سەرەتای بەهاری ئەمساڵ هەنگاوە کردارییەکان بۆ دروستکردنی شەقامی 100 مەتری #سلێمانی# دەستپێدەکات، ئەو شەقامەی زیاتر لە پێنج ساڵە باس دەکرێت و خەڵک چاوەڕێی دەکات.
بەپێی دەرخستەی سەرەتای پرۆژەکە، 469 ملیار و 900 ملیۆن دیناری تێدەچێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕی 90 ملیار دیناری بۆ بەشی یەکەم و دەستپێک تەرخانکردووە و بە چەند قۆناخێکیش تاوەکو تەواوبوونی شەقامەکە هەموو بودجەکەی بۆ خەرج دەکرێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: بە سوپاسەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر کۆی پارەکە داوە، ئەمە لە بەشی یەکەمەوە دەستپێدەکات کە لە تاسڵوجەوە بۆ زرگوێزە و دواتر قۆناخ بە قۆناخ بەدوای یەکدا بەردەوام دەبین.
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: ئەمە بووژانەوەیەکی گەورەیە بۆ سلێمانی، چ لە بواری بازاڕگەریدا چ لە وەبەرهێناندا چ لە ئاستی نیشتەجێبووندا، ئومێد دەکەین لا ئایندەیەکی نزیکدا خەڵک بەخشیشەکانی بە چاوی خۆیان ببینن.
پرۆژەکە بە سێ ساڵ تەواودەبێت و شەقامێکی خێرای دوو ئاراستەیە، درێژیەکەی 32 کیلۆمەترە و هیچ گەڕانەوە و وەستانێکی تێدا نابێت.
شەقامەکە لە تاسڵوجەوە دەستپێدەکات و لە پشت فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە درێژدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە زڕگوێز و سەر ڕێگەی عەربەت، هەموو ئەو گوندانەش دەکاتە بەشێک لە شار کە دەکەونە بەشی خوارەوەی سلێمانی.
ئازاد ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەڵێت: خێرایی دیزاینکراو 120 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا، هیچ یەکتربڕین و بڕینێکی نایەتەسەر، چوار ئاراستە ئۆتۆمبێل دێت و چوار ئاراستە دەڕوات، دوو ئاراستەی خزمەتگوزاریش لە تەنیشتەکاندا دروستدەکرێت، حەوت ئینتەر چەینجی و سێ پردی تێدایە، لەو شوێنەی کە گوندەکان دەکەونە سەر شەقامەکە پێنج
پرد دروستدەکرێت، کە خەڵکی گوندەکان و کەرەستە و ئۆتۆمبێلە کشتوکاڵییەکان و مەڕ و ماڵاتیان لەسەریەوە بپەڕنەوە و نەیەنەوە سەر شەقامەکە.
هەواڵی دەستپێکردنی پرۆژەکە بۆ شۆفێران مژدەیەکی دڵخۆشکەر بوو، چونکە دروستکردنی ئەو شەقامە دەمێکە بووەتە باس و خواسی ناو خەڵک بەتایبەت دوای دروستکردنی شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری لە #هەولێر#.
ساڵی 2013 عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پرۆژەکەی دانا، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا پرۆژەکە تەنیا وەک ناو مایەوە و لێرە بەدوا لەدوای بەهارەوە نەخشەکەی لەسەر کاخەزەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر زەوی.[1]
#09-01-2019#