هێمن موکریانی: هێشتا لاو نا، مێردمنداڵبووم، لە کۆنە بەیازێکدا پارچە شیعرێکی فارسیم خوێندەوە و لەبەرم کرد، ئێستاش لە بیرم ماوە، چونکە بە دڵمەوە نووساوە، ئەگەرچی بە داخەوە، نازانم شاعیرەکەی کێیە؟ ڕاستە ئەم پارچە شیعرە لە چاو سەنعەتی شیعرییەوە زۆر پوخت نییە، ئەمما ئەم پارچە لە باری نێوەرۆکەوە گەلێک پڕ و دەوڵەمەند و بەهێز و هەست بزوێن و کوورتە. قسەکانی هێمن تەواو بوون.
مامۆستا هەژاریش بەو بیرە تیژەی خۆی و بەو دەستە ڕەنگینانەی بەم شێوەیە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
کە مرد لەیلا خەبەریان دا بە مەجنوون
ئیتر دنیا لە بەر چاوی نەما ڕوون
یەخەی لەتکرد بە ڕۆڕۆ و داد و هاوار
بەشیوەن ڕۆیی بۆ لای مەقبەرەی یار
لە گۆڕستان مناڵێکی بەدی کرد
بە چاوی سوورەوە پرسی بەوی کرد
گوتی لەیلا لە ناو کام گۆڕە مەدفوون؟
وتی هێشتا لە عیشقا کاڵی مەجنوون!
لە سەر هەر گۆڕێ تۆزێ گڵ جیاکە
بە یادی عیشقەوە بۆنی پیاکە
لە هەر خاکێ کە بۆنی مەیلی لێ هات
وە سەرکە خاک و خۆڵ ئەو جێیە جێگات