ئامادەکردن و کۆکردنەوەی : سیروان عومەر و عەزیز بلکیانی
چاپی یەکەم 2018
کتێبی (ڕاپەڕینەکەی #پێنجوێن#) کتێبێکی هاوبەشی سیروان عومەر و مامۆستا عزیز بلکیانییە لە #19-07-2018# لە ساڵیادی ڕاپەڕینەکەی پێنجوێندا بڵاو بۆوە.
لە هەوڵێکی نوێیدا هەردوو نووسەر سیروان عومەر و عەزیز بلکیانی کتێبێکیان سەبارەت بە ڕاپەڕینەکەی شاری پێنجوێن چاپ و بڵاوکردەوە. کتێبەکە هەوڵێکی بەڵگەنامەییە لەپێناو ون نەبوونی مێژووی ڕاپەڕینەکەی پێنجوێن لە #19-07-1980#دژ بە ڕژێمی داگیرکەری سەدام و هەوڵی چۆڵکردن و ڕاگواستنی گوندەکانی سنووری شاری پینجوێن.
هەردوو نووسەر هەوڵیان داوە لە ڕێی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانەی لە ڕاپەڕینەکەدا بەشداربوون و دەنگی ناڕازی و کاریگەربوون و شایەدحاڵب بوون، تا ئەو مێژووە ونە بنووسنەوە و لە فەوتان ڕزگاری بکەن. لە دوتوێی کتێبەکەدا و لە زمانی شایەدحاڵەکانەوە تەواوی ڕاپەڕینەکە و هۆکارەکانی بۆ خوێنەران خراوەتەڕوو.
ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەو ڕاپەڕینە و دەشێت ببێتە سەرەتایەک بۆ توێژینەوەی مێژووی و خستنەڕووی هەموو لایەنەکانی ڕاپەڕینەکە. کتیبەکە لە دوتوێی 167 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
[1]