د. فازیڵ قەفتان
بنەماڵەی قەفتان یەکێک لەبنەماڵە دیار و ناسراوەکانی شاری #سلێمانی#ن، لەم بنەماڵەیەدا چەندین کەسایەتیی سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و زانستی هەڵکەوتوون، کە هەریەکەیان لە بواری خۆیدا خزمەتی بە گەل و نیشتمان کردووە.
محەمەد عەزیز قەفتان بەسەرقافڵە و پێشەنگی ئەو بنەماڵە هێژایە دادەنرێ، ئەو لە بواری چاپ و چاپەمەنی خزمەتێکی زۆری کردووە، ساڵی 1957 چاپخانەی (کامەران) ی لە شاری سلێمانی دامەزراند (کەساڵی 1970 ناوەکەی گۆڕا بۆ چاپخانەی کامەرانی) . لە ڕێی ئەو چاپخانەیەوە زیاتر لەنیو سەدە خزمەت بەپیت و وشەی پیرۆزی کوردی کرا، لەدڵی ئەو چاپخانەیەوە چەندین پەڕتووک و نامیلکە و گۆڤار و ڕۆژنامەو ڕۆژژمێر چاویان هەڵهێنا و خەرمانی ئەدەبی و ڕووناکبیری کوردییان دەوڵەمەند کرد.
محەمەد عەزیز قەفتان خۆشەویستی پیت و وشە و چاپخانە و چاپەمەنی لەدڵ و دەروونی جگەرگۆشەکانییدا ڕواند، هەر بۆیەش کوڕەکانی ئەو مەشخەڵە پیرۆزەیان بەبەرزی ڕاگرت و درێژەیان بەکاری چاپ و چاپەمەنی دا و خەرمانەکەیان پڕ بەرەکەتتر کرد.
د. محەمەد فازیڵ محەمەد عەزیز قەفتان، یەکێک لەئەستێرە درەوشاوەکانی ئەو خانەوادەیەیە، لە چەند ڕشتە و بواری جیاوازدا خزمەتی بە کوردستانەکەی کردووە.
ساڵی 1943 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە.قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی خالیدیەی سلێمانی و ناوەندی و ئامادەییشی هەر لە شاری سلێمانی تەواوکردووە.پاشان خوێندنی کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە و پلەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوەو وەکوو فەرمانبەر لە زانکۆی سلێمانی دامەزراوە.
ساڵی 1975 بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ئابووری پیشەسازی لە شاری بوخارستی پایتەختی ڕۆمانیا وەرگرتووە.
ساڵی 1976 لە زانکۆی سلێمانی بووە بەمامۆستا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی زانکۆدا، جگە لەکاری مامۆستایی وەک ئەمینداری پەڕتووکخانەی گشتی زانکۆ بووەو لە هەمانکاتدا بەڕێوەبەری چاپخانەی زانکۆش بووەو سەرپەرشتی دەرچوونی چەندین گۆڤار و بڵاوکراوەی لە زانکۆدا کردووە.
پاش گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ شاری #هەولێر#، بە ماوەیەکی کوورت و بەهۆی پشتیووانی لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ، وەک سزای سیاسی لە زانکۆ دوور خرایەوە بۆ کۆمپانیای کارگەی شەکرو لەوێشەوە بۆ فەرمانگەی ئامار لە شاری سلێمانی.
دواتر لەبەر پێویستی زانکۆ بەراژەکەی گەڕێنرایەوە بۆ سەر کارەکەی لە زانکۆی سەڵاحەدین وەک مامۆستای کۆڵێژی کارگێڕی و ئابووری خزمەتی کرد.
دواتر ساڵی 1993 بوو بە بەڕێوەبەری چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین.هەر لەو ساڵەدا 12 ژمارەی ڕۆژنامەی ئابووری دەرکرد.
بێ لەکاری ئەکادیمی و خزمەتکردنی خوێندکاران و زانکۆ، خۆشنووسێکی دیارو لێهاتوو بووەو لە بواری ئەدەبی و ڕووناکبیریشدا قەڵەمێکی دیار بووە و خاوەنی چەندین پەڕتووک و نامیلکەی نووسراوو وەرگێڕدراوە. لەوانە: ڕژێمە ئابوورییەکان، پڕۆژەی بە کوردیکردنی زانست و خوێندنی باڵا. دوو پەڕتووکیشی بە زمانی عەرەبی هەیە کە ئەمانەن: (الذهب، التنمیە الاقتصادية) .بەهۆی توانای زانستی و شارەزایی لە بوارەکانی ئابووری و ڕووناکبیری، لە ساڵی 1992 لەسەر لیستی سەوز بە ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان هەڵبژێردراوە و جێ پەنجەی بە کارەکانی یەکەم پەڕڵەمانی کوردستانەوە دیار بوو.
بەهۆی هەڵوێستەکانییەوە، دووجار هەوڵی تیرۆر کردنی درا و بۆیەساڵی 1994 دکتۆر فازیڵ قەفتان بۆ دوورکەوتنەوە لە دەستی تاوان بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە بەناچاری کوردستانی بەجێهێشت و وەک پەنابەر لە وڵاتی ئەڵمانیا گیرسایەوە، پاش کەمتر لە دوو ساڵ هەر لەغەریبی و لەدووری نیشتمان لە ڕۆژی 15ی مایسی 1996 بۆ دوا جار دڵە گەورە تینوەکەی بەخاکی کوردستان لە وڵاتی ئەڵمانیا لە لێدان کەوت و ماڵاوایی یەکجارەکی کرد و ڕۆژی 21-5-1996 لە شاری (دارمشتاد) ی ئەڵمانیا بەخاک سپێردرا.بەڵام ناوو ناوبانگ و بەرهەمەکانی هەمیشە بەنەمری دەیهێڵنەوە.
ئالان، ئاڤان، ئارام، سێ ڕۆڵەی دڵشکاوو لێ بەجێماوی ئەون.
بەرهەمە چاپکراوەکانی بۆ منداڵان:
1- چالاک، چوارچیرۆک بۆ مناڵان، 1967
2- من کێم، زانیاری بۆ منداڵان، 1969
3- گەشتێک بەسروشت و زانستدا،
زانیاری بۆ مناڵان، 1984
4- کوخەکەی مام تۆم- ڕۆمان بۆ مێردمنداڵانیش گونجاوە، وەرگێڕان، 1988
5- سرودی نیشتمانی و نەتەوەیی، 1998 [1]