ئامادەکردنی: #زریان سەرچناری#
سلێمانی 2018
سابری 1881-1944
چی بکەم؟
کە نووری تەڵعەتی یارم لە تووری دڵ بڕا چی بکەم؟
تەنووری میحنەتی دووری لە سینەم هەڵگرا چی بکەم؟
ئەوا چو بۆ سەفەر لەیلا بەجێماوم لە بن کەیلا
دڵەی مەجنوون بەواوەیلا بە دویا هەڵخرا چی بکەم؟
هەتاکوو تاقەتم مابوو هەموو غەم نان و حەڵوابوو
کە خانەی سەبرەکەم سوتا کە پەردەی دڵ دڕا چی بکەم؟
بە ئەمری حەق قەڵەم بۆ ئێمە هەر دەرد و غەمی نووسی
ئەگەر شیوەن نەکەم سەبر و قەرارم لێ بڕا چی بکەم؟
قەڵەم ڕۆژی ئەزەل بۆ ئێمە هەر دەردو غەمی نووسی
هەمو ڕۆژ گەر نەناڵێنم لەناو خاک و قوڕا چی بکەم؟
ئەگەر چی شین و ناڵینم لە کن تۆ پارەیە ناکا
لە دونیادا بەبەدناوی کە من زانگم زڕا چی بکەم؟
لە باغی عومری خۆم و حوسنی تۆ بێ بەهرەبم تاکەی؟
لە بەر دەرگاهی تۆ هەر دابنیشم لەم قوڕا چی بکەم؟
بە بەرگی تازەوە هەرکەس ئەبینم مەست و مەسروورە
هەمیشە قانع و (صابر) لە تۆی بەرگی شڕا چی بکەم؟
خودا هاوارە
خودا هاوارە ئەمشەو دولبەرم لێ دابڕا چی بکەم؟
شەرارەی ئاگری دووری لە سینەم هەڵگڕا چی بکەم؟
لەبەر دەرد و غەمی یارم نەخۆش و خانەبێزارم
وەکوو مەجنون دڵم بۆ چۆڵ و سەحرا هەڵخرا چی بکەم؟
خودا ڕۆژی ئەزەل گریان و قوڕپێوانی پێ بەخشیم
بە ئەمری حەق وجودم هەڵنەکێشم لەم قوڕا، چی بکەم؟
قەڵەم ڕۆژی ئەزەل بۆ ئێمە هەر دەردو غەمی نووسی
هەموو ڕۆژ گەر نەناڵم لەناو خاک و قوڕا چی بکەم؟
قسەی بێ فائیدە و بێ جێ زەرورەت پێم نەکا نایکەم
ئەگەر گریە و فوغان ناکەم لە ئارامم برا چی بکەم؟
هەمو عالەم بەبەرگی جەژنەوە سەرمەست و خۆش حاڵە
ئەگەر قانع نەبم (صابر) لەنێو بەرگی شڕا چی بکەم؟
نەگەییە دامەنی حوسنی هەناسەی (صابری) یاران
لە دونیادا بەبەدناوی کەمن زەنگم زڕا چی بکەم؟ [1]