دواڕۆژ، هانا چۆمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگەکان ڕایدەگەیەنێت: ئەو لیژنەیەی حکومەت ماوەی چەند مانگێکە دروستی کردووە بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاسایی و بێ مۆڵەتەکان کارەکانی خۆی ئەنجامداون و گەیشتووەتە ئه و ئەنجامەی پێویستە، 170 پاڵاوگە دابخرێن.
دکتۆر سامی جەلال، سەرۆکی لیژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژ-ی ڕاگەیاند :دوای ئەوەی چەندینجار حکومەت ئاگادارکرایەوە لەبوونی پاڵاوگەی نایاسایی و بێ مۆڵەت کە سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەن، حکومەتی هەرێم لیژنەیەکی نۆ کەسی دروستکرد من سەرۆکایەتی دەکەم، دوای سێ مانگ کارکردنیش ڕاپۆرتی خۆمانمان ئامادەکرد و گەیشتینە ئه و ئەنجامەی کە سەدان پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێم هەن.
وتیشی :بەپێی ئەنجامی ڕاپۆرتەکە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 500 پاڵاوگەی نایاسایی و بێ مۆڵەتی نەوت و گاز هەیە، ئەمانە بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان، بۆیە دەبێت دابخرێن. ئێمە بۆ ئەم مەبەستە هەستاوین بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی داخستنیان بە دوو قۆناغ، لە قۆناغی یەکەمدا بڕیارمانداوە بە داخستنی 200 پاڵاوگەیان کە زۆر شوێنەکەیان هەستیارە و لە نزیک شارەکانن، لە قۆناغی دوومیشدا هەڵدەستین بە داخستنی 300 پاڵاوگەکەی تر.
سەرۆکی لیژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگەکان ڕونیشکردەوە :لیژنەکە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان-ە، گەیشتوین به و ئەنجامەی تا ئێستاش نزیکەی 30 پاڵاوگەی نەوت پابەندنین بە مەرجەکانی حکومەت، بەڵام مۆڵەتیان هەیە و یاسایین، لەبەر ئەوە سەرجەمیان ئاگادارکراونەتەوە، ئەگەربێت و پابەندیشنەبن سزادەدرێن.
ئەوەشی خستەڕوو :نزیکەی 170 پاڵاوگەی نایاسای و بێ مۆڵەت هەیە، سەرجەمیان ئاگادارکراونەتەوە کە هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە و کاری نایاسایی و ئەگەر بێت و تا دوو مانگی تر خاوەنەکانیان دایاننەخەن حکومەت بەزەبری هێز داگیریان دەکات و تێکیان دەدات، چونکە کارەکەیان کارێکی نایاساییە و سەدان کێشە و زیانی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە.[1]
#31-10-2018#