ئامادەکردنی: #زریان سەرچناری#
سلێمانی 2018
هەژار 1921 - 1991
ئەگەر ئاوها نەکەم چ بکەم؟
لە کەرکوکم بەئاب، ئارەق لەبەر گەرما نەکەم چ بکەم؟
کە بەرچایی بە ماستی شل، بە پیاڵێک چا نەکەم چ بکەم؟
هەموو ڕۆژێ سەعاتێ دوان نەبێ، ئاوی ئوتێل دەبڕن
ئەگەر تەرخی دەم و چاو شتن و ئیستینجا نەکەم چ بکەم؟
لە حەوت و نیو دەبێ بۆ کار بچم، ڕێم چارەگێک دوورە
لە حەوت و چارەگێکڕا شانی بۆ پێدا نەکەم چ بکەم؟
لە(دارک ڕووم)ی پڕ هاڵاو و بێن ناخۆش و بێ مەنفەز
ئەگەر چەند تەبع و تەکبیرێکی بۆ (سۆنا)نەکەم چ بکەم؟
لە دوازدەی دێمەوە برسیمە ماندووم قڕقڕەی زگمە
کە ورگی لامەزەب تا مل پڕی شۆربا نەکەم چ بکەم؟
بە ماستاوێکی شین و تام نەدار، یان ئاوە بەفری زۆر
بە دوو هێشوو ترێ، یان گڕکە بۆرێ با نەکەم چ بکەم؟
ئیتر هەر بانگی تەنزیلاتە یان شەربەت بە دوو فلسە
لە جێگەی خه و جنێودان، داد و واوەیلا نەکەم چ بکەم؟
سەر ئێوارە دووبارە کارە تا شه و کاتی حەوت و نیو
لە باتی سینەماو گەردش بەرەو خەو ڕا نەکەم چ بکەم؟
شمەک هەڵگرتنە بۆ بان و خۆدانە بەعەرزیدا
هەتا خەو دوو قسەی قۆڕیش دەگەڵ شوکرا نەکەم چ بکەم؟
تەخمیسی (بارگەی یاران)
هەژار شێعری مام هێمن ی تەخمیس کردووە
ژارگەی ماران
بەربەڕۆچکەش هەیە سەرمامە! شەوان من چ بکەم؟
ئەم منداڵانە کەبێ کراس و کەوان من چ بکەم؟
دڵی بردووم کچە تیوی کەرەوان من چ بکەم؟
دێت و ڕادەبرێ وەکو سەروی ڕەوان من چ بکەم؟
کە بەقور بانی نەکەم ڕووحی ڕەوان من چ بکەم؟
من نەشەرقیم و نەغەربیم و نەئەمریکی، نەڕووس
نەموسوڵمانی بەڕاستم و نە جووم و نە مەجووس
پیروزورهانم و خورپەی دێ دڵم بۆ کچی لووس
قەدی ئەو شۆخە وە کوو دووخ وخەدەنگە ئەفسووس
پشتەکەم کۆمە وەکو ماڵی کەوان من چ بکەم؟
سەرە لەرزۆک و قۆڵ و چۆکە شل و زگ پەنەماو
لاملم خوارە پشوم سوارە پڕوش و کزە چاوم
چوار پەلم شل بوو لەشیشم بۆتە لانکە شکاو
تازە هە نگاوی شلم کوانێ دەبێ بۆشەوڕاو
جوانە زۆرجوانە بە ڵێ ڕەوتی کەوان من چ بکەم؟
بەزگی برسی خەوم نایە هەرچەندە وەرکەوم
ئارەزوم هەر ئەوەیە نانی گەرم بێتە خەوم
وەکی ڕەشکێکی ڕزیو پس پسە گش قەڵف و گەوم
زەبری ئاوزەنگی بڕاو شل بووە دەستی جڵەوم
دێ دەنا پڕمەیی بۆر و بدەوان من چ بکەم؟
دم دمی چی؟ ئەوە دوێنێ بوو ئەمن زۆر کەونم
دایکە وای ڕەحمەتی! ئەوسایە کوتابووی تەونم
وشک و ڕەق بومەوە تازە دەگەڕێم بۆ شەونم
ژوانی خۆشی هەڕەتی لاوەتی دێتە خەونم
کاتی ئاویلکە دەگەڵ زیندە خەوان من چ بکەم؟
خەڵکی پێی وایە لە خۆشیانە هەراو گاڵەم دێ
نا براکەم لە دەستی زاڵمەکانە زاڵەم دێ
ورتەیی کۆنە برینانی دەم ئاواڵەم دێ
شەو هەتا ڕۆژێ لە بەرئێشی لەشم ناڵەم دێ
دێتە گوێم دەنگی گەلۆ نیوە شەوان من چ بکەم؟
لە چیایان و لە دەشتان و لە لادێ و شاران
هیچ شتێک ئێستە نەماوە وەکو جاری جاران
دەوەرە سەیرێ بە ڕۆژی مژو گۆپاڵ باران
بارگە یان تێکەوە پێچاو بەڕێ بوون یاران
لە دنێ وا بە تەنێ پاشی ئەوان من چ بکەم؟
دە چمە لای هەرکەسێ بۆ کارێ دەڵێ کوێر و کەڕە
یە ک دەڵێ لاچۆ لەبەر چاو ئەوی تر ئێژێ هەڕە
ئەوی بۆم ماوەتەوە چاوی تەر ِو پێستی گەڕە
ژیانی من ئێستە وەکو خۆری دەمی زەردە پەڕ
پێم نەما تین گوڕ و هێزو تەوان من چ بکەم؟
خۆم وە کو زەڕنەقوتە و زاڕۆڵەکانیش ڕوتن
حەوتی وام هەن کەدەمی خواردنێ وەک حەو حوتن
دوێنێ ئێواری لە سەربانێ هەڵم خست توتن
(سروە) هات خونچە گوڵی با خی ئەدەب پشکووتن
باخەوانی گەرەکە تازە جەوان من چ بکەم؟
خاڵەباس یادی بەخێر ئەو دەمی داکی مردبوو
هەروەها وشک و برینگ نایە قەبر نەی یشت بوو
دێیەکەی ئێمە هەمووی دێم و تەلان و گرد بوو
ئاو نە بوو ئەودەمی (هێمن) مە لەوانی کورد بوو
ئاو شوکر زۆرە وەرن زوو مەلەوان من چ بکەم؟[1]