وەزارەتی کار پێنج ساڵە ناوی کەمئەندامی نوێ نەنوسیووە
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە 2014ەوە ناوی کەمئەندامی نوێیان بۆ پێدانی مووچە نەنوسیووە، کە بەپێی بەدواداچوونەکانیان ژمارەیان نزیکەی 20 هەزار کەس دەبێت.
د.عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە وەکالەت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان لە 2014ەوە ناوی هیچ کەمئەندامێکی نوێی نەنوسیوە و تاوەکو مووچەی کەمئەندامی بۆ ببڕدرێتەوە و دەشڵێت چاوەڕێی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، بۆ نووسینی ناوی نوێی کەمئەندامی، تاوەکو ئێستاش هیچ فەرمانێک لەو بارەیەوە نییە، چونکە هەر ناومان نووسی، دەبێت مووچەیان بۆ دابین بکەین.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە وەکالەت باسی لەوەشکرد، بۆ دابەزاندنی رێژەی کەمئەندامی فەرمانبەر لە 70% بۆ 55% تاوەکو مووچەی کەمئەندامی پێبدرێت، ئەوە لەدەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە نەک وەزارەتی کار و گوتیشی هەفتەیەکە نووسرامان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکردووەتەوە تاوەکو ئەو گۆڕانکارییە بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، مووچەی سەرجەم ئەو کەسانە راگیراوە کە لە پشکنینی کەمئەندامی دەرنەچوون یاخود خۆیان نەچوون بۆ دووبارەی پشکنینەوەی تەندروستی.
بەشێک لەوانەی مووچەیان راگیرابوو ئەو کەمئەندامانەن کە فەرمانبەرن و رێژەی کەمئەندامییان لە خوار 70%وەیە و ئێستا داوا دەکەن رێژەکە بۆ 55% دابەزێ.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کاروکاوباری کۆمەڵایەتی، لە هەرێمی کوردستان 81 هەزار و 111 کەمئەندام هەن.
[1]
08-01-201908-01-2019