لە هەفتەیەکدا 136 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێم کردووە
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، هۆگر کەمال
وتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت: لە ماوەی حەوت رۆژدا 136 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت: رێژەکە بەراورد بە ساڵی پێشتر لە سەدا 152 زیادیکردووە.
نادر رۆستی، وتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی کانونی دووەمی 2019 بە دواڕۆژی راگەیاند: لە رۆژی 25ی کانونی یەکەمی رابردوو تا 31ی کانونی یەکەمی 2018 و بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە 136 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
وتیشی: رێژەی هاتنی گەشتیار بەراورد بە ساڵی رابردوو 152% زیادیکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی بەردەوامی ئێمە بە کۆمپانیا گەشتیارییەکان و ریکلامکردن و کردنەوەی خاڵە سنورییەکانە.
نادر رۆستی، ئاماژەی بەوەشدا: زۆرینەی گەشتیارەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق هاتوون و سەرجەم هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانەکانیش پڕبوون لە گەشتیار.
ساڵی پێشتر بۆ سەری ساڵی 2017 بەهەمان بۆنەوە 54 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو.
پێداچونەوە: شیروان شەریف
[1]
03-01-201903-01-2019