بۆخۆم وەبیرم نایە! بەڵام ئەوجۆرەی دایکم و خوشکەکانم بۆیان گێڕاومەوە: ئەمن ئێوارەی15ی مانگی ڕەزبەری 1318ی هەتاوی _7ی ئوکتۆبری1939ی زایینی لە دایک بووم.
لە بەرەبەری جەنگی دووهەمی جیهانی، لە هەڕەتی حوکمی دەوڵەتی ڕەزاخانیدا، لە گوندێکی ناوچەی شاروێران، بەناوی قەرەشڵاخ، بەوتەی خەڵکی زێدەکەم، یان بە وتەی هاو وڵاتیانی غەیرە کورد: قەرەقشڵاق سەر وەشاری #مەهاباد#، چاوم بەدنیا هەڵێناوە. ئیدی ئێمە ئاگامان لە شەڕوشۆری دووهەمی جیهانی نەبووە، هیچمان لێ¬نەزانیوە! گوندنشینانی کورد، لەو سەردەمەدا بەگشتی نەخوێندەوار بوون، جگە لە وڵاتانی دراوسێی کوردستان، زۆریان شارەزایی و ئاگاداری لەسەر جوغرافیاو هەڵکەوتەی وڵاتانی جیهان نەبوو...؟ ئەو سەردەمە تەمەنی من دوو ساڵی تەواو نەکردبوو، وەک دەیانگوت: هێزەکانی (سۆڤیەت، ئینگلیس و ئەمریکا) ئێرانیان لەڕێگای دەریا و وشکانییەوە، گەمارۆ دابوو دواتر داگیریان کردبوو.
قۆشەنەکەی ڕەزاخانیش کە دەیگوت:ئاسمان بڕووخێ بەنووکی سەرنێزە ڕایدەگرێ بێ¬تەقە و دەستکردنەوە، خۆی بەدەستەوە دا و لەبەرێک هەڵوەشا و ئاداری بەسەر پاداریەوە نەما و ڕەزاخانیش لە ئیران وەدەرنرا و لە هەندەران توون¬بەتوون چوو،و سەری نایەوە؟
ئەمن بە هۆی کەم¬تەمەنی، سەردەمی ڕەزاخان و زەبروزنگی دەوڵەتەکەی و چۆنایەتیی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەم وەبیر نایە. بەڵام دایکوباوک و کەسانی بەساڵداچوو ئەوەندەیان داستانی پڕ لە تراژیدی و ستەم و سووکایەتی و زۆر و زۆرداریی حکوومەتی پەهلەوی، بەگوێچکەدا خوێندبووین، بیچمی شوومی ژاندارم و کاربەدەستە دزەکانی ڕژێمی ڕەزاخانی، دەبوون بە دێوەزمە لە سەر لاپەڕەی مێشک و زەینمان.
لەدوای بەتوون¬چوونی ڕەزاخان و حوکمەکەی، ئێمەی منداڵیش گەشەمان دەکرد و گوێچکەکانمان بە ناوەکانی: کۆمەڵە و دێموکرات، ئاشنا دەبوون و وشەی نوێ دەهاتنە سەر خەزێنەی زەینمان. گوێمان بە داستانەکانی ناودارانی کورد و شێعر و گۆرانیی کوردی ئاشنا دەبوو و خۆمان بە گوتنەوەیان ڕادەهێنا...
هەرچەند ئەوسەردەمە، زۆرکەم¬تەمەن بووم، غایەتێکی بەحوکمی ئەوە کە منداڵ کون¬پشکن و لەسەرهەستە، گوێم بۆ هەموو داستان و باسوخواسێکی ئەو سەدەمە ڕادەگرت. ئەمن کوڕە خواپێداو نەبووم. بابم زەحمەتکێشێکی دێهاتی بوو، لە هەمان¬کاتدا ڕاوچییش بوو. ماڵەکەمان لە وەرزەکانی بێکاریدا دەبوو بە مەکۆی ڕاوچی و ئاغا و کەسانی بەساڵداچوو و ڕیش¬سپی ئاوایی. لەو سەردەمەدا، لە ئاوایی¬یەکانی کوردستان بەگشتی دیوەخان نەبوو. ئێمەمانان هەرناوی دیوەخانمان دەزانی، دەنا بەچاو نەمان¬دیبوو؟ جگە لە ئاغاوەتان، کەسی دیکە دیوەخانی نەبوو...! ئەو حەشیمەتە زۆرەی دەهاتە ماڵەکەمان، لە دەوری تەندوورێ، یان لەبەر کورسی، لێک کۆ دەبوونەوە و دەستیان دەکرد بە نەقڵو¬نەزیلە و حەقایەتی ڕابردووی خۆیان.
هەرکەس داستانێکی لە سەر بێدادیی تورک و عرووس و تاڵان و بڕۆی حکوومەتی ڕەزاخان هەبا کە ئەو جۆرە کەسانە کەم نەبوون، نەقڵ و ڕووداو، و بەسەرهاتی خۆی بەئیشتیا، تاموخوێ دەکرد و لە مەجلیسەکان دەی-گێڕایەوە.
باسی هاتنی عرووس بۆ ئێران و دامەزرانی کۆمەڵە و دێموکرات، لەوسەردەمەدا لەمەڵبەندی ئێمە، مەجلیسی بەساڵداچووانی گەرمتر کردبوو. ئێمەی منداڵیش، بە تامەزرۆیی گوێمان بۆ دەگرتن. کەس نەبوو لە بیستنی ئەو جۆرە ڕووداو و بەسەرهاتانە وەڕەز بێ...
سەربردە و بەسەرهاتی بەساڵداچووانی بەرلەخۆمان بوو بە هەوێنی خەباتی دواڕۆژ بۆ ئێمەی بەرەی دوای ئەوان. گێڕانەوەی ئەو بەسەرهات و ڕووداوە تراژیدییانە کاری کردە سەر ئێمە و بوو بەهۆی ئەوە کە بکەوینە شوێن ناسنامەی نەتەوەیی خۆمانو...؟
لە ڕۆژی 15ی مانگی ڕەزبەری 1318ی هەتاوی_ 1939ی زایینییەوه هەتا ئێستێ، دەبێتە حەفتاوپێنج ساڵ و دوو مانگ کە، لە دایک¬بووم. بە وتەی دایکم: یەکەم مانگی پاییز بوو، هەوا فێنک داهاتبوو، مێشوولە لە کەمییان دابوو، هەڕەتی توندیی شەپکەی پەهلەوی بوو کە چاوم بە ڕووی دنیادا کردەوە. ئیدی نە ئەو دەیزانی چ ساڵیک بووە، نە ئەمنیش وەبیرم دێ...
ژیان و پێکهاتەی بنەماڵە!
ئەوجۆرەی دایکم بۆی گێڕاومەوە، ژیانیان بە سەر زۆر قۆناخی ناخۆش و پڕلە تراژیدیدا تێپەڕیبوو. بە وتەی ئەو، بەهۆی ڕاکردن لەبەر عرووس و خاڵە قوربانی، تووشی قاتیوقڕی و دەربەدەری و هەژاریی لە ڕادەبەدەر هاتبوون...!
ئەمن بن¬بێژێنگ و دوازدەهەمین منداڵی ئەو بووم. ئەوەی ئەمن بە چاوی خۆم دیتوومە: لەکۆی ئەو دوازدە منداڵە، یان خوشکوبرایانە، تەنیا سێ کچ و کوڕێک_ کە خۆم بم، بۆ دایکم مابوونەوە. بە وتەی خۆی مەرگی هەشت منداڵە خۆشەویستەکەی دیکەی، بەشێوەی جۆراوجۆری زۆر ناخۆش و دڵتەزێن بەچاو دیتبوو، تەرمەکانیانی بەڕێ کردبوون. حەسرەتی لە دەست دانی منداڵە خۆشەویستەکانی هەرگیز لەبیر نەدەچوو؟...
ئەوەی خۆم وەبیرم دێ: باوکم هاوینان دوای دابین¬کردنی تفاقی پڕوپاتاڵەکەی، خەریکی جەگەن¬دروون دەبوو. دوکانێکی چووکەشی هەبوو، بە فروشتنی وردەواڵە و کەلوپەلی پێداویستی ئەو سەردەمەی خەڵکی هەژاری ئاوایی، بژیوی ڕۆژانەی خۆیانی دابین دەکرد. خوشکەکانم بەر لە دایکبوونم، یان ئەوکاتەی تەمەنم کەمتر لە ساڵێک بووە شوویان کردبوو.
بنەماڵەیەکی چووکەی سێ کەسی _ دایکم و بابم و خۆم مابووینەوە. ژیانێکی تەباوڕەبای هەژارانەمان هەبوو. دایکم وێڕای کار و کوێرەوەریی نێوماڵ، بە پاتاڵەکەشمان ڕادەگەیشت. دوای سەروبەرکردنی ماڵ و پاتاڵەکە، ڕۆژانە دەچووە سەرکارگەی حەسیرێ، دەستی دەکرد بە حەسیرکردن، لانیکەم ڕۆژانە یەک، دوو حەسیریشی دەکرد. لەوە بەدوا لەوانەیە زۆرتر لەوە، ژیانی خۆم و بنەماڵە بدەمە بەر باس.
ئێستێ کە ئەو یاد و بەسەرهات و ڕووداوانە دەنووسمەوە لەوانەیە زۆرشتم لەبیر چووبێتەوە؟ لە هەمان¬کاتدا، بێشک ڕووداوەکان بەوشێوە ئەدەبیاتە نەبوونە کە ئێستێ لەسەر قاقەز نووسراون. ئەدەبیاتەکە خۆم دامڕشتوە: زەینی منداڵ هەر ڕووداوەکانی وەبیر دەمێنێ. ئەوەی ئەمن مەبەستمە: گێڕانەوەی ڕووداوەکانە، جا بەهەرشێوە ئەدەبیاتێک بێ، لەسەر من پێویستە بە دروستی بیانگێڕمەوە.[1]