سەروا ی چی بکەم؟ صابری
📜 هۆنراوە
ئامادەکردنی:
زریان سەرچناریزریان سەرچناری
سلێمانی 2018
صابری 1881-1944
چی بکەم؟
کە نووری تەلعەتی یارم لە تووری دڵ بڕا چی بکەم؟
تەنووری میحنەتی دووری لە سینەم هەڵگرا چی بکەم؟
ئەوا چو بۆ سەفەر لەیلا بەجێ ماوم لە بن کەیلا
دڵەی مەجنون بە واوەیلا بە دویا هەڵخرا چی بکەم؟
هەتاکو تاقتم مابو هەمو غەم نان و حەڵوابوو
کە خانەی سەبرەکەم سوتا کە پەردەی دڵ دڕا چی بکەم؟
بە ئەمری حەق قەڵەم بۆ ئێمە هەر دەردو غەمی نوسی
ئەگەر شیوەن نەکەم سەبر و قەرارم لێ بڕا چی بکەم؟
قەڵەم ڕۆژی ئەزەل بۆ ئێمە هەر دەردو غەمی نوسی
هەمو ڕۆژ گەر نەناڵێنم لەناو خاک و قوڕا چی بکەم؟
ئەگەر چی شین و ناڵینم لە کن تۆ پارەیە ناکا
لەدونیادا بە بەدناوی کەمن زانگم زڕا چی بکەم؟
لە باغی عومری خۆم و حوسنی تۆ بێ بەهرەبم تاکەی؟
لە بەر دەرگاهی تۆ هەر دابنیشم لەم قوڕا چی بکەم؟
بە بەرگی تازەوە هەرکەس ئەبینم مەست و مەسرورە
هەمیشە قانع و (صابر) لە تۆی بەرگی شڕا چی بکەم؟
خودا هاوارە
خودا هاوارە ئەم شه و دولبەرم لێ دابڕا چی بکەم؟
شەرارەی ئاگری دووری لە سینەم هەڵگڕا چی بکەم؟
لەبەر دەرد و غەمی یارم نەخۆش و خانە بێزارم
وەکو مەجنون دڵم بۆ چۆڵ و سەحا هەڵخرا چی بکەم؟
خودا ڕۆژی ئەزەل گریان و قوڕ پێوانی پێ بەخشیم
بە ئەمری حەق وجودم هەڵنەکێشم لەم قوڕا، چی بکەم؟
قەڵەم ڕۆژی ئەزەل بۆ ئێمە هەر دەردو غەمی نوسی
هەموو ڕۆژ گەر نەناڵم لە ناو خاک و قوڕا چی بکەم؟
قسەی بێ فائیدە و بێ جێ زەرورەت پێم نەکا نایکەم
ئەگەر گریە و فوغان ناکەم لە ئارامم برا چی بکەم؟
هەمو عالەم بەبەرگی جەژنەوە سەرمەست و خۆش حاڵە
ئەگەر قانع نەبم (صابر)لە نێو بەرگی شڕا چی بکەم؟
نەگەییە دامەنی حوسنی هەناسەی (صابری)یاران
لە دونیادا بەبەد ناوی کەمن زەنگم زڕا چی بکەم؟
[1]