گەرمیان، قڕکردنی سیستماتیکی ژنان
لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە ئیدارەی
گەرمیانگەرمیان، بەراورد بە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان زیادیانکردووە، ژنانی چالاکوان و رێکخراوەکانی ژنان هۆکاری سەرەکیی حاڵەتەکان دەگەڕێنەوە بۆ دابونەریت و هێنانی ژنی دووەم و هاوسەرگیریی پێشوەختە.
بە پێی ئاماری فەرمیی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان، لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە سنوورەکە، دوو حاڵەتی کوشتن و سێ حاڵەتی خۆکوشتن و نۆ حاڵەتی سوتان و خۆسوتاندنی ژنان هەبووە، بە بەراورد بە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی پێشوو، دوو حاڵەتی کوشتن و یەک حاڵەتی خۆکوشتن زیادیکردووە.
تەنها لەمانگی رابردووشدا لە گەرمیان دوو حاڵەتی خۆکوشتن و یەک حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمارکراون.
لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژی لە دژی ژنان لە گەرمیان، جگە لە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان 'ڕژاک' هیچ ڕێکخراوێکی دیکەی ژنان نارەزایەتییان نیشان نەدا و نەکرایە ڕۆژەڤ، 'ڕژاک' لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە کوشتن و لێدان و سوتاندنی ژنان ڕەوا و مافداردەکرێت.
سەبارەت بەو بابەتە، بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان و بەشێک لە چالاکوان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و قسە لەسەر هۆکارەکان و چارەسەر دەکەن.
هاوسەرگیری پێشوەخت و هێنانی ژنی دووەم لە زیادبووندایە
لەمیعە محەمەد بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان، هۆکاری کوشتنی ژنان بۆ هێنانی ژنی دووەم و چەند هۆکاریکی دیکە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: هۆکاری سەرەکیی کوشتنی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، هێنانی ژنی دووەم لە لایەن پیاوەوە و ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیریی پێش تەمەنی 18ساڵ، هەندێک جاریش بارودۆخی ئابووریی.
لەمیعە سەبارەت بە پلان و کاری بەڕێوبەرایەتییەکەیان بۆ کۆتایی پێهێنانی توندوتیژییەکان وتی: جگە لەوەی ڕۆژانە هەڵمەتێکی بەرفراوانمان هەیە بۆ ڕێگرتن لەم توندوتیژیانە، پلانمان داناوە بۆ سەردانیکردنی خوێندنگاکان و ئاگادارکردنەوەی منداڵان لە کێشەکان و پێدانی هۆشیاریی بۆ دوورکەوتنەوەیان لە توندوتیژیی، بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەکی دوور لە توندوتیژی.
کاریگەریی دابونەریت لە زیادبوونی توندوتیژی
هێشوو عەبدوڵا، چالاکوانی بواری ژنان باسی لەوەکرد، کە ژنان بەهۆی دابوونەریتە کۆنەپارێزەکانی کۆمەڵگاوە، وەکو مرۆڤێک ناتوانن بەرجەستەی مافەکانی خۆیان بکەن و وتی: ئەگەر ئاین و یاساش ڕێگەیان پێبدات، کۆمەڵگا پاڵەپەستۆ و توندوتیژیی بەهەموو جۆرەکانییانەوە دەکەنە سەر ژن، تا ڕادەی ناچارکردنی بە لەناوبردنی خۆی.
هەروەها، ژینۆ خەلیل، ئەندامی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، ئاماژەی بەوەدا، کە بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگایەکی پیاوسالارمان هەیە و ژنان پاڵپشتیان نییە، بەتایبەتی پاڵپشتی خێزانی، ژنان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیاندا بێهیوا دەبن، هەروەها لە ژێر ناوی ئاین و کلتور و دابونەریتدا مافی ژنان دەخورێت، بە پێویستیشی زانی، کە ژنان باوەڕ و ئومێدیان بە خۆیان هەبێت، خۆیان بەهێزبکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕاستییە، تا بتوانن لەم دابونەریتانە دەربچن.
[1]
18-10-201818-10-2018