خەرجیی وەزارەتی بازرگانی لە داهاتی زیاترە
وەزارەتی بازرگانیوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هێشتا نەک نەبووە بە سەرچاوەی داهات بۆ وڵات، بگرە خەرجیی خۆی لە داهاتەکانی زیاترە و جگە لە داهاتی خۆی، حکومەت ساڵانە 16 ملیار دیناریشی بۆ دابین دەکات.
بەپێی ئامارێک کە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دراوەتە (رووداو)، داهاتی ساڵی رابردووی ئەم وەزارەتە نزیکەی 31 ملیار و 780 ملیۆن دینار بووە، بەڵام خەرجییەکانی 38 ملیار دینار بووە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەم وەزارەتە مۆڵەتی دامەزراندنی بە زیاتر لە 3000 کارگە داوە و ساڵانەش هەرێمی کوردستان بایی 16 تا 17 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ 21 وڵاتدا هەیە.
داهاتەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە دوو بەش پێکدێن، بەشێکیان بە داهاتی نامەرکەزی ناودەبرێن و بریتین لە رەسمی دامەزراندن و نوێکردنەوەی مۆڵەتی کارگە و کۆمپانیاکان. رەسمی پشکنینی کاڵا، رەسمی پێدانی مۆڵەتی هاوردن و هەناردنی کاڵا، رەسمی نوێکردنەوەی هێما و پێناسی بازرگانی و چەندین رەسم و کرێی دیکە، ئەم داهاتانە دەچنەوە خەزێنەی حکومەت.
داهاتە مەرکەزییەکانیش بریتین لە فرۆشتنی کەپەک، رەسمی پشکنینی ئارد و خۆراک، رەسمی نوێکردنەوە و گۆڕینی شوێنی پسولەی خۆراک و پارەی بەشە خۆراکی مانگانە. ئەو داهاتانە دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ حکومەتی ناوەندی، بەڵام چەند ساڵێکە حکومەتی هەرێم ناینێرێت بۆ بەغدا.
د.عەبدولڕەزاق ناوەندی، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: داهاتی ساڵی رابردووی وەزارەتی بازرگانی نزیکەی 31 ملیار و 780 ملیۆن دینار بوو کە 18 ملیار دیناری داهاتی نامەرکەزی بوو، داهاتی مەرکەزیش دەچێتەوە بەغدا، تەنیا داهاتی کەپەک نەبێت کە ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دینارە و لە ساڵی 2016 وە بەهۆی دابیننەکردنی خەرجی گواستنەوەی گەنم بۆ کۆگا و ئاشەکان و دابەشکردنی ئارد و خۆراک، پارەکەمان بۆ بەغدا نەناردووە، بەڵام هێشتا وەزارەتەکەمان نەگەیشتووەتە قۆناغی خۆبژێوی و ساڵانە حکومەت 16 تاوەکو 17 ملیار دینار زیاتر لەو داهاتەی هەمانە بۆ خەرجییەکانمان دابین دەکات.
ئەوەی وایکردووە خەرجی وەزارەتێکی بەرهەمهێنی وەکو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە داهاتی زیاتر بێت، بەبڕوای د.عەبدولڕەزاق بۆ زۆریی ژمارەی فەرمانبەرانیان دەگەڕێتەوە کە نزیکەی 3850 فەرمانبەریان هەیە، بەشێکیان دوای هەڵوەشانەوەی کارگەکان بێکارن و تەنیا مووچە وەردەگرن.
جگە لەوەش هەندێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتەکە سەر بە بەغدان و داهاتەکەیان بۆ بەغدا دەڕوات، ژووری بازرگانی و پیشەسازییەکان بەشێک لە داهاتەکان دەبات، چونکە ئەوان ناوی بازرگانی دەبەخشن و داهاتەکە وەردەگرن، بەشێک لە داهاتی چاودێری بازرگانی بۆ پارێزگاکان دەڕوات. د.عەبدولڕەزاق دەڵێت: ئەگەر سەرجەم ئەو داهاتانەمان بۆ بگەڕێتەوە، لەگەڵ هەندێ چاکسازی لە وەرگرتنی رەسم، نزیک دەبینەوە لە ئاستی خۆبژێوی.
ساڵی 2016 ئەنجوومەنی وەزیران زۆربەی ئەو رەسمانەی لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکان لە فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی بارزگانی و پشەسازی وەردەگیران، زیاد کرد. ئامانج لەوە زیادکردنی داهات بوو، بەڵام بارەکە لەم وەزارەتە پێچەوانە بووەوە.
د.عەبدولڕەزاق دەڵێت: گەورەترین هەڵە کە حکومەت کردی، زیادکردنی رەسمی خزمەتگوزارییەکان بوو لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، چونکە بەو هۆیەوە ژمارەی مامەڵەکان 60% کەمی کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی داهاتمان.
ئەگەرچی زیاتر لە 3000 کارگە لە کوردستان هەن، بەڵام بەرهەمەکانیان ناتوانێ کێبڕکێی بەرهەمی بیانی بکات، بۆیە لە کاتی قەیرانی دارایی بەشێکی زۆریان داخران.
د.عەبدولڕەزاق دەڵێت: بۆ راستکردنەوەی باری لاسەنگی کارگەکان و بەگەڕخستنەوەیان زیاتر لە 130 جۆر کاڵامان خستووەتە لیستی پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی، لەهەوڵداین قۆناغ بەقۆناغ باج لەسەر هاوردەی کاڵا زیاد بکەین.
بەپێی رێنماییەکانی
وەزارەتی داراییوەزارەتی دارایی و ئابووری 10%ی داهاتی رەسمەکانی وەزارەت، بۆ هاندانی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەکان خەرج دەکرێت. هەروەها 15%ی کرێی پشکنین بۆ کارمەندانی پشکنین تەرخان دەکرێ، بەشەکەی دیکەشی دەچێتە خەزێنەی دەوڵەت.
زۆرترین سەرچاوەی داهاتی وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی بریتییە لە وەرگرتنی رەسمی مۆڵەتی هاوردە و هەناردە کە ساڵی رابردوو نزیکەی 13 ملیار دینار بووە، دوای ئەو رەسمی مۆڵەت و نوێکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکان دێت کە نزیکەی 4 ملیار دینار بووە، هەروەها ساڵانە 4 ملیار دینار داهاتیان لە وەرگرتنی باج و بەکرێدانی کارگەی چیمەتۆ دەستدەکەوێت.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، دەڵێت: ناڕوونی فەلسەفەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە هۆکاری کەمیی داهاتی وەزارەتەکەمان، چونکە بەپێی لێکدانەوەی ئابووریناسان فەلەسەفەی ئابووریی هەرێمی کوردستان خۆڵەمێشییە، واتە نە سۆسیالیستییە و نە سەرمایەداری، ئەمەش کاردانەوەی لەسەر جموجۆڵی بازرگانی هەبووە، بۆ نمونە هەرێمی کوردستان بانگەشەی بازاڕی ئازاد دەکات، بەڵام تا ئێستا کار بە هەندێ یاسای رژێمی پێشوو دەکرێت کە بۆ سیستمی سۆسیالیستی داڕێژراون.
بەهۆی ئەوەی ساڵانی رابردوو هەرێمی کوردستان بودجەی لە عێراقەوە بۆ دەهات و بودجەکەش زیاتر پشتی بەداهاتی نەوت دەبەست، بۆیە زۆر گرنگی بە وەرگرتنی باج و رەسمەکان نەدەدرا، بەڵام دوای دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، حکومەت باج و رەسمی زۆربەی سێکتەرەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد.
نەوزاد ئەدهەم، دەڵێت :رەسمەکان یان وەرنەدەگیران یان ئەوەندە کەمبوون نەدەتوانرا بۆ زیادکردنی داهات پشتی پێ ببەسترێ، بۆ نموونە ئێمە پێشتر بۆ پێدانی مۆڵەتی هاوردە و هەناردە هیچ رەسمێکی خزمەتگوزاریمان وەرنەدەگرت، ئێستا بۆ مۆڵەتی هاوردەکردنی 3000 کارتۆن یان هاوردەکردنی 1000 تۆن کاڵا یان 300 ملیۆن رەسید بۆ هاوردە، 105 هەزار دینار وەردەگرین، ئەم داهاتەش کەمە، بەڵام باشترە لەوەی کە هیچ وەرنەگیرێت، ئێستا خەریکین قۆناغ بە قۆناغ هاوردەکردنی زۆربەی کاڵاکان دەخەینە لیستی وەرگرتنی رەسم، بۆ نموونە دەرمان ئێستا خستوومانەتە لیستی ئەو کاڵایانەی کە پێویستیان بە مۆڵەتە.
رێباز نورەدین عەزیز، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستا لە کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری لە زانکۆی سەلاحەددین، دەڵێت: ئەوەی وایکردووە داهاتی ئەم وەزارەتە لە خەرجییەکانی کەمتر بێت، نەبوونی ستراتیژییەکی درێژخایەن و ناڕوونیی پلانی ئەم وەزارەتەیە، رەنگبێ بەشێکی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە هەر چوار ساڵ جارێک لەگەڵ راگەیاندنی کابینەی حکومەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ستراتیژی ئەم وەزارەتە، هەیکەلی کارگێڕییەکەی جارێَک دەکرێت بە دوو وەزارەت و جارێکی دیکە بە یەک وەزارەت، کەواتە دەتوانین بڵێین ناجێگریی هەیکەلی ئەم وەزارەتە بووەتە هۆی ئەوەی پلان و ستراتیژی کارکردنیشی ناجێگیر بێت، ئەمەش بێگومان رەنگدانەوەی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتەکانی دەبێت.
[1]
22-01-201922-01-2019