ئامادەکردنی: #زریان سەرچناری#
سلێمانی 2018
صافی هیرانی 1873-1942
دڵی بولبول لە دەوری باغی گوڵ یاری نەکا چ بکا؟
لە تاوی غونچە هەردەم، شیوەن و زاری نەکا چ بکا؟
زەمانی لەززەتی ڕۆیی و دەوری زیللەتی واهات
ئیتر یاران لەمەولا ڕوو لە دڵداری نەکا چ بکا؟
لە ئاهی گەرمەوە وا لیو بە بارو خیشکە ئیستێکە
لە عەینی چاوەکانی، خوێن و ئاو جاری نەکا چ بکا؟
شەوی هیجران خەیاڵی یار دەکا، ئەصڵا خەوی نایە
بەیادی ڕۆژی وەسڵی، حەز لە بێداری نەکا چ بکا؟
بە کوفری زولفی، ڕێی ئیسلامی بەستوە، بۆیە دڵی ئێستێ
وەکو سەنعانی دایم مەیلی زنناری نەکا چ بکا؟
دڵم عەیبی نییە، گەر ڕوی زەمین تەڕکا بەخوێنی ئەشک
بە ئاهی دودناکیش، ئاسمان تاری نەکا چ بکا؟
لەلاێی فیرقەتی یار و لە سوێی میحنەتی ئەغیار
لە هەردوولا دڵی مسکین، ڕەجاکاری نەکا چ بکا؟
هەوای یاری لەسەر دەرناچێ ئەسڵا لەوجەفای دوری
دڵی بێچارەکەم هەردەم وەفاداری نەکا چ بکا؟
ئەگەر چی بێوەفا یارم چافایدا، ئه و دڵی مسکین
وەکو صافی لە بەدبەختی فیداکاری نەکا چ بکا؟
.......
کە ڕۆژی وەصڵی ئاوابوو بە چاو گریان نەکەم چبکەم؟
شەوی هیجرانی وا داهات کە دڵ بریان نەکەم چبکەم؟
بە کینەی من دووبارە چەرخی کەچ وا کەچ مەداری کرد
منی بێ تالعیش به و نەوعە گەر دەوران نەکەم چبکەم؟
بەبێ یارم حەیات تەڵخ و ئەجەل شیۆینە ئێستاکە
لە جەژنا گەر ڕوحی شیرینی خۆم قوربان نەکەم چبکەم؟
وەکو دەوری فەلەک دایم یار نەبم یاران
فەرامۆشی بەکێ دێ دڵ کە سەر گەردان نەکەم چبکەم؟
ئەگەر دەرمان نەکا بێماربێ دڵ بێ وەفا یارم
لە دەردی بێ دەوا گەر چاوەڕێی لوقمان نەکەم چبکەم؟
وەکو یوسف لە زیندانی غەما حەپسی عەزیزێکم
لە بۆ تەسکینی جارێ ڕوو لەلای کەنعان نەکەم چبکەم؟
تەبیب نەیت و دەوای دەردت نەدا چارەم نیە (صافی)
بە مردن گەر عیلاجی دەردی بێ دەرمان نەکەم چبکەم؟[1]