکۆبوونەوه، بەرنەدەکەوتین بۆ ماڵان، ترس لە ڕژێمی شا نەمابوو، هەستی کوردایەتیش لای هەموویان هەبوو. دەستمان به دەستی دەیان کەسەوە بوو، لە خۆشەویستیی پێشمەرگه و خەبات، ئێمەش چڵکن. حەمامێکی نمرە هەبوو، گرتم بۆ پێشمەرگەکان. حەراسەتێکی باشم دەرکرد، هەموو خۆیان پاکوخاوێن کردەوە. ئه و شەوەمان لە شاری سەردەشت ڕۆژ کردەوە، من سەردانی خزمەکانم کرد و لە ماڵی حاجی ئەحمەدی ڕەحیمیی ئامۆزای باوکم خزمانم لێکۆبوونەوە، زووتریش هەر له و ماڵە بووم کە لە ئێران بووم، وەک کوڕی ماڵەکە وابووم.

مام جەلال کە زانیبووی، نامەیەکی پەلەیان نووسی بۆم، دەڵێن تۆ بۆچی چوویتە شارەوە. دەبێ به گەیشتنی نامە شار چۆڵ بکەی، بچۆرەوە بۆ شارباژێڕ. منیش جێبەجێم کرد، ڕاستیان دەکرد، من بێپرس ئه و کارەم کردبوو.

خەڵکی سەردەشت ئۆتۆمبێلیان بۆ پەیدا کردین، بەره و دێی ماراغانی و دەرماناوا و دێهاتەکانی تر بەڕێیان کردین. لە ڕێگەیش دێبەدێ کە پێیدا تێپەڕمان دەکرد، کۆبوونەوەم پێدەکردن، کە دەبێ هەموو خەڵکی ڕاپەڕێت بۆ بەشداری لە شۆڕشی ئێراندا، دەبێ بۆ ڕووخاندنی شا خەبات بکەن. خەڵکەکان خۆیان شاهیدن، من لە کۆبوونەوەکان دەموت شا سەگی ئیپریالیزمە، دەبێ دژی خەبات بکەین. خەڵکی دەرماناوا، بێژوێ، دولکان، ڕەشەکان، بێتوش خۆیان شاهیدی ئه و ڕۆژگارانەن، هەتا چەند کەسێکم گرت و لەگەڵ خۆم بردمن وەک موختار، وتیان پیاوی دەوڵەتن، پاش ئەوەی خەڵکی داوایان لێکردم، ئازادم کردن. ئەمەش هەستێکی گەوره و نەتەوایەتیی دروست کرد کە پێشمەرگە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانیانە. هەر پێش ڕاپەڕینیش پەیوەندیم هەبوو لەگەڵ هەندێک خەڵکی تێکۆشەری شاری سەردەشت. دکتۆر عەلی ڕەحیمی و براکانی ئامۆزام بوون، محەمەد حەسەن پور کە ئەوسا و ئێستاش لە حیزبی دیموکراتدا بوو لە دائیرە ی پۆست کاری دەکرد، محەمەد مەلا عەلی بیژوێ، کە دۆستی مام جەلالیش بوو، مامۆستا محەمەدی مەحموودیان مامۆستا بوو لە ئالان لە دێی سنجوێ، لێمان نزیک بوو لەسەر سنوور، خزممان بوو، لە ڕێگەی ئەوانیشەوە بۆ زۆری تر. له و سەردەمەدا کە ڕاپەڕینی ئێران دەستی پێکرد، چەند دەمانچەیەکم بۆ دۆستەکان لە شاری سەردەشت نارد. ئەو کاتە خەنجەریش نەبوو. ترس و سامی شا نەمابوو، هێشتا شەهید دکتۆر قاسملو و برادەرانیان لە حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بوون و نەگەڕابوونەوە بۆ کوردستان.

حەقی خۆیەتی لێرەدا باسی بکەم لە ناوچەی سیوەیلیش حەمە ئەمین ئاغای بارێ تازە هاتبووەوە دەرەوە. خزم و کەسوکار و کوڕەکانی لەگەڵدا بوون، بەڕاستی پشتوپەنای باش بوو بۆمان، خۆشی پیاوێکی تێکۆشەری ناسراوی ناوچەکە بوو، دۆستی مام جەلال بوو، لە ڕابردووشدا لەگەڵیدا بووە، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر باش بوو، بەداخەوە له کاتی واجبدا لە لای بانە سەیارەکەیان وەرگەڕا و شەهید بوو، بەڕاستی خەسارەتێکی گەورە بوو کە له و کاتەدا لێمان کەوت، زۆر پێویستیمان پێی بوو.

جیابوونەوەی بزووتنەوە بە سەرکردایەتیی هەڤاڵ ڕەسوڵ مامەند

یەکێتیی نیشتمانی لە چەند باڵێک پێک هاتبوو، (کۆمەڵە، بزووتنەوە، خەتی گشتی) لە دروستبوونی یەکێتییەوە لەگەڵ هەموو کارە باشەکان و پێکەوەئیشکردن، کێشمەکێش هەر هەبوو. پاش گەڕانەوەی هەموومان سەرکردایەتی لەسەر سنوور گەڕایەوه، لە سێ سێکوچکە ی تورکیاوە بارەگای سەرکردایەتی لە دۆڵەکۆکە و دوایی دۆڵەنێ و دواتریش لە نێوزەنگ بوو. ئه و کاتەش دکتۆر مەحموود و شەمسەدین موفتی هاتبوونەوە. ڕۆژانە کێشە دروست دەبوو. هیلاکی و نەبوونی و هەژاریی پێشمەرگە دیار بوو. برادەرانی بزووتنەوە کاک ڕەسوڵ مامەند و دکتۆر مەحمود عوسمان و هەڤاڵەکانیان بارەگاکانیان بردە ئەوبەری شێنێ بۆ دۆڵەتوو و گۆڕەشێر. ئه و بەڕێزانە سەرکردایەتییان دەکردن، کەمیش نەبوون. ئەوانەی لەبیرم بن (ڕەسوڵ مامەند، دکتۆر مەحموود، حاجی حاجی ئیبراهیم، سەید کاکە، قادر جەباری، هەندێکی تر بوون). ئەمەش دەنگی دایەوه و بەیانیان دەرکرد، جیابوونەوەی خۆیان ئاشکرا کرد. بۆ ئەم کارەش هەردوو لا هەوڵ دەدات زۆرترین پێشمەرگە و زۆرترین کادێرە دیارەکان لەگەڵ خۆیان ببەن. لە هەرێمەکانیش بەهەمان شێوە بوو، لە هەرێمی 3ی شارباژێڕ عوسمان قادر منەوەر بزووتنەوە بوو، لە هەرێمی 3 بە حوکمی پەیوەندیی باشمان کادێر و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوون، ئەم ڕووداوەش هاتووەتە پێشەوە، ئەوەی ڕاستی بێت من ویستم هەرێمەکەمان کێشەی تێنەکەوێت. ڕەسوڵ مامەند و هەڤاڵەکانیان جوابیان بۆ عوسمانیش ناردبوو دەوری خۆی ببینێت و هێز جیا بکاتەوە. چۆن دەڵێیت دەماری یەکترمان دەناسی، حەزی لەناو ئێران بوو، شاش ڕووخا بوو، هاتوچۆ بە ناو ئێراندا ئاسان بوو. چەند جارێک ئەم جیابوونەوەیەی دا بە گوێمدا. منیش خەڵکم دانابوو بەسەریەوە بزانم چی دەکات و چی ناکات، بە خەیاڵمدا هات و وتم کاک عوسمان بۆچی من و تۆ نەچین بۆ لای هەڤاڵان لە نێوزەنگ، بەڵکو دەورمان هەبێ و ئەم جیابوونەوەیە ڕوو نەدات؟ خۆی ڕووشی دابوو. وتی زۆر باشە. هەردووکمان سەرو دەمانچەمان لەگەڵ خۆمان برد، بەره و بانه کەوتینە ڕێ. شەوێ لە بانە لە ماڵی چەند هاوڕێیەکمان ماینەوە. بەیانی سواری سەیارە بووین بەره و سەردەشت، بۆ ڕێگەی نێوزەنگ دەبوایە بچویتایەتەوە سەردەشت. گەیشتینە سەردەشت. لە گەراج دابەزیین، لای گەراج ڕێکەوت وابوو زۆربەی سەرکردایەتیی بزووتنەوە مان تووش بوون، لەسەر جادە ڕووبەڕوومان هاتن، سڵاومان لەیەک کرد و ئەملاوئەولای یەکترمان ماچ کرد، من تۆزێکیش ناساغ بووم، وتم من دەچم بۆ ماڵی دکتۆر عەلی ڕەحیمی. عوسمان لەگەڵ ئەوان ڕۆیشت، کورد وتەنی زانیم (ڕیسەکەم دەبێتەوە بەخوری). پاش پشوودانێک پاڵ کەوتبووم. کاتێکم زانی وتیان میوانت هات، کە هاتنە سەرەوە، هەموو ئه و برادەرانە بوون، کە لەسەر جادە بینیمانن، کاک ڕەسوڵ و باقیی هەڤاڵان لەگەڵ عوسمان هاتن بۆ ماڵەوە. پاش بەخێرهێنان قسەمان لەسەر ئه و دۆخە کرد، کە لەناو یەکێتیدا ڕووی دابوو. دیار بوو ئەوان دەیانزانی کە من لە سەرکردایەتیی کۆمەڵەم. پاش قسەکان ڕۆیشتن، وتم کاک عوسمان با بچین بۆ نێوزەنگ بۆ لای مام جەلال و کاک نەوشیروان، وتی من بۆچی بێم؟ برادەرانی خۆمانم بینیووه و من نایەم، ئیتر بەرنامەکەی منیش تێکچوو. بۆچی هاتووین و چۆن گۆڕا. ناکرێ منیش عوسمان بەجێ بهێڵم، بگەڕێتەوە بۆ شارباژێڕ و پێشمەرگەکان لەگەڵ خۆی ببات. هەر لە ماڵەوە نامەیەکم نووسی بۆ کاک نەوشیروان، مەسەلەکەم بۆ باس کرد. نووسیبووم لە سەردەشتەوە دەگەڕێمەوە بۆ شارباژێڕ لەبەر ئەو شتەی هاتووەتە پێشەوە.

گەڕانەوەمان بۆ شارباژێڕ لە سەردەشتەوە

چۆن هاتبووین، هەرواش گەڕاینەوە. چووینە دێی بلەکێ لە سەرسنوور لە ناوچەی بانه. کە چووینە ئەوێ، بینیمان برادەرانی بزووتنەوە لە زۆر جێگەوە کۆبووبوونەوه و بارەگایان دانابوو، گومرگیان دانابوو، بەداخەوە ئەو کاتە ئەوانەی لەوێ بوون، زۆریان شەهید بوون، ڕەحمەتیان لێبێت. (جەلال حاجی حسێن) بزووتنەوە نەبوو، کاژیک بوو، ملازم ئەنوەری مەجید سوڵتان، عوسمان لەگەڵ خۆم گەڕابووەوە، جەمالی حەلاو، لە شۆڕشی ئەیلوولیش لای خۆم بوو و پێکەوە بووین، نەجم هونەرێنی و هی تریش، داوایان لێکردم دانیشتنیان لەگەڵ بکەم و قسە بکەین، منیش خۆم فەقیر کردەوە. هەر بە تەنها بووم، وتم زۆر باشه، بەڵام هەموو شتەکان دیار بوون و دەمزانی.

1- وتیان با گومرگی هاوبەش دابنێین. وتم من پەیوەندیم بە گومرگەوە نییە، پەیوەندیی بە لقی حیزبییەوە هەیە، کە کاک بەکری حاجی سەفەره، دەتوانن لەگەڵ ئه و قسە بکەن، من ناتوانم و ئیشی سەربازی دەکەم.

2- وتیان با بگەڕێینەوە کۆبوونەوە بەهێزەکە دەکەین، کێ دێت بۆ لای بزووتنەوە بەخێر بێت، کێش دەچێت بۆ لای کۆمەڵە، بەخێر بچێت. وتم زۆر باشە. مەبەستم ئەوە بوو بە نەرمی لەگەڵیان بدوێم تاکو دەگەینەوە لای شارباژێڕ. هەرچییان وت، بێدڵیم نەکردن. له پێش ئەم جیابوونەوەیەدا چەند کڵاشینکۆفێکیان بۆ ناردبووین، من هەرە باشەکەیانم دا بە جەمالی حەلاو، لەبەر دوو هۆ، لە شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ خۆم بوو، دووەم کوڕی شەهید بوو. کەچی له و قەرەباڵغییەدا چووبووە لای ئەوان، منیش هەر لە کۆبوونەوەکەدا داوای چەکەکەم کردەوە، کردیانم بە کێوا، وتیان چەک بۆ پێشمەرگەیە. فەرقی چییه و لەم جۆرە قسانە، منیش وتم که وایە با ڕێک بکەوین بۆ داهاتوو. ئەگەر هەر کەسێکی ئێوەش هات بە چەکەوه، داوای مەکەنەوە. وتیان زۆر باشە. هەندێ وردەشتی تریشمان باس کرد. دواتر من و عوسمان بە شاخی سوورکێودا سەرکەوتین، منیش بەرنامەی خۆم هەبوو بۆ ئەم جیابوونەوەیە. دەمویست دەستم بگاتە وەهاب و شۆڕش ئیسماعیل. هەردووکیان کادێر بوون، تازە کەرتێکمان بۆ وەهاب کردبووەوه، له و ماوەیەدا وەهاب هاتبووەوە، نزیکەی هەشت هەڤاڵی کۆمەڵە هاتبوونە دەرەوە و لامان بوون (عومەر میرزا و حەمە قەل و چەند خزم و هاوڕێیەکی تر). بەداخەوە کاتێک من چووم بۆ قەرەداغ و لە شارباژێڕ نەمام، عومەر میرزا بە ئیش ڕۆیشتبوو. لە بناری جێشانە کەوتە کەمینی جاشەکانەوە و گرتیان، لە موسڵ لە سێدارە درا. پیاوێکی مەرد و قارەمان بوو، لە زیندانیش هەر قارەمان بوو. دوو خوشکەزاشی لەگەڵ بوو. هاتین تاکو گەیشینە دێی گورگەیەر. باش بوو چاوم بە کاک وەهاب کەوت و جیام کردەوه، مەسەلەکەم بۆ باس کرد. ماوەیەکی کورت بوو وەهاب لای کاک نەوشیروان گەڕابووەوە. ئەو کاتە نامەیەکی بۆ هێنابووم ئیشی بۆ دیاری بکەم. دوای کێشەکەی عادل سەید قادر بوو. ڕێک کەوتین، بەرنامەیەکمان دانا ڕێگە نەدەین هەرێمی 3ی شارباژێڕ تێک بچێت.

چووینە دێی بزەینیان بۆ ماڵی کاک ڕەشید قوربانی. وتم کاک عوسمان وەرە با قسە بکەین، پێم وت ڕێگە نادەم ئەم هەرێمە کەس لێی جیا ببێتەوه، تەنها یەک پێشمەرگەش. ئەوەی ئێوە لەگەڵ من کردتان لە بلەکێ، قبوڵم نییە. تۆش بۆ کوێ دەڕۆیت بڕۆ. تۆ برادەرمیت، دەمانچە چواردەخۆرەکەشم دایەوە. زۆر ناخۆش بوو بۆ من، بۆ ئەویش، بەڵام ئێمە دەستمان داوەتە شتێک بۆ قازانجی میللەت و پێشمەرگە گرنگترە. عوسمان هیلاک بوو، لەناو دێ وڵاخێکی پەیدا کرد و به تەنها ڕۆیشت. منیش کۆبوونەوەم بە هەموو پێشمەرگەکانی سنوورەکەی خۆمان کرد (عەلی چوارتایی، حەمە ئەمین ئاغای بارێ و باقیاتی مەفرەزه و کەرتەکان). جیابوونەوەی بزووتنەوە م لە یەکێتی بۆ ڕوون کردنەوە، عوسمان چووبووە دێی ئالاسیاو، مەفرەزە کەی خۆمی بینی بوو، لەگەڵ خۆی خستبوون و هەمووشیان کۆمەڵه بوون، هەر کۆمەڵەش ناردبوونییە دەرەوه. (عومەر میرزا و حەمە قەل و ئەوانی تر) لەگەڵیان بوون، مام ئاراس لای من بوو، دیار بوو دوایی لەگەڵیان خستبوون. بەداخەوە مام ئاراس لە شەڕی ناوخۆدا لە شارەزوور شەهید بوو. ئەویش ئەو کاتە لای دەستەکەی خۆم بوو، دوایی لەگەڵ عوسمان ڕۆیشت. عوسمان و دەستەکەی خۆم چووبوون بۆ دێی نۆدێ، بە کەسێکدا جوابم بۆ ناردن بێنەوە بۆ لام، لە کاتی نووستنی شەودا هەر هەموویان هاتنەوە لام و عوسمانیان لە خەودا بەجێ هێشتبوو. عوسمان کە خەبەری دەبێتەوە، سەیر دەکات کەس لە دەوری نەماوە.

هەرێمی 3 بە باشی مایەوە، تەنها مام ئاراس لەگەڵ عوسمان ڕۆیشت، دوایی گلەیی کردبوو بەشکو بگیرامایە، منیش جوابم بۆ ناردەوە خۆت ئه و ئاوەت ڕشتووە، ئەم وەزعە زۆری خایاند، کێشە و جیابوونەوە و شەڕی بەدوا هات.

شەڕی دیزڵی

حەق وایە ئەوەش لەبیر نەچێتەوه، کە لە کاتی رووخانی شادا ئێمە کێشەمان لەگەڵ قیادەی موەقەتە هەبوو. ئەو کاتە هەڤاڵ (سالار عەزیز) لە سەرکردایەتییەوە هاتبوو. هێزەکانی قیادەی موەقەتە لەسەر شاخی دیزڵی بوو، بڕیار درابوو مادام لە شوێنەکانی تر هەڤاڵەکانی ئێمەیان شەهید کردووە، ئێمەش لێیان بدەین. هێزەکانی هەرێمی 1 و هەرێمی 3 و شارەزوور لە مەریوان کۆبوونەوە، بەرنامەی هێرش دانرا. پاش شەڕێکی یەک شەوی، هەموو دیزڵیمان گرت و چەند کەسێکیش گیران. لە داهاتوودا شەوێکیش چووینە سەر چوارتا، ئەو کاتە حسێن ئیبراهیم دەروێش قائیمقام بوو، نزیک ماڵەکەی بووینەوە و (ئاربیجی)یەکمان پێوەنا، وابزانم سەری کرد و بەر خانووەکە نەکەوت. لە پێش هاتنەوەی عوسمان و نەبەز لە هەکاری، چەندین خەڵکی خۆفرۆش و خائن بە بڕیاری شۆڕش ئیعدامی شۆڕشگێڕانە کران.

تەسلیمبوونەوەی عەبدولمەلیک و ستاری سەعید خەلەف

لە سەروبەندی ڕوخانی ڕژێمی شادا ڕۆژێکیان لە دێی هەوڵو بووین. زیاتر لە هەشت هالیکۆپتەر بەسەرماندا بەره و موبڕه و مامەخەلان و سەرووتریش تێپەڕین، ئێمە ترساین و خۆمان دامەزراند، وتمان نەک ئیخباری ئێمەیان کردبێ و بگەڕێنەوە، بەڵام تاکو چاوبڕ بکات، دوور کەوتنەوه. پاش ماوەیەک بەهەمان شوێندا گەڕانەوە. ئێوارە لە سلێمانییەوە ڕێکخستن جوابی بۆ ناردین عەبدولمەلیک و ستاری سەعید خەلەف و ئەوانەی لەگەڵیان بوون، تەسلیم بوونەتەوە، فڕۆکەیان بۆ چووە بۆ دێی سیرین. ئیتر (پ.م)ی قیادەی موەقەتە لە شارباژێڕ نەمان و هەموویان تەسلیم بوونەوە بە حکومەت. ئێمەش پێمان خۆش بوو، لەباتی ئەوەی تووشی شەڕ بین لەگەڵیان، لە کوڵمان بوونەوه. لەوێشەوە کەوتنە نامەناردن بۆ دۆست و برادەرەکانیان، بۆ دڵساردکردنەوەی خەڵکی لە پێشمەرگایەتی. زانیاریمان بۆ هات به هۆی کەسێکەوە بە ناوی.... چەند نامەیەک هێنراوه، نامەکانیش بۆ چەند هەڤاڵێک بوو بۆ ئەوەی بڕۆنەوە و تەسلیم ببنەوە. 1- کەریم دادەمەنە 2- عوسمان قادر منەوەر 3- دەرسیم. هەموویان ئەو کاتە دەستەی پێشمەرگەیان لەگەڵ بوو، منیش چوومە دێکەیان، لەگەڵ پێشمەرگەکان بانگم کرد و گرتم، زۆر ئامۆژگاریمان کرد واز لە هاتوچۆ بهێنێ و نامەی دوژمن نەهێنێ. ئەوانە خیانەتیان کردووە، ڕۆیشتوونەتەوه و تەسلیم بە دوژمن بوون. لەم قسانەم زۆر بۆ کرد، وتم بڕۆ خزمەتی ماڵ و منداڵی خۆت بکە، حەقت نەبێت بەسەر ئەم شتانەوە. نەمگرت و بەرەڵڵام کرد. خۆ سجنمان نەبوو تاکو سجنی بکەم.

بۆ بەیانی ڕۆیشتین بۆ لای ماوەت. لای شاناخسێ و ماشان و دەوروبەری چەند هەفتەیەکمان پێچوو، لە ڕێگەی کوڕەداوێوە گەڕامەوه، پێش ئەوەی بڕۆمەوە بۆ دێی.... و بزانێت هاتوومەتەوە ناوچەکە، دوو پێشمەرگەی لای خۆم بانگ کرد، یەکێکیان شەهید مام ئاراس بوو، دووەم شامل حاجی جەمال بوو، ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە. بانگم کردن و بە ناوی عەبدولمەلیکەوە نامەم بۆ هەردووکیان نووسی. من خۆم نووسیبوم، بەڵام بە ناوی ئەوەوە، تێیدا نووسیبووم خۆتان بۆ کێ بەکوشت دەدەن؟ شۆڕش گیرفانپڕکردنه. له و جۆرە قسانەی کە دوژمن بە پێشمەرگه و شۆڕشی دەوت. لە نامەکەدا نووسیبوم ئەگەر بتانەوێ بێنەوه، دۆستێکم هەیە لە دێی.... بە ناوی فڵان بچن بۆ لای، ئه و دەتانهێنێتەوه و جێگەی متمانەی منە. شامل و ئاراسم نارد، بەڵام خۆم نەچوومە گوندەکەوە. شه و درەنگ چوومە دێکە و لە مزگەوتەکە فڵان دوو بەتانیی دابوونێ، پێی وتبوون من وەک که و وام لە قەفەزدا، بڕۆن تا بەیانی خوا گەورەیە. کە هاتنەوە، وایان پێوتم، وتم با نەزانێ. هەر شه و ناو دێیە کەم بەجێ هێشت. وتم سبەی شه و بچنەوە بۆ لای بزانن چی دەکات.

بۆ ڕۆژی دوای له و ڕێگەیەی دەڕوات بۆ سلێمانی، ڕێگەیەکی گشتی و دوو تولەڕێگەی هەبوو، پێشمەرگەم لێدانا، پاش ماوەیەک تەماشامان کرد فڵان لەگەڵ شامل و مام ئاراسی پێش خۆی داوە بیانبات بۆ شار و تەسلیمیان بکاتەوە. پێشمەرگەکان گرتیان و هێنایان بۆ لام، وتم فڵان ئەوە بۆ کوێیان دەبەیت؟ وتی بۆ دێی.... و نەشارەزان. شامل و ئاراس وتیان وەڵڵا ڕاست ناکەیت، ئەمانبەیت بۆ سلێمانی تەسلیممان بکەیتەوە. ئه و شەوە هەردوو دەستیمان بەست. بەیانی پێش ئەوەی فڵان بهێنن، من چوومە ناو دێوه. بە پێشمەرگەکانم وت چارەکێ دوای من وەرن و فڵان بهێنن. چوومە ماڵەکەیان و بە خێزانەکەیم وت.... ئەوە فڵان لە کوێیه؟ خێزانەکەی وتی وەڵڵا مانگایەکمان تەبەقی گرتووە، چووە بۆ ئه و کێوە. وتم خوشکێ بۆ درۆ دەکەی؟ تۆش شەریکی ئەم کارەی؟ فڵانمان گرتووە. کە پێشمەرگەکان به دەستبەستراوی هێنایانەوە بۆ بەر ماڵەوە، خێزانەکەی ماڵیی بە سەریا، هەندێک جنێوی سوکی پێ دا، پێی وت نەموت نەکەی، واز بهێنە؟

جا ئەمە دۆخی شۆڕش و دوژمن بوو، زۆر هەوڵیان دا بەری بدەین، خەڵکی ناوچەکە هەندێکیان کۆکردبووەوه، پێش ئەوەی بگەنە لامان، لەسەر بڕیاری شۆڕش ڕەمی کرا بۆ ئەوەی خەڵکی فێر ببێت خیانەت نەکات و خەڵکی تەسلیم نەکاتەوە. ئەم شۆڕشە به و قوڕبەسەرییە بەڕێ کرا. چەندین شتی تریش وەک ئەوە جێبەجێ کراوە لەسەر بڕیاری سەرکردایەتی لە پێناوی ئەوەی شۆڕش هەرەس نەهێنێ، سەرکەوێ و خەڵکی خیانەت نەکات. ڕەنگە لێرەدا ئەوە جێگەی باس نەبێ، یان باش نەبێ بچێتە ناو کتێبەوە. بەڵام بەشێکی گرنگی شۆڕش و مێژووی شۆڕشە.

هەواڵی شەهیدبوونی (سیروان تاڵەبانی) ئامرهەرێمی 5ی قەرەداغ

کە گەلانی ئێران سەرکەوتن و شا ڕووخا، هاتوچۆ ئاسان بوو بۆ نێوزەنگ بۆ لای سەرکردایەتی. کوردستانی ئێرانیش وەک شارەکانی تر ڕزگاری بوو، دۆخی ئێمەش گۆڕانی بەسەردا هات. ناوبەناو دەچووینە شارەکانی ئێرانەوە، بەتایبەت شوێنە سنوورییەکانی وەک بانه و مەریوان و سەردەشت و خانە. بۆ ئێمە زۆر ئاسان بوو، لەباتی ئەوەی چەندین ڕۆژ به ڕێگەدا بڕۆین، بە ئۆتۆمبێل سەفەرمان دەکرد، کارئاسانییەکی باش بوو. جارێکیان لە شاری بانە بووین. یەکەمجار بوو سیروان تاڵەبانی ببینم. ئەملاوئەولای یەکمان ماچ کرد. ئەوان لە قەرەداغەوە هاتبوون و بۆ لای سەرکردایەتی لە نێوزەنگ دەچوون. ئەوەی لەگەڵی بوو، ناسیم، برادەرم بوو ناوی حەسەن خاوێیی بوو، لە شۆڕشی ئەیلوول پێکەوە بووین. من و سیروان هەردووکمان ئامرهەرێم بووین، کۆمەڵەش بووین. یەکتریمان خۆش دەویست، هەرچەند دووریش بووین له یەکتر. سیروان وتی دەچین بۆ سەرکردایەتی، خواحافیزیمان کرد و ئێمەش گەڕاینەوە بۆ سنوورەکەی خۆمان لە شارباژێڕ. دوای دە ڕۆژێک هەواڵمان پێگەیشت و وتیان سیروان تاڵەبانی لەگەڵ هەڤاڵەکانی لای شارەزوور کەوتوونەتە کەمینی جاشەکانەوه و شەهید بوون. بە ڕاستی ئەم هەواڵە زۆر ناخۆش بوو. دیار بوو لە گەڕانەوەدا تووشی جاشەکانی حکومەت بوون، کە لێپرسراوەکەیان حەمەخانی حاجی دارا بوو. ئەمانیش سواری تراکتۆر بووبوون، تەقەیان لێدەکەن و شەهیدیان دەکەن. کەمێکی دەرباز بوو، لەوانەی شەهید بوون: 1- سیروان تاڵەبانی، ئامرهەرێمی 5ی قەرەداغ 2- حەسەن خاوێیی ئامرکەرت بوو. 3- حاجی چاوشین، من لە جێگەیەکی تردا باسم کردووە کە چۆن خێرا بوو لە ڕۆیشتندا. 4- نەجات ڕەحیم 5- عەلی چەلەبی 6- محەمەدی حاجی کەریم شۆفێری تراکتۆرەکە بوو، هاوڵاتی بوو. بەڕاستی بۆ قەرەداغ خەسارەتێکی گەورە بوو. کەسێکی وەک سیروان به زەحمەت دروست دەبێتەوە و کاتی ئەوێ، ئەمە ڕێگەی خەباته و هی تریشی بەدوادا دێت، چونکی قەرەداغ ناوجەرگەی حکومەت بوو. سنوورەکەی ئەملای خانەقین بوو و لایەکی سلێمانی و گەرمیان و کەرکووک، هەرێمێکی گەورەش بوو لە ڕووی ڕووبەرەوە. لە شۆڕشی ئەیلوولیشدا هەمیشە پێشمەرگەی لێبووە و جێگەی ململانێ بووە لەگەڵ دوژمن. هەمیشەش دوژمن هێرشی بۆ کردووە.

گواستنەوەم بۆ هەرێمی 5ی قەرەداغ

پاش شەهیدبوونی هەڤاڵ سیروان و هەڤاڵەکانی قسەوباس بڵاو بووەوە. یان من دەبێ بڕۆم بۆ قەرەداغ یان جەمالی عەلی باپیر، دەبێ یەکێکمان بچین. زۆری نەخایاند نووسراوێکی مەکتەبی عەسکەری بە ئیمزای هەڤاڵ ملازم عومەر هات، کە سەرکردایەتی بڕیاری داوە تۆ بچیت بۆ قەرەداغ بۆ ڕێکخستنەوەی هەرێمەکە. ملازم عومەر هەندێک شتی نووسی بوو، کە پەیوەندییان بە دۆخی قەرەداغەوە بوو. لەم شۆڕشەدا ناوی قەرەداغم زۆر بیستووە، کە زۆر زەحمەتە و هەمیشە هێرشی ڕژێمی لەسەرە بە سوپا و جاشەوە، کۆپتەر هەر باس مەکه. منیش تۆزێک سڵەمیمەوه، لام ئاسان نەبوو. خۆم ئامادە کرد کە بچم بۆ سەرکردایەتی و ڕێگە و شوێنی چوون جێبەجێ بکەم. ئه و کاتە لە بانە بووین. لەناو شاری بانە هەڤاڵ ئیبراهیم جەلال م بینی. هەردووکمان ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵە بووین. ئەو کاتە ی کە سیروان شەهید دەبێ، ئەو لێپرسراوی سیاسی بوو. ماوەیەک بوو لە قەرەداغ بوو، لەسەر شەهیدبوونی هەڤاڵ سیروان و دۆخی قەرەداغ قسەمان کرد. پێم وت سەرکردایەتی بڕیاری داوە ببم به ئامرهەرێمی 5ی قەرەداغ، لە ئەنجامی قسەکانیدا وای حاڵی کردم کە نەچم و نامەیەک بنووسم بۆ مام جەلال، داوای هەندێک چەکی پێویستی گەورەی لێبکەم و شتی تریش. منیش کەوتمە ژێر کاریگەریی قسەکانی. هەڤاڵ ئیبراهیم جەلال ترساندمی، وتی تۆ نامەیەک بنووسه، من بەیانی دەڕۆم و لەگەڵ خۆم دەیبەم. نەڕۆیت تاکو دێمەوە.

نامەکەم بۆ مام جەلال

لەسەر قسەی ئیبراهیم جەلال نامەیەکم بۆ هەڤاڵ مام جەلال نووسی. پوختەی نامەکەم باسی چوونم بوو بۆ قەرەداغ، بەڵام ئەم چوونە پێویستی بە هەندێک چەک هەیە، بەتایبەت چەکی دۆشکا و لەم جۆرە شتانە. ئیتر مام جەلال نامەکەم دەخوێنێتەوه، پێدەکەنێت و دەڵێت وەڵڵا عەقڵی مستەفام وەک عەقڵی عەزیز عەقراوی دێتە پێشچاو، شۆڕشی ئەیلوول هیچمان نەبوو، کەچی عەزیز عەقراوی داوای چەکی ستراتیجیی کردبوو. ئەم نامەیەی مستەفاش له و نامەیە دەچێت. وتبووی ئەگەر دۆشکامان ببوایە، لای خۆمان لە نێوزەنگ دامان دەنا بۆ پارێزگاریکردن لە بارەگای سەرکردایەتی، دەی باشە خۆی نازانێت نیمانە؟ چاوەڕوانی ئیبراهیم جەلالم کرد، هەر نەهاتەوه و تووشی ئەوەشی کردم.

نامەیەکی تری ملازم عومەر بۆ من

دیاربوو وایانزانیبوو من بیانووم گرتووە بۆ ئەوەی نەچم بۆ قەرەداغ. لە نامەکەدا نووسیبووی برام ئەگەر ناتوانی بچیت، ئاگادارمان بکەرەوە، کەسێکی تر دەنێرین. به هۆی ئه و نامەیەوە وایانزانیبوو نامەوێ بچم، نامەکەی من شێوەترسێکی پێوە دیار بوو، نازانن کە هاوڕێ ئیبراهیم تووشی ئه و هەڵەیەی کردووم. ئیبراهیم جەلال بە منی وت لە بانە نەڕۆیت تاکو دێمەوە، منیش چاوەڕوان بووم. ئێستاشی لەگەڵ بێت لە قەرەداغ نەمبینییەوە. بڕیارم دا ملی ڕێگە بگرم بۆ قەرەداغ.

لەگەڵ هەڤاڵ مەلا بەختیار بۆ قەرەداغ

چووم بۆ سەرکردایەتی. هەڤاڵ مەلا بەختیار تەکلیفی لێکرابوو کە لەگەڵم بێت. له سەرکردایەتییەوە کەوتینە ڕێ، لە نێوزەنگەوە بۆ بێوران. لەوێش هەڤاڵ دلاوەری ئەحمەد مەجید تازە کە هاتبووە دەرەوه و نەقڵی قەرەداغیان کردبوو، لەگەڵمان هات، بۆ ئەوەی وەک کادێرێکی حیزبی لێپرسراوی ناوچەی قەرەداغ بێت. لەگەڵ چەندین پێشمەرگەی دەستەکەی خۆم بەڕێ کەوتین. ئەوانەی دیار بوون، هەڤاڵ مەلا بەختیار، دلاوەر ئەحمەد مەجید و ئاسۆی دەلاک بوون. لە بێوران هەڤاڵ عادل شوکرم لەگەڵ خۆم هێنایەوه. مام جەلال عاجزی کردبوو و لێی توڕەبووبوو، وتیان کوڕێکی ماندوو و باشە، لەگەڵ خۆت بیبەرەوه، خەڵکی کوڵەجۆی گەرمیان بوو. منیش لەگەڵ خۆم هێنامەوە و کردم بە لێپرسراوی دەستەکەی خۆم. لە بێوران هەڤاڵ شەوکەتی حاجی موشیرم بینی. لەسەر ڕێگەمان بۆ سەردەشت هەڤاڵ شەوکەت وتی شێخ محەمەد حەمەڕەش لەگەڵ خۆت ببەرەوە، سوودی زۆری لێدەبینن، خەڵکی کربچنەیە، پۆلیس بووه، وتم زۆر باشە. ئەویش بوو بە هاوڕێی ڕێگەمان بۆ قەرەداغ، حەمەڕەشیش ئه و قارەمانەی لێدەرچوو، بەداخەوە لە ڕاپەڕیندا شەهید بوو. لە زۆر جێگەی تریش لەگەڵم بووه، لەگەڵ یەکەم سەردانی گەرمیان هەردووکیانم کرد بە فەرماندەی مەفرەزه، حەمەڕەش بۆ لای سەنگاو، عادل شوکر بۆ لای سنووری کەلار.

به ڕێگەوەین بۆ لای سلێمانی، پێش ئەوەی بپەڕینەوە بۆ بەری قەرەداغ، لای دۆڵەڕووت مەلا بەختیار و دلاوەری ئەحمەد مەجید جیا بوونەوه. پێیان وتم لە قەرەداغ یەک دەگرینەوە، به کاری حیزبی چوونەوە ناو شاری سلێمانی. ئێمش لە هەنارانی خوارووەوە بەره و قولەرەیسی رۆشیتین. نانی ئێوارەمان خوارد، بەڵام پێش ئەوەی بچینە قولەرەیسی، کوێخا حسێنی هەناران زۆر خزمەتی کردین، پیاوێکی دڵسۆزی کوردایەتی بوو. من لە ماڵی حاجی لەتیف بووم، دوایی بوو به دۆستم. چاوساغیان لەگەڵ ناردین بۆ پەڕینەوە لە جادەی سلێمانی- کەرکووک بە بەردەم قلیاساندا، چونکی ئه و ناوە هەمووی سەربازگە بوو، ئێمەش نزیکەی بیستوپێنج پێشمەرگە دەبووین. هاتینە ناو دارەکانی باخی بەختیارییەوە کە ئێستا وەزارەتی پێشمەرگه و گومرگی سلێمانییە. هاتینە سەر پردەکەی قلیاسان، چووینە شانی چەمەکەوە، تاکتاک پەڕیینەوە تاکو ئه و ئۆتۆمبێلانەی لە سلێمانی و کەرکووکەوە دێن، نەمانبینن. ئەگەر لایتێک دەربکەوتایە خۆمان پاڵ دەخست. بەرامبەر کارگەی شەکرەکە بە چەمەکەدا چووینە خوارەوه، چووینە دێی عەواڵ، لەوێش لە ماڵی شێخ عومەر پشوویەکمان دا. پاش ئەوە بەڕێ کەوتین. شه و درەنگ گەیشتینە دێ کۆن لە ماڵی حاجی عەزیز. شەوی پەڕینەوەمان 19/8/1979 بوو، تاکو بەرەبەیان نزیکەی سەعاتێک نووستین، لەگەڵ بانگی بەرەبەیان هەڵساین و بە شاخەکەدا سەرکەوتین. ڕۆژ بووەوە و گەیشتینە دێی قەڵا سوورە. یەکەم دێ بوو دوای دێ کۆن، چونکی چەند ڕۆژ و شەوێک بە رێگاوە بووین و هیلاک بووین، ڕۆژەکەی تاکو درەنگ لە قەڵا سوورە ماینەوە. دوایی شۆڕ بووینەوە بۆ دێی سەرزەل. لەوێ چاومان بە جەمال قەڵا سوورەیی کەوت، پێشمەرگە بوو و خەڵکی ئەوێ بوو. بەداخەوە ئەمیش دوای چەندین ساڵ شەهید بوو. کە ئێمەی بینی، ڕایکرد، وایزانی جاشین، هەواڵی بردبوو بۆ کاک ڕۆستەم، پێشتر خۆمان بۆ ئەوەی له یەک نەگۆڕێین، بە کەسێکی خەڵکی دێکەدا جوابمان بۆ ناردن بۆ دێی تەنگی سەر، تەنگی سەر ئه و دێیە بوو کە جاشەکان هاوڕێ ئارامیان لێ شەهید کردبوو. لەگەڵ کاک ڕۆستەم یەکمان گرتەوە، هەندێک ڕێنمایی کردین لەسەر دۆخی قەرەداغ، زۆریش خۆشحاڵ بوو بە چوونی ئێمە.

هاتنەوەی مەلا بەختیار و دلاوەر ئەحمەد مەجید لە شارەوە

پاش ئەوەی گەیشتمە قەرەداغ و سەرژمێری پێشمەرگەکانم کرد، هەمووی سەدوپەنجا پێشمەرگە مابوون. گەیشتنی منیش بۆ قەرەداغ و بیستنی هەواڵەکە له لایەن هەڤاڵان و پێشمەرگەکانەوە گوڕوتینێ بوو بۆیان، هێزێکی باش بووین بۆیان.

له و ماوەیەدا کە هەڤاڵ سیروان شەهید بووبوو، خاوەنی نەمابوو، هەر هەڤاڵه و چووبووە لایەکەوە، منیش چەند ڕۆژێ لەگەڵیان بووم. وردەوردە هەڤاڵە کادێر و پێشمەرگەکان یەکمان گرتەوه. ماوەیەک پێش ئەوەی من بچم، ئەکرەم و خەبات لە سێوسێنان شەهید کرابوون. هەندێک هەڤاڵ بە هانایانەوە نەچووبوون تەقەیەکیان لەسەر بکەن، پاش شەهید سیروان کەس حسابی بۆ ئەوی تر نەدەکرد.

گۆران لە پێشمەرگە سەرەتاییەکانی قەرەداغ بوو، زویر بووبوو، کەوتبووە لایەک، ئیبراهیم جەلال ڕۆیشتبوو و نەگەڕایەوە، ئیرادەیەکی باش نەبوو کۆیان بکاتەوە. ئیتر به سەرپەرشتیی هەڤاڵ مەلا بەختیار چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ کادێرە سەربازییەکان کرا، وەک هەڤاڵ ڕۆستەم، شێخ جەعفەر. هەروەها هەڤاڵانی گەرمیانیش هاتن. کاک سامان گەرمیانی جێگری من بوو. لە گەرمیان دەوریان هەبوو، هەروەها خالید گەرمیانی، عوسمان حاجی محەمەد، بەختیار. بەداخەوە خالید و گۆران شەهید بوون. دوایی لەگەڵ هەڤاڵ مەلا بەختیار دێبەدێ کۆبوونەوەمان دەکرد و منی پێدەناسانن، لەگەڵ پێشمەرگەکانیش کۆبوونەوەمان کرد. کۆبوونەوەیەکیشی بە کادێرە سیاسییەکان کرد. مەلا ئیبراهیم لە گەرمیان بوو، مامۆستا جەلال حاجی تۆفیق لە بەری قەرەداغ بوو لای سێوسێنان، مامۆستا ئەنوەر لێپرسراوی ناوچە بوو، بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا بە نەخۆشیی شیرپەنجە وەفاتی کرد، زۆر ماندوو بوو.

پاش کۆبوونەوەکان لەگەڵ هەڤاڵ مەلا بەختیار و هەڤاڵ دلاوەر و هەڤاڵ ڕۆستەم و هەڤاڵ شێخ جەعفەر چووینە بەری سێوسێنان و تەکێ و بەلەکجاڕ. هەموو گەڕانەکەمان بۆ ڕێکخستنەوەی کارەکان بوو به هیمەتی هەموومان. هەڤاڵ سۆرانیش لەوێ بوو، لە گەرمیان هێرشیان بۆ کرابوو، پێشمەرگەیەکی قارەمانمان بە ناوی سەرکەوت شەهید بووبوو. کاک مەحموود سەنگاویش هات و لەگەڵمان بوو، به هیمەتی هەموان کەرت و مەفرەزەکانمان دروست کردەوه.

دۆخێکی خراپ سەریهەڵدابوو. یەکێک لە کارەکانم ئەوە بوو چارەسەری بکەم. توندوتیژیم ڕاگرت، بەرامبەر به هەندێ کەس ناهەقی کرابوو. خەڵکیان خستبووە حەوزی ئاوەوه و لێیان دابوون. لە دێی بەڵخە لە ڕۆستەم ناوێکیان دابوو، لەم ساڵانەی دواییەدا وەفاتی کرد، بڕوا بکەن زۆربەی ئه و تەقەمەنییەی هەمان بوو، ئه و لە جاشەکانی دەکڕی و بۆی دەهێناین. لەسەر ڕاو عاجزیان کردبوو. من کردم بە دۆستێکی زۆر باش و حورمەتم گرت، ئاشتم کردەوە. ساڵی 1992 کە بووم بە پارێزگاری کەرکووک، پارێزگا لە دەربەندیخان بوو، هات بۆ لام. منیش کڵاشینکۆفێکم دایە لەباتی خزمەتی ڕابوردووی. زۆری پێخۆش بوو کە بەسەرم کردووەتەوە لەبیرم نەکردووە.

ڕاپۆرتێک هاتبوو و چەندین ناوی تێدابوو کە بیانگرین، ژمارەکەی زۆر بوو، زۆریشی موختارەکان بوون، ئه و سەردەمە خەڵکی لە ترسی بەعس پەنجا فلسیان لێسەندووە ناویان نووسیووە. نەمهێشت کەسیان بگیرێ، هەندێکیانم هێنا و قسەم بۆ کردن، ئه و سەردەمە کەس نەیدەتوانی بە ڕۆژ بچێتە ناو دێکان، شەواوشه و نەبێ. بە ئیدارەیەکی باش و پەیوەندیی باش لەگەڵ خەڵکی خۆشەویستییەکمان دروست کرد. خەڵکی هەموو دێهاتەکانی قەرەداغ و گەرمیانیش خۆیان شاهیدن و ئێستاش کە دەمانبینن، ڕێزی زۆرمان دەگرن. ئه و هاتنەی هەڤاڵ مەلا بەختیار هاوکارییەکی باش بوو، هەروەها دەوری (ڕۆستەم و شێخ جەعفەر و کاک سامان) زۆر باش بوو و وەک برا وابووین. مامۆستا ئەنوەر خوا لێی خۆش بێ، برادەران لێی ڕازی نەبوون، نە پێشمەرگه و نە خەڵک، بە بەشداریی هەڤاڵ مەلا بەختیار کە لەوێ بوو، بڕیاری دا بگوێزێتەوە بۆ سەرکردایەتی لە نێوزەنگ. هەڤاڵ دلاوەری ئەحمەد مەجید بوو بە لێپرسراوی ناوچەی بازیان. مامۆستا جەلال بۆ بەری ئەمبەری قەرەداغ، مەلا ئیبراهیم بۆ گەرمیان، فوئاد حاجی قادر کادێری ناوچە بوو، دکتۆر چیا و دکتۆر یاسینیش هاتبوونە دەرەوە. هەردووکیان ئیشیان بۆ دیاری کرا کاری دکتۆری بکەن، پاشان چیا بوو بە کادێر لە شارەزوور، بەداخەوە لە زەڕایەن شەهیدیان کرد.

حەمە سەعید سێتەلانی کادێری شارەزوور بوو، ئەمیش کادێرێکی چالاک و باش بوو، ئیشەکانی شارەزووری دەکرد، بەداخەوە دوای گرتنی ڕەبیەی دارەڕە ش شەهید بوو، لەم شۆڕشەدا ڕەنجی زۆری کێشا. پاش ئەوە هەڤاڵ مەلا بەختیار گەڕایەوە و تەشکیلاتی تازەی قەرەداغ بەم شێوەیەی خوارەوە جێبەجێ کرا 1- شێخ جەعفەر ئامرکەرتی قەرەداغ. 2- مام ڕۆستەم، ئامرکەرت. پاشان کەر تێکمان کردەوە لە جەباری. بە ڕاستی دەوری باشی هەبوو. کە ڕۆیشت، هەشت پێشمەرگەی لەگەڵدا بوو، دوایی کاری زۆر باشیان کرد و گەشەیان کرد. هەڤاڵ مەلا بەختیار کە هاتبوو، ئاسۆی دەلاکی لەگەڵ بوو، ئاسۆ کەسێکی ئازا و شارەزای ناوشار بوو، ویستمان لەسەر داوای خۆی بچێت چالاکییەک بکات لە پشت ماڵەکانی بەڵخە، مەلا بەختیار داوای لێکرد بۆ کوشتنی خائینێک، کە ئەفسەری ئەمنی دائیرە یەک بوو. ئاسۆ گەنجێکی ناسراوبوو، ناوی هەبوو. منیش کوڕێکم لەگەڵدا بوو و ناوی حسێن بوو. زۆریش لەگەڵمدا بوو، وتی منیش دەچم. دیار بوو ئه و چەند ڕۆژەی به ڕێگەوە بووین، لە بەینی خۆیاندا قسەیان کردبوو، خۆی لەگەڵی ڕێک خستبوو، بەبێ ئاگاداریی ئێمە قسەی خۆیان کردبوو. لای منیشەوە هیچ بەرنامەیەک نییە حسێن بچێتەوە و کاری وا ئەنجام بدا ت. حسێن وتی منیش حەزدەکەم بچمەوە بۆ کاری ناوشار. لەگەڵ مەلا بەختیار دوو کەسمان دیاری کرد، هەریەکەیان یەکێکی بۆ دیاری کرا، کە لێمان جیا بوونەوە، بانگم کردن و وتم کە چوونە قەراغ شار، دەبێ لەیەک جیا ببنەوە. لەبەر ئەمنییە تی ئیشەکەتان نابێ کەستان جێگەی ئەوی تر بزانێت. وتیان باشە و پاش ئەنجامدانی کارەکە دەگەڕێینەوە. دەمانچەیەکی چواردەخۆرم دایە حسێن، لەگەڵ یەدەکێکی زیادە کە هی دەمانچەکەی خۆم بوو. وتم مادام دەچیتە ناوشار با پێت بێت. خواحافیزیمان کرد. چەند ڕۆژێکی خایاند، جوابیان هێنا وتیان ئاسۆی دەلاک گیراوه، کەسیش نازانێ چۆن گیراوە، بەڵام حسێن دەنگی نەبوو، نەگیرابوو و لە شاردا دەسوڕایەوە. دەرکەوت شێوەی گرتنەکەی چۆن بووە.

گرتنی ئاسۆی دەلاک به هۆی خیانەتی حسێنە وە

هەردووکیان دەڕۆنەوە بۆ سلێمانی، دیارە بڕوا به یەکتر دەکەن. حسێن کە لای منیش بووە، وادیارە سەر بە ڕژێم بووه و پیاوی حکومەت بووە، یان رەنگە دوایی لەگەڵیان ڕێک کەوتبێ. وەک باسی دەکەن، کاتی خۆی ئاسۆ لە چالاکییەکانیدا خزمێکی حسێنی کوشتووە، ئەمەش فرسەتێکی باشە تۆڵەی لێبکاتەوه. پێکەوە دەچنە ناوشار. حسێن پێی وتووە من جێگەم هەیه و ئەمینه، لەگەڵی چووە. ئیتر کەس نازانێ ئاسۆ چۆن گیراوە. لەوە دەچێ سەرخۆشی کردبێ یان لە خەودا فرسەتیان لێهێنابێت، یان شتێکی لەوجۆرە. ئەگینا ئەگەر بە شەڕە دەمانچە بوایە، ئاسۆ کوڕێکی ئازا و چاونەترس بوو و وای بەسەر نەدەهات. ئاسۆ بێ و فیشەکێ نەتەقێنێ؟ وردەوردە دەرکەوت ئاسۆ گیراوە، بەڵام چۆن؟ نازانرێ. حسێن لە شار ماوەتەوه، لەسەر جادەیە و دەگەڕێ، مانای ئەوەیە تەسلیم بووتەوە. پاش ماوەیەک وەڵامی ناردبوو، کەسێکی بینی بوو و پێی وتبوو دەمانچەکەت دەدەمێ بۆ کاک مستەفای بنێریتەوه. کە ئەمەم بیست، بە پەلە فریای کەوتم و وتم نەکەی لێی وەرگری. ئەگەر وەریبگریت، مانای ئەوەیە تۆ لەگەڵ من هاوکاری دەکەی، دوایی دەتگرن و لە سێدارەت دەدەن. وتم بڵێ من پەیوەندیم پێوەی نییە. پاش ماوەیەک جوابی نارد، وتبووی ئامادەم چالاکییەک بکەم و بێمە دەرەوه. ئەمەیانم لا باشبوو. جوابم نارد بۆی کە کەسێکی خائینمان بۆ بکوژێت، کەسەکەشمان دیاری کرد. ئەوەی ڕاستی بێت، تەقەی لێکرد و به خەستی برینداری کرد. بەڵام ئه و کەسە نەمرد و ئێستاش ماوە، لای فڵانە حیزب داڵدە دراوە. ئەم کەسە چەندین کەسی بە لە سێدارەدان داوە. هاوڕێیانی شاری سلێمانی کە زانییان حسێن بووە ئاسۆی دەلاکی بەگرت داوه، هەرزوو کوشتیانەوە. ئەمەش سەرگوزەشتەی گرتنی ئاسۆی دەلاک بوو.

بەهۆی ئەوەی فەرماندەی هەرێمی 5ی قەرەداغ بووم، پەیوەندیی ڕۆژانەم لەگەڵ ڕێکخستنەکانی ناوشار هەبوو لە (سلێمانی، کەلار، کفری، دەربەندیخان، کەرکووک). ئەوانیش لە جموجۆڵی دوژمن ئاگاداریان دەکردینەوە، بەتایبەت ئه و کەسانەی کە لەگەڵ دوژمن هاوکاری دەکەن.

بێمەوە سەر جەولەکەی گەرمیان. یەکەمجار بۆ ڕێکخستنەوە له و سەفەرەدا دەستکاریی دەستەکانمان کرد. لەوێ شەهید خالید گەرمیانیمان لەگەڵ بوو، کاک سامان گەرمیانی جێگرم بوو، چووبوو بۆ سەرکردایەتی و هێشتا نەگەڕابووەوه، خالید گەرمیانی شارەزابوو، ئەم جەولەیەمان چووینە خوارەوە تاکو مەسوێیەکان و مەسۆیی سەرچەم و خوارتر. خالید گەنجێکی کورتەباڵای چالاک بوو. لەوێ حەمەڕەشمان کرد بە ئامرمەفرەزە بۆ لای گەرمیان و دەوری سەنگاو. کاک مەحموود سەنگاوی لەوێ بوو، ئامرمەفرەزە بوو. هەروەها عادل شوکریشمان کرد بە ئامرمەفرەزە و هەموویانم بەجێ هێشت. خۆمان گەڕاینەوە بۆ تیلەکۆ و پونگەڵە. لە دەمەدەمی عەسردا هاتینە سەر جادەی دەربەندیخان-باوەنور، نزیک کارگەی ئاوی بانیخێڵان. لەم سەفەرەدا خالید گەرمیانی و عادل شوکر و حەمەڕەشم لەگەڵ بوون. سەر جادەکەمان گرت، هەرچی ئۆتۆمبێل لە هەردوولاوە هات، ڕامان گرتن. کۆم کردنەوە و قسەم لەسەر شۆڕش و خەبات و دەوری پێشمەرگەی کوردستان بۆ کردن.

لەوکاتەدا چوار کۆستەر هاتن، دەرکەوت لە سنووری خانەقین خەڵکی کە دەگەڕێنەوە لە ئێران، تەسفیراتیان بۆ دەکەن بۆ سلێمانی، چونکی خەڵکی سلێمانی و جێگەکانی تر بوون. هەر کۆستەرێک پۆلیسێکی لە پێشەوە وەک مەئموور بە تفەنگەوە لەگەڵدا بوو، هەموو سەیارەکا نمان ڕاگرت. پۆلیسەکانمان گرت و چەکمان کردن، هەموویان عەرەب بوون. ئێمە شۆڕش دەکەینەوە، خەڵکی تازە عائدون دەگەڕێنەوە. بێجگە لەوانیش نائب زابتێکی حدودمان گرت، کە لەشی گەڕاین، کاغەزێکی پێبوو و قوتی دا. ژمارەی دیلەکان پێنج کەس بوون، سەیارەیەکی حکومیی گەورەکان نەقڵ بەریمان لەگەڵ خۆمان هێنا، لامان دا بەره و چرچەقەڵا. لەبەر ئەوەی ڕێگە قوڕ بوو، چەقی و بۆمان دەرنەچوو، سوتانمان. له لای دێی دەرەدۆینەوە لەگەڵ پۆلیسە سجنەکان هەڵگەڕاینەوە بۆ دیووی قەرەداغ. لای کەلی پەیکوڵی چووینە دێی ئاوەسپی، ئەوێ شوێنێکی عاسی بوو و حەساینەوە. لەولاشەوە پێشمەرگەکانی لای قۆڵی کفری جەماعەتی خالید گەرمیانی دووسەد سەر بەرانیان لە کفری هێنابوو، هی حکومەت بوو. لەوێش هەر چەند پێشمەرگەیەک حەیوانێکمان سەربڕی و خواردمان. شیشمان لە دار دروست کرد بۆ برژاندن. بڕوا بکەن کاک ڕۆستەم نیو حەیوانی خوارد، بۆ ئێوارە چووینە دێی هۆمەر قەڵا لە ماڵی حاجی حەمە ساڵحی خوالێخۆشبوو، لەوێش دەستی کرد بە برنج و مریشک خواردن. ماشاڵڵا تاقەت و قوەتی زۆر بوو، لامان سەیر بوو. پۆلیسە عەرەبەکانیش لایان سەیر بوو. ئەوان وایانزانیبوو شۆڕش تەواو بووە، کەچی وا پێشمەرگە دەبینن. خەڵکی تەسلیم دەبنەوە، کەچی ئەمان ئاوا سەربەستن و لەسەر جادەی باوەنور- دەربەندیخان به دیلی دەیانگرین.

دیارە ئێمە سجنمان نەبوو، چی لەم پۆلیسانە بکەین؟ هەریەکەمان هەندێک قسەمان بۆ کردن، لەسەر مەغدوریەتی میللەتی کورد و خراپیی ڕژێمی بەعس، پاش چەند ڕۆژێک چووینە دێی کانی سارد، لای دەربەندیخان. ئێستا بووە بە گەڕەکێکی دەربەندیخان. من و مامۆستا جەلال شێخ تۆفیق کە بەرپرسی ناوچە بوو، خەڵکەکەمان کۆ کردەوه. دوایی کە تەواو بووین، پۆلیسەکانمان ئیزن دا و تەسلیم بە دێی کانی ساردمان کردن ڕەوانەی دەربەندیخانیان بکەنەوە، ئێمەش هەر شه و کشاینەوە بەره و دێی چەمرگه و باوەخۆشێن و دیوانە.

شەڕی لای ئیمام قادر و دیوانە

ڕۆژ بووەوە و کاتێکمان زانی هێزێکی زۆری سەربازی بە ناقیلەوە هێرشیان هێنا بەره و لای ئێمه. ئه و جێگەیەی ئێمەی لێبووین، زۆر قایم نەبوو، سەرجادەی قیر بوو. خۆمان گەیاندە دەوری ئیمام قادر و دابەش بووین. لەگەڵ ئەم هێزەی دوژمن کەوتینە شەڕەوە. حکومەت ئێوارەکەی کشایەوه، ئێمەش زیانمان نەبوو. دیار بوو ئەوانەی بەرمان دابوون، کە ڕۆیشتبوونەوە بۆ لای حکومەت، وتبوویان ئێمە له و ناوەین و تاکو دێی کانی سارد هاتوون لەگەڵمان، زانیاریی تەواویان دابوو.

دوای ئەوەش سەردانی شارەزوورمان کرد، هەروەها هەردوو بەری قەرەداغ و گەرمیان ئیشەکانمان ڕێک خست. هەر کادێره، سیاسی بێ یان سەربازی ئیشی خۆی بۆ دیاری کرا. لە سەرکردایەتییەوە بروسکەیان کرد کە بچم بۆ نێوزەنگ.

چوون بۆ نێوزەنگ لە ساڵی 1980

پاش ئەوەی بە چەندین ڕۆژ گەیشتمە لای سەرکردایەتی و چەند ڕۆژێ لەوێ بووم، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کرا. لەسەر دۆخی ئەم ماوەیەی لە قەرەداغ بووم، پرسیاریان لێکردم، منیش وەڵامم دانەوه. هەر لەوێش پاش کۆبوونەوەکان مەکتەبی سیاسی بڕیاریان دا هەڤاڵ ئازاد هەورامی لەگەڵ من بێتەوە بۆ قەرەداغ بۆ ئەوەی ببێت بە بەرپرسی لقی کەرکووک. منیش بەڕاستی هەر زۆرم پێخۆش بوو، هەردووکمان لە سەرکردایەتیی کۆمەڵە بووین، قەرەداغیش ئەو کاتە هەمووی بە بنکەی سوور ناو دەبرا.

گەڕانەوە بۆ قەرەداغ لەگەڵ ئازاد هەورامی

ڕۆژی گەڕانەوەمان دیاری کرد. ئەمجارە هەڤاڵ ئازاد هەورامیشمان لەگەڵدایە. بە دوو قۆناغ هاتین، ڕۆژی یەکەم لە بارەگای سەرکردایەتییە وە لە نێوزەنگەوە هاتینە بیتوش، کە خاکی ئێرانە و سەرسنوورە، بە ناوچەی ئالان ناسراوە، هەروەها دێهاتەکانی گەرماو هەرزنه. شه و لەوێ ماینەوه. بۆ ڕۆژی دواتر به سیم لە ئاوەکە پەڕیینەوە و خۆمان پێدا هەڵواسی. بەهار بوو و ئاوەکە زۆر بوو. ئه و ئاوە لە سەردەشتەوە دێتە خوارەوە و تێکەڵ بە ئاوی ماوەت دەبێ بەره و دەربەندی ڕانیە و قەڵادزە. لە بەهاردا ئاوەکە زۆره، له کاتی تریشدا هەر دەبێ به سیم بپەڕیتەوە، مەگەر لە هەندێ جێگە بوار هەبێ. پاش پەڕینەوە ڕێگەمان گرتە بەر بەره و دۆڵی سەفرەوزەروون، ئەم ڕێگەیە چۆڵە، چونکی حکومەت دێهاتەکانی ناوچەکەیان هەمووی گواستووەتەوە و وێرانیان کردوون، هیچی نەماوە. ڕێگەکەش بە دۆڵێکدا دەڕوات. ڕەنگە تاکو دەگەیتە سەفرە، زیاتر لە بیست جار ئەمبەروئەوبەر بکەیت و تەڕ ببیت. لە سەفرە ئاگرمان کردەوە و نانمان خوارد. دەبوایە بۆ ئێوارێ بگەینە دێی وڵاخلو، کە ئاخر دێیە و ڕانەگوێزراوه. لەبەر ئەوەی سەر شاخی برزوت و بالوسە لێتەوە دیاره، پشتی دێی قامیش، دەبێ بە وریاییەوە بڕۆین. بەینی ڕۆیشتنەکانمان تاکتاک بێ. بۆ ئێوارە بە هیلاکی و تەڕی گەیشتینە دێی وڵاخلو. هەموو خەڵکەکە ناسیاو بوون و بەخزمەت بوون، ئێمەیان دەناسی. دابەشیان کردین، پاش نانخواردن هاتینە مزگەوتەکە بۆ نووستن. له و ماوەیەدا دەنگۆی ئەوە هەبوو حکومەت نیازی هەیە هێرش بۆ ناوچەکە بهێنێت. بە پێشمەرگەی پاسەوانم وت سەعات چواری بەیانی هەڵمانسێنێ، بۆ ئەوەی نەک دەوری دێ بگیرێ.

کەمین و شەڕی گاپێڵۆن

وتم نان و چای بەیانی دەبەینە دێی گاپێڵۆن. ملی ڕێگەمان گرت. لە دوورەوە هەر دەنگی وەڕینی سەگ دەهات. نزیک دێی گاپێڵۆن بووینەوه. تازە خەریکە ڕووناک دەبێتەوە. چۆمێکی بچووک لەبەر دێیەکەدا هەبوو، پەڕیینەوه و ڕۆژ بووەوە. ڕووناک بووەوه، من خۆم لە پێشەوە بووم. کە نزیک ناو ماڵەکانی گاپێڵۆن بووینەوە، پڕ بوو لە سەرباز، بۆمان دامەزرابوون. خۆم بینیم. یەکسەر بە پێشمەرگەکانم وت بگەڕێنەوە بۆ دواوە، پشتاوپشت گەڕاینەوه، کە ئەمەیان بینی، لە هەموو لایەکەوە تەقەیان لێکردین. هەرچۆنێک بوو، خۆمان گەیاندە ناو چەمەکە، لە هەندێ جێگە گولله نەیدەگرتینەوه. خۆ ناکرێ هەر لەوێدا بمێنینەوە. ناوبەناو بەدەم خۆدەربازکردنەوە تەقەمان دەکرد بۆ خۆڕزگارکردن، بۆئەوەی نەیەنە سەرمان، جێگەکەمان خراپ بوو، ڕوومان کردە گەڕەدێ، دیار بوو سەربازەکان ئەویش گیرابوو. لەوێشەوە تەقەیان لێکردین، هەرچی بەرزایی هەبوو، گرتبوویان. هەندێک لە پێشمەرگەکان کۆڵەپشتیان پێبوو، لە سەردەشت شتیان بۆ منداڵەکانیان کڕیبوو. هەموو کۆڵەپشتەکانیان لە چەمەکەدا فڕێ دا، بۆ ئەوەی دەستیان کراوە بێت و باریان سوک بێ. ڕوومان کردە مالومە و به دەستی چەپدا بەدەم تەقەکردنەوە ڕۆیشتین بۆ ئەوەی دەستمان بگاتە شاخەکە. باش بوو ئەوێ نەگیرابوو، ئێمەش خۆمان قایم کرد و ڕزگارمان بوو. ترسمان نەما، ئیتر کەوتینە شەڕ لەگەڵ سوپا و جاشەکان، تۆپبارانیش دەکرێین.

ئەمە لە بەیانییەوە حساب بکەن وا خەریکە دەبێ بە ئێواره. ئێمە بەم هێزە ماندووەی خۆمان لە شەڕداین لەگەڵیان، ورەمان بەرزە. لە دەوری عەسردا مەفرەزەیەکی حیزبی سۆشیالیست کە خوالێخۆشبوو شێرکۆی شێخ عەلیی خەڵکی سەرگەڵوو سەرپەرشتیی دەکردن، هاتن بە هانامانەوه. شێرکۆ زۆر برادەرم بوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، بەڵام ناکۆکی و شەڕی ناوخۆ هەموومانی لەیەک کردبوو. زۆرم پێخۆش بوو، نەک هەر لەبەر شەڕەکه، بەڵکو لە دڵی خۆمدا وتم دەرگایەک بێت بۆ نزیکبوونەوە له یەکتر. ئەمەش ماوەیەکی کورتی خایاند. لە دەمەدەمی ئێوارەدا سوپاکە کشانەوە و من سوپاسی کاک شێرکۆم کرد، کە هاتوون به دەنگمانەوە. ئێوارە هاتینەوە ناو دێی گاپێڵۆن. ئه و پێشمەرگانەی کۆڵەپشتەکانیان فڕێ دابوو، چوون دۆزییانەوە و هێنایانەوه. ئێوارە نانمان خوارد، هەر دوای نانخواردن ڕۆیشتین بەره و دۆڵە ڕووت. لە قوڵەجاغ و سنکرەوە بە شاخەکەدا بەره و هەناران سەرکەوتین. چووینە ماڵی کوێخا حسێن و نانی نیوەڕۆمان لەوێ خوارد. کوێخا حسێن وەک هەموو جارەکان دەروێشی کوردایەتی بوو، منی زۆر خۆش دەویست، خزمەتی باشی کردین. دیارە لەگەڵ ئازاد هەورامی پێکەوەین، هەروەها مام دەروێشمان لەگەڵ بوو، پێشمەرگەیەکی ئازا بوو، خەڵکی دێی سیارەی لای دەربەندیخانە.

لە دۆڵی شێرکوژەوە هاتین بۆ قولەڕەیسی بۆ ئەوەی بمێنینەوە تا شه و دابێت، شەویش لە جادەی سلێمانی-کەرکووک بپەڕینەوە بۆ قەرەداغ. هەرواشمان کرد. هاتینە قولەرەیسی. لە ماڵی حاجی لەتیف ماینەوە. من و کاک ئازاد نانمان خوارد. پاش نانخواردن لەگەڵ پێشمەرگەکان هەموومان یەکمان گرتەوە. موختارەکەمان بانگ کرد، ناوەکەیم لەبیر چووەتەوە. چاوساغی لەگەڵ ناردین بەره و قلیاسان و سەر پردەکەی قلیاسان بۆ پەڕینەوە. هاتینە ناو باخی بەختیارییەوه، چووینە چەمەکەی قلیاسانەوە لەوێشەوە بۆ دێی عەواڵ. پشوویەکمان دا و ڕێگەمان گرتە بەر بەره و شاخی جێشانە و دێ کۆن. دەبوایە هەر ئه و شەوە بگەینەوە دیوی قەرەداغ. ئەمەی من باسی دەکەم، بە نووسین و گێڕانەوە زۆر ئاسانه، بەڵام حسابی ئه و سەردەمە بکەن و ماندووبوون و هیلاکیی چەندین ڕۆژ ڕێگە و کەمینی دوژمن بهێننە بەرچاوی خۆتان، بەڵام بڕوامان بە مەسەلەی میللەتەکەمان بەهێز بوو.

دوایی بۆ دێی قەڵاسوورە هەڵگەڕاین. لەوێش ئیسراحەتمان کرد و شۆڕ بووینەوە بۆ دێی تەنگی سەر. هەڤاڵ ئازاد هەورامی یەکەمجارە لەگەڵ من دێتە قەرەداغ و بووە بە لێپرسراوی لقی دووی کەرکووک. لە دواتر باسی دەوری ئازاد هەورامی دەکەم.

شتێک کە دەبێت باسی بکەم

له و ماوەیەدا کە هێشتا لە نێوزەنگ بووین و لەسەر گەڕانەوە بووین بۆ قەرەداغ، خالیدی کوڕی خاڵم پەیدا بوو، کەسێکی لەگەڵ خۆی هێنابوو بە ناوی..... پێشتریش لای من پێشمەرگە بوو و تەسلیم بوبووەوە. کە هات، لام سەیر بوو. وتم خالید بۆچی.... هاتووە؟ چونکی لە عەفووەکەدا چەند مانگێک بوو تەسلیم بوبووەوه، وتی بۆچی؟ کوڕی چاکە. منیش قسەم نەکرد.

کە لەگەڵ هەڤاڵ ئازاد هەورامی گەڕاینەوه، ئەویش هاتووەتەوە بۆ لای من، بەڵام من هەر بەخێرهاتنم کرد. زمانی خۆم گەست و کەوتمە شکەوە لێی. لە گەڕانەوەدا تفەنگێکی ژێسێم دایه، بەڵام خۆی نەیزانی دەرزیی تفەنگەکەم دەرهێنابوو، تاکو گەیشتینەوە قەرەداغ، حەراسەتم پێی دەگرت. کە ئەوم دەکرد بە (حەرەس)، کەسێکی تریشم دەکرد بە حەرەس بەسەر ئەوەوە و به خۆی نەدەزانی. خزمێکی گیرابوو، کەسێکی قارەمان بوو.... لە دەوری قەرەداغ جاشەکان گرتبوویان، حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو بوو.

هێشتا لە ڕێگەدا بووین کە له ڕێکخستنی شاری سلێمانییەوە نامەیەکم بۆ هات. لە نامەکەدا باسی ئەوە کرابوو کە (.... لەگەڵ کەسێکی تر ڕۆیشتووە بۆ کەرکووک بۆ لای غەزعەل تکریتی لە مەنزومەی شمالی. دەبێت وریا بیت و حسابی خۆت بکەی. ئەگینا بۆچی دەچن بۆ لای غەزعەل تکریتی و دێنەوە بۆ لای تۆ؟) دیارە بەڵێنیان پێداون ئەگەر شتێکم لێبکەن، فڵانەکەس کە حوکم دراوە، بۆیان بەربدەن. ئەگەر ئەوەی حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەوەی بزانیایە، ڕازی نەدەبوو و خۆی وەڵامی بۆ دەناردم، چونکی خۆی بەڕاستی پیاوێکی مەرد و خاوەنبڕوا بوو. ئەمەش کە کراوە، لە ڕێگەی کەسێکی ئەمنەوە کراوە، کە دواتر ڕێکخستنی شار کوشتیان.

ئیتر من دڵنیا بووم و ڕێکخستنی شاریش تەئکیدیان کردەوە. وردەوردە ڕۆیشتین تاکو گەیشتینەوە قەرەداغ. له تلەزەیتەوە پەڕیینەوە بۆ میریاسی سەروو. ئیشەکە لێرەوە دەست پێدەکات. دەبێت من چی بکەم؟ با منیش فێڵێکیان لێبکەم، بەڵام تەنها لەگەڵ هەڤاڵ ئازاد هەورامی باسم کرد و چیرۆکەکەم بۆ گێڕایەوە. نامەکەی ڕێکخستنی شارم نیشان دا..... بانگی کردم، ئه و نازانێ من چیرۆکی چوونیان بۆ کەرکووک دەزانم، ناشزانێ کە دەیکەم بە حەرەس، دەرزیی تفەنگەکەی دەرهاتووە. پێم وت ئیشێکم هەیه، کەسێک دەناسم بە ناوی..... بچۆ بۆ لای بۆ سلێمانی و نامەیەکیشت بۆ دەنووسم پێی بدە. کەسێکی خائین هەیە دەبێت بۆم بکوژن. من.... دەنێرم بۆ لای لەناو شاری سلێمانی، ماڵێکم بۆ داناون تاکو خۆتانی تێدا بشارنەوە، ویستم دەمی ئەوەی لە سلێمانییە، چەور بکەم. ئه و ماڵەش کە من بۆیان دیاری دەکەم، پاروویەکی چەورە، به گرتی دەدەن. ماڵەکە ڕێکخستن کەشف دەکەن.

ئەنجا با چیرۆکی ئەوەی شاری سلێمانی باس بکەم. پێش ئەوەی بێمە سەر باسی.... کە بچێت بۆ لای.... لە سلێمانی. هەر کە بووم بە ئامرهەرێمی 5ی قەرەداغ، لە نامەیەکی ڕێکخستنی شارەوە گلەییان کردبوو چۆن ڕێگە دەدەن فڵان لە دێی.... دانیشێ، کە چەند خەڵکی بەگرت داوه و پیاوی میر ییه؟ بە درێژی لەسەریان نوسیبوو، کە چۆن هاوڕێ ئاسۆی بەگرت داوە. ئاسۆ لە عەفووەکەدا کە بەربووبوو، پێیان وتبوو ناوی.... نەهێنیت، ئەگینا دەتانکوژینەوە. هاوڕێ ئاسۆ کە هاتە دەرەوە، لە قەرەداغ هەمووی گێڕایەوە. ئێستا ماوە کەسێکی تێکۆشەر و دیارە. کاتی خۆی به هۆی کەسێکەوە پارە دەدەن کڵاشینکۆفیان بۆ بکڕن بۆ ڕێکخستن، بە حساب.... بۆیان بکڕێ، ئەویش سێسەد دیناریان لێوەردەگرێ. له کاتی تەسلیمکردنی چەکەکە له لای ئۆرزدی باک دەیانگرن و حوکمی ئیعدامیان دەدەن. بەڵام لە عەفووەکەدا بەربوو. کڵاشینکۆفەکەش لە جانتایەکدا دەبێت و دەرزیی تێدا نابێ. دوایی ئاسۆ هاتە دەرەوە و بوو بە کادێر لامان. ئاسۆ وتی وەختێ لە ئەمن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکردین، ئه و زەرفەی سێسەد دینارەکەی تێدا بوو و ئێمە دابوومان، لەسەر مێزەکەی مدیری ئەمن بوو. هەر ئه و سەردەمە....م بانگم کرد لە دێی..... هێشتا هەڤاڵەکان لە زیندان بوون و بەرنەبووبوون. برادەرێکم هات مامۆستا بوو له و ناوە. تەکلیفی کرد و سەری لێتێکدام. نەمگرت. ئەو کاتە لەسەداسەدیش دڵنیا نەبووم، نەسیحەتم کرد و وتم بڕۆ خزمەتی ماڵ و منداڵ بکە. کە بەرم دا، خەڵکەکەش سوپاسیان کردم. مەوعدێکم لەگەڵ دانا بێت بۆ قەرەداغ بۆ لام، ئەمە جاری یەکەم، دیسان بە هالیکۆپتەر دابەزین. هەواڵی منیان پرسیبوو. منیش نەچووبووم بۆ ئەوێ. شکم هەبوو کەسێکی تر ئه و ئەخبارییەی کردبێ. بەڵام هەر ئەم بوو....

دێمەوە سەر باسەکەم.....م بانگ کرد وتم کەسێک هەیە بۆم بکوژن، خائنە و پیاوی میرییە، ماڵیشم بۆ داناون، به درۆوە نامەیەکیشم نووسی بۆ.... ئه و برادەرەی چووە بۆ لای غەزعەل تکریتی کە مەبەستم بوو بێت، .... به نامەکەوە ڕۆیشت بۆ شار. دەمم چەور کردووە بۆ ئەوەی بێت. پێم وتن وەرن بۆ دێی دوکان، ئه و ڕۆیشت. ئێمەش چووینە دێیەک نزیک ئه و جێگەیەی بۆ ئه و دوو کەسەم دیاری کردووە کە لە سلێمانییەوە بێن بۆ ئەوەی ئیشەکەیان پێبڵێم، من مەبەستم بوو بێن و بیانگرم.

بە کاک ئازاد هەورامیم وت با نەچینە دێی دوکان، چونکی مەوعدێکم هەیە. ئەمڕۆ بە هالیکۆپتەر ئینزالمان بۆ دەکەن. ئه و شه و و ڕۆژە لەناو ئه و دێیانەدا بووین. هەموویان خزمەتێکی باشیان کردین. وەک جاران وردەوردە لە جێگەی دیاریکراو نزیک دەبینەوە، بەڵام نەچووینە ناو ئه و دێیەی بۆم دیاری کردوون. له کاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا بوو گرمەگرمی هالیکۆپتەر پەیدا بوو. چوونە ئه و جێگەیەی بۆم دیاری کردبوون. دیار بوو ئەمر بە.... کراوە، کە من مەوعیدەکەم دانابوو. ئێمەش لە بنی دارەکاندا و بنی ژاڵەکاندا خۆمان شاردەوە تاکو کۆپتەرەکان هەڵسانەوە و ڕۆیشتن. دوایی چووینە نزیک دێی....، بە دووربین تەماشام دەکرد و دەترسام نەیەن، دەمەدەمی ئێوارە دوو کەس دەرکەوتن. کە نزیک بوونەوە، ئەوان بوون. فڵان و فیسار. ئیتر دڵنیا بووم کە ئەم ئیخبارییەشی کردووه و هاتووە، کە لێم پرسین ئێوە لە کاتی هالیکۆپتەرەکان کوێ بوون؟ وتیان خۆمان شاردەوە. عەسکەر و ئەفسەرەکان لە خەڵکی دێکەیان پرسیبوو مستەفا چاوڕەش لە کوێیە؟ بڕیار بووە لێرە بێت. جارێ قسەم نەکرد تاکو لە ماڵی یەکێک لە جوتیارەکان نانی ئێوارەمان خوارد. لێرەوە وتم بۆچی چوون بۆ کەرکووک بۆ لای منەزەمەی شمالی؟ وتیان نەچووین. دوایی یەکەیەکە جیام کردنەوه. یەکێکیان وتی چووین، یەکێکیان وتی نەچووین، کە هەردووکیانم دانا بەیەکەوە، وتیان چووین، چونکی لەسەر یەک قسەیان کرد، من بە کۆنە پێشمەرگەکەی خۆم وت کوڕی باش دەی کە تۆ هاتیت بۆ نێوزەنگ، بۆچی پێت نەوتووم چوون بۆ کەرکووک؟ وتی نیازم بووە لە قەرەداغ پێت بڵێم.

هەردووکیان یەک جۆر پشتێنیان لە پشتا بوو، قەیفەی ڕەش بوو. دیار بوو پارەیان لە ئەمن وەرگرتبوو و به یەکەوە لە جۆرێک کڕیبوویان، وتیان کە چووین بۆ کەرکووک، بۆ ئەوە بووە سەری ئەفسەرێک یان پاسدارێکی ئێرانی بهێنینەوه، وەعدیان داوە فڵانەکەسمان بۆ بەربدەن. جنێوێکم پێدان و وتم کەوایە بۆچی هاتوون بۆ لای من؟ خۆ من ئەفسەری ئێرانی نیم و پاسدار نیم. درۆیان کرد، هەق بوو هەردووکیان ئیعدام بکرێن. بۆ مەسەلەی.... لەگەڵ سەرکردایەتی تەماسم کرد و بڕیاری ئیعدامکردنی درا.

ئەمەش بەشێکی تر لە چیرۆکی ژیانی پێشمەرگایەتی و ڕۆژگارە سەختەکان. وەک ئەوە وایە لە فلیمی سینەمادا بیبینی. بۆیە نووسیم، بۆئەوەی میللەتەکەمان و کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە ڕاستیی ڕووداوەکه بزانن، ئەوەی کردوومانە لە پێناوی ڕزگاری و ئازادیی خەڵکیدا بووە. دوژمنایەتیی موڵک و بەراومان لەگەڵ کەس نییە، ئەگەر خائنان لەناو نەبرانایە، ئەم ڕۆژەش دروست نەدەبوو، ئەم بڕیارانەش بڕیاری سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی بووە و جێبەجێ کراوە.

بە هاوکاریی (کاک ئازاد هەورامی، سامان گەرمیانی، شێخ جەعفەر، کاک ڕۆستەم) و کادێرەکان پێکەوە کاروبارەکانی قەرەداغ و گەرمیانمان ئەنجام دەدا. لە ڕووی سیاسی و سەربازییە وە خەریکی ڕێکخستنەوەی بووین. ئازاد هەورامیش لە قەرەداغ و گەرمیان دەورێکی باش و مامۆستایانەی هەبوو. ئه و سێ ساڵەی پێکەوە بووین، من لێپرسراوی سەربازی و ئەویش سیاسی، ڕۆژێ لە ڕۆژان جیاوازیمان نەکردووه، ئامانجمان سەرکەوتنی یەکێتی و شۆڕش بووه. جاری وا دەبوو دەستکاریی کادێرەکانیشم دەکرد، به دیوی گەرمیانیشەوە خۆشەویستی و متمانە سنووری نەبوو، هەموومان دەبوایە ڕێزی خەڵکی بگرین، خزمەتی دێهاتەکان بکەین و ئازاریان نەدەین. ئەمەش ئیشی ڕۆژ و دوو ڕۆژمان نەبوو.

لە گەڕانەکانمان بۆ هەردوو بەشی قەرەداغ و شارەزوور بەردەوام بووین. جارجارەش دەچووین بۆ گەرمیان، مەبەستم (سەنگاو، کفری، کەلار) و دێهاتەکانی ئه و جێگایانەیە. جارێکیان ئەوەندە هیلاک بووین، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک دوو شه و و ڕۆژێک چووینە پشتی دێی ئاوەسپی لە قەرەداغ بۆ بناری قۆپییەکە لەناو دەربەندەکەدا. بە کەسمان نەوت بۆ کوێ دەچین. ویستمان پشوویەک بدەین.

ڕفاندنی ڕووسییەکان و شەڕی خاوێ

هەمیشە لە جەولەکردندا بووین، چونکی بارەگامان نەبوو و شەڕەکەشمان پارتیزانی بوو. وا ڕێک کەوت لەبەری قەرەداغ لە دێی دێلێژە بووین، نیوەڕۆ بوو لەناو دێ بۆ نانخواردن دابەش بووبووین. پاسەوانەکە ئاگاداری کردین وتی لە دۆڵی باسەڕەوە خەڵکێکی زۆر بەڕێوەن بۆ ئێرە. ئەو کاتە چەمی باسەڕە وەک ئێستا جادەی پێدا نەدەڕۆیشت، ڕێگەکەی پیادە بوو. هەموو خۆمان بەست. من چوومە سەرەوە بۆ لای حەرەسەکه. لە پشتی دێلێژە دامەزراین، وتمان نەک حکومەت بێت و هێرش بهێنێ، چونکی نزیک نەبووبوونەوە. پێویست بوو وریا بین، به دووربین سەیرم کرد، شتێکی سەیر دیار بوو. جلەکانیان هەریەکە ڕەنگێک بوو، پانتوڵیان لە پێدا بوو، کە وردەوردە نزیک بوونەوە، مەفرەزەیەکی پێشمەرگەشیان لەگەڵدا بوو بە سەرپەرشتیی مامە ڕیشه. گەیشتنە لامان و لەگەڵ ڕیشە ئەملاوئەولای یەکترمان ماچ کرد و ئەوانەی پێناساندم کە ڕووسینو هاتوون بۆ بەردەم چەمی باسەڕە بۆ ڕاوەماسی. ڕیشەش گرتبوونی، سەیارەیەکی گەورەیان پێبوو. سەیارەکەی سوتاندبوو و ئەوانیشی هێنا بۆ لامان. ئەوەی ڕاستی بێت، هەر زۆرم پێخۆش بوو و دەستخۆشیم لە ڕیشه و پێشمەرگەکان کرد. وتم ئەمە کارێکی سیاسییە، ئێستا دەوڵەتان و ڕادیۆکان به هۆی ڕفاندنی ئەم ڕووسیانەوه باسمان دەکەن. ئێستاش هەروایە، کە کەسێک دەڕفێنرێت، دنیا باسی دەکات. منیش مەبەستم بوو بۆ ئەوەی دەنگی کورد و شۆڕش بگاتە دەرەوه، هەموومان چووینە ناو دێی دێلێژە، ڕوسییەکانمان لەگەڵ خۆمان دانا و نانیان خوارد، دنیا گەرم بوو، 09-08-198009-08-1980 بوو. پاش ئەوەی مامە ڕیشە و برادەرانیان نانیان خوارد، گەڕانەوه و جارێکی تر سوپاسم کردن.

ئەو کاتە مامە ڕیشە لە کەرتی چواری جەباری بوو، ئەوان ڕۆیشتن. ئێمەش لەگەڵ ئازاد هەورامی کۆبووینەوه و ڕێک کەوتین بچین بۆ دێی مێوڵی. له و کاتەدا ئەم برادەرانە پێکەوە بووین (خۆم، ئازاد هەورامی، شێخ جەعفەر، مام ڕۆستەم، گۆران کە ئامرکەتی دەستەکەی خۆم بوو، دەیان پێشمەرگەی تریش). نانی ئێوارەمان لە مێوڵی خوارد. بیرمان کردەوە بچینە جێگەیەکی قایم، چونکی دوژمن ئێستا عەوداڵی ئەم ڕووسییانەیە. لە پشتی مێوڵی بەرزاییەکی لێبوو، زۆر قایم بوو. سەرو بەتانیمان هەڵگرت و چووینە سەر شاخ، ئەگەر تووشی هەر شتێک بووینایە، شەڕی باشی لێدەکرا. لە مێوڵی ناردم بەدوای ئەحمەدی حاجی ساڵح. لە نێوان سلێمانی و قازانقایەدا ئیشی دەکرد. سەد دینارم دایە و وتم بایی ئەم سەد دینارە فانیله و جلی ژێرەوەم بۆ بکڕە بۆ ڕووسییەکان، چونکی ئەوەندە به ڕێگەدا ڕۆیشتوون، هەموویان ئا رەقەیان کردبووە. فێری ئەوە نەبوون کە تووش بوون. من مەبەستم ئەوەبوو خزمەتیان بکەم بۆ ئەوەی دوایی کە بەریان دەدەین، نەڵێن دواکەوتوون، وەک ئه و قسانەی دوژمن پێمان دەڵێ کە ئێمە خائن و وەحشین. ئەحمەد ڕۆیشت.

بۆ بەیانی ڕۆژی 10/8/1980 لەگەڵ ئه و هەڤاڵانەی پێکەوە بووین، ویستمان بچینە جێگەیەک، سەر کانییە ک، دەرەوەی دێ بێ. دوو حەیوانم بۆ کڕین بۆ ئەوەی لەسەر کانییە کە گۆشتیان بۆ ببرژێنین و خزمەتیان بکەین. لەسەر کانیی چنارە، بە ڕای هەموومان لە نێوان خاوێ و مێوڵیدا نزیک خاوێمان هەڵبژارد. کە دانیشتبووین، کێشەمان ئەوەبوو کەسمان زمانی ڕووسیمان نەدەزانی، ئەوانیش لە ڕووسی زیاتر زمانێکی تریان نەدەزانی. یەکێکیان لەگەڵدا بوو خەڵکی باکۆ بوو. بێجگە لە ڕووسی بە تورکییش قسەی دەکرد. لای ئێمەش مام ڕۆستەم خەڵکی کەرکووک بوو و تورکیی دەزانی. ئیتر کەوتینە قسەکردن و پرسیار و وەڵام، ڕۆستەم تەرجومەی دەکرد بۆ هەردوولا. لە بیرمە پرسیارێکیان کرد، یەکەیەکە وتیان ئیشیان چییە. هەریەکەمان شتێکمان لە کارەکەمان بۆ باس کردن. لە ڕۆستەمیان پرسی خۆت ئیشت چییە و چی بوویت؟ وتی من پاڵەوانم قۆڵی هەڵماڵی. ئیتر بوو بە پێکەنین.

لەسەر کانیە کە بۆ گۆشتبرژاندن ئاگرمان کردەوه. لەگەڵ دوکەڵی ئاگرەکە هالیکۆپتەر لەسەر ناوچەی قەرەداغ پەیدا بوو. جارێک هات و چوو، کەشفی کردین، دووەمجار کە هات، یەکسەر دەستڕێژی لێکردین. ئیتر ئێمەش بڵاو بووینەوە. لە یەکەم دەستڕێژدا شەش پێشمەرگە شەهید بوون، ئەمە بێجگە لە بریندارەکان. شەڕ دەستی پێکرد و کار لە کار ترازا. دیار بوو ڕفاندنی ئەم ڕووسییانە حکومەتی توڕە کردبوو، هێزێکی بێشومار و زۆری هێنابوو. ئەوەی چاوەڕوانمان نەدەکرد، بەم شێوەیە بوو.

سەرشاخی پشتی دێلێژە تاکو پشتی خاوێ سەرباز و جاش گرتبوویان. ئێمە لە دامێنی شاخەکەدا بووین لەسەر کانییە کە. کەوتبووینە ژێر ڕەحمەتی گوللەی ئەوان. هالیکۆپتەر بە ئاسمانەوە بوو، نە یەک و نە دوو، لە سەعات نۆونیوەوە شەڕ دەستی پێکرد. بەرامبەریشمان پشتی سۆڵه و کونەکۆتر و دەوروبەری گیراوە. ڕووسییەکان خۆیان خستبووە ناو کانیی ئاوەکەوه، گوللە نەیدەگرتنەوه. دوانیان بریندار بووبوون، لەترسا یەکی بەردێکی گەورەیان لەسەر سەریان دانابوو. ئەم شەڕە تاکو ئێوارەی خایاند و تاریکی کرد. نەمانهێشت دوژمن به و هەموو هێزەوە لێمان نزیک ببنەوە. بەرگرییەکی مەردانه و بێوێنەمان کرد. شێخ جەعفەر بریندار بووبوو. ئەنجا چی بکەین؟ هێزی دوژمنیش لە دەورمانە، ئێمە شانزە بریندار و شەش شەهیدمان هەبوو. ئەمەش ناوی شەهیدەکانە:

1- شەهید گۆران (حسێن حاجی حەسەن) خەڵکی تلەزەیت، ئامرکەرتی پێشمەرگەکانی خۆم بوو.

2- ئەحمەد حارس پێشمەرگە بوو، خەڵکی کانی هەنجیری بناری شارەزوور بوو.

3- دکتۆر عەلی قادر جافەرانی. دکتۆری هەرێمی 5ی قەرەداغ بوو.

4- هیوا نووری ڕەباتی چەند ڕۆژێک بوو هاتبوو بۆ پێشمەرگایەتی، وازی لە خوێندن هێنابوو.

5- ئەسعەد خەڵکی دێی دیوانە بوو.

6- بەهادین خەڵکی قازانقایە بوو.

بریندارەکان زۆربوون و جارجارەش دەستڕێژیان لێدەکرین، جێگەکەمان دیار بوو، بەڵام تاریک بوو. هەر هەموومان هیلاک و شەکەت بووین، چەند مەفرەزەیەکمان لە قازانقایە بوون و هاتبوون بە دەنگمانەوه، ئەوانیش تووشی شەڕ بووبوون. مەفرەزەکە ئەم کەسانەیان لەگەڵ بوون: 1- دلاوەر ئەحمەد مەجید 2- ئاوات شێخ جەناب. 3-دکتۆر ساجد، هەرکەسێکم لەبیر چووبێت، داوای لێبوردن دەکەم.

من و ئازاد هەورامی و ڕۆستەم و شێخ جەعفەر لە پەنا بەردێکدا دانیشتین. سەرەڕای ئه و هێز و جەبەروتەی دوژمن، ڕووسییەکانمان بە شەڕ تەسلیم نەکرد. کاک جەعفەر قاچی بەرکەوتبوو، ماجیدی پوورم بریندار بوو، لەگەڵ هەڤاڵەکانی تر و حەمەی تەلە. فیشەکمان پێنەمابوو، خۆ نه فیشەکمان هەیە نه مەشجەب، کۆبووینەوە بۆ ئەوەی بزانین چی بکەین، برادەران ڕایان وابوو بەریان بدەین. ئەوەی ڕاستی بێت، من ڕەئم وابوو بەریان نەدەین. وتم ئەم هەموو شەهید و شەڕەمان کردووە بۆچی بەریان بدەین؟ دوایی بیرکردنەوە منیش هاتمە سەر قسەی هەڤاڵانی تر. فیشەکمان پێ نییە، بەیانیش چارەنووسمان وەک ئەمڕۆ دەبێت و پەلامارمان دەدەنەوە. ئه و هەموو بریندار و شەهیدەمان هەیە، دوایی دەیانوت خەتای تۆ بووە. لەبەر ئەوە ڕێک کەوتین نامەیەک بنووسین بۆ سەفارەتی ڕووسی، بەم شێوەیە نامەکەم نووسی:

بەڕێز سەفیری یەکێتیی سۆڤێت. سڵاوتان لێبێت. بۆمان دەرکەوت ئەوانەی گیراون، ڕووسن. ئێمەش ڕوسیا بە پشتوپەنای میللەتانی هەژار دەزانین. میللەتی کورد هەمیشە دۆستی ئێوە بووە. لە گرتنیان نەیانزانیبوو ڕووسن، وا بڕیارمان دا ئازادیان بکەین. داوای ئێمەش لە ئێوە ئەوەیە چەک بە حکومەتی عێراق مەفرۆشن. لەبەر ئەوەی دژی گەلێکی وەک ئێمەی هەژار بەکاری دەهێنێ. من ناکەمەم ئیمزا کرد. هاتە سەر ئەوەی مۆرەکەی لێبدەین، مۆرەکەی من لە مۆرەکەی لق کە لای ئازاد هەورامی بوو، باشتر بوو. ئینگلیزی و عەرەبیی تێدا بوو، قەبارەشی گەورەتر بوو، پێش ئەم ڕووداوه جارجار ڕۆستەم لەگەڵ ئازاد هەورامی گاڵتەی دەکرد و دەیوت مۆرەکەی تۆ بەکەڵک نایەت، ئیتر له و دۆخەدا بوو بە پێکەنین، مۆرەکەی هەرێمی 5م لێدا و پێچامەوە. کە نامەکەشم نووسی، تاریک بوو، بەتانییە کیان دا به سەرمدا و لەژێر بەتانیە کەوە نامەکەم نووسی. لایتی بچووکیان بۆ داگیرساندم.

مادام بڕیاری بەربوونیانمان دا، ناردم بۆ لای موختاری خاوێ حاجی ڕەشید، داوام لێکرد دوانزە گوێدرێژمان بۆ بنێرێ بۆئەوەی ڕووسییەکان سوار بکەین و بیاننێرینە دێی خاوێ. بەیانی ئاگاداری جەیشەکە بکەن کە بەرمان داون، ئەوەشمان جێبەجێ کرد، وڵاخ هات و ڕووسییەکانمان سوار کرد، پێشمەرگەی شارەزامان لەگەڵ ناردن بۆ دێی خاوێ.

نۆرەی تەرمی شەهیدەکانە دەست دوژمن نەکەون

پاش ئەوەی ئه و بەڵڵایەمان لەکۆڵ بووەوە، دەستمان کرد بە گواستنەوەی تەرمی شەهیدەکان هەریەکە بۆ جێگەی خۆی. بۆ ئەوەی دەست دوژمن نەکەون، هەموویانمان هێنایە خوارەوە، دوایینیان دکتۆر عەلی قادر بوو. له و جێگەیەی شەهید بووبوو، چووم کردمە کۆڵم. ئەویشمان بە سەربەرزی ناردەوه. دڵمان ڕەحەت بوو، کە دەست دوژمن نەکەوتن. ئەگەر سبەینێ شەڕیش دەست پێبکاتەوە، شەهیدەکان دەست دوژمن ناکەون. لە یاسای شەڕدا بەتایبەت لە کوردستان، لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تاکو ئێستا زۆر ناخۆشە شەهید دەست دوژمن بکەوێ، هەریەکەمان ناردەوە بۆ لای کەسوکاری خۆی. هاتینە سەر بریندارەکان. لەم مەیدانە بچوکەدا بریندارەکانمان سواری وڵاخ کرد. ئەم هەموو بریندارە بۆ کوێ بەرین؟ کوێمان هەیە؟ بە عەقڵی هەموومان و خەڵکی گورباس، دۆڵێکی بچوک هەبوو تۆزێک نەدیوو بوو، له بەینی گورباس و دێلێژەدا، هەموومان چووینە ئەوێ و ڕۆژ بووەوە. پێمان وتن نابێت کەس لە جێگەی خۆی بجوڵێتەوە بۆ ئەوەی کەشف نەبین، بەرامبەرمان لەسەر شاخی پشتی سۆڵەوە بەرامبەر دێلێژە عەسکەرێکی زۆر بە تەیارە دابەزیبوون. هالیکۆپتەر وەک ڕۆژی یەکەمی شەڕەکە لە هاتوچۆدا بوو، وەرە حسابی بریندارەکان بکه و داوای ئاو دەکەن، خۆمان دوو ڕۆژە هیچمان نەخواردووه و برسیمانە. به و گەرمایەی مانگی ئاب بریندار به و ئاو نەبێ، نەماندەتوانی بچینە سەر چەمەکە ئاویان بۆ بهێنین، تەنها دکتۆر ساجدمان لەگەڵ بوو بۆ تیمارکردنیان. بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا ساجدیش وەفاتی کرد، کوڕێکی زۆر چاک بوو. جوڵەمان لە خۆمان بڕی، ئەگەر یەکێک بجووڵایەتەوە، هاوارمان لێدەکرد، چونکی ئەگەر دوژمن بمانیدۆزیایەتەوە، دەرنەدەچووین. کەم بووبووینەوە، هەموو بریندار و بێ فیشەک بووین.

به و دۆخەوە چۆن لەگەڵ ئاسمان شەڕ دەکرێ؟ ئه و هەموو هێزەش دەوری گرتووین. کەوتینە دوای نیوەڕۆ، لە دەمەدەمی عەسردا چاومان لێبوو چەند جارێ کۆپتەر لەسەر شاخی پشتی سۆڵە دادەبەزی و هەڵدەستایەوە، دیار بوو هەواڵیان بۆ چووە ڕووسییەکان بەردراون. ئەوانیش ئەمریان پێکراوە بۆ گەڕانەوە. دیار بوو موختاری خاوێ ئەوەی پێمان وتووە، جێبەجێی کردووە. حاجی ڕەشید پیاوێکی باش بوو.

زانیمان سوپاکە کشاوەتەوە، کوڕ ئه و کوڕە بوو خۆی بگەیەنێتە چەمەکە بۆ ئاوخواردنەوە و دەموچاوشتن. پاش پشوویەک و دەموچاوشتن، هەموو یەکمان گرتەوە، ملی ڕێگەمان گرتەبەر. دێی دێلێژە نزیکترین دێ بوو لێمانەوە، کە چووینە ناو دێ، خەڵکی دڵسۆزی دێلێژە هاتن بە پیرمانەوە، وتیان ئەوە ماون؟ وتومانە یەک کەسیان دەرنەچوون، ئێمەش بە ڕۆحیەتی بەرزەوە وەڵاممان دانەوە. به هۆی هەڵگرتنی شەهیدەکان و بریندارەکان جلەکانمان هەمووی خوێن بوو. چووینە ناو دێ، حەمامیان بۆ گەرم کردین و نانمان خوارد.

ڕۆژی دوایی جەژن بوو

ڕۆژی جەژن کەسوکاری پێشمەرگە و خەڵکی ڕێکخستن ڕوویان کردە قەرەداغ بۆ هەواڵی پێشمەرگه و عەزیزەکانیان، ئەوەی شەهید بووبوو، بردیانەوە. ئێمەش بریندارەکانمان شاردەوە. هەر دووان و سیان ئەمانناردن بۆ دێیەک بۆئەوەی هەموویان لە یەک جێگە نەبن، چونکی لە ترسی ئیخباریکردن بنکه و بارەگامان نەبوو. ڕۆژانە دکتۆر ساجد هاتوچۆی دەکردن، برینەکانی بۆ دەرمان دەکردن. بەڕاستی دکتۆر ساجد دەورێکی گەورەی بینی.

ڕۆژی دوایی نامەیەکم بۆ هات لەبەری دوکانەوە نزیک دەربەندیخان، لە هەمان ڕۆژدا 10/8/1980 حکومەت به هێزێکی گەورەوە هێرشی هێنابوو و بۆ هەمان مەبەستی ڕووسییەکان هاتبوونە بەرامبەر دێی هومەر قەڵا. لەوێش کەرتێکمان دەبێ، ئامرکەرتەکەیان عوسمان حاجی محەمەد باخی سەروو بوو، ناوی بەختیار بوو، لەگەڵ جێگرەکەی هیوای حەمەفەرەج فەتاح خەڵکی بانی بیی لای دەربەندیخان. پێشمەرگەکان بەرەنگاری سوپاکە دەبنەوه. کە لای ئێمە شەڕە، لەوێش شەڕە. بەرگر ییەکی بێوێنەیان کردبوو، له و شەڕەدا بەختیار و هیوای حەمەفەرەج شەهید دەبن. کە تاریک دادێ، پێشمەرگەکان دەکشێنەوە. نە ئەوان ئاگایان لە ئێمەیە نە ئێمەش ئاگامان لەوانە. ئەو کاتە جیهاز و بارەگا نەبوو، هەموو بنکه و بارەگامان بە کۆڵی خۆمانەوە بوو. کە ئەم هەواڵەمان زانی، بارەکەمان قورستربوو، هەموو ئه و کوڕە ئازایانە نمونەی قارەمانی بوون، تاکو ئەوانەمان له و سەردەمەدا پێگەیاند، مەگەر خوا بزانێت چیی ویستووە. باشترین کادێری سەربازی شەهید بوون.

لە ڕێکخستنی شارەوە جوابیان بۆ ناردین و وتیان هەرچی ڕێگە هەبوو بۆ دەرەوەی قەرەداغ، هەمووی گیراوە. دوژمن هەتا تولەڕێگەکانیشی گرتبوو، سەرجادەی قولەرەیسی، ئه و ڕێگەیانەی شکی لێدەکەن، گرتبوویان. لەوێش ڕزگارمان بکردنایە، ڕەنگە لە جێگەیەکی تر تووشی شەڕ ببین. من ئەوەم بە گەورەترین سەرکەوتن زانی بۆ هێزی پێشمەرگە. ئەگەرچی باشترین کادێری سەربازیمان لە دەست دا، بەڵام قورسایی خۆی هەبوو. ئێستاش شەڕی خاوێ یەکێکە لە داستانە مەزن و گەورەکانی ئەم شۆڕشه. ئێمە ئەمانویست ئەم ڕووسییانە بگەیەنینە لای سەرکردایەتی بۆ ئەوەی لەگەڵ مەرجەعی خۆیان قسە بکرێ. ئه و کاتەش دەنگێکی باشی دەدایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر کاریگەریی خۆی هەبوو. هەر زوو لە سوریا وە به هۆی سەفارەتی ڕوسیاوە لەگەڵ نوێنەری ئێمە لە سوریا پەیوەندییان بە برادەرانمانەوە کردبوو. دیارە شانسمان نەبوو، ئەگەر بۆمان بکرایە، بەرمان نەدەدان تاکو خۆمان لە ڕێگەی خۆمانەوە تەسلیمی سەفارەتمان دەکردن. دوای ئه و شەڕە گەورەیە هاتینەوە سەرخۆمان.

شەڕی ئێران و عێراق

هەروەک کاری ڕۆژانەمان لە گەڕاندا بووین. ئەمجارەیان لە بناری شاخی جێشانه بەرامبەر سلێمانی لەناو دێ بووین. لەگەڵ شێخ جەعفەر پێکەوە بووین. هەڤاڵ دلاوەری ئەحمەد مەجیدمان لەگەڵ بوو، بەرپرسی ناوچەی ئەوێ بوو و لەگەڵ پێشمەرگەکان یەک دوو سەیارەی تۆیۆتامان پێبوو، هی حکومەت بوو، لەناو شاری سلێمانی هێنابوومان. به هۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە ترسمان کەم بووبووەوە و بە ئۆتۆمبێلیش دەگەڕاین. وەک جاران نەبوو، هالیکۆپتەر کەم بووبووەوە، جاران کۆپتەر چاوی پیاوی دەردەهێنا، ئاهێکمان پیا گەڕا و ترسمان کەمتر بووەوە.

دەوری سەعات 9ی سەرلەبەیانی بوو، به چاوی خۆمان بینیمان دوو تەیارەی ئێرانی بەسەرماندا هاتن. پاش چەند دەقیقەیەک لە کارگەی شەکرەکەیان دا و ئاگر بەرزبووە. ئێمەش زۆرمان پێخۆش بوو، نەک لەبەر ئەوەی خەڵکی فەقیر و هەژار شەهید دەکات، لەبەر ئەوەی لە حکومەتی عێراق دەدات، چۆن دەڵێی غیرەت گرتینی، هەندێکمان سواری سەیارەکان بووین و هەندێکمان بە پێ. بەره و شاری سلێمانی به ڕۆژی ڕووناک کەوتینە ڕێ، هاتینە کەنەسوورە. خەڵکی کەنەسوورە شاهیدن، لەوێشەوە بەره و ناوشار. ئەو کاتە ش مەفرەزەیەکی مەکتەبی عەسکەری کە مام هێرش یان لەگەڵ بوو، هاتبوون بۆ قەرەداغ، لەگەڵمان بوون. بەداخەوە مام هێرش لە شەڕێکی تردا شەهید بوو. هاتینە بەرامبەر گەڕەکی ئابڵاخ، سەر گردەکە، کە ئێستا مەزاری شەهیدانی لێیە. بۆ چەند سەعاتێک سەیتەرەمان دانا. ئەوەی بەردەستمان کەوت، شۆڤڵێک و تەنکەرێکی پڕ لە گاز بوو. لەگەڵ خۆمان هێنامان بەره و دێی جێشانە. له بەردەم جێشانە تەنکەرەکە چەقی، قورس بوو، ئێمەش بۆرییەکەمان کردەوە و هەرچی گازی تێدا بوو، ڕژاند مان. به و عەقڵیەتەی ئەوسامان واماندەزانی دنیامان گرتووه. بەڵام شۆڤڵەکەمان سەرخست بۆ سەر شاخ. ڕەنگە یەکەمجار بووبێ به و شاخەدا هەڵمان گیرا، چونکی ڕێگە نەبوو، هەر دوای سەعاتێکی نەخایاند سوپای عێراق به هیزێکی زۆرەوە به جاش و مەفرەزەکانیەوە هێرشیان هێنا بۆ سەرمان و تەیارەی هالیکۆپتەر بەسەر سەرمانەوە هەڵسا. ئێمەش لێیان دامەزراین لە نێوان جێشانه و دارۆغادا، هەر لە نزیک نیوەڕۆوە تاکو تاریک داهات، شەڕ بوو. لە سەربازگەی تانجەرۆوە تۆپباران دەکراین. نەمانهێشت حکومەت به و هەموو ئیمکانیاتەوە بێتە پێشەوه. هاوین بوو، چواردەورمان لەبەر پوش گڕی گرتبوو، شەڕیش بەردەوام بوو. بریندارێکمان هەبوو ناوی سەربەست بوو، پەنجەی قرتا، فەرماندەی مەفرەزەبوو. ئه و شەڕە زۆر ڕوحیەتی بەرز کردینەوە. هەم چووینە ناو شارەوه، هەم دوژمن نەیتوانی زاڵ بێت و کشایەوە. ئەم شەڕە و ئاگر و سوتانە بە بەرچاوی خەڵکی سلێمانییەوە بوو، به چاوی خۆیان بینییان پێشمەرگە بەرەنگاری گەورەترین هێز دەکات. دوایی تاریک بوو، لە دارۆغا نانمان خوارد و بەسەر شاخدا چووینە وە بەره و قەرەداغ.

ئەم هاتوچۆیەمان بەردەوام بوو، کەرتی دووی بازیان کە شێخ جەعفەر ئامریان بوو، لەگەڵ لیژنەی ناوچەی بازیان کە هەڤاڵ دلاوەری ئەحمەد مەجید بەرپرسیان بوو، زۆربەی شەوەکان دەچوونە ناو شاری سلێمانییە وە و چالاکیان ئەنجام دەدا. لە گەرمیانیش بەهەمان شێوە پێشمەرگەکانمان هەمیشە لە چالاکیدا بوون. لەسەر ڕێگە گشتییەکان دەستیان لە دوژمن دەوەشاند، هەروەها لەبەری بەمۆ و خانەقین، چونکی لە سنووری هەرێمی 5ی قەرەداغدا بوون. لەوێش پێشمەرگەی ئازا و چالاکمان هەبوو، هەموویان خەڵکی ئه و سنوورە بوون، وەک سەلام کوێخا عەزیز و ساڵحی برای و مامە عەلەڕەش و کوڕەکانی حەمەفەرەج فەتاح خەڵکی بانی بی، مەحموودی مامە عەزه و مامە عەزەی باوکی، حاجی عەبدوڵڵا، ڕەئوفی یاسە، ئازادی مامە عەلەڕەش و دەیان پێشمەرگەی تر. هەندێکیانم له پێش شۆڕشەوە دەناسین به هۆی حیزبی شیوعییەوە.

جارێکیان پێشمەرگەکانی بەمۆ و خانەقین هەندێک مانگای عەرەبەکانیان هێنا، مانگاکان گەورە بوون، پێیان ئەوت مانگای جبوری. عەرەبەکان هاتبوونە سەر زەویوزاری کورد. کوردەکان هەمووی دەرکرابوون، کەسی لێنەمابوو. کە هێنایانن، دۆخی ماددی یەکێتی باش نەبوو، بەخەیاڵما هات وتم با دوو مانگا بنێرم بۆ مام جەلال بۆ نێوزەنگ بۆ ئەوەی ماست و شیری هەبێ. بە برادەرانی ڕێکخستنی خۆماندا بەڕێم کرد. کە گەیشتبوو، مام جەلال نامەیەکی بۆ نووسیبووم وتبووی برام تۆ کە مانگاکانت ناردووە، گۆلکەکانت لەگەڵ نەناردووە. الاحسان بالتمام. منیش نەمزانیبوو ئەگەر گۆلکەکان نەنێرم، شیرەکەی وشک دەکات. ئیشەکەم بوو بە ئیشی دووجار و گۆلکەکانیشم بۆ نارد. بەداخەوە شتەکانم سووتان، ئەگینا ئه و نامانە بمانایە، باش بوو و خۆشیش بوو. خۆزگە مام جەلال لەبیری مابێ، هەندێک لە هەڤاڵەکان ئەوانەی ئه و سەردەمە پێکەوە بووین، بۆ خۆشی وتبوویان خەڵکی ماستاو دەکات، بەڵام کاک مستەفا مانگا دەکات.

ئەمە ژیانی ئێمە بوو، پڕ بوو لە خۆشەویستیی یەکتر و نیشتمان. ڕۆژبەڕۆژ و ساتبەسات کار و چالاکیمان زۆر دەبوو. گەشەیەکی بەرچاومان کردبوو. ژمارەمان زۆر زیادی کردبوو. کەرت و مەفرەزەکان باش ڕێک خرابوون، کەسانی باش و ئازاو دڵسۆز بوون. له و سەردەمەدا کۆمەڵێک هەڤاڵی ڕێکخستن هاتنە دەرەوە لە گەرمیان، وەک هەڤاڵ عەدنانی حەمەی مینە و براکانی، مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا کە ئێستا بە عەلیی پەڕلەمان ناسراوە. سەید محەمەد خەڵکی کفری بوو، بوو بە کادێر، بەداخەوە شەهید بوو. ڕەنگە ناوەکانم لەبیر نەمابێ، بەڵام زۆر بوون. جا نەک هەر لە گەرمیان، لە شوێنەکانی تریش هاتنەدەرەوە هەبوو. پێشمەرگە چالاکیی چاکیان دەکرد و بەردەوام بوون، هەرێمی 5ی قەرەداغ هەر خۆی شۆڕشێک بوو، کادێرە سیاسی و سەربازییەکان بێوچان کاریان دەکرد، بڕوا و متمانەی خەڵکیان به لای خۆیاندا ڕاکێشابوو، گەورەیی هەرێمی 5 سنووری نەبوو.

ڕۆژێکیان لە قەرەداغ جەولەمان دەکرد. خۆم و شەهید ئازاد هەورامی و مام ڕۆستەم لەگەڵ هەندێک لە هەڤاڵەکانی تر، لە مەسۆییەوە بەره و سێوسێنان دەچووین. ماڵی دایکم و خاڵم لە مەسۆیی بوون، سەردەمێک لە ترسی گرتن لە شار ڕایان کردبوو. منیش جارجارە سەردانم دەکردن. دەبوایە کەسیش نەزانێت لەوێن، لەبەر ئەوەی خەبەریان لێنەدەن و حکومەت بێت بیانبات.

مام دەروێش ساڵح پێشمەرگەیەکی هەتا بڵێیت ئازا بوو، کۆنە شیوعی بوو لەگەڵ خۆم، لە زووەوە دەمناسی، شوکر ئێستاش هەرماوە. لەگەڵ هەڤاڵ حەمە قاشتی کە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندە، یەکێک بوو لە کوڕە ئازاکانی هەرێمی ئەو کاتە، هەردووکیان فەرماندەی دەستە بوون. ڕۆژێکیان هاتن و مامۆستایەکی عەرەبیان هێنابوو لە دیوی شارەزوور لە زەڕ ایەن. زەڕایەن جاشی زۆر لێبوو، مۆڵگەکانیان لەوێ بوو، لە دیوی سیاره و چنارە لای دەربەندیخان لەسەر جادەی سلێمانی دەربەندیخان کەمینیان دانابوو. سەیارەی ئەم مامۆستایەی تێکەوتبوو، ئەم مامۆستایەش لێپرسراوی منەزەمەی بەعس بوو لە زەڕایەن. کاتی خۆی لە پیشەسازی سلێمانی مامۆستا بوو، ناوی ڕەشید مەجید محەمەد بوو، کەسێکی چوارشانه بوو. هێنایان بۆ لام. تازە به هۆی خیانەتەوە دکتۆر چیا کە کادێرمان بوو و کوڕێکی زۆر باش و ڕێکوپێک بوو، شەهید کرابوو. کە هاتن، پاش سەلام و بەخێرهاتن تەسلیمیان کردم، منیش عەرەبیم دەزانی، خۆم فەقیر کرد، تۆزێک قسەم لەگەڵی کرد، لە کاتی قسەکردندا وتی کاکە ئانی زوجتی کوردیە، کاک ڕۆستەم یەک زللەی مزری لێ دا، ئه و زەلامە گەورەیه کەوت! وتی وادەزانم کوردەی خوشکم.... وادەزانی پێمان خۆشە ژنەکەت کوردە؟ ئەو کاتە ی مامۆستا بووە لە پیشەسازی، ژنەکەی خوێندکاری خۆی بووە و هێنابووی، دەسەڵاتی هەبوو، کچی حاجی جەلال ناوێک بوو. قسەم لەگەڵی کرد کە ئەگەر پێشمەرگەی لەگەڵ بنێرم بۆ زەڕایەن بە شه و منەزەمەی تەسلیم بکات، من بۆ ئەوەی فێڵی لێبکەم. وتی زۆر باشە و ئاسانە، دیارە ئەویش دەیەوێ فێڵ لە من بکات بە خەیاڵی خۆی. وا دەزانێ گۆڕمان بۆ هەڵدەکەنێ وەک چۆن دکتۆر چیایان شەهید کرد.

لەگەڵ هەڤاڵان ئازاد هەورامی و مام ڕۆستەم بڕیارمان دا. دەستەیەک پێشمەرگەی شارەزای ئه و سنوورەم بانگ کرد، مۆرم دا لە بڕیارەکه و تەسلیم بە دەستەکەم کرد. لە خەیاڵی خوێدا دەیبەن بۆ زەڕایەن تەسلیمیان بکات، من له بەرچاوی ڕەشید به دەستەی پێشمەرگەکانم وت حورمەتی بگرن و لەگەڵی بچن بۆ زەڕایەن، منەزەمەتان تەسلیم دەکات و هەموو شتەکان بهێنن، بۆ ئەوەی وابزانێت به ڕاستمە. لێپرسراوی پێشمەرگەکانم بانگ کرد، بڕیارە ڕەسمییەکەم پێوت. بۆیە حەزمان کرد بچێتەوە لای زەڕایەن، چونکە لەوێ خەڵکی دەیناسن، بزانن تۆڵەی دکتۆر چیادا هەموو خائنێک ئەمە چارەنووسی دەبێ. ئەوان ڕۆیشتن، کابرای عەرەب دڵخۆش بوو، هەر شەوێ ئەمرەکەیان جێبەجێ کرد. زەڕایەن خەڵکی جاشی زۆر لێ کۆبووبووەوە، لە ڕێکخستنی خۆمان ناو زەڕایەن ئاگاداری هەموو جموجۆڵێکی دوژمن بووین. لەسەر ئەمە حکومەت کەسوکاری هەندێ پێشمەرگەی گرت، وەک باوکی حەمە قاشتی و کەسوکاری تری پێشمەرگەی ئه و سنوورە.

جارێکی تر لە قەرەداغ بووین. کەسێکی خراپ گیرابوو بە ناوی....، خەڵکی لای چەمچەماڵ بوو لە دێی...، پاش ئەوەی ئامۆژگاریمان کرد واز لە خراپە بهێنێت، بەڕەڵڵامان کرد. کەچی بەردەوام بوو لە هاوکاریکردنی حکومەت. لە هەندێ جێگە لەگەڵ ئێمە بوو. ئەو کاتە ی گیرابوو، لە دێهاتەکان دابەش دەبووین و نانمان دەخوارد، کە گەڕابووەوە، چوو سواری هالیکۆپتەریان کردبوو، هاتبوو بەدواماندا بگەڕێ. چووبوو بۆ هەندێ دێ، لە هەندێک دێ خەڵکی فەلاح و کاسبیان گرتبوو. لەوێش دێهاتییەکان فڵانیانیان ناسیبووەوە کە لە ڕابوردوودا چووەتە ماڵیان. ئەوانەی گیرابوون لەناو تەیارەکەدا فڵان دەستی کردبوو بە باخەڵیاندا و هەویەکانی دەرهێنابوون. پێی وتبوون من خۆم لە ماڵەکانی ئێوە لەگەڵ مستەفا چاوڕەشدا بووم. بووبوو بە شاهید بەسەر خەڵکەکەوە. کە خەڵکەکە هاتنەوە، بۆیان باس کردم، نامەیەکم نووسی بۆ کاک ڕۆستەم کە ئەو کاتە لێپرسراوی کەرتی چواری جەباری بوو. مەردانە لە دێیەکەی خۆیان گرتبووی و جارێکی تر بۆی ناردمەوە. پاش ئەوە شاهیدی لەسەر بوو. لەسەر بڕیاری سەرکردایەتی لە دێی... لەلایەن پێشمەرگەوەئیعدام کرا. پاشان کە کاک ڕۆستەمم بینی، وتی کوڕی خوا خۆ من نەمنارد ئیعدامی بکەن، تۆزێک خزمیشم بوو. ئیتر هەر کەسێک خیانەتی بکردایە چارەنووسی وا دەبوو. لاشمان مەبەست بوو خەڵکی بترسن و خیانەت نەکەن، ئیخباریمان نەکەن. کاک ڕۆستەم زۆر لای ئاسایی بوو.

بەرەوپێشچوونی هەرێمی 5

دۆخی هەرێمی 5 هەتا بڵێیت باش بوو، زۆر زیادی کردبوو، خەڵکی لە هەموو شوێنەکانی سنووری هەرێم به هەموو شتێک هاوکارییان دەکردین. ماڵەکانیان وەک ماڵی خۆمان بوو. هەستاین بە دروستکردنی هێزی پشتیوان. هەرێمەکەش لە ڕووی ژمارەوە گەورە بوو، پەیوەندیی باشمان لەگەڵ شارەکانی (سلێمانی، دەربەندیخان، کەلار، کفری، چەمچەماڵ) هەبوو. ڕێکخستن زۆر هاوکارییان دەکردین، دەنگوباسی ڕۆژانەیان بۆ دەناردین لەسەر هەڵسوکەوتی دوژمن و پیاوەکانی ڕژێم. به هۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە ترسی جارانمان نەمابوو و زیاتر دەچووینە دێیەکانەوە. لە ڕووی ئیشوکاری حیزبییەوە کاک ئازاد هەورامی دەورێکی یەکجار باشی بینی، ڕێکخستنی خستە شارۆچکەکانەوە، دەوری باشیان هەبوو.

شەهیدبوونی خالید گەرمیانی

ئێمە ئاگادار نەبووین مامۆستا جەعفەر کە ئەندامی ناوەندی کۆمەڵە بوو، له نێوزەنگ هاتووەتە خوارەوە و چووە بۆ گەرمیان. ئێستاش نەمزانی بۆچی هاتبوو. دەوری سەعات 8ی سەرلەبەیانی بوو. لەگەڵ شێخ جەعفەر و کاک ڕۆستەم لە خاوێ بووین. نەمانزانیبوو سەر شاخی پشتی خاوێ گیرابوو، دیار بوو بە شه و لە سەنگاو یان چەمچەماڵەوە هاتوون، دەوری دێهاتەکانی تریش گیرابوو، دێی خاویش وەک دۆڵێک وایه، ئەگەر سەرشاخت لێبگیرێ، ئیشت زەحمەت دەبێ.

هەر ئەوەندەمان زانی لەسەر شاخەوە دەستڕێژیان لێکردین و شەڕ دامەزرا. ئینجا زانیمان دەورمان گیراوە. من لەگەڵ شێخ جەعفەر و مام ڕۆستەم تینمان بۆ هات. یەکەمجار خۆمان ڕزگار کرد. بە دۆڵەکەدا چووینە خوارەوە و کشاینەوه، له لایەکی ترەوە هەڵگەڕاینەوە بۆیان. لەگەڵ پێشمەرگەکان یەکمان گرتەوە و کەوتینە شەڕەوە. هالیکۆپتەریش مۆڵەتی نەدەدا و بەسەر سەرمانەوە بوو. تاکو دەوری عەسرێکی درەنگ شەڕمان لەگەڵ کردن. مام ڕۆستەم شارەزابوو لە ئاربیجیدا، چەند گوللەیەکی ئاربیجیی نا بە هالیکۆپتەرەکەوە، وتیان پێکاویەتی، لای ئێمە هیچ نەکەوتە خوارەوە، مەگەر عەزیەتی پێگەیشتبێت. له و شەڕەشدا سەلامی فەقێ عەلی کە خەڵکی کفری بوو و برای شەهید قاسم بوو، لەگەڵمان بوو، سەردەستەی پێشمەرگەکانی لای خۆم بوو، دەوری هەبوو. ساچمەی هالیکۆپتەرەکان چاوێکی بریندار کرد، ئێستاش به و چاوەی نابینێ. بنەماڵەی سەلام بنەماڵەیەکی تێکۆشەری شاری کفری بوون، هەموو گەرمیان دەیانناسن، بنەماڵەیەکی دڵسۆزن.

دوای شەڕەکان هاتینە خوارەوە بۆ دێی قازانقایە، دیار بوو دوژمن زانیاریی هەبوو لەسەر هاتنی مامۆستا جەعفەر. ئه و ناوەیان گرتبوو و کەمینیان دانابوو. خالید گەرمیانی بۆ ئەوەی مامۆستا جەعفەر بگەیەنێتەوە لای ئێمە لە قەرەداغ، لەگەڵی هاتبوو، کەوتبووە کەمینەکەوە. خالید شەهید دەبێ، بەڕاستی گەورەترین خەسارەتی هەرێمی پێنجەم بوو، چونکی خالید زۆرزۆر هەڵسووڕاو و ئازا بوو، چەندین چالاکیی لەناو شاری کفری ئەنجام دابوو. لە بیرمە جارێکیان لەگەڵ پێشمەرگەکانیدا چووبوونە خوارەوە بۆ ناوچەی دوژمن بۆ خوار دووزیش، لە دێیەک بە ناوی ئەبووسەباح چەکێکیان هێنابوو. جارێکی تر کوڕی بەڕێوەبەری پۆلیسی کفرییان ڕفاند و گۆڕییانەوە بە کەسوکاری پێشمەرگە. بەداخەوە له و کەمینەدا شەهید بوو. لە گەرمیان به ئاسانی شوێنەکەیمان بۆ پڕ نەکرایەوه. بەڵام خۆشبەختانە دەیان کادێری سیاسی و سەربازی لە گەرمیان دروست بوون. هێزی پێشمەرگە لە گەشەکردندا بوو. ناکرێ دەوری هەڤاڵەکانی تر باس نەکرێ، هەموویان زۆر چاک بوون، سامان گەرمیانی جێگرم بوو، سەرپەرشتیی گەرمیانی دەکرد، دەوری مەلا ئیبراهیم بەرپرسی ناوچەی گەرمیان بوو. ئێستا لە نەمسایه و دەبێ هاتبێتەوه. هەر له و ساڵەدا بوو خۆمان ئامادە کرد بۆ سەرکردایەتی بۆ کۆنفرانسی سێ.

شەڕی گەورەی لای ئیمام قادر و دێوانە

هەر لە قەرەداغ بووین. ئێوارەیەک حەمە قاشتی و مام دەروێش سەیارەیەکی لاندکرۆزەری پشتبەتاڵیان هێنا. هی کارگەیەکی بەرد بوو لای دەربەندیخان. شۆفێرەکەی میسری بوو. کە هێنایان، تەسلیمی منیان کرد. هەرچەند میسرییەکە زۆر هەوڵی دا ئۆتۆمبێلەکەی بدەینەوه، وتمان هی حکومەتە، ناتوانین بتدەینەوە، میسرییەکەمان ئیزن دا. بۆ بەیانی هێزێکی گەورەی سوپا لە دەربەندیخانەوە هێرشیان هێنا و ناقلە و سەربازێکی زۆریان لەگەڵدا بوو، هالیکۆپتەر بەسەر سەرمانەوە بوو، ئێمەش لە دەوری ئیمام قادر و بنارەکە بە چەند قۆڵێک لێی دامەزراین و شەڕ دەستی پێکرد. ئەوەی ڕاستی بێت، پێشمەرگەکان دەورێکی مەردانە و قارەمانەیان بینی. ئێمەش لەگەڵ کاک ئازاد هەورامی لە قۆڵێکەوە دامەزراین، جارجارەش دەگەڕام بۆ لای قۆڵەکانی شەڕەکە و لەوێش حەمە قاشتی و مام دەورێش دەوریان دیار بوو، شارەزای ناوچەکەش بوون، تاکو ئێوارە تاریکی کرد، شەڕ بەردەوام بوو، تۆپخانەکانی سەربازگەی دەربەندیخان تۆپبارانی دەکردین. هالیکۆپتەر بە سەرمانەوە دەستڕێژی دەکرد، بێجگە لە سوپا کە دەیانویست بێنە پێشەوه. ئه و هێزە زۆرەی دوژمنمان شکست پێهێنا و ئێوارە کشانەوە. نەیانتوانی لە جادەکە زیاتر بێنە پێشەوە. ئێمەش پاش شکاندیان گەڕاینەوە بۆ جێگەی تر، لەوێش خەسارەتمان نەبوو. لەوان کوژراو و بریندار هەبوو.

هاتنی هەڤاڵان شەوکەتی حاجی موشیر و سەلاحی موهەندیس

له و ماوەیەدا لە بناری شاخی بەمۆ و دێهاتەکانی ئەوبەر ئاوی دەربەندیخان پێشمەرگەی چاکمان هەبوون. سەرکردایەتی بڕیاریان دابوو کە بەری خانەقین و ئەوبەری ئاوی سیروان بکرێت بە هەرێم، ناوی هەرێمی 9یان بۆ دانابوو. کاک شەوکەت حاجی موشیر و سەلاحی موهەندیس هاتن. ئامرهەرێم و جێگرەکەی، نامەی سەرکردایەتییان بۆ هێنابووم بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەم بۆ کردنەوەی ئه و هەرێمە و ئه و پێشمەرگانەی خەڵکی ئەوبەرن. کەرتێک زیاتر بوو بۆیان بگوێزمەوە بۆ سەر هەرێمی 9، چەند ئیمکان دەبێ، هاوکارییان بکەم بۆ سەرکەوتنی ئه و هەرێمە و چوونیان بۆ بەری بەمۆ بۆ پەڕاندنەوەیان.

من و ئازاد هەورامی لەگەڵ کاک شەوکەت و سەلاحی موهەندیس دانیشتنێکمان کرد و بڕیارمان دا هەموو پێشمەرگەکانی سنووری خانەقین، واتە بەری ئەوبەری دەربەندیخان و بەمۆ و سەرتەک، هەموویان بگوێزینەوە بۆ ئەم هەرێمە تازەیە، هەرواشمان کرد. چەند ڕۆژێک لامان مانەوه، دوایی بەرنامەی خۆیان دانا بۆ ڕۆیشتن و پەڕینەوە بۆ ئەوبەر. ئێمەش باشترین پێشمەرگەکانی ئه و سنوورەمان تەسلیم کردن. له و کەسانەش سەلام کوێخا عەزیز، مەحموودی مامە عەزە، ساڵح کوێخا عەزیز، مامە عەزە، حاجی عەبدوڵڵا، کاک عەلەڕەش لەگەڵ خزم و کەسوکاری پێشمەرگەیان و دەیانی تریش.. لەمەودوا خۆیان لە ئیشوکارەکانیان بەرپرسیار دەبن.

ئەوەی جێگەی داخە، چەند مانگێکی نەخایاند و گەڕانەوە. کاک شەوکەت و کاک سەلاح پێکەوه نەگونجان. ئەمەش کاریگەریی کرده سەر باقیاتی هێزەکە، ژیانیش لهو ناوچە چۆڵەوانییە ئاسان نەبوو بۆ هەرێمێک، ئه و پێشمەرگانەی کە بۆمان گواستبوونەوە، گەڕانەوە بۆ لای خۆمان بۆ هەرێمی 5ی قەرەداغ.

ڕۆیشتن بۆ کۆنفرانسی یەکی کۆمەڵە

من و کاک ئازاد هەورامی بێجگە لەوەی لێپرسراوی سیاسی و سەربازی بووین لە قەرەداغ و گەرمیان، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەش بووین، ئیشەکانمان پێکەوە بوو، زۆریش تەبا و گونجاو بووین.

لە دوای ساڵی 1980 کە ماوەیەکی زۆر ئیشمان کرد، داوا کراین بەپێی ئه و بەرنامەیەی دانرابوو، بچین بۆ نێوزەنگ بۆ لای سەرکردایەتی. بڕیاری کۆنفرانسی کۆمەڵە دراوە. ئەوانەی به پێی بەرنامەکە بەشدار دەبن، خۆمان ئامادە کرد، هەموویان ئاگادار کرانەوه و ڕۆژی سەفەرمان دیاری کرد بۆ هەڤاڵانی قەرەداغ و گەرمیان بۆ ئەوەی یەک بگرینەوه و بکەوینە ڕێگە بە مەبەستی کۆنفرانس. بەڕێ کەوتین، بە چەند شه و و ڕۆژ و بەزاندنی کەمینەکانی ڕێگە هەموومان گەیشتینە لای سەرکردایەتی. هەر ئێمەش نەبووین، لە هەموو سنووری هەرێمەکان و هەروەها ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناو شارەکان (هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دهۆک) و هەموو شوێنەکانەوە هەڤاڵان هاتن و له کاتی خۆیدا ئاماده بوون. هەموومانیان دابەش کرد بەسەر بارەگاکاندا. باش بوو دنیا گەرمی کردبوو.

ڕۆژی کۆنفرانس دیاری کرا و هەمووان بەشدار بووین. دیار بوو کێشە زۆر هەبوو، لە دروستبوونی کۆمەڵەوە ناکۆکیی لە ناو هاوڕێکاندا هەبوو. من خۆم لە بەشێکی زۆری ئه و کێشانە بێئاگا بووم، چونکی لە دامەزراندنی کۆمەڵه و کێشمەکێشی ڕابوردوو ئەوەی قڕەقڕی لەسەر بوو، هەر تێیدا نەبووم. کێشەکانیش تایبەت بوون بە کۆمیتەی هەرێمەکان و ناکۆکیی ناو سەرکردایەتیی کۆمەڵه و زەمانی شەهید شەهاب شێخ نووری و چوونیان بۆ ئێران، گرتنیان و تەسلیمکردنەوە و چیرۆکەکانی. ئەوەی ڕاستی بێت، من پەیوەندیم لەگەڵ هاوڕێ (مەلا بەختیار، کاک سالار عەزیز، کاک ملازم عومەر، کاک نەوشیروان) هەبوو. هەر ئه و سەردەمە کە لەسەر سنوورەکەوە گەڕاینەوە بۆ شۆڕش، هەر ئەوانم بینی بوو و ئەوانم دەناسی، هەڤاڵەکانی تر لە زیندان بوون و گوناهی من نەبوو، کە پەیوەندیم لەگەڵیان نەبوو، من کە لە شارباژێڕ یان قەرەداغەوە ئەچووم بۆ نێوزەنگ، هەر لە بارەگاکانی ئەوان ئەمامەوه. خۆشەویستی و پەیوەندیمان وەک یەک گیانی لێهاتبوو. خۆشەویستی سنووری نەبوو. برادەرانی زیندانیش تازە بە لێبوردنی گشتی ئازاد کرابوون. ساڵی 1979 پەیوەندیم تازە دروست کردبوو لەگەڵ هەڤاڵانی وەک کاک عومەری سەید عەلی و فەرەیدون عەبدولقادر و ئەرسەلان بایز و عەلی بچکۆل و ئاوات عەبدولغەفور و ئاسۆی شێخ نووری و هەندێکی تر. من قۆناغەکانی پێشمەرگایەتیم تێپەڕاندبوو. لە قۆناغی فەرماندەیی هەرێمدا بووم، کام هەرێم؟ ئه و هەرێمەی جێگەی بڕوا و متمانه و هێزی گەورەی یەکێتی بوو و لە ماوەی سێ ساڵدا کە هەموو ساڵێ سەرژمێری چالاکیی پێشمەرگایەتی دەکرا، بە شاهیدی هەمووان قارەمانی یەکەمی ساڵ دەرئەچوو، بێجگە لەوەی هەر یەکێتی هەبوو لەوێ، کۆمەڵەش بە حوکمی دەوری من باڵادەست بوو، بنکەی سووریان پێدەوت. وام دانابوو ئەبمە جێگەی ڕێز و گەورەیی لای هەموو برادەران. لەسەر کۆنەکان زۆر شارەزایم نەبوو. لە دەنگەدەنگی کۆنفرانسدا ئه و شتانەم زانی، لەسەر مەسەلەیەک کە دەهاتە پێشەوه و ئەبوو به بڕیار یان دەستی بۆ بەرز بکرێتەوە و دەنگی لەسەر بدرێ، تەماشای مەلا بەختیار و کاک سالار جارجارەش کاک نەوشیروانم دەکرد، لەگەڵ ئەوان دەستم بەرز کردەوە، لەولاشەوە وەک وتم دەورم هەبوو لەم شۆڕشەدا هەر لە دروستبوونی هەرێمی 3ی شارباژێڕ پێش و پاشی نەکسەی هەکاری. دوای شەهید سیروان کە من چوومە قەرەداغ حسابی زۆرم لەسەر هەڵچنی بوو، لە ڕووی ژمارەوە 150 پ.م، ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندا بوو. بێجگە لە شەڕی ڕۆژانە لەگەڵ دوژمن کە پەلامار دەدراین.

دامنابوو حسابی تایبەتیم بۆ بکرێ. لە شۆڕشی گەلاندا وایه. خۆم بە پاڵەوانی مەیدانەکە دەزانی، لە کێشمەکێشی ناو کۆنفرانس و هەندێک لە هەڤاڵەکان کە فێر کرابوون، به غەدر قسەیان کرد لەسەرم، زەمینەیەکی وایان دروست کرد هەم کۆنفرانس کێشەی زۆری تێکەوت، هەم منیش دەرنەچوومەوە، ئیتر بیرم کردەوە ئەمە وەفای سیاسەتە، وتم ڕەنگە لەناو شۆڕشەکانی دنیا و میللەتانی تری دنیاش وابووبێ. من لای خۆمەوە له و برادەرانەی به ناهەق قسەیان کرد، زویر بووم. کۆنفرانس تەواو بوو بە پینەوپەرۆ و به هەزار قڕەقڕ و شەقەشەق و بێنەوبەرە. باڵەکەی من دۆستیان بووم، سەرکەوتوو نەبوون، منیش به ئاگری ئەوان سوتام. وەک وتم لەگەڵ دەستبەرزکردنەوەکاندا لەگەڵ ئەوان دەستم بەرز دەکردەوە، وتم باشە گوناهی من چی بوو؟ نە لە کۆمیتەی هەرێمەکان بووم، نە له و شتانەی دەنگەدەنگی تێدا بوو. به هەرحاڵ، دڵم زۆر شکا، بیرم کردەوە لە سیاسەتدا زۆر ناهەقی دەکرێ، ئەمەش یەکێکە لەوانه، بەتایبەت لە لایەن هاوڕێکانی خۆتەوە. ئیتر کێ هەڵبژێرا و کێ هەڵنەبژێردرا، پینەوپەڕۆیان کرد و تەواوبوو. کاتی گەڕانەوەمان هات بچینەوە بۆ قەرەداغ. سەردانی کاک نەوشیروانم کرد، هیوادارم له بیری مابێ، بڕواشم وایە پیاوێکی زیرەکه و تەجروبەش شاهیدە. وتم کاک نەوشیروان هەندێک له و هەڤاڵانە فێرکرابوون، هەندێک قسەیان کرد غەدریان لێکردم، ئەمەش مۆرەکەی هەرێمی5ی قەرەداغ. من ناگەڕێمەوه و کێت پێ باشە، دەوروتەسلیمی لەگەڵ دەکەم، لە کۆتاییدا پاش قسەوباسەکان، کاک نەوشیروان وتی خۆت بڕۆرەوه، کەس له و برادەرانە نانێرینەوه، وتم باشە.

ئەو کاتە ش کە گەڕاینەوە (کاک ڕۆستەم و شەهید باباتاهیر و هێمن) لە قەرەداغ پێکەوە بووین. وردەوردە گەڕاینەوە و چووینە وە قەرەداغ. ماوەی دوو هەفتەی نەبرد کاک سامان لەگەڵ مەفرەزەیە کدا هاتەوە. منیش لە دێی مەسۆیی بووم، هەڤاڵ کاک سامان نامەیەکی کاک نەوشیروانی دامێ. کە خوێندمەوە نووسیبووی: پاش سڵاو و کەلام. هیوادارم پێکەوە کار بکەن. منیش ئەگەر هەڵەبم یان ڕاست لەم شێوەی نامەیه زۆر دڵگران بووم. من چۆن هاتمەوه و چیی پێ وتم. وتم کاک سامان گیان من ناتوانم بەم شێوەیە کار بکەم، تۆ بچۆرەوە بۆ سەرکردایەتی. تۆزێک دەنگەدەنگمان بوو، من وامزانی چووەتەوە بۆ سەرکردایەتی، بەڵام چووبووەوە بۆ گەرمیان، پاش چەند ڕۆژێک ئێمە لەگەڵ برادەرانی گەرمیان مەوعیدی پێشترمان هەبوو لەگەڵ مەلا ئیبراهیم کە بەرپرسی سیاسیی گەرمیان بوو، کاک مەحموود سەنگاویشم لەگەڵ بوو. چووین بەدیوی گەرمیاندا. کە چووین، ئه و برادەرانە دۆخەکەیان بە هەڵە تێگەیاندبوون. خەریک بوو تووشی کێشە ببین. کێشە نەبوو، بەڵام دروستمان کرد. خەریک بوو دەستمان بچێتە گیانی یەک. بەڕاستی هەڵەی هەردووکمان بوو، من دەبوایە نامەکەی کاک نەوشیروانم قبوڵ بکردایە، ئەویش به هەڵە شتەکانی باس نەکردایە.

من نامەیەکم نووسی بۆ سەرکردایەتی لەسەر ڕووداوەکە و هاتنەوەی کاک سامان. دیار بوو ئەویش نامەی نووسی بوو، ئەو کاتە وەک ئێستا نەبوو هەموو کەسێک مۆبایلی پێبێ، جهازیشمان نەبوو. بارەگامان نەبوو، ئێواران بە ڕادیۆکەی گەلی کوردستان بە جفره و ژمارە حەلمان دەکرد، ئیتر ڕادیۆکە وتی بۆ ئاگاداری بۆ ئاگاداری، ئاگاداری هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش دەکەین دوای بەرنامەکان بروسکەی هەیە، ئاگادار بێ. ئەنجا وەرە دانیشە به تاریکی لەبەر فانۆس بروسکەکان بە جفرە و ژمارە حەل بکە، کە حەلم کرد دەڵێت:

لە مام جەلالەوە بۆ هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش

به پەله و بێ دواکەوتن وەرە بۆ سەرکردایەتی بۆ کاری پێویست.

زانیم بۆچییە. ئیتر گەڕامەوە بۆ قەرەداغ، لەوێشەوە جارێکی تر بۆ سەرکردایەتی. بە چەند ڕۆژێ ڕێگە گەیشتم. لە پێشدا چوومە لای هاوڕێ مەلا بەختیار، ئەوەی ڕووی دابوو، بۆم گێڕایەوه. دوایی چووم بۆ لای مام جەلال، لەسەر ئەوەی ڕووی دابوو، نەسیحەتی کردین. مام جەلال لە دەرەوەی وڵات هاتبووەوە و ڕادیۆیەکی باشی بە دیاری دامێ. زۆر دڵم پێی خۆش بوو.

سەفەرم کرد بۆ تاران

به فرسەتم زانی مادام هاتووم، سەرێک لە زاهیری برام بدەم. دەمێکە ئاگام لێی نەماوە و لەوێ بەجێم هێشتووه. مۆڵەتی دوو هەفتەم وەرگرت و بەرگەم دروست کرد. چووم بۆ سەردەشت بۆ ماڵی خزمەکانم، لەوێشەوە چووم بۆ تاران. چەند جارێک قسەم لەگەڵ زاهیر و ماجدی پوورم کرد. زاهیر بە هۆی برینداربوونەوەکەیەوە لەژێر چاودێریی دکتۆردا بوو، عەمەلیاتی دەویست. پاش ئه و چەند ڕۆژە گەڕامەوە بۆ لای سەرکردایەتی، هەر بە گەیشتنم وتیان سەرکردایەتی بڕیاری داوە کە تۆ دەبێ بڕۆیت، بڕیارەکەش بەم شێوەیەی خوارەوە بوو.

1- کاک نەوشیروان سەرپەرشتیی هێزەکان دەکات لە باڵەکایەتییەوە بۆ لای ڕواندز و بالیسان.

2- تۆش سەرکردایەتیی هێزەکانمان لە دۆڵی جافایەتی و وڵاخلوو دەکەیت. لە سنووری جافایەتی سەید کاکە بەهێزێکی زۆرەوە هاتووە، شکاندوونی و شەهیدمان هەیە. دەبێ بچیت چارەسەری بکەی و ڕاوی بنێی. منیش وتم زۆر باشە.

من ئامرهەرێمی قەرەداغم، کە هاتووم بۆ سەرکردایەتی، هێزم لەگەڵ خۆم نەهێناوه، زۆربەی زۆری دەستەکەی خۆم لەگەڵ نییە. باشبوو کاک غەریب عەسکەری لەوێ بوو، بەداخەوە غەریب عەسکەری لەم ساڵانەی دوای ڕوخانی سەدام حسێن بە ڕووداوێکی دڵتەزێن وەفاتی کرد. وتیان ئەمیش هەندێک پێشمەرگەی لەگەڵە. لەگەڵتدا دێت بۆ خوارەوە. بڕیارەکەمان جێبەجێ کرد و ملی ڕێگەمان گرتەبەر. بەره و گەرماو دەڕۆیشتین، گەیشتین به (دانای ئەحمەد مەجید و محەمەد تەییب) کە بەره و سەرکردایەتی دەچوون، بۆ ئەوەی ئاگاداری بکەن له و دۆخەی بەسەر یەکێتیدا هاتووە. لەوێ ڕووداوەکانیان بۆ گێڕامەوه و لەگەڵ خۆم گەڕانەوه. منیش بڕیارەکەی سەرکردایەتیم پێوتن. لە بێتوش دوو سندوق فیشەکم کڕی. سەید کاکە به هێزێکی حیزبی سۆشیالیستە وە هاتوون و برادەرانی ئێمەیان تاکو وڵاخلوو ڕاوناوه. لە سیمەکه لای دێی هەرزنە خۆمان هەڵواسی و لە ئاوەکە پەڕیینەوە. هاتینە دێی وڵاخلوو. هێزەکەمان بێساحێب بوون. پێش ئەوه جەمال عەلی باپیر شەهید بووبوو. شەهید جەمالی عەلی باپیر دەور و تەئسیری خۆی هەبوو. پاش شەهیدبوونی شەهید جەمال تەنها کاک فاتح شوانییان لەگەڵ بوو. دوایی کاک شێخ دارا ئامرهەرێمی چوار لەگەڵمان یەکی گرتەوه.

ئه و هێزەی لەگەڵ سەید کاکە هاتبوو، واهاتبوو یەکێتی لە ناوچەکە پاک بکاتەوە و بیشکێنێ. لە شاخەکەی بەرامبەری دێی مالومە پێشمەرگەیەک شەهید بووبوو. له بیرم نییە کێی تریش شەهید بووبوو. ئەمەش دۆخێکی زۆر خراپی دروست کردبوو لای پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە. دیارە کە هەموومان باسی شەڕی ناوخۆ دەکەین، چ ئەوسا و چ ئێستاش به ماڵوێرانیی دەزانین و کەسمان پێمان خۆش نییە. چی بکەین؟ دروست بووه و هاتووەتە پێشەوه. هەمووشی خۆی بە حەق دەزانێ، یان دەبێ تەسلیم بیت و بشکێی یان خۆڕاگر بیت. ئەنجا ئێمەمانان دەزانن بە چی دەردیسەری و قوڕبەسەرییەک ئەم شۆڕشە هەڵگیرساوه و گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، ئەگینا هەردوولا ئەمانزانی ئەم شەڕە ماڵوێرانییە و تووش بووین.

کۆکردنەوەی هێزەکان و ڕاونانی سەید کاکە

پاش ئەوەی لەگەڵ هێزەکەی هەرێمی 4 یەکمان گرتەوە، نامەم نارد بۆ ئەوانەی پەرتەوازە بووبوون و کەوتبوونە ئەملاوئەولا. لە مالومەوە بەره و هەڵەدن دێبەدێ بەدوای سەید کاکه و هێزەکەیدا ڕۆیشتین. لەگەڵ کادێرەکان قسەم کرد، مەعلوماتم کۆکردەوە لەسەر هێزەکەی سەید کاکە و ناوچەکە. زانیمان بەره و دێی شارستێن ڕۆیشتوون و لەوێشەوە بەره و مەرگە، بێجگە لە هێزەکەی هەرێمی چوار، هێزێکی ترمان هەبوو، لەگەڵ کاک زیرۆ عەبدوڵڵا یەکمان گرتەوە. لەگەڵ کادێرەکان بەره و مەرگه دەهاتین، دڵشاد تۆفیق حاجی باقی و هەندێک پێشمەرگەی ترمان بینی. دیار بوو ئەوانیش لە مەرگە بوون. لەگەڵ هێزەکەی کە لەگەڵمدایە و هەڤاڵە شارەزاکان کۆمکردنەوە. هەر شەوێ ئه و جێگەیانەی پێویست بوو، هێزم بۆ نارد و ڕێنماییم کردن چی بکەن. تەماشای ناوچەکەم کرد بۆ ئەوەی بزانم چی بکەم باشە.

1- هێزێکم نارد بۆ هەوارەبەرزە، شاخێکی بەرزە و بەسەر چەند لایەکدا دەڕوانێت، بەتایبەت دێی بیوەکه و ئاوەژێ و شارستێن. لە ڕووی سەربازییەوە جێگەیەکی زۆر گرنگ بوو و ستراتیژی بوو.

2- زیرۆ عەبدوڵڵا هێزێکی لەگەڵ بوو و ژمارەیان پەنجا پ.م زیاتر بوو. خۆشی خەڵکی مەرگە بوو، شارەزا بوو. ئەوانم بۆ شاخی بەردقلیش دانا، ئەمیش بەسەر دێی مەرگە و جادەی قیری سەرەکی و مەلا سەفی و بیوەکە و پاشکێش دەڕوانێ.

3- هەندێک هێزی تری خۆمان هەبوو لە ناوچەکەدا، تیپی 44ی چەکوچ لەگەڵ شێخ سەدرەدین بوون و بە شاخی ئاسۆسەوە بوون، سوفیان و مەرگە له بەردەستیاندا بوو، بێجگە له و هێزەی لەگەڵ خۆمدا بوو.

4- بەرەبەیان هێزەکەی سەید کاکە، حەمە عەلی بەردەشانی و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، کە ناوەکانیان نازانم، لەگەڵ سەید لە پێدەشتەکەی پشتی بیوەکەدا لە دەرەوەی دێ بوون. لای ئێمەشەوە کەمین دەردەکرێ بۆ لای مەلا سەفی، دڵشاد کادێر بوو، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک دەکەونە کەمینەکەیان و شەهید دەبێ. بەوەش شەڕ دامەزرا و لە یەک ئاشکرا بووین، جێگەکانیشمان له یەکتر دیار بوو. من خۆشم لە دەوری شارستێن بووم و بەره و ڕووی ئەوان ڕۆیشتم. ئەگەر هێزەکەی بەردقلیش وەک پێویست بوونایە، ئێمە ئەمانتوانی زیانی زۆریان لێبدەین، چونکی له بەردەمیاندا نوستبوون، ئێمە سەرشاخمان بەدەستەوە بوو. شەڕ لە چەند قۆڵێکەوە دەستی پێکرد. هێزەکەی ئاسۆس و تیپی 44 لەگەڵمان تەماسیان هەبوو. هێزی سەید کاکە به درێژایی شاخی دارەبەنان دامەزرابوون. شەڕی سەرەکی لەوێ بوو، تاکو ئێوارە خۆیان ڕاگرت. دوایی شکان و خۆیان گەیاندە دێی سێ ناجیان بۆ پەڕینەوه، چوار کەسیان لێکوژرا و بەجێمان، شه و پەڕینەوە. سەید کاکە ماینەکەی لێبەجێما، چوونە بناری کۆسرەت، ئێمەش ڕۆژی دوایی هێزەکانی خۆمان ڕێک خستەوه. ئه و ڕۆژە چووینە دێی مەرگە، کە له و ناوە مەرکەزه. جارێکی تریش هێزەکانم دابەش کردەوە. به گوێرەی بەرنامەی شەڕەکەمان هەرکەسه جێگەی خۆی بۆ دیاری کرا. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەبوو پاش شکانی هەرێمی 4 هەڵسانەوەیەکی باش بوو. پاش دوو ڕۆژ لەبەری مەرگەوە لە دێی خۆشاوەوە ڕۆیشتین بەدوایاندا بۆ بناری کۆسرەت.

ئه و بەرنامەیەی کە بڕیارە من جێبەجێی بکەم تاکو لەگەڵ هێزەکەی کاک نەوشیروان یەک بگرینەوە، دەبێ بەردەوام بم لەسەری بۆئەوەی لە ناوچەکە دەریان بکەین. شەوێ گەیشتینە دێی توربە. دەبوایە لەبەر حکومەت کە ڕەبایەکانی دیار بوون، هەر به شه و لە ئاوی دەریاچەی بە بەلەم بپەڕیینەوە. لە توربه نانی بەیانیمان خوارد. بۆ ڕۆژەکەی ڕۆیشتین بۆ چناران. دیار بوو هێزەکەی حەمە عەلی بەردەشانی کە لەگەڵ سەید پەڕیوونەتەوه. حیزبی شیوعی کە عەلی حاجی نادر بەرپرسی بوو، لەوێ هاوکاریی کردبوون و له و ناوە خۆیان شاردبووەوە، خزمایەتیی هەبوو لەگەڵیان، وەک شیلانەیی داڵدەی حەمە عەلی و ئەوانی دابوو. کە گەیشتم، هەندێک دەنگەدەنگمان بوو لەسەر ئەوەی کردبووی. بەڵام بەوە تەواو بوو، لەوێ تووشی شەڕ نەبووین. ئەو کاتە شەهید سەربازیش لەگەڵ ئەوان بوو. هەر لە بناری کۆسرەت بوون. ئیتر ئێمە کارەکەمان تەواو نەبووە، هەنگاوبەهەنگاو و دێبەدێ بەره و (کەلکان و ئالیقە و شوشکە و باسەڕە و خدران) ڕۆیشتین، شەوێکیش له و سنوورە لە بناری کۆسرەت ماینەوە. ڕێکخستنی خۆمان کە خەڵکی سنوورەکە بوون، هاتن بۆ لامان. هەندێک زانیاریان داینێ لەسەر حکومەت و ئه و هێزەی لەگەڵ سەید کاکەیە، لە دێی مێوژە هەرێمی چوارم ناردەوە بۆ ئەوەی سنوورەکەیان بە چۆڵی نەمێنێتەوە. دانا ئەحمەد مەجید و برادەرانیان بۆ شەویش لە دێی خدرانەوە به هۆی چاوساغ و خەڵکی شارەزا بەلای دێی قەسرۆک و کڵاوسووراندا پەڕینەوە بەره و دێی سکتان. ئه و شەوە دوا قۆناغمان دێی سکتان بوو، ئێستا سکتان هاتووەتە سەر جاده، پێشتر لە بناری شاخەکەدابوو، جێگەیەکی باش و قایم بوو.

دەبوایە بە شه و هاتوچۆمان بکردایە، چونکی لەسەر جادەی گشتی ڕەبایەی سەربازی لێیه. هەروەها سەربازگەیەک لە دێی قەمتەران هەبوو، لە سەرێکی تریشەوە بۆ ئەوەی ئەوەی بۆی هاتووین، بیپێکین، ڕۆژی دوایی هێزێکی هەرێمی 14 بە سەرپەرشتیی سوارەی عەباسی مامەند ئاغا لەگەڵ ئێمە یەکی گرتەوه و سکتانمان بەجێهێشت بەره و دێی چیوەکان. لە سکتان کوڕێکی شۆفێری لێبوو، نامەیەکم نووسی بۆ کاک نەوشیروان و ناردم بۆ سلێمانی بۆ ڕێکخستن بۆ ئەوەی به زووترین کات بگاتە دەستی کاک نەوشیروان و سەرکردایەتی، بۆ ئەوەی ئاگادار بن کە لە کوێم و چیمان کردووه و چۆن سەیدمان شکاندووە.

کەوتینە ڕێگە و بە شاخەکەدا هەڵگەڕاین، به شێوەی پێشمەرگانە دوودوو نێوانمان هەبوو، چەند مەترێک لە نێوان یەکتردا بەره و چیوه کەوتینە ڕێ. چەند سەعاتێک ڕێگەکەی دوور بوو، کە نزیک چیوەی سەروو بووینەوە، من خۆم لەگەڵ هێزێکی کەم به لای ڕاستدا هەڵکشام بۆ شاخەکە و چوومە لای سەرەوەی، بە دووربین تەماشام دەکرد، به دەستی ڕاستدا جادەی سەرەکیی بالیسان و سەروچاوە بوو، دێی وەرێ له بەردەماندا بوو، جادەی قیره، حکومەت دروستی کردووە. جێگەکەی ئێمە کە خۆمی لێبووم، زۆر قایم و سەخت بوو. دەمەدەمی ئێوارە تەماشام کرد وا چەند چەکدارێک سەردەکەون بۆ ئه و شاخەی ئێمەی لێیە. ئێمەش لێیان دامەزراین. ئەوان ئاگایان لە ئێمە نەبوو تاکو نزیک بوونەوە، دەرکەوت سەید و جەماعەتەکەی لە دێی چیوە بوون. دەنگمان دان و لێمان دان، بەره و چیوه هەڵاتن. هێزەکەی لای منیش دوایان کەوتین، تاکو ناو دێ ڕاومان نان و شەوی بەسەردا هات. ئیتر لە یەکتر ئاشکرا بووین. لایەکەی هێزەکەی کاک نەوشیروانی لەگەڵە، لە دەوری بالیسانن، زانییان ئێمەش گەیشتووین و جێگەی باشمان بەدەستەوەیە و سەیدمان شکاندووه. ئەوەش زانرا کە هێزەکەی سەید کاکە کەوتۆتە نێوان هەردوو هێزەکەی ئێمەوە، کاک نەوشیروان ملازم سەید کەریمی لەگەڵدایە، بەداخەوە سەید کەریم له کاتی گفتوگۆی یەکێتی لە ساڵی 1984 لەگەڵ حکومەت جاشەکانی تاسڵوجە شەهیدیان کرد.

بەرەبەیان لە چەند قۆڵێکەوە بۆیان چووین. بە شاخی هەورێدا هەڵگەڕان. هەورێ شاخێکی گەوره و درێژ و سەختە. شەڕ دامەزرا و هەنگاوبەهەنگاو لێیان چووینە پێشەوە. سەید شاخی هەورێشی چۆ ڵ کرد. چەند کوژاوێکی بەجێ هێشت و بەره و دێی کونە فلوسە ڕای کرد. ئێمەش بە هەردوولامان هێزێکی یەکجار زۆر و باش و بەڕوحیەتمان هەبوو. وازمان لێنەهێنان و دوایان کەوتین. پاش تەواوبوونی شەڕ لە دۆڵی بالیسان و شاخی هەورێ و دێی چیوە لەگەڵ هێزەکەی لای کاک نەوشیروان و سەید کەریم یەکمان گرتەوه. کاک نەوشیروان کۆبوونەوەیەکی پێکردین، بەرنامەی تازەمان دانا. شەوێک یان دوو شه و له و ناوە ماینەوە. بۆ ئەوەی سەید و هێزەکەی نەحەسێنەوە، بە دوایاندا ڕۆیشتین و چووینە دێی نازەنین، لەوێ شەوێک ماینەوه. هێزەکەی لای نازەنین لەگەڵ من بوون، ئەوانی تر لای سەید کەریم بوون و له لایەکی ترەوە چوون. دلاوەری ئەحمەد مەجید لەگەڵم بوو، بەسەر شاخی سەفیندا سەرکەوتین. دیار بوو شه و لەوێ مابوونەوه، لە چەند سەنگەرێک لێفه و بەتانییان بەجێ هشتبوو لەسەر شاخ.

ئێمەش لەگەڵ هێزەکانی هەولێر و سەید کەریم بووین، کە شارەزا بوون، چونکی هێزەکەی لەگەڵ من بوو، یەکەمجار بوو ئه و ناوچەیە ببینین، لەگەڵ هێزەکانی ئەوان بۆ چەند دێیەک چووین وەک (عەلیان، سوسە، ونەکە تاکو زیارات). ئەو کاتە تۆفیق بیرێژی و ئازاد خۆشناو لەگەڵمان بوون. لەوێ بڕیاریان دا پاش چەند ڕۆژێ من بگەڕێمەوه. سەیدمان بەره و دەشتی هەولێر ڕاونا. من گەڕامەوە بۆ ناوچەی سەرگەڵوو. ئه و هیزەی لەگەڵمدا بوو، لە ڕێگەی ئاوی دوکان لە تۆربەوە پەڕیینەوە بۆ خۆشاو، لەوێشەوە بۆ لای سەرگەڵوو، جارێکی تریش بەهەمان شێوە هێزێکی سۆشیالیست پاشماوەکەیان له و ناوە مابوون، لە دەوری سێوکانیان لە پشتی سوورداش و دەوری سەرگەڵوو بوون. ڕێکخستنەکانی خۆمان گەیشتنەوە سنوورەکه، زانیارییان هێنابوو و وتیان ئه و پاشماوەیەی حسک لە دەوری سەرگەڵوون، منیش گەیشتبوومەوە هەڵەدن، شێخ دارای حەفید ئامرهەرێمی 4 بوو لە دوای شەهید جەمالی عەلی باپیر. هێزەکانی هەرێم و ئەوەندەی لەبەردەستدا بوون، کۆمکردنەوە و لە مزگەوتەکەی هەڵەدن کۆبوونەوەم پێکردن لەسەر ئەم شەڕەی کە هەیە و ئەوەش کە ئەوان دەستپێشخەر بوون. له کاتی هێرشەکەی سەید کاکەدا برادەرانی ئێمەیان ڕاونا و هەندێکیان شەهید کرد، مادام ژیان پێکەوە نەماوە، ئیتر دەبێ ئێمەش نەهێڵین ئەوان لەم سنوورە بمێننەوه. بڕیار و عەقڵیەتی هەردوولامان بەم شێوەیە بوو. بۆ ئەوەی ئەوان خۆیان ئامادە نەکەن، نامەیەکی ئەوانمان گرتبوو، کە دەڵێت هێزێکی جاشەکانی جەلالی بە سەرکردایەتیی مستەفا چاوڕەش شەست کەسن و هاتوونەتەوە. بەڵام نەیاندەزانی من لە کوێم، دیار بوو هەواڵیان بۆ چووبوو، بەڵام لە ژمارەی هێزەکە بە هەڵەدا چووبوون، ئێمە زۆر لەوە زیاتر بووین.

بەرنامەمان دانا، پاش قسەکان وتم نابێ بچینە ناو سەرگەڵوو. بەره و سێوکانیان دەچین، چونکی ئەگەر بچووینایەتە ناو سەرگەڵوو جوابیان بۆ دەناردن. لەوێ هەوادار و دۆستیان هەبوو، خەڵکی ئەوێشیان تێدابوو به هۆی شەهید شێرکۆی شێخ عەلییەوە. شه و گەیشتینە پشتی سوورداش بەرامبەر شاخەکەی سێوکانیان، کاک زیرۆ و هێزەکەیمان لەگەڵ بوو. شێخ دارا ئامرهەرێمی چوار پاش شەڕێک له و ناوە لەگەڵیان شکاندنی و کوژراویان هەبوو، ئەو کاتە حاجی مەحموودی گەورە دێ حسک بوو، لەگەڵیان بوو. ئەوە دوا مەفرەزەی حسک بوو لە سنوورەکە. ئیتر یەکێتی دەستی بەسەر هەموو ناوچەکەدا گرت. بە نووسراوێک سەرکردایەتیم ئاگادار کردەوە کە شتێک له و ناوە نەماوە، وەڵامیان دامەوە وتیان تۆش بگەڕێرەوە بۆ قەرەداغ، دەستخۆشییان لێکردم.

گەڕانەوەم بۆ قەرەداغ

پاش بەجێهێنانی ئه و ئەر کەی پێم سپێردرابوو، گەڕامەوە بۆ قەرەداغ. ماوەی مانگێک زیاتر دەبوو هەرێمی 5م بەجێ هێشتبوو. له و ماوەیەشدا ئه و هەڤاڵانەی لەوێ بوون، کارەکانی خۆیان بە باشی جێبەجێ کردبوو. کاک سامان لەگەڵ کاک نەوشیروان بوو، ئەویش لە گەرمیان نەبوو. ئیتر پاش ئەوەی گەڕامەوە بۆ قەرەداغ و لەبەر گرنگیی ناوچەی مەیدان و شاخی بەمۆ کەرتێکی تازەمان دروست کرد و چوونە وە بۆ ئەوبەری سیروان، بەڵام هەر سەر بە هەرێمی 5 بوون، هەموو پێشمەرگە ئازاکان بوون. پاش ماوەیەک مانەوە لە قەرەداغ جارێکی تر سەرکردایەتی داوای هێزی لێکردین بۆ لای خۆیان.

چوونمان بۆ سەرکردایەتی بە هێزەوە

جارجار سەرکردایەتی داوایان لێدەکردین هێزیان بۆ بنێرین. ئێمەش ئەوەندەی ئیمکان بوایە، ئامادەمان دەکرد و دەچووین بە پیر داواکەیانەوە. ئەو کاتە ش بەینی یەکێتی و پارتی باش نەبوو، هەروەها هێزێکی گەورەیان کۆکردبووەوە و هاتبوونە بەرامبەر شێنێ و نێوزەنگ. لەبەر ئەوە سەرکردایەتی ناچار بوو داوای هێز لە ئێمە و هەرێمەکانی تریش بکات بۆ پارێزگاریکردن لە سەرکردایەتی و بنکه و بارەگایان. بە شارەزایی خۆمان لە دۆخی یەکێتی دەمزانی لە سەرکردایەتی جێگە و پێویستی نییە، بۆ ئەم سەفەرەش چوار هێسترم لە قەرەداغ کڕی. لە دێی سێوسێنان به قەدەر بارەکانی خواردنی قوتووم کڕی. هەموو پێشمەرگەیەکیش خۆی سەرو بەتانیی هەڵگرت بۆ ئەوەی بچین بۆ نێوزەنگ. لە قەرەداغ شۆڕ بووینەوە بەره و دێی جێشانە. ژمارەمان نزیکەی سەدوپەنجا پ.م دەبوو، بۆ ئەوەی دەمە ودەمی ئێوارە لەلای پردی قلیاسان و باخی بەختیاری بپەڕینەوە بەره و قلیاسان و دۆڵی شێرکوژ. پێش ئەوەی هێزەکە بچینە سەرجادەکە، چاوەڕێمان کرد شه و دابێت بۆ پەڕینەوە، تۆزێک ڕووناکی مابوو، چەند پێشمەرگەیەکی شارەزام نارد. ئێمەش دوای ئەوان کەوتینە ڕێگە بەره و لای ئەوان. نزیک جادەی سەرەکیی سلێمانی-کەرکووک لای پردەکە بووینەوە، دەلیلەکان و پێشمەرگەکان گەڕانەوە و وتیان کەمینی لێیە. ناتوانین بپەڕینەوە، بەهار بوو، گەڕاینەوە دواوە. لەگەڵ هەڤاڵەکانی لێپرسراو بیرمان کردەوه خۆ ناکرێ بچینەوە بۆ قەرەداغ، نەک لەوێ برادەرانی سەرکردایەتی بارودۆخیان باش نەبێ. چی بکەین باشە؟

بڕیارم دا بچینەوە بۆ لای شێخ عەباس و حاجیاوا لە خوار سلێمانی بەره و بازگەی سلێمانی-هەڵەبجە بچینە پشتی بازگەکە. ئەمەش هەر به قسە خۆشه، بەتایبەتیش بۆ هێزێکی سەدوپەنجا پێشمەرگەیی و بە شەوی تاریکیش. ئەوەی زەحمەت بوو، بەهار بوو، ئاوی قلیاسان هەڵسابوو. بوارێکمان دۆزیەوە و ناچار بووین هەر به جلەوە خۆمان لە ئاوەکە بدەین، چونکی نەدەکرا خۆمان ڕووت بکەینەوە، به زەحمەتێکی یەکجار زۆر پەڕیینەوه، به جلی تەڕ و پێڵاوی تەڕەوە هاتینە نزیک دێی ڕازیانە و لەوێشەوە بەره و ویڵەدەر سەرکەوتین. دەبێ هەموو ئەمەش به شه و تەواو بکەین، خەریک بوو دنیا ڕووناک بێتەوه. هەموو شەوەکەی هەر بە ڕێگەوە بووین. کە ڕۆژ بووەوە به دیوی ویڵەدەردا شۆڕ بووینەوە. وتمان چۆنە ڕەبیەکانی سەر شاخی لای ویڵەدەر تەقەمان لێناکات. چونکی دیار بووین، بەدوای یەکتردا گەیشتینە شارباژێڕ و دێی عازەبان، هیلاکمان تێدا بوو، هەر له و دەشتە خۆی دابوو به زەویدا و خەوی لێکەوتبوو، لەبەر هیلاکی لای دێی وەلانە و دەوروبەری لێی نووستبوون. له دەوری نیوەڕۆدا لە عازەبان هەموومان یەکمان گرتەوە، من خۆشم پێش چوونم بۆ قەرەداغ فەرماندەی هەرێمی 3ی شارباژێڕ بووم، تولەڕێگەکانیش شارەزا بووم. خەڵکی عازەبان و هەموو دێکانی شارباژێڕ دەیانناسیم.

لەوێوە کەوتینە ڕێگە بەره و سەرکردایەتی، چەند ڕۆژێکی خایاند. به گەیشتنمان دۆخی ئەوێ خاو بووبووەوە، هێزەکانی پارتی و جود کشابوونەوە. ئێمەش پاش ئەوەی گەیشتبووین، سەرکردایەتیمان بینی و سوپاسیان کردین. گەڕاینەوە، بەڵام لە ڕێگەی ئالانی ئێرانەوە بۆ دۆڵی سەفرەوزەروون، هاتینە هەناران و قولەرەیسی و گەیشتینەوە قەرەداغ.

ژیانی پێشمەرگه هەر ئەم تۆزە نییە. بێ ئیمکانیات و فەقیری، بەبێ چەکی باش و بەبێ فیشەک، و گرتنی کەسوکاری پێشمەرگە له لایەن ڕژێمەوە یان دەربەدەربوون بۆ لادێکان، هەموو ئەمانە بەشێک بوون لە ژیانی پێشمەرگایەتی له و سەردەمەدا. له و بێئیمکانیاتەی خۆمان چەند جارێک لە دەمی خۆمان گرتۆتەوە و ناردوومانە بۆ سەرکردایەتی.

لە ناوچەی بازیان و قەرەداغ کرێکارێکی زۆریان بۆ کشتوکاڵ دامەزراندبوو غابات، هەر لە ماڵی خۆیان دانیشتبوون و مانگانەیان وەردەگرت، کادێرەکانمان هەموو مانگێک دینارێکیان لێوەردەگرتن. ئەمە بەشێکی سەرچاوەی داهاتی ئێمە بوو، ئەو کاتە پێشمەرگەی سەڵت مانگی پێنج دینارمان دەدایە، خێزاندار مانگانەی حەوت دینار و نیومان دەدایە، هەموو کاتێکیش نەبوو.

لە گەرمیانیش شەڕی گەورە دەکرا، بەتایبەت لەلای کەرتی چواری جەباری، کە مام ڕۆستەم ئامرکەرتی بوو، دوای ئەویش ڕیشە بوو. لای کفری و کەلار و دەربەندیخان و بازیان دوژمنیان هەراسان کردبوو. ناوشاری سلێمانی بەهەمان شێوە بوو. لە کەرتی جەباری به هۆی چالاکیی کەرتەکەوە ئێواران هەر لە عەسرەوە ڕێگەی بەغدا دادەخرا. بەڕاستی مامە ڕیشه و موحسین و سەردار و هاوڕێکانیان نمونەی ئازایەتی و مەردایەتی بوون، یادیان بەخێر بێ. خۆ مەفرەزەکانی کەرتی بازیان زۆربەی شه و دەچوونە ناو سلێمانییەوە. چەندجارێکیش خۆم لەگەڵیان چوومە شارەوە بۆ دەستوەشاندن لە دوژمن.

پاش ئەم هەموو سەرکەوتنە و زیادبوونی پێشمەرگه، سەرکردایەتی بڕیاری دابوو کە شێوەی ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە بگۆڕێ، لە هەرێمەوە بیگۆڕێت بە ناوی تیپ. لەسەر ئەم بڕیارە پرسوڕا بە ئێمەش کرا، بەتایبەت بۆ قەرەداغ، کە زۆر گەورە بووبوو.

دابەشبوونی هەرێمی 5ی قەرەداغ بۆ سێ تیپ

پاش ئەوەی ناوی هەرێمەکان گۆڕدران بە تیپ، بڕیار درا هەرێمی 5ی قەرداغ بکرێ بە سێ تیپ لەبەر گەورەیی سنوورەکە و زۆربوونی پ.م. و بەم شێوەیەی خوارەوە ناویان لێنرا:

1- تیپی 53ی شیروانە لای کاک سامان.

2- تیپی 55ی قەرەداغ لای کاک حامدی حاجی خالید.

3- تیپی 57ی سەگرمە لای کاک ئازادی سەگرمە.

دوای ئەم ڕێکخستنەی تیپەکان سەرکردایەتی منی گواستەوە بۆ مەکتەبی عەسکەری و بووم بە ئەندامی مەکتەبی عەسکەری. دەبوایە بڕۆم بۆ نێوزەنگ، ئەو کاتە هەڤاڵ ملازم عومەر لێپرسراوی م.ع بوو، پاش دەوروتەسلیم لەگەڵ هەڤاڵان، پەڕیمەوە بۆ شارباژێڕ بۆ ئەوەی لەوێوە بڕۆم بۆ سەرکردایەتی. پێش ئەوەی بڕۆم مەکتەبی عەسکەری و پێش بەجێهێشتنی قەرەداغ حەقی خۆیەتی چەند وشەیەک بڵێم بۆ مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. بە حەق تاکو ئەو کاتە ی گوێزرامەوە، لەگەڵ هەموو هەڤاڵەکان وەک برابووین، خۆشەویستییەکی بێوێنە لە بەینی هەموواندا هەبوو. وەک یەک خێزان بووین، بەتایبەت نێوانی من و ئازاد هەورامی وەک یەک کەس ئیشمان دەکرد، بەینی من و شێخ جەعفەر و مام ڕۆستەم و کاک سامان زۆر خۆش بوو. ئەگەرچی تۆزێک ساردی کەوتە نێوانمانەوە، بەڵام ئەوسا و ئێستاش وەک برا وابووین، لەگەڵ کاک دلاوەری ئەحمەد مەجید، عەدنان حەمەی مینە، مەلا ئیبراهیم، مامۆستا جەلال، شێخ تۆفیق، فوئادی حاجی قادر لە برای دایک و باوک خۆشەویستتر بووین. خۆ لەگەڵ هەموو خەڵکەکەی وەک برا و کەسوکارمان لێهاتبوو، هەموومان پشتوپەنای یەکتربووین، ئەو کاتە ی ساڵی 1979 دوای شەهید سیروان کە چووم بۆ قەرەداغ، بە دڵەڕاوکێ و تۆزێک ترسەوه ڕۆیشتم، بەڵام بەوپەڕی سەرکەوتن خۆشەویستییەوە قەرەداغ بەجێ هێشت بۆ هەڤاڵەکانم. هەموو ئه و هەڤاڵانەی کە ناوم هێناون و باقیاتی ئەوانەی ناوم نەهێناون. ئەوەندە یەکترمان خۆشەویست، وامان حساب دەکرد کە یەکێتی ئێمەی لەیەک کردووه. لە پێشەوە باسم کرد کە هاتم بۆ قەرەداغ سەدوپەنجا پ.م بوو، بەڵام کاتێک لە ساڵی 1982 مانگی پێنج بەجێم هێشت، ژمارەی پێشمەرگە هەشت سەد پێشمەرگە بوو، هەر بۆیەش دابەش کرا بە چەند تیپێکدا.

پەڕیمەوە بۆ شارباژێڕ و قەراغم بەجێ هێشت

هاتمە شارباژێڕ و کەوتمە سەردانی پێشمەرگەکان و خەڵکی دێکان، چونکی لە ڕابوردوودا لەوێ بووم و هەموویانم دەناسی. بیرم کردەوە تەمەنم هەڵکشاوە، ئەمساڵ و ئەوساڵمان بەڕێ کرد. کاتی ئەوە هاتووە ژن بهێنم، بەڵام چۆن؟ کە لە قەرەداغ بووم، چەند جارێک بەبیرمدا هات، بەڵام زروفی ئەو کاتە یارمەتیی نەداین، کەم کەس دەیوێرا لە ترسی گرتن و ماڵوێرانی خۆیمان لێبدات. لەوێ سەرکەوتوو نەبووم. لە شارباژێڕ به هۆی شەڕی ئێران و عێراقەوه، کە نزیک سنووره، دۆخەکە تۆزێک باشترە. ئه و ماوەیەی لەوێ مامەوە، چەند تێپێکی لێبوو.

چەککردنی لەشکری ئیسلامی

لە سەرکردایەتییەوە ئاگاداریان کردم بڕیاریان داوە لەشکری ئیسلامی چەک بکەین، بە نامە ئاگاداریان کردم و دیارییان کردبوو کە من لێپرسراوی یەکەمی ئه و جێبەجێکردنە بم لە شارباژێڕ. من کە لەوێ بووم، نیازی ژنهێنانم هەبوو. کە لە قەرەداغ پەڕیبوومەوە، دوا کەوبووم. ئه و برایانەی لەوێ بوون، ئەمانە بوون: کاک بەکری حاجی سەفەر و کاک سالار عەزیز، کە ماڵیان لە پاڕەزان بوو، حامدی حاجی خالید، ئاوات قارەمانی، کاک شۆڕش ئیسماعیل، سەلاح چاوشین، کاک وەهاب، کاک شەوکەت حاجی موشیر و چەندین کادێری سیاسی و عەسکەری. لەسەر ئه و بڕیارەی سەرکردایەتی کۆبووەنەمان کرد و بۆ جێبەجێکردنی نەخشەمان دانا.

ئه و هێزەی لەشکری ئیسلامی هاتبوونە حاجی مامەند، له و کاتەشدا وردەوردە لەگەڵ برایانی پارتی پەیوەندیمان باشتر دەبوو، برایانی پارتی بە سەرکردایەتیی نادر هەورامی و کاک عەبدوڵڵا حەمە ئەمین ئاغا لەگەڵ هێزەکانی خۆیاندا بوون.

من و کاک ئاسۆی شێخ نووری و کاک بەکر لەسەر چەند خاڵێک لەگەڵیان ڕێک کەوتبووین. بەڵام ڕێککەوتنی ناوچەیی بوو محلی بۆ هاتنەوەیان بۆ شارباژێڕ. من و کاک نادر هەورامی ڕێککەوتنەکەمان واژوو کرد. به و شێوەیە هاتنەوە شارباژێڕ، لەبەر ئەوەی دوژمنی هەردوولامان حکومەتی بەعس بوو، ئەگەرچی ئەم ڕێککەوتنە زۆری نەخایاند.

هەر له و کاتەدا بوو بڕیارمان دا لەشکری ئیسلامی چەک بکەین. پارتی ئاگای لەوە نییە ئێمە نیازمان چییە. لەبەر ئەوەی من پەیوەندیم لەگەڵ پارتی باش بوو و ڕێکەوتنەکە من واژوم کردبوو لەگەڵیان، وامان پێ باش بوو من بچمە دێی قەڵاتێ و لە نزیک هێزەکانی پارتی بم، بۆ ئەوەی ئەگەر لەکاتی چەککردنی لەشکری ئیسلامی شتێک هاتە پێشەوه، من لێیان نزیک بم و قسەیان لەگەڵ بکەم.

لە بەرەبەیانی وادەی دیاریکراودا لە دوو قۆڵەوە دەستمان کرد بە چەککردنیان. لە قۆڵێکەوە لای سەرگەڵوو، کە بارەگاکەیان لە بەرگەڵوو بوو. هەڤاڵ ملازم عومەر هاتبوو و لێپرسراوی ئه و بەرنامەیە بوو. لەبەری شارباژێڕیش من بووم، لە سەعاتی سفر لە دێی حاجی مامەند جێبەجێمان کرد. دەوریان گیرا و هەموویان چەک کران، لە هەردوولا کوژراو هەبوو. هێزەکانیان هەموویان ئەسیر کران. یەکێک لەوانەی ئەسیر بوو، کەسێکی خەڵکی بادینان بوو. پاش ئەوەی کۆتایی هات بە لەشکری ئیسلامی، دوو کەسیان کە بەرپرسیاریان بوون، ڕەوانەی سەرکردایەتی کران. باقیاتی ئەوانی تریشمان هێنایە مزگەوتەکەی چنگیان. پاشان بەرماندان. لەڕاستیدا دەستکەوتێکی باشمان هەبوو لە چەک و ئه و شتانەی پێیان بوو. لە قۆڵی هەڤاڵ ملازم عومەریشەوە بەهەمان شێوە هەموویان گیران و چەک کران. بەداخەوە لە قۆڵی سەرگەڵوو سەلاح موهەندیس شەهید بوو، کادێرێکی سەربازیی باش و خۆشەویست بوو، هەر له و کاتەدا چەند بارێ چەکیان دەپەڕاندەوە بۆ لای سەرگەڵوو لای دێی خەمزە. ئەوانیش هەموویان لەلای قۆڵەکەی کاک ملازم عومەرەوە گیران و چەک کران و کۆتایی بە لەشکری ئیسلامی هێنرا.

ژنهێنان

هەر له و ماوەیەدا سەرکردایەتیم ئاگادار کردەوە کە دوا دەکەوم و نیازی ژنهێنانم هەیە. لە دەوری چنگیان و دێکانی ئه و ناوە مامەوە. پاش ئەوە ساڵی 1982 ژنم هێنا و ماوەیەک مامەوە. داوایان کرد بچم بۆ سەرکردایەتی. لە ڕێگەی سلێمانی بۆ قەڵادزە و لەوێشەوە بۆ نێوزەنگ، لەوێشەوە لە ڕێگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خێزانمیان هێنا بۆ نێوزەنگ. منیش ئەو کاتە ی کە لە قەرەداغەوە پەڕیبوومەوە بۆ شارباژێڕ، ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتام پێبوو. لەگەڵ خۆم هێنابووم، هی حکومەت بوو و ڕفاندبوویان بۆم. هەر بەوەش لە قەرەداغەوە پەڕیمەوە، سەرکێشییەک بوو بۆ خۆی. کە ڕۆیشتم بۆ مەکتەبی عەسکەری، پێشکەشی کاک بەکری حاجی سەفەرم کرد. ئەو کاتە ئه و ئامرهەرێمی 3ی شارباژێڕ بوو.

دوای من لە ڕێگەی شارباژێڕەوە بەلای موبرە و بەندی موبرە ڕۆیشتم. لەگەڵ پارتیدا نێوانمان خراپ بووبوو، ساردی کەوتبووەوە نێوانەوە، لای بەندی موبرە خەریک بوو بکەوینە کەمینەوە. بە شارەزایی خۆمان دەرچووین. کەمینەکە پارتی نەبوو، هەندێ کەسی خراپیان لابوو، لەگەڵ من کێشەیان هەبوو و ویستیان سوود له و دۆخە وەربگرن.

کارکردن لە مەکتەبی سەربازی

کە گەیشتمە لای سەرکردایەتی، لە مەکتەبی سەربازیی هەڤاڵ ملازم عومەر لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی چووبوون بۆ دیووی ئێران بۆ هاو کاریی کوردەکانی ئێران و حیزبی دیموکرات لە جەبهەی کونەمشکە و میراوا. پاسدار و حکومەتی ئێران هێرشێکی گەورەیان هێنابوو بۆ سەر هێزەکانی کوردستان. ئێمەش وەک هێزی پشتیوان بەشداریی ئه و شەڕانەمان کرد. برادەران لەوێ بوون، هێزەکانمان لە هەموو تیپەکان و سنوورەکانەوە بانگ کرابوون و لە شەڕەکەدا بوون. ئیتر من کە گەیشتم، ڕۆژانە لە مەکتەبی سەربازی دەوامم دەکرد. هێزەکانمان چووبوونە قوڵایی ئێرانەوە. بێجگە لە جەبهەی میراوا و کونەمشکە، شەڕ لە جەبهەی ئاڵوەتان گەرم بوو. لە کونەمشکە شەهیدمان زۆر بوو، زستانێکی زۆر سەختیش بوو، شێخ فەیسەڵ شەهید بوو، خەڵکی هەڵەبجە بوو، ملازم خولە بریندار بوو، بڕبڕەی پشتی بەرکەوتبوو، لە کۆتایی شەڕەکان کشاینەوە. برادەران گەڕانەوە و کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کرا. له و کۆبوونەوەیەدا بڕیاری دروستکردنی مەڵبەندەکان درا.

دروستبوونی مەڵبەندەکان

لەسەر بڕیاری سەرکردایەتی بڕیاری دروستکردنی چەند مەڵبەندێک درا، مەڵبەندی یەکی سلێمانی بارەگاکەی لە حاجی مامەند بوو، مەڵبەندی دووی کەرکووک بارەگاکەی لە سەرگەڵوو بوو، مەڵبەندی سێ بارەگاکەی له سما قووڵی بوو، مەڵبەندی چوار لە بادینان بوو. بۆ مەڵبەندی دوو بڕیاریان دا من ببمە لێپرسراوی سەربازیی مەڵبەندی دوو و بارەگاکەی لە سەرگەڵوو بێت، پێکهاتەی مەڵبەندی دوو بەم شێوەیە دیاری کرابوو:

1- عەلی بچکۆل لێپرسراوی مەڵبەند.

2- مستەفا چاوڕەش لێپرسراوی سەربازیی مەڵبەند.

3- شێخ دارای شێخ جەلال حەفید لێپرسراوی دارایی.

4- شێخ محەمەدی شێخ مەحموود لێپرسراوی کۆمەڵایەتی.

5- ئاوات عەبدولغەفور لێپرسراوی سیاسی.

6- شێخ عەبدولکەریم حاجی کاکەی شەدەڵە لێپرسراوی ئیداری.

ئێمە لە نێوزەنگ بووین لە بارەگای سەرکردایەتی. زستانی ساڵی 1982 بوو، هاتینە خوارەوە بەره و سەرگەڵوو، شوێن دیاری بۆ مەڵبەند کرا. لە ڕێگەی بێوران پشتی سەردەشتەوە بەره و دۆلەگەرم سەرکەوتین بەسەر شاخی زەردەدا، بۆ بێتوش شۆڕ بووینەوه. پاش دوو سێ ڕۆژ رێگە گەیشتنە سەرگەڵوو، بەڵام بۆ بڕیاری کردنەوەی مەڵبەند نە بارەگامان هەبوو نە ئیمکانیات.

کردنەوەی بارەگای مەڵبەندی دوو لە سەرگەڵوو

سەرگەڵوو جێگەکەی دەکەوێتەوە چاڵاییەکی بەرامبەر شاخی دابان هەلاج. لای ڕۆژهەڵاتنەوە هەڵەدنە، ڕۆژئاوای سێوکانیانە و پشتی بەرگەڵوو دێی چاڵاوایە، دەوروبەری سەرگەڵوو جێگەیەکی سەختە، بەتایبەت شاخەکانی دەوروپشتی و بەرگەڵوو. لە شۆڕشی ئەیلوولیشدا بارەگای هێزی ڕزگاری بوو و ڕەئیس عەبدوڵڵا ئامرهێزی بوو. ئەوەی ڕاستی بێت، ئێمەمانان بووین لە جێگەی وەهادا بارەگامان دادەنا، چونکی لە شاخی دابان بەرامبەر ناو دێیەکە بەچاوی بێ دووربین سەربازەکان و ڕەبیەکانی ڕژێمی عێراقیمان دەبینی هاتوچۆیان دەکرد. ئەوەندە نزیک بوو، جارجارە سەربازەکان تەقەیان لەناو دێ دەکرد.

چووینە سەرگەڵوو، ئەوەش بە حوکمی ئەوەی شێخ محەمەدی شێخ مەحموود خەڵکی سەرگەڵوو بوو، هەروەها شێخ عەبدولکەریم خەڵکی شەدەڵە بوو، خزمەکانی هەردوولایان لەوێ هەبوون، له و بێجێگەییەدا خۆمان و پێشمەرگەکان چەند ڕۆژێک لە ماڵی شێخ محەمەد بووین و خزمەتێکی زۆر زۆریان کردین، خاڵە شێخ مەحموودی باوکی و دایکە بەڕێزەکەی زۆر زەحمەتیان کێشا لەگەڵمان. پاشان ژوورێکی بچوکمان پەیدا کرد و کەوتینە کاری خۆمان. ئه و تیپانەی سەر بە مەڵبەند بوون، بانگمان کردن و کۆبوونەوەمان لەگەڵ کردن. ڕێنماییە تازەکانمان لەسەر ئیشکردن پێوتن.

ئەم تیپانەش سەر بە مەڵبەند بوون، من خۆم لێپرسراوی ڕاستەوخۆی تیپەکان بووم.

1- تیپی 47ی پیرەمەگرون، سنووری چالاکیی: کارێزە و گاپیڵۆن و شاری سلێمانی و دەوری دۆڵەڕووت، چەند بتوانێ چالاکی بکات.

2- تیپی 23ی سوورداش، ئەویش لە دوکانەوە بۆ سلێمانی.

3- تیپی 57ی سەگرمە لەبەری قەرەداغ بوو.

4- تیپی 21ی کەرکووک، مام ڕۆستەم.

5- تیپی 25ی خاڵخالان، کاک نەبەز.

6- تیپی 43ی ئاسۆس، عەبدولڕەحیم.

7- تیپی 44ی چەکوچ، شێخ سەدرەدین.

8- تیپی 68ی مامەندە، قادری مامەند ئاغا.

9- تیپی 63ی جوتیاران، محەمەد ڕازانی.

10- تیپی مەڵبەند، فاتح شوانی.

11- تیپی 65ی بلفەت، مەولود هێرویی.

12- تیپی کوڕەکاژاو، هۆمەر ئاغا.

هەریەکه و سنووری جوگرافیای خۆی جیاواز بوو، سنووریان دیاریکراو بوو. خۆشمان ئەمانزانی، هەموو تیپێک ڕابەری سیاسی هەبوو، شانەشانە ڕێکخستنی تێدا بوو، لە ڕووی سەربازیشەوە کەرت و مەفرەزەکان دیاری کرابوون و لێپرسراوی خۆیان هەبوو.

دروستبوونی مەڵبەند و بەڕێوەچوونی

کە هاتینە خوارەوە، سەرکردایەتی ئەوەندە ئیمکانیاتی نەبوو شتێکمان بدەنێ تاکو بارەگاکە دابنێین یان مانگانە شتێکمان بۆ دیاری بکەن. تواناکەمان لەسەر هاوکاری و پیتاکی خەڵک بوو، بەتایبەت لە شاری سلێمانی. بەحوکمی ئەوەی مەڵبەندی یەک لە حاجی مامەند بوو لە شارباژێڕ و دەوری بەرزنجە، هەڤاڵ مەلا بەختیار لێپرسراوی بوو، خۆشی چونکی هەموو ناو شاری دەناسی، لەگەڵ ڕێکخستندا پەیوەندییەکی لە ئێمە باشتری هەبوو. خۆشی پێش شۆڕش لە ناوشار ئیشی کردووە، وای ڕێک خستبوو یارمەتییان بۆ ئه و دەنارد. ئێمەش شتێکمان بەر نەدەکەوت یان هەر نەبوو. هەڤاڵانی مەڵبەند شوکر ماون و شاهیدی ئەم قسەیە منن. بیرمان کردەوە زەحمەتە ئیشی شۆڕشێک و مەڵبەندێک ئاوا بەڕێوە بچێ. ناوبەناو کاک شێخ دارا لێپرسراوی دارایی قەرزی بۆ دەکردین، لە دوای زستان بیرمان کردەوە هەندێک خۆمان کۆبکەینەوە و له بەرگەڵوو خانوو دروست بکەین و هەریەکەمان بارەگا بۆ خۆی دروست بکات. هەندێک پارەمان قەرز کرد و بە بۆریی شەش ئینجیی ئاسن ئاوی پاکمان لە مزگەوتەکەی سەرگەڵوووە بۆ بەرگەڵوو ڕاکێشا. ئاوەکە شەش هەزار دیناری ئەو کاتە ی تێچوو. شێخ محەمەد له دێی چاڵاوا قەرزی کردبوو، نزیکەی بیست و پێنج هەزار دینار قەرزار بووین.

باشە چی بکەین؟ منیش خەڵکی شاری سلێمانیم دەناسی و خەڵکی دڵسۆز و تێکۆشەر بوون، ناردم بەدوای چەند گەنجێکی ناوشاردا. تابعەیەکی بچوکمان هەبوو و نووسراومان پێ چاپ دەکرد. نووسراوێکم ڕاکێشا بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکێتی نیشتمانی کوردستان/ ژمارە

مەڵبەندی دوو/ بۆ بەڕێز........./ ڕۆژ.

هیوادارین سەرکەوتوو بن/ سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە

زەحمەت نەبێ سەردانی مەڵبەند بکەن لە سەرگەڵوو بۆ هەندێک کاری پێویست. تکایە دوا مەکەون.

ئیتر بۆ پێشەوە. به مۆری مەڵبەند مۆرمان دەکرد.

پاش ئەوەی نامەکانم دا به و هەڤاڵانه، کوڕە گەنجەکان ملیان لە چەقۆ ئەسوی، نەترس بوون. دوای ئەوە هەرچی نامەی بۆ چوو، یەک و دوو ملی ڕێگەیان دەگرت و دەهاتن بۆ لامان. پاش ئەوەی ڕێزمان دەگرتن، قسەمان بۆ دەکردن و پێمان دەوتن شۆڕش بە پشتیوانی ئێوە سەر دەکەوێت.

ئیتر خوا هەڵناگرێ کەس نەبوو نەیەت. لە دووسەدوپەنجا دینارەوە تاکو هەزار دینار یان زیاتریان دەداینێ. لێرەدا حەقی خۆیەتی ئەوە بڵێم تەنها یەک کەس مەبلەغی دەهەزار دیناری بۆ ناردین. ئێستاش سوپاسی دەکەین. ئه و کەسەش مومتازی نووری عەلی بوو، به هۆی شەهید عومەر سێقەدەوە. لە سلێمانی لە بەنزیخانە ئیشی دەکرد، ژنبرای شەهید ڕەسوڵی حەمەزێڕ بوو، بۆی هێناین. لە شاریش عومەر ئیشی لەگەڵ دەکردین، بەڕاستی ئه و پارەیە لەوکاتەدا زۆر بوو بۆمان. خەڵکی واش هەبوو جارجارە لە ترسی خۆیان نامەکەیان دەبرد و نیشانی حکومەتیان دەدا، چونکی ئەوەی نامەکەی دەبرد بۆی، نەیاندەناسی. دەترسان پیاوی میری بن، ئەمەش لە سەرێکەوە حەقی خۆیان بوو، بەعس لەسەر سڵاوێک دەیان خەڵکی ئەم وڵاتەی لە سێدارە دا، یان نەدەبینرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەیان دەکرد و درێغییان نەدەکرد لە هاوکاری، شتێکیان دەنارد.

ئه و ماوەیەی که باسی دەکەم هەڤاڵ شێخ دارا چووبوو بۆ کۆبوونەوەی شۆڕشگێڕان لە دۆڵی بالیسان. من بێجگە لەوەی ئیشی تیپەکانم دەکرد، ڕۆژانە ئیشەکەی کاک داراشم دەکرد. کە لە بالیسان هاتەوە، جانتایەکی دیبلوماسی کە نزیکەی 25 هەزار دیناری تێدا بوو، تەسلیمم کرد. قەرزی دێهاتەکانم دایەوە و پارەی ئاوەکەشم دا کە بە بۆری ڕامان کێشابوو بۆ بەرگەڵوو.

ساڵی 1983 و چالاکیی پێشمەرگە

چووینە ساڵی (1983)ەوە. چالاکی پێشمەرگە زۆرزۆر زیاد بوون، وەزعیشمان به هۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە باش بوو، تۆزێک حەسابووینەوە. هەموو تیپەکان لە سنووری چالاکیی خۆیان دوژمنیان هەراسان کردبوو. چالاکیی باشیان دەکرد. ئێمەش ڕۆژانە ڕێنماییمان دەکردن. ئه و کاتە جیهازمان هەبوو، لە دوژمنمان گرتبوو، مەرکەزی تیپەکانیش جیهاز و بارەگاشیان هەبوو.

وەزعی ئێمه و پارتی لە سنووری شارباژێڕ تێک چوو

مەڵبەندی یەکی سلێمانی تووشی کێشە هاتبوون لەگەڵ هێزەکانی پارتی لەلای دێی گۆڕەدیم کە لەولای چوارتاوەیە. لە بەندی موبرە چەند پێشمەرگەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە گۆرەدیم شەهید کردبوو، دکتۆر سیروان و هەشت پێشمەرگەی تر. ئیتر ماوەی دانیشتن پێکەوە نەماوه، ژمارەی شەهیدەکانیش زۆر بوون. هەرچی هێزی پارتی و سۆسیالیست و ئەوانەی لەگەڵیان بوون، بەری ئەوبەری تەنکەبواریان گرتبوو، تاکو دەچۆوە ئێران و بەشێکی سیوەیل و سورکێو.

یەکێتی کەمینی بۆ کەسێکی تر دانابوو. ئەو کاتە هەڤاڵ ئاوات قارەمانی سەرتیپی 33ی سلێمانی دەبێ. جەزای عەلی کاتب کە کەسێکی دیاری ناو پارتی بوو و لێپرسراویان بوو، شەهید دەبێ. ئەوانیش چەند پێشمەرگەیەک شەهید دەکەن. ئەوان هەشت کەسی یەکێتییان شەهید کردووە، لێرەش جەزای عەلی کاتب شەهید بووه، کارلەکار دەترازێ. زۆرم پێناخۆش بوو بۆ شەهید جەزا. له و جێگەیانەی بەدەستیانەوە بوو، به هاوەن سەنگەرەکانی یەکێتییان تۆپباران دەکرد.

لە مەڵبەندی یەکەوە داوایان لە مەڵبەندی دوو کرد هاوکارییان بکەن و هێزیان بۆ بنێرن بچن بە هانای مەڵبەندی یەکەوە. منیش لێپرسراوی سەربازی بووم. لەگەڵ هێزێک ڕێک کەوتین نازم حەمەی سلێمان. تازە هاتبووە دەرەوە، لەگەڵ یەکێتی بوو، لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە ناوچەی شوان ئامربەتالیۆن بوو. بەڵام کە هاتە دەرەوە، هاتە لای یەکێتی نیشتمانی. من و نازم حەمەی سلێمان سەد پێشمەرگەمان ئامادە کرد، ڕۆیشتین بۆ شارباژێڕ. لە جادە پەڕیینەوە. من شارەزای شارباژێڕ بووم. لە تولەڕێ چووینە دێی دۆڵەتوو، لەوێشەوە سۆیرەڵە و هەرمیلە و هەوڵو، له و چەند دێیه هێزەکەمان دابەش کرد. جارێ هەر لەمبەر ئاوی تەنکەبوارین.

هەڤاڵ مەلا بەختیار لە مەڵبەندی یەک جوابی بۆ ناردین لە گفتوگۆدان لەگەڵ پارتی و خەڵکمان ناردووە بۆ لایان، جارێ نابێت هیچ بکرێ، لە جێگەی خۆتان بن. ڕۆژێک دوو ڕۆژ له و دێهاتانە ماینەوە. نەتیجەکەی هەر خراپتر دەبوو، بەڵام لە جێگەی خۆمان نەجوڵاین. بیرم کردەوە ئەگەر هێزەکانی پارتی و سۆشیالیست بێنە ئەوبەری ئاو و بەرزاییەکان بگرن، ئیتر کاری ئێمەش زۆر زەحمەت دەبێ بۆ پەڕینەوە، پاش ئەوە نائومێد بووین.

بەرنامەی پەڕینەوە بۆ بەری دێی وڵیاوە

شەوی یەکەم پەڕیمەوە بۆ ئەوبەری ئاوی تەنکەبوار و چوومە دێی وڵیاوە. هەر کە گەیشتینە ئەوێ، هێزێکم سەر خست بۆ سەر شاخەکەی پشتی وڵیاوه و کاک نازم حەمەی سلێمان لەگەڵیان بوو. شەوێ لەسەر شاخ هێزەکانی جود هاتبوونە سەریان و دزەیان کردبوو، بەڵام هێزەکەی ئێمە لێیان دابوون و هاتبوونە دەست، ڕایان کردبوو. هەندێک پێویستیی شەڕیشیان لێ بەجێمابوو. هەر تەقە دەستی پێکرد، منیش سەرکەوتمەوە بۆ لایان، هەندێکی تریش تەقوتوقمان کرد. ئەوان هەڵاتن، ئێمەش سەنگەرەکانی خۆمان قایم کرد. کە ڕۆژ بۆوە، جێگەکانمان لەیەکەوە دیاربوو. بە تۆیۆتایەکی پشتبەتاڵی شین هاوەنەکانیان هێنا و بەرامبەرمان دایان بەست، دەستیان کرد بە تۆپبارانکردنمان. ئەوەی ڕاستی بێت، هەر زۆر لێمان نزیک بوون، ڕۆژی دوایش بەهەمان شێوە هاتنەوە و تۆپبارانیان کردین.

بەرنامەیەکی باشم دانا، هێزێکی گەرمیانیش هات بۆ لام، عادل شوکریان لەگەڵدا بوو و لێپرسراویان بوو، هەروەها شەهید حەمەڕەشیشیان لەگەڵ بوو. هەر کە تاریکی کرد، بە کەسمان نەوت. لە خوار موبرەوە چوومە قۆخی شێخی و چوومە دێی گورەدێم و بەندی موبرەم گرت. جارێ کەس نەیزانیووە. هێزەکانیشم دابەش کرد. پشتی ماڵەکانی موبرەم گرت تاکو گوڕەدیم به درێژایی جادەکه:

بەیانی ڕۆژ بۆوە و بە سەیارە هاتن بۆ موبرە، کەوتنە کەمینی پێشمەرگەکانی گەرمیانەوە و شەڕ دەستی پێکرد. ئەنجا زانییان ڕێگەی چوارتایان لێگیراوە، هەر ئه و بەیانییە دەیان سەیارە لە چوارتاوە پێویستی و خواردن و نامەیان بۆ دەهێنان. ڕێگەمان گرت و نەمانهێشت کەس بچێت بۆ لایان، به گرتنی بەندی موبرە و مامەخەلان و گوڕەدیم بەرنامەیان خراپ تێک چوو. لە دەوری عەسردا پێشمەرگەکان هێرشیان بۆ کردن. بەرزاییەک هەبوو، قایم بوو کونەڕەبایەی سەربازیی عێراقی بوو، کۆپانان لەوێ بوون و پاش شەڕێک گیرا. ئەوان شکان و هەڵاتن، کوژراویان بەجێ هێشتبوو. ئیتر هەر ئه و ڕۆژە هەموو ناوچەکە بەدرێژایی جادەکە گیرا، ڕۆژی دوایی تر لە قەڵاتێ و قۆڵی ئەولاوە هێزەکانی مەڵبەندی یەک کە هەڤاڵ حەمە فەرەج لێپرسراوی سەربازیی بوو، هێرشیان کردنە سەر. حەمەڕەش، عزەت شەمساوایی، جەمال حەمەی خواکەرەم، شۆڕش ئیسماعیل، فەرەیدون حەمە ساڵح، سەلاح چاوشین کە ئه و کاتە سەرتیپ بوو، ئاوات قارەمانی، هەموو تیپەکان بەشدار بوون. لە هەردوولاوە هێرشیان بۆ کردن بۆ شاخی لەرێ. تاکو ناو ئێران ڕۆیشتن و ناوچەکە پاک کرایەوە. هێزەکانی جود کشانەوە بۆ ئێران، چەند ئەسیرێکیان هەبوو و دوایی ئازادمان کردن، چووینە حاجی مامەند و بارەگای مەڵبەندی یەک. چەند ڕۆژێ له و سنوورە ماینەوە، کۆبوونەوەیەکمان لە حاجی مامەند بە پێشمەرگەکان کرد و قسەمان لەسەر ئەنجامی شەڕەکه و سەرکەوتنمان کرد.

هەر ئه و شەوە لەگەڵ هەڤاڵ مەلا بەختیار لە حاجی مامەند بووین. بارەگا ی شیوعی لەوێ بوو، دیار بوو شیوعییە کان لە هەموو بەرەی شەڕەکان لەگەڵ جود شەڕی یەکێتییان کردووه، بەتایبەت لە بالیسان کە بارەگای مەڵبەندیان گرتبوو. هەروەها کەمینی جود کە بووە هۆی شەهیدبوونی سەرباز و شەماڵ، ئێمەش بروسکەمان بۆ هاتبوو لە سەرکردایەتی کە لە شیوعییە کانیش بدەین مادام لە هەموو جەبهەکان شەڕیان کردووین. ئەوەی ڕاستی بێت، لامان باش نەبوو، لەبەر ئەوەی شیوعییە کان کە مامۆستا بەهادین نووری و مەلا عەلی لێپرسراویان بوون لە حاجی مامەند، شەڕێ یەکێتییان نەکرد و بەشدار نەبوون لەگەڵیان.

لەگەڵ هەڤاڵ مەلا بەختیار لامان باش بوو پێیان بڵێین لەم ناوە نەمێنن لەبەر ئەوەی ناکرێ ئەوان لە جێگەکانی تر شەڕمان لەگەڵ بکەن. وتم کاک مەلا بەختیار من دەچم پێیان دەڵێم و برادەرمن، من خۆشم دەمناسین. کۆنەشیوعی بووم. وتی زۆر باشه، هەتا بۆ دڵنیایی دەمانچەکەی خۆشم دانا و لەگەڵ خۆم نەمبرد، بێگومان لەبەر دڵی ئەوان. کە چووم، عەبدوڵڵا مەلا فەرەج مەلا عەلی لێپرسراوی سەربازییان بوو و لەوێ بوو، هەر ئه و شەوە مامۆستا بەهادین نووری لەگەڵ هێزێکیان پەڕیبۆوە بۆ قەرەداغ، لەگەڵ کاک مەلا عەلی قسەمان کرد. وتم من بۆیە هاتووم، تا ئاگادارتان بکەم کە ئێوە لە جێگەکانی تر شەڕی ئێمەتان کردووە، ناکرێ ئێوە لێرە بن. لەسەر ئەوە قسەمان زۆر کرد. بۆ مێژوو دەیڵێم (مەلا عەلی) وتی برام حەز دەکەم بزانن ئێمە له و سیاسەتەی حیزبی خۆمان ناڕازین. دەمێکه ئێمە لێرەین، کێشەمان هەیە لەگەڵ قیادەی حیزب لەسەر بەشداریکردن لەم شەڕەدا. وا خەریکە پەڕوباڵ دەردەکەین، ئیتر نامانەوێ شەڕی ئێوە بکەین. ئێمەش زۆرمان لا باش بوو، وتم ئێمەش نامانەوێ شەڕی ئێوە بکەین. وتیان ئێمەش دەڕۆین بۆ قەرەداغ. کاک مەلا عەلی لە یادداشتەکانی خۆیدا کتێبکی نووسیووە و ئەوەی من نووسیومە، باسی دەکات و ناوی منیشی هێناوە. کاک محەمەد فەرەج لەگەڵ هێزێک چووبوو بۆ قەرەداغ و لەگەڵیان ڕێک کەوتبوو بۆ ئەوەی شەڕ نەبێ. وەزع لە هەرێمی یەک بەم شێوەیە بوو، شەڕی ئێمە 19/5/1983 بوو. ئیتر قیادەی حیزبی شیوعی لێی قبوڵ نەکردوون، دوای ئەمەش کێشەیان سەری هەڵدا، هێشتا لە دێهاتەکانی شارباژێڕ بووم، لە دێی چنگیان چوومە سەر شاخ و بە جیهاز قسەم لەگەڵ کاک نەوشیروان کرد. وا ڕێکەوت لە قەندیل بوون، جیهاز وەرگیرا، چونکی هەم شاخی پشتی چنگیان بەرزه، قەندیلیش بەرزترین شاخە. باسی وەزعی سنووری شارباژێڕم بۆ کرد، ئەمە دوای شەڕی 1/5/1983ی قەندیل بوو، وتی لە تۆڵەی شەهید شەماڵ و سەربازدا، چونکی لە هەموو جێگەکان پەلاماریان داوین، بۆیە ئێمەش ئەمەمان کردووە. من وردەکاریی قەندیل نازانم.

گەڕانەوەم بۆ مەڵبەندی دوو بۆ سەرگەڵوو

لەگەڵ نازم حەمەی سلێمان گەڕاینەوە بۆ سەرگەڵوو. ئەنجامی شەڕەکە و دۆخە کەم بۆ هەڤاڵانی مەڵبەند مەڵبەند باس کرد، چۆن بوو، وا بۆم گێڕانەوه. نازم گەڕایەوە بۆ ناوچەی تیپی 21ی کەرکووک لە ناوچەی شوان. ئیتر هەمیشە دەبوایە ئاگاداری کارو چالاکیی هەموو تیپەکان بین و ئامۆژگارییان بکەین، چالاکیی پێشمەرگەش هەمیشە لە زیادبووندا بوو، ڕادیۆی گەلی کوردستان دەورێکی یەکجار باشی دەبینی، ڕۆحیەتی پێشمەرگە و میللەتی بەرز دەکردەوە.

گواستنەوەی بارەگای سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی لە نێوزەنگ

لەبەر زەختێکی زۆر کە لە چەند لایەکەوە دەکرایە سەرکردایەتی، بڕیاریان دابوو نێوزەنگ چۆڵ بکەن. وەک هەنگاوی یەکەم مەکتەبی سیاسی هاتبوونە ناوچەی سەرشیو لای باوزێ و گەناو. ئه و جێگەیەش زۆر باش نەبوو. مەعلوماتیان بۆ هاتبوو لەوێش پەلامار دەدرێن، ئەو کاتە زەختی ئێرانیشمان لەسەر بوو. تۆپبارانیان دەکردین.

بروسکەیان بۆ کردین کە بچین بەهانایانەوە بۆ ئەوەی کارەکانی تیپەکانی ئەوێ ڕێک بخەینەوە و سەرکردایەتی بگوێزینەوە بۆ ناوچەی دۆڵی جافایەتی لەلای بەرگەڵوو و یاخسەمەر. من لەگەڵ هێزێکی شەست پێشمەرگەیی لە سەرگەڵووەوە بەڕێ کەوتم بۆ ناوچەی بێتوش و ئالان لە بەری ئێران و گەیشتمە ئەوێ. بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و جەنابی دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو و مهندس ئاریاو کەریم حداد لە ناوچەی بێتوش بوون. ئه و شەوە لە بێتوش لە ماڵی کاک کەریم حداد مامەوە. لە زۆوە یەکترمان دەناسی بە هۆی ئەوەی خەڵکی سەردەشت بووین. ڕۆژی دواتر چووم بۆ لای هێزەکانی خۆمان. تیپی 63ی جوتیاران لەوێ بوون و کەرتێکیان لەگەڵ پاسداری ئێرانی تووشی شەڕ هاتبوون. مەلا ئیبراهیم شەهید بووبوو. لەملاشەوە دەنگۆی ئەوە هەبوو عێراق هێرش دەکات بۆ سەرمان. منیش وەک لێپرسراوی یەکەم وتم ناکرێ شەڕی دوو دەوڵەت بکەین و بکەوینە بەینی دوو بەرداشەوە. بەپەلە ناردم بە دوای ئه و هێزەی لەگەڵ مەلا ئیبراهیم بوو و کشانمەوە بۆ لای خۆمان.

لەگەڵ شەهید جەمال تاهیر کە لە سەرشیو بوو، ڕێک کەوتین کارێکی وا بکەین، خەڵکی گوندە کان وڵاخمان بۆ بهێنن بۆ گواستنەوەی بارەگا. بەڵام بە نهێنی، بۆ ئەوەی ڕەوانەی لای دۆڵ جافایەتیی بکەین، بڕیاریش وابوو بۆ بەرگەڵوو بێت. ئیتر من چوومە وە بۆ لای هێزەکان و تیپی 63ی جوتیاران. پاش ئەوەی هێزەکانمان یەک خستەوە، دەنگۆی هێرشی حکومەت هەبوو. تیپی 63ی جوتیاران چوونە شاخی گردە بێناس. کاک عەلی شاماریش لەگەڵمان بوو، لەگەڵ م.س هاتبوو بۆ سەرشیو. هەر ئه و شەوەی هێزەکانمان چون بۆ گردە بێناس حکومەت هێرشی هێنا و کەوتە کەمینی تیپی 63ی جوتیارانەوە. لە شەوەوە تاکو بەرەبەیان لە شەڕدا بووین، من سەرپەرشتیم دەکردن. ئەو کاتە دوو تیپ بوو 63ی جوتیاران محەمەد ڕازانی سەرتیپی بوو، 65ی بلفەت مەولود هێرۆیی سەرتیپی بوو. ئەوانەی دەوریان هەبوو لە شەڕەکەدا، ئامرکەرت و سەرتیپ بوون.

شەهید محەمەد ڕازانی، بەداخەوە لە شەڕی لای شەدەڵە ساڵی 1987 شەهید بوو. مەحموود ڕازانی، مەولود هێرۆیی، عەبدوڵڵا وسو، عەبدوڵڵا هەمزە، عەبدوڵڵا مەحموود، مام جوتیار، ڕەحیم حاجی خدر، عەلی وەیسی. هێزەکانی ئێمەش سەرکەوتوو بوون و گەورەترین دەستکەوتیان هەبوو. لێمان وەرنەگرتنەوە و دابەشیان کرد.

ئەوەندەی لەبیرم بێ، سەربازێکی زۆر کوژرا و چەکێکی زۆرمان دەست کەوت لە ئاربیجی، وابزانم شەش یان حەوت دانە بوو، ئەمە جگە لە دەیان کڵاشینکۆف، هەر لە ژماردن نەدەهات، چەکەکانم بەسەر هەموویاندا دابەش کرد. ئەو کاتە داستانێکی گەورە بوو، دەست خۆشیم لێکردن. داستانی گرده بێناس بووە بەیەکێ لە مێژووەکانی شەڕی یەکێتی. جارجارە یادی دەکرێتەوە. ڕۆژی دوایی حکومەت لە جادەوه هێرشێکی گەورەی هێنا. لەوێش بەگرییەکی گەورە کرا، تیپی 44ی چەکوچ هەندێکیان بەشدار بوون. بەداخەوە عەلی وەیسی به خەستی بریندار بوو، عەلی وەیسی ڕابەری سیاسیی تیپ بوو. گواستمانەوە بۆ خەستەخانە، لەم ساڵانەی دواییدا شەهید بوو. کوڕێکی ئازاد و دڵسۆز بوو. پاش شەڕەکان هێزەکانمان لە جێگەکانی خۆیان مانەوە.

سەرکردایەتیمان هەمووی گواستەوه، منیش گەڕامەوە بۆ سەرگەڵوو.

شەڕی بێتواتە

پاش ئەمەش هێزەکانی یەکێتی بە سەرپەرشتیی هێزەکانی ئەنوەر بەگ لە ماوەیەکی کەمدا ناحیەی بێتواتەیان گرت. ناوچەکەش دەستکەوتێکی گەورەی هەبوو، من خۆم لەوێ نەبووم، لەسەر جیهاز بە وردی ئاگاداری ڕووداوەکان بووم. یەکێک بوو لە سەرکەوتنەکان بۆ هێزی پێشمەرگە.

دانوستانی یەکێتی و حکومەت

سەرکەو تنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو بەرەکان بەردەوام بوو. لەولاشەوە شەڕی ئێران و عێراق درێژەی دەکێشا. خەبات و شەڕی ئێمە لە پێناوی بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد بوو. هەر حکومەتێک داواکان جێبەجێ بکات، ئامادەین قسەی لەگەڵ بکەین. توانا و دەسەڵاتی یەکێتی و چالاکیی پێشمەرگەکان هەموو جێگەکانی گرتەوه. دیار بوو حکومەتی عێراق بۆی دەرکەوتبوو ناتوانێت بە شەڕ بەسەر یەکێتی و هێزی پێشمەرگەدا زاڵ ببێت. خەباتی پێشمەرگەش هەر لە شاخ نەبوو، ڕێکخستنی ناو شارەکان هەموو ڕۆژێ دەستیان لە بەکرێگیراوانی حکومەت دەوەشاند. بێجگە لەوەش، هەموو شەوێک پێشمەرگە دەچوونە ناو شار و شارۆچکەکانەوە. حکومەت لە ڕێگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە لە ڕێگەی شەهیدی میللەتی کورد دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو جوابیان ناردبوو بزانن یەکێتی ڕەئی چییە لەسەر گفتوگۆکردن (بەڕێز عەبدوڵڵا حەسەنزادەش لە نووسینە وەی یاداشتەکانیدا ئیشارەتی پێداوە). خەباتی ئێمەش بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەکانی میللەتەکەمان بوو. خۆ بۆ ئەوە چەکمان هەڵنەگرتووە هەتا ماوین هەر بەشانمانەوە بێ، ئەگەر داواکانمان جێبەجێ بکات، بۆچی دانوسان ناکەین؟ زۆر باش دەیکەین.

لەم قسەوباسانەدا سەرکردایەتی بڕیاری دا هەڤاڵ مام جەلال بچێت بۆ بەغدا. ئێمە لە سەرگەڵوو بووین، دیارە سەعات بە سەعات دەزانین چی دەگوزەرێ. وەک جاران نەبوو بێسیم مان نەبێ. وەفدێکی یەکێتی بە سەرپەرشتیی هەڤاڵ مام جەلال بە هالیکۆپتەر لە بالیسانەوە ڕۆیشتن بۆ بەغدا. شەهید دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوش لەگەڵیان ڕۆشت. چوونە بەغدا و هەندێک گفتوگۆ و قسە کرابوو، گەڕانەوە.

بۆ جاری دووەم بڕیار درابوو هەڤاڵ نەوشیروان مستەفا بچێت و سەرۆکی وەفد بێ. ئەمجارەیان لەبیرمە هەڤاڵان ملازم عومەر، فەرەیدون عبدوالقادر، دکتۆر فوئاد مەعسوم و هەندێک هەڤاڵی تر لە وەفدەکەدا بوون، منیشیان لەگەڵ بووم. خۆمان ئامادە کرد. هەموومان هاتینە دوکان، لەوێش لە سەربازگەکەی دوکان هالیکۆپتەریان ئامادە کردبوو، سوار بووین و چووینە کەرکووک. لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێل چووینە بەغدا. چەند ڕۆژێ لە ماڵێکی گەورە دایان نابووین. بەرامبەر دائیرە ی موخابەراتی عێراقی بوو، وتیان زووتر ماڵی بەرزان تکریتیی برای سەدام حسێن بووه، کرابوو بە میوانخانه، چەند ڕۆژێ لەوێ بووین. ڕۆژانەش دانیشتن دەکرا و لەسەر کاری دانوسان قسەیان لەگەڵ دەکرا، هەر لەوکاتەدا مەبلەغێک یارمەتیی یەکێتی درا، مەبلەغی دوو ملیۆن دینار بوو. کاک نەوشیروان داوای لە من کرد بیگەیەنمە لای مام جەلال، کە لە سەرگەڵوو بوو، منیش هێنامەوە تەسلیم بە مام جەلالم کرد و جارێکی تر هەر بە سەیارەی حکومەت گەڕامەوە بۆ بەغدا بۆ لای کاک نەوشیروان، ئاگادارم کرد پارەکەم تەسلیم کردووە.

لە کەرکووک لە بینای لیژنەی ڕێکخستنی بەینی حکومەت و یەکێتی لامان دا، لە بینایەکی حوکمیدا بوون، هەڤاڵ عومەر عەزیز نوێنەری ئێمە بوو، لێپرسراوی یەکەمی لیژنەکە بوو بۆ کارئاسانیی بۆ ئیشوکارەکانی ڕۆژانە. کەسێکی لێبوو عەقید غەسان ناجی عەسکەریی ناوبوو، لێپرسراوی یەکەم بوو لەلایەن حکومەتەوه، من یەکەمجار بوو لەوێ بینیم. هەڤاڵ عومەر عەزیز منی پێناساند و وتی کاک مستەفا چاوڕەش و پاش چاکی و چۆنی غەسان وتی ئێمە لەژێر ئەرز بۆ تۆ دەگەڕێین کەچی ئێستا لێرەیت، قسەیەکی بەماناوە کرد بەرامبەرم، وتی تۆ وەرەقە ئەکەیت بۆ خەڵکی بێن بۆ لات، کەچی لە ڕێگە کەمینیان بۆ دادەنێیت و دەیانکوژیت، منیش وەڵامم دایەوە وتم من ئیشی نامەردانە ناکەم، خۆ من تەنها یەک کەسم نەکوشتووە، دەیان کەسم کوشتووە. هەر کەسێ دژی میللتەکەم بێت، دەیکوژم، ئیتر بێدەنگ بوو. ئەمە لە کەرکووک لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ بەغدا. گەیشتمەوە لای هەڤاڵان کاک نەوشیروان و وەفدی یەکێتی، دانیشتنەکان بەردەوام بوو. ڕۆژانە دەهاتن بە شوێنیاندا و دوای کۆبوونەوەکان دەهاتنەوە. به هۆی وەستانی شەڕ لەگەڵ حکومەت جارجارە پێشمەرگەش دەچوونە وە بۆ شارەکان بۆ سەردانی کەسوکاریان، لە هەموو جێگەکان ئه و لیژنەیەی بەینی ئێمە و حکومەت کە لیژنەی تەنسیقیان پێدەوت، بەرگەی دەکرد بۆیان، بۆ ئەوەی لە بازگەکانی میری دەست نەهێننە ڕێگەیان.

هاتنی جەژن و دانانی مین بۆ من لە سەرقەبران

جەژن هاتە پێشەوە. ئێمەش لەگەڵ حکومەت لە دانوسان بەردەوام بووین. منیش وەک هەڤاڵەکانی تر ئێوارەیەکیان چوومە وە بۆ سلێمانی، ماجدی کوڕی پووریشم لەسەر قسەی ئێمه تازە لە دەرەوەی وڵات لە ئەڵەمانیاوە گەڕابۆوه. ماجد پێشمەرگە بوو. لە شەڕە گەورەکەی خاوێدا بە سەختی بریندار بووبوو. برای ئەکرەمی حەپسە بوو. لەبەر خاتری پوورم داوامان لە ماجد کردبوو بێتەوە، ئەویش به قسەی کردین و گەڕایەوە. له و سەردەمەی شەڕی ئێمه و حکومەت هەمیشە گردی سەیوان ڕەمزی خۆڕاگریی بوو دژی ڕژێم. ئێمەش چەند کەسێکمان وەفاتیان کردبوو، پوورە حەپسەم و ئاسۆی خاڵم شەهید بووبوون، وتیان یەکەم ڕۆژی جەژن دەچین بۆ سەرقەبران، من پێم وتن مەچن، باش نییە. لە سەر بان نووستبووین، بڕیارمان دا نەچین، بەرەبەیان خزمان هاتن بە دواماندا، من هەر نەچووم، ماجد لەگەڵیان چووبوو. لەکاتی چوونە سەرقەبران خزمان و دۆستانی زۆر لێبوو، مینیان بۆ دانابووین. مینەکە لەژێر قاچی ماجد تەقی بووەوە و بووە هۆی برینداربوونی. من لە ماڵەوە بووم، دراوسێکان وەک عادەتی جەژن دەهاتن بۆ لامان. کە خەبەریان هێنا، بەپەلە چووینە خەستەخانە. هەردوو قاچی پەڕاندبوو، هەتا بڵێیت ناخۆش بوو، لەولاوە ئەکرەم لە سێدارە دراوە. دایکی وەفاتی کردووه، ماجد لە ئەڵەمانیاوە هاتۆتەوە و هەردوو قاچی پەڕیووە، ئەمەش ڕێگەی خەبات و خزمەتکردن به نیشتمانه، هی تریشی بەدوادا دێت. کەسوکاری ئه و خائینانە بوون کە به دەستی پێشمەرگە کوژرابوون، بە دەسکیسەی ڕژێم ئه و ئەڵغامەیان دانابووەوە. فرسەت بووە، نێچیرێکی باشیان دەست کەوتووە، بۆیە ئەڵغامیان دانابوو بۆم.

شەهیدبوونی ئاسۆی خاڵم

هەر لەکاتی دانوستانی نێوان یەکێتی و حکومەت، لەگەڵ خالیدی برای ئاسۆ، کە خالید لەگەڵ خۆم پێشمەرگە بوو، هاتینەوە سلێمانی و لە ماڵی وەستا محەمەدی پوورم بووین، خالید بە سەیارەکەی من چووبووە دەرەوە. کاک مەحموودی حاجیمان دەعوەت کردبوو. پێکەوە لە ماڵی وەستا محەمەدی پوورم دانیشتبووین، گوێمان لە هەندێ تەقە بوو، ئاسۆی خاڵیشم لە بەردەرگا بوو، کە گوێی لێدەبێت، دڵی لای بوو، بۆ سۆراغی خالید چووبوو. کاک بەکری حاجی سەفەریش لە شار دەبێ، لە ماڵێک له و ناوە دەعوەت دەبێ و پاسەوانەکانی لە بەردەگا دەبن، ئاسۆش نایانناسێ. دوای ئەم تەقانە بەره و ڕوویان دەڕوات، ئەوانیش لەبەر تەقەکان خۆیان ئامادە کردووە، ئەوان بانگی دەکەن، ئەمیش دەگەڕێتەوە دواوە. تەقەی لێدەکەن و بە خەستی بریندار دەبێ، ئەوان ئه و ناوە بەجێ دەهێڵن. هەر نەبووایە دەبوو بەزوویی بیانبردایە بۆ خەستەخانە. کە چووینە سەری، بێهۆش بوو. به و هۆیەوە بەرنامەکەمان تێک چوو. من و کاک مەحموودی حاجی چووین بۆ خەستەخانە، خوا هەڵناگرێ دکتۆرەکان زۆر هەوڵیان دا، خوێنی نەدەوەستایەوە، بەدەستی هەڤاڵەکانی خۆمان شەهید بوو، زۆر ناخۆش بوو، بە نامەردی شەهیدیان کرد. ئەوانیش هەروایان زانیووە سەر بە ڕژێمە یان هاتووە شتێک بکات، بەڵام ئاسۆی داماو لەبەر خالید هەر سەرپێی لەپێدا بوو، تەنانەت چەکیشی پێنەبوو. زۆر بێتاوان بوو.

ماجید و ناردنی بۆ ئەڵەمانیا

دوای ئەوەی ماجید هەردوو قاچی پەڕی، برای بەڕێزمان دکتۆر کەمال فوئاد کە لە ئەڵەمانیا بوو، کارئاسانیی بۆ کردین ماجد بەرین بۆ ئەڵەمانیا. دیار بوو هەر لە سلێمانی لەبەر ئەوەی مینەکە کاریگەر بوو، دکتۆر نەوزاد عەتار و دکتۆرەکانی تر هەردوو قاچیان بڕیەوە، دکتۆر نەوزاد زۆر ماندوو بوو لەگەڵمان، نمونەیان زیاد بێت. کارەکەش ئەوەندە نامەردانە بوو، لام وابێت دەبێ وائەژمار بکرێ دەستدرێژی بووە بۆ سەر شاری سلێمانی و شەهیدانی گردی سەیوان. هەموو شاری سلێمانی بەداخ بوون، چونکی کاری وا هەر لە خەڵکی نەفسنزم و خوێڕی و خائینان و ڕژێمی بەعس دەوەشێتەوه. ماجیدیش دەبوایە کەسێکی لەگەڵ بچوایە بۆ هاوکاریکردنی، چونکی هەردوو قاچی پەڕیبوو. لە ڕێگەی لیژنەی هاوبەشەوە پەساپۆرتیان بۆ هەردووکمان دەرهێنا و لە بەغداوە ڕۆیشتین بۆ ئەڵەمانیا. هەر لە فرانکفۆرتەوە یەکسەر ئێمەیان برد بۆ خەستەخانەی شارێکی بچوک لە نزیک فرانکفۆرت پێیان دەوت لودڤیگس هاڤن، کە تایبەت بوو بە دەستبڕین و قاچ و ئەم جۆرە ڕووداوانە. لەوێ ماوەی دوو مانگ کەمتر مامەوه، دوایی گەڕامەوە بۆ بەغدا و لەوێشەوە بۆ سوورداش. بارەگاکەمان لە سوورداش بوو. ماجیدم بەجێ هێشت، چونکی ئه و کاتی زۆری دەویست و خۆشی پێشتر لە ئەڵەمانیا بوو و دەیتوانی بمێنێتەوە.

ڕۆژبەڕۆژ وەزعی ئێمە و حکومەت بەره و گرژی دەڕۆیشت، ڕۆژانە کێشە دروست دەبوو.

هاتنی عەلی حەسەن مەجید بۆ سوورداش

وا دەردەکەوت حکومەت نیازی نییە شتێک بکات، دەیانویست سوود لەکات وەربگرن لەبەر شەڕی ئێران و عێراق. ئێمە هێشتا بارەگاکانمان لە سوورداش مابوو، بەڵام بۆ کاتی تێکچوون لەگەڵ میری هەندێک ئامادەکارییمان کردبوو، بەتایبەت لای دۆڵی کانی توو و سیروان و ناوچەی مەرگە و بناری شاخی ئاسۆس. عەلی حەسەن مەجید لەگەڵ هێزێکی زۆر هات. بەحوکمی ئەوەی من لە مەکتەبی عەسکەری بووم، ڕۆژانە مام جەلال ئیشەکانی ئەوێی پێدەسپاردم. هەردوو وەفد دانیشتین، یەکێتی بە سەرپەرشتیی مام جەلال و عەلی حەسەن مەجیدیش سەرپەرشتیی وەفدی بەعسییەکانی دەکرد. من لە ژووری کۆبووەنەوەکە بووم، دیار بوو قسەکانیان بۆ خاوبوونەوەی وەزعەکە بوو، بەڵام هیچیشیان نەدەکرد. وەفدی حکومەت بە هالیکۆپتەر هاتن و گەڕانەوە، دانیشتنەکان هەر ئاسایی بوو، هیچی جێبەجێ نەکرا.

چۆڵکردنی بارەگاکانمان لە سوورداش

هەموو ئه و بارەگایانەی لە سوورداش بوون، یەکبەدوایەک چۆڵمان کردن تەنها بارەگاکەی مەکتەبی سەربازی نەبێ. من و ملازم عومەر لەوێ بەجێ مابووین، ئه و بارەگایانەشی دروست کرابوون لە ئاوەژێ و سیروان و کانی توو، هەرکەسە و چووە جێگەی خۆی. مام جەلال چووە سیروان، نێوان کانی توو و چنارنە، لەوێ خانووی بۆ دروست کرابوو. شوێنێکی دوورەدەست بوو. بارەگای کاک نەوشیروان لە کوروان بوو، تەنیشتی ئاوەژێ. ناوەندی کۆمەڵە لە کانی توو بوو، مەکتەبی ڕێکخستن لە کانی شینکە بوو. پاش ڕۆیشتنی هەموو بارەگاکان ئێمەش ڕۆیشتین. لە سیروان بارەگامان دانا، خانووش بۆ ئێمە دروست کرابوو. جیهازمان دانا و کەوتینە تەماس لەگەڵ هەموو تیپەکانی یەکێتیی نیشتمانی و ئیشەکانمان دابەش کرد. بارەگای تیپی 43ی ئاسۆس لە مەرگە بوو. جوتیاران لە دەورمان بوون و لەسەر شاخی ئاسۆس و کۆلارە واجباتیان بۆ دیاری کرا.

هاتنی عەقید غەسان ناجی عەسکەری بۆ لای مام جەلال

جوابیان ناردبوو عەقید غەسان دێت، مام جەلال منی نارد بە دوایدا. لە بنگردەوە لەگەڵ خۆم هێنام بۆ لای مام جەلال. چەند سەعاتێک مایەوه، دوایی لەگەڵی گەڕامەوە بۆ بنگرد، سواری هالیکۆپتەر بوو و گەڕایەوه، منیش گەڕامەوە بۆ لای مام جەلال، زۆر کەس وتیان چۆن وێرات و چوویت، چونکی هەموو بارەگاکانمان چۆڵ کردبوو و گەڕابووینەوە بۆ شاخ.

دانانی بەرنامە بۆ گرتنی شاخی دابان-هەلاج

وا خەریکە شەڕ دەبێتەوه، حکومەت لەژێر زەختی تورکیادا لە هەموو ئه و بەڵێنانەی دابوویان، پەشیمان بوونەوە. دیار بوو هەر بۆ سوودوەرگرتن لە کات بوو. حیزبی بەعس هەر بڕوای بە کورد و مەسەلەکەی نەبوو. بڕیارمان دا مادام شەڕ دەبێتەوە، داستانێکی گەورە تۆمار بکەین و لە خەڵکی بگەیەنین ئاشتی ئاشتییه و شەڕیش شەڕە، ماندووش نەبووین لە خەبات. قسەمان زۆر لە دژ دەکرا لەلایەن نەیارەکانەوه. پێش ئەوەی حکومەت پەلامارمان بدات، ویستمان وا بکەین هەندێک جێگە ڕزگار بکەین. بەرنامەکە دانرا و بڕیار درا هێزەکان بجوڵێنرێن. مام جەلال ئەم کارەی بە کاک ملازم عومەر سپارد، بۆ ئەوەی بە زووترین کات بێت بۆ سەرگەڵوو و هەڵەدن، نزیکترین جێگە له و جێگەیەی دەمانەوێ پەلاماری بدەین.

ملازم عومەر بەرنامەی خۆی داڕشت و هێزەکان گەیشتن، بە منی وت تۆ لێرە بمێنەوە لەبەر کاروباری ئێرە. با نەڵێن مەکتەبی عەسکەری کەسی لێنەماوە. لەگەڵ ئامرتیپەکان کۆبوونەوەی خۆی کرد. ئیتر من لەوێ نەبووم. هەر تیپه و جێگەی خۆی پێسپاردبوون، لە کاتێکی دیاریکراودا لە بەرەبەیاندا پێشمەرگەکان هێرشیان کردە سەر بارەگا و ڕەبیەکانی سەر شاخی دابان و هەلاج. لە ماوەیەکی کورتدا هەمووی گیرا، دەستکەوتێکی یەکجار زۆر، فەوجێک بە هەموویەوە لێک هەڵوەشا، ئەمەش گەورەترین شەڕی یەکێتی بوو لەگەڵ حکومەت دوای دانوستان، لەم شەڕەدا ئەسیرێکی زۆر و کوژراوێکی زۆر هەبوون. ئێمەش پۆلێک پێشمەرگەی ئازا و قارەمانمان شەهید بوون. سڵاو لە ڕۆحی پاکیان. لە دوای شەڕی دابان-هەلاج لە هەموو بەرەکان و سنووری تیپەکان شەڕ دەستی پێکردەوە. پەلاماری زۆر جێگەیان دا و سوتاندیان، وەک دۆڵی خەلەکان و زۆر شوێنی تر.

ئێمە ئەو کاتە هەر لە سیروان بووین. بارەگای مەکتەبی سەربازی مابوو بۆ ئیشوکاری ڕۆژانەی تیپەکان، مام جەلال لە سیروان بوو، دەچووم بۆ لای و لەسەر وەزعی تیپەکان و چالاکییەکان ئاگادارم دەکردەوە. ملازم عومەریش پاش ئه و سەرکەوتنە گەورەیە گەڕایەوە.

گرتن و چەککردنی برادەرانی ئاڵای شۆڕش لە قەرەداغ

ماوەیەک بوو مەسەلەی ئاڵای شۆڕش کە هەڤاڵ مەلا بەختیار سەرپەرشتیی دەکرد، لەناو یەکێتیدا دروست بووبوو. بۆ ئه و مەسەلەیەش چەند جارێک لەگەڵ برادەرانی ئاڵای شۆڕش قسە کرا. لەناو یەکێتی و بەتایبەت کۆمەڵەدا شتێکی دیار بوو، دوای دانوستان هەستی پێدەکرا.

جارێکیان چەند هەڤاڵێک هاتن بۆ سیروان بۆ لای مام جەلال و لەوێشەوە چوون بۆ قەرەداغ بۆ لای کاک مەلا بەختیار. ئەوەی لەبیرم بێ، ئەم هەڤاڵانە بوون 1- ئازاد هەورامی 2- کاک وەهاب 3- مامۆستا موحسین 4- مامۆستا پشکۆ. خۆشیان هەندێکیان هەر ئاڵای شۆڕش بوون. من وردەکاریی قسەکان نازانم. لە ئەنجامدا وادەرکەوت لێی قبوڵ نەکرێت، بەتایبەتیش لەم وەزعەی یەکێتیدا. باشم لەبیرە لەگەڵ هەڤاڵەکان نامەیەکم نووسی بۆ کاک مەلا بەختیار، هەندێک شتم تێدا نووسی و داوام کردبوو وا برادەران هاتوون، چیتان پێدەکرێ بۆ خزمەتی یەکێتی، درێغی مەکەن، شتی تریشم نووسی بوو. پاش ئەوەش وابزانم جارێک مام جەلال کاک مەلا بەختیاری بینیبوو، زۆر شتیان باس کردبوو، ئەوانیش نیازی لەتکردنی یەکێتییان نەبوو، لە ڕاستیدا چەند تێبنییەکیان لەسەر هەندێک شت هەبوو.

من و ملازم عومەر لە بارەگای مەکتەبی سەربازی بووین

ماوەیەک بوو مام جەلال بارەگای خۆی گواستبۆوە بۆ دۆڵی جافایەتی و لە دێی یاخسەمەر بارەگای دانابوو. منیش چووبوومە ماڵەکەی ئەوەوه. ڕۆژێکیان ئه و پێشمەرگەیەی لەسەر جهازەکە بوو، هات. من و ملازم عومە ر پێکەوە بووین. وتی بە بێسیمەکە گوێم لێبووە شتێک ڕووی داوە لە قەرەداغ، وتی وابزانم کاک مەلا بەختیاریان گرتووە و چەکیان کردوون. پێکەوە لەگەڵ کاک عومەر چووینە لای بێسیمەکە و گوێمان گرت، دەرکەوت کە هێزێکیان کۆکردۆتەوە بە سەرپەرشتیی هەڤاڵ جەبار فەرمان و شەوکەتی حاجی موشیر، چوونە تە سەریان و گرتویانن. کاک ڕۆستەمیشیان لەگەڵ بوو، نازانم کێی تریشیان لەگەڵ بوو لە لێپرسراوانی تیپەکان. کاک عومەر کە گوێی لە هەندێ قسە بوو، لێیان توڕە بوو و جیهازەکەی داخست. زۆر توڕە بوو لەوەی دژی مەلا بەختیار کردبوویان. بۆ مێژوو شاهیدم هەڵوێستێکی مەردانه و پیاوانەی هەبوو. بێسیمەکەی پێچایەوە و ناردیەوە بۆ لای مام جەلال. ئیتر کاک عومەر زویر بوو و لە ماڵەکەی خۆی دانیشت. بمانەوێ و نەماوێ به و هۆیەوە کارەکان تێک چوون، مەکتەبی سەربازییش نەما. پاش چەند ڕۆژێکی تر من و ملازم عومەر چووین بۆ لای مام جەلال لە یاخسەمەر. دوای ئەوە سەردانێکی مەلا بەختیارمان کرد لە زیندان. دوای ئەوەش سەرێکم لە کاک نەبەز دا، ئه و و مامۆستا پشکۆیان لەسەر ئه و مەسەلەیە زیندانی کردبوو. دوایی گەڕاینەوە بۆ لای مام جەلال. لەسەر ئەوەی ڕووی داوە، کاک عومەر قسەی لەگەڵ مام جەلال کرد، ئیتر پێکەوە گەڕاینەوە بۆ سیروان. هەردووکمان ماڵمان لەوێ بوو.

جارێکی تر من چوومە وە بۆ لای مام جەلال

بارەگاکانمان چۆوە لای ناوچەی مەرگە و لەوێ ماینەوە. من پێشتر لێپرسراوی سەربازیی مەڵبەندی دوو بووم. دوای ئەوەی کاک عومەر جهازەکەی ناردەوە، شتێک نەمایەوە به و ناوەوە. دوای گفتوگۆ لەگەڵ میری ئیتر من نەچوومە وە بۆ مەڵبەندی دوو. سەردانی مام جەلالم کرد، بیرم کردەوە خۆ ناکرێ هەر لەوێ بیت و کار نەکەی، لەبیر دەچیتەوه. کە چووم بۆ لای مام جەلال، هەندێک قسەمان کرد. لەسەر وەزعی سنوورەکەی پشدەر و ئه و ناوە پرسیاری لێکردم. باسی ئەوەی کرد کە ناچیتەوە بۆ مەڵبەند، ئه و کاتە کاک عەلی بچکۆلیش لەوێ نەمابوو. کاتی خۆشی لەبەر کۆمەڵێک هۆ چووم بۆ مەڵبەندی دوو، ئەگینا ئه و کاتەش نەدەچووم. بە کاک نەوشیروانم وتبوو خۆم دەزانم چیم کردووە بۆ یەکێتی. دوایی بە مام جەلالم وت من ناچمەوە. قادر چاوشین کانی وەتمانی لە یاخسەمەر دانیشتبوو. لەکاتی قسەکانماندا وتم من ناتوانم بچمە شوێنێک، هەندێ کەس زروف کردوویەتی بە سەرکردایەتی. وتی دەزانم، مام جەلال هەردوو دەستی بەرز کردەوە و وتی ئەگەر بە من بێت، بە دوو دەست دەنگت بۆ دەدەم بۆ سەرکرایەتی و مەکتەبی سیاسی، بەڵام من ناتوانم پەیڕه و پێشێل بکەم، بەرپرسی مەڵبەند دەبێ سەرکردایەتی بێت. کۆتایی قسەکانمان بەوە تەواوبوو من بچمەوە بۆ ناوچەی مەرگە و کانی توو، تیپەکانی لەوێن، سەرپەرشتییان بکەم، هی هەموو تیپەکان. وتم باشه و خواحافیزیمان کرد. من گەڕامەوە تاکو ئەو کاتە ی ڕژێمی بەعس ژەهرخواردیان کردم لە ساڵی 1987دا، ژمارەی تیپەکانی ئه و سنوورەش زۆر بوون، حەوت تیپ بوون. منیش لەگەڵ هەموویان دانیشتم و ئاگادارم کردن وەک لێپرسراوی یەکەم من سەرپەرشتیی کارەکانیان دەکەم.


شەڕی سێ مانگەی قەیوان-ماوەت

لە شەڕی سێ مانگەی قەیوان-ماوەتدا ساڵی 1986 لە جەبهەکانی بەرامبەر پێشمەرگه، حکومەت دەستی کرد بە پەلاماردان، لە پشتی خەمزەوە بۆ دوو برا و کەلکی قەیوان و دۆڵ بێشک و هەموو ناوچەکانی. هێزی پێشمەرگەش گەورەترین بەرگریی کرد. لە مەڵبەند و تیپەکانی تریشەوە هێز دەهات بۆ هاوکاری. شەڕەکان زیاتر لە سنووری تیپی 47ی پیرەمەگروندا بوو. بەڵام ئه و شەڕە گەورە و بەربڵاوە هەر بەوان نەدەکرا، لەبەر ئەوە هێزی پێشمەرگە بەشدار بوو، شەڕی هەمووان بوو. کاک کۆسرەت له و جەبهەیەدا سەرپەرشتیی هێزەکانی دەکرد. ئەوەی ڕاستی بێت، دوورگەی شەڕەکە بچوک دەبووەوه، چونکی هێزی دوژمن به و هەموو ئیمکانیاتە گەورەیەوە درێغیی نەکرد، هەرچی چەکی بوو، بەکاری دەهێنا، تۆپباران نەیدەهێشت هەناسە بدەی، هێزەکانی کە من لەگەڵیان بووم و سەرپەرشتیم دەکردن، به قەدەر پێویستی سەنگەرەکان دابەش بووبوون.

لە دوو برا و خەجە لەرزۆک و مارە ڕەش و شوێنەکانی تریش شەڕ گەرم بوو. لە یەکێک لە جەبهەکان کە زۆری خایاند و بەردەوام بوو، جەبهەی قەیوان بوو. من چووم بۆ دێی قەیوان. لەگەڵ سەڵاح چاوشین و ڕابەری سەید ئیبراهیم دەوروتەسلیمم کرد. چونکی هەر ناوبەناو لەبەر هیلاکی یەکترمان بەگوێرەی پێویستی شەڕەکه دەگۆڕی. ئەوان گەڕانەوە بۆ بارەگاکانی پشتەوە بۆ شاخی کورەنگ لە پشتی کارێزه. هێزێکم بە سەرپەرشتیی عوسمان شارستێنی جێگری تیپی 43ی ئاسۆس نارد. شه و حکومەت و جاشەکان هێرشیان هێنا، بەڵام پێشمەرگەکان لێیان هاتنە دەست. زیانێکی زۆریان لە دوژمن دا و لاشەی جاشێک بەجێما، دوایی به هۆی خەڵکی ناوچەکەوە تەسلیممان کردەوە. ئه و جێگەیەی لێی بووم، به هیمەت و ئازایەتیی پێشمەرگەکان و ئیمانی بەهێزیان زۆر سەرکەوتوو بوو.

شەڕی گەورەی کەلکی قەیوان

من سەرپەرشتیی هەموو بەرەکانی شەڕەکەم دەکرد حکومەت هەموو ڕۆژێک لە قولەکانی لای خۆمەوه هێرشی دەهێنا. پێشمەرگەش باشترین بەرگریی دەکرد. بڕوا بکەن لە مێژووی کورددا وێنەی نەبوو. ڕۆژێک هێزێکی گەورەی حکومەت لە دۆڵەڕووتەوە بە هەموو توانای خۆیەوە، هەر لە تەیارەی پیلاتوز و دەبابە هەتا جاش و جەیشەکەی هێرشی هێنا بۆ کەلکی قەیوان، مەیدانەکەش زۆر گەورە نەبوو، تیپی 31ی لێبوو. هەڤاڵ هەڵۆی ئەحمەد کوردە سەرتیپیان بوو. لەکاتی هێرشەکەدا ئەم پێشمەرگانە لە سەنگەرەکەدا بوون:

1- هەڵۆی ئەحمەد کورده، سەرتیپ

2- عەبە ڕەق، فەرماندەی کەرت

3- ئازاد سابیر، جێگری فەرماندەی کەر ت

4- مەلا عەتار، فەرماندەی کەرتی 1

5- شەهاب، فەرماندەی کەرتی 1

6- وەستا کەمال، فەرماندەی کەرتی 3

7- جەمال حەمە کەریم، فەرماندەی کەرتی 4، شەهید بوو

8- حەمەزیاد، فەرماندەی کەرتی 5

9- مامە سەعە، فەرماندەی کەرتی 6

10- وەستا لەتیف، فەرماندەی کەرتی تیپ، دووەم ڕۆژ شەهید بوو

لە کاتی دەستپێکردنی شەڕەکەدا بێسیمێکی هۆکی تۆکیم پێبوو، هەڵۆش لە خوارەوە بوو. هەڵۆ هات و هەرووکمان سەرکەوتین بۆ لای پێشمەرگەکان. ئه و پێش من چووە لای پێشمەرگەکان. ڕێک کەوتین من لە خوار ئەوانەوە بم. شەڕ گەرم بوو. هەتاکو ئەو کاتە شەڕم زۆر بینی بوو و بەشدارییم تێدا کردبوو، بەڵام شەڕی وەک ئەوەی کەلکی قەیوانم نەبینیبوو. کەلکی قەیوان چەند سەد مەترێکە و زیاتر نییە، ئه و جێگەیەی شەڕەکەی تێدا بوو، هێرش لەسەر هێرشیان بۆ دەکرد، بەڵام دەشکان. وا ڕێک کەوت بێسیمەکەم کردەوە. لەگەڵ ئەفسەرێک ڕەبت بوو، گوێم لە قسەکانی ئەفسەرەکە بوو، قسەی بۆ پلەدارێکی لە خۆی گەورەتر دەکرد. ئەفسەرەکە بۆ ئەوەی خۆی بکات بە پاڵەوان، دەیوت سەیدی وا نزیک بووینەوه و شکاندمانن، کە گوێم لەم قسانەی بوو چوومە سەر خەتەکەی و وتم درۆ دەکەیت. ئەگەر ڕاست دەکەیت، سەرت بەرز بکەرەوە، ئێمە لە جێگەی خۆمانین و هیچ شوێنێکتان نەگرتووە. وام لێکرد ڕووخاندم، هەرواش بوو و درۆی دەکرد. کۆتایی شەڕەکە ئێوارە سەرباز و جاش شکان، بەره و خوارەوەی دۆڵەڕووت هەڵاتن و شۆڕ بوونەوە.

من ئێوارە شتێکم نووسی بۆ ڕادیۆی گەلی کوردستان. لەبیرمە چیم نووسی، ئێوارەش ڕادیۆکە بڵاوی کردەوە و هێز و توانایەکی تری بە خەڵکی و پێشمەرگه دا. بەم شێوەیە بوو:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، جارێکی تر پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان پەیمانیان تازە کردەوە لە شاخی قەیوان، کە نەهێڵن دوژمن وڵاتەکەمان داگیر بکات، پێشمەرگەکانی قەیوان بڕیاریان داوە ئەگەر شاخی قەیوان بگوێزیتەوە، ئەمان لەجێگەی خۆیان بمێننەوە و شەهید بن و سەنگەرەکان چۆڵ نەکەن. پەیمان به خوێنی شەهیدان دەدەن بەردەوام بن و دوژمن بشکێنن.

دوای ئەوەش ڕۆژانی تر چەند جارێک هێرشیان هێنا و بە شکاوی گەڕانەوە. دیارە لە بەرەکانی تریش شەڕ هەر بەردەوام بوو. من ماوەی مانگێک لەوێ بووم. تاکو لەوێش بووم، بڕوا بکەن تاقە سەنگەرێکمان نەگیرا. جگە له و کەسانەی لە پێشەوە ناوم هێنان، ئەم هەڤاڵانەش لەوێ بوون هەرکەس بە پلەی خۆی.

1- جەمال ئەبو شوارب، جێگری کەرت

2- تایەر چاوشین دەرمیانەیی، جێگری کەرت

3- فایەق چاوشین، جێگری کەرتی 5

4- تایەری حاجی سەعید، جێگری کەرتی 6

5- عەلی چەلەبی، جێگری کەرتی تیپ

6- ڕۆستەم قولەرەیسی، فەرماندەی مەفرەزە

7- دلاوەری حاجی عوسمان پێنجوینی، فەرماندەی مەفرەزە

8- ئیبراهیم، فەرماندەی مەفرەزە، شەهید بوو

9- کەمال مالیە، فەرماندەی مەفرەزە

10- مەحموود بناوەسوتەیی، فەرماندەی مەفرەزە

12- جەلال، فەرماندەی مەفرەزە

کادێر ەکانیش ئەمانە بوون:

1- سەیوانی حەمە زڕگوێزی، بەرپرسی ڕێکخستنی تیپ بوو

2- شێخ جەمیل، بەرپرسی پۆل بوو، شەهید بوو

3- سالار عوسمان، کادێری ڕێکخستن

4- شێخ کامل، کادێری ڕێکخستن

5- شێخ سالار، کادێری ڕێکخستن

6- جەزا ئەحمەد کورده، ڕابەری سیاسی بوو

7- بەرزان ئەحمەد کوردە، کادێری ڕێکخستن بوو

لە جەبهەکان شەڕ هەر بەردەوام بوو، تیپەکانی 63ی جوتیاران و 43ی ئاسۆسمان لەگەڵ بوو. دواتر عەبدولڕەحیم میرزا ڕۆستەم، کە سەرتیپ بوو، هاتە جێگەکەم. ئەم شەڕە سێ مانگ درێژەی کێشا. ئەم تیپانەش بەشداربوون لە قوڵەکەی لای منەوە:

1- تیپی 93ی کۆیه: ڕەهبەری سەید ئیبراهیم سەرتیپ بوو، شەهید محەمەد شینە جێگری سەرتیپ بوو، مەولود فەرماندەی کەرت بوو.

2- تیپی 43: عوسمان شارستێنی جێگری تیپ بوو، سەرپەرشتیی دەکرد. شەهید مەحموود سێدەری فەرماندەی کەرت بوو.

3- تیپی 23ی سوورداش: جوامێر براخاس سەرتیپ بوو. حەمەی تەییب جێگری تیپ بوو.

لە گەڕەدێوە ڕۆشتین بە هانای پێشمەرگەکانەوە بۆ شاخی گۆجار. فریا نەکەوتین و پێشمەرگە شکان و هاتنە خوارەوه، شەهید و برینداریان هەبوو. یەکێک لە پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکان شەهید عەلی مەسیفی بوو، کە ئامرکەرتی تیپی مەڵبەندی سێ بوو لای کاک کۆسرەت. تاکو دێی کانی مێو شەهید و بریندارەکانمان هەر بە ڕاکێشان هێنایە خوارەوە بۆ ئەوەی دەستی دوژمن نەکەون.

بۆ مێژوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران یارمەتییەکی زۆریان داین لە هەموو ڕوویەکەوە، بەتایبەت ڕۆژی کشانەوەمان پاش ئەوەی جێگەکانمان بەجێ هێشت. هێزەکانمان ئیزن دان و بڵاوەیان کرد، ئێمەش به و هیلاکییە زۆرەوە یەکمان گرتەوە، چووین بۆ لای مام جەلال، بارەگاکەی لە دێی یاخسەمەر بوو. من و کاک کۆسرەت و رائید جەلال ڕۆیشتین بۆ لای. کە گەیشتینە ئەوێ، چووینە ژێرزەمینێکی بچوکەوە. دانیشتین و قسەی بۆ کردین، بۆ بەرزکردنەوەی ورەمان وتی ئەم شۆڕشە سەرکەوتن و کشانەوەشی تێدا دەبێ. دیارە زۆریشی پێناخۆش بوو. بەڵام وتی ئێوە هەر کە دەڵێن سەنگەرەکان، دەگرین، بەڵام مانەوە و بەرگری و شەڕی بەرامبەر زەحمەتە، دەبێ زۆر باش بزانن شۆڕش هەم هێرشە و هەم بەرگریکردن، زۆری قسە بۆ کردین لەسەر گرنگیی سەنگەرلێدان بۆ خۆپاراستن لە تۆپبارانی ڕژێم. دوایین قسەی ڕووی تێکردین و وتی هەڤاڵینە ئێمە دەبێ خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەموو ڕووداوێک. وامان دانابوو پاش کشانەوەمان لە گۆجار و جەبهەکانی تر لە نزیکی بارەگای مام جەلال لە یاخسەمەر بمێنینەوە. وتمان ڕەنگە سوپای عێراق هێرشی بەردەوام بێ بۆ سەر بارەگای مام جەلال بە حوکمی ئەوەی بارەگەکەی نزیک بوو. وتی ئێستا ئێوە چیتان پێباشە، من ئامادەم، تەنانەت ئەگەر شکانیش هەبێ. دەستم سوتاوە، جارێکی تر ناچمەوە بۆ ئێران، لام باشە بچم بۆ مەڵبەندی سێ بۆ لای کاک کۆسرەت. ئێمەش ڕەئیەکەیمان هەر زۆر پێباش بوو، لە قسەکانیدا هێز و توانای داینێ. دوای کۆبوونەوەکە، هەریەکەمان گەڕاینەوە بۆ شوێنەکانی خۆمان. من لەگەڵ هێزەکەمدا گەڕامەوە بۆ ناوچەی مەرگە. هەڤاڵەکانی تریش لەگەڵ هێزەکانیان بڵاوەیان لێکرد.

کە گەڕاینەوە، هێزەکانمان ڕێک خستەوه و کارەکانمان دابەش کرد بەسەر تیپەکانی ئەوێدا. بەهار بوو و هێشتا شوێنە کوێستانییە کان بەفری پێوە مابوو. پاش ماوەیەک لە سەرکردایەتییەوه بروسکەیان بۆ کردین بۆ ئەوەی بەرنامەی گرتنی هەندێ جێگە دابنێن. ئەوەی کە پێی ئەوترێ داستانی ڕزگاری.

داستانی ڕزگاری

بڕیار بوو دەستێکی گەورە و سەرتاسەری لە دوژمن بوەشێنین. بەرنامەی بۆ دانرا. هەرکەسەش جێگەی شەڕەکەی بۆ دانرا، لە شاخی گوێژە و ئەزمڕەوە تاکو شاخی ئاسۆس و سنووری قەڵادزە. دیارە شەڕ لە نێوان عێراق و ئێراندا گەرم بوو. ئەوەندەی پێویستمان بوو، هێزی پێشمەرگەمان بۆ هەموو جەبهەکان کۆکردەوه.

ئەوانەی بەشدار بوون: (کاک وەهاب لەسەر شاخی ئەزمڕ، شێخ جەعفەر لە خەجە لەرزۆک و دووبرا بۆ لای خەمزه). زۆری تریش لە هەڤاڵەکان بەشدار بوون. شاخی زینوی سپی بوو، بە من سپێردرا، کە دەکەوێتە پشتی گەڵاڵە و سەفره و دەوری زەروون، کۆتایی شاخی ئاسۆس. تیپەکانی ئه و سنوورە و فەرماندەکانیانم کۆکردەوە. کۆبوونەوەم لەگەڵ کردن و بەرنامەی شەڕەکەم بۆ باس کردن. لەبەر پێویستی تیپی 99مان بانگ کردبوو، کە شەهید ئازاد حەمەی گەمحان سەرتیپ بوو و کەوتبووە لای ئێمە. لە دابەشکردنی هێزەکان بۆ داستانی ڕزگاری ئەم تیپانە بەشدار بوون: تیپی 63ی جوتیاران، تیپی 43ی ئاسۆس، تیپی 65ی بلفەت، تیپی 44ی چەکوچ، تیپی 68ی مامەنده، تیپی 99ی کۆیە، تیپی 61ی کوڕەکاژاو. مەبەستم بوو لێرەدا دوو خاڵ باسی بکەم:

1- سەرەتای بەهار بوو. بەهۆی بەفرەوە سەرکەوتن بۆ جێگەی مەبەست زەحمەت بوو، بەفر هەموو ڕێگەکانی گرتبوو. لە پشتی دێی کانی تووەوە کە ڕێگەی سەرکەوتنە لەلای کوڕەکوڕەوە، ماڵی حەسەن ئاغا لەوێ بوو و تەنها ماڵ بوو. باشە ئەم هێزە گەورەیە چۆن سەردەکەوێ؟ هاتین دێهاتەکانی سنووری مەرگە هەر لە شارستێنەوە هەتا چنارنە و مەرگە و کانی توو، بیوەکە و ئەوانی تر چەند کەسێکمان بانگ کرد بۆ ئەوەی هاوکاریمان بکەن ڕێگەکە بکەینەوه و بەفرەکە بشکێنین بۆ ئەوەی بتوانین سەرکەوین. دوو ڕۆژ پێش ئەوەی سەرکەوین، ئەمەمان جێبەجێی کرد. ڕێگەکەش ئەوەندە کرایەوە، کە تەنها زەلام بتوانێت پێیدا بڕوات و سەرکەوێ، ئەوەش بە خاکەناز پاک کرایەوە.

2- لەلایەن سەرکردایەتیی خۆمانەوە پێیان وتین هاوکات لەگەڵ هێرشی ئێمە بۆ سەر ڕەبایەکان لە زینوی سپی ئێرانییە کان و سوپای پاسدارانیش هێرش دەکەنە سەر شاخی گردە ڕەش و دەیگرن. ئەمە بۆ ئێمە باش بوو ئەگەر جێبەجێ بکرایە، ئیتر خۆمان ساز دا، ڕەبیەکان دەستنیشان کران. هەر تیپەی بەشی خۆی بۆ دیاری کرا و لێی بەرپرسیار کرا. ڕۆژی پێش هێرشکردن سەرتیپەکان چوونە نزیک ڕەبیەکان. له و جێگەیەی بۆی دیاری کرابوو، بە دووربین تەماشایان کرد و ئه و جێگەیانەیان دەستنیشان کرد، کە بۆی دەچن.

کە سەرکەوتینە سەر شاخ، زۆر سارد بوو، سەر شاخ بەفر بوو، نمەنمەش باران دەباری. ئه و شەوەمان بە هەزار دەردەسەری بەسەر برد. نەشمان دەتوانی ئاگر بکەینەوه و خۆمان گەرم بکەینەوە، بۆ ئەوەی دوژمن پێمان نەزانێ. لە شەوی 13\14/4/1987 سەعاتی سفرمان دیاری کرد. لە نیوەشەودا دەستمان کرد بە پەلاماردانی ڕەبیەکان. من خۆم لە ڕەبیەی یەکەمدا لەگەڵ شەهید ئازادی حەمەی گەمحان و تۆفیق کانی وەتمانی و باقیاتی تری هێزەکە بووم.

لە هەموو لایەکەوە بوو بە تەقه، لە ماوەی چەند سەعاتێکدا توانیمان سیانزە ڕەبیە بە شاخی زینوی سپییەوە بگرین، پێشمەرگەکان و لێپرسراوەکانیان بەڕاستی دەورێکی مەردانەیان بینی، هەر لە یەکەم تەقەدا جیهازەکەم کردەوە، وا ڕێکەوت کاک وەهابم وەرگرت، چونکی هەر هەموومان سەعاتی سفرمان لە هەموو قوڵەکانەوە لەیەک کاتدا بوو. لەگەڵ کاک وەهاب دۆخی شەڕەکەمان بەیەک وت و باسی سەرکەوتنمان کرد.

چەکێکی زۆرمان دەست کەوتبوو، لە ڕەبیەکان ئەفسەری ڕەبایەکە لەگەڵ چەند سەربازدا کوژرا، حەوت کەسیشمان ئەسیر کرد. هەویەی کوژراوەکەم لەگەڵ ئەسیرەکان نارد بۆ لای سەرکردایەتی بۆ سجنی بۆ بەرگەڵوو، سجنەکەمان لەوێ بوو.

هەموو ئه و جێگەیانەی گرتبوومان، نەمانتوانی تێدا بمێنینەوە، لەبەر ئەوەی ئێرانییە کان وەعدەکەی خۆیان نەبردە سەر و پەلاماری گرده ڕەشیان نەدا. گرده ڕەشیش بەسەر ئێمەدا زاڵە، لەژێر ڕەحمەتی گولەی دوژمندا دەبێ، لەبەر ئەوەی ئەوان بەرزتر بوون لە ئێمە و پەلاماریش نەدرابوون. بۆ ئەوەی شەهیدی زۆرمان نەبێ، ئاگادارم کردن بکشێنەوە. تەنها یەکەم ڕەبیەمان چۆڵ نەکرد، لەسەری سەرەوە بوو و گولەی دوژمن نەیدەگرتەوه. تێیدا ماینەوە، بەڵام شاخەکە زۆر ڕووت بوو، نەهاتنی ئێرانییە کان پرتەوبۆڵەی خستە ناو پێشمەرگەکان، حەقیان بوو، چونکی ئێمەش بەرنامەی خۆمان لەسەر هاتنی ئەوان داڕشتبوو. ئیتر کشاینەوە و چەند شەهیدێکمان هەبوو 1- ئەحمەد حەسەن خەڵکی هێرۆ بوو 2- ڕەسوڵ قەندۆڵی 3- ڕەسوڵ ئیسماعیل خەندان. چەند ڕۆژێک له و سەرماوسۆڵەیە سەرشاخدا، کە هیچ ئاوەدانیی تێدا نییە، ماینەوە. بنبەردێکی بچوکی لێبوو، پێیان دەوت ئەشکەوتی بەرخان، چەند کەسێکی دەگرت، لەوێ بە پاڵکەوتنەوه ئاگرمان کردەوه. دوکەڵ هەر کوێری کردین. دوای ئەوە مانەوەمان دەورێکی ئەوتۆی نەبوو، چونکی هەرچی گرتمان، بەجێمان هێشت. لەگەڵ فەرماندەی تیپەکان لەسەر وەزعی سەرکەوتن و کشانەوەمان کۆبوونەوەیەکم کرد.

جیهازمان پێبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچمان پێنەبوو شەحنی بکاتەوە، پاتریەکەی مرد. لەبەر بەفرەکە وڵاخ دەرنەدەچوو. بەکۆڵ ئەم باتریمان ناردە خوارەوە بۆ سیروان بۆ ئەوەی شەحنی بکەن و ئاگاداری بەرەکانی تریش بین. لەبەر بەفر و دووریمان لەوێوە ڕۆیشتن و گەڕانەوە ڕۆژێکی دەویست. پاش شەحنکردن هەرکەسێک پێشمەرگە بووایە یان هاووڵاتی، تا دەگەیشتەوە لامان، ئەوەندە دەکەوت و تێزاب و ئاوی پاترییەکەی پێدا دەڕژا، حاڵی خراپ دەبوو. تێزابی ناو پاترییەکه قەمسەڵەی چەندین کەسی سوتاند. کێشەی پەیوەندیمان گەورەترین کێشەبوو، بەڵام هەر جێبەجێمان کرد.

پاش ئه و چەند ڕۆژەی سەر شاخ نەوزادی کاک حسێن و ئامانجی محەمەدی حاجی تاهیر لەسەر جیهازەکە بوون، بەداخەوە نەوزاد لەم ساڵانەی دواییدا بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. دەوری باشیان هەبوو. وتیان مام جەلال لەسەر بێسیمە و داوات دەکات. چووم قسەم لەگەڵ کرد، وەزعی لای خۆمانم بۆ باس کرد، وتی بچن زەرون بگرن. وتم ناکرێ، هەموو سەرتیپەکانم کۆکردووەتەوه، ئەوە زەحمەتە. لەم قسانەمان زۆر کرد، وتی گوێچکە ساغەکەتم بدەرێ چونکی من گوێچکەیەکم ئیش دەکات، ئەوی تریان 12/5/1966 لە شەڕە گەورەکەی هەندرێن فیشەکی بەرکەوتووه، لەوکاتەوە یەک گوێچکەم کار دەکات. منیش وەزعەکەی لای خۆمانم دەزانی. وتم تۆش باش گوێم لێبگرە لەسەر ئەوەی من لە مەیدانەکە بووم، دەمزانی چی دەکرێ و چی ناکرێ. دوای ئەوەی بروسکەی کرد هێزەکەمان هەندێکی بەجێ بهێڵم و هەندێکیش لەگەڵ خۆم ببەم بچم و بۆ جەبهەی لای کارێزە. جێبەجێم کرد و جارێکی تر چوومە وە بۆ جەبهەی کارێزە.

دوای ئەوەی ماوەیەک لە کارێزه بووم، گەڕاینەوە بۆ ناوچەی مەرگە کە بارەگای خۆم لەوێ بوو لە سیروان. ماڵی ملازم عومەر و قادری مامەند ئاغا و شێخ جەنگی برای مام جەلال و محەمەد سوڵتان کە ئیسلامییەکان دوای ڕاپەڕین شەهیدیان کرد و لێپرسراوی حیزبی بوو لەوێ، لەوێ بوو. لەگەڵ ملازم عومەر ماڵەکەمان چەند مەترێک دوور بوو لەیەکەوە. تەنیا ئەم چوار ماڵەی لێبوو، ئاوەدانیش نەبوو. ئەوەی لێی بوو، ماڵە پێشمەرگە بوو، ماوەیەکیش ماڵی نەوزادی نوری بەگ لەوێ بوو، لە ئیدارە ئیشی دەکرد. ناوبەناویش تەیارە دەهات و بۆردومانی دەکردین. ڕۆژێک تەیارە زۆر خراپ لێی داین. باش بوو زیانمان نەبوو. لاستیکی ئاوە کەی پچڕاند، کە له کانییە کەوە ڕامانکێشابوو. دەنگۆی ناوبەناویش هەبوو حکومەت هجوم دەکات. دەبووایە ئه و هێزانەی لەبەر دەستدا بوون، خۆمان ئامادە بکەین. من سەرشاخم دابەش کردبوو بەسەر تیپەکانی سنوورەکەی لای خۆمان، کە نزیکەی هەشت تیپ بوون. ئیشوکاری ڕۆژانەشم لەگەڵ جێبەجێ دەکردن و سەردانم دەکردن، شەوانیش لەگەڵ ملازم عومەر پێکەوە ئەبووین.

هاتنی نەقیب ئەمیر بۆ سیروان

نەهاوەندی خێزانم لە سلێمانی بوو. بە نیاز بوو بێتەوە بۆ لامان. بە فرسەتمان زانی. نەقیب ئەمیر جوابی نارد کە گەڕایەوە، نەوجوانی خێزانی لەگەڵ خۆی بهێنێت. ئەوانیش ڕێکیان خستبوو ڕۆژی 19/7/1987 بگەڕێنەوه. پشتیوانی سایەق کە لە پێشەوە باسم کرد، کەسێکی ئەمینە و چووبوو بەدوایاندا. ئەمانیش خۆیان ئامادە کردووە بێن. سواری سەیارەی کردبوون. دایکی نەقیب ئەمیریش سەبریەخان لەگەڵیاندا هاتبوو. نەوجوان و نەهاوەند و دوو منداڵ زریانی کوڕم یەک ساڵ بوو، بەرزینی کوڕی ئەمیر تازە لەدایک بووبوو، هێشتا نەیبینیبوو، دوای خۆی کە ڕای کردبوو، بووبوویان. کە دەگەڕێنەوە، ڕۆژی 19/7/1987 لە ڕێگەی سلێمانی ئەخباری کرابوون. لە بازگەکەی تاسلوجە کە بۆ دوکان دێت، بەتایبەت بۆیان دانیشتبوون. مەفرەزەی ئەمنی تایبەت چووبوون. کە تاکسییە کە ڕادەگرن، زانیاریی تەواویان هەبووە کێن و کێ نین، چونکی لە سەداسەد زانیویانە ئەوانن. ئەوەی خەبەرەکەی لێداون، ناوی پشتیوانی شۆفێری داوه، نەفەرەکانیش دیار بوون. هەر لەوێ دەیانگرن و دەیانبەن بۆ ئەمنی سلێمانی. دوای بەربوونیان پاش ساڵ و نیوێک لە سجن نەهاوەندی خێزانم گێڕایەوە هەر لەبەر دەرگای دەرەوە تاکو ژوورەوە هەموو ئەمنەکان پشتیوانیان بە حاڵی مردن بردبوو، ئەوەندەیان لێدابوو. ناگێڕدرێتەوە چییان لێکردووە، ئیتر هەموویان گیران. ئەوانە گیراون و ئێمەش ئاگادارنین و نازانین، لەگەڵ ئەمیر کەوتینە ئەوەی بۆچی نەهاتن، چونکی کەس نەیزانیبوو. لە سلێمانی وادەزانن گەیشتوونەتە لای ئێمه، لە ئێمەش وایە جارێ نەهاتوون. پاش چەند ڕۆژێ دەرکەوت گیراون. لەبەر ئەوەی بەرزین ساوابوو، چەند هەفتەیەک بووبوو، بردبوویانەوە بۆ ماڵی باوکی ئەمیر، بەڵام زریانی کوڕی منیان بەرنەدابوو و هەر لەگەڵ دایکی دابوو، ئێمەش نازانین چییان پێوتوون و چییان لێپرسیوون. نەهاوەند گێڕایەوە سەبری خان دایکی ئەمیر عەرەبیی دەزانێ، زۆر جوان وەڵامی ئەمنەکانی دەدایەوە، لەولاشەوە دڵخۆشیی من و نەوجوانی خێزانی ئەمیری کوڕی دەدایەوه. دوای ئەوە جوابیان بۆ هێناین کە گیراون. بەڕاستی کارەسات بوو، چونکی بەعس بیانگرێ و بزانێت خێزانی منە، پیاو خۆ هیچی پێناکرێ. چەند خەمی خۆم بوو، دوو ئەوەندە خەمی ئەمیرم بوو، چونکی بەڕاستی بۆ ئه و قورس بوو. ژیانی ئه و جیاواز بوو لەگەڵ من، ئەوەی ڕووی دا، ڕووی دا. ئیتر کەسوکارەکانمان لە سلێمانی کەوتنە سۆراخکردنیان، ڕوونیشە کە گیراون، ماوەی سێ مانگ لە ئەمنە سوورەکە زیندان بوون. ئەوە لەلایەک ئەوان گیراون، ئەمیر وتی دەچم سەرێک لە حەمە تۆفیق دەدەم لە بەرگەڵوو. ئەو کاتە لە بارەگای کاک نەوشیروان بوو. لای من ڕۆیشت و خواحافیزیی کرد، چەند ڕۆژێکی نەخایاند حکومەت وەک پیشەی هەموو جارانی تۆپبارانی بەرگەڵوو دەکات، گوللەی تۆپ کیمیاوی لە بارەگاکەی کاک نەوشیروان دەدات له و ئه و ژوورەی ئەمیری تێدا بووە، چوار کەسی تێدا شەهید دەبێ:

1- مەحموود سێدەری پێشمەرگەیەکی قارەمان و زۆر ئازابوو، کورد واتەنی کون لە جەرگیدا نەبوو.

2- کوڕەکەی مەحموود سێدەری لەگەڵ باوکی دەبێ، ئەویش پێشمەرگە بوو، ناوی حەکیم بوو.

3- نەقیب ئەمیری حاجی کەریم چاوشین.

4- شێخ محەمەد شێخ مەحموود، پوورزای حەمە تۆفیق بوو.

مەحموود سێدەری لە هەرە پێشمەرگە ئازاکانی تیپی 43ی ئاسۆس و دۆڵی جافایەتی بوو، ئەوەندە ئازا بوو، ناوی هەبوو، بەتایبەت لای ئێمەمانان. باشمان دەناسی و خۆشمان دەویست، زۆر قۆز بوو، کوڕەکەی لە خۆی جوانتر بوو.

ئەمەش هاتە سەر ئه و بارگرانییە ی من. بە شەهیدبوونی ئەمیر نازانم چی باس بکەم؟ لە باسکردن نایەت. نەک هەر من، ئەوەی ڕۆژێک ناسیبوونی و برادەریی کردبوون، بۆیان بەداخ بوون. ئیتر بروسکەم کرد تەرمی ئەمیر بهێننەوە بۆ مەرگە بۆ لای من. برادەران جێبەجێیان کرد و ناردیانەوە بۆ لام، لەوێش بەخاکمان سپارد. باشە چۆن جواب بنێرم بۆ حاجی کەریم چاوشینی باوکی و خزمان؟ وا ڕێک کەوت خاڵێکم بە ناوی حەمە ئەمین دەروێش حسێن هاتبوو بۆ لام. ئەوم نارد بەدوایدا و وتم بچۆ بۆ لای، بەس مەڵێ شەهید بووه. بڵێ دەیەوێ چاوی پێت بکەوێ، خاڵم ڕۆیشت و ڕۆژی دوایی لە بنگردەوە حاجی لەگەڵ خۆی هێنا. شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە نازانێ باوکی شەهید ئەمیرە. دەڵێت ئەمڕۆ یەکێکیان ناشت ناوی نەقیب ئەمیر بوو، بەر کیمیاوی کەوتبوو، حاجی کەریم کە گوێی لەم قسەیە دەبێت، دەکێشێ به خۆیدا و دەست به گریان دەکات. بۆ ئێوارە گەیشتنە لای من و ملازم عومەر. زۆر دڵمان دایەوە و قسەمان بۆ کرد. وتی کاکە ئەم قسانە بۆ من مەکەن. من لە ژیانمدا زۆر شتم قبوڵ کردووە بۆ ئەوەی توشی ئەمە نەبم، تازە کوڕەکەم ڕۆیشت، سوودی چییە؟ خوا هەڵناگرێ هەڵوێستی زۆر مەردانە بوو. ئه و شەوە لامان مانەوە، تا بەیانی خەوی لێنەکەوت، هەر دەگریا. لەگەڵ خاڵم ڕەوانەی سلێمانیمان کردنەوە. به چی دیارییەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. سەبریەخانی دایکی ئەمیر خێزانی حاجی کەریم و نەوجوانی خێزانی ئەمیر و نەهاوەند خێزانی من زیندانن لای بەعس لە سلێمانی. نەتوانی بڵێیت کوڕەکەم شەهید بووه، چونکی ئەگەر پرسەی بۆ دابنێت، ئەوەی ماویشە دەیگرن. پاش ئەوەی حکومەت زانیبووی لە سەداسەد ئەمیر شەهید بووە، پاش چەند مانگێ دوای شەهیدبوونی ئەمیر نەوجوان و سەبری خانیان بەردا. بەڵام خێزانی من و زریانی کوڕم پاش سێ مانگ کە لە ئەمنە سوورەکەی سلێمانی بوون، بردیانن بۆ بەغدا بۆ دائیرە ی ئەمنی عامی عێراق. لەوێ سجن بوون تاکو ساڵی 1988، ماوەی ئەم ساڵ و نیوە نەیانهێشت چاویان بە کەسێک بکەوێ، نەشماندەزانی لە کوێن. ئیتر هەر ئه و ماوەیەی نەهاوەند گیرابوو، کامەرانی برای نەهاوەند و حەسەن محەمەدی ئامۆزای و چەند پێشمەرگەیەکی تر لای شەدەڵە لە شەڕێکدا لەگەڵ دوژمن شەهید بوون. هێرشیان کردبوو بۆ سەر ڕەبایەکانی قوڵە پوشینە لای پیرەمەگرون. تەرمەکەیمان دەست نەکەوتەوه. نەهاوەند خرایە زیندان و برا و ئامۆزاشی وایان بەسەرهات، ماڵی باوکیشی دەربەدەر.

بەدەستی ڕژێم ژەهر خواردیان کردین

له و ماوەیەدا کە منداڵەکان زیندان بوون و برا و ئامۆزای شەهید بووبوون، لە دەرەوە دایکم و کچێکی خوشکەزام بە ناوی تریفە لە ترسی گرتن و هەروەها بۆ خزمەتکردنی منیش هاتبوون بۆ لام. منداڵەکانیش لە بەغدا چاوپێکەوتنیان نەبوو. ئه و ماوەیەی لەوێ بوون، دوو هەفتە پێش ئەوەی ژەهرخواردمان بکەن، به هۆی کەسێکەوە شەش وێنەی زریانی کوڕمیان بۆ ناردبووم لە دائیرە ی ئاسایشی گشتی بەغدا وە. (زریان)یان هێنابووە دەرەوە، بیجامەیان بۆ هێنابوو، هەندێک یاریی منداڵانەشیان بۆ دانابوو لە باخچەکەی ئەمندا. شەش وێنەیان گرتبوو، لە دایکیان جیا کردبووەوە، کە کردبوویانەوە ژووری زیندان و نەیانهێشتبوو یاریی منداڵەکانیش بەرێتە ژوورەوه. دایکی گێڕایەوە وتویانە مادەی ئاسنە نابێ ببرێتە ژوورەوە. ئەم شەش وێنەیەی زریان و کەسەکەش لە ژیاندا ماوە، ناوی وەستا مەجیدە، خەڵکی سلێمانییە و ئێستا لە ئەڵەمانیایە، نازانم کێ دابویە. ئەم وێنانە بۆ ئەوەبوو کاریگەریم تێبکات و بڕوخێم.

لە زروفێکی وەهادا پیاو کەسێکی بگیرێ، هەوڵ دەدات کەسێک بدۆزیتەوە هەوڵێکی بۆ بدات. خزمان و دۆستان زۆر هەوڵیان دا، بەڵام هەر جوابیان نەدانەوە. لەبەر ئەوەی خێزانی من بوو، سوودی نەبوو. منیش کەسێکم دەناسی و ئێستاش ماوە. کەسێکی دیاری ناوچەی بتوێن هەمزەی عەباس مامەند ئاغا، کە ئەو کاتە مستشار بوو، من چۆن هەمزە ئاغام ناسی؟ پێش ئەوەی باسی ئەوەی خۆم بکەم، باسی ئەوە دەکەم چۆن هەمزە ئاغام ناسی. لە دوای تێکچوونی گفتوگۆی یەکێتی لەگەڵ میری ساڵی 1985 واجباتی فەوجەکەی هەمزە ئاغا لە دۆڵی خەلەکان بوو. شەڕیش گەرم بوو. پێشمەرگە چووبوونە سەر ڕەبایەکانی فەوجەکەی، وابزانم پێشمەرگەیەک شەهید بووبوو یان شتێکی تر، ئەویش به هۆی هەندێک دۆستی خەڵکی ڕانیە جوابی بۆ من نارد کە شتێکی وابووه، خۆیان ئامادەن هاوکاریی پێشمەرگە بکەن، من لە ڕێگەی ئه و دۆستانەوە نامەیەکم بۆ کاک کۆسرەت نووسی و داوام کە نەچنە سەر ئەم فەوجە، چونکی دۆستی خۆمانن و بۆ هەمزە ئاغاش جوابم نارد مانگانە یارمەتی مەڵبەندی چوار بدەن بۆ هەموو شتێک لە پەڕینەوە و لایەنی مادیش. پەیوەندیم بۆ دروست کردن. پێشمەرگە ئێواران بە بەردەمیاندا هاتوچۆیان دەکرد.

بێمەوە سەر ژن و منداڵ و ژەهرخواردکردنمان، منیش هەر لە ڕێگەی دۆستەکانەوە نامەیەکم بۆ هەمزە نووسی، کە لە هەواڵدان بۆ ڕزگارکردنی منداڵەکانم چیی پێدەکرێت، درێغی نەکات. من نامەکەم لە 14/11/1987 نووسی. دە ڕۆژ دوای ئەوە کە هێشتا منداڵەکانم بەرنەبووبوون، لە 24/11/1987 به هۆی خیانەتی ئافرەتێکەوە بە ناوی نەرمین کە ژنی پێشمەرگە بوو، فرسەتیان لێهێناین و ژەهرخواردیان کردین. منداڵەکان لە زیندان مانەوە تا ئه و کاتەی بە لێبوردنی گشتی لە ڕۆژی 14/9/1988 وەک هەر خەڵکێکی تر کە لە بەغدا بوون، بەربوون. ئەگینا هیچ شتێک نەیخوارد و بەریان نەدان. کە ئەوان بەربوون، من کەوتبوومە خەستەخانەی لەندەن، تازە لە خەستەخانە هاتبوومە دەرەوە.

لێبوردنی گشتی دەردەکرێت و دەرگای زیندان دەکرێتەوە، بەڵام ڕۆژی یەکەم ئەوانیان بەرنەدابوو. ئەبو سەنا یەکێکە لە دۆستەکانم، ڕۆژی لێبوردنەکە چووبوو بۆ لایان. خەڵکی دەناسی، دەستی ئەمنەکانی ماچ کردبوو، هەر بەریان نەدان، ماڵەوەمان بۆی گێڕامەوە. بۆ ڕاستیی قسەکانم شوکر ئەبو سەنا ماوە. ئه و هەوڵانەی بۆ ئازادبوونی منداڵەکانمم دا، بووە هۆی ئەوەی لە پاش ڕاپەڕین ئازاری زۆرم بدەن، وەک ئەوەی بۆ ئازاکردنی منداڵەکانم لەگەڵ ڕژێم پەیوەندیم دروست کردبێت. دوو ساڵ به ئازارەوە ناڵاندم، تاکو لە پلینۆم لە بەردەم 823 ئەندام و جەنابی مام جەلال لە قەڵاچوالان بەرگریم لە خۆم کرد. هەمووشیان باش دەیانناسیم چیم کردووە لەم شۆڕشەدا، بوو بە چەپڵەلێدان بۆم. نەک هەر چەپڵه، بەڵکو هۆڵی پلینۆم هەڵسایە سەر پێ بۆ پشتیوانیی من. من لە هەموو ژیانی سیاسیی خۆمدا بچوکترین هەڵەم نەکردووە. تەنها هەڵەم ئەوەبوو کە ئه و نامەیەم نووسی و دەبوایە نەمنووسیایە. هیچ شتێکی شاراوەم نەبووە، ئه و هەڤاڵانەی ئیشیان لەگەڵ کردووم، شاهیدیم بۆ دەدەن.

هەر لە کاتی خۆیدا کە نامەکەم نووسی، بۆ بەیانی نامەیەکیشم بۆ مام جەلال نووسی و بە شێرکۆی شێخ نووریدا ناردم بۆی. بارەگای ئێمە پێنج سەعات ڕێگە لە بارەگای مام جەلال، کە لە یاخسەمەر بوو، دووربوو. خۆشبەختانە بەختیاری ساڵح ڕەفعەت لە ژیاندا ماوە، ئەو کاتە سکرتێری مام جەلال بوو. بەختیار نامەکەی دیووە. غەدری مێژوو لە من کرا، بەڵام ڕاستی ون نابێت. خەڵکی نامەردیش زۆر ترش و خوێیان پێوە کرد، بەتایبەت ئەوانەی لە ڕۆژانی خەبات و پێشمەرگایەتیدا کەسوکاریان لەسەر خیانەت بە بڕیاری شۆڕشگێڕانە ئیعدام کراون، کەوتنە پڕوپاگەندەی نامەردانە و بە فرسەتیان زانی. بەری ڕۆژیش بە بێژنگ ناگیرێ. ڕاستییە کان دەرکەوتن.

بۆ پشتیوانیی قسەکانم

بۆ ئەوەی ڕاستیی ئه و ڕووداوە بزانن، لەسەر ئەم مەسەلەیە برازایەکی شێخ ستار بە ناوی کاوە لە مەڵبەندی یەک گیرابوو. کاوە لە گەرمیان ئەفسەر بوو، ئێوارەیەکیان پیاوێکی مشکیبەسەر هات بۆ لامان. لە سیروان لە بارەگای کاک ملازم عومەر بووین، وتی هاتووم ژن و منداڵەکانت بۆ بەربدەین، ئێوەش لە بەرامبەردا کاوەمان بۆ بەر بدەن. ڕەنگە زۆریش حەزم کردبێ هەر ئه و دەقیقەیە بیگۆڕینەوە، بەڵام وەڵاممان دایەوە کە شتی وا نابێت. کاک عومەر پێی وتن بڕۆن، ئەم حەقی نەماوە بەسەر ژنەکەیەوە، تەڵاقی داوە و شتی وا نابێ، کابرا ڕۆیشتەوە. کەسیش نییە حەز نەکات ژن و منداڵ بەرنەبێ و لە زینداندا بن. بە شەرتێک تازە ژنم هێنابوو و تەنها کوڕێکم هەبوو.

چیرۆکی ژەهرخوارکردنمان لە سیروان

بە هۆی ئەوەی بەسەر منداڵەکان هات، بۆشاییەک دروست بوو. تەنها دایکم مابوو، شەڕیش لە هەموو شوێنەکان بەردەوام بوو، هەر سێ مانگ دوای گرتنی خێزانم لە ساڵی 1987 لە مانگی نۆدا کامەرانی برای و حەسەنی ئامۆزای لە شاخی قوڵە پوشینە لای شەدەڵە شەهید بوون. ئه و کاتەشدا بارەگای تیپی 43ی ئاسۆس لە مەرگە بوو. جەباری عەلی عەوێز له کاتی دانوستانی یەکێتی و حکومەتدا گیرابوو. له و ماوەیەدا بە لێبوردن بەربوو. پێش ئەوەی خۆی بێت، ژن و منداڵەکەی هاتبوون و لە مەرگە بوون، ڕەفیقەکانی جەباریش هەر لە مەرگە بوون. بارەگای منیش لە سیروان بوو. بە سەیاره نیوسەعات لە مەرگەوە دوور بوو. جەباریش کە بەربوو، هات لە مەرگە ماڵی دانا لای تیپی 43ی ئاسۆس. ئەو کاتە هەڤاڵ نەبەز سەرتیپی 43ی ئاسۆس بوو. پاش ماوەیەک لە دێیە کە گلەیی و گازندەیان کرد و قسەی لەسەر دروست بوو کە شەوانە مەشروبات دەخواتەوە. من و کاک ملازم عومەر بانگمان کرد و وتمان تۆ دوای ئەم هەموو ماندوبوونە بۆچی خۆت ناشیرین دەکەی؟ ئەگەر وا بکەی، خەڵکەکە داوای دەرکردنت دەکەن. خوا هەڵناگرێ وتی هەڵه بووم، ئیتر شتی وا ناکەم و ڕوو ناداتەوە. ئەم پەیوەندییە دروست بوو. کاتێک جەبار گیراوە، نەرمینی خێزانی هاتوچۆی بەغدا و دائیرە ی ئەمنی کردووه و پەیوەندیی دروست کردووە. قسەشیان لەسەر جەبار دەکرد، کە به هۆی ژنەکەیەوە بەربووبێ. بۆ مێژوو دەڵێم جەبار لەگەڵ حکومەت هیچی نەبوو ژنی خراپ نەبێ. ئێمە ئاگاداری ئەم وردەکارییە نین، ئەو کاتە ژن و منداڵی منیش لە زیندان بوون، بەڵام دایکم و تریفەی خوشکەزام لام بوون لە ماڵەکەی خۆم.

من گومانم دەکرد ڕێژەیەکی کەم ژەهریان پێدابم. چونکی زۆر هیلاک ئەبووم، سنگم دەیەشا، وەک ئەوە بوو تێزابی پێدا بکەی، بە شەرتێ من جگەرەشم نەکێشاوە. لە ڕۆیشتندا لە پێشمەرگایەتیدا کەس لەگەڵ من دەرنەچووه، هەمیشەش لە خەیاڵی منداڵەکانمم، کە زیندانن.

شەوێکیان هەر خەوم لێنەدەکەوت، سەعات 12 بوو. هەستام و وەسیەتم نووسی بۆ ملازم عومەر، کامێرایەکی ڕەسمگرتن و کامێرایەکی ڤیدیۆم هەبوو لەگەڵ دوو هەزار دینار. هەموویم بەیەکەوە گرێ دا و بە تیپ بەستم. لێم نووسی کاک عومەر ئەگەر شتێکم لێهات، ئەمەی هەمە لە ژیاندا، بیدە بە منداڵەکانم. سەعات 12 بیرم کردەوە ئه و ژنە نەرمین جارێکیان هات و وتی دەتوانم بچم ژنەکەت ببینم، بەڵام بۆ بەربوون ناتوانم. کە بیرم دەکردەوە، ئەم قسەیە سەرنجی ڕاکێشام، خەیاڵم بۆ ئەوە چوو هەر ئه و ژنە ژەهری کردبێتە خواردنەوە. هەرچی خواردبووی، وای لێهاتبوو. بۆ نموونە عومەر بۆتانی، جەلال مینه بەگ، عومەر جەیران، عوسمان قادر منەوەر. من خۆم جارێک بە سەیارە هاتبوومە خوارەوه، لە مەقەڕی کاک نەبەز کفتەیان هەبوو. منیش مامەوه، دیار بوو ئەوەشی کردبوو، ڕێژەکەی کەم بووه، لە کوڵاندا کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە.. وتم عەیبە بەم شەوە هەڵی بسێنم. ئیتر بەیانی سەعات 8 چووم بۆ لای کاک عومەر. هێشتا لە خه و هەڵنەسابوو. تۆزێک هاتوچۆم کرد، دوایی هەڵمساند. وتم کاک عومەر ئەم سنگئێشه و هیلاکییەی من نەخۆشی نییە. وتی چییه؟ وتم شکم له و ئافرەتەیه، چونکی قسەیەکی وای کردووە کە دەتوانێ سەردانی منداڵەکان بکات. ئیتر لەگەڵ کاک عومەر ڕێک کەوتین ئەگەر ئەمجارە بێتەوه، به دزیەوە جانتاکەی بپشکنین.

چوونی ملازم عومەر بۆ یاخسەمەر

نێوان مەرگە و یاخسەمەر لای مام جەلال بە پیادە پێنج بۆ شەش سەعات دەبێ. ئەو کاتە تەنها من سەیارەیەکی تۆیۆتام هەبوو. بۆ ڕێزگرتن لە کاک عومەر کە هەموو تەمەنمان پێکەوەین و وەک برابووین، وام بەلاوە جوانتر بوو بە سەیارەکە بڕۆین. وتم خۆ سەیارەکەم هەر خەڵکی سوودیان لێدەبینن، خۆمان حازر کرد. وابزانم 21/11/1987 ڕۆیشتین. کە گەیشتینە بەرگەڵوو، ملازم عومەر سەرکەوت بۆ بارەگای کاک نەوشیروان، منیش وتم دەچم پشکنینی خوێن دەکەم و ئەشعەیەک دەگرم، چونکی تەندروستیم باش نەبوو. ئه و ڕۆیشت و من چوومە خەستەخانەکە، دکتۆر بەرزان ئەکرەمی عزەت نەجیب شاهیدە و دکتۆر شوان لەوێ بوو. پشکنینیان بۆ کردم، وتیان سەرمات بووە. شروبێکیان بۆ نووسیم، لەبەرچاوی ئەوان سەرەکەیم کردەوە، تۆزێکم لێخوارد و هەڵم دایە چەمەکەوە. وتم هەر ژەهریان داومەتێ. پاش ئەوە چوومە بارەگای کاک نەوشیروان. وتی بۆچی هاتوون؟ ئێمە بروسکەمان کردووە بۆ تیپەکانی گەرمیان بێن بۆ لای ئێوه، پەلاماری شاخی ئاسۆس و زینوی سپی دەدەین و دەیگرین. لەبەر گرنگیی بڕیارەکە بۆ ڕۆژی دوایی یان هەر ئه و ڕۆژە گەڕاینەوە، چۆن چووین وا هاتینەوە.

هێزەکان دێن بۆ ئەوەی ڕێکیان بخەین بۆ گرتنی شاخی ئاسۆس و زینوی سپی، بڕیارەکەش بە ئێمە وتراوە کە چی بکەین. ڕۆژی 22/11/1987 هێزەکان گەیشتن، خۆمان ئامادە کرد. لەگەڵ کاک عومەر چووینە کانی توو، دوا قۆناغە کە ئوتومبێل بۆی دەچێ. وردەوردە لە کوڕکوڕەوه هێزەکانمان بەره و شوێنی دیاریکراو سەرخست. من لە بنی دارێکدا دانیشتبووم، هیلاکیم پێوە دیاربوو، هێزی جارانم نەمابوو، گومانەکەم هەر بەردەوام بوو. لە دڵی خۆمدا وتم کاک عومەر وا تێنەگات دەترسم یان شتێکی تر. هاتە سەر ئەوەی ئێمەش سەرکەوین بۆ سەرشاخ. خۆم ئاماده بووم، کیسەخه و و پێداویستیی ترم پێبوو. کاک عومەر هات وتی کاک مستەفا تۆ نەخۆشی، مەیە. وتم وەڵڵا کاک عومەر کە بڕیارم دابوو بێم، زیاتر لەبەر خاتری تۆ بوو، چونکی لە داستانی ڕزگاریی یەکەمدا من لێپرسراوی بووم، جێگەکان شارەزا بووم. مادام وایە، من نایەم و دەڕۆمەوە بۆ بارەگای خۆمان، ئێرانی وتەنی بەرپرسیاری تدارکات دەبم، خواردن و فیشەک و پێویستیتان بۆ جێبەجێ بکەم، خوا حافیزیمان کرد و گەڕامەوە بۆ سیروان بۆ بارەگای خۆمان. ڕۆژی پێشتر وەستا مەجید گۆشتی مریشکی بۆ هێنابووین، هەر چوار ڕانە مریشک لە نایلۆندا بوو، دایکم بەتەمەن بوو، ژن لە زیندان بوو، ئیسماعیل لالەم بانگ کرد، پێشمەرگە بوو لام، شۆفێریش بوو، وتم بچۆ بۆ ماڵی مامۆستا مەلا موحەرەم کە ئیمام جومعەی مەرگە بوو، با سەریعەی کچی بنێرێ یارمەتیی دایکم بدات. مامۆستا مەلا موحەرەم خزممان بوو. مادام خۆم نەچووم بۆ سەر شاخ، با ئه و خواردنەی لە ماڵەوە هەیە، ئامادەی بکەم و بۆیان بنێرم.

دوای نیوەڕۆ ئیسماعیل هاتەوه. لەباتی سەریعەی مەلا موحەرەم بێت، نەرمین ژنی جەباری عەلی عەوێزی لەگەڵ خۆی هێنابوو. هەر ئه و ڕۆژە لە سلێمانی گەڕابووەوە. عەلی لوت ماسی بە سەیارەی مەفرەزەی خاسە لەگەڵ خۆی تاکو بنگرد هێنابووی. ئێمە ئەمە نازانین. جەباری مێردی چووبوو بۆ قەرەداغ بۆ لای خێزانی مام هێرش. مام هێرش شەهید بووبوو، پێشمەرگەیەکی ئازا بوو و ڕەفیقی جەبار بوو.

دیاره پێش ئەوەی بێت، دائیرە ی ئەمن پێیان وتووە چی بکات و چۆن بەکاری بهێنێ، هاتە ماڵی ئێمە. ئەو کاتە ش لە نێوان یەکێتی و هیزە سیاسییەکاندا ئاشتبوونەوەی گشتی هەبوو. بەرەی کوردستانی لە سەرەتای دروستبوونیدا بوو، دکتۆر مەحموود عوسمان، عەدنان موفتی و موحسین بایز هاتبوون کە بارەگای حیزبی سۆشیالیستی کوردستان دابنێن، کە کاک ڕەسوڵ مامەند سکرتێری بوو. هاتن و پەیدا بوون، بارەگاکەمان هیچی تێدا نەبوو. سەرم خستن بۆ ماڵی خۆمان، سەعات دەوری یانزە بوو. چووین دانیشتین. برادەران نامەیان بۆ من نووسیبوو شوێنیان بۆ پەیدا بکەم بۆ بارەگا. من بیرم کردبۆوە کانی شینکە چەند خانوویەکی تێدایە و نزیک خۆمانه، بیاندەمێ بۆ بارەگا. پێشتر ماڵی شێخ جەنگیی تێدا بوو، ئەوان چووبوون بۆ ئێران و چۆڵ بوو. کە چووینە ماڵی خۆمان، وتم نیوەڕۆ ناڕۆن بۆ هیچ جێگەیەک، تەماشای یەکتریان کرد، تێگەیشتم لای من میوان دەبن. دەرگای ژووری میوانەکەمان بەرامبەر ژووری چێشتلێنان بوو، ڕووم کردە دایکم و وتم دایە نان دروست بکەن بۆ نیوەڕۆ. ئه و نەرمینەش لەوێ بوو، نەرمین فرسەت دەهێنێت. دەچێت هەرچی ماستمان دەبێ، دەیگرێتەوه و ماستاو دروست دەکات. ئه و دەرمانەی پێی دراوە، دەیکاتە ناو ماستاوەکەوە. دوایی کە ئێمەیان برد بۆ لەندەن بۆ عیلاج، دەرکەوت ئه و ژەهرەی پێمان دراوە، پێی دەڵێن ثالیۆم. دەوری سەعات 12:5 بوو نان تێکرا. سفرە ئامادە کرا و پەرداخەکان لەسەر سفرەکە دانران. من خۆم پەرداخە ماستاوەکانم تێکرد، بەقەدەر ژمارەی میوان، هەر لەکاتی ماستاوتێکردندا لە پێشەوە پەرداخێکم خواردەوە بەحساب مەعیدەم ساف بێت، بۆ ئەوەی نیوەڕۆ نانی باش بخۆم، کە نان دانرا، ئەوانەی لەسەر سفرەکە بوون، ئەگەر لەبیرم نەچووبێ، ئەم بەڕێزانە بوون.

1- دکتۆر مەحموود عوسمان 2- عەدنان موفتی 3- سامی شۆڕش. ئەو کاتە لەسەر چاپخانەی یەکێتی بوو لای خۆمان 4- بێستون مەلا عومەر 5- ئاوات مەحموود. دوای ئێمەش دیارە دایکم و سەریعەی مەلا موحەڕەم و تریفەی خوشکەزاشم نانیان خواردووە. دکتۆر شوان دوای ئێمە هات، نەخۆشی هەبوو، ئەویش نانی خوارد. وتم با زوو نان بخۆین. دوو شەهیدمان هەیە، کە لە شەڕەکاندا شەهید بوون، هێنابوویاننە خوارەوە. یەکێکیان سەردار بوو، برای هاوڕێ جەبار لای کاک ملازم عومەر شۆفێر بوو. ئەوی تریشیان خەڵکی تووە سووران بوو، چاوەڕوانی هاتنی کەسوکاریمان دەکرد.

بەپەلە نانمان خوارد و چووین بۆ سەرقەبرانی دێی چنارنە. لەوێ قەبرمان بۆ هەڵکەندبوون، هەر له و خواردنەی وەستا مەجید هێنابووی، لێمان دروست کردبوو و ناردبوومان بۆ برادەرانی سەر شاخ، کە لەگەڵ کاک عومەر بوون و لە شەڕدا بوون. لە سەرقەبران پێش ئەوەی شەهیدەکان بنێژین، کاک بێستون وتی گێژم، منیش مەتارەیەک ئاوم پێبوو، دامێ و دەموچاوی پێ شت، وتم بچۆ لای سەیارەکان دانیشە، ئێمەش کە تەواو بووین، دێینەوە بۆ لات. پاش بە خاکسپاردنی شەهیدەکان، کە هاتینەوە لای سەیارەکان، بێستون لەسەر جادەکە لە تەنیشت سەیارەکە ڕاکشابوو. به پەلە خستمانە ناو سەیارەکە و بردمان بۆ خەستەخانەکەی لای خۆمان. ئه و دکتۆرانەی لەوێ بوون، ئەمانە بوون: (دکتۆر مەحموود عوسمان، دکتۆر شوان، دکتۆر جەلال). ئەوەی پێویست بوو، بۆیان کرد، هیچ هۆشی نەهاتەوە، وتیان دڵیەتی. پاش ڕاوەشان و هەوڵدان گیانی لەدەست دا. هەر لەوکاتەی دکتۆرەکان لەسەر بێستون بوون و ئێمەش لەوێ بووین، سەریعەی مەلا کچی مەلا موحەڕەم کە هاتبوو یارمەتیی دایکم بدات، هات بۆ خەستەخانەکە و وتی سەرم دێشێت. یەکسەر لەوێ کەوت بە زەویدا، پاش ماوەیەکی کورت ئەویش تەواوبوو. وتیان سەرعیەتی. جارێ کەسی تر هیچی لێ دیاری نەدابوو، ویستم سەریعە سواری سەیارەکە بکەم و لەگەڵی بچمەوە بۆ مەرگە، وتیان دایکت بانگ دەکات. کە چووم بۆ لای، وتی مستەفا گیان مەعیدەم دێشێ. هەر ئەوەندەم لێ بیست، ئەویش بێهۆش بوو. ئەویشمان نارد بۆ لای دکتۆرەکان. من سەریعەم بردەوە بۆ مەرگە تەسلیم بە کەسوکاریم کرد. خەڵکی مەرگە و کاک چەتۆ و پوورە گەلە کە خەڵکی مەرگە بوو و ئێستاش ماوە، لێم کۆبوونەوە. دۆستان مەسینەیەک شیریان بۆ هێنام هەر ناو سەیارەکەدا دەستم کرد بە خواردنەوەی و هەموویم تەواو کرد، هەستم دەکرد وردەوردە بێهێز دەبم، ئەمە ڕۆژی یەکەم بوو. دایکیشم گیانی سپارد و تەواوبوو. هێنایانەوە بۆ دێی ئاوەژێ قەبریان بۆ هەڵکەند، ویستم بچمە ژێر تەرمەکەیەوه، بەڵام نەمتوانی.

ئه و ژنەش بەدرۆ خۆی ڕشاندبۆوە به مانای ئەوەی ئەویش خواردوویەتی. هەر لە ئاوەژێ نەوزادی نووری بەگ لەگەڵمان بوو، وتم کاک نەوزاد وریای ئەم نەرمینە بن شتێکتان بەسەر نەهێنێ. شێرکۆی شێخ نووری وتی ڕەمیی بکەم؟ وتم نەء، چونکی ئەگەر شتێکی وا بکەی، ڕەنگە بڵێن شتێک هەیە و بۆ داپۆشینی کوشتوویانە. ئه و کاتەش نیوەی دنیا بڕوات پێناکات.

تریفەی خوشکەزاشم هیچی لێ دیاری نەدابوو منداڵ بوو. ناردم بۆ سلێمانی خزمان ئاگادار بکات. ماڵی کاک بێستون چووبوونەوە بۆ سلێمانی، جوابم ناردبوو بۆ گوڵەی خێزانی کە لە ترسی حکومەت به دزیەوە تەعزێ دابنێن.

ڕۆژی دواتر خزمەکانم لەگەڵ گوڵەی خێزانی بێستون هاتن. ئه و ڕووداوەی ڕووی دابوو، به چاوی خۆیان بینییان. بە منیان وت تۆ بڕۆ مشوری خۆت بخۆ، حەقی ئێمەت نەبێ. من هەر شەوەکەی پێش ئەوەی ئەوان بێن، وردەوردە سەری پەنجەکانم سڕ دەبوون و توکی سەرم دەوەری، شه و دکتۆر شوان هات و لام نووست. وتم دکتۆر گیان وەزعم باش نییە، وتی تۆ وەزعی نەفسییت خراپە. به هەرحاڵ، ڕۆژمان کردەوە، خزمان هاتن. پێش ئەوەی ئەوان بێن، دوو ئێسترم حازر کردبوو، نەقالەی نەخۆشم حازر کردبوو. من ڕۆیشتم بەره و کانی توو. لەوێ ئیتر ڕێگەی سەیارە نەما. سواری ئێسترەکان بووم بەره و ئێران و خزمانم بەجێ هێشت. لەگەڵ دەستەی پێشمەرگەکانی لای خۆم ملی ڕێگەمان گرت. ئەوەشم بیر نەچێت هەر کە هەر دوای ڕووداوەکە بروسکەیەکم کرد بۆ ملازم عومەر و وتم ئه و خواردنەی بۆم ناردوون، مەیخۆن، ژەهری تێدایە، بەڵام دوایی دەرکەوت کە ئەوانیش خواردوویانە، بەڵام لە مریشکەکەدا نەبوو، لە ما ستاوەکەدا بوو، کە ئێمە خواردبوومانەوە. دوایی بۆیان گێڕامەوە کە چەند ترساون. دەیانوت هەموومان لە خۆمان دەترساین شتێکمان لێبێت لەسەر ئه و شاخە و دەمانوت هەر ئێستا لێمان دیاری دەدات.

هەر کە لە کانی توو دەرچووین، سکم کەوتە ئازار. سواری وڵاخیان کردم، داوای ئاوم دەکرد نەیاندەدامێ، چونکی شارەزاییمان نەبوو. له و کاتانەدا باشترین ئاوە بۆ ئەوەی میز زۆر بکەیت و ژەهرەکە فڕێ بدەیت. هەرچۆنێک بێت، سەرکەوتین و چووینە سەر شاخی ئاسۆس، نزیک جێگەی شەڕەکان، ئەوەی لەبیرم بێت (ملازم عومەر، شێخ دارای حەفید، شێخ سەدرەدین، قادری مامەند ئاغا، لێپرسراوانی پێشمەرگەکان و برادەرانی تریش) لەوێ بوون. وەزعم زۆر خراپ بوو. کاک عومەرم جیا کردەوە و وتم من هەر شکم له و ئافرەتەیە نەرمین. وتی نامەیەک بنووسە بۆ جەباری مێردی. بۆ ئەوەی هەر کە لە قەرەداغ گەڕایەوە، خۆی بیکوژێ، منیش دەستم قەڵەمی نەدەگرت. به و شەوە تاریکە بە خەتێکی ناخۆش ئەم چەند دێڕەم بۆ جەبار نووسی. ئێستاش لەبیرمە چیم نووسیووە:

برام کاک جەبار

سڵاو

کاکە گیان خیانەتی ژنەکەی تۆوە بووە هۆی شەهیدبوونی کاک بێستونی مەلا عومەر کە برادەری چەند ساڵەتە، هەروەها دایکم و کچەکەی مەلا موحەڕەم، ئێمەش چارەنووسمان دیار نییە، هیوادارم خۆت معامەلە لەگەڵ ئەم وەزعە بکەی.

برات مستەفا چاوڕەش

مانای ئەوەی بیکوژی. دوای نووسینی نامەکە هەر به و شەوە بەره و سنووری ئێران و عێراق بۆ دێی هەرزنە ڕۆیشتین، شارەزامان لەگەڵ بوو. شەڕیش بەردەوامە له نێوان عێراق و ئێراندا، نزیکی سنوور بووینەوە لای هەرزنە. ڕێگە نەبوو، کەمینی سوپای عێراقی لێبوو، ناچار گەڕاینەوه و بە بناری ئاسۆسدا بەره و ڕێگەی گەرمکان کەوتینە ڕێ. بەم حاڵەتەی منەوە دوو ڕۆژی خایاند. لەتاو ئازار نه خۆم ئەمتوانی به پێ بڕۆم، نە هێزم تێدابوو بەسەر وڵاخەوە خۆم بگرم، لەبەر ئه و هەموو هەوراز و نشێوەی ڕێگە. جارجارە پێشمەرگەکان لە هەندێ شوێن هاوکارییان دەکردم و لە کۆڵیان دەکردم. هەرچۆنێک بێت، گەیشتینە لای برادەرانی شێخ سەدرەدین، ئەسپەکەی شێخیان بۆ زین کردم بۆ ئەوەی لە ئاوەکە بپەڕمەوە و بچم بۆ ژاراوەی لای قەڵادزە. کاک ملازم عومەر جوابی ناردبوو بۆ لای برادەرانی حیزبی دیموکراتی ئێران. ئەو کاتە کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵ لەوێ بوو، دۆستایەتیی باشی لەگەڵ کاک عومەر هەبوو. داوای لێکردبوو کە بێت لە ژاراوەوە بمبات بۆ سەر سنوور لای سونێ و لەوێشەوە بەڕێم بکەن بۆ سەردەشت.

لە ئاوی بەردەم سندۆڵان و گەرمکان پەڕیینەوه. لەبەر ئازار و بێهێزی بەسەر ئەسپەکەوە خۆم بۆ ڕانەدەگیرا. کوڕێکی مەردمان لەگەڵ بوو ناوی هەمزە شێنێی بوو، ئه و ماوە دوورودرێژە بە کۆڵ هەڵی گرتم. من مردنم لا خۆشتر بوو لەوەی کە بووبووم بە ئەرکێکی قورس بۆ پێشمەرگەکان. بەداخەوە هەمزە دوایی شەهید بوو، هەزار ڕەحمەتی لێبێت، نمونەیان زیاد بێت. نزیک ژاراوە بووینەوە، لە پەنایەکدا منیان دانا و چوون بۆ لای حاجی مام عەلی. ئەو کاتە مەفرەزەی هەبوو و لای حکومەت بوو، بەڵام سەر به خۆمان بوو. زۆربەی ئیشی ئه و ناوەمان به و دەکرد، جێگەی بڕوا بوو، هەروەها حەمە بچکۆلیش. لە ڕێگەی کاک عومەرەوە چووینە ماڵی حاجی مام عەلی. ئه و شەوە تاکو بەیانی لە ماڵی ئەوان بووم، هاوکارییەکەیان جێگەی سوپاسە. بەیانی مەلا حەسەن شیوەسەڵ هات بە شوێنمدا و بە سەیارەی حیزبی دیموکرات سواری کردم. له بەینی دوو پێشمەرگەی خۆیاندا داینام، خۆی دەمانچەکەی خستە سەرپێ وتی هیچ خەمت نەبێت، تۆ ئامانەتی. کەوتینە ڕێ بە ناو شاری قەڵادزەدا تێپەڕیین. بازگەکانی سەربازی دەیانناسی و بەبێ کێشە گەیشتینە سونێ، لەوێ قاچم تەواو بوو، به پێوە خۆم بۆ ڕانەدەگیرا، هەر لە بارەگای حیزبی دیموکرات ئاویان بۆ هەڵواسیم و هەندێک چارەسەری سەرەتاییان بۆ کردم، لەوێشەوە بەڕێیان کردم بۆ قاسمەڕەش و لەوێشەوە بۆ سەردەشت.

لە سەردەشت و خەستەخانە

هەموو دنیا هەواڵی ژەهرخواردنکردنمانی زانیبوو، ڕادیۆکان باسیان کردبوو. بە حوکمی ئەوەی من خۆم باوکم خەڵکی سەردەشتە و بە منداڵی هاتۆتە عێراق، لە شۆڕش ئەیلوولدا ساڵێک زیاتر خۆم لەوێ بووم لە ماڵی خزمەکانم 1975-1976. کەسوکاری باوکم و ئامۆزاکانم و ماڵی پوورم لەوێ بوون، خەڵکی سەردەشت دەیانناسیم، هەموو خزمان لە خەستەخانەی سەردەشت لێم کۆبوونەوه. ئه و شەوە هەموویان دەگریان بۆم، ڕۆژ بۆوه و بە ئەمبۆلانس بەڕێیان کردم بۆ سەقز. یوسف ڕەحیمیی ئامۆزامان لەگەڵم هات و گەیشتینە سەقز، لەوێش هالیکۆپتەریان بۆ حازر کردم بۆ تەورێز. ئەمەش لەبەر ئەوە بوو له کاتی بەرپرسیارێتیی من کە مەسئولەکانی ئێران لە وەختی شەڕی ئێران و عێراقدا دەهاتن بۆ ناوچەکەی ئێمە لە مەرگە، لای من میوان دەبوون، بەتایبەت ڕەحیمی، هاوکارییەکەیان لەبەرچاو بوو. کە دەهاتن، بۆ زۆر شوێن پێکەوە دەچووین.

خەستەخانەی تەورێز

چەند ڕۆژێک لە بیمارستانی تەورێز مامەوە، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبووم. چارەسەری منیان نەدەزانی. ڕۆژێکیان بردیانم بۆ بەشێک خوێنەکەیان پاک دەکردەمەوە، دەرزی لە قۆڵێکمدا بوو. خوێن بە بۆری دەردەهات و بە جهازێکدا دەڕۆیشت، لە قۆڵەکەی ترەوە تێیان دەکردمەوە. ئەمە بۆ خەڵکی تلیاککێش بەکار دەهات، بە ناچاری بۆ منیشیان کرد. لە تەورێز چاوم و مێشکم باش بوو، خەڵکم دەناسی. ئه و دۆست و خزم و هەڤاڵانەی لەوێ بۆیان کرا، هاتن بۆ لام، سوپاسیان دەکەم. شێخ جەنگی و فاتح شوانی و زۆر لە برادەرانی تر سەریان لێدام.

پاش چەند ڕۆژێ بە تەیارە لە تەورێزەوە ڕەوانەی تارانیان کردم، کە گەیشتمە تاران، زاهیری برام لە هۆڵەنداوە هاتبوو و چاوەڕێی دەکردم. هەندێک دەرمانی چارەسەری لەگەڵ خۆی هێنابوو، کاریگەریی زۆر باشی بوو. بردیانم بۆ خەستەخانەی مهر. کە من لەوێ بووم، (عەدنان موفتی و سامی شۆڕش و ئاوات مەحموود)یان هێنا. لە خەستەخانە یەکمان گرتەوه. دوای ئێمەش به دوو ڕۆژ دکتۆر شوانیان هێنا، بەسەر عەرەبانەوە بوو، ئەویش توک به سەریەوە نەمابوو. من و ئه و برادەرانەی ژەهرمان خواردبوو، هەموو توکەکانمان وەریبوو، من لە هەموویان خراپتر بووم. بە دکتۆر شوانم وت دکتۆر گیان بە منت دەوت هیچ نییە و وەزعی نەفسیت خراپە، بزانە چیمان بەسەر هات؟ هەموومان لە خەستەخانەی مهر بووین. ئەم ژەهرخواردنەی ئێمەش بێجگە لە کوردستان، به هۆی ڕێکخستنەکانی یەکێتی و ڕادیۆکانی جیهان لە جیهاندا دەنگی دایەوە. شتێکی زۆر گەورە بوو و دژی مرۆڤایەتی بوو.

ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ

ئەمەی بەسەر ئێمە هات، کارێکی دژی مرۆڤایەتی بوو. ڕژێمەکەی سەدام حسێن به هۆی نۆکەر و جاسوسەکانییەوە جێبەجێی کرد. ڕێکخراوی ئەمنستی هەمیشە پاڵپشتی زوڵملێکراوانانە. لەلایەکی تریشەوە به هۆی دۆستایەتی و خزمایەتیی کاک عەدنان موفتی لەگەڵ سیامەند زەید عوسمان کە وابزانم ئامۆزای یەکترن، هیمەتیان کردبوو. هانیا المفتی کە خێزانی کاک سیامەندە، لە گەورە کەسەکانی ئەمنستییە، جێگەی خۆیەتی سوپاسی بێپایانی بکەین کە لەسەر مەسروفاتی خۆیان کارەکەی ئێمەیان گرتبووە ئەستۆی خۆیان، لە خەستەخانەی لەندەن بریج هۆسپیتەڵ لە لەندەن لە بەریتانیا جێگەیان بۆ دابین کردبووین.

وا نزیکەی مانگێک دەبێ وامان بەسەر هاتووه، ئەم خەستەخانە و ئه و شار، بڕیاریان وەرگرتبوو بۆمان. پشکنینی دڵیان بۆ کردین کە سواری تەیارە بین، چونکی ئەوەی نەخۆشیی دڵی هەبێت، زەحمەته سواری تەیارە ببێت. هەر لەبەر ئەوەش ئاوات مەحموود دەرنەچوو، ئیتر نەیانهێنا بۆ لەندەن. ئەگینا بڕیار بوو ئەویشمان لەگەڵ بێت. بەداخەوە لەم ساڵانەدا هەر بە نەخۆشیی دڵ وەفاتی کرد. هەر هەموومان لە خەستەخانەی مهری تاران بووین، تایبەت بوو بە نەخۆشیی دڵ و ژەهر. دکتۆرەکەمان ناوی فەرزاد بوو، کە چاودێریی دەکردین. هەر لەسەر حسابی ئەمنستی ئەویش لەگەڵماندا هات بۆ لەندەن. مەسەلەکەی ئێمە زۆر گەورە بووبوو و دەنگی دابۆوە. بێجگە لەوەش سێ کەسمان شەهید بووه، دایکم و بێستون و سەریعە. ئیتر تەیارەیان بۆ دابین کردین بۆ سەفەر.

پێش سەفەر ڕۆژێکیان هەزار ڕەحمەتی لێبێت عوسمان قادر منەوەر هات بۆ لام و بردمیە ژووری حەمامی خەستەخانە، وتی دەتشۆم، بێهۆش بووم. وتیان دوو شه و و دوو ڕۆژ لە ژووری بوژانەوەی دڵ بووم. من ئاگام لە خۆم نەبوو، کەس بە تەمام نەمابوو، کە چاوم کردەوە، به لای ڕاست و چەپدا ئەوانەی تەنیشتم ئەمردن، هێنامیانەوە بۆ ژووری خۆم.

سەفەرەکەمان بۆ لەندەن چەند ڕۆژێک دواکەوت. هۆیەکەشی ئەوە بوو بەریتانیا هەر تەیارەیەک لە ئێرانەوە بچوایە بۆ لەندەن، لە ڕێی سەگەوە کە بۆن دەکات، دەیانپشکنی. ئێران کاری ڕاگرت و وتی نابێ سەگ بێتە ناو تەیارەکانمانەوه. ئێمەش خواخوامانە سەعاتێک زووتر بگەینە دەرەوە. باشبوو پاش چەند ڕۆژێ پێکهاتن. ئەم پشکنینەش لەبەر دەرمانی هۆشبەر و تەقینەوە بوو.


لە تارانەوە بۆ لەندەن

ڕۆژی 20/12/1987 سواری تەیارە بووین، گەیشتینە لەندەن. دکتۆر فەرزادیشمان لەگەڵ بوو. من، عەدنان موفتی، سامی شۆڕش، دکتۆر فەرزاد. من لەناو تەیارەکەش لە جێگەی سێ نەفەر جێگەیەکی تایبەتیان بۆ بەستم، لەناو تەیارەکەدا پاڵ کەوتبووم. گەیشتینە فڕۆکەخانەی لەندەن. لەوێش هەموو شتێکیان بۆ حازر کردبووین. برا و کەسوکار و خەڵکی زۆری یەکێتی و حیزبەکانی تر چاوەڕوانمان بوون. هەریەکەمان ژووریان بۆ دیاری کردین لە خەستەخانەی لەندەن بریج، ئیتر ڕێکخستنەکانی یەکێتی و خزمەکان و هەموو حیزبەکان هەموویان بە پەرۆش بوون بۆمان، هەمووش سەردانیان دەکردین. وەک ئەوە بوو ئەم تاوانە گەورەیە لە هەموویان کرابێت. ڕۆژانە قەرەباڵغییەکی زۆر لە خەستەخانە هەبوو. هەڤاڵەکانی خۆمان بەرنامەیەکیان دانا و بە نهێنی حەراسەتیان دەگرتین، لەبەر حکومەتی عێراق نەک لەوێش زەفەرمان پێبەرێ و شتێکمان لێبکات، هەموو شتێک لە حکومەتی عێراق و سەدام حسێن دەوەشایەوە. لەوێ پاش پشکنین دۆزرایەوە چییان داوینەتێ و چارەسەریشیان داینێ. ژەهرەکە ناوی ثالیۆمە. لەگەڵ ئەوەی قاچم ئیشی نەدەکرد، ئه و ژەهرە دەمارەکانی هەموو گیانمی مراندبوو، هیچ جوڵەیەکم نەبوو. ئەشیعەیان بۆ سنگمان گرت، لە سنگی مندا چەندین پەڵە دەرکەوت. دکتۆر هنری سەرپەرشتیی دەکردین. بۆ من وتبوی ئەم پەڵانە نیشانەی شێرپەنجەیە، کاک عەدنان و سامی شۆڕش لە من باشتر بوون، بەپێی خۆیان هاتوچۆیان دەکرد، بەڵام تووک بە سەریانەوە نەمابوو. هەموومان ناشیرین بووبووین، من زۆر خراپ بووم، دکتۆر بڕیاری دابوو نەشتەرگەریی سییەکانم بۆ بکات، وتبووی سێ پارچە لە سیی دەکەینەوە و ئەیبەین بۆ تاقیکردنەوە، بزانین چڵکە یان شێرپەنجە.

نەشتەرگەریی سییەکانم لە لەندەن

دیاربوو دکتۆر هنری بە خزم و هەڤاڵەکانی وتبوو لەسەدا نەوەدونۆ شێرپەنجەیە، بەڵام به منیان نەوتبوو، وتبووی دەیبەین نەشتەرگەریی سییەکانی بۆ دەکەین. هاتن بەمنیان وت بۆ نەشتەرگەریی، وتم زۆر باشە و بۆم واژوو کردن. مێشکم باش بوو و چاوم ئەیبینی، لەسەر مردنیش بووم، هەرچی لە خزم و دۆستان دەهاتن دەیانوت چۆنی؟ ئەموت زۆر باشم، بەڵام چۆن باشێ؟ مەگەر هەر خۆم ئازارەکانی بزانم، تاکو گەیشومەتە بەریتانیا، لە تاو ئازار به هەموو ماوەکەی سەعاتێک خه و نەچۆتە چاوم. پێش ئەوەی بمبەن بۆ ژووری نەشتەرگەری، وتم دکتۆرێکی برادەرم دەتوانێ لەگەڵتان بێتە ژوورەوه؟ وتیان باشه. ئەویش دکتۆر ئەکرەم ڕەئوف حەوێز بوو. هەر لەوەتەی چاومان کردۆتەوە، برادەرین، لە خەستەخانەش هەر لام بوو.

بردیانم بۆ ژووری نەشتەرگەری، دکتۆر ئەکرەمیش هات. بەنج کرام و ئاگام لە هیچ نەما. دوایی ئەکرەم بۆی گێڕامەوە وتی کە چەقۆیان لە سییەکانت دا، چڵک و جەراعەت هاتە دەرەوە. وتیان شێرپەنجە نییە و چڵکی کردووە، وتی کە سنگیان کردیتەوە، زۆر زەرد و جوان و پاک بوو، دکتۆرەکان فیکەیان لێدا، ڕەش نەبوو. ئەوەش هۆی ئەوەبوو من قەت جگەرەم نەکێشاوە، پاش ئەوە هێنامیانە ژوورەکەی خۆم. پاش چەند ڕۆژێ وردەوردە بەره و باشی دەچووم. ڕۆژێکیان هەر لە خەستەخانەکە زاهیری برام و ڕێزانی خوشکم و ماجدی پوورم و دکتۆر ئەکرەم و سلێمان ڕەحیمی هاتن و سواری عەرەبانەکەی خەستەخانەیان کردم و بردیانم. هۆڵێکی بچوکی لێبوو، نەمدەتوانی بەپێ بڕۆم، تەماشام کرد مێزێکیان ڕازاندۆتەوە، پیرۆزباییان لێکردم. وتم ئەمە چییە؟ ماچیان کردم، هەموویان وتیان نەشتەرگەریەکەت بۆ ئەوەبوو دکتۆر هنری ترسی شێرپەنجەی هەبوو، دەرکەوتووە ئەوە نییە. بۆ منیش خۆش بوو، وتیان بە تۆمان نەوتووە. ئه و شەوەشمان به خۆشی بەڕێ کرد.

ماوەی دوو مانگی ڕێک لە خەستەخانە بووم. نەمدەتوانی لەسەر قەرەوێڵه بێمە خوارەوه. قاچەکانم ئیشیان نەدەکرد، ئه و ژەهرە هەرچی دەمار هەبوو، مراندبووی. کاک عەدنان و کاک سامی شۆڕش پاش یانزە ڕۆژ لە خەستەخانە چوونە دەرەوه، شوکر باش بوون. لەبەر ئەوەی نەمدەتوانی بێمە خوارەوە، هەر لەسەر قەرەوێڵەکە وەرزشیان پێدەکردم، بۆ قاچم و دەستم. هەموو ڕۆژێ دەهاتن خوێنیان لێدەردەهێنام و دەیانبرد بۆ ژووری تاقیکردنەوه. به و دەرمانانەی وەرم دەگرت، ڕۆژبەڕۆژ ڕێژەی ژەهرەکە کەمتر دەبۆوە. ئەوەی منی بینیبێت، بەتەمام نەبووە. بەڵام ڕۆژبەڕۆژ بەره و باشتر دەچووم. برۆم و سمێڵم و برژانگم و قژی سەرم تاڵێکی نەمابوو، ژەهرە کە هەمووی لە بنا سووتاندبوو، پاش دوو مانگ هاتنە دەرەوەش لە خەستەخانە هەر لەسەر حسابی ئەمنستی شوقەیەکیان بۆ گرتم. هەفتانەشیان دەدامێ بۆ مەسروفات. لای ئەوان کە لە دەرەوە بووم، دوو مانگ مامەوە. هەموو ڕۆژێ دوو سەعات دەچووم بۆ خەستەخانەیەکی تر وەرزشیان پێدەکردم فیزیۆتێرەپی- physiotherapy، ماوەیەک دوای ئەوەی کە لەوێ بووم، هەزار ڕەحمەتی لێبێت سەرچڵ قەزاز شوقەیەکی بۆ گرتم بەکرێ لەسەر حسابی خۆی و یارمەتیی دام. هەتا ماوم سوپاسی دەکەم. چونکی ئەو کاتە ی ئه و کارەساتەی بەسەرمان هات، یەکێتی خۆی له زروفێکی یەکجار خراپدا بوو لە ڕووی داراییەوه، ئه و مەسروفاتە گەورەیەی ئێمە بە یەکێتی نەدەکرا تەنها بە ئەمنستی نەبێ، چونکی شەوانەی خەستەخانەکە 250 پاوەن بوو، بێجگە لە مەسروفاتی نەشتەرگەری و فیزیۆتێرەپی کە هەر لەسەر حسابی ئەوان پێیان دەکردم. هێمنی شاعیر ئەفەرموێت شاعیری بۆ ئه و ئەوەندە سوودی هەبوو، ئه و ناوە دوورودرێژەی لە کۆڵ کردەوە و بە هێمنی شاعیر ناسرا، منیش بە هۆی وەزعەکەمەوە ئەوەندەم قازانج کرد، کە لە کاتی فیزیۆتێرەپیدا فێری مەلەیان کردم. چونکی وەرزشی پێکانم لەناو ئاودا بۆیان دەکردم، وردەوردەش فێری مەلە بووم.

ئه و ماوەیەی کە لە لەندەن بووم، خێزانەکەم نەهاوەند لەگەڵ زریانی کوڕم ساڵەوەخت بوو هەر لە زیندانی ئەمنی عامەی بەغدا بوون بەبێ ئەوەی کەسێک بتوانێت بچێت بۆ لایان یان بوێرێ هەواڵیان بپرسێ. لە شوقەکەم ئه و هەڤاڵ و برادەرانەی لێیان ئەمین بووم، سەردانیان دەکردم. کاتی هاتنی مام جەلال بۆ لەندەن منیش تازە لە خەستەخانە هاتبوومە دەرەوە. مام هات بۆ لام و برادەرەکانی تریش درێغییان نەکرد لە دڵخۆشیکردنم و پشتیوانیکردنم.

گەڕانەوەم بۆ هۆڵەندا

پاش ئەوەی دکتۆرەکان ئیزنیان دام لە فیزیۆتێرەپی، بە حوکمی ئەوەی لە دوای نەکسەی شۆڕشی ئەیلوول له و پەنجا پەناهەندەیە بووین، کە لە ساڵی 1976 لە هۆڵەندا وەرگیرابووین، من ئەوەندە نەمامەوە. هۆڵەندام بەجێهێشت و گەڕامەوە بۆ کوردستان بۆ پێشمەرگایەتی، مافی پەناهەندەیەکەم نەمابوو و بەسەر چووبوو. ئەوەی بەسەر ئێمە هات، شتێکی گەورەبوو، هەموو دنیا لە ڕادیۆ و ڕۆژنامەکاندا لەسەریان باس کردبوو، ڕۆژنامەکانی هۆڵەنداش بەهەمان شێوە. ئیتر زاهیری برام لە هۆڵەندا بوو. هەواڵیان بۆ هێنام هۆڵەندا ڕازی بووە پەناهەندەییەکەم بۆ بگێڕێتەوە. ئاگاداریان کردم بچم بۆ سەفارەتی هۆڵەندا لە لەندەن. پاسپۆرتیان دامێ تاکو پێی بگەمە هۆڵەندا. منیش ئه و شتانەم جێبەجێ کرد. سواری تەیارە بووم و گەیشتمەوە هۆڵەندا. لە فڕۆکەخانەی ئەمستردام ئه و هەڤاڵانەی ئەوێ و کەسوکارەکەم و کاک شازاد سائب و زۆر لە هاوڕێ کۆنەکانم کە یەکمان دەناسی و پێکەوە لە ڕابوردوودا لە هۆڵەندا بووین، پێشوازییەکی گەرمیان لێکردم. پاش چەند ڕۆژێ پشودان دەستم کرد بەوەی پەناهەندەیەکە دەست پێبکەمەوە و وەریبگرمەوە. لەسەر ماڵی کاک شازاد خۆم ناوونوس کرد، وتیان شارەکەی ئەوان مارسن-Maarssen باشە، نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە ئەمستردامەوە دووربوو، هەرواش دەرچوو. لەبەر ئەوەی پۆلیس بەسەرهاتنی منیان دەزانی، لە ماوەی دوو مانگدا پەناهەندیەکەیان دامەوە.

لە ئەمستردام خانویەکم به کرێ گرت، لەوێش لە خەستەخانەیەک خۆم ناونووس کرد. هەفتەی سێ ڕۆژ دەچووم بۆ فیزیۆتێرەپی بۆ ئەوەی ماسولکەکانی لەشم، بەتایبەت قاچم، بەهێز ببن. ئەو کاتە بە گۆچان دەڕۆیشتم. پاش ماوەیەک لەناو شاری ئەمستردام لە ڕۆژهەڵات لە کۆڵانی ئاچایاسترات خانوم وەرگرت. ئه و ماوەیە هەر لەژێر چاودێریی پزیشکدا بووم، وەزعی کوردستانیش ڕۆژبەڕۆژ ڕژێم وێرانی دەکرد. هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و گەرمیانی ئەنفال کرد. به هۆی برادەرانەوە لە ئێرانەوە ئاگاداریان کردم، نازانم تەلەفۆنیان بۆ کردم یان نامەیان نارد، بەتایبەت بەهیمەتی ملازم عومەر دەنگوباسەکانم دەزانی. هێزی پێشمەرگەش پاش ئەنفال لە پاشەکشێدابوو بۆ سەر سنوورەکان.

لێبوردنی گشتی 1988

ئه و ماوەیە بێجگە لەوەی بەسەر خۆم هاتووە و دایکم شەهید بووه، منداڵەکانیشم لە زیندانن لە بەغدا. دەسەڵات لە 15/9/1988 لێبوردنی گشتیی ڕاگەیاند. هەواڵم زانی کە ئەوانیش بەردەبن، بەڵام بە کەفالەت. به ئاسانی بەریاننەدان، چونکی قانونی لێبوردنی گشتی کەفالەتی تێدا نییە، ناچار خەزوورم کاک حسێن باوکی نەهاوەند کارمەندی دائیرە ی تەلەفۆنات بوو. چوو بۆ بەغدا و بوو بە کەفیلی نەهاوەند و زریان، به و مەرجەی هیچ پەیوەندیی بە منەوە نەمێنێ، هاتنەوە بۆ سلێمانی. پاش ئەوەی منیش لە هۆڵەندا دڵنیا بووم، دڵخۆش بووم بەوەی بەربوون. جوابم بۆ ناردن بێن بۆ ئێران، ئیتر ناچار بوون هەم ماڵی کاک حسێنی خەزوورم و هەم منداڵەکانی من هەموویان به دزییەوە بێن بۆ ئێران. لە شاری سەقز گیرسانەوە. منیش بیرم لەوە دەکردەوه، لەبەر ئەوەی تەندروستیم بەره و باشی دەچوو و لەژێر چارەسەرکردندا بووم، کەوتمە ئەوەی دەست بکەم بە مامەڵەی منداڵەکانم بۆ هێنانیان بۆ هۆڵەندا. پاش ماوەیەک ڕازی بوون و کارەکانیان لە دائیرە کانی هۆڵەندا تەواو بوو. منیش بلیتم بڕی بۆ ئێران. کاک حەمە تۆفیق نوێنەری یەکێتیی نیشتمانی بوو، لەگەڵ محەمەدی حاجی عەبدوڵڵا مەلا ڕەشید و برادەران لە فڕۆکەخانەی مهرئابادی تاران لە چاوەڕوانیدا بوون. دەوری سەعات چواری بەیانی بوو. نەهاوەندی خێزانیشم لەگەڵیان هاتبوو و لە دوورەوه چاوەڕوانی دەکرد. پێش ئەوەی بێمە دەرەوە لە مۆرکردنی پاسپۆرت، بە سەرشانی یەکێک لە خزمەکان منداڵێکم بینی، وتم ڕەنگە کوڕەکەی من بێت، چونکی نە ئه و منی دەناسی، نە منیش بینیبووم. کە چوومە لایان، پاش ئەملاوئەولای یەکتر ماچکردن و بەخێرهاتن، چووینە ماڵی کاک محەمەد تۆفیق، دوای ئەوە لەگەڵ نەهاوەند و زریان ژووریان بۆ جیا کردینەوه. زریان چونکی هەر لەگەڵ دایکی بووە، من ناناسێ و نەیبینیوم، نەیدەهێشت لایان بم. ئیتر لە ژوورەوە وردەوردە ڕاهات لەگەڵم، هەندێک شتی منداڵانەم بۆ هێنابوو، خستمە بەردەستی تاکو ڕاهات. دوای ئەوە چووینە وە بۆ شاری سەقز بۆ ماڵی باوکی نەهاوەند، چەند ڕۆژێک لەوێ مامەوە، چووم بۆ سەردەشت و سەردانی خزمانی ئەوێشم کرد. دوایی چووم بۆ قاسمەڕەش. بارەگای سەرکردایەتیی یەکێتیی لێبوو. زۆریان پێخۆش بوو چاک بوومەتەوە و هەموویانم بینی. بەڵام هەر گۆچانم پێبوو، قاسمەڕەش سەرسنووره، دوای چەند ڕۆژێک گەڕامەوە بۆ سەقز و لەوێشەوە بۆ تاران، لەوێشەوە بۆ هۆ ڵەندا، منداڵەکانم دامەزراند و زریانم خستە قوتابخانە. ماوەیەکم لەوێ بەسەر برد.

شەڕی کوێت و داگیرکردنی لەلایەن عێراقەوە

ئه و ماوەیەی کە لەوێ بووم لەگەڵ منداڵەکان، سەدامی دیکتاتۆر پەلاماری شاری کوێتی دا. ئەمەش چەند مانگێکی خایاند. من لەگەڵ هەڤاڵان لە گۆڕینەوەی نامەدا بووم لەسەر وەزعەکە، کاک ملازم عومەر لە نامەیەکیدا بۆی نووسیبوم بەرنامەیان داناوە بۆ ڕاپەڕین، ئاهێکمان پێدا هاتۆتەوە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەن وڵاتان لە سەدام قبوڵ نەکەن و لێی بدرێ، نەخشەی دابەشبوونی میحوەرەکانی بۆ نووسیبوم. نووسیبووشی ئەگەر تۆش لێرە بویتایە، دەوری بەرچاوت دەبوو. ئەوەبوو وڵاتانی خۆرئاوا و ئەمریکا لە سەدامیان دا و ڕاپەڕین لە کوردستان دەستی پێکرد، لە شارەکانی کوردستانیش پەلاماری دامودەزگای ڕژێم درا و شارەکان ئازاد کران. ڕاپەڕین ڕۆژی 05-03-199105-03-1991 شاری ڕانیە و دواتریش هەموو شارەکانی کوردستانی گرتەوه. هەزاران هەزار سەربازی سوپای عێراق ئەسیر کران و دامودەزگاکانی بەعس وێران کران، بەتایبەت لە سلێمانی هەرچی لە تاوانباران بەردەست کەوتن، کوژران. ئەمنە سوورەکەی سلێمانی کە ئێستا بووە بە مۆزەخانە، شاهیدی ئه و ڕاستییە یە.

ڕاپەڕین

بێجگە لەوەی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتەکانی تر دەوریان هەبوو، یەکێکی تر لە هۆیەکانی سەرکەوتنی ڕاپەڕین بەرەی کوردستانی بوو، کە پێکەوە مژدەیان دا بە خەڵکی کوردستان کە هەموو هێزە سیاسییەکان پێکەوە بەرنامەیان داناوه و هاتوونەتە خوارەوە. ئەمەش زیاتر خەڵکی کوردستانی دڵخۆش کرد. هەر قۆڵەش لای خۆیەوە. یەکێتیی نیشتمانی بۆ ئەم ڕاپەڕینە بێبەرنامە نەبوو، هەر لە ڕۆژی یەکەمی پەلاماری سەدام حسێن بۆ کوێت یەکێتی خۆی بۆ ڕووداوەکان ساز کرد. من لەسەر کارە سەربازییەکانی پێشمەرگە قسە دەکەم. لە 05-03-199105-03-1991 شاری ڕانییە ئازاد کرا، ئەمەش یەکڕیزیی کۆمەڵانی خەڵک و هێزە سیاسییەکان بوو، هەروەها هاوکاریی ئه و دۆستانەی کە لەناو ڕژێم چەکیان هەڵگرتبوو. خەڵکی سنووری ڕانیە و دەوروبەری باش دەزانن و شاهیدی ئەوەن لە پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین ڕاستییە کان باش دەزانم و ئاگادارم هەر لە ناردنەوەی بێسیمی گەورە کە مامۆستا باپیر هێنایەوە لەگەڵ عەزیز بەگ و کوردەی کوڕی، لە دۆڵی شاورێ دایان نابوو بۆ پەیوەندی لەگەڵ سەرکردایەتی پێش ئەوەی ڕاپەڕین بەرپا ببێ. هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ ئه و هێزانەی لای ڕژێم چەکدار بوون. هەندێکی لە ڕابوردوودا لای خۆمان پێشمەرگه بوون، دیار بوون و پەیوەندییان هەبوو. بە یەکەم تەقەی شەهید عەلی نەبی بڵێسەی ڕاپەڕین دەستی پێکرد. خۆشبەختانە ڕانیە ئازاد کرا، ئەنجا شوێنەکانی تر، لە ڕۆژی 07-03-199107-03-1991 لە شاری سلێمانی و ڕۆژی 11/3/1991 لە شاری هەولێر ڕژێم بەدەرنرا لە کوردستان. بۆ یەکەم جار لە ڕێکەوتی 20\21/3/1991 شاری کەرکووک ڕزگار کرا و ماوەی چەند ڕۆژێک هەوای ئازادیی هەڵمژی.

پەلاماری حکومەت و ڕەوی یەک ملیۆنیی خەڵکی کوردستان

دوای ئه و سەرکەوتنانە و ڕزگارکردنی شارەکان و کەرکووک، ئەمریکا، کە هەموو هیوامان لەسەر هەڵچنیبوو، لە جێگەی خۆی وەستا و ڕووی نەکردە بەغدا. لە ترسی ئەوەی نەک شیعەکان دەسەڵات بگرنە دەست، ئەمریکا لەگەڵ سەدام حسێن ڕێک کەوت. رژێمیش لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە خۆی ئامادە کرد بۆ پەلاماردانی شارەکانی کوردستان و ترسی نەما، به شەڕ هەندێک جێگەی گرتەوە. هەموو خەڵکی کوردستان سەدام و ڕژێمەکەی باش دەناسن چیی کردووە بە میللەتەکەمان لە ئەنفال و کیمیابارانی خەڵکی و لە ترسی سیاسەتی بێبەزەییانە زۆربەی زۆری خەڵکی ماڵوحاڵ و شارەکەی خۆیان بەجێ هێشت. هەر ئه و ڕەوە گەورەیە بوو، کە کوردستانی به هەموو دنیا ناساند، هەموو خەڵکی کوردستان ڕوویان کردە سنوورەکان و شارەکانی کوردستانی ئێران و تورکیا، خەڵکی پێشوازیی لێکردن. ئەم ڕەوە ملیۆنییە دنیای بەئاگا هێنا و ئاشکرا بوو ڕژێمی سەدام حسێن چەند بێبەزەییە. ڕێککەوتنی شفازکۆف قائدی سەربازیی ئەمەریکی لەگەڵ سوڵتان هاشم لە سنووری بەسرە کۆتایی بە شەڕ هێنا و شەڕ لەگەڵ سەدام ڕاگیرا. ئەم وەزعەش وای لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد کرد بیر لەوە بکەنەوە کە وڵات لەوە زیاتر کاول نەبێ و لەسەر خاکی خۆمان بمێنین.


گەڕانەوەم بۆ کوردستان لەگەڵ کاک نەوشیروان

لەگەڵ کاک نەوشیروان و دلاوەری ئەحمەد مجید هەندێک لە هەڤاڵانی تر لە شاری دیاربەکر یەکمان گرتەوه و هاتینەوە بۆ کوردستان. لەسەر سنوور هەموو هەڤاڵانی پێشمەرگە و ڕێکخستنەکان پێشوازییان لێکردین. هاتینە دهۆک و شەوی یەکەم لەوێ ماینەوە، دوایی گەڕاینەوە بۆ هەولێر و سلێمانی، بە کەسوکار و هەڤاڵان شاد بووینەوە. بەڵام ئەمجارە شارەکان بەدەست خۆمانەوەیە و لە ڕووی حیزبی و پێشمەرگایەتییەوە خەریکی خۆڕێکخستنەوەین. پاش ماوەیەک باسی ئەوه کرا کۆنگرەی یەکەم بگیرێ.

کۆنگرەی یەکەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ڕۆژی 27/1/1992 لە شاری سلێمانی و لە هۆڵی ڕۆشنبیری کۆنگرە دەستی پێکرد. سکرتێری گشتی هەڤاڵ مام جەلال ڕاپۆرتی سیاسیی خوێندەوە. بەداخەوە لە ڕۆژی یەکەمدا هەڤاڵ عومەر مستەفا ناسراو بە عومەر دەبابە به هۆی نەخۆشیی دڵەوە له ناو هۆڵی کۆنگرەدا گیانی لەدەست دا و کۆنگرە هەڵگیرا. پاش بە خاک سپاردنی لە شاری کۆیە، کۆنگرە گوێزرایەوە بۆ شاری هەولێر. پاش قسەوباس زەمینە خۆش کرابوو بۆ ئەوەی هەر سێ ڕێکخستنەکە لە یەکێتیدا وەک ڕێکخستنی جیاواز نەمێنێ و ببێتە یەکێتیی نیشتمانی. من ناچمە ناو کێشەکانەوه، کۆنگرە دەنگەدەنگی تێدابوو لەسەر باسەکان و ڕابووردوو، باڵەکان دیاربوون، بەڵام یەک شت لای هەموان گرنگ بوو و هەموومان لە سەری ڕاوەستاین، ئەویش یەکڕیزیی یەکێتی بوو. ئه و هەموو خەبات و ماندووبوون و شەهیدانەی له و ڕێگەیەدا دابوومان، لەبەرچاومان بوو. ئەوانەی لە کۆنگرەدا بەشداربوون، چ پێشمەرگە چ ڕێکخستن، ئازاری زۆریان دیووە، بەهۆی دەیان هۆی ترەوە لەسەر یەکڕیزیی کۆنگرە ڕازی بووین.

هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە و شۆڕشگێڕان و خەتی گشتی

لە کۆنگرەی یەک ئەم تێکەڵکردنەوەیە جێبەجێ بوو، هەموومان دەستمان بۆ بەرز کردەوە، کەسیش دژی نەبوو. ئەوەندەی من بزانم، بە هەموو کاکەکانەوە فاتحە بۆ باڵباڵێن خوێندرا و ئیتر سێ باڵ نەما. لەو کاتە دا کەسێک نەبوو بڵێ فڵان شت ڕاست نییە، چونکی قسەیەکی وانەکرا کە دیار بێ و دژی هەبێ.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سەرباری قسەوباس و گفتوگۆ و بێنەوبەرەی ناو کۆنگرە، دوایین ڕۆژی کۆنگرە لە هەولێر سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی هەڵبژێرا. منیش یەکێک بووم له و هەڤاڵانەی سەرکردایەتیی کۆنگرە دەنگیان پێدام. ئەو کاتە ش من لەگەڵ کاک نەوشیروان نزیک بووم. ئەم هەڤاڵانە بۆ سەرکردایەتی هەڵبژێردران:

1- مام جەلال 2- نەوشیروان مستەفا 3- جەبار فەرمان 4- کەمال فوئاد 5- ئەرسەلان بایز 6- د. فوئاد مەعسوم 7- مستەفا چاوڕەش 8- ملازم عومەر 9- عومەر فتاح 10- چەتۆ حەوێزی 11- کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی 12- شاخەوان عەباس 13- شێردڵ حەویزی 14- دارۆ شێخ نووری 15- سەعدون فەیلی.

پاش کۆنگرە یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی لە شەقڵاوە کرا، مام جەلال لەوێ بوو. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە سیاسەتی تازە و دابەشکردنی ئیشوکارەکان. پاش ئەوە بە حوکمی پێشمەرگایەتی و شارەزایی بڕیاریان دا من ببمە سەرلەشکری هەولێر. ئەو کاتە ی بووم بە سەرلەشکر، یەکێتی سێ لەشکری هەبوو. لەشکری یەک جەبار فەرمان بوو، لەشکری دوو من بووم، لەشکری سێ لە بادینان شێردڵ حەویزی بوو.

لەشکری دووی هەولێر

دەبوو بزانین بارەگاکەی ئەم لەشکرە لە کوێ دابنێین؟ بە ڕاوێژی هەموان شەقڵاوەمان پێ باش بوو. بینای قائمقام چۆڵ بوو، وەرمان گرت و دەستکاریمان کرد. بارەگای لەشکری شەقڵاوەی لێنووسرا. ئەو کاتە مامۆستا بەکر مستەفا جێگرم بوو. ئامرهێزەکانی زۆر بوون، چونکی ئەو کاتە لەشکری دووی قەڵادزەشی لەسەر بوو، سنوورێکی زۆر بەربڵاوی هەبوو، هەرچەند تەماشام دەکرد، ئەم هەموو هێز و سنوورە بەربڵاوە لە کێشی یەک لەشکردا نییە و فریای نەدەکەوتی. ئەگەر بیرم مابێ ئامرهێزەکان ئەم هەڤاڵانە بوون: 1- شەهید ڕێباز 2- سەفین مەلا قەرە 3- عەبدوڵڵا مام عەلی 4- عەبدوڵڵا بۆر 5- ڕەهبەری سەید ئیبراهیم 6- شاخەوان عەباس. بێجگە لەوەش مەسەلەکە هەر ئەوە نەبوو فریای کارەکانی نەدەکەوتین، هەموو سنووری سیدەکان پشدەر و بتوێن و کۆیە و هەموو هەولێر لەسەر ئەم لەشکرە بوون. ئەو کاتە ش لەبەر گەورەیی لەشکرەکە وەک پێویست چەک و تەقەمەنی نەبوو. به هاوکاریی هەڤاڵ بەکر مستەفا و ئامرهێزەکان کارەکانمان ڕادەپەڕاند. هێشتا هەڵبژاردن نەکرابوو و بەرەی کوردستانی ئیدارەی ئیشوکارەکانی دەکرد. هەر حیزبه و چەکداری خۆی و هێزی خۆی هەبوو، ململانێی حیزبەکانیش لەولاوە وەستابێ، کێشەی ڕۆژانە هەبوو.

هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 19/5/1992

بڕیاری هەڵبژاردن درا و ڕۆژی 19/5/1992 دەستی پێکرد، هەر حیزبەش به قەدەر قەوارەی خۆی دەنگی هێنا. هەر ڕۆژی یەکەم ئێوارەکەی دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆوە کە مەرەکەبەکە دەسڕێتەوە. ئەم دەنگۆیە لە هەموو لایەک بڵاو بۆوە. من لە شەقڵاوە بووم، مام جەلالیش بارەگاکەی لە شەقڵاوە بوو. ژەنەراڵ نابی ئەمەریکی هات. لەگەڵی چووین بۆ هەولێر. کاک مەسعود بارزانی و مام جەلال هاتن بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەم کێشەی مەرەکەبە بن. باش بوو به هیمەتی هەمووان چارەسەر کرا و لەسەری ڕێک کەوتن. هەر له و کاتەشدا نوێنەری پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێرا، منیش ناوم لە لیستی سەوزدا هەبوو، پاش هەڵبژاردن، حکومەت کابینەکەی دامەزراند و کەوتە سەرقاچی خۆی. بەڕێز دکتۆر فوئاد مەعسوم بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێز جەوهەر نامیق بوو بە سەرۆکی پەرلەمان. هەردوو حیزبی سەرەکی لەسەری ڕێک کەوتن.

کێشەمان لەگەڵ پێ کاکا

لە ڕابوردوودا هەر شتێک بووایە، دەخرایە پاڵ بەرەی کوردستانی. بەڵام کە حکومەت پێک هات، حکومەتی تورکیا زەختێکی زۆری دەکرد لەسەر وجودی پێ کاکا لە سنوورەکانی کوردستانی عێراق. وتی قبوڵ ناکەین چەکدارەکانی پێ کاکا لاتان بن، لەسەر ئەم هەڵوێستەی تورکیا دەیان و سەدان جار خۆمان دزیوەتەوه و خۆمان پاراستووە لەوەی لەگەڵ پێ کاکا تووشی شەڕ بین. ئەوانیش بە چاک و خراپ مراعاتی وەزعی ئێمەیان نەدەکرد. هەوڵێش درا لەگەڵیان، بەڵام ئەوان لە جێگەیەک و ئێمەش لە جێگەیەکی تر سوودی نەبوو. کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بڕیاریان دابوو لێیان قبوڵ نەکەین و ئاگاداریان بکەینەوە، وابکەن بچنەوە ناو خاکی تورکیا، تورکیاش قبوڵی ناکات. حکومەتی تورکیا دەیانوت پێویستە لە سنووری ئێوە دەستدرێژی نەکەنە سەرمان و سەربازمان نەکوژرێ. ئەمەش بەڵڵایەکی گەورە بوو، پێ کاکاش هەرچی خۆی بیویستایە، ئەوەی دەکرد.

کۆبوونەوەی شەقڵاوه لە نێوان یەکێتی و پارتی به سەرپەرشتیی کاک مەسعود

هەردوو سەرکردایەتیی یەکێتی و پارتی بە سەرپەرشتیی کاک مەسعود بارزانی لە شەقڵاوە کۆ بووینەوه. هەندێک لە لێپرسراوانی سەربازیی هەردوولا بەشدار بوون. ئه و کاتە مام جەلال لە دەرەوەی وڵات بوو. ئەوانەی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، ئەم بەڕێزانە بوون:

1- کاک مەسعود بارزانی 2- کۆسرەت ڕەسول عەلی 3- فازڵ میرانی 4- ئەرسەلان بایز 5- مستەفا چاوڕەش 6- بابەکر زێباری 7- عومەر فەتاح 8- حەسەن کوێستانی 9- مامۆستا چەتۆ 10- کەمال فوئاد 11- عارف ڕوشدی 12- هەندێکی بەڕێزی تریش بەشدار بوون.

ئەم کۆبوونەوەیە تایبەت بوو بە مەسەلەی پێ کاکا، بڕیارمان دا هێزەکانمان کۆ بکەینەوە بۆ ئەوەی بزانن بە ڕاستیمانە و ئاگاداریان بکەین له و سنوورە دوور بکەونەوە. لە کۆتایی کۆبوونەوەکە لەسەر ئەوە ڕێک کەوتین هەردوو بەشی بادینان و خواکورک بخەینە بەرنامەی کارەوە. من سەرلەشکری هەولێر بووم، بەوەی بارەگاکەشم هەر لە شەقڵاوە بوو، سنوورەکە دەکەوێتە نزیکی ئەوەی منەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریان دا فازل میرانی لێپرسراوی بادینان بێ، خۆشی هەر لێپرسراوی لقی یەکی ئەوێ بوو. منیش حەزم نەدەکرد و تۆزێک خۆم کەنار گرت، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا کاک کۆسرەت وتی لای ئێمەشەوە هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش لێپرسراوی جەبهەی خواکوڕک دەبێت، به مانای لێپرسراوی یەکەمی هێزەکانی پێشمەرگە له و جەبهەیەدا، هێزی هاوبەشی پارتی و یەکێتی. بڕیار درا و کۆبوونەوە تەواو بوو. بۆ ڕۆژی دوایی خۆمان ساز کرد بۆ ئەوەی پێویستییەکان جێبەجێ بکەین.

عوسمان قادر منەوەر نوێنەری پارتی بوو. چووین بۆ بانک. لەوێ مەبلەغێک پارە بۆ مەسروفات و یارمەتیی پێشمەرگەکان و ئه و هێزانهی کە بەشداری دەکەن، دیاری کرابوو. پارەکەمان وەرمان گرت. هێزەکان کۆ کرانەوە و ڕەوانەی ناوچەی سیدەکان کران لە ناوچەی برادۆست. خۆشمان ڕۆیشتین بۆ جێگەی مەبەست کە پێویست بوو، بەرامبەر هێزەکانی پێ کاکا. بنکە و بارەگامان دانا و چادرمان هەڵدا. ماڵی کەریم خانی برادۆست لە مجێسەر بوو و لەوێ دادەنیشت. ئەوانیش هێزێکیان هەبوو، هەمووی خرایە ژێر بەرپرسیارێتیی منەوه. هەروەها حەمید ئەفەندیش نوێنەری پارتی بوو و لەگەڵمان.

هاتنی کاک نەوشیروان پێش ئەوەی شەڕ دەست پێبکات

هەموو هێزەکان جێگەیان بۆ دیاری کرا. من و مامۆستا بەکر مستەفا پێکەوە بووین. پێویستیی شەڕ بەسەر هێزەکاندا دابەش کرا. پێش ئەوەی شەڕ ببێ، ئێوارەیەک کاک نەوشیروان و حەمە ئەمین پێنجوێنی و حامد حاجی خالید و مام ڕۆستەم هاتن بۆ ئه و جێگەیەی ئێمەی لێبووین. حەمە ئەمین پێنجوێنی دۆستی پێ کاکا بوو. لە ڕابووردوودا لەگەڵ من لە حیزبی شیوعیدا قیادەی مەرکەزی بوو، هاوڕێی یەکتر بووین و زۆر پێکەوە بووین.

کاک نەوشیروان وتی هاتووین خەڵک دەنێرین بۆ لایان، بەڵکو بڕیارەکە جێبەجێ بکەن، شەڕ نەبێ و بڕۆن. حەمە ئەمین پێنجوێنی و حامدی حاجی خالد ڕۆیشتن بۆ لایان، شه و لایان مانەوە و قسەیان لەگەڵ کردبوون هەرچۆنێک بێت شەڕ ڕوو نەدات، وابزانم کەسێکی ئەوانیش لەگەڵیان هاتبوو. ئێش ئەوەی ئەوان بگەنەوە لامان، تەقە دامەزرا. بەبێ ئەوەی ئاگادار بین، بەرنامەکان تێک چوون. ئه و هێزەی بەرامبەریان لێپرسراوەکەی ناوی هەڵگورد بوو ئامرهێزیان بوو، لە برادەرانی پارتی بوو.

ئه و ڕۆژە ددانم زۆر دەیەشا. لە ئازاری ددان ناخۆش تر نییە، جا لێپرسراوی ئه و جەبهە گرانەش بی. وتم باشتر ئەوەیە بنێرم بۆ ڕەواندز دکتۆرێک بێت و ددانم دەربهێنێ. دکتۆر هات، لەسەر تەنەکەیەک دانیشتم. وابزانم برای دکتۆر محەمەد خۆشناو بوو، دکتۆری ددان بوو. لە هێنانوبردنی ددانم بە گازەکە ددانم شکا. ئەمە زۆر ناخۆش بوو، زۆر هەڵیکۆڵی و دەرنەهات، هەندێک دەرمانی ئازاری بۆ نووسیم. لە نیوەشەودا سەعات سێی شه و لەتاو ئازار خەبەرم بۆوە. بیرم کردەوە جارێ شەڕەکە گەورە نەبووە و کاک نەوشیروان لامانە. هەر ئه و شەوە سواری ئوتومبێل بووم بۆ سلێمانی، سەعات 8ی بەیانی گەیشتمە شار. چووم بۆ لای دکتۆر سەرداری حەمەی باقی. ئەوەی پێویست بوو بۆی کردم، پارچە شکاوەکانی دەرهێنا. نانی نیوەڕۆم لە سلێمانی خوارد و گەڕامەوە بۆ سیدەکان و جەبهەکە لای برادەران. کاک نەوشیروان و ئەوانەی لەگەڵی بوون، گەڕانەوە. من و حەمید ئەفەندی و مامۆستا بەکر و عوسمان قادر منەوەر پێکەوە بووین. برادەرانی پارتی جەمال مورتکە، هەڵگورد، مستەفا نێروەیی و زۆری تریش بوون. هەندێک لە هێزەکان لە سلێمانییەوە هاتبوون، لای یەکێتی (ڕێباز، شاخەوان و سەفین، ڕەهبەری سەید ئیبراهیم، ئەنوەری عەزەباوە، عەبدوڵڵا بۆر، مەحموود سەنگاوی، عەبدوڵڵا مام عەلی، تۆفیق کانی وەتمانی، فاقه) و زۆری تریش لە هەڤاڵەکانی لێپرسراوی پێشمەرگە. لە چەند جەبهەیەکەوە شەڕ دەستی پێکرد. هەتا بڵێی ئازا بوون، کچەکانیان وەک پیاوەکان شەڕیان دەکرد. لە هەموو شەڕەکان لە هەردوولا زەرەرمان لێکەوت، زۆریش شەهید و بریندارمان هەبوو. لای ئەوانیشەوە بەهەمان شێوە. شەڕەکە درێژەی کێشا، بەتایبەت لە بادینان. بەپێی مەعلوماتەکان پێ کاکا ئازایانە شەڕیان کرد و دەریش نەکران، بەڵام لەلای ئێمەوە هەنگاوبەهەنگاو دەچووینە پێشەوە. هەندێک جیگامان گرت و زاڵ بووین بەسەر جیگاکانیاندا. هێزەکانمان ئاڵوگۆڕ پێدەکرد، چونکی شەڕەکە درێژەی کێشا. هەندێ هێز شەهیدی زۆر بوو، هیلاک بوبووین. مانگی دە و یازدە بوو، له و کاتانەشدا ئەوێ ساردە و کوێستانە. ئەم شەڕە حاڵەتێکی نەفسیی خراپی دروست کردبوو لای پێشمەرگەکان، بڕوایان پێی نەبوو، کە ئیمانیشت بە شتێک نەبێ، لە شەڕدا سەرناکەوی و زەحمەتە. من خۆم لێپرسراوی یەکەم بووم، کە قسەم دەکرد بۆ پێشمەرگەکان و دەموت دەبێ وابکەین و ئاوا بکەین، لە دەروونی خۆمدا زۆر بڕوام پێی نەبوو، ئیتر ئیلتیزاماتە.

ئەمەش وەزعی گشتیی شوێنی شەڕەکان بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شەڕیان دەکرد، هەوڵی سەرکەوتن دەدرا. وەک وتم هێزەکان هیلاک بووبوون، لەگەڵ هێزێکی لەشکری یەک کە هەڤاڵ عوسمان حاجی مەحموود سەرپەرشتیی دەکردن و هی گەرمیان بوون، گۆڕیمانن. لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی تر هاتن. شەڕێکی باشیان کرد. زۆر چووینە پێشەوە، ئەم شەڕانەش لەگەڵ پارتیدا بە هاوبەشی دەمانکرد.

هاتنی هەڤاڵ کۆسرەت بۆ لامان وەک سەرپەرشتیی یەکەمی جەبهەکە

ئه و ماوەیەی کاک کۆسرەت لامان بوو، گوڕوتینێک بوو بۆ پێشمەرگەکان. لە هەموو ڕۆژەکانی شەڕەکاندا دەیان ڕۆژنامەنووسی بیانی دەهاتن بۆ لامان. ئەڵەمانی، هۆڵەندی، تورکی، ئێرانی، ئینگلیزی... ئێمەش وەزعی شەڕەکانمان بۆ باس دەکردن. داوای ئێمە ئەوه بوو پێم دەوتن ئامادەین هاوکاریشیان بکەین به شەرتێ لای ئێمە چۆڵ بکەن. لەبەر ئەوەی ئێمە حکومەتین و دەبێ سنووری خۆمان لەگەڵ دراوسێ بپارێزین، ئیتر هەر دەوڵەتێک بێت. ئەم قسانە و زۆر شتی تریش دەوترا، ئەموت فەرموو ئێوە وەکیلی ئێمە بن و بچن بۆ لایان، پێیان بڵێن بڕۆن. ئێمە هیچی ترمان لەوان ناوێت، ئیتر ئەوانیش ڕاپۆرتی خۆیان دەنووسی، ئێمەیان بەجێ دەهێشت و دەگەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

ئەم شەڕە زۆر ناخۆش بوو، هێزی مەعنەوی و مادیی دەویست. درێغیمان نەکرد بۆ سەرکەوتنی خۆمان. هاتنی کاک کۆسرەت بەرپرسیارێتیی سەرشانمانی کەم کردەوە، شەڕ چووە سەر و مانگێکی خایاند. لەگەڵ کاک کۆسرەت لە چادرێکدا پێکەوە بووین، سەعات چواری بەیانی پێشمەرگەیەک پاسەوان بوو، هەڵیساندم و وتی جیهازێک هەر داوا دەکات هەڤاڵ هەڤاڵ. وتم کە داوای کرد، بانگم بکه و هەڵمسێنە. لە دەوری سەعات پێنجی بەیانیدا بوو جیهازەکەی بۆ هێنام، قسەم لەگەڵ کردن. وتیان دەمانەوێ چاومان پێتان بکەوێ. مەرجی حکومەتی ئێوەمان قبوڵە و ڕازین. وتم زۆر باشە، سەری سەعات وەرنەوە قسە دەکەین، بە کاک کۆسرەت و حەمید ئەفەندیم وت. وتی باشە چاوتان پێیان بکەوێ. هاتنەوە سەرخەت. مەوعیدمان دانا لەسەر ئاوی خواکورک یەکتر ببینین. بۆ ڕۆژی دوایی سەعات 5 مەوعیدمان هەبوو. ئەوانەی کە چووین بۆ چاوپێکەوتنیان، من خۆم بەرپرسی هێزەکان، عوسمان قادر منەوەر، مامۆستا بەکر مستەفا، کەمال شاکر، لەبیرم نییە کێی ترمان لەگەڵ بوو. لەگەڵ هێزێک چووینە خوارەوه، سەعات و نیوێک ڕێگە دەبوو. کە گەیشتین، ئەوانیش هاتن. عوسمان ئوجەلان برای عەبدوڵڵا ئوجەلان، نازانم کێی تری لەگەڵدا بوو، پاش یەکترناسین و چاکوچۆنی قسەمان کرد.

ئەوان ڕازی بوون بێن بۆ لای ئێمه و ڕێکەوتن واژوو بکەن. لە کۆتایی قسه و باسەکانمان وتم فەرموون با پێکەوە بچین بۆ هەولێر. عوسمان ئوجەلان وتی من بە ئەمر هاتووم بۆ لاتان. پرسم بە سەرۆک ئاپۆ نەکردووە، دەبێ بڕۆمەوە پرس بکەم و ڕەزامەندیی لەسەر بێ ئەنجا بێم. مەوعیدمان دیاری کرد بۆ ڕۆژی دوایی لە هەمان جێگەیەک بگرینەوە. ئێمەش گەڕاینەوە، بە شاخدا سەرکەوتینەوە بۆ لای هێزەکان. کاک کۆسرەت و حەمید ئەفەندیمان بینی قسه و باسەکانمان بۆ گێڕانەوە. وتم مەوعیدی ترمان هەیە لەگەڵیان. ژمارەی جیهازەکانیشمان گۆڕیوەتەوە بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ یەکتر بکەین. لە ماوەی پێش وەستاندنی شەڕ هێزەگەی عوسمان حاجی مەحموود هاتبوون. برادەرانی پارتیش هێزەکانیان گۆڕیبوو. لە شەوی دواییدا پێ کاکا جێگەی کەمیان بەدەستەوە مابوو. زۆرمان پێ باش بوو کە ڕێک کەوتین، چونکی ئەوان لە دۆڵێکدا مابوون. بەهەموو جۆرە چەکێ شەڕمان دەکرد. ترسم لێنیشت و بچنە سەریان لە بەرپرسە گەورەکانیان بکوژرێ. خۆ پێشمەرگە لە شەڕدا نازانێ کێ بەرپرسه و کێ چییە، ئیتر ئەمە فرسەتێکی باش بوو بۆ ڕێککەوتن.

جارێکی تر چوومە خوارەوە بۆ سەر ئاوی خواکورک

له کاتی خۆیدا سەعات 5 عوسمان ئوجەلان هات. ئەمجارەیان پێویستی به دانیشتن نەبوو. عوسمان وتی من کە هاتووم، پێویستە لەباتی من تۆش لێرە بمێنیتەوە. بیرم کردەوە کە نابێ بڵێم ناتوانم، وتم هەڤاڵ عوسمان من لەبەر ئەوەی لێپرسراوی هێزەکانم، ناکرێ لێرە بم. چونکی هەموویان من بڕیاریان بۆ دەردەکەم. بە کوردییەکەی لێپرسراوی یەکەمم. ئەگەر من بمێنمەوە، ئیشەکان ئەوەستێ. قەناعەتی کرد و وتی با هەڤاڵانی تر بمێننەوە. ئیتر عوسمان قادر منەوەر و مامۆستا بەکر مستەفا و کەمال شاکر لەوێ لای پێ کاکا بەجێمان. من و عوسمان ئوجەلان کەوتینە ڕێ و بەسەر شاخەکەدا سەرکەوتین. هەر ئه و شەوە کە گەیشتینەوە لای پێشمەرگەکانی خۆمان، سواری ئۆتۆمبێلمان کرد و ڕەوانەی هەولێرمان کرد بۆ بینینی حکومەت و پەرلەمان، دەقیقەیەک زووتر بگەیشتایە باشتر بوو. شەڕ کۆتایی هات، چەند ڕۆژی لە هەولێر مانەوه، پاشان گەڕایەوە. لەسەر چۆڵکردنی ناوچەی خواکورک ڕێک کەوتن، منیش چاوساغم لەگەڵ ناردنەوە بۆ لای خۆیان. باش بوو ئەم شەڕەمان لە کۆڵ بۆوە.

هەر دوای هاتنەوەی عوسمان قادر منەوەر و مامۆستا بەکر و کەمال شاکر، ئه و هێزانەی لامان بوون، نیوەی زیاترم ئیزن دا بڕۆنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. ڕێک کەوتین کە ئەوێ چۆڵ بکەن، لە بەرامبەردا نێوزەنگیان بۆ دیاری کردبوون و خۆشیان ڕازی بووبوون. نێو زەنگ دەکەوێتە پشتی قەڵادزه لە سەرسنووری ئێران–عێراق. لە ڕابوردوودا سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی لەوێ بوو، خانووی لێبوو و چۆڵ بوو. مام جەلالیش بارەگایەکی لەوێ هەبوو. هەموویان ڕۆیشتن و کەسیان لەوێ نەما، دوا کەس خۆمان بووین. ئەوانەی بڕیاریان دابوو بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، هەر له و تەقەمەنییانەی لامان بوو، زۆرم دانێ بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرن بۆ خۆیان. له و سەردەمەشدا تورکیا هەندێک یارمەتیی چەک و پێویستیی شەڕی داینێ. هەموویم بەسەر هێزەکانیاندا دابەش کرد. منیش گەڕامەوە بۆ هەولێر و چووم بۆ مەکتەبی سیاسی، لەوێش ئەوەی ڕووی دابوو، بۆم گێڕانەوە. دوایی گەڕامەوە بۆ شەقڵاوە کە بارەگای لەشکری دوو لەوێ بوو.

پاش ماوەیەک سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری دا ببمە پارێزگاری کەرکووک. هەر دوای هەڵبژاردن لە 19/5/1992 هەموو وەزارەتەکان دانران، پارێزگارەکان دیاری کرابوون. منیان بۆ کەرکووک دانابوو. ئەوەی ڕاستی بێ، حەزیشم دەکرد تۆزێک لە کۆڵ پێشمەرگایەتی ببمەوه، و ئەم تاقیکردنەوەیەش بکەم.

پاش چەند ڕۆژێک بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەرچوو. ئەو کاتە دکتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆک وەزیران بوو. بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا بڵاو کرایەوە. مستەفا قادر مەحموود دانراوە بە پارێزگاری کەرکووک. کەس به و ناوەوه نەیدەناسیم. بۆ ڕۆژی دوایی کوردستانی نوێ نووسییەوە مەبەست لە مستەفا قادر مستەفا چاوڕەشە، لەبەر ئەوەی من هەر به و چاوڕەشەوە ناسراوم. دوای ئەوە چووم بۆ لای دکتۆر فوئاد مەعسوم، ئامۆژگارییەکانم لێوەرگرت کە چی بکەم. چونکی پارێزگای کەرکووک وەک سلێمانی و هەولێر و دهۆک نییە، ئه و پاریزگایە لە باری سیاسییەوە بڕیاری لێدراوە. خۆ ناوشاری کەرکووک بەدەست ڕژێمی بەعسەوە بوو. ئه و جێگەیانەی کە لە ڕابوردوودا سەر بە کەرکووک بووە، چەند قەزایەکە، بەڵام بۆ ئەهمیەتی ئەم قەزایانە خرانە سەری: چەمچەماڵ، خانەقین، کەلار، کفری، دەربەندیخان. دەربەندیخان لە ڕابوردوودا سەر بە سلێمانی بوو، خرایە سەر کەرکووک بۆ ئەوەی پارێزگا لەوێ بێت.

رۆیشتنم بۆ دەربەندیخان

ڕۆژی چوونم بۆ دەربەندیخان دیاری کرا. جێگرەکەم سیروان کاکەیی بوو لە هەڤاڵانی پارتی بوو، قائمقامەکانیش له بەینی پارتی و یەکێتیدا دابەش کرابوون. بۆ ڕێزنان لە من و لە ئەهمیەتی کەرکووک زۆر لە هەڤاڵان لە سلێمانییەوە لەگەڵم هاتن. لەمدیوو تونێلی دەربەندیخان خەڵکی دەربەندیخان و حیزبەکان پێشوازییان لێکردم، بۆ منیش ئەمە یەکەم تاقیکردنەوەی ئیشی ئیدارییە. کە چووینە دەربەندیخان، ئەوانەی هاتبوون بۆ پێشوازیم، لەبەردەم لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان قسەم بۆ کردن. زۆر سوپاسم کردن و بەڵێنم دا کە وەک پێشمەرگایەتی لە خزمەتیاندا بم، چونکی لەکاتی پێشمەرگایەتی من ساڵی 1979 تاکو 1982 ئامرهەرێمی 5ی قەرەداغ بووم، کە هەموو سنووری کەرکووکی دەگرتەوە بە دەربەندیخان و خانەقین و کفری و کەلارەوە.

پارێزگا بڕیار لێدرا و هاتینە دەربەندیخان، بەڵام جێگەیەک نییە بۆ بینا پارێزگا. چەند ڕۆژێک لە لقی3ی پارتی بووین، خەڵک دەهاتن بۆ پیرۆزبایی، لەوێ پێشوازیم لێدەکردن و لەسەر بەرنامەی ئیشکردنم قسەم بۆ دەکردن. بۆ مێژوو دەیڵێم به و هەست و رۆحێکی یەکسانیخوازییەوە دەستم به کارەکان کرد، بێ ئەوەی جیاوازی لەبەینی هیچ کەسێکدا بکەم جا ئیتر لە هەر حیزبێک بێت. لەبەر ئەوەی ئەم پارێزگایە هیچی نەبوو، مام جەلال ئامبولانسێکی تازەی دامێ کە بەکار نەهاتبوو، هەروەها 100 کڵاشینکۆفیشی دامێ، کاک مەسعود بارزانیش 100 کڵاشینکۆفی دامێ. بۆ ئەوەی کەموکووڕییەکانی پۆلیسی پێ پڕ بکەمەوە، منیش کەموزۆر دابەشم کرد. ئەو کاتە ش کاملی عەلی کاکی مدیر پۆلیسی کەرکووک دەستنیشان کرا. ئەویش دەوری باشی بینی و شارەزایی هەبوو، هەندێک لە چەکە کان ئه و بەسەر پۆلیسدا دابەشی کردن، چونکی نەک هەر چەک، وەک هەر شوێنێکی تری کوردستان هەموو شتەکان لە کاتی ڕاپەڕیندا تاڵان کرابوو. له و ماوەیەدا پەیوەندییەکی توندوتۆڵمان لەگەڵ خەڵک و حیزبەکاندا بەبێ جیاوازی هەبوو. خۆشم بە حوکمی تەمەنی خەبات و پێشمەرگایەتی کەسێکی نەناسراو و غەریب نەبووم لایان. هەموو هاوکارییان دەکردم، منیش وابووم بۆ ئەوان. پاش چەند ڕۆژێ گەڕاین بۆ ئەوەی جێگەیەک بۆ پارێزگا بدۆزینەوە.

بینای قائمقامیەتمان هەڵبژارد

ئەم بینایە کەڵکی نەبوو، دەرگا و پەنجەره و پێویستیی زۆری دەویست. دەستمان کرد بە چاککردن و پینەوپەڕۆی، بۆ ئەوەی دەست بکەین بە ئیشکردن و کاری ڕۆژانە خەڵکی ببەین بەڕێوه. باش بوو لە ماوەیەکی کەمدا جێبەجێمان کرد و چووینە ناو بینای پارێزگاوە.

بەشی پێویست کارمەندمان دابین کرد. لەگەڵ جێگری پارێزگا (سیروان کاکەیی) برایانە کارەکانمان بەڕێوە دەبرد. من لای خۆمەوە جیاوازیم نەدەکرد، چونکی حکومەتەکەمان نیوەبەنیوە بوو، ئەم بەڕێزانەش وەک قائیمقام له بەینی پارتی و یەکێتیدا دامەزران.

1- شەفیق ئەمین کارگێڕی خۆجێیەتی

2- جەبار یاوەر قائمقامی چەمچەماڵ

3- سەرتیپ جاف قائمقامی کەلار

4- عەدنان حەمەی مینه قائمقامی دەربەندیخان

5- فاروق قادر حەمە ساڵح قائمقام خانەقین، لە مەیدان دادەنیشت

6- مەلا سەعید قائمقامی کفری

پارێزگای کەرکووک

دیارە کە دەڵێن پارێزگا، هەر ناوەکەی و کەسە دیاریکراوەکانی هەبوو، ئەگینا تاکە بەڕێوەبەرایەتییەکیشی نەبوو. یەکەمجار بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیمان دامەزراند، کە دکتۆر عسام بوو. شارەوانی نەبوو، کشتوکاڵ نەبوو، کارەبا نەبوو، هەموو بەشەکانی تر، چونکی ئەمانە هەمووی لە مەرکەزی کەرکووک بوو و لەژێر دەسەڵات ڕژێمدا.

هەموو ڕۆژێک کە دەچوومە دەوام، خەڵکێکی زۆر لە هەموو شوێنەکانەوە دەهاتن بۆ پیرۆزباییکردن و پشتیوانیی خۆیان نیشان دەدا. له و جێگەیانەوە دەهاتن، کە بە حساب سەر بە کەرکووک بوو، هەروەها له و شوێنانەی ئاوارەی کەرکووکی لێبوو. بۆ نمونە ڕانیە، دارەتووی لای هەولێر، بنەسڵاوە، هەولێر، سەربازگەی سەلام لای سلێمانی، شانەدەری، چەمچەماڵ و جێگەکانی تریش. هەر هەمووشیان دەرکراو و ماڵوێران و کەمدەرامەت بوون، ژیانێکی مەمرە و مەژییان بەسەر دەبرد. هەموویان لە کەرکووک دەرکرابوون، بۆ نمونە لە شانەدەری ژیانیان لە کابینەدا بەسەر دەبرد، دووپشک و مار هەراسانیان کردبوون، پارێزگاریش هی خۆیانە. ڕۆژانە دەهاتن داوای چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانیان دەکرد و منیش دەستم کورت و بێئیمکانیات بووم. ئەگەرچی لە ڕابوردوودا وەزیفەم نەبینی بوو، بەڵام ئیدارەیەکی باشم دەکرد هەر بەقسەی خۆش. ئەگەر شتێکم پێبکرایە، بۆم دەکردن. ئه و ماوەیەی لەوێ بووم، به هۆی کارمەندێک کە پوورزام بوو، لە شاری کەرکووک خوێندبووی و ژیابوو بە ناوی ئازاد تۆفیق عەزیز لە ئەسڵدا خەڵکی کورەداوێ شارباژێڕ بوو، سەرمان کرد بەهەموو ئه و ڕێکخراوانەی هاتبوونە کوردستان بۆ هاوکاریی خەڵکی. بە ڕاستی ئازاد دەورێکی زۆر باشی بینی، خۆشی دەرچوی زانکۆ بوو. لە ڕابوردوودا وەزیفەی بینیبوو، هیمەتێکی باشی کرد بۆ ئاوارەکان، وەک ئازووقە و جلوبەرگ و چادر و شتی تر. لەگەڵ ڕێکخراوەکان پەیوەندییەکی باشی دروست کردبوو، بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییەدا به هۆی نەخۆشی وەفاتی کرد. ڕۆژانە ئەوەندەی بۆمان کرابێت، لەگەڵ سیروان کاکەیی و باقیی برادەرانی تر لە کاردا بووین بۆ سەرخستنی پارێزگای کەرکووک و کارەکانی.

له و ماوەیەدا ناوبەناو سەردانی هەموو ئه و جێگەیانەم دەکرد کە سەر بە پارێزگاکە بوون، وەک قائیمقامیەتەکانی کەلار، کفری، خانەقین، کە لە مەیدان داماننابوو، چونکی خانەقین لەژێر دەسەڵات ڕژێمدا بوو، بەڵام دێهاتەکانی سنوورەکەی لەبەردەستی خۆماندا بوو، هەروەها چەمچەماڵ، لەبەر ئەهمیەتی کەرکووک قەزای دەربەندیخانیان خستبۆوە سەر کەرکووک لە ئیدارەی سلێمانی. له و ماوەیەدا جێگە نەما سەری پێدا نەکەین، لەگەڵ خەڵکی سنوورەکە دادەنیشتین و گوێمان لە داوا و پێویستیەکانیان دەگرت. چەند جارێکیش سەردانی ئەنجومەنی وەزیرانم کرد. ئەوەی ڕاستی بێت، به هۆی ئازادەوە ڕێکخراوەکان ئەرکی سەرشانی منیان سوک کردبوو. ئازاد درێغیی نەکرد لە هاتوچۆیان بۆ پەیداکردنی پێویستی بۆ پارێزگا. خۆشم پەیوەندییەکی باشم هەبوو لەگەڵ حیزبەکانی سنوورەکە، بەتایبەت لەگەڵ برایانی پارتی. ئەو کاتە بەڕێز مەسعود ساڵەیی لێپرسراوی لقی حیزبی بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پارێزگایە بێکەموکوڕی و بێکێشە نەبوو، هەر له و سەردەمەی من لە پارێزگای کەرکووک بووم، کێشەیەک دروست بوو لەگەڵ بزووتنەوە ی ئیسلامی، خەریک بوو گەورەترین شەڕی لەسەر دروست بێ. شاری دەربەندیخان شاهیدن زۆر بە هۆشیاری و هەستیاری چارەسەرمان کرد و کۆتایی هات، خەڵکیش سوپاسیان کردین. ئێستاش خەڵکی دەربەندیخان باسی دەکەنەوە.

شەڕی کفری لە نێوان یەکێتی و بزووتنەوە

من لە سلێمانی بووم. مام جەلال ئاگاداری کردم کە بچم بۆ کفری. کێشەیەک ڕووی دابوو لەوێ. وتی مامۆستا شێخ محەمەد بەرزنجی لەگەڵ خۆت ببە و پێکەوە بچن و زوو چارەسەری بکەن. مامۆستا کە ئێستا پێشەوای کۆمەڵی ئیسلامییە، شاهیدە. هەردووکمان یەکمان گرتەوە، خۆمان حازر کرد و بەڕێکەوتین. شه و درەنگ دەوری نزیکەی سەعات دووی شه و بوو بۆ دەربەندیخان، لەوێشەوە بۆ کفری. شه و درەنگ گەیشتینە ئەوێ، هەردوو لایەنی شەڕکەرمان ئاگادار کردەوە کە هاتووین. سەردانی کۆمیتە و بارەگای بزووتنەوە مان کرد. هەر لایەش هێزی خۆی ئامادە کردبوو و سەربانەکان گیرابوون.

ئەوەی بۆمان کرا، چارەسەری کێشەکەمان کرد. برایانی بزووتنەوە وتیان چەکی شەهیدەکانمان فەوتاوه و داوایان کردەوە. هەر بۆ چارەسەری کێشەکە من لەوێ چوار چەکم لە پاسەوانەکانی خۆم وەرگرت و تەسلیم بە برایانی بزووتنەوە م کردەوە لەباتی ئه و چەکانەی کە فەوتاوە. له و شەڕ و جەنجاڵیەدا کێ دەزانێ چەک کێ بردوویەتی و لای کێیە، شڕەخۆر زۆرە. لەگەڵ مامۆستا لە کفرییەوە بەڕێ کەوتین بۆ ئەوەی بێنەوە بۆ سلێمانی. شەهیدەکانمان لەگەڵ خۆمان هێنا، یەکێکیان خەڵکی کەلار بوو. تەسلیممان کردەوە بە کەسوکاریان و دووەمیان خەڵکی دەربەندیخان بوو، ئەویشمان بردە مزگەوت و تەسلیم بە کەسوکاریان و بزووتنەوە مان کردەوە. سێهەمیان لە زەڕایەن تەسلیممان کردەوە بە بارەگاکەیان کە لەسەر جادەکە بوو و لە مەخفەرەکەی زەڕایەندا بوون. کەسێکیان هەندێ قسەی ناشیرینی کرد. لەبەر حورمەتی مامۆستا (شێخ محەمەدی بەرزنجی) وەڵامم نەدایەوه. شەهیدێکی ترمان پێبوو، پێکەوە هێنامانەوە بۆ بارەگای بزووتنەوە و تەسلیممان کرد. بارەگا لەسەر شەستیەکەی سلێمانی بوو، شەهیدەکەش خەڵکی ڕانیە بوو. پاش ئەوەی ئیشی هەردووکمان تەواو بوو، سوپاسی یەکترمان کرد و خواحافیزیمان کرد. هەر ئه و ڕۆژە لە هەولێر دەبوایە بچوومایە بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی، پێشتر بڕیاری لێدرابوو.

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی لە هەولێر

لە هەولێر لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا کۆبوونەوە بە سەرپەرشتیی مام جەلال دەستی پێکرد. لە ناوەڕاستی کۆبوونەوەکەدا بووین بروسکە هات بۆ مام جەلال کە لە شاری ڕانیە بزووتنەوە ی ئیسلامی پەلاماری کۆمیتەی ڕانیە یان داوه و داگیریان کردووه، پێنج لە هەڤاڵانمانیان شەهید کردووە: لێپرسراوی کۆمیتەکە مامۆستا محەمەد سوڵتان بوو، عەلی مام قادر، سلێمان فەخری، بەختیار محەمەد مەجید، عەزیز شێخە.

چوونە تە سەر بارەگا و لەناو بارەگاکەدا شەهیدیان کردوون، ئەوەی لە کفری کوژراوە من و مامۆستا شێخ محەمەد کە هێناومانەوەتەوە بۆ سلێمانی و ئەوانیش ڕەوانەی ڕانیە یان کردۆتەوە، لە ڕانیە بە خۆپیشاندان بە ناو شاری ڕانیە و بەردەم کۆمیتە ڕانیە دا بردوویانه، لەوێ دەستیان کردووە بە هاوار و قسەی ناشیرین و شعاری ئیسلامی و دژی یەکێتی و حەماسی خەڵکەکەیان هەڵساندووە. ئه و لێپرسراوانەی لەوێ بوون، بەرنامەیان داناوە بۆ تۆڵەکردنەوە. بە شەرتی مامۆستا محەمەد نەیهێشتووە فیشەکێک بتەقێ، پیاوێکی نەرم بوو و بڕوای نەبووە ئه و کارە بکەن. خۆشیان بۆ هیچ ڕووداوێک ئامادە نەکردووە، بێجگە لە شەهیدکردنی ئه و هەڤاڵانە، هەرچیش لە کۆمیتە بووە، گرتوویانن و به دیلی بردوویانن.

ئیتر کۆبوونەوەکە کۆتایی هات. دەبوو هەریەکەمان بچێتەوە بەلای جێگەی خۆیەوە و ئاگاداری وەزعەکە بین، بزانین ئەم ڕووداوە لە کوێی تر سەر دەردەهێنێ، خۆشمان ئامادە بکەین بۆ هەر ڕووداوێک و ئەگەرێک.

ئێمە هیچ بەرنامەیەکی شەڕمان نەبوو. ئەوانەی سلێمانی و کەرکووک و ڕانیە دەبوایە بهاتینایەتەوە بۆ کۆیە. لەسەر شاخی هەیبەت سوڵتان بزووتنەوە بازگەیەک یان بڵێین بارەگایەکیان هەبوو، بە گەورەی (لا اله الا اللە)یان لەسەر نووسی بوو. نەمانتوانی لەوێوە بگەڕێینەوە، چووینە وە شەقڵاوە و لەوێوە گەڕاینە وە بۆ سلێمانی و گەرمیان.

بارەگای سەرەکیی بزووتنەوە لەسەر ئەشکەوتان لە بێتواتە بوو

بارەگای شێخ عوسمان کە ڕابەری بزووتنەوە ی ئیسلامی بوو، لەوێ بوو. بەنیاز بوون لە حەوزی پشدەر و بیتوێن و تاکو کۆیە دەوڵەتی ئیسلامی دروست بکەن، یان ئیعلانی بکەن. غروریان بێسنوور بوو. وەڵامی کەسیان نەدەدایەوە و لە بازگەکانیش ڕانەدەوەستان. لە ڕانیە ش پاش شەهیدکردنی محەمەد سوڵتان، شەڕ دەستی پێکردبوو، دیارە لە پای ئەمەی کردوویانە، دەبێ حسابی وەڵامدانەوەش بکەن. هەڤاڵ جەبار فەرمان لەبەر ئەوەی سەرلەشکری یەکی سلێمانی بوو، لێپرسراویەتیی هەبوو بەرامبەر ئەم ڕووداوە. بۆ ئەم مەبەستە ئێمەش لەگەڵ هەڤاڵانی مەڵبەندی سلێمانی بۆ چارەسەری ئەم کارەی هاتۆتە پێشەوە، کۆبووینەوە. دیارە شەڕ هەموو ئه و جێگەیانەی گرتەوە کە بزووتنەوە ی لێبوو. لە ماوەی دوو ڕۆژدا هەموو بارەگاکانی بزووتنەوە گیرا بە بێتواتەشەوە. لە سلێمانیش بەهەمان شێوە بارەگاکانیان گیرا، چونکی ئەوان گەورەترین هەڵەی سیاسییان کرد کە هاتن بەگژماندا، نە قۆناغەکە پێویستی دەکرد، نە شەڕیش پێویست بوو. ئەم غرورە لەپای چی؟ لە هەردوولاش کوژراوێکی زۆر هەبوو، دەست بەسەر هەموو بارەگاکانیان گیرا و ڕایان کرد بۆ ئێران. مەلا عوسمان و ئەوانەی لەگەڵی بوون لەکاتی هەڵاتن لە دۆڵی شاورێ گیران، هەر بۆ نمونە عومەر چاوشین کە سەر بە حکومەت بوو، چوار پێشمەرگەی شەهید کردبوو لە سلێمانی، لای ئەوان داڵدە درابوو، ئەویش لەلای دارەبەن لە دۆڵی شاورێ کوژرا.

ئیتر لەسەر داوای برایانی پارتی و جەنابی کاک مەسعود بارزانی مەلا عوسمان تەسلیم بەوان کرا و ناردیان بۆ مەسیف. دیارە لە هەورامانیش شەڕیان کرد، بەڵام لەوێش شکان و خۆیان کرد بە ئێراندا. ماوەیەک هێزەکانمان لە تەوێڵە مانەوە، ئەمەش هەمووی بە شەڕ بوو، بارەگایان نەما و چوونە ئێرانەوە. لەوێش ڕادیۆیەکیان دانا و دەستیان کرد بە بەرنامەی خۆیان.

دوای ئەمە منیش گەڕامەوە بۆ دەربەندیخان بۆ پارێزگا. لەوێش وەک جاران کاری خەڵکیمان ڕادەپەڕاند. له و ماوەیەشدا سەردانی شارۆچکەکانم کرد و لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک کۆ دەبووینەوە. ئەوەی ڕاستی بێت، ئەم کارانە زۆر هیلاکی کردبووم، پاش ماوەیەک داوام لە سەرکردایەتی و مام جەلال کرد بۆ ئەوەی لە پارێزگای کەرکووک لابچم. دەستیشم کورت بوو، داوای هەموو خەڵکیم پێ جێبەجێ نەدەکرا. چونکی هەموو ئه و ڕێکخراوە ناحکومیانەی هەبوون و ئەوانەی لە ئەوروپاوە هاتبوون، هاوکاریی کەرکووکیان نەدەکرد لەبەر ئەوەی کەرکووک سەر بە حکومەتی مەرکەزی بوو لەبەر بەرپرسیارێتیی خۆیان نەدەهاتن، چونکی حکومەتی عێراق کێشەی بۆ دروست دەکردن. هەرچییەکمان بکردایە، دەرەقەتی ژیانی خەڵکی نەدەهاتین. ڕژێمی دیکتاتۆری وای وێران کردبوو، هەڵسانەوەی به و ماوە کورتە ئاسان نەبوو.

پاش ئەوەی داواکەم لەلایەن سەرکردایەتی و مام جەلالەوە قبوڵ کرا، وتیان پێویستە چاوێک بە دۆخی ڕانیە و قەڵادزەدا بخشێنینەوە. تۆش حازر بە، دەبێ بچیت بۆ ئه و ناوچەیە. منیش ڕازی بووم، سەرکردایەتی بڕیاری بۆ دەرکردم بچم بۆ ئەوێ و ببم بە لێپرسراوی مەڵبەند.

دروستکردنی مەڵبەندی هەشتی ڕاپەڕین

کاتی خۆی مەڵبەندی شەشی سۆران هەبوو کە سنوورەکەی ڕانیە و قەڵادزە و سۆران و شەقڵاوەی دەگرتەوه. کە من دیاری کرام، مامۆستا چەتۆش لە مەڵبەندی شەشی سۆران بوو، لێپرسراوی بوو، گوێزرایەوە بۆ مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانییە کان.

چوونم بۆ ڕانیە

ئه و ڕۆژەی کە دیاری کرا بڕۆم بۆ ڕانیە، کۆمەڵیک لە هەڤاڵانی م.س و سەرکردایەتی و کادێرە سەربازییەکان لەگەڵم هاتن، بەڕاستی لە ژماردە نەدەهاتن. ساڵی 1994 بوو، خەڵکێکی یەکجار زۆر هەر لە دۆڵی خەلەکان، کانی ماران، قەرەنی ئاغا، گرجان و چوارقوڕنە و ڕانیە، قەڵادزێیەکان، خەڵکی ناوچەکە و کادێرەکان هەموویان لە پێشوازیدا بوون، ئەمبەر و ئەوبەری شەقامەکان ڕیز بووبوون، بە فیلم لام هەیە. ئەوەی بۆ من کرا، شتێکە قەد لە یادم ناچێ و هەتا ماوم سوپاسیان دەکەم، قەرزارباریان کردم، بەڵام ئه و ڕاستییە ش بڵێم من کوڕی ئەوانە بووم، باشم دەناسن و هەمیشە لە خزمەتی یەکێتی و هەژاراندا بووم. ئەوەی بۆیان کردم، لە گێڕانەوە نایەت.

کە گەیشتمە ڕانیە وەک عورف و عادەت مەراسیمێکی یەکجار گەورەیان رێکخستبوو. لە کاتێکدا بوو بزووتنەوە ی ئیسلامی شکا بوون وڵاتیان چۆڵ کردبوو. له و جێگەیەی محەمەد سوڵتان و هاوڕێکانیان شەهید کردبوو، من لە سەربانی کۆمیتەکە قسەم کرد، سوپاسی هەمووانم کرد بۆ ئه و پێشوازییەی لێیان کردم. لە برایانی پارتی ئازاد قەرەداغی هاتبوو، ئەو کاتە لێپرسراوی لقی 11 بوو، هەروەها شیوعییە کان و سۆشیالیست هاتبوون. لە وتارەکەشمدا سوپاسی هەموویانم کرد. لە پوختەی قسەکانم وتم چۆن لە پێشمەرگایەتیدا لە خزمەت ئەواندا بووم، ئێستاش هەر به و ڕۆحیەتەوە هاتووم. ئەم حکومەتە تەواوکەری شۆڕشەکانی کوردە لە شێخ مەحموودی حەفیدەوە کە مەلیکی کوردستان بوو بۆ پێشەوا قازی محەمەد و بارزانیی نەمر و شۆڕشی ئەیلوول، دەبێ به هەموومان بیپارێزین و به چاومان پارێزگاریی لێبکەین. مەراسیم تەواو بوو، قەناعەتی تەواوم بە برایەتی و پێکەوەژیان هەبوو. ئه و برایانەی لە پارێزگای کەرکووک لەگەڵم بوون و برایانی پارتی شا هیدی ئەم قسانەمن، وەک سیروان کاکەیی و شەفیق ئەمین و فاروق قادر حەمە ساڵح و سەرتیپ جاف و دژوار.

مەڵبەند دروست بوو و کادێرەکان دیاری کران، بەڵام جێگەیەک نییە بۆ بینای مەڵبەند. لە کۆمیتەی ڕانیە دەوامم دەکرد، ماوەیەکی زۆر هەر خەریکی پێشوازی بووم لە خەڵکی سنوورەکە و کەسایەتیەکانی سنوورەکە و کادێر و پێشمەرگەکان. بیرم کردەوە چۆن بینایەک پەیدا بکەم بۆ مەڵبەند بۆ ئەوەی بتوانین کاری تێدا بکەین. ئەم بینایەی ئێستا مەڵبەندی تێدایە، ئاوارەی ئێرانی تێدابوو، وێران بوو، هەر ئەوێش گەورە بوو و به کەڵک دەهات. پاش خۆناساندن داوام لێکردن و شتێک یارمەتیم دان، بۆیان چۆڵ کردین. هەر بینایەکیش خەڵکی فەقیرو هەژاری تێدا بێ و ئاوارەی تێدا بێ، دەرگا و پەنجەرەی تێدا نامێنێ. دەستمان کرد بە چاککردنەوەی. پاش ماوەیەکی کورت حازرمان کرد و چووینە بینای تازەوە. ژوورەکانمان ڕێکخست بۆ بەشەکانی مەڵبەند، چاومان بە کۆمیتەکان و ڕێکخستندا خشاندەوه. ڕۆژانەش سەردانی جێگەکانمان دەکرد. له و کاتەی مەڵبەند دروست بوو، هەڤاڵ مستەفای سەید قادر لە مەکتەبی ڕێکخستن بوو کادێرێکی چالاک و خۆشەویست بوو، بەتایبەت لە پشدەر و بیتوێن. کاک مستەفا هات بۆ پیرۆزبایی، قسەم لەگەڵ کرد کە بێتەوە و هەردووکمان وەک پشدەری خزمەتی بکەین. داواکەی قبوڵ کرد. لەگەڵ کاک عومەر فەتاح کە ئەو کاتە لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستن بوو لە هەولێر قسەمان کرد. ئەوە بوو هەڤاڵ مستەفا وەک جێگر هاتەوە لامان و وەک یەک ستاف کارمان دەکرد. له و کاتەشدا گۆڕانێکی یەکجار بەرچاو ڕووی دا له و سنووره، له و سەردەمەدا لەبەر خەڵکی و ئەندامانی یەکێتی و مەڵبەند ڕێگە نەبوو. مستەفای سەید قادر جێگرم بوو. ئەندامانی مەڵبەند 1- قەرەنی عەبدوڵڵا 2- مامۆستا عەزیز 3- دکتۆر خەسره و 4- حاجی دێلویی 5- محەمەد وەتمان 6- بابەکر دەریی 7- کوردە چاوشین، 8- لەگەڵ لێپرسراوی کۆمیتەکان، مامۆستا عەلی حەمەد بەگ.

هەموومان بە پەڕۆش بووین بۆ سەرکەوتنی مەڵبەندەکە و خزمەتی خەڵکی ناوچەکە. سەردانی هەموو بارەگاکانی حیزبەکانم کرد، لەگەڵ برادەرانی پارتی و زەحمەتکێشان و شیوعی و سۆشیالست و یەکگرتوو ڕۆژبەڕۆژ باشتر دەبووین.

خەڵکی گلەیی لێدەکردین بۆچی سەردانیان ناکەین، دووجار جەمال کاک ئەحمەدی دارەشمانە هات بۆ لامان، وتی بۆچی سەردانمان ناکەن، بەڵێنمان دایە کە هەر ڕۆژێک ڕێک بکەوێ، بچین بۆ لای.

شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی

بۆ مێژوو دەیگێڕمەوه، زیادوکەمی لێناکەم، ڕۆژی 01-05-199401-05-1994 جومعە بوو، لە دوو سەرەوە دەواممان نەبوو، هەم یەکی ئایار کە جەژنی کرێکاران بوو، هەم جومعەش بوو. وتمان دەچین بۆ دارەشمانە سەردانی جەمال کاک ئەحمەد دەکەین، ئەوەندەی لەبیرم بێ، خۆم بووم، مستەفای سەید قادر، محەمەد وەتمان، هەندێک کەسێکی دیکەش بووین. لە ڕانیە وە ڕۆیشتین. لە ڕێگە لەناو سەیارەکەدا وتیان کوێخا عەلی قەلاوە تەعزێیان هەیە لە ژاراوه. وتم فرسەتە و دەچینە تەعزێکەش. چووینە ئەوێ، فاتحامان خوێند و دوایی هەڵساین بەره و قەڵادزێ ڕۆیشتین. کە گەیشتینە قەڵادزە، وتیان مام جوتیار و ئەوانیش تەعزێیان هەیە، خزمێکی مین پێیدا تەقیوتەوە و شەهید بووە. چووینە مزگەوتی هێرۆییەکان. لەوێش مام جوتیار وەک خاوەن تەعزێ به پێوە وەستابوو. پاش فاتحە بەره و دارەشمانە کەوتینە ڕێ. گەیشتینە ئەوێ و چووینە ماڵی کاک جەمال. وتیان لێرە نییە، چووینە ماڵی خزمیان، چایەکمان خواردەوە و هەڵساین بگەڕێینەوە بۆ قەڵادزە. گەیشتینە قەڵادزە لە گەڕەکی سەرەوە داخڵی ناو قەڵادزە بووین. هەندێک پێشمەرگەمان بینی لەبەردەم لیژنەی ناوچەی پارتیدا و جامانەی سوریان لەسەردا بوو، وتیان ئەمانە چین؟ وتم دیارە میوانی خۆیانە، هاتوون بۆ لایان و ئیشی خۆیان هەیە. چووینە ناو قەڵادزە، وتم با سەردانێکی کۆمیتەی خۆمان بکەین، ناکرێ لێپرسراوی مەڵبەند بیت، بچیتە قەڵادزە و سەردانێکی کۆمیتەکەی خۆت نەکەیت. منیش تازە چوومە تە ئەوێ. چووینە کۆمیته و تۆزێک دانیشتین. کۆمەڵێک لە دوکاندارەکان هاتن. وتیان عەلی حەسۆ میرخان هاتووە و شۆڤڵی هێناوە. دەڵێت ئەگەر چۆڵی نەکەن، دوکانەکان دەڕووخێنم. منیش وتم بڕوا مەکەن، چۆن دوکان تێک دەدەن؟ من ئەو کاتە زانیم عەلی حەسۆ میرخان هاتووە بۆ قەڵادزە.

ئەوانەی هاتبوون ڕۆیشتن. کە لە کۆمیتە هەڵساین بڕۆینەوە بۆ ڕانیە، لەسەر سوچەکەی دەچێتەوە سەر شەقامی گشتیی قەڵادزە و نزیک دوکانەکان بوو، جارێکی تر پێشیان پێ گرتمەوە و وتیان مامەی ئاسایش هاتووە، دەڵێت به ڕاستمانە و دەیڕووخێنین. ئیتر ناکرێ هەروا لێی بگەڕێیت. منیش وتم خۆ هەموومان دەڵێین قەڵادزە دووجار شەهید کراوه، بەڕاستی بڕوام نەکرد. وتم کاک محەمەد تۆ لێرە بمێنەرەوە و مەهێڵە هیچ ڕوو بدات. من ڕۆیشتمەوە بۆ ڕانیە و چوومە ماڵی دڵشادی مام قادر. وتی دەبێ نیوەڕۆ لای من بن بۆ نانخواردن. نانمان خوارد، نزیکەی سەعات دوو دەبوو. کاتێکم زانی چەند کەسێک لە قەڵادزەوە هاتن بۆلام بۆ ماڵی کاک دڵشاد. ئەوانەی هاتبوون، ئەم کەسانە بوون: 1 بابەکری فەقێ ئەحمەد کارگێڕی لقی 11 بوو 2 ئاغای غەفور 3 خاڵە هەمزە، خەزوری کاک عومەر قەڵادزەیی، وتیان وەزعەکە خراپ بووە، خەڵکی هەڵستاوە و خەریکە شەڕ دروست دەبێ. منیش وتم برایانی بەڕێز بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لام باشە عەلی حەسۆ میرخان بڕواتەوە. بەیانی من و کاک ئازاد قەرەداغی لێپرسراوی لقی یانزە دادەنیشین و بڕیارێکی لێدەدەین. قائمقامیش کاک نادری حەمە قادرە، کە پارتییە. یاسا چ بڕیارێک بدات، ئەوە جێبەجێ دەکەین. گلەیم لە کاک بابەکر کرد و پێم وت دوو ڕۆژ پێش ئێستا باوکت کێشەی زەویی هەبوو لە سەروچاوە. ئەحمەدی حاجی قادرم لەگەڵ برادەرانی ئێوە نارد. لەبەرخاتری ئێوە و تەبایی پاراستن غەدرمان لە جوتیارەکان کرد. وتم دەبوایە ئەوەشم نەکردایه، چونکی جوتیارەکان گلەییان لێکردم. وتیشم کاک بابەکر ئەم کێشەیەش لەسەر مێزەکەی من و کاک ئازاد قەرەداغی چارەسەر دەکرا، نەک هێز بهێنن و زۆربەی لقی 11 دوای عەلی حەسۆ میرخان بکەون. هەر لێرە لە ڕانیە چارەسەرمان دەکرد. پێم وتن خۆ ئەم کێشەیە هی ئێمە نییە وەک یەکێتی، هی دوکاندار و عەلی حەسۆ میرخانە. من بۆچی بێم؟ خۆتان بڕۆن بڵاوە بە هێزەکە بکەن، بەیانی هەمووی چارەسەر دەکەین. گلەییشم لە ئاغای غەفور کرد و وتم تۆ پەیوەندیت بەم مەسەلەیەوە چییە؟ بابەکری فەقێ ئەحمەد وتی بروسکە دەکەم بۆ کاک مەسعود بارزانی، وتم کەیفی خۆتە چی دەکەی. ئیتر ئەوان ڕۆیشتن، منیش دوای ئەوان چوومە وە بۆ مەڵبەند لە ڕانیە. بەڵام دیار بوو خەڵکەکە ڕێگەیان گرتووە لەسەر ئه و هێزەی هێنابووی، منیش بروسکەم دەکرد بۆ هێورکردنەوەی.

لە دەوری سەعات 6 مامۆستا مەلا محەمەدی دەڵگەیی وەکیل وەزیری ئەوقاف بوو و لە قەڵادزە بوو. بروسکەیەکی کرد بۆمان و نووسیبووی عەلی حەسۆ میرخان لە شەقامی کەمەر بەندێوە دەگەڕێتەوه و واپێک هاتووین. منیش بروسکەم بۆ کرد و وتم دەستتان خۆش بێت، کارێکی باشتان کردووە ئەم کێشەیەمان لە کوڵ بۆتەوە.

لەپڕێکدا سەعات حەوتی ئێوارە بروسکەیەکی تر لە کۆمیتەوه هات. دەڵێت جەماعەتی عەلی حەسۆ میرخان (مام جوتیار)یان شەهید کرد. لام سەیر بوو، بەڕاستی باری کارەکەی قورس کرد.

بەم شێوەیە بووە دەنگە دەنگ و دەڕۆین و ناڕۆین. لە کوێوە بڕۆین؟ هەندێک لەوانەی پارتی دەڵێن چۆن دەبێ کاک عەلی لە دەرەوەی شارەوە بڕوات؟ کەسەکانیش دیار بوون، مام جوتیار دەچێت بەبێ چەک قەناعەتیان پێبکات بڕۆن. لەوێ مام جوتیار شەهید دەکەن، وەزعەکە ئاڵۆزتر دەبێ. مام جوتیار لای ئێمە کەم نەبوو، لێپرسراوی پێشمەرگەکانی ناوشار بوو، منیش تازە چوومە تە ئه و مەڵبەندە. هێشتا دیوارەکانمان بۆیاخ نەکردووە، شەڕ بەردەگای پێگرتین. شەوی 1\2/5/1994ە، منیش دەبێ ئیحتیاتی خۆم بکەم، چونکی هێزم نەبوو، ئەم شەڕەش بەردەرگای گرتووە. ناردم بەدوای عەلی نەبی و ئیسماعیل وەرتێی تۆفیق کانی وەتمانیدا. پێم وتن لە قەڵادزە شەڕ دروست بووه، ئێوەش بچن و ئاگادار بن کۆمیتە نەگیرێ. پارتی دەوریان داوه، گردی حوسنیشیان گرتووه، کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی قەڵادزە-ڕانیە. ئەوانم بەڕێ کرد. کە چووبوونە ئەوێ، پارتی دامەزرابوون کوچە و جێگە باشەکانیان گرتبوو. ئەمانیش به و شەوە گەیشتونەتە ئەوێ و نەشارەزان، لە دەوری کۆمیتە دەبن. کە ڕۆژبۆوە، سەربان و بنبانیان گرتووە، تەقە لەمانیش دەکەن و شەڕەکە گەرمتر دەبێ. هەر لەوێدا عەلی نەبی شەهید دەبێ. عەلی نەبی ئه و پێشمەرگەیەی یەکێتی بوو، کە لە ڕابوردوودا زۆری تەمەنی خۆی لەگەڵ یەکێتی سەرف کردووە، لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991دا لە شاری ڕانیە یەکەم فیشەکی ڕاپەڕینی تەقاند، ئه و ئیستخباراتەکانی کوشت و ڕاپەڕین دەستی پێکرد. وەک عەشیرەتیش لە خزمانی شاورییە. به هەرحاڵ، تەمەنی عەلی نەبی دیارە، هەروەها ئیسماعیل وەرتێ یش هەر کۆنە یەکێتی بوو و لە شۆڕشدا دەوری هەبوو. لێپرسراوێتیی هەبوو. تەرمی عەلی نەبییان هێنایەوە بۆم بۆ ڕانیە. ئیسماعیل وەرتێ و تۆفیق کانی وەتمانی بریندار بوون. ئەویش وەک ئەوان لە (پ.م) کۆنەکان و بەرپرسەکانی یەکێتییە.

ڕۆژی 02-05-199202-05-1992 شەڕ دەستی پێکردووه، ئەمبەروئەوبەرمان لەیەک گرتووە. عەلی حەسۆ میرخان و ئەوانەی لەگەڵیان، لە گردی حوسنییەوە کە دەروازەی شاری قەڵادزەیە و بەرزترین گردە گرتویانە، هاتوون نزیک ژاراوە بوونەتەوە. شۆفێرەکەی محەمەد وەتمانیان هەر لەسەر پردەکەی قەڵادزە لەناو سەیارەکەیدا شەهید کرد. من هەر لە ڕانیە م، هەرچی لە خزمەکانی عەلی نەبی و ئەوانەی تریش کە دێن دەڵێم، شەڕ لە قەڵادزەیە. محەمەدی کوڕی عەلی نەبی هاتە ژوورەکەم، نەیزانیبوو باوکی شەهید بووه. منیش من پێم نەوت. له و کاتەدا یەکێک هات و وتی عەلی نەبی شەهید بووە. محەمەدی کوڕی تفەنگەکەی دا بە زەویدا و ڕۆیشت. لە ژوورەکەی من لە مەڵبەند چەندی یەکێتیی لێیه، ئەوەندەش برادەرانی پارتی لامن 1 محەمەد عەلی، خەڵکی مەلا سەفی ئەندام لقی 11 بوو. 2 نادر قائمقام قەڵادزە بوو و خزمایەتیشمان هەیه، جەعفەر لێپرسراوی ئاسایشی پارتییە، ئیتر له و کاتەشدا ئازاد قەرەداغی لە سلێمانی بۆ ڕانیە گەڕایەوە، خەڵکی ڕێگەیان گرتبوو، لە چوارقوڕنە سەیارەکەی خۆم بۆ نارد. هات بۆ مەڵبەند.

لەسەر شەڕەکان و ڕووداوەکان بروسکە لەسەر بروسکە دەهات. هەموویم نیشانی برادەرانی پارتیش دەدا، زۆریشم پێناخۆش بوو. بروسکەیەک هات باسی کوشتنی (بارزان)ی برازای نادری کرد، یەکسەر نیشانم دا. خۆی ماوە و شاهیدە.

هاتنی لیژنەیەک لە هەولێرەوە

لیژنەکە هات و لە ژوورەکەی خۆم بەخێرهاتنم کردن. لیژنەکە لە بەڕێزان یونس ڕۆژبەیانی وەزیری ناوخۆ و دارۆی شێخ نووری وەزیری دارایی پێک هاتبوو. بۆ مێژوو دەیڵێم هەر له و بەینەدا بروسکەیەکی کاک مەسعود بارزانیم بۆ هات و دەڵێت هەوڵ بدەن هەردوولا چارەسەری وەزعەکە بکەن، من ئاگادار نیم عەلی حەسۆ هاتووە بۆ قەڵادزە و گرتنی بارەگاش قبوڵ ناکەین. منیش بە باشی وەڵامی بروسکەکەم دایەوە. به هاتنی لیژنەکەش وەزعی ڕانیە شڵەژاویی پێوە دیار بوو. من لیژنەیەکم پێک هێنا لە حاجی دێلۆیی ئەو کاتە لای ئێمە ئەندام مەڵبەند بوو و لە کۆمەڵایەتی بەرپرس بوو، دوایی چووە لای پارتی، محەمەد عەلی کە پارتی. پێم وتن بچن شەڕەکە ڕاگرن و نەهێڵن زیاتر بێ. هەروەها مامۆستا سەعیدیش لەگەڵیان چوو. بەداخەوە وەفاتی کرد. ئەوانمان ڕەوانە کرد به و هیوایەی کۆتایی بەم شەڕە بهێنن.

کەسێکی وەک عەلی نەبی شەهید بووه. من لە ژووری مەڵبەندم، تەرمەکەیان بە بەردەممدا هێنا بیبەنەوە بۆ دۆڵی شاورێ بۆ دێکەی خۆیان بە خاکی بسپێرن. منیش مۆڵەتم لە کاک یونس ڕۆژبەیانی و کاک دارۆ وەرگرت و وتم ئێوە جەنابتان لێرەبن. من دەچم بەشداری لە ناشتنی شەهید عەلی نەبیدا دەکەم. ئیسماعیل وەرتێ یش وەزعی باش نەبوو، ناردم بۆ هەولێر. سواری سەیارە بووم و چووم بۆ لای بەشداربووانی ناشتنی لە دێکەی خۆیان، کە گەیشتمە سەرقەبران، ئه و بەڕێزانەی لەوێ بوون و ناسیمن 1- جەلیل گادانی 2-ئاکۆی عەباس ئاغا و دەیان کەس لە خەڵکی ناوچەکە. هێشتا قەبرەکە تەواو نەبوو، دانیشتبووین قسەمان دەکرد لەسەر ئەم شەڕەی دەستی پێکردووە. تەقە دامەزرایەوە. ئیتر ناچار بووم مەراسیمی ناشتنەکەم بەجێ هێشت و گەڕامەوە بۆ ڕانیە. کە گەیشتمە مەڵبەند، خەڵکی ڕانیە و خزمانی شەهید عەلی نەبی هێرشیان کردبووە سەر لقی یانزە و گرتبوویان. ئەمەش بارەکەی قورستر کرد. لە مەڵبەندیش یەکێک دەهات و یەکێک دەچوو، بۆ خۆشم زۆرم لا ناخۆش بوو بۆ ئه و برادەرانەی هاتبوون. کاک نادر شاهیدە، له و کاتەی بروسکەیان دەهێنا، لە کەسیانم نەدەشاردەوە. من خۆم کەسێکی سیاسی بووم. کە بووم بە لێپرسراوی مەڵبەند، لە وتارەکەی سەربانی کۆمیتەکەدا کە بە دەنگ و رەنگیش لام هەیە وتبووم دەبێت به هەموومان ئەم ئەزمونه بپارێزین. بەداخەوە ئەوە ی چاوەڕوانمان نەدەکرد، ڕووی دا.

زەمینەی شەڕ لە ئارادا بوو. ئەگەر لە ڕانیە نەبووایە، لە گەرمیان یان لە هەولێر یاخو لە دهۆک شەڕ هەڵدەگیرسا. عەقڵیەتی وەزعەکە و حاکمیەت وای کردبوو، ئەم شەڕەش لە ملی ئێمەوە ئاڵا. لە شەڕیشدا لەسەر حەق بیت یان ناحەق، کەس خۆی بەکوشت نادات، منیش نامەوێ بارەگاکەم بگیرێت. لە دڵدا لە هەموو کەسێکی تری پارتیم پێ ناخۆشتر بوو، بەڵام ئیتر شەڕ شەڕە. جارێکی تر بەداخەوە بۆ هەموو شەهیدەکانی هەردوولا، شەڕەکە بە هۆی هەڵەی چەند کەسێکەوە ڕووی دا.

هێزم لەگەڵ کاک یونس و کاک دارۆ نارد تاکو شاخی هەیبەت سوڵتان. وتم نەک ڕێگەیان پێبگرن، چونکی وەزعەکە خراپ تێک چووبوو، هەموو کەسێک خۆی به شت دەزانی، بەداخەوە شەڕی قەڵادزە بووە هۆی شەهیدکردنی عەلی نەبی و ئیسماعیل وەرتێ و عەلی حەسۆ میرخان و هەروەها مام جوتیار و دەیان شەهیدی تر، نە خواستمان بوو و نه بیرمان لێکردبۆوە. هەموو یەکێکیان بۆ هەمووان وەک یەک بوو، جارێکی تر جێگەی داخە. بۆ ڕۆژی دوایی تەرمی شەهیدەکان و عەلی حەسۆ میرخانمان ناردەوە بۆ لای برادەرانی پارتی، ئەوانەی ئێمەش نێژران.

بەداخەوە ئەم شەڕە هەموو لایەکی گرتەوە. هەروەک وتم، ئەگەر کەم تەجروبەیی لای ئێمە بوو، لە شوێنەکانی تر بۆچی، یان ساڵەکانی دوایی بۆچی؟ زەرەر و خەسارەتێکی گەورە لە هەردوولا کەوت. هەر هەمووشمان بەرپرسیارین بە یەکێتی و پارتییەوە. هەر بەمەش تەواو نەبوو. لەباتی ئەوەی ئه و چەند ساڵە خەریکی خزمەت و ئاوەدانی و بیناکردنی وڵات بین، بە شەڕی یەکترەوە خەریک بووین تاکو هەموومان عاقڵ بووین و به ڕێککەوتنی واشینتۆن لەسەر دەستی مادلین ئولبرایت کۆتایی هات. ماڵی ئاوا بێت، ئەگینا دەیان ڕۆڵەی تری ئەم میللەتە لە هەموو لایەک دەبوونە قوربانیی ئەم شەڕە نەگریسە. بۆ ئەوەی لەبیرمان نەچێتەوە و تووشی ئه و ڕۆژگارە نەبینەوە، هەموومان دەبێ بەرپرسیار بین لە ڕابووردوو و داهاتووش. دوای ئەمەش چەندین لیژنە دروست کران، چەندین جار ژووری عەمەلیات دورست کرا، ئەحمەد چەلەبی هات و چوو، لیژنە دەهات بۆلامان بۆ ڕانیە و قەڵادزە، بۆ چارەسەری ئەم شەڕە.

ئەوەی ڕووی دا لە دڵما بارێکی قورس و گرانه بۆ هەموو ژیانم. چونکی ناخی خۆم دەناسم، بەڵام تەسلیمی کەسیش نابم. زۆر کەسی تر هەبوون، نابێ کەس خۆی لێ دەرباز بکات و دوایی قسەی گەورە بکات.

دوای ئەوەی ڕۆژانی یەکەم و دووەمی شەڕەکە کۆتایی هات، حاجی حاجی ئیبراهیم جوابی نارد و وتی برادەرانی لقی 11 و هەندێک لە ناوچە لای منن، لەگەڵ خۆم دەیانهێنم بۆ لات، منیش وتم زۆر باشە بەخێر بێن. هێنانی و لەگەڵ خۆی بردنیەوه. بابەکری فەقێ ئەحمەد کارگێڕی لقی و هیوا ئەحمەد مستەفا و هەندێکی تریشی لەگەڵ بوو. شەڕ بەردەوام بوو، ئەو کاتە ش مام جەلال و کاک نەوشیروان لە وڵات نەبوون، بروسکەکانیان دیارە.

سەفەر بۆ ڕێککەوتنی پاریس

لە هەڤاڵانی یەکێتی نەوشیروان مستەفا، دکتۆر فوئاد مەعسوم، سەرچڵ قەزاز بوون. منیش مۆڵەتم وەرگرت بچم سەرێک لە منداڵەکانم بدەم لە هۆڵەندا. پاش ئەوەی لە هەولێر کۆ بووینەوە، تەیارەی هەلیکۆپتەر هات، تەیارەی تورکی بوو. لە هەولێر سواربووین و چووە سەری ڕەش نیشتەوە. لەوێش لە برادەرانی پارتی (سامی عەبدولڕەحمان و موحسین دزەیی)ی هەڵگرت. هەر هەموومان لە یەک هالیکۆپتەردا بووین بۆ ئەوەی لە ڕێگەی تورکیاوە بڕۆین بۆ فەڕەنسا بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکی و شەڕە. گەیشتینە سلۆپی و لەوێشەوە بۆ دیاربەکر. دوایی سواری تەیارەی مەدەنی بووین بۆ ئەنقەرە. کە گەیشتینە ئەنقەرە، کاک شازاد سائب لە فڕۆکەخانه چاوەڕوانی دەکردین. من پرسیارم کرد تەیارە هەیە بۆ هۆڵەندا؟ وا ڕێکەوت هەبوو، من لێیان جیا بوومەوە و خواحافیزم لێکردن، هەر ئه و ڕۆژە گەیشتمە هۆڵەندا و ئەوانیش ڕۆژی دوایی چووبوون بۆ فەڕەنسا.

مانەوەم لە هۆڵەندا

ماوەی چەند مانگێ لە هۆڵەندا مامەوه. من به خۆم نەزانی بوو، نیمچە دوورخستنەوەیەک بوو و بە خۆمیان نەوتبوو، چونکی کە باسی گەڕانەوەم دەکرد، کاک شازاد سائب کە لە هۆڵەندا بوو، دەیوت پەلەت چییە؟ ئه و شتێکی دەزانی، پاشان تێگەیشتم.

پاش گەڕانەوەم جارێکی تریش ڕێککەوتنی پاریس جێبەجێ نەکرا، لەبەر ئەوەی هێشتا وەفدەکە نەگەڕابۆوە، ئەوەی لە کۆبوونەوەکان باس کرابوو لە دانیشتنەکان، لای تورکەکان هەبوو، ناڕازی بوون و وتبوویان ئێوە چوون دەوڵەتی کوردی دروست بکەن، یان خۆتان ڕێک بکەون؟ بەداخەوە لە سەردەستی پیاوێکی گەورەی وەک فرانسوا میتران جێبەجێ نەبوو، هەردوو وەفد گەڕانەوه و شەڕ بەردەوام بوو، ئەوەی ڕاستی بێت، لە هەموو ناوچەی شەڕەکان شەڕەکە گەرمتر بوو، بەتایبەت لە پشدەر و خۆشناوەتی، له و شەڕانەدا پارتی و ئیسلامیەکان و پشتیوانی جیرانەکانیشی تێدا بوو. پاش جەولەیەکی تری شەر، ڕێک کەوتن سەری هەڵدایەوە.

چوون بۆ ئیرلەندا و ڕێککەوتنی دبلن

ئەمیش لە پاریس باشتر نەبوو، هەندێک مەرجیان دانا بوو، کە دژی پێ کاکا بوو. تورکەکانی تێدابوو، داوایان کردبوو کە لە دژی شەڕ پێ کاکا بکەین، قبوڵمان نەکردبوو. درێژەکێشانی ئەم شەڕە وەزعێکی ناخۆش بوو بۆ هەمووان. ئەو کاتە شاری هەولێر و چەند جێگەی تریش بەدەست ئێمەوە بوو. چەند هێرش بۆ سەر هەولێر شکستی هێنا، هەموو لایەکی هیلاک کردبوو.

گەڕانەوەم لە هۆڵەندا

هەر له و ماوەیەدا من لە هۆڵەندا گەڕامەوە، ئەو کاتە هەڤاڵ عومەر فەتاح بووبوو بە سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ڕاپەڕین. لە گەڕانەوەمدا وەک جاری پێشوو خەڵکی سنووری پشدەر و بتوێن و شەقڵاوە و سۆران گەورەترین پێشوازییان لێکردم. هەزاران خەڵکی و کادێر و ئەندام پێشوازییان لێکردم لە چنارۆک و هیزۆپەوە تاکو ناو ڕانیە، لە جاری یەکەم کە بووم بە لێپرسراوی مەڵبەند، زیاتربوو. کە من ڕۆیشتم هەڤاڵ مستەفای سەید قادر جێگرم بوو. لە گەڕانەوەشم بۆ دەبوو سوپاسی ئه و خەڵکە دڵسۆزەی یەکێتی بکەم، کە بە پیرمەوە هاتوون و ئه و پێشوازییە گەورەیەیان لێکردم. پێش ئەوەی بچمە سەربانی مەڵبەند، کاک عومەر یان هەر کەسێکی تری م.س قسەیان نەکرد بڵێن تۆ لە مەڵبەند نەماویت و مستەفای سەید قادر کراوە بە لێپرسراوی مەڵبەند. چوومە سەربانی مەڵبەند قسەم بۆ ئامادەبووان کرد، لە قسەکانمدا وتم من هەر ڕۆڵەکەی جارانتانم، سوپاستان دەکەم بۆ پەرۆشیتان بۆ گەڕانەوەم، چونکی پێیان وتم کادێر و خەڵکی داوایان کردبووم. من ئەم ماوەیە دوور بووم و لێتان دڵم لاتان بوو هەر سەربازەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانم. بە چەپڵەڕێزان مەراسیم تەواو بوو، کاک عومەر فەتاح لەوێ بوو، زۆریش لە هەڤاڵانی یەکێتی لە شارەکانی ترەوە هاتبوون لەگەڵمدا، چوومە ژوورەکەی خۆم، کاک عومەر فەتاح وتی دەزانی لێرە نەماویت و نەقڵ بووی؟ هەڤاڵ مستەفای سەید قادر بووە بە لێپرسراوی مەڵبەند. منیش لام سەیر بوو گوێم لەم قسەیە بوو. مەسەلەیەکی کوردی هەیە وەک لە سەربان فڕێم بدەیتە خوارەوە. وتم باشە هەڤاڵانی بەڕێز پێشتر بۆچی پێتان نەوتم هەر نەبووایە نەدەچوومە سەربانی مەڵبەند و قسەم بۆ خەڵکی نەدەکرد. به هەرحاڵ، بڕیاره و جێبەجێ دەکرێ، هەر کێشە نییە. لە دڵی خۆمدا زۆر دڵگران بووبووم. ئیتر گەڕامەوە بۆ سلێمانی.

چوونی خەڵکی ڕانیە و کەسایەتیەکان بۆ لای مام جەلال

خەڵکی کە بیستبوویان من لە ڕانیە نەماوم، چووبوون بۆ لای مام جەلال و وتبوویان کاک مستەفا چاوڕەش بۆ ئه و سنوورە زۆر زەروورە. پاش نزیکەی دوو هەفتە تێپەڕی نەکرد، مام جەلال بانگی کردم. پاش هەندێک قسەوباس لەسەر وەزعی ئەوێ، پێی وتم بگەڕێمەوە بۆ ڕانیە و لەوێ فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە دروست بکەم و سەرپەرشتیی بکەم. مام جەلالیش زانیی من له و قۆناغەدا پێویستم بۆ ئەوێ و داوای خەڵکیشە، شەڕیش بەردەوامە و پێشمەرگە و خەڵک به قسەم دەکەن. دەوریشم دیارە لای خەڵک. منیش قبوڵم کرد و گەڕامەوە بۆ ڕانیە.

دروستکردنی یەکەم فەرماندەیی پێشمەرگە لە ڕانیە

پاش گەڕانەوەم هەوڵم دا بینایەک پەیدا بکەم بۆ ئەم فەرماندەییە. لە دائیرە ی توتنی ڕانیە چەند ژوورێکم پەیدا کرد. ڕێکمان خست و لە هەموو ڕوویەکەوە ئیدارەم بۆ دانا. هەموو هێزی پیشمەرگەی هێزەکانی ئەوێم گرێ دا بە فەرماندەیەکەوە لە سنووری پشدەر و بتوێن و سۆران و شەقڵاوە و جەبهەی شەڕەکان. ئەوەی لەبیرم مابێ، ئەم هێزانە بوون: 1- هێزی ئیرون کە مەلا نەجم ئامرهێزی بوو بەداخەوە دوایی شەهید بوو. 2- هێزی بتوێن، مەحموود سەنگاوی ئامرهێزی بوو. 3- هێزی سۆران، عەبدوڵڵا بۆر بوو. 4- موحسین بایز. 5- مامۆستا مەهدی، هێزی پشدەر. 6- هەروەها تۆفیق کانی وەتمانی. 7- محەمەد وەتمان. ئەمانیش هێزیان هەبوو. له و کاتەدا ئیشەکانمان لەگەڵ مەڵبەند مستەفای سەید قادر پێکەوە ئەنجام دەدا و کارەکانمان دابەش کردبوو. بۆ واجباتیش له و جێگەیانەی پێویست بوو، پێیان سپێردرا و لە سنووری سۆران و شەقڵاوه و خەلیفان و ڕواندز و لای قەسرێ و حاجی هۆمەران هەر هێزە جێگەی بۆ دیاری کرا.

سەنگەرەکانمان قایم کرد. ڕۆژانە بەتایبەت لە کڵاوقاسم و کەپکی حەمەد ئاغا و دەوری شەقڵاوە و شوێنەکانی تر شەڕ بەردەوام بوو، لە هەردوولا شەهید و بریندار هەبوون. من سەرپەرشتیم دەکرد تاکو گوێزرامەوە بۆ مەڵبەندی کەرکووک.

گوێزرامەوه بۆ مەڵبەندی کەرکووک

ئەو کاتە لەناو یەکێتیدا له بەینی هەندێک لە هەڤاڵەکان کێشە هەبوو، بەتایبەت بەینی هەڤاڵ عوسمان حاجی مەحموود و عەدنان حەمەی مینە لە گەرمیان. ئه و کێشەیە هەر چارەسەر نەکرا. مەکتەبی سیاسی بڕیاریان دا من ببم بە لێپرسراوی مەڵبەند، بارەگاکەی لە تەکیە بوو لای دەربەندی بازیان، منیش بڕیارەکەم جێبەجێ کرد، ڕۆیشتم بۆ ئەوێ و خواحافیزیم لە سنووری ڕانیە کرد.

مەڵبەندی کەرکووک

چوون بۆ ئه و مەڵبەندەم لا ناخۆش بوو. بە غەدرم دەزانی، لە دڵی خۆمدا دەمهێنا و دەمبرد. کە کەسێکی نزیک یان زۆر نزیک دەهات بۆ لام بۆ پیرۆزبایی، قسەی دڵی خۆم بۆ دەکرد و پێم دەوت من دوور خراومەتەوە خۆشم دەزانم بۆچی.

تەکیە جێگەیەکی بچوک بوو. بە تەنکەر ئاویان بۆ بارەگەکەی دەهێنا، هەر بە ناو مەڵبەند بوو، خەفەتم بۆ دەخوارد. هەر ناوەکەی گەورە بوو، ئه و کۆمیتانەی هەیبوو، هەریەکەی لە جێگەیەک بوو، هەر کۆمیتەیەش تایبەتمەندیی خۆی هەبوو، کۆمیتەی چەمچەماڵ نزیکترینیان بوو لێمەوە. لە ڕانیە و کفری و کەلار کۆمیتەمان هەبوو، دوو کۆمیتەمان هەبوو لە هەولێر لە بنەسڵاوە و دارەتوو، لە سلێمانی کۆمیتەیەک، لە سەنگاوی کۆمیتەمان هەبوو. کۆمیتەکان زۆر دوور بوون له یەکەوە. به هۆی 31ی ئابەوه ماوەی مانەوەم لەوێ کورت بوو. ئه و ماوەیەش سەردانی هەموویم کرد و کارەکانم ڕێک خست. لەگەڵ هەموو کادێرەکان پەیوەندیی باش و توندوتۆڵمان هەبوو و خۆشمدەویستن. ماوەی چەند مانگێ لەوێ بووم، هەر له و ماوەیەشدا کۆنفرانسی مەڵبەندمان گرت لە دەربەندی بازیان لە بینای سیاحییەکەدا. مام جەلال هات و وتارێکی پێشکەش کرد لەسەر ئەهمیەتی کەرکووک، زۆر نەخایاند 31ی ئاب شەڕ گەرم بوو، بەرنامەی کاری حیزبی تێک چوو، هەر لەبەر ئه و زروفەی بەسەر یەکێتیدا هات، من کەوتمەوە سەرپەرشتیی هێزەکانی سنوورەکە و سەنگەر قایمکردن.

سی و یەکی ئاب

پارتی لەگەڵ حکومەت ڕێک کەوتن. پەلاماری شاری هەولێریان دا و گرتیان، پاش شکانی هێزەکانی یەکێتی و ئەوەی ڕووی دا، هەموویان هاتنە دەرەوەی شاری هەولێر. ڕۆژبەڕۆژیش شەڕ گەرمتر دەبوو و هەموو لایەکی دەگرتەوه. من له و سنوورەی لای خۆمان سەرپەرشتیی هەموو هێزەکانم دەکرد لە سەنگاوەوە تاکو دوکان. ئه و هێزەی لەبەردەستمدا بوون، دامنان. زیاتر مەبەستم بوو بەرەی چەمچەماڵ بەهێز بکەم. هەموو شەوێک هێزێکی باشم دەنارد بۆ بەردەم سەربازگەکەی بانی مەقان. دەترساین حکومەت لەوێشەوە هێرش بەره و سلێمانی بهێنێ. لەناو خەڵکیدا باس دەکرا.

لەسەر جادەی سلێمانی-چەمچەماڵ لای کارخانەی گەچی تەکیە و لە شیوە سوور لەبەر هێرشی تانک و ناقیله بە شۆڤڵ دوو ساتری گەورەم هەڵکەند. هەموو شەوێک حکومەت بۆ سەرلێشێواندن دەبابەکانی دەجوڵاند، وامان دەزانی هێرش دەهێنێ، بەڵام هیچ نەدەکرد، تەنیا بۆ شپرزەکردنی ئێمە بوو، منیش هێزم دابەش دەکرد بەسەر ئه و جێگەیانەی لام باش بووبێ و ئەقڵم پێ شکابێ، بەڵام هەر نەهاتن.

وردەوردە هێزەکانی پارتی بەره و کۆیه پێشڕەوییان دەکرد. پاش چەند ڕۆژێک جوابیان هێنا کۆیە گیرا. من لای خۆمەوە دەربەندی بازیانم لە هەردوو بەری جادەوە قایم کرد. مام ڕۆستەم و هاشم و هێزێکم لەگەڵیان نارد بۆ دوکان. بەڵام وەزعی نەفسیی پێشمەرگە خراپ بوو و هیلاک بووبوون. لە شار دەرکرابوون، من بڕوام نەدەکرد کۆیە بگیرێ، هەیبەت سوڵتان جێگەی شەڕه و ئەگەر بشگیرێت، بەشەڕی چەند ڕۆژە دەگیرێت، بڕوام نەدەکرد به و خێراییە بگەنە دوکان، لە دوکانیش شەڕیان لەگەڵ نەکرا. ئه و کوڕەی لەسەر بێسیمەکە بوو لە مەڵبەند، بانگم کرد و وتم ئەگەر هێزەکانی پارتی گەیشتنە دوکان، ئاگادارم بکە.

هەندێک ئیحتیاتم کرد. هەرچی نامە و بەڵگەنامەی گرنگ بوو لەگەڵ هەندێک جیهازی مەڵبەند ناردمەوە بۆ سلێمانی و لە جێگەیەکی ئەمین هەڵمگرتن، پیاو دەبێ حسابی هەموو ئەگەرێک بکات بۆ هەر شتێک بێتە پێشەوە.

ئه و شەوە له تەکیە بووین. هێز دەهات و هێز دەڕۆیشت. ئەوەی سەر بێسیمەکە هات و وتی دوکان گیرا، پارتی گەیشتنە دوکان. منیش خۆم و پێشمەرگەکانی لەگەڵ خۆم بوون، خۆمان کۆ کردەوە لەولاشەوە عادل نادرم به هێزێکەوە ناردبوو بۆ لای سەنگاو، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر هات و ڕۆیشت. منیش تەکیەم چۆڵ کرد بەره و تاسڵوجە، چوومە بارەگای هێزە سەربازییەکانی سکرتاریەت لە تاسڵوجە، لەوێ خۆم شت. هەندێک هێزم نارد بۆ لای کارگەی قیرەکە و کارخانەی چیمەنتۆی کەلەوانان تا بەرزاییەکان بگرن به و خەیاڵەی بەرەنگاری دەکەین. بەڵام خوایە کەس تووشی شکان نەبێ، چونکی لە هەموو شەڕی دنیادا هەروابووە، لەناو کوردیشدا زیاتر دەبێ بە ڕاکەڕاکە و بەرنامە تێک دەچێ.

لە سکرتاریەتی تاسڵوجەش عەدەد جهازەکە هات و وتی لە قەڵاچوالان بارەگا و ئەوراق دەسوتێنن کاک هاشم مام عەلی لەوێ بوو، هەندێکیشیان تەقاندۆتەوە. زۆر ناخۆش بوو، پیاو بڕوای نەدەکرد، ئیتر منیش سواربووم بەره و سلێمانی. کە وەزعەکە بەم شێوەیەی ڕووی داوە، منداڵەکانیشم لەگەڵ خزمەکانی شار ڕۆیشتبوون بەره و سنوور، هاتبوون بەدوایان بەره و پێنجوین.

گەیشتمە چواڕریانی سەرچنار، دۆشکایەکم بینی بەجێیان هێشتبوو، منداڵێکی لەسەر بوو دەیخولاندەوە. من نەمزانیبوو منداڵەکانم ڕۆیشتوون، سەیارەیەکم نارد منداڵەکانم لەگەڵ خۆیان بهێنن بۆ ئەزمڕ. کە هاتنەوە، وتیان ڕۆیشتوون. ئه و بەرنامەیەی من بۆم دانابوون جێبەجێیان نەکردبوو، ئێمەش ملی ڕێگەمان گرت بەره و ئەزمڕ، کە چووینە سەرشاخ، لەگەڵ ئەوانەی ناردبووم بۆ ماڵەوە، هەموو یەکمان گرتەوه. بە نائومێدی لەسەر ئەزمڕەوە تەماشای ناو شارم دەکرد، ئێمە چیمان کردووە، چۆن کاتی خۆی سەداممان لە شار دەرکردووە، ئێستاش خۆمان لە شار یەکتر دەرئەکەین. لەسەر شاخی ئەزمڕیش خەڵکی زۆری لێبوو پەیتاپەیتاش خەڵکی دەهات، ئەوانەی یەکێتی بوون و لە خۆیان دەترسان، لە سەرێکی تریشەوە چونکی لە هەولێر حکومەتیان لەگەڵ بووە، لە ترسی حکومەت نەک هەر یەکێتی، خەڵکی تریش دەهات. ڕۆژێکی هەتا بڵێیت ناخۆش بوو، پیاو چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد، پاش ئەم هەموو ماڵوێرانییە چیمان چنییە وە. شۆڕبووینەوە بۆ قەڵاچوالان، کە گەیشتینە قەڵاچوالان، دوکەڵ و ئاگر لە هەندێک ژوور هەڵدەستا، دیار بوو کاغەزیان دەسوتاند. درەنگی کردبوو، ملی ڕێگەمان گرت بەره و ماوەت، خەڵکی تریش پێش ئێمە ڕۆیشتبوون، مام جەلال ڕۆیشتبوو، کە گەیشتینە کێلێ لەسەر ڕێگە پێشمەرگەیەکم لابوو، وتم ڕەنگە ماڵی ئێمە هاتبن بۆ ئەوێ، هاتەوە وتی نەهاتوون، بۆ پێنجوین ڕۆیشتوون. هەر ئه و شەوە گەیشتمە گرگاشە. لەوێ چوومە ماڵی بەکری مامە قالە و عەزیزی مامە قالە، شەوێ لەوێ ماینەوه، خەڵکی تریشی لێبوو. ڕێگە نەبوو بڕۆیت، سەیارەیەکی مێکزەمینیمان هەبوو و پەکی کەوتبوو. بۆیان دەرنەچووبوو و سوتاندبوویان، به هەڵەی پێشمەرگە بێ ئەوەی شەڕ بێ، ئەگینا پێویستی بە سوتاندن نەدەکرد. چووینە لای شاناخسێ، مام جەلال و بەشێکی زۆری ئەندامانی م.س و سەرکردایەتی لەوێ بوون، بێجگە لە هەزاران ئەندام و لایەنگری یەکێتی، تفت هەڵدایە زەوی نەدەکەوت. شاریان بەجێ هێشتووە و چاوەڕوانی بڕیاری سەرکردایەتین. پاش ئەوە بڕیار درا بچینە ناو ئێران، مام جەلال و سەرکردایەتی بچین بۆ نێوزەنگ، کۆنە هەواری خۆمان، ئه و جێگەیەی لە زەمانی ڕژێمدا بارەگای م.س و مامی لێبووە، گەیشتینە دێی چۆمان.

ئه و ڕۆژەی لەسەر سنوور بووین، چاکەی خەڵکی دێهاتەکانی گرگاشە و دێهاتەکانی ئێران لەبیر ناچن، بەتایبەت دێی چۆمان. خزمەتێکی زۆریان کردین بەتایبەت ماڵی کاک کەریم. لە ساڵەکانی 78 و 79 کە له و ناوە بووین، دەمناسین. به هۆی منیشەوە خزمەتی سەدان خەڵکیان کرد، دەعوەتێکی گەورەیان کردین، کاک کۆسرەتیشم لەگەڵ بوو، شاهیدن و لایان سەیر بوو. کە له و سنووری ئێرانە بووین، پارتی دوامان کەوتن و ویستیان لە چەند قۆڵێکەوە پەلامار بدەن. ئێمەش مەبەستمان بوو ئەم خەڵکەی لەگەڵمانە، دەربازیان بکەین بۆ ئەوەی تووشی ناڕەحەتیی لەوە زیاتر نەبن. خەڵکەکەمان بە پشتی چۆماندا بۆ بەرزاییەکان بەره و دێی بلەسەن سەرخست. خەڵکەکە سەرکەوتن، تەقەش بەردەوامە. ئه و ڕۆژە پیاوی مەردی دەویست. ئەگەرچی هەندێک لەوانەی پله و پایەدار بوون، خۆیان و خزم و ماڵ و منداڵیان ڕۆیشتن، ئێمە ماینەوە، بەرەنگاری پەلامارەکەمان کرد و نەمانهێشت بێنە سەر چەمی چۆمان و نزیک ببنەوە و شکاندمانن. ئەم سەرکەوتنە ڕۆحیەتێکی باشی لای خەڵکەکه دروست کرد. لەوێ من خۆم، عوسمان حاجی مەحموود، مەحموود سەنگاوی، جەمالی حاجی محەمەد، مەجیدی حاجی عەلی شاناخسێ و زۆری تریش بەرەنگاریمان کرد.

بۆ ئێوارە سەرکەوتین و چووینە ئێرانەوە بۆ نێوزەنگ، من لێیان جودا بوومەوه و چووم بۆ بانە، لەوێش دۆست و ناسیاوم زۆر بوون. لەوێوە چووم بۆ سەیران بەن، لە ئوردوگا منداڵەکانم دۆزییەوە، لەگەڵ خۆم هێنامن بۆ سەردەشت بۆ ماڵی خزمەکانم. لەوێ بەجێم هێشتن و خۆم چووم بۆ نێوزەنگ بۆ لای مام جەلال و مەکتەبی سیاسی.


جارێکی تر لە نێوەزەنگ

مام جەلال سوکە بارەگایەکی دانابوو، چادری هەڵدابوو و سەکۆیەکیان بۆ دروست کردبوو. کەپرێکیان دانابوو، ئێمەش لە دەوروپشتی ئەوەوە هەریەکه و لە گۆشەیەکدا هەڵماندابوو. ئەوەندەی لەبیرم بێ (مام جەلال، کاک کۆسرەت، مەلابەختیار، ملازم عومەر، هێرۆخان، عومەر سەید عەلی، سالار عەزیز، خۆم). مەڵبەندی سلێمانی چادرێکیان هەڵدابوو، لێیان نووسیبوو مەڵبەندی سلێمانی، پیاو بەزەیی به خۆی و یەکێتیدا دەهاتەوە، منیش کە ڕام کردبوو، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووک بووم، من خۆم بەڕاستی شەرمم دەکرد لەناو ئه و خەڵکەدا بم، قەت خۆم به شکاوی نەدیووە. ئه و خەڵکانەی کە لەوێش بوون، زیاتر هی پشدەر و ڕانیە بوون. کە لە ڕابوردوودا لێپرسراوی ئه و سنوورە بووم، هەموویانم دەناسی و حسابی زۆریان بۆ دەکردم.

جەبهەی شەڕەکانیشمان لە دوبە و شیوەڕەز و دەوروبەری بوو. قەڵادزە گیرابوو و سەرکەوتبوون. من خۆم ئۆتۆماتیکی چوومە وە بۆ لای پێشمەرگەکانی پێشەوه، وازم لە مەڵبەندی کەرکووک هێنا، بروسکەیەکم کرد بۆ برادەرانی کەرکووک و وتم خۆتان مەڵبەندەکە بەڕێوەبەرن. پیاوی زۆر گەورەشی تێدابوو، بەڵام نەهاتن. لە سەیرانبەن بوون لە ئوردوگا و منداڵەکانیان بەجێ نەهێشت. هێرشی پارتیش بەردەوام بوو بۆ سەرمان، هەندێک لە بەرزاییەکانی شیوەڕەزیان گرتبوو. هێزەکانمان بەرامبەریان لێگرتبوون بۆ ئەوەی لەوە زیاتر نەیەنە پێشەوە و ڕایان گرتبوون.

شەڕی گرد دیواران

هێزەکانی پارتی هەڵکشابوون و تینیان بۆ هێنا بووین. ئەوەی ڕاستی بێت ئێمەش لە قوڵی شێنێوە ڕاستی گرد دیوارانمان بەدەستەوە مابوو لە دێی ئاڵی ڕەش. هێزەکانیان هێرشیان هێنا، لەوێ هێزێکی کەمی لێبوو، دەبێ هەرچۆنێک بێت، ئەوێ قایم بکەین. هێزێکمان نارد بە سەرپەرشتیی موحسین بایز و سیامەندە سووری کۆیە. لەوێ شەڕێکی باشیان لەگەڵ هێزی هێرشبەر کرد و شکاندیانن بەرەوخوار و ئاڵی ڕەش، ئەگەر گرد دیواران، بگیرایە ژیان لە دەوری شێنێ زەحمەت دەبوو، هێزی ئێمەش له و ناوە بوون. بێجگە لە خۆمان هەزاران هەزار خەڵکی پشدەر و بتوێن و سۆران و حاجی هۆمەران دوای یەکێتی کەوتبوون. ئەم شەڕە بووە وەرچەرخانێکی باش، جەبهەی شیوەڕەزیشمان قایم کرد. تۆفیق کانی وەتمانی و محەمەد وەتمان و هێزەکانی تری لێبوون لەگەڵ محەمەدی حاجی قادر. ڕۆژێکیان تۆپبارانیان کردین، لە دەوری جەبهەی شیوەڕەز کوڕێکی سەرحەدی خەلیفە یونس شەهید بوو، ئێمەش بارەگای بچوکمان دانابوو لە دەوری مام جەلال لە نێوزەنگ و زەڵێ، هەریەکەمان به قەدەر حاڵی خۆی.

چۆن بەرنامەی گرتنەوەی سلێمانی دانرا

من لەژێر چادرەکەی خۆمدا بووم، لە جەبهە هاتبوومەوە، دەوری نیوەڕۆ بوو، کاک کۆسرەت و ملازم عومەر و سالار عەزیز هاتن بۆ لام. پاش ئەوەی لەسەر وەزعی خۆمان و مەسەلەکان پێکەوە قسەمان کرد، هەریەکەمان لەسەر ئاستی شکان و چی بکەین باشە قسەمان کرد. بیرمان کردەوە چۆن جێگەیەک بگرین و ئەم قەرەباڵغییەی لەم ناوەیە، جێگەی بکەینەوه؟ مەسەلەیەکی کوردی هەیە دەڵێت تف هەڵدەیت بەر عەرز ناکەوێ، ئەوەندە زۆر خەڵکی لێبوو، باوەڕ نەدەکرا. لە بەینی خۆماندا بیرمان لە گرتنەوەی پشدەر و قەڵادزە دەکردەوه. کاک سالار عەزیز وتی برادەرینە ئێمە بۆچی بیر لە پشدەر بکەینەوه؟ بۆچی بیر لە سلێمانی نەکەینەوه؟ سلێمانی هی خۆمانە و پارتی لەوێ ئیحتیاتی نەکردووە. پاش کەمێک باسکردن لەسەر ئەوەی چی بکەین، هەرسێکمان پشتیوانی قسەکانی کاک سالارمان کرد. هەر لەوێ چونکی پەلەمان بوو وەزعمان باش نەبوو، وتمان بابچین بۆ لای مام جەلال و لەگەڵیدا باسی بکەین، بزانین ئه و چی دەڵێت، بەبێ پرسی ئه و نابێت.

لای مام جەلال

کە چووینە لای مام جەلال، هەر خۆمان بووین. باسی وەزعی خۆمان کرد چی بکەین. وتمان مام جەلال هاتووین بۆ ئەوەی مەسەلەی گرتنەوەی سلێمانیت لەگەڵ باس بکەین، دەمانەوێ جارێ بیر لە گرتنەوەی پشدەر نەکەینەوە. لەگەڵ ئەویش بیرۆکەکەی هەر چوارمان باس کرد و ئەویش هاتە سەر قسەی ئێمە. لەسەر گرتنەوەی سلێمانی ڕێکەوتین، بەڵام نابێ کەس بزانێت، با جارێ باس نەکرێ.

بەرنامەی گرتنەوەی سلێمانی

لەگەڵ ئه و هەڤاڵانەی ناوم هێنان، قسەمان کرد، مام جەلال وتی پێم باشە کاک مستەفا چاوڕەش بچێت بۆ لای ئالان لە پشتی ماوەت، شارەزای ئەوێیە. لەوێ هەندێک پێویستی وەربگرێ تاکو ئه و هێزانەی بۆ ئه و مەبەستە پێویستە، دەگەنە ئەوێ و ئاگاداریان دەکەین بچن بۆ لای مستەفا چاوڕەش. دوای ئەوە کە هێزەکان گەیشتن، ئەنجا با کۆسرەت و ملازم عومەر بچن، چونکی هێزەکانمان به هۆی شکان و شەڕی هەولێر پەرەوازە بووبوون، هەر هێزەی کەوتبوونە لایەک، کۆکردنەوەیان ئاسان نەبوو. ڕێگەی دوور و سەختە تاکو دەگەن. لەسەر ئەوە ڕێک کەوتین. من هاتمەوە قاسمەڕەش و لەوێشەوە پێشمەرگەکانی خۆم لەگەڵ خۆم برد، خواحافیزیم لە برادەران کرد. خەڵکەکەش کە له و ناوەبوون، هەریەکە لە پەنای دارێک و بنی بەردێک هەڵیدابوو، زۆر بێسەروبەر بوو، ناخۆش بوو، حیزبەکانی دۆستیشمان له و ناوه بوون. حیزبی سۆسیالیست و حیزبی زەحمەتکێشان و پارێزگاران و دۆستەکانمان.

گەیشتمە چۆمان و بارەگام لە (ئالان) پشتی ماوەت دانا

چۆمان دێیەکی سەر سنووری ئێرانە، تەنها ئاوەکەمان له بەیندایە. لەوێ هێزەکان بروسکەیان بۆ چووبوو بێن بۆ لای من و فەرمان لە من وەربگرن. منیش هەرچی گەیشت، ڕێکم خست و لەوێش هەندێک پێویستی شەڕەکەمان کڕی. لەوانە چوارسەد کڵاشینکۆف، لام وابێت هەر ئەوانە بوون کە لە خۆمانیان وەرگرتبوو، دوایی پێیان فرۆشتینەوە. دوانزە بی کەی سی، چوار دۆشکا، چوار ڕاجیمەی بچووک. کە هێزەکان گەیشتن و ئامادە بوون، بروسکەم بۆ مام جەلال و کاک کۆسرەت و ملازم عومەر کرد. ئەوانیش هاتن، کاک سالاریش لەگەڵ تۆپخانەکانی خۆمان هات، کە کاک محەمەدی عەزەبابی لێپرسراوی بوو. چەند ڕۆژێ له و ناوە بووین و بەرنامەی خۆمان دانا.

گرتنەوەی چوارتا

لە بەرەبەیانی 11/10/1996 ناوی خوامان لێهێنا. ئه و هێزانەی لامان بوون، زیاتر هی هەولێر بوون، ئەوەندەی لەبیرم بێت، ئەم کەسانە بوون (مام غەفە مام غفور، ئیسماعیل مەحموود، عەبدوڵڵا بۆر، مەلا نەجم، سەلاح دیلمانی، بورهان سەعید سوفی، ئەنوەری عەزە باوه، ئاسۆ ئەڵەمانی) ئەوانیش هێزەکانیان کەم مابووەوە و وەک هێزی گەورە نەبوون. بە هۆی شەڕی هەولێرەوە دابڕان و شەهید و بریندار هەبوو لەناو هێزەکاندا. هێزێکی تریش لای شاناخسێ هەبوو بە سەرپەرشتیی عوسمان حاجی مەحموود.

یەکەم پەلامارمان بۆ سەر کەلکەسیر بوو. هەنگاوبەهەنگاو دەچووینە پێشەوە و شوێنەکانمان دەگرت، لە قۆڵی ڕاستیشەوە شاخی گمۆمان گرت. ڕۆژی یەکەم لە باسنێ و کەناروێ تێپەڕمان کرد و شەوێ گەیشتینە چوارتا و گرتمان. بەداخەوە بە هۆی هەڵەی پێشمەرگە کەسێکی دڵسۆزی یەکێتی لە دێی بێورێ شەهید بوو، زۆر خەفەتم بۆ خوارد.

ڕۆژی دووەم لەناو چوارتادا

ڕۆژی دووەم لە قەڵاچوالانەوە هێرش کرایە سەرمان، شەڕ تاکو ئێوارە درێژەی کێشا. من سەرپەرشتیی هێزەکانم دەکرد. کاک کۆسرەت و کاک عومەریش لە کەناروێ بوون لە خوار ماڵەکانی چوارتاوە لەناو ڕەزەکان. ئێمەش هێزەکانمان دابەش کرد. بە هەموو جۆرە چەکێک دەکرا.

لە دەوری سەعات یازدەدا زەختێکی یەکجار زۆرمان لەسەر بوو، به ڕاجمە و تۆپ و چەکی تری قورس لێیان دەداین. هەندێک له و هێزەی لام بوو و دابەش بووبوون، بە بەرچاوی خۆمەوە کشانەوە دواوە و بەره و ڕێگەی کەناروێ. له و جێگەیەی خۆمی لێبووم، چەندین پێشمەرگە بە تۆپ و ڕاجمە بریندار بوون، هێمن قەیسەر و فەلاحی خوشکەزام و چەند کەسێکی تریش بریندار بوو. هەتا بڵێیت وەزعێکی ناخۆش بوو. بیرم کردەوە خۆ ئەگەر هەڵسم و بڕۆم، هێزەکەش بەدواما دێت و سەبرم گرت. ئیتر جوابم نارد بۆ کاک کۆسرەت وەک لێپرسراوی یەکەم و کاک ملازم عومەر. خواهەڵناگرێ هاتن و لە شانی ڕاستی منەوە لای دێی مێکوکان دۆشکایان دابەست، ئه و لایەم قایم بوو و ترس نەما. هاتنی ئەوانیش خۆی لە خۆیدا هێز بوو. شەڕ درێژەی کێشا و نەمانهێشت لێمان نزیک ببنەوه، من خۆشم لەگەڵ هێزەکانی هەولێردا بووم (مامە غەفە، ئاسۆ ئەڵەمانی، بورهان سەعید سۆفی...)، تەنها یەک هێزی سلێمانیمان لەگەڵ بوو، ئەویش کەم بوو سوهاد.

کۆبوونەوەی چوارتا

هەر چوارمان لە دەوری سەعات 12ی نیوەڕۆ (کۆسرەت، ملازم عومەر، سالار عەزیز، مستەفا چاوڕەش) لەسەر جادەکە لەبن چنارە گەورە و بەناوبانگەکەی چوارتا کۆبوونەوەیەکمان کرد. خەبەرێکمان بۆ هاتبوو کە هێزێکی 500 کەسی لەگەڵ کاک فەرەیدون عەبدولقادر لە قۆڵی پێنجوینەوه هاتووە. وتمان هەر زۆر باشە. کاک کۆسرەت وتی بچۆ بۆ لای کاک فەرەیدون داوای 250 پێشمەرگەی لێبکە و جەبهەکەی پێ قایم بکە. منیش بە سەیارەکەی خۆم بە ناو ڕاجمە و تۆپدا بەره و دێی چنارە ڕۆیشتم. هەرچۆنێک بێت، کاک فەرەیدونم دۆزییەوە. لەگەڵی دانیشتم و وتم هاتووم 250 پ.م بدەیتێ له و هێزەی لەگەڵ تۆ هاتوون بۆ ئەوەی دابەشیان بکەم و دەوری چوارتای پێ قایم بکەم. وتی بەخوا هێزەکەی ئێمە لەملاوئەولا و ناو ئۆردوگاکان کۆمان کردۆتەوه و هیلاکه، لەم جۆرە قسانە. دوایی هاتمە ئەوەی داوای پەنجا پێشمەرگە بکەم، هەر پێی هەڵنەسووڕا. منیش بە نائومێدی گەڕامەوە و ئیعتیمادم کردەوە سەر خۆمان. لە ڕاستیشدا هێزێکی قەرەباڵغی لەگەڵ بوو.

گەڕامەوە لای کاک کۆسرەت و وتم بۆی هەڵنەسووڕا. تاکو ئێوارە هەر لە شەڕدا بووین و تەنیا هێزەکانی خۆمان بووین. بەڵام خۆڕاگر و مەرد بوون. ئێوارە تەقە کەم بۆوه، کاک کۆسرەت و کاک عومەر وتیان ئێمە دەڕۆینەوە بۆ کەناروێ دەعوەتیان کردووین. تۆش هێزەکان ڕێک بخەرەوە و واجباتیان بۆ دیاری بکە، پاشان بۆ نانخواردن وەرە بۆ لامان. خواحافیزیمان کرد و ئەوان ڕۆیشتن. هێشتا تۆزێک ڕووناکی مابوو، تەماشام کرد لایتی دوای سەیارە ڕێزی بەستووە لە قەلاچوالانەوە بەره و سیتەک و ئەزمڕ، دیار بوو هێزەکانی پارتی دەکشانەوە. ئه و ڕۆژە تا ئێوارە ئێمە لە جەبهەی چوارتا خۆمان ڕاگرت. دیار بوو بڕیاری کشانەوەیان دابوو. ئەوەی بەسەر ئێمە هات، بەسەر خۆشیان هات. کەوابوو، من نەچووم بۆ کەناروێ بۆ لای هەڤاڵان، لە سەیارەکەمدا بێسیمی تێدابوو، پەیوەندیم لەگەڵ کردن، وتم پارتی دەکشێتەوە و من بەره و سلێمانی دەچم، ئێوەش وەرن بەدوامدا.

بە سەیاره لە چوارتا هاتمەوە خوارەوە. لەبەردەم چوارتا هەندێک له و هێزەم بینی، کە لەگەڵ فەرەیدون عەبدولقادر هاتبوون. له و هەڤاڵانە کە لەوێ حازر بوون، وتیان با برۆین بەدوایاندا. منیش وتم هەڤاڵینە ئێمە لێرە چەند ئەندامێکی سەرکردایەتین. من شارەزای شارباژێڕم، کاتی خۆی ئامرهەرێمی ئێرە بووم پێش چوونم بۆ قەرەداغ. تولەڕێگەکانی ئەم سنوورە دەزانم، با کۆبوونەوەیەک بکەین. وتیان پێویست ناکات و نایەوێ. مەبەستی کۆبوونەوەی من ئەوە نەبوو دوایان بخەم، بەڵکو چەند قسەیەک بکەین. لە دێی تەگەران جارێکی تریش پێم وتنەوه، هەر وتیان پێوسیت ناکات. بەره و جادەی سیتەک ملی ڕێگەمان گرت. کە لە بازگەکەی سیتەک تێپەڕمان کرد، نزیکەی 30 سەیارە زیاتر بووین. هەر وتیان بڕۆین. لەکاتی کشانەوەی پارتی لەسەر شاخی ئەزمڕەوە چەند ڕێزێک تەقەی دۆشکایان تێگرتین، تاریکی کردبوو، لە قیرەکەی دا و گڕی بەرز کردەوە، ئیتر دەورم چۆڵ بوو. منیش لامدایە قەراغ جادەکە. لە پەنا جادەکەدا جێگەی دەبابە هەبوو، سەربازگەی حکومەت بوو، لە پەنایا دانیشتم، ئەوەش لەبەر ئەوەی بروسکەم کردبوو بۆ کاک کۆسرەت و کاک عومەر کە بێن بەره و سلێمانی، وتم خوا نەخواستە ئەوان لەسەر قسەی من بێن و وابزانن لە پێشیانەوەم و بکەونە کەمینەوە. لە لایەکەوە چاوەڕوانیی ئەوانم دەکرد، لە لایەکی تریشەوە چاودێریی سەر ئەزمڕم دەکرد بزانم بە کوێ دەگات. پاش تۆزێک سەید جەوهەر و چەند پێشمەرگەیەک لە ئەزمڕەوە هاتن. کە چووبوونە سەر ئەزمڕ، هێزی لێمابوو، ئەمانیش هیلاک بوون و ڕۆژی پێشتر لە پێنجوێنەوە هاتبوون، وتم سەید بڕۆ بۆ دێی سیتەک، من لەم وڵاتە شارەزام. لەوێ بن و پشوویەک بدەن. تاکو بەیانی خوا گەورەیە، تەکبیرێکی لێدەکەین.

هەر دانیشتبووم و چاوەڕوان بووم. کۆمەڵێک پێشمەرگە لە سەرەوە هاتنە خوارەوە، کە بینیمن سەیفوڵڵای عەلی بەگ، تەحسین قادر و مامۆستا شاهۆ بوون، وتیان ئەوە تۆ چی دەکەی لێره؟ وتم تووش بووم. باسەکەم بۆ گێڕانەوە پێم وتن ئێوەش بڕۆن. خواهەڵناگرێ وتیان چۆن بەجێت دەهێڵین؟ هەموویان مانەوه. دوایی چەند سەعاتێ گەڕاینەوە بۆ قەڵاچوالان. لەلای تەگەران هەڤاڵێکیان دانابوو، وتیان با بێت بۆ چوارتا، وتم من ناتوانم بێم. لەبەر هاتنی برادەران چوومە قەڵاچوالان، کە بینیم وێران کرابوو، کاشیی ئەرزەکەشیان شکاندبوو. لەگەڵ کاک کۆسرەت و کاک عومەر یەکمان گرتەوه، خەریک بوو ببێت بە سەعات یەکی شەو. بەرنامەمان دادەنا چی بکەین. کوڕێکی شارباژێڕیم دەناسی بە ناوی فەتاح حاجی ئەحمەد. هات و وتی ئەوە ئێوە چی دەکەن لێرە؟ سلێمانی نەنوستووە و چاوەڕوانتان دەکات. پارتی کشاوەتەوە و سلێمانییان چۆڵ کردووە. خەبەرێکی زۆر خۆش بوو، سەرکەوتنەکان بەرهەمی خۆی هەبوو، پاش ئەوە ڕانەوەستاین و بڕیارمان دا بەره و سلێمانی برۆین.

هەڤاڵ کۆسرەت، ملازم عومەر و خۆم

سواری ئۆتۆمبێل بووین بۆ سلێمانی و پێشمەرگەش بە دواماندا. کەسیش پێش ئێمە نەهاتە شارەوە. وتم کاک کۆسرەت لام باشە بچین زیارەتی مەرقەدی کاک ئەحمەدی شێخ بکەین لە سلێمانی، شتێکی ئوسوڵی و جوانە. وتی باشه. هەرسێکمان چووینە مزگەوتی گەورە، بە واجبی خۆمان هەڵساین و دوایی چووینە پارێزگای سلێمانی. دەرگاکەمان شکاند و چووینە ژوورەوە، چۆنمان بەجێ هێشت، هەرواش بۆی هاتینەوە.

کە ڕامان کردبوو، شکا بووین جارجارە لەگەڵ کاک سالار عەزیز شۆخیمان دەکرد، ئەموت هەر کامێکمان زوو چووینە شارەوە، ئەوەمان پارێزگارە. وا ڕێکەوت من پێش ئه و چووم، هەر ئه و بەیانییە زوو سەعات پێنجی بەیانی ڕاگەیاندم بانگ کرد. دوو بەیانم دەرکرد، یەکەمیان: بۆ هەموو خەڵکی شاری سلێمانیی بەڕێز، ئەمڕۆ دەوام هەیە و کەس دوا نەکەوێت، بەیانەکە لە تەلەفزیۆن خوێندرایەوە. بەیانی دووەم: داوا لە هەموو پێشمەرگەکان و جەماوەری یەکێتی دەکەین کەس بە هیچ بیانوویەک نەچێتە سەر ماڵی پارتی و خەڵکی تر و دەستدرێژی نەکەنە سەر کەس و تاڵانی نەکرێ. بە ئیمزای پارێزگاری سلێمانی، ناوم تێدا نەهێنا.

شاری سلێمانیش خرۆشابوو، دۆست و ئەندام و خزم و ناسراو لە ژووری پارێزگای سلێمانی بوون. یەکێک دەڕۆی و یەکێک دەهات. ڕێگە نەبوو هەنگاو هەڵگریت. زۆر کەس هاتن بۆ لامان، زۆرزۆر بوون و خۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕی. ئێمەش هەر هەموومان بەڕاستی زۆر هیلاک بووین، ئەگەرچی سەرکەوتن هیلاکیی لەبیر بردینەوە، بەڵام هەر پێمانەوە دیار بوو. زۆر لە دۆ ست و خزمان هاتن و داوایان لێکردین بچین بۆ نانوچاخواردن. بەیانی لامان باش بوو بۆ ماڵی کەس نەچین بۆ هیچ جێگەیەک، مەجیدی حاجی ئەحمەدی سێرەمێرگ مەنجەڵە ماست و نان و چای بۆ هێناین بۆ ژووری پارێزگا، لەوێ نانمان خوارد. کاک کۆسرەت جهازێکی پێبوو، لەگەڵ هەموو دنیا هەر بە تەلەفۆن قسە دەکرا. ئەو کاتە وەک ئێستا نەبوو و مۆبایل لای ئێمە هەر نەبوو. جیهاز خرایە ئیش، کاک کۆسرەت قسەی لەگەڵ کاک نەوشیروان کرد کە لە لەندەن بوو. هەواڵی گرتنەوەی سلێمانیی پێ دا. منیش وتم با هەواڵی بپرسم، ملازم عومەریش قسەی لەگەڵ کرد. پاش چاکوچۆنی وتم کاک نەوشیروان وەڵڵا چاومان لەرێ بوو، حەزمان دەکرد لامان بویتایە و سەرت باینایەتەوە. لە دڵپاکیی خۆم و لە ڕووی هێزی مەعنەوییەوە لەم جۆرە قسانەم دەکرد. کە لێبومەوە، ملازم عومەر لێم تووڕە بوو و وتی مردووت مرێ ئەوەندە دڵپاکی، تۆ چیت داوە له و قسەیە، قابیلە تۆ نەسیحەتی کاک نەوشیروان دەکەی؟

کۆبوونەوە لە ژووری پارێزگای سلێمانی

لای نیوەڕۆ به سەرپەرشتیی کاک کۆسرەت کۆبوونەوەیەکمان کرد لەسەر وەزعی تازه و بەرنامەی داهاتوو. ئەوانەی بەشدار بوون (هەڤاڵ کۆسرەت، ملازم عومەر، مستەفا چاوڕەش، عەبدولکەریم حاجی کاکە حەمەی شەدەڵە، شەوکەت حاجی موشیر، سالار عەزیز) ئیتر نازانم کێی تریشمان لەگەڵ بوو. پاش باسی هەموو مەسەلەکان کارمان دابەش کردەوە. بڕیاریان دا من بچم بۆ ڕانیە، لەوێشەوە بۆ سۆران بۆ ئەوەی ئەگەر بکرێ، هیمەت بکەین و سۆران بگرین. من ڕۆیشتم بۆ ڕانیە و چوومە ماڵکی کاک ئاکۆی عەباس ئاغا، لەوێ نانی نیوەڕۆم خوارد. ئیشەکانی ئەوێم ڕێک خست، دوای ئەوە چووم بۆ ناوچەی گەڵاڵە و چۆمان و قەسرێ بە نیازی ئەوەی پێیان سپاردم، جێبەجێی بکەم. لەوێش هێزەکانم کۆ کردەوە بەرنامەی گرتنی سۆرانم داڕشت. کە چوومە ئه و سنوورە، لەگەڵ هەڤاڵ ئازاد جندیانی کە لێپرسراوی سیاسیی ئەوێ بوو، هێزەکانم ڕێک خست. هێزێکی باشم لەگەڵ بوو. خەڵکی سنوورەکەش لە خەڵکی وەرتێ و پێشمەرگەکانی ئەوێ و ئەوانەشی لەگەڵ خۆم بوون، هەروەها هەڤاڵ ئیسماعیل مەحمود و هەندێکی تریش کە لە گەرووی بێشێ بوون و لەوێش هێزم دانا. فەقێ حەسەن کاسکان سەرتیپ بوو، هەژار کانەبی، قادر خەباتیش لەوێ بوون. بەرنامەمان دانا، چووینە زینوی ماویلیان، زۆر بە نهێنی و بەبێ ئەوەی کەس بزانێت، نزیکەی سەد پێشمەرگەم لە بناری شاخی هەندرێنەوە بۆ پشتی جندیان نارد. پێم وتبوون هیچ ناکەن تاکو لێتان نزیک دەبینەوە. لای خۆشمانەوە پەلاماری پشتی ماولیانمان دا، بەرەبەیانییە کەی چووینە پێشەوە. تەقەشمان لەبەر زێوە کرد به و نیازەی بچینە پێشەوە بەره و دیانا، لەلای بێشی هێزی باڵەکی لێبوو و لەگەڵ ئیسماعیل مەحموود بوون. هێشتا پشتی ماولیانمان نەگرتبوو. کەسێکی لێبوو بە ناوی سابر ماولی، نامەیەکم بۆ نارد، نازانم بەدەستی گەیشت یان نا. داوام لێکردبوو تەسلیم بێت. شەڕیش بەردەوامە، وەزعمان سەرلەبەیانی لە پیشڕەویدا بوو، لە دوای نیوەڕۆ شوێنی شەڕەکە گۆڕانی تێدا بوو، ورتەورت کەوتە ناو پێشمەرگەکانی خۆمان. پێویستیی تەقەمەنیمان کەم بوو و بەره و نەمان دەچوو. هەڤاڵ ئازاد جندیانی و نیاز دەرگەڵەییم لەگەڵم بوو. وتم کاک ئازاد هیمەت بکە، خۆت بچۆ بزانە هەندێک پێویستیی شەڕەکەمان بۆ بهێنە، مەبەستم فیشەک بوو. وتم خۆت دەزانی شەڕ بە ئاگر دەکرێ. ئەومان بەڕێ کرد، بەڵام ڕێگە نەبوو بێتەوە. دیار بوو پارتی ڕانیە و قەڵادزەیان گرتبووەوە. دوای هەڤاڵ ئازاد، حیکمەت وەڵلاشیمان نارد و ئەویش نەهاتەوە، ڕێگەی نەبوو.

بەرەی شەڕەکەمان لە ڕووی تەقەمەنییەوە زۆر لاواز بوو، چاویشمان لێبوو پارتی به هێزێکی باشەوە بۆ زینوی ماویلیان سەردەکەوتن، کە ڕووبەڕووی ئێمە بوو. تاکو درەنگ ئیدارەی شەڕەکەمان کرد، لە ڕووی سەربازییەوە هەموومان لە زینوی ماویلیان دامەزرابووین. خۆم، قادر خەبات، نیاز دەرگەڵەیی، هەژار کانەبی. پارتی هەر دەهاتە پێشەوە. پاش ماوەیەک شەڕ نیاز دەرگەڵەیی هات بۆ لام و وتی هەڵسە، کەسمان یەک فیشەکمان پێنەماوە. منیش بڕیاری کشانەوەم دا، شۆڕ بووینەوە بەره و خوار بۆ لای دەرگەڵە و لەوێشەوە بەره و دێهاتەکانی خوارەوە کشاینەوه. لەگەڵ ئه و هەڤاڵانەی پێکەوە بووین. هەژار کانەبی بریندار بوو و قاچی شکا.

مام جەلال بروسکەیەکی بۆ کردم، پاش ئەوەی جەبهەی شەڕەکەم ئاگادار کردبوو. بە بروسکە دەڵێت کورتەک بەهێز بکە منیش فەقێ حەسەنم بانگ کرد و پێم وت بچێت ئەوێ قایم بکات، وتم هەروا نا، بەڵکو سەنگەر لێبدات. فەقێ حەسەن ڕۆیشت.

شەوەکەی لەگەڵ هەڤاڵ ئیسماعیل مەحموود لە بناری شاخی مامەڕووت ماینەوه. لەوێش هێزمان هەبوو، پاش شەڕێک ئەوانی هاتنە خوارەوە ڕەشید ئێنێ و پێشمەرگەکان یەکمان گرتەوه و چووین بۆ کورتەک. کە گەیشتمە ئەوێ، چاوم کەوت بە فەقێ حەسەن و ئەوانەی لەوێ بوون. دیار بوو ئەوێ لە ڕووی سەربازییە وە سوودی نەمابوو.

بروسکەی دووەمی مام جەلال بۆ من

لە بروسکەی دووەمدا داوا دەکات هێزەکان دابەش بکه، هەندێک لەگەڵ خۆت بهێنه و وەرە بۆ لامان. واتە بڕۆم بۆ نێوزەنگ، کە خۆی لەوێ بوو. منیش لەگەڵ فەقێ حەسەن کاسکان کە خەڵکی بناری قەندیل بوو، به و شەوە لە ڕێگەی قەڵاتوکانەوه بەره و سەرکردایەتی ملی ڕێگەمان گرت، بەرەبەیان گەیشتینە ئەوێ. چووینە ماڵی حەسەن ئیبراهیم شوان، پێشمەرگەی خۆمان بوو. نانوچای بەیانیمان خوارد، من ئەمتوانی بە سەیارە لە دۆڵی شەهیدانەوە بڕۆم. بەڵام لە حاڵەتی پاشەکشێدا دەڵێت فەرموو خۆی بە سەیارە ڕۆیشت و پێشمەرگەکانی بەجێ هێشت، ئەوەم نەکرد. لەگەڵ پێشمەرگەکان نزیکەی شه و و ڕۆژێکی تەواو بە پێ ڕۆیشتین. بۆ نیوەڕۆ گەیشتینە سونێ، زۆریش نەخۆش و هیلاک بووم. دکتۆر فوئاد مەعسوم نامەیەکی بۆ نارد بووم، دەڵێت هەرچۆنێک بێت، دەبێ ئەمشه و هێرش بکرێ بۆ قەڵادزە و بیگرنەوە، چونکی لە ئەنقەرە ڕێککەوتن ئەکرێ. لە کوێ شەڕ وەستابێ، ئەوێمان بەدەستەوە دەبێ. بۆ ئێمەش قەڵادزە و دەوروبەری گرنگیی زۆری هەبوو.

جوابم نارد وتم ناکرێ ئەمشه و نەبێ؟ زۆر نەخۆشم. نامەیەکی تری بۆ ناردم و تیایدا دەڵێت گرتنەوەی قەڵادزە چارەسەرە بۆ نەخۆشییەکەت. نامەکەم ماوە. هێرۆخانیش نامەیەکی بۆ ناردم داوای هیمەتی مێژووییم لێدەکات. ئێمەش لەگەڵ هەڤاڵان بەرنامەمان دانا و هاتینە خوارەوە. پێش ئەوەی ئێمه بگەین، لە قەڵادزە هێرشیان بۆ پارتی کردبوو و کشابوونەوە بۆ شاخی کێوەڕەش لە بەینی ڕانییە و سەنگەسەر و قەڵادزە.

ئەوانەی پێکەوە بووین (خۆم، مستەفای سەید قادر، محەمەدی حاجی مەحموود لە حیزبی سۆشیالیست، موحسین بایز و تۆفیق کانی وەتمانی). لە دێی دۆڵەبەفرە کۆبوونەوەیەکی پەلەمان کرد و بەرنامەی گرتنی شاخی کێوەڕەشمان دانا. هێزەکانمان دابەش کرد و جێگەمان بۆ دیاری کردن، لەبەری ئاسۆس (محەمەدی حاجی قادر)ی لێبوو لە پشت دێی سەرسیان.

شەڕی کێوەڕەش و گرتنەوەی

ئەوەی پێویست بوو، کردمان. لەگەڵ ئه و هەڤاڵانەی واجباتیان پێسپێردرا، قسەمان کرد. هەر ڕەتڵه و لەگەڵ لێپرسراوی خۆی ڕۆیشت. سەعا تی سفرمان دانا بۆ هێرشکردن. من لەگەڵ هەڤاڵانی تر چووینە بن کێوەڕەش لە تووەسووران. لەوێشەوە هێزەکان سەرکەوتن و شەڕ دامەزرا، لە ماوەی سەعاتێک کەمتردا برادەران لە هەموو قوڵەکانەوە سەرکەوتن. من و محەمەدی حاجی مەحموود و مستەفای سەید قادر و موحسین بایز هەر بە سەیارە بە ناو دەربەندی ڕانیە دا هاتین، لەناو دەربەندەکە لەیەکتر گۆڕاین، تەقەیەکی زۆر کرا، خەریک بوو یەکتر بکوژین و خوا نەیکوشتین. هەنگاوبەهەنگاو بەره و ڕانیە کەوتینە ڕێ. جارجارە سواری سەیارە دەبووین بۆ ئەوەی زوو بگەینە ناو ڕانیە، گەیشتینە ناو ڕانیە، لەوێش ڕانەوەستاین و ڕۆیشتین بەره و چوارقوڕنه. جەمالی حاجی محەمەد و هێزیک لە بەرەی شەڕی بناری کۆسرەت بوون بە جیهاز ئاگادارم کردەوە وا ئێمە هاتووین، ئێوەش وەرنە سەرجادەکەی لای دێی قەمتەران و چاوەڕوانمان بکەن. بەڕێ کەوتین. هەر لە چوارقوڕنە ئه و هێزەی لەگەڵ عوزێر فەقێیانی بوو، وتم ئێوە بەره و بالیسان بڕۆن. ئەوان جیا بوونەوە و ڕۆیشتن، ئێمەش بەره و گرجان و قەرەنی ئاغا و کانی ماران. گەیشتینە قەمتەران و لەگەڵ جەمالی حاجی محەمەد یەکمان گرتەوە، پێم وتن ئێوەش بڕۆن بەره و هیران و ڕۆیشتن.

ئێمەش بەره و کانی وەتمان چووین. هێزەکانیشمان لە هەموو قۆڵەکانەوە بۆ پێشەوە دەڕۆن. کە گەیشتینە کانی وەتمان، کاک کۆسرەت و ملازم عومەر و عوسمان حاجی مەحموود و مامۆستا سەیفەدین بینی و هێزی تریان لەگەڵ بوو. وتمان ئێوە لە چنارۆک بن لەسەر پردەکە. پێش ئەوان کاک عوسمانم بینی. لای کاک کۆسرەت تۆپیان بە شاخی هەیبەت سوڵتانەوە دەنا. کە چاومان بەیەک کەوت، لەسەر وەزعی شەڕەکان قسەمان کرد. ئێمەش لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحموود و مستەفای سەید قادر گەڕاینەوە بۆ دێی هیزۆب. جارێکی تر ویستیان لە سماقوڵییە وه پەلامار بدەنەوە و جادەکە بگرنەوە. دۆشکایەکی 30 ملیممان پێبوو و هی محەمەدی حاجی مەحموود بوو، بەکارمان هێنا. ئەوانیش نەهاتنە پێشەوە، پاش نانوچای بەیانی من جیا بوومەوە لێیان و چوومە وە بۆ ڕانیە بۆ مەڵبەند، پاش ماوەیەک هەڤاڵ جەبار فەرمان هات و پیرۆزبایی کرد. هەندێک قسەمان کرد، وتی با هیزەکان دابەش بکەینەوە، تۆ بچۆ بۆ هیران، لەلای هیران (جەمالی حاجی محەمەد) بەهاوەن بریندار بووبوو وەزعی باش نەبوو. ڕەوانەمان کرد بۆ خەستەخانە. من وتم داوای لێبوردن دەکەم، ئیشم بۆ دیاری مەکەن، نەخۆشم. هەوڵی زۆری دا، قبوڵم نەکرد. بەڵام مەسەلەکە نەخۆشی نەبوو، شتێکی تر بوو، مام جەلال هەر لە نێوزەنگە.

چوونم بۆ لای مام جەلال لە نێوزەنگ

چووم بۆ لای مام جەلال و داوای مۆڵەتم لێکرد بڕۆم بۆ هۆڵەندا. لەدوای 31 ئابەوه منداڵەکانم لە شاری سەردەشت بوون لە ماڵی خزمەکانم. زۆر بە دڵی نەبوو و ڕاستییە کەش کاتی نەبوو، بەڵام هەرچەند هەوڵم دەدا، نەمدەتوانی گرێی دڵی خۆم دەربڕم لەسەر چییە. هەر وتم نەخۆشم و کردم بە بیانوو دەبێ بڕۆم بۆ هۆڵەندا. بەڕاستی بە نابەدڵی مۆڵەتی دام. هەر ئه و شەوە چوومە لای دکتۆر خەسره و گوڵ محەمەد، بارەگاکەی لە توژەڵە بوو، لای مامەوە. بەیانی به هۆی دۆست و چاوساغەوە سواری سەیارە بووم بۆ سەردەشت، چوومە لای منداڵەکانم و سەردانی خزمانم کرد، پاشتر کارەکانم تەواو کرد. لەگەڵ خۆم بردمن بۆ تاران و لەوێشەوە بۆ هۆڵەندا و دەوری من لە جەبهەکان تەواو بوو.

ژیان لە هۆڵەندا

لەم تەمەنەداو دوای ئه و هەموو دەردیسەرییەی بەسەرمان هاتووە، ئاسان نییە بتوانی لە هۆڵەندا بژیت و بە سۆشیال بەڕێوە بچیت. جاری واش هەیە بڕیاری پەلە دەدەیت، بەڵام دوای ماوەیەک لێی پەشیمان دەبیتەوە. منیش کە بە ناوی نەخۆشییە وە بڕیاری ڕۆیشتنم دا، هەر لە یەکەم جاردا پێم خۆش نەبوو. ئەوانەی ئیشیان لەگەڵ کردووم، ئەوانەی لە ڕۆژگاری پێشمەرگایەتی و مەڵبەندەکان و وەزیفەی حکومی لەگەڵمدا کاریان کردووە، دەمناسن و دەزانن من چیم کردووە. نامەوێ لێرەدا گلەیی بکەم، بەڵام حەق وایە هەندێک شت بوترێت. لەڕاستیدا ناعەدالەتی و فەرق و جیاوازی دڵگرانیان کردم. ئیتر هۆ زۆرن و ناکرێ بیانووسم.

هەر زوو وردەوردە هەستم دەکرد ناتوانم لە هۆڵەندا بژیم و بمێنمەوە. دیارە کە لە هۆڵەنداش بووم، لە یەکێتی دانەبڕابووم، لەوێش لەگەڵ هەڤاڵەکان هاوکاریم دەکردن، باڵێکیشم هەر لای برادەران بوو لە کوردستان، ئەمەش ماوەیەکی خایاند.

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە شاری برۆکسلی بەلجیکا

دەمێک بوو برادەرانی پێ کاکا خەریکی ڕێکخستنی ئەم کۆنگرەیەن، برادەران لە کوردستانەوە جوابیان نارد بۆ من بچم بەشداربم. وەک نوێنەری یەکێتیی نیشتمانی چووم، کۆنگرەش دەستی پێکرد. وەک بیرم مابێت، ئەم کەسانە لە کۆنگرەکە بوون: (زوبێر ئایدەر، یەشار کایا، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، دکتۆر مەحموود عوسمان، مستەفا شەڵماشی، ناسری ڕەزازی و مەرزیەی خێزانی) کەسانی تریش کە زۆربەیان سەر بە برادەرانی پێ کاکا بوون و هەر ئەوانیش ڕێکیان خستبوو. کۆنگرە دوو ڕۆژی خایاند، لەوێش هەر لایەنە کاری بۆ خۆی دەکرد.

له و کاتەی کۆنگرە گیرا، هێرشی تورکیا بۆ هاوکاریی پارتی بەردەوام بوو، بە تەیارەی پێشکەوتوو زەرەرێکی زۆری لە هەڤاڵانی ئێمه دا. ڕۆژانە لەگەڵیان قسەم دەکرد. من لەسەر وەزعی تازە و شەڕ و تورکیا قسەم کرد، لەسەر ئەم شەڕەی لە کوردستانە. لەوێ هەندێک دەنگ بەرز بۆوە لەسەر کوردستانی عێراق، بەتایبەت دژی یەکێتی لەناو کۆنگرەکەدا. برادەرانی کوردی ئێرانی دەیانوت گوایە بەدەستی یەکێتی برایانی تێکۆشەری ئێرانی دەکوژرێن. من لەسەر ئه و ڕووداوانە وەڵامم دانەوە، کە سیاسەتی یەکێتی نییە.

بەڵام ئەوان بریندار بوون، هەندێک کادێریان لە سلێمانی و سنووری سلێمانی به دەسیسەی ئێران شەهید کرابوون. ڕووم کردە هەڤاڵانی کۆنگرە و وتم برایانی خۆشەویست ئەوەی کە ئێوە دەڵێن خەڵکتان شەهید بووە، ڕاستە، بەڵام نە بە بڕیاری یەکێتی و نە بەخواستی ئێمەش بووە، خۆ ڕەنگە کەسێکی یەکێتی به و کارە نامەردانەیە هەڵسابێ، بەڵام یەکێتی بێئاگایە و بڕیاری ئێمە نییە. ئه و کەسە خیانەتی کردووه و خۆی فرۆشتووە. لەلایەن برایانی حیزبی دیموکراتەوە هەندێک قسە کرا، بەڵام بە هێمنی و بە ئاشکرا قسەیان نەدەکرد. کەسێکی یەکێتی شۆڕشگێڕانی ئێران زۆر توند بوو، گەنج بوو. هەر ئه و کەسەی کە قسەی لەسەر یەکێتی کرد، کاتێک من لێپرسراوی مەڵبەندی ڕانیە بووم، مەگەر هەر خۆی و من بزانین چەند هاوکاریم کردوون لە پاراستنیان، هەتا هاوکاریی شتی تریش، که لێرەدا ناوترێت. لام سەیر بوو ئه و برایە بە ناوی.... ئەم قسانەی بەرامبەر بە یەکێتی دەکرد. هەوای ئەوروپا هەڵی گرتبوو، لەولاشەوە کەسانێکی تر تیژیان دەکرد کە دەمناسین. لەکاتی پشوودا ئه و برایەی قسەکانی کرد، وتی دەمەوێ لەگەڵت دانیشم، منیش ڕەفزم کرد و وتم چۆن دەبێ تۆ لەگەڵ یەکێک دابنیشیت، بۆچوونت وابێ لەسەر حیزبەکەی، قبوڵم نەکرد و لەگەڵی دانەنیشتم.

ئەو کاتە ئەگەر کۆنگرە یەکێتیی تێدا نەبووایە، لاواز دەبوو. چونکی پێ کاکا لای گرنگ بوو یەکێتیی تێدا بێ. منیش له و زەمینەی ناو کۆنگرە وتم ئەگەر ڕازی نین، من دەڕۆم. به زۆر لە هۆڵی کۆبوونەوەکان دایاننامەوە.

لە کۆنگرەدا هەندێک بڕیار لەسەر هاوکاریی هێزە کوردستانییە کان دژی تورکیا درا. چونکی لەوکاتەدا تورکیا لە سنووری شەڕەکان بە فڕۆکە پەلاماری هێزەکانی ئێمەی دابوو و زەرەری پێ گەیاندبووین. هەندێک لە هەڤاڵەکانم شەهید بووبوون وەک مامۆستا مەهدی ئامرهێز بوو، فەقێ حەسەن کاسکان ئامرهێز بوو، تەحسین کاوانی کادێرێکی پێشکەوتووی یەکێتی بوو و سەرتیپ بوو، زۆر خۆشم دەویست. پاش تەواوبوونی کۆنگرە گەڕامەوە بۆ هۆڵەندا.

هاتنی مام جەلال بۆ لەندەن و چوونم بۆ لای

مام جەلال هات بۆ لەندەن، منیش چووم بۆ لای و لەوێ ڕۆژی 10/6/1998بینیم. پێکەوە قسەمان کرد. خۆشم پێشتر نامەم بۆ نوسیبوو بۆ کوردستان. لەوێ بڕیاری گەڕانەوەم دا بۆ کوردستان. مام جەلال هەر لەوێ لە لەندەن ئاگاداری هەڤاڵ ئەرسەلانی کرد کە لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستن بوو، ئەمری دەرکرد بە گەڕانەوەم بۆ لێپرسراوی مەڵبەندی 8ی ڕاپەڕین لە ڕانیە. دیار بوو ئه و ماوەیە خەڵکی سنوورەکه و کادێرەکان باسی منیان کردووە، کە پێویستم بۆ ئه و سنوورە. ئەوەش یەکێک بوو له و هۆکارانەی مام جەلال بڕیاری گەڕانەوەی بۆ دام وەک لێپرسراوی مەڵبەند. منیش گەڕامەوە بۆ هۆڵەندا و لەوێ بەبێ دواکەوتن ناوی خوام لێهێنا. بلیتی فڕۆکەکەم لە 28/7/1998دا بڕی و لە ڕێگەی ئێرانەوە گەڕامەوە بۆ کوردستان. پاش چەند ڕۆژێک بەرنامەم دانا و چوونم بۆ ڕانیە.

چوونم بۆ مەڵبەندی 8 ڕاپەڕین

لەگەڵ هەڤاڵانی مەڵبەندی هەشت کاتی رۆیشتنەکەمان دیاری کرد. رۆژی 04-08-199804-08-1998 لە سلێمانی کەوتمە ڕێ. هەموو کادێرەکان و خەڵکی ناوچەکەش بە پەرۆش بوون بۆ گەڕانەوەم وەک ڕێز و خۆشەویستییەک کە لایان هەمبوو، هەر لە بێستانەوە بۆ هیزۆب و تاکو چوارقوڕنە و ناو شاری ڕانیە ئەمبەروئەوبەری شەقامەکان خەڵکی و هەڤاڵان وەستابوون و پێشوازییان لێکردم، سەدان سەیارەم لەگەڵ بوو. گەیشتمە ناو ڕانیە و چوومە سەربانی مەڵبەند قسەم بۆ ئامادەبووان کرد. سوپاسێکی بێپایانم کردن لە بەرامبەر دڵسۆزییان بۆ ڕۆڵەکەی خۆیان. لەناو چەپڵەڕێزان و شیعر خوێندنەوەدا تۆزێک بەرنامەی کاری خۆم بۆ باس کردن. مەراسیم تەواو بوو. منیش لە مەڵبەند کەوتمە سەر کاری خۆم.

مەڵبەندی هەشتی ڕاپەڕین

چەند ڕۆژی یەکەم سەرگەرمی هاتنی خەڵکی و بەخێرهاتنەوە بووم لەلایەن خەڵکی سنووری سۆران و قەڵادزە و ڕانیە و شەقڵاوه و شوێنەکانی تر و کەسوکارەکانیشم له و سنوورە. بۆ زانیاریی زیاتریش سنووری سۆران، حاجی هۆمەران، چۆمان لە ڕووی حیزبییەوە لەسەر سنووری مەڵبەندی هەشت بوو. ئه و هەڤاڵانەی لە سلێمانییە وە لەگەڵم هاتن بۆ مەڵبەندی هەشت (شەوکەت حاجی موشیر، سەلاح چاوشین، مستەفای سەید قادر، عەبدولکەریم حاجی کاکە حمەی شەدەڵە، شێخ جەعفەر، ئاوات شێخ جەناب) بوون. زیاتر لە 500 سەیارە هاتبوون بۆ پێشوازیم. لە چەند ڕۆژی یەکەمدا خەڵکی سنوورەکه و دائیرە کان بە کۆمەڵ دەهاتن بۆ بەخێرهێنانەوەم. لە سنووری هەولێر و سلێمانییش برادەران دەهاتن.

له و ماوەیەی لە دەرەوە بووم، کۆمەڵێک هەڤاڵی خۆشەویستم شەهید بووبوون. یەکەم هەنگاوم ئەوەبوو سەردانی ماڵ و خێزانەکانیانم کرد، فەقێ حەسەن کاسکان، شەهید مەلا نەجم و مامۆستا مەهدی و ئەوانی تریش. ڕۆژێکیش چووین بۆ بەری مەرگه و سەردانی مەزاری شەهید عەبدولڕەحیم و شەهید شێخ محەمەد و دایکی شەهیدم (خدیجە حسێن) کرد، کە له کاتی شەهیدبوونی لەوێ نێژرابوو، لە ئاوەژێ ڕەسوڵ قەندۆڵ. ڕۆژی 10/8/1998 چووم بۆ قەڵادزە و سەردانی ماڵی شەهیدانی تریشم کرد. سەردانی ماڵی شەهید فاقەم کرد کە لە قەڵادزە بوون، لەگەڵ ماڵی هەندێک لە دۆستەکان وەک حەمەی کانەبی ئاغا، مەلای مەحمود، بایز عباس ئاغا و شێخ سەدرەدین. چووم بۆ بوسکین بۆ ماڵی شەهید بەکری فەقێ ئیبراهیم و شەهید دڵشاد.

لە سەردانەکانمدا گوێبیستی داوای خەڵکی سنوورەکە بووم. بۆ بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانیان سەردانی کاک کۆسرەت و پارێزگاری سلێمانیم کرد. ڕۆژی 07-08-199807-08-1998 لە ڕادیۆی مەڵبەندەوە قسەم کرد و سوپاسی هەموو خەڵکیم کرد کە هاتبوون بۆ پێشوازیم و پەرۆشییان بووم. ڕۆژی 18/8/1998 هەر بۆ بەخێرهێنانەوە کاک شەوکەت و سەرحەدی خەلیفە یونس و محەمەدی حاجی مەحموودی هارونی و مارف ئاغای گەڵاڵی لەگەڵ مەڵبەندی شارەزوور هاتن. حسابی ئەمە بکە چەند لای خەڵکیت و دەیانەوێیت.


هاتنی مام جەلال بۆ ڕانیە

ڕۆژی 20/8/1998 مام جەلال هات بۆ ڕانیە. لەگەڵ هەڤاڵانی مەڵبەند ئاکۆی عەباس ئاغا و شێخ مەزەفەر کاکی هیران چاوەڕوانیی مام جەلال و کاک کۆسرەتمان دەکرد بۆ ئەوەی پێکەوە بێن. بڕیارە لەگەڵیان بچین بۆ شێنێ، دەعوەتی کاک محەمەد وەتمان بوون. کە هاتن، دکتۆر کەمال فوئادیان لەگەڵ بوو. سەردانی ماڵی ڕەسوڵ حاجی شێخەمان کرد کە وەفاتی کردبوو، هەر هەمان ڕۆژیش گەڕانەوە بۆ سلێمانی. منیش چوومە وە بۆ مەڵبەند. ڕۆژانەش هەرچی کارێک بهاتایەتە پێشەوە، به هاوکاریی هەڤاڵان جێبەجێمان دەکرد.

گۆڕینەوەی دیلەکان

ڕۆژی 01-09-199801-09-1998 زۆربەی هەڤاڵانی مەڵبەند چووین بۆ کۆیە. خەڵکی تریش زۆر هاتبوون. له و هەڤاڵانەی سەرکردایەتی هەڤاڵ (جەبار فەرمان، عومەری سەید عەلی، سەعدی پیرە، کوردۆ قاسم، پارێزگاری هەولێر مامۆستا بەکر مستەفا و شاخەوان عەباس) مەبەستی دیدارەکەشمان گۆڕینەوەی دیلەکانی بەینی ئێمە و پارتی بوو. چلوچوار کەسی پارتی لای ئێمە بوو، لای ئەوانیش 167 دیل بوون. له و ژمارەیە زۆربەیان پێشمەرگە نەبوون، گۆڕیماننەوە. ئەوانەی لای ئێمە ناسراوەکانیان (هەڵمەتە ڕەش، سەعید باویانی، کەمال زیوەیی) بوو. هەردوولا به ڕێزێکی زۆرەوە پێشوازیمان لە دیلەکان کرد و لەگەڵ خۆمان هێناماننەوە. هەرکەسەش بۆ جێگەی خۆی. هەموو کاتەکان ئیش بوو، شه و و ڕۆژی نەبوو. ناوبەناویش سەردانی خەڵکیمان دەکرد. درێغیم نەدەکرد لە سەردانی کەسایەتییەکان.

ڕۆژی 06-09-199806-09-1998 برادەرێکی خۆشەویستم و کادرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان عەلی حاجی سەعید ڕەش وەفاتی کردبوو، لە پرسە کەی بووم، لەگەڵیان چوومە وە ماڵەوه، خزمیشمان بوو. ناوبەناو لەگەڵ حیزبەکانی سنووری ناوچەکە چاومان بەیەک دەکەوت و لەسەر وەزعی ناوچەکە قسه و باسمان دەکرد. لەناو عەشیرەتی مەنگووڕدا کێشەیەک هەبوو لەبەینی جوتیارەکان و ماڵی بایز ئاغا، کە لە ئێرانەوە هاتبوونەوە. دەبوو چارەسەرێکیان بۆ بدۆزینەوە. ڕۆژی 5/9/1998مان دیاری کرد بۆ ئەوەی کێشەی زەوییان بۆ چارەسەر بکەین. زۆر هەوڵمان دا بگەینە چارەسەر، بەڵام ماڵی بایز ئاغا و عەبدوڵڵا ی کوڕیان ڕازی نەبوون. هەردوولاشیان حەزیان به ڕێککەوتن دەکرد، ئەو کاتە بۆمان چارەسەر نەکرا و به قسەیان نەکردین. هەر له و کاتانەی لە مەڵبەند بووم، کێشەی ترمان هەبوو، بەتایبەت شەڕی جەبهەکان.

ڕێککەوتنی واشنتۆن لەسەر شەڕی ناوخۆ

ڕۆژی 08-09-199808-09-1998 ڕۆژێکی پیرۆزه، ڕادیۆی ئەمەریکا و لەندەن بڵاویان کردەوە کە هەردوو بەڕێز مام جەلال و کاک مەسعود بارزانی لەسەر دەستی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوە مادلین ئۆلبرایت، ڕێک کەوتوون. بڕیاریان داوە به زووترین کات پەرلەمانی کوردستان پێکەوە کۆببنەوە بۆ ئەوەی بڕیاری ئاشتی باشتر بچێتە پێشەوە. ئەم ڕێککەوتنەش لای کۆمەلانی خەڵکی کوردستان زۆر پیرۆزه و پشتیوانیی لێدەکەن. لای یەکێتی و پارتییش گرنگە بۆ ئەوەی لە کۆڵ ئەم شەڕە ببنەوە. چاوەڕوانیی گەڕانەوەی هەردوو بەڕێز دەکەین بۆ ئەوەی وردەکارییەکانی بچێتە مەیدانی ڕاستەقینەوە. ئەوەی گرنگ بوو، شەڕ کۆتایی هات. ئەمەش خواستی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دۆستەکانمان و پێشمەرگەشە. دیارە بەهۆی ئه و چەند ساڵەی شەڕ و کێشەی خەڵکی ئەرکێکی گەورەمان لەسەر بوو، بێکاری و بێئیشیی خەڵکیش لەولاوە وەستابێ. هەریەکه و داوایەکی هەبوو، ئەمە بێجگە لە ئیشوکاری حیزبی.

یەکێک لە کێشەکانی سنوورەکە ئەوەبوو کە پەیوەندیی عەشایەری وەک باقیی شوێنەکانی تر زاڵ بوو بەسەریدا، بگرە لێرە زیاتریش بوو. بچوکترین کێشە بووایە، خەڵکی خۆی دەبەست و داوای تۆڵەیان دەکرد، جا ئیتر هەق بێ یان ناهەق. لەبەر ئه و زروفەی هاتبووە پێشەوە، زۆر دڵی خەڵکمان ڕادەگرت بۆ ئەوەی لێمان زوویر نەبن، بەتایبەت شاورییەکان، چونکی هەموویان پێشمەرگەی یەکێتی بوون و ئازاری زۆریان بینیووە لە پێناوی یەکێتیدا و شەهیدی زۆریان داوە. منیش هەمیشە کارێکی وام دەکرد، کە بتوانین ئەوەی دێتە پێشەوە، چارەسەری بکەین. پەیوەندییەکی ڕۆحیی باشم هەبوو لەگەڵ خەڵکی سنوورەکە. ئێستاش هەروام، بۆ چارەسەری بچوکترین کێشە پرسوڕایان پێدەکردم و منیش بەشدریم دەکرد لە سوڵح و شایی و خۆشی و ناخۆشیدا. خۆم بە کەسێک لەوان دەزانی. بێجگە لەوەی پلەی کارکردنم گەورەترین پلەی حیزبی بوو و لێپرسراوی مەڵبەند بووم. بە حوکمی ڕابوردووی پێشمەرگایەتیم و خۆشەویستیم بۆیان بەبێ جیاوازی دەورێکی سەرەکیم هەبوو کە گوێیان لێدەگرتم. لەم ساڵانەی دواییەدا کە کاریشم لەوێ نەماوە، بەڵام پەیوەندیم نەپچڕاوە لەگەڵیان. ئەمەی من دەیڵێم بە سەرگوزەشت و تێپەڕبوون هەروا کارێکی ئاسان نییە، هیلاکی و ماندووبوونی زۆری ویستووە.

ئیشی ئێمەش لەم سنوورەی بەینی دەوڵەتان بێ کێشه و گیروگرفت نەبووە، هەر جارە به هۆی کێشەیەکەوە سەرقاڵیان دەکردین. ئەو کاتە ی من لەوێ بووم، سەرپەرشتیی هەموو کارەکانی میریشم دەکرد، چونکی ئه و سەردەمە حیزب سەرکردایەتی و ڕابەریی دەکرد.

لەوێش ئیشکردن شەوو ڕۆژی بۆ نەبوو، جاری وابوو لە نیوەشەودا بەئاگایان دەهێنای لە فڵانە شوێن کێشە دروست بووە، شەڕ بووە و فڵان کوژراوه. ئەمەش بێجگە لە بەرەکانی شەڕ، ئەگەرچی ڕێککەوتنی واشنتۆن مۆر کراوه. هەر لە یەکەم ڕۆژەوه پێشمەرگەکانی سەنگەری پێشەوەم کشانەوە بۆ ڕاستگۆیی و بۆ ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە بچێتە مەیدانی کارکردنەوە. لە دڵیشەوە نەک هەر من، هەموو پێشمەرگە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێیان باش بوو. لەبەر ئەوەی شەڕ ماڵوێرانکەرە، هەموو ئێستا بەداخەوەین و بە غەدرێکی مێژوویی حساب دەکەین، هەردوولاشمان زەرەرمەند بووین. چاکترین کادێری سەربازی و سیاسیی هەردوولامان بوونە قوربانیی ئەم شەڕە. ئەوەی ئیشمان لەسەر دەکرد و بڕوامان پێبوو بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕێککەوتنە، ئەوەبوو هەوڵ بدەین هەنگاوبەهەنگاو بچێتە پێشەوە. ئاسان نییە شەڕی چەند ساڵە و ئەم هەموو سەنگەرگرتنە لە ماوەی چەند شه و و ڕۆژ و مانگدا ساڕێژ ببێ، بەتایبەت لای خۆمان، مەڵبەندی هەشتی ڕاپەڕین ئازارەکانیمان چێشتووە. من دەرگام هەمیشە کراوە بوو لە مەڵبەند و لە ماڵیش. خەڵکی شاهیدی بۆ ڕاستیی قسەکانم دەدەن. قسەیەک هەیە دەڵێن لێپرسراوان کەس نابینن، من بەرپرسیارم لە کاری خۆم. ئەوە من نیم و واش ئیشم نەکردووه، دەرگام هەمیشە ئاواڵا بووە، هەموو ئیشەکان ڕووی لە من بوو، چونکی بەرپرسیاری یەکەم بووم.

ئه و حیزبانەی کە لە سنووری مەڵبەند بوون، لەگەڵ هەڤاڵەکان سەردانمان دەکردن. بۆ نمونە کێشەی ئامرکەرتێکمان هەبوو بە ناوی عوسمان مام ڕەسول. لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەدا سوارەی عەباس ئاغا و ئاکۆی عەباس ئاغا هاوکارییان کردین. کێشەکە لە دێی زارگەڵی بوو لەگەڵ ماڵی کاک ئەحمەد، کەسایەتییەکی ناوچەکە بوو. له و ماوەیەی کارکردن پەیوەندییەکی توندوتوڵمان هەبوو لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە: (عەبدوڵڵا بۆر، محەمەدی حاجی قادر، موحسین بایز، تۆفیق کانی وەتمانی، مەحموود سەنگاوی، مەلا نەجم، سەلاح دیلمانی) و دەیان کادێری عەسکەری و سیاسی. بۆ یادی شەهیدەکانی سنوورەکە کە زۆر بوون، ڕۆژی 30/10/1998 یادمان کردنەوە و مەراسیمێکی گەورەمان بۆ ساز کردن. کەسوکاری شەهیدەکانیش چاویان تێوەبوو. من قسەم لەسەر خەڵکی ناوچەکە و خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە شەهیدەکان و پاراستنی ڕێککەوتنی واشتنتۆن کرد، باسی ئەوەشم کرد ڕێگە به کەس نەدەین ئاژاوە بنێتەوە.

جارجارەش بۆ ڕێکخستنی کارەکانی خەڵکی لەگەڵ حکومەت دەهاتمەوە بۆ سلێمانی. ڕۆژی 26/11/1998 لە قەڵاچوالان کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کرا، ژمارەی بەشداربووان 26 ئەندام بوو. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گرنگیی ڕێککەوتنی واشنتۆن و به سەرپەرشتیی هەڤاڵ کۆسرەت بوو، مام جەلال لێرە نەبوو. ڕۆژی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری به سەرپەرشتیی هەڤاڵ کۆسرەت، سەرکردایەتیی یەکێتی و وەزیرەکان و فەرماندەکان و مەڵبەندەکان بۆ ماوەی دوو سەعات کۆ بووینەوە و لەسەر هەمان تەوەری کار و خزمەتکردنی خەڵکی و ڕێککەوتنی واشنتۆن قسەمان کرد. هەروەک وتم، ڕانیە بێکێشە نەبوو، هەندێک پێشمەرگە تەقەیان کردبوو، به پەلە گەڕامەوە و سجنم کردن، لێپرسینەوەی پێویست کرا بۆ بنبەستکردنی کێشەکە.

هاتنی کاک کۆسرەت بۆ ڕانیە

ڕۆژی 29/10/1998 کاک کۆسرەت هات بۆ لامان. لەسەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان جوانترین پێشوازیمان لێکرد. هاتنەکەی زۆر باش بوو. بڕیار بوو لە یادی شەهیداندا کاک کۆسرەت قسەیان بۆ بکات. دواتر پێکەوه چووین بۆ قەڵادزە. بەهەمان شێوە مەراسیمی پێشوازیکردن لەوێش به جوانی بەڕێوه چوو و لە مزگەوتی گەورەی قەڵادزە قسەی بۆ خەڵکی کرد. لە گەڕانەوەش سەردانی ماڵی شەهید ئیسماعیل وەرتێ و کەسایەتییەکانی سنوورەکەمان کرد. سەردانی ماڵی حاجی قادری بۆڵی و ماڵی شەهید فەقێ حەسەنمان کرد. چووینە شکارتە و لەسەر مەزاری مەلا نەجم و هەڤاڵەکانی چەپکە گوڵمان دانا و لە بالیسان قسەی بۆ ئامادەبووان کرد. لە گەڕانەوەشدا سەردانی ماڵی ئەنوەر بەگی بێتواتەمان کرد. دوایش هاتینەوە دوکان لە ماڵی سەردانی کەسایەتی و سەرۆکی عەشایەری جاف کوێخا ئیسماعیل تەلانیمان کرد و شەویش لەوێ ماینەوە. خزمەتێکی جوانیان کردین، هەموو قسەکان لەسەر پێکەوەژیان و تەبایی و برایەتی بوو کە بیپارێزین. یەکێک له و شتانەی خەڵکی ناوچەکە حسابیان لەسەر دەکرد، بەسەرکردنەوەیان بوو. منیش له و ڕووەوە کەمتەرخەم نەبووم، خەڵکی خۆیان شاهیدن. بەتایبەت لە هەموو پرسەکانیاندا بەشدار دەبووم. جیاوازیم نەدەکرد کێیە و کوڕی کێیە، جیاوازیم له بەینی هەژارو دەوڵەمەنددا نەدەکرد، بە واجبی خۆم دەزانی وەک برا و کەسوکار سەردانیان بکەم و بچم بە دەمیانەوە. خۆ ئەگەر سەردانی پرسەکان بنووسم، پەرتوکێکی دەوێ. جارجارەش دەعوەتیان دەکردین.

خزمەکانی سەردەشت و ناسیاو و دۆستان دەهاتن و لام دەمانەوە. خەڵکی کوردستانی ئێرانیش زۆر دڵخۆش بوون بەم وەزعە و ئازادیی کوردستان، به هی خۆیان دەزانی. هەمیشە قسەوباسیان ئەوەبوو تەبایی و برایەتی بپارێزین و نابێ ڕێگە بدرێ درز بکەوێتە بەینمانەوە. جارجارە گلەییان لێدەکردین لەبەر پەرۆشیمان بۆ سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکە لە کاتێکدا بەرامبەرەکەمان بێدەنگە. من یەکێک لە کارەکانم ئەوەبوو ئەوەندەی بۆم بکرایه، سەردانی ماڵە شەهیدەکانم دەکرد، ڕۆژی 15/11/1998 سەردانی ماڵی شەهید عەزیز و شەهید عەلی وەیسی و شەهید محەمەد سوڵتانم کرد، منەتیشی تێدانییە، لەسەرمان واجب بوو. ڕۆژانە دەڕۆیشتم. سنوورەکەشمان هەمووی مینڕێژ کرابوو، سەردانی شێنێمان کرد بۆ ماڵی محەمەد ڕەسوڵ حاجی شێخە، باوکی پیاوێکی دڵسۆز و پێشمەرگەیەکی چاک بوو، وەفاتی کردبوو، هەروەها خزمێکی محەمەد وەتمان مین پێیدا تەقی بۆوە و شەهید بووبوو. لە سەردانەکان هەر خۆم نەبووم، هەڤاڵانی جێگر و کارگێڕەکانم لەگەڵ بوون، چەند کێشەیەک هەبوو، هەمزەی مام ئیبراهیم کوژرا بوو. لەگەڵ کاک عەبدوڵڵا بۆر چارەسەرمان کرد.

سەردانی ماڵی مەحموودی کوێخا حەمە ئەمین شیلانەییم کرد، پیاوێکی تێکۆشەر بوو. سەردانی چەندین کەسایەتی تریشم کرد، وەک سوارەی ئیسماعیل ئاغای بڵباس کە خۆی و کەسوکارەکانیان زۆر بەخزمەت و دڵسۆز بوون.

سەردانەکانم حسابی لەسەر دەکرا، ئه و خەڵکەش کەموزۆر مەینەتییەکی زۆریان دیووە لە پێناوی خزمەتی پێشمەرگە. دەستەڵات ڕەحمی نەکردووە. پریشکی ئاگری ڕژێم هەموو لایەکی گرتۆتەوە، کەم کەس هەیە خۆشەویستترین کەسی نەکردبێتە قوربانی لە پێناوی ئەم ئازادییەدا، ئەگەر کوڕی نەبووبێ، خزم و کەسوکاری بووە. حیزبەکانیش سەردانیان دەکردین. ڕۆژی 14/11/1998 لە بزووتنەوە ی دیموکراتیخوازان مامۆستا بەهادین نووری و مەلا حاجی خەڵکی ڕواندز هاتن بۆ لام بۆ مەڵبەند و لەسەر وەزعی ناوچەکە قسەمان کرد. سەردانی گوندەکانی زەنگلان و مەمکانمان کرد. لەگەڵ محەمەد وەتمان چووین، مەلا عەبدوڵڵا زەنگل لەوێ بوو، ماتۆڕی ئاویان بۆ دانرابوو. ڕۆژی 19/11/1998 لەگەڵ عەشیرەتی بۆڵی چووین بۆ لای کاک کۆسرەت بۆ هەندێک پێویستی بۆیان جێبەجێ بکرێ.

گرتنی عەبدوڵلا ئوجەلان

ڕۆژی 16/2/1999 هەندێک لە خزمەکانی سەردەشتم هاتبوون و لە ماڵی خۆمان بووین لە ڕاینە. کاتی نانی نیوەڕۆ ڕادیۆمان کردبۆوە. لە دەنگوباسەکاندا بڵاوی کردەوە عەبدوڵلا ئوجەلان لە کینیا گیراوە و ڕەوانەی تورکیایان کردۆتەوە، پاشان دەرکەوت بە فیتی و بەرنامەداڕێژراوی چەندین دەوڵەت بووه. تورکیا و ئیسرائیل و ئەمەریکا و دەزگا جاسوسییەکانی وڵاتی کینیا و وڵاتانی تریش بەشدارییان له و پیلانگێڕییەدا کردووە. ئەمە بووە هۆی ئەوەی دڵی هەموو کوردێکی بەشەرەف تەنگ ببێت، چونکی کوردێک گیراوە، کە سەرکردایەتیی جوڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕانە دەکات بۆ ڕزگاربوونی گەلەکەی و نیشتمانەکەی، داوای حەقی خوراوی میللەتەکەی دەکات. لە وڵاتی تورکیادا بچوکترین ماف کە قسەکردن بوو بە زمانی دایک، پێشێل کرابوو. کورد نەیدەتوانی بە زمانی دایک قسە بکات و بڵێن ئێمەش کوردین. تورکیا ئەمەی بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خۆی لە قەڵەم دا. هەموو وڵاتان و ئاژانسەکان باسیان دەکرد. بەڵام لە سەرانسەری کوردستاندا هیچ کەسێکی بەویژدان نەبوو ماتەم داینەگرتبێت. هەر لە ماڵی خۆمان کە خزمەکانی سەردەشتم لابوون هەموویان گریان. لە ڕاستیدا تەنیا عەبدوڵڵا ئوجەلان نەگیرابوو، هەموو کورد گیرابوو. غەدرێکی گەورە بوو و به هاوکاری دەوڵەتانی زلهێز بۆ سەرکوتکردنی گەلی کورد لە کورد و مێژووکەی کرا.

لەسەر گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە هەموو ماڵێکی کورد پرسە بوو. لە سنووری مەڵبەندی هەشتی ڕاپەڕین و سنوورەکە بارەگاکانی پێ کاکای لێیە، کۆنە بارەگاکانی یەکێتیی نیشتمانی لەوێن، کاتی خۆشی ساڵی 1992 من لە خواکورک بووم، ئەوێمان بۆ دانان. ئەم وەزعەی ئوجەلان دنیای هەژاند بەتایبەت کوردی ئەوروپا و تورکیا. هەندێک لە حیزبە بچوکەکان و چەند ڕێکخراوێک ویستیان لە ڕانیە ڕێپێوان بکەن، ڕێگریمان لێنەکردن. هەوڵیان دا، بەڵام کەسیان پێ کۆنەکرایەوە. ناشکرێ لەسەر ئەم تاوانە گەورەیە دانیشین و تەماشاکەر بین.

لەسەر ئه و مەسەلەیه نامەیەکم بۆ مام جەلال نووسی بۆ ئەوەی خۆمان شتێک بکەین. هەمان ڕۆژ وەڵامی دایەوە و نووسیبووی چیتان پێ باشە بیکەن. منیش لەگەڵ هەڤاڵانی مەڵبەند بەرنا مەیەکی باشم بۆ دانا. هەموو ئارم و نووسینەکانی سەر لافیتەکان کە لە ڕێپێوانەکەدا هەڵگیرابوون، من شه و حازرم کرد و لە مەڵبەند نووسران. خەڵکی سنوورەکەمان ئاگادار کرد، لە فەرمانگەکان و قوتابخانەکان گەورەترین ژمارە و قەرەباڵغیمان ساز دا. بەڵام خۆم لە پشتی پەردەوە بووم. کادێرەکانی خۆمان هەموو بەشدار بوون، خۆشم لە بارەگای مەڵبەند مامەوە و لە پەنجەرەکانەوە تەماشام دەکرد، دیارە ئەمەش حساباتی لەسەرە. لەبەر وەزعی خۆمان و تورکیا، دەبوایە کارێک نەکەین دوایی بیدەنەوە بە چاوماندا، چونکی ئەو کاتە وای دەخواست. هەموو شاری ڕانیە بە گەورە و بچوکەوە بەشدار بوون بەرامبەر تورکیا. لافتەکان و نووسینی سەر لافیتەکان هەمووی دژی تورکیا بوو و دەوڵەت و لایەنانە بوو کە هاوکارییان کردوون. ئەمەش وەزعی نەفسیی خەڵکی باشتر کرد. لە داخوازییەکاندا داوای ئازادکردنی ئوجەلانیان دەکرد، ئەو کاتە ش لە یەکەم ڕۆژەکاندا ترسی ئەوەمان هەبوو لە سێدارەی بدەن، جوڵانەوەیەکی میللیی گەورە لە کوردستان و دەرەوە و ئەوروپا دروست بوو. ئەوە بۆ ماوەی دەساڵ زیاتر دەچێ لە نووسینە وەی ئەم بیرەوەرییە هێشتا لە زیندانە، بەڵام جوڵانەوەکەشیان بەردەوامە و حەقی خۆشیانە. ئەوەندەی پێمان پێکرا، بۆمان کردن.

گەڕانەوەی مام جەلال لە واشنتۆن

بڕیار بوو هەڤاڵانی مەکتەبی ڕێکخستن ڕۆژی 26/11/1998 کۆبوونەوەیەک بکەین بۆ ئەوەی لە کاتی گەڕانەوەی مام جەلالدا لە واشنتۆن بەرنامەیەک دابنێین. منیش گەڕامەوە بۆ مەڵبەند لە ڕانیە و لەگەڵ لێپرسراوی کۆمیتەکان کۆبوومەوە بۆ ئەوەی لە گەڕانەوەی مام جەلال بەشدار بین. هەر لەوێش سنووری ڕاوەستان و جێگەیان بۆ دیاری کرا.

ڕۆژی 30/11/1998 مام جەلال گەڕایەوه، کۆمیتەکانی مەڵبەندی هەشت لە حاجی هۆمەران، قەڵادزە، ڕانیە، دوکان بناری کۆسرەت، بناری ئاسۆس، ڕواندز و چۆمان، شەقڵاوە هەموو بەشدار بووین. سەعات یەک و نیو مام جەلال گەیشتە دەروازەی سلێمانی، پێشوازییەکی زۆر جوانمان لێکرد. هەموو شاری سلێمانی هاتبوون. ئەم پێشوازییەمان زۆر بە لاوە گرنگ بوو، بێجگە لەوەی مام جەلال هاتۆتەوە، لەگەڵ کاک مەسعود بارزانی ڕێککەوتنی واشنتۆنیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژو کردووه. ئاشتی خواست و ویستی خەڵکی کوردستان بوو، لەبەر ئەوە ئێمە لای خۆمانەوە زۆر بە گرنگمان زانی و کەمتەرخەم نەبووین.

وەک کاری مەڵبەند ڕۆژێکمان دیاریمان کردبوو بۆ سەردانی بناری کۆسرەت و دێی خدران، کە ئێستا ناحیەیە. ئەوی تریشیان لە قەڵا دزە لەلای خزمانی هێرۆییەکان. سەردانی هەدووکمان کرد و بە پەلە گەڕاینە وە قەڵادزە بۆ پێماڵک. سەردانی ماڵی شەهید مام جوتیاریشم کرد. کارەکان زۆر بوون و فریاکەوتنیان ئاسان نەبوو.

هەر له و ڕۆژانەدا 13/12/1998 بەڕێز هەمزە عەبدوڵڵا وەفاتی کردبوو، کەسێکی تێکۆشەری کوردستانی تورکیا بوو، بەڵام هەموو ژیانی لە پێناوی کوردستانا سەرف کرد. لە سەردەمێکدا سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، ڕۆژی 14/12/1998 لەگەڵ هەڤاڵانی مەڵبەند چووین بۆ پرسەکەی. پاش پرسەکە چووین بۆ ماڵی سیروان ڕەمزی فەتاح کە خزمیان بوو.

گواستنەوەم بۆ مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانی و کوردستانییە کان

ئەوەندەی لە مەڵبەندی ڕێکخستنی هەشتی ڕاپەڕین بۆم کرابێ، بە دڵسۆزی و گیانی لەخۆبردووییەوە جێبەجێم کردووه، زۆریش ماندوو بووم له و پێناوەدا. ڕۆژێ لە ڕۆژان بیرم لە قازانجی خۆم نەکردۆتەوە چ لە ڕابوردوو و چ ئێستاشدا. کە لە مەڵبەندی هەشت بووم، شه و و ڕۆژ وەک یەک وابوون بە حوکمی شوێنی کارکردنم. ترسیشم لە هیچ نەبوو، چونکی هەرچییەکم کردبێ، بۆ قازانجی خەڵکی ناوچەکە و سەرکەوتنی میللەت و یەکێتی بووە. له و پێناوەشدا ڕەنگە پیاو تووشی هەڵە بووبێ، بەڵام لە ڕووی دڵسۆزییە وە بووە. بۆ خزمەت بووە. ئەوەی دەیڵێم بەجێی دەهێڵم بۆ خەڵکی ناوچەکە و سنووری کارکردنم لە پشدەر و بتوێن و ئه و هەڤاڵانەی کارم لەگەڵدا کردوون لە جێگرەکان و ئەندامانی مەڵبەندو کۆمیتەکان، با خۆیان شاهیدی بدەن.

پاش بڕیاری گواستنەوەم چەند ڕۆژێ له و سنوورە مامەوه، سەردانی کۆمیتە و هەندێک لە خەڵکی دیار و ناسراوی ناوچەکەم کرد و خواحافیزیم لێکردن. داوای لێبوردنم لێ کردن ئەگەر لە مەیدانی ئیشکردنا کەمتەرخەمیم بووبێ یان هەڵەیەکم کردبێ. دیارە کە منیش لە مەڵبەندی هەشت نەمام، کەسێکی تر لە هەڤاڵان دەبێ بێتە جێگەی من. بڕیار درابوو هەڤاڵ عوسمان حاجی مەحموود بێت.

ڕۆژی 15/10/1999 هەڤاڵ ئەرسەلان بایز و مستەفای سەید قادر و خۆم لەگەڵ هەڤاڵ عوسمان لە سلێمانییەوە چووین بۆ ڕانیە. پێش چوونیشم بۆ ئەوێ بەرنامەم بۆ دانابوو، پێشوازییەکی گەرممان لێکرد، خەڵکی و کادێرەکان لە شەقامەکان ڕاوەستابوون.

کارکردنم لە مەکتەبی پەیوەندییەکان

پاش ئەوەی دەستم کرد بە کاری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنە عەرەبی و کوردی و تورکییەکان، چونکی ئه و حیزبانەی ئێستا لە بەغدا دەسەڵاتیان هەیە، ئه و کاتە هەموویان لە سلێمانی بارەگایان هەبوو. پەیوەندیی ڕۆژانەمان هەبوو لەگەڵیان، پاش سەردان و هاتنی ئەوان بۆ پیرۆزبایی و یەکترناسین، منیش سەردانی هەموویانم کردەوە، هەروەها لەگەڵ پێ کاکاش، کە سووکەجێگەیەکیان هەبوو و نوێنەرەکەیانم دەبینی.

چوونم بۆ قەندیل و هێنانی عوسمان ئوجەلان بۆ سلێمانی

لەبەر ئەوەی لێپرسراوی پەیوەندییەکان بووم، ڕۆژی 2/10/1999 لەسەر بڕیاری مەکتەبی سیاسی رۆیشتم بۆ قەندیل. لە ساڵی 1992 لە دوای شەڕەکانی خواکورک لەگەڵ عوسمان ئوجەلان فەرهاد بەیەک ئاشنا بووین. کێشەیەکمان هەبوو، ڕۆیشتم بۆ قەندیل بەدواییدا بۆ ئەوەی بە نهێنی قسەی لەسەر بکەین. پێکاکا نوێنەریان لە سلێمانی هەبوو. لەگەڵم هات و چووینە شوێنی دیاریکراو، لەگەڵ خۆم عوسمانم سواری سەیارە کرد و هاتینە سلێمانی بۆ ماڵی خۆمان. پاش پشوودانێک چووینە ماڵی هەڤاڵ جەبار فەرمان. شەوێ کاک جەبار و عومەر فەتاح و خۆم لەگەڵیان دانیشتین. ئەویش کانی یەڵماس و کەسێکی تری لەگەڵدا بوو. ماوەی دوو سەعات زیاتر کۆبووینەوە و لەسەر وەزعی خۆمان و ئەوان قسەمان کرد. پێمان وتن تورکیا زەختێکی زۆری لەسەر دروست کردوین. ئێوەش مادام لەم وڵاتەن، دەبێ هاوکارمان بن بۆ چارەسەرکردنی، ئەم پەیوەندییەش هی شاردنەوە نییە و بایی ئەوەندە زانیارییان هەیه پێی بزانن. با بۆ مێژووش ئەم ڕاستییە بڵێم بۆ ئەوەی نەوەی نوێ و ئەوانەش کە بێئاگان، بزانن ئێمە یارمەتیی زۆرمان دەدان و هاوکاریمان دەکردن، بۆ نمونە لە سلێمانی نەخۆشخانەیەکی تایبەت و نهێنی هەبوو بۆ نەخۆش و بریندارەکانیان و چەند خانویەکیان هەبوو، کە وەک بارەگا بۆ کاری خۆیان بەکاریان دەهێنا. من هاتوچۆم دەکردن.

ئەوان لە ڕێگەی مەخموورەوە، کە ئه و کاتە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا بوو، دەهاتنە چەمچەماڵ، بە تایبەتی بریندارەکانیان. لە چەمچەماڵیش ئەندام کۆمیتەیەکی خۆمانم پێ ناساندبوون تا کارئاسانییان بۆ بکات. بە شه و لە چەمچەماڵەوە دەڕۆیشتن بۆ قەندیل. به ڕێگای تریشدا دەڕۆیشتن. دواجاریش لە خەستەخانەیەکی قەڵادزە به نهێنی و لەسەر ئەرکی خۆم بەشێکم بۆ جیا کردبوونەوە بۆ ئەوەی خەڵک نەیانبینێ.

به ئاگاداریی ئێمه لە قۆپی قەدەداغ پێشمەرگە و بارەگایان هەبوو. جا با بێمەوە سەر کۆبوونەوەکەی ماڵی هەڤاڵ جەبار فەرمان. لەبەر ئه و هەموو زەختەی له سەرمان بوو، لە کۆبوونەوەکە داوامان لێکردن و تکامان لێکردن هەرچۆنێک بێت، کێشەمان بۆ دروست نەکەن، خۆ ڕۆژانەش پێویستیی خۆیان لە قەڵادزه و ڕانیە وە بۆ جێبەجێ دەکرا. ئێمەش ئاگادار بووین و دەمانزانی. لەسەر کۆمەڵێک باسوخواسی ئه و ڕۆژە قسەمان کرد و پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە هەر ئه و شەوە چوونە وە بارەگای خۆیان. خۆشم لەگەڵیاندا چووم.

هەڤاڵ جەبار فەرمان کەسێکی ئەمینی لابوو و ناوی مامۆستا عرفان بوو، منیش لە ڕابوردوودا دەمناسی و کادێر بوو. بۆ ڕۆژی دوایی لەگەڵ هەندێک پێشمەرگە داواکرا لەگەڵمدا بێت بۆ بردنەوەی عوسمان ئوجەلان. ڕاستییە کەی منیش ئەوەم لەیەک دایەوە نەک لە ڕێگە تووشی شتێک ببین. چونکی پێشتر زانیاری لەسەر شەمدین سوکاک کۆکرابۆوە، هالیکۆپتەری تورکی دابەزیبووە سەری و ڕفاندیان، زیاتر لەبەر حورمەت و ناوبانگی خۆم و یەکێتی لە سلێمانییەوە لەگەڵ سەیارەکەی خۆم سوارم کرد تاکو گەیشتینەوە لای بناری قەندیل، ئه و جێگەیەی خۆی وتی بەسه و ئیتر من گەڕامەوه. تاکو بناری قەندیل سێ جار سەیارەکەم گۆڕی، چونکی ئەگەر شتێک بووایە لە بابەتی شەمدین سوکاک، کراسی قورئانمان لەبەر بکردایە هەر دەیانوت دەسیسەی خۆیان بووە. ئێمەش تۆزێک زەختمان لێکردن کە نابێ به ئاشکرا شتتان بۆ بێنن، چونکی سیخوڕی تورک ڕۆژانە زانیارییان دەداتێ.

جارێکی تریش هەر لە سلێمانی لەگەڵیان کۆبووینەوە لە ماڵی کاک جەبار فەرمان، کە نوێنەریان کانی یەڵماس و سینان بوو، لای ئێمەشەوە (من و عومەر سەید عەلی و محەمەد تۆفیق ڕەحیم) ئەم جارەیان بۆ ئەوەی داوایان لێبکەین، لە سلێمانی بارەگاکانیان چۆڵ بکەن. لەسەر ئەم داوایەش هەردوولا قسەی زۆرمان کرد.

نانی ئێوارەمان لە ماڵی جەبار فەرمان خوارد، کۆبوونەوەکە سێ سەعاتی خایاند. وتیان ڕۆژی یەکشەممە وەڵامتان دەدەینەوه، هەر لەسەر کارئاسانی و پەیوەندیمان و لەسەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەکە نوێنەرەکەیان کە ناوی رودی بوو، لەگەڵ ئەندامێکی مەکتەبی پەیوەندییەکاندا ناردم بۆ ڕانیە بۆ لای هەڤاڵ عوسمان حاجی مەحموود کە لێپرسراوی مەڵبەندی هەشت بوو، بۆ ئەوەی خەستەخانەکەی قەڵادزە بەشێکی چۆڵ بکەن بۆ نەخۆش و بریندارەکانیان بۆ ئەوەی خەڵکی نەیانبینێ.

چوونی من و هەڤاڵ عومەر شێخ موس بۆ لای عوسمان ئوجەلان

هەڤاڵ عومەر شێخ موس لە سوید هاتبۆوە. لە ڕابوردوودا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، کەسایەتییەکە لە تێکۆشەرەکانی گەلی کورد. لە ڕابوردووش پێش ئەوەی یەکێتی دروست ببێت، لە ئەوروپا کەسێکی چالاک بووە بۆ خزمەت گەلی کورد، کەسایەتییەکی ناسراویشە، داوای لێکردم لەگەڵی بچم بۆ لای عوسمان ئوجەلان لە قەندیل. بۆ ئەم سەفەرە بەرنامەمان دانا. من بە حوکمی ئەوەی لێپرسراوی پەیوەندییەکانم و سنووری پشدەر هەموویان دەناسم، ڕۆژی 1/12/1999 بەیانی زوو بەڕێ کەوتین بۆ جێگەی مەبەست. چووینە دێی شێخان. عوسمان ئوجەلان هات و ماوەی دوو سەعات لەگەڵی دانیشتین، ئەم سەفەر و سەردانەمان بۆ هەمان مەبەستی هێورکردنەوەی بەینی یەکێتی و پێ کاکا بوو، کە ماوەیەک بوو گرژیی تێکەوتبوو، قسەکان لەسەر ئه و باسانە بوو، کە وابکەین تووشی شەڕمان نەکەن، ئەگینا هەردوولا زەرەرمەند دەبین. بۆ ئێوارە گەڕاینەوە بۆ سلێمانی. کاک عومەر سوپاسی کردم کە لەگەڵی ڕۆیشتووم و کارئاسانیم بۆ کردووە.

من و مامۆستا چەتۆ حەوێزی لەبەر ئەوەی هەردووکمان لە مەکتەبی پەیوەندییەکان بووین، لە هەوڵی ئەوەدا بووین لە سلێمانی جێگەیەکیان بۆ پەیدا بکەین. بە هاوکاریی وەستا عەبدول کە لێپرسراوی پێشمەرگەکانی لای خۆم بوو، جێگەیەکمان بۆ پەیدا کردن بۆ ئەوەی بە نهێنی تێیدا بن و نەیەن بۆ مەکتەبی پەیوەندییەکان، چونکی لە دەرەوەی مەکتەب هەواڵ بڵاو دەبۆوە. باسی ئەوەش هەبوو لەلایەن تورکەوه چاودێری بکرێن. خۆشم جارجارە سەردانی ماڵەکەیانم دەکرد.


شەڕی دێی ئاڵی ڕەش

پێشمەرگەکانی یەکێتی لە دێی ئاڵی ڕەش دەبن لە سنووری پشدەر، بێ ئەوەی هیچ شەڕێک لە بەینا بووبێ، پێ کاکا پەلاماریان دابوون و ئەمانیش ئاگایان لە خۆیان نەبووە. زیاتر لە دوانزە پێشمەرگەیان شەهید کردین، ئەمە کارێکی زۆر ناخۆش و شەڕفرۆشتن بوو، دوای ئەمەش لەیەکی بدەنەوە ئەوە بکەن چی ڕوو دەدات. چەندین جار تورکەکان داوایان کردووە کە پێ کاکا له و ناوەیە و دەریان بکەین، ئێمە وتوومانە لەلامان نین و لەسەر سنوورن، دەیان شێلەوبیلەمان بۆ هێناونەتەوە. کەسێکیان هات بۆ لام بە ناوی ئادەم بۆ ئەوەی جێگەیان بۆ دیاری بکەین، هەر بەردەوام بووین. بە وریای کارمان لەسەر دەکرد.

مامۆستا باپیر لە مەکتەبی پەیوەندییەکان بوو. جارێکیان هات بۆ لام و وتی تورکەکان بەنیازن بێن سەردانی ناوچەکە بکەن، من هەڤاڵ سەلیم حەمە ئاغام بانگ کرد کە لێپرسراوی پێشمەرگەکانی پشدەر بوو، بەداخەوە بە نەخۆشی وەفاتی کرد. وتم بچۆ ئاگاداریان بکە له و جێگەیانە نەمێنن و دیار نەبن، جموجۆڵیان نەمێنێت. ئەوەم جێبەجێم کرد، بزانین چی دەبێ. هەر هەمان ڕۆژ مامۆستا عەزیز و مامۆستا باپیر لای برادەرانی پێ کاکا بوون و هاتنەوە. ڕێکمان خستبوو لەگەڵیان چی بکەن.

ڕۆژی 11/5/1999 تورکەکان لەگەڵ دکتۆر خەسره و گوڵ محەمەد هاتن و ڕۆیشتن بۆ ئەوێ، بەڵام من پێشتر پێم وتبوون ئێمە پەیوەندیمان نییە لەگەڵیان و ئەوان لەم سنوورە نین، لەسەر مەرزی ئێرانن، دەسەڵاتمان نییە بەسەر ئه و ناوچانەوە، بەڵام برادەران گێڕایانەوە کە چووبوون و کەرەستەی پێشکەوتوویان پێبووبوو، دەیانزانی لە کوێن، بڕوایان بە قسەکانی من نەکرد.

جارێکی تریش لە 16/2/1999 دکتۆر خەسره و لەگەڵیان هاتەوە، بۆ هەمان مەبەست ڕۆیشتن بۆ بناری قەندیل و گەڕانەوە. ئەوەی ئێمە بۆمان باس دەکردن، هەر بڕوایان پێی نەبوو، چونکی خۆیان شوێنەکانیان لەسەر نەخشە دەزانی.

دێمەوە سەر شەڕی دێی ئاڵی ڕەش. پاش شەهیدکردنی دوانزە پێشمەرگەکە ئیتر ئەمبەروئەوبەرمان لەیەک گرت و شەڕ دامەزرا، کە خۆشمان بۆ ئامادە نەکردبوو و چاوەڕوانی نەبووین. لەسەر بڕیاری سەرکردایەتی و م.س ئه و هەڤاڵانەی کە پێویست بێ، کارەکانیان بەسەردا دابەش کرا، ئەو کاتە من لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان بووم، بەڵام دەبێ دیار بم و لەوێ وجودم هەبێ. جەبهەکانمان بەربڵاو بوون.

دانانی بارەگای سەنگەسەر وەک ژووری ئیشکردن

ئەوانەی کە کارەکانمان پێسپێرابوو لەوێ کۆ بووینەوە. هەڤاڵ جەبار فەرمان لێپرسراوی هەمووی بوو، سەردانی سەنگەرەکانمان کرد، سەردانی کورتەکمان کرد لای دۆڵی شەهیدان، دوایی هاتینەوە ڕانیە و لەوێشەوە بۆ زینوی وەرتێ. تەماشای سەنگەرەکانی خۆمان کرد و پێ کاکاشمان کرد کە لە یەکەوە نزیک بووین. دوایی گەڕاینەوە بۆ چوارقوڕنە بۆ لای مام جەلال کە لە سلێمانییەوە هاتبوو، خۆی بارەگایەکی هەمیشەیی هەبوو لەوێ. لەگەڵ مام جەلال سەعاتێک کۆبوونەوەمان کرد، هەرکەسه و لای خۆیەوە وەزعی جەبهەکانی بۆ باس کرد و بەرنامەمان دانا بۆ ئەوەی پێ کاکا دوور بخەینەوە.

لەسەر ئەم باس و ئاڵوگۆڕی ڕەئیە بووین بە دوو بەشەوە بۆ سەرپەرشتیی کارەکان. یەکەم جەبهەکانی کورتەک و هێزەکانی گەرمیان هەڤاڵ جەبار فەرمان لەگەڵیان بێت. ئێمەش گەڕاینەوە بۆ سەنگەسەر. لەگەڵ کاک فەرەیدون عەبدولقادر و لیوا خەلیل دۆسکی سەردانی سەنگەرەکانی کوزینەمان کرد بۆ ئەوەی بەرچاومان ڕوون بێت و بەرنامەی خۆمان دابنێین. ئه و هێزەی کە لە جەبهەی کوزینە بوو، ئەم هەڤاڵانە بوون. 1- بورهان سەعید سوفی 2- هەرێم کەمال ئاغا 3- سیامەندە سوور 4- عوسمان بانی مارانی 5-جەلال ئیلنجاغی. قسەمان لەگەڵیان کرد لەسەر ئەوەی هاتۆتە پێشەوە. هەر شەویش گەڕاینەوە بۆ سەنگەسەر. ڕۆژی 2/12 من و فەریدون عەبدولقادر و لیوا خەلیل دۆسکی و مامۆستا عەزیز گەڕاینەوە بۆ ڕانیە. فەریدون عەبدولقادر دەربارەی ئاڵوگۆڕی وەزعەکه قسەی بۆ کردین.

دوای چووین بۆ پشتی قەڵادزە بۆ سەنگەرەکانی جۆلانە بۆ لای هەڤاڵ محەمەد وەتمان و لەگەڵ فەرماندەیی ئەوێ قسەمان کرد. ئەم هەڤاڵانە لەوێ بوون 1- لەتیف حاجی فەرەج 2- تەها کانی بەردی 3- حاجی مام عەلی لە مامەندە بوو، فاتح حەمەڕەشیش لەوێ بوو، بۆ ئەوەی ئەوانیش خۆیان بەرنامە دابنێن و خۆیان قایم بکەن. سەعات چوار گەڕاینەوه. هەڤاڵ جەبار فەرمان هات و تفەنگێکی قەناسی بۆ هێنام. هێشتا شەڕ لەلای ئێمەوە دەستی پێنەکردووە. ئەم هەیئەتەی ئێمە لە سەنگەسەر بووین، هەڤاڵ فەرەیدون عەبدولقادر و من خۆم و خەلیل دۆسکی بووین. کارەکانی خۆمان جێبەجێ کرد و بەرچاومان ڕوون بوو. دوایی گەڕاینەوە بۆ لای فەوجی شێنێ و سێوەیس. هەر هێزه و جێگەی خۆی پێسپێردرا.

ڕۆژی 4/12/2000 شەڕ دەستی پێکرد و لە جەبهەی شاخی زێڕنەکیوی لای ماخوبزنان چاومان لە ئاگری شەڕەکە بوو، چاوەڕوانی ئەنجام بووین، لە جەبهەکەش هەڤاڵ مستەفای سەید قادر، عەدنانی حەمەی مینا، موحسین بایز، محەمەدی حاجی قادر، عوزێر فەقێیانی و نازم کەرکووکیی لێبوون، باش چووبوونە پێشەوە و سەیتەرەیان کردبوو بەسەر جادەی ئێندزێدا.

شەڕە گەورەکەمان لە بناری قەندیل لە جەبهەکەی کورتەک

ئەگەرچی بناری سوورە دێ و سڵی و پۆڵی زۆر دوور بوون، بەڵام لە هێرشی یەکەمدا کەمێک چووبوونە پێشەوە و هەندێک شوێنیان گرتبوو. بەڵام لەبەر ئەوەی جێگە سەرەکیەکانیان پێ نەگیرابوو، هێزەکانمان زۆر به خراپی شکابوون و کشانەوە. دە شەهید و 30 بریندارمان هەبوو، دیلیشمان هەبوو.

لە جەبهەی زێرنەکیوی ژمارەیەک لە پێ کاکا شەهید بوون و دوو دیلیان هەبوو، هەندێک تەقەمەنیش دەستکەوتبوو. جەبهەی کورتەک باش نەبوو، هێزەکانمان هەموویان به شکاوی گەڕانەوە بۆ جێگەی خۆیان بۆ لای هەڤاڵ جەبار فەرمان، کە لێپرسراوی جەبهەکەی ئەوێ بوو. ئێمەش بۆ بەیانی سەردانی سەنگەرەکانی لای شاخی مامەندەمان کرد لای محەمەد وەتمان. هەندێک تەقە دروست بووبوو و لە دوورەوە پێیانەوە نابوون بۆ ناو دۆڵەکە. دوایش چووین بۆ لای شاخی موسێ چەپلەک لای فەرماندەیی 16ی باباگوڕگوڕ، هەندێک ئامۆژگاریمان کردن و گەڕاینەوە بۆ سەنگەسەر، لەوێ بارەگای فەرماندەیی ئێمەی لێبوو.

پێ کاکا ڕۆژی 5/12/2000 سەعات 30؛11 پەلاماری سەنگەرەکانی شێنییان دابوو. بە چەند بروسکەیەک لەم پەلاماره ئاگاداریان کردین. هێزەکانی ئێمەش وەڵامیان دابوونەوە و نەیانهێشتبوو بێنە پێشەوه. هیچ جێگەیەکیان نەگرتبوو، لەوێ و لە جەبهەکانی تریش دوو شەهید و حەوت بریندارمان هەبوو. ئیسعافم بۆ بریندارەکان نارد بۆ ئەوەی زوو بگەنە خەستەخانە. هێزەکانی ئێمە داوای دۆشکایان کردبوو، منیش کاتیوشا و دۆشکام بۆ دابین کردن.

دوای شەڕی زێڕنەکێو جارێکی تر پێ کاکا هێرشی کردبوو، پێشمەرگەکان شکابوون، هەموو شاخی زیڕنەکێویان گرتبوو، وەزعی پێشمەرگەکانی ئێمە باش نەبوو.

لە پاش ئەم شەڕانە، هەموو ئه و هەڤاڵانەی بەرپرسیاری جەبهەکان بوون، لەگەڵ جەبار فەرمان کۆبووینەوە و بەرنامەی تازەمان دانا. هەندێک پێشمەرگەی ترمان نارد بۆ جەبهەی زێڕنەکێو بۆ ئەوەی ئه و شوێنانەی لێیان، گیراوە بیگرنەوە. هەندێک هێزی شکاویشمان گۆڕی.

ئێوارەی 5\6/12/2000 من و عوسمان حاجی مەحموود سەرکەوتین بۆ جەبهەی کۆرک پشتی سەنگەسەر. سەعات 30؛2 دوو و نیوی شه و پێ کاکا پەلاماری سەنگەرەکانی داین و شەڕ دامەزرا، هێزی دوانزەی پشدەری لێبوو و هەڤاڵ عەلی حەمەڕەش ئامریان بوو، پاش شەڕێکی یەک سەعاتی پێ کاکا هیچ شوێنێکی نەگرت و کشانەوە. پێشمەرگەکان بەرگرییەکی چاکیان کرد. لە دڵی خۆمدا لێکم دەدایەوه ئەم شەڕەی تووشی هاتووین، ماڵوێرانییە و ئەنجامیشی نابێ. لە هەردوولا کوڕی فەقیر و هەژار تێدا دەچن و دەکوژرێن. خوا پێ کاکا بگرێ لەسەر ئەم سیاسەتە چەوتەیان. سەعات هەشتی بەیانی من و عوسمان حاجی مەحموود هاتینە خوارەوە بۆ ئەوەی پێویستی جەبهەکەیان بۆ بنێرین، ئه و ماوەیە لە هەموو جەبهەکان شەڕ هەبوو، بەتایبەت بە شەو، ئێمەش پاش شەڕەکان و کشانەوەی پێ کاکا لە هەندێک جێگە خەریکی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە بووین، بەڵام هەمووی هیلاک بوو، سەرماوسۆڵە لەولاوە وەستابێ، به گشتی وەزعی نەفسی پێشمەرگە باش نەبوو، بێجگە لەوەی شەڕەکەش هەر باش نییە.

ڕۆژی 8/12/2000 جەبهەکان ئارامییەکیان پێوە دیار بوو و شەڕ نەبوو، ئێمەش هەندێک ئاڵوگۆڕمان به هێزەکانمان کرد. جارێکی تر پێ کاکا پەلاماری کورتەکیان دایەوه و گرتیان. هێزی ئێمەش پاش شەڕێکی چەند سەعاتی پاشەکشێی کرد. ئه و فەرماندەییەکانی ڕاپەڕین و بتوێن و کەرکووک لەوێ بوون. ئه و شەوە جەبار فەرمان لە چوارقوڕنە بوو.

شەوی 9\10/12/2000 لەسەر شاخ بووم لەگەڵ فەرماندەیی پشدەر لە موسی چەپلەک شەڕی لێنەبوو.

بەڵام شه و پێ کاکا هێرشی کردبووە سەر فەرماندەیی 5ی دوکان، پاش شەڕێکی گەرم و چەند سەعاتێ 13 پێشمەرگەی دوکان شەهید بووبوون و چەندین پێشمەرگەش بریندار بووبوون. لە پێ کاکاش نۆ کەس شەهید بوبوون و بەجێما بوون، بەڵام شکابوون و کشابوونەوە. هەر هەمان ڕۆژ کاک کۆسرەت سەردانی کردین و چووین بۆ لای پێشمەرگەکان، دواتریش ڕۆیشتین بۆ دۆڵی شەهیدان.

شەڕی کوزینە

ڕۆژی 11/12/2000 سەعات یەکی شه و پێ کاکا هێرشی کردە سەر سەنگەرەکانی پشتی دێی کوزینه، فەرماندەیی دووی هەولێر لەوێ بوون (بورهانی سەعید سوفی و هەرێم کەمال ئاغا). پاش شەڕێکی گەرم و بێوێنە لەلایەن هەردوولاوە پێ کاکا شکابوون و زەرەرێکی زۆریان کردبوو. هێزەکەی ئێمەش دوانزە شەهیدمان هەبوو. لە پێ کاکاش زۆر کەس شەهید بووبوون و لێیان بەجێما بوو. هەر لە هەمان شەودا پەلاماری زینوی وەرتێ و شاخی هەڵەموندیان دابوو، پاش شەڕێکی کورتخایەن پێ کاکا هەموو سەنگەرەکانی ئێمەیان گرتبوو، لەوێش کەمتەرخەمی کرابوو. دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بکەی.

لە سەعات سێی شەودا پێ کاکا زاڵ بوو بەسەر شاخەکەدا و دوو شەهیدمان هەبوو. ئەم شکانەش کارێکی یەکجار خراپی کردە سەر جەبهەکە و ورەی پێشمەرگە، بەڕاستی پێ کاکا واجباتیان شەڕە. خۆ له و شاخە زیاتر کوێ هەیە بۆی بچن؟ هەر دەبێ شەڕ بکەن. من ئه و شەوە دووجار چووم بۆ لای جەبار فەرمان لە فیرقەی چوارقوڕنه. نامەیەکی کاک کۆسرەتم بۆ برد. لە خه و هەڵمساند و ئاگادارم کرد کە زینوی وەرتێ گیراوە. دوایی چووم بۆ لای مستەفای سەید قادر. هەردووکمان چووین بۆ لای هێزی قەرەداغ، دەوری سەعات یانزەی نیوەڕۆ بوو. لەگەڵ ئامرەکەیان ئەنوەر دۆڵانی و کاکەمەند بۆ ئەوەی هیمەت بکەین بۆ گرتنەوەی زینوی وەرتێ، ئەوانیش ئەوەندەی بۆیان کرا، هیمەتیان کرد، بەڵام بێسوود بوو، هەرچی شاخی هەڵەموندی هەبێ، زینوی وەرتێشی دەبێ و بەسەر ئەمدیوو و ئەودیوی ناوچەکەدا زاڵ دەبێت. به گشتی وەزعی جەبهەکان باش نەبوون، ناڵێم هەر هەمووی.

دەنگیش هەیە ئەمڕۆ شەڕ ڕاوەستێ و ئاگربەست بکرێ. مام جەلال لەسەر وەزعەکە و شەڕ و ئاشتی نامەیەکی دوورودرێژی نوسیبوو بۆمان. ئێوارەش هەڤاڵ کۆسرەت بروسکەیەکی کرد و دەڵێت خۆت و هەڤاڵ جەبار فەرمان وەرن بۆ لامان. لە نامەکەشدا دەڵێت با کاک مستەفای سەید قادر لێپرسراوی جەبهەکە بێ. لەبەر ڕۆشنایی نامەکەی مام جەلال من و کاک جەبار ڕۆیشتین، لە کۆبوونەوە هەموومان پێمان باش بوو شەڕ نەبێ و ئاشتی لەگەڵ پێ کاکا بکرێ. بڕیارمان دا کاک کۆسرەت بچێتەوە بۆ لای مام جەلال و ڕەئی ئێمەشی پێ بڵێت و بۆی ڕوون بکاتەوە.

ئاگربەست کرا، کەچی پەلاماری شێنێیان دابوو، هەروەها لە قوڵی موسی چەپلەکەوە هێرشیان کردبوو. بەڵام شەڕەکە زوو تەواو بوو، شەهیدێکمان هەبوو بە نارنجۆکی دەستی شەهید بووبوو، ئێوارەیە و جەبهەکان بۆنی شەڕوەستانیان لێدێت. بەڵام وردەتەقە لەملاوئەولاوە هەر هەیە. هێرشی گەوره و شەڕی گەورە نەبوو، بزانین بەرهەمی شەڕوەستان چیی بەسەر دێت و چەند سەرکەوتوو دەبێ. هەر هەموومان لە جەبهەکانین و هەڤاڵەکان دێن بۆ لامان بۆ جێبەجێکردنی پێویستیی ڕۆژانەیان.

ڕۆژی 12/12/2000 سەردانی هەڤاڵ جەبار فەرمانم کرد لەچوارقوڕنه، لەوێشەوە چووین بۆ زینوی وەرتێ. من و هەڤاڵ فەرەیدون عەبدولقادر، عوسمان حاجی مەحموود، لیوا خەلیل دۆسکی پێکەوە بووین. پاش ئەوە کۆبوونەوەیەکمان کرد دەربارەی جەبهەکان و وەزعی سیاسی. پێمان باش بوو هەڤاڵ مام جەلال لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکان ئاگادارمان بکاتەوه، بەتایبەت کە شەڕ وەستاوە. هەر ئه و شەوە بە تەلەفۆن لەگەڵ هەڤاڵ کۆسرەت قسەمان کرد. لە وەڵامی تەلەفۆنەکەیدا وتی سبەینێ خۆم و مام جەلال دێین. مام جەلالیش بروسکەی کرد و وتبوی خۆشم سبەینێ دێم بۆ لاتان. هەر لە سەروبەندی ڕاوەستانی شەڕ تەلەفزیۆنی Medtv دەڵێت ئەگەر یەکێتی ڕازی بێت، شەڕ ڕادەگرین. چاوەڕوانی هەڵوێستی یەکێتی دەکەین و ئامادەین ڕۆژ و سەعات دەستنیشان بکەین. ئێمەش چاوەڕوانین بزانین هەڵوێستی م.س چی دەبێ لەگەڵ هاتنی مام جەلال. ئێمەش وەک سەرپەرشتیاری جەبهەکان و پێشمەرگەکان پێمان باش بوو شەڕ بوەستێ و تورکیش سوود لەم شەڕە وەرنەگرێ.

هاتنی مام جەلال بۆ چوارقوڕنە

مام جەلال هات و ئێمەش ئەم هەڤاڵانە لەوێ پێشوازیمان لێکرد: (فەرەیدون عەبدولقادر، مستەفا چاوڕەش، عوسمان حاجی مەحموود، لیوا خەلیل دۆسکی). هەروەها هەڤاڵ جەبار فەرمان و مستەفای سەید قادریش لەوێ بوون.

کۆبوونەوەی مام جەلال دوای نیوەڕۆ دەستی پێکرد، قسەکان زیاتر دەربارەی جەبهەکان و هێزەکانمان بوو. ئێمەش هەندێک ڕاوبۆچوونمان پێوت. خۆشی وتی ئەوەی ئێوە دەیڵێن، ڕاستە. لەبەر جەژنیش پشوو به هێزەکان دەدەین. لە داهاتوودا هەندێک ئاڵوگۆڕیش دەکەین. ئەوانەی ئازابوون، هان بدرێن و تەمەڵ و ترسنۆکەکان دوور بخرێنەوە. پێویستە پاکسازی بکرێ. دیارە ئەم ماستە بێ موو نییە و ئێرانیش دەوری هەیە. ئێمە دوای کۆبوونەوەکە گەڕاینەوە بۆ سەنگەسەر، چونکی بەرپرسیار بووین و پێشمەرگەش چاوەڕوانی بڕیاری تازەیە. لەسەر بڕیاری مام جەلال هەندێک ئاڵوگۆڕی چەکمان کرد بۆ پێشمەرگە. جەلال کە بەرپرسی جبەخانە بوو، لەوێ بوو. بە ناوی جەلال ئەوەندی بۆم کرا، لە سەردان و هاتوچۆی جەبهەکان کەمتەرخەم نەبووم. سەردانی هەموو بەشەکانی لای خۆمانمان دەکرد لە جۆلانە و کوزینە. ئەو کاتە ی چووینە لایان لە جەبهەکە، مام غەفوریش لەوێ بوو.

ڕۆژی 15/12/2000 ئەوەی لەسەر بێسیمەکە بوو، بانگی کردین و وتی مام جەلال داوای تۆ و فەرەیدون عەبدولقادر دەکات. ئێمەش چووین بۆ لای بۆ چوارقوڕنە. کە چووین، هەندێک لە هەڤاڵانی تریش لەوێ بوون، لەوانەش: مستەفای سەید قادر، جەبار فەرمان، خەلیل دۆسکی. بانگکردنەکە تایبەت بوو بە دابەشکردنی هێزەکان لە پاش ڕاگرتنی شەڕ.

هەر ئەمڕۆش کەسێکی لێپرسراوی تورکی بە ناوی یوز پاشا لەگەڵ حەسەن قاپلان کە هەردووکیان تورک بوون، بە هالیکۆپتەر هاتن بۆ چوارقوڕنە و داوایان لە مام جەلال کرد بچێت بۆ تورکیا. دوای گەڕانەوەیان مام جەلال کۆبوونەوەی پێکردین. هەندێکیش چەکی داینێ، بەتایبەت سەنگەرەکانی من و فەرەیدون عەبدولقادر و خەلیل دۆسکی کە نەشکابوون. دوای کۆبوونەوەکە گەڕاینەوە بۆ سەنگەسەر. هەر ئەمشه و پێ کاکا لە تەلەفزیۆنەکەیان بڵاویان کردەوە کە یەکێتی وەڵامی ئاگربەستی ئەوانی نەداوەتەوە. هەر ئەمڕۆش لە دوکان مەکتەبی سیاسی کۆدەبێتەوه، ئایا مام جەلال بچێت بۆ تورکیا یان نەچێت.

ئەمڕۆش جەبهەکانمان دابەش کرد و جیا کرانەوە. لیوا خەلیل دۆسکی بۆ ناوچەی شێنێ، خۆم مستەفا چاوڕەش بۆ بەرقڵیش و کوزینە، عوسمان حاجی مەحموود بۆ کۆرک، مستەفای سەید قادر بۆ دۆڵەڕەقه و پڵنگان. لە دوای ئەوەی جەبهەکان دابەش کرایەوە، هەرکەسەمان بەرپرسیار بوو لە شوێنی خۆی. من هاتمەوە بۆ ڕانیە، پشوویەکم دا و دوایی گەڕامەوە بۆ سەنگەسەر. وەستا ڕەسوڵم نارد بۆ بارەگای ئه و محوەرەی خۆم لێی بەرپرسیارم، هەر ئەمڕۆش بڕیارە وەفدێکی ئێرانی بێت بۆ لای مام جەلال لەسەر گۆڕانکاریی تازە. هەروەها تورکەکان گەیشتنە چوارقوڕنە لە قەڵاکەی چوارقوڕنە و هێزێکی بچوکیان لەوێیە بۆ پەیوەندی و سەردانی جەبهەکان. پاش ئەوەش چووم بۆ دێی سپێرۆ لای پشتی سەنگەسەر بۆ دانانی بارەگایەک. له و بێدەنگییەی جەبهەکان و کەمە ئارامییەی هەبوو، لەلایەک خەریکی ڕێکخستنەوەی هێزەکان بووم، لەلایەک دانانی بارەگا و لەلایەکیش سەردانی هەڤاڵەکانم دەکرد، سەردانی مامەغەفه و هێزەکەیانم کرد، چووم بۆ سەرشاخ و پشتی کوزینە و سەردانی فەرماندەی نوێی کۆیەم کرد لە گرد ئێستر. داوام لێکردن سەنگەرەکانیان قایم بکەن نەک پردەکە بە تاریکیی شه و بیتەقێننەوە. لە پاش هاتنی ئێرانییە کان کە چاویان بە مام جەلال کەوتبوو، بەڵێنیان دابوو بیانگوێزنەوە.

چوونمان بۆ قەڵادزە

ڕۆژی 19/12/2000 لەگەڵ هەڤاڵ عوسمان حاجی مەحموود و لیوا خەلیل دۆسکی و مامۆستا عەزیز و شێخ جەعفەر چووین بۆ قەڵادزە بۆ پرسەی مام وسو کاوانی و سەردانی چەند کەسایەتییەکی تری ناوچەکەمان کرد. هەر هەمان ڕۆژ گەڕاینەوە بۆ چوارقوڕنە. کە چووین بۆ لای مام، برادەرانی تریش هاتبوون، وەک هەڤاڵ بەرهەم ئەحمەد ساڵح، ئەرسەلام بایز و جەبار فەرمان و هەندێک هەڤاڵانی تر، پاش ئەوەی مام جەلال هەندێک ئامۆژگاری کردین، گەڕاینەوە بۆ سەنگەسەر.


هاتنی وەفدێکی ئێرانی

هەیئەتێکی ئێرانی هاتبوون بچن بۆ لای پێ کاکا، پێک هاتبوون لە سەردار فروزەندە، هاشمی، پەناهی و نوریان. چون بۆ لای پێ کاکا بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕەکە بێت. پێ کاکا بچنەوە جێگەکانی خۆیان و بکشێنەوە. بڕیاربوو ئێوارە بگەڕێنەوە. کە هاتنەوە، وتیان بەڵێنیان داوە بڕۆنە دواوە. وتبوویان مام جەلال چی بڵێت وا دەکەین، به قسەی ئێرانییە کان.

بەفربارینێکی زۆر و ڕێگەگرتن

ڕۆژی 20/12/2000 تەها کانی بەردی فەرماندەی هێزەکەی سەر شاخی مامەندە بروسکەی بۆ کردین و وتی لەسەر شاخی مامەندە ئەوەندە بەفر باریوە، ڕێگە نییە پێشمەرگەکان هاتوچۆ بکەن و بێنە خوارەوە. ڕێگە نەبوو ئێمەش بچین بۆ لایان، هەوڵمان دا شۆفڵ و گلێدەریان بۆ بنێرین بۆ پاککردنەوەی ڕێگەکە.

وەزعی جەبهەکەش هێمنه، بەڵام بارانێکی یەکجار زۆر دەبارێ. لەبەر ڕێگەگرتن و سەرما و بارانێکی زۆر و ڕەشەبا هەندێک لە پێشمەرگەکان، لە جەبهەی دۆڵی شەهیدان کە هێزی ئینزباتی سلێمانی و فەوجی تایبەت بوو، دابەزیبوون. لەگەڵ فەرەیدون عەبدولقادر و شێخ جەعفەر چووین بۆ دۆڵی شەهیدان لە پشتی سەنگەسەر، کە هێزەکانی لێبوو. هەوڵمان دا ئەوانەی هاتوونەتە خوارەوە، سەربکەونەوە. هێزی تریشمان بۆ ناردن بۆ ئەوەی لەوێ لاواز نەبین تاکو ئەنجامی کۆتایی. هەر هەمان ڕۆژ چووین بەره و شاخی مامەندە بۆ سەرپەرشتیکردن و ناردنی شۆڤڵ و پێویستی بۆ کردنەوەی ڕێگەی بەفرگرتوو.

ئێوارەش ڕۆژی 21/12 هەڤاڵ فەرەیدون عەبدولقادر و جەبار فەرمان چوون بۆ قەڵاچوالان بۆ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی. مام جەلال بروسکەی کردبوو (من و عوسمان حاجی مەحموود و مستەفای سەید قادر) ئاگاداری جەبهەکان بین. هەندێک لە هەڤاڵانیش هاتن بۆ لامان وەک عەلی بچکۆل و سەعدون فەیلی. عەلی بچکۆل ساڵی 1983 لە مەڵبەندی دوو لە سەرگەڵوو بەرپرسمان بوو، برادەری هەموومان بوو و هاتبوو بۆ لامان.

پاش گەڕانەوەی هەڤاڵ فەرەیدون لە کۆبوونەوەی م.س بۆی باس کردین کە هەموو لایەک دەستیان خستوەتە کارەکەوە. دەست بۆ هەر لایەکیان دەبەیت، کۆمەڵێک گرێکوێرەی تێدایە، لەملا ئێران و لەولاوە تورکیا. ئێمەش هەندێک ڕاوبۆچونی خۆمان لەگەڵ کاک فەرەیدون باس کرد. ئەویش لەبەر ڕۆشنایی قسەکانمان نامەیەکی بۆ مام جەلال نووسی و وەزعی جەبهەکەشی بۆ ڕوون کردەوە.

هەر له و بەینەشدا لەگەڵ فەرەیدون عەبدولقادر و باقی برادەران سەردانی دۆست و ڕێکخستن و پرسەکانی خەڵکی قەڵادزە و ڕانیە مان دەکرد. وا جەژنیش هاتە پێشەوە. لای ئێمەش نە شەڕە و نە ئاشتی. بڕیارمان دا هەندێک لە پێشمەرگە ماندووەکان، ئەوانەی زیاتر لە مانگێکە لەوێن، مۆڵەتیان بدەین و بچنەوە لەگەڵ کەسوکاریان جەژن بکەن.

من هەر لە سەنگەسەرم. برادەرانی مەڵبەندی پێشمەرگە هاتن بۆ لام هەڤاڵان 1- هەڵۆ. 2-بەختیار چیمەنی 3- دەشتی. وا هاتبوون لام بمێننەوە. منیش بەسەر جەبهەکانی پێشمەرگەدا دابەشم کردن. من جارێ هەر له و بەینەدا لە ڕانیە و قەڵادزە و شوێنەکانی تر سەرپەرشتیی هێزەکان دەکەم و لە هاتوچۆدام. لەسەر کەمکردنەوەی پێشمەرگە مام جەلال نامەیەکی بۆ نووسیبووین، کە نیوەی ئیزن بدەین و نیوەی بهێڵینەوە. داواکەیمان جێبەجێ کرد.

ڕۆژی 25/12/2000 نامەیەکم نووسی بۆ ئه و هێزەی فەوجی نیزامی، کە لیوا قارەمان لەگەڵیان بوو. داوام لێکردن بێنە خوارەوە و بڕۆنەوە. ملازم شێخ جەمالم نارد بۆ لایان. منداڵەکانیشم لە سلێمانییە وە هاتبوون بۆ ڕانیە بۆ ئەوەی پێکەوه جەژن بکەین. لە نێوان ئێمه و پێ کاکا تاکو 25/12 شتێکی وا دیار نییە.

ڕۆژی 26/12/2000 لەگەڵ کاک فەرەیدون و زریانی کوڕم چووین بۆ جەبهەکانی کوزینە و چووینە سەر شاخ و سەردانی هەموو سەنگەرەکانمان کرد. لەوێ فەرماندەیی دووی هەولێری لێبوو. ئەوەندە باران باری بوو، ناو سەنگەرەکان هەمووی ئاو بوو. پیرۆزبایی جەژنمان لێکردن و گەڕاینەوە. لە ڕانیە ش بە بۆنەی جەژنەوە خەڵکی تەقەی خۆشیی دەکرد. ڕۆژی 27/12/2000 یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە. ئێمەش بەم جەژنه دڵمان هەر لای پێشمەرگەکانە، کە بەرامبەر یەک وەستاوین و خەریکی چین. ئه و ڕێکەوتنەی ئێرانییە کان لەگەڵ پێ کاکا کردوویانە، چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ کشانەوە. ئەگەر جێبەجێ بکرێ کارێکی باشە و لە کۆڵ ئەم شەڕە دەبینەوە، کە حەزمان پێ نییە.

لە ڕانیە سەردانی ماڵی شەهیدانمان کرد

ڕۆژی دووەمی جەژن هەڤاڵ عوسمان حاجی مەحموود تەلەفۆنی کرد و وتی بەتەماین بە بۆنەی جەژنەوە لەگەڵ کاک مستەفای سەید قادر بچین بۆ سەردانی ماڵی شەهیدان، تۆش وەرە. منیش یەکسەر چووم، هەروەها لەگەڵ کۆمیتەی ڕانیە هەڤاڵ ئەحمەد زرار دەستمان پێکرد بە سەردان. پاشان چووین بۆ ئۆردوگای ڕانیە و چوارقوڕنە و گرجان و قەرەنی ئاغا. هەر ئه و ڕۆژە ئاگاداریان کردین و وتیان کاک کۆسرەت هاتووە. ئێمەش گەڕاینەوە بۆ ڕانیە و لەوێشەوە بۆ سەنگەسەر. هەر هەمان ڕۆژ هەندێک لە هەڤاڵان هاتبوون (کاک بەرهەم، محەمەد سابیر، عەدنان موفتی، سەعدون فەیلی، ئاسۆ ئەڵەمانی، مامۆستا بەکر، سەفین مەلا قەرە و شاخەوان عەباس). لەگەڵیان سەردانی هێزەکانی لای عەدنانی حەمەی مینا مان کرد لە دێی ماخوبزنان، پاش ئەوە گەڕاینەوە بۆ ڕانیە و لە مەڵبەندی ڕانیە لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان کۆبووینەوە.

دواتر لەگەڵ ملازم عومەر و سەلاحەدین موهتەدی و هەندێک برادەری تر چووین بۆ دۆڵی شاورێ لای دێی پڵنگان. پاشان چووین بۆ دێی باوزێ لە پشتی قەڵادزە بۆ لای کەسوکاری شەهیدان، دێکەیان 73 شەهیدی هەیه، دێیەکی تێکۆشەر و باشن، زۆرینەیان پێشمەرگەی یەکێتین. ڕۆژی 30/12 بەیار کوڕی ملازم عومەر هات و لەگەڵ زریان کوڕم ناردمن بۆ جەبهەکەی لای کوزینە بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان هەم ژیانی پێشمەرگە و هەم سنوورەکەش ببینین.

دوا ڕۆژی ساڵی دوو هەزارە 31/12/2000 و هێشتا پێ کاکا نەکشاوەتەوە. بڕیارە سەرەتای ساڵی تازە جێبەجێی بکەن. بڕیاریشە ڕۆژی 18/1/2001 مام جەلال سەردانی ئەنقەرە بکات. بروسکەیان بۆ کردین کە ڕۆژی 02-01-200102-01-2001 کۆبوونەوەی سەرکردایەتییە لە قەڵاچوالان.

کۆتایی ساڵی 2000

هیوادارم شەڕ کۆتایی بێت و ئاشتی بگەڕێتەوە بۆ ناو ماڵی کورد.

جارێکی تر لە سەنگەسەر

لە سەنگەسەر کۆبوونەوەیەکمان کرد. ئەوانەی بەشدار بوون لە لێپرسراوەکان و سەربازییەکان، ئەمانە بوون: (فەرەیدون عەبدولقادر، مستەفا چاوڕەش، مقەدەم سەلاح مەولان، تۆفیق کانی وەتمان، موحسین بایز، محەمەدی حاجی قادر، جەمال هەروتی و عەبدوڵڵا بۆر) کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دابەشکردنەوەی هێزەکان لە داهاتوودا بەسەر جەبهەکاندا. بڕیارمان دا تەنها بەشی حەراسەت هێز بهێڵینەوە. زستانەکەشی زۆر سەخت بوو، لە گەڕانەوەشدا بۆ سلێمانی بەفر لە دۆڵی خەلەکان ڕێگەی گرتبوو. هەندێک لە هێزەکانی کەرکووک و سلێمانیم ناردەوە بۆ جێگەی خۆیان. شوێنەکانی ئەوانم بە فەرماندەیی پشدەر سپارد، کە عەلی حەمەڕەش ئامرهێزیان بوو. جەبهەی بەرقلشیوم گوڕی، کە لە شەڕدا جێگەیەکی گرنگە بۆ سنووری قەڵادزە

گەڕانەوەم بە یەکجاری لە جەبهەکان

پاش ئەوەی هێزەکانم ڕێک خستەوە، پاش ڕاوەستانی شەڕ، گەڕامەوە بۆ سلێمانی بۆ سەر کارەکەی خۆم. ئەوەی لە جەبهەکان ڕووی دا، تەنیا ناخۆشی و ئازار بوو، تەنها کوڕی کورد کوژرا لە هەردوولا. هەمووشمان کە قسە دەکەین، بۆی بەداخین. به و هیوایەی جارێکی تر ڕوو نەداتەوە و دەرسی لێوەرگرین. هەموو لێپرسراوە گەورەکانی کورد کە باسی شەڕی ناوخۆ دەکرێت، ئاخوداخی بۆ هەڵدەکێشن. بڕیاریان داوە دووپات نەبێتەوە. منیش گەڕامەوە بۆ فەرماندەیی گشتی و مەڵبەند. چەند ڕۆژێ دوای گەڕانەوە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بە سەرپەرشتیی مام جەلال دەستی پێکرد. ئه و چەند ڕۆژەش لەگەڵ کادێرەکانی مەڵبەندی پێشمەرگە کۆبوونەوەم کرد لەسەر خۆئامادەکردن بۆ کۆنگرە و خاڵێکیشی باسی جەبهه و شەڕەکانم بۆ کردن، کە به کوێ گەیشت.

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ڕۆژی 2/1/2001

لە قەڵاچوالان کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی بە سەرپەرشتیی مام جەلال دەستی پێکرد. کۆبوونەوەکە لەسەر دووخاڵ بوو، یەکێکیان پیرۆزبایی ساڵی تازەی لێکردین و چەند ساتێک ڕاوەستاین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان. دەربارەی کۆنگرەش بوو، کە زۆربەی باسەکان تەرخان کرا بۆ کۆنگرە و سەرکەوتنی کۆنگرە. کۆنگرە ئامادەباشیی دەوێ، کە لەسەر هەموومان پێویست