#ئەستەنبول#، گەورەترین شاری کورد
23.06.2019
ئا: ئاوێنە
ئەستەنبول لەیادەوەری کورددا، ئەو شوێنە بووە کە ڕۆشنبیرە سەرەتایەکانی کورد ڕوویانتێکردووە، هەر لەم شارەشدا یەکەم ڕێکخراوی سیاسی کورد دامەزراوە، کە ئێستا بەگەورەترین شاری کورد ناودەبرێت لەبەرئەوەی سێ ملیۆن کورد لەخۆدەگرێت.
ئەستانبول لەیادەوەری نەوەیەکدا کە دوای ڕاپەڕین بەهۆی هەلومەرجی ئابووری و شەڕی ناوخۆی کوردستانەوە بەقاچاغ بەرەو ئەوروپا سەری خۆیان هەڵگرت، یەکەم وێستگە و ڕاڕەو و دەروازی پێخستنە ئەوروپاوە بو، لەم شارەدا گەورەترین ژمارەی کورد کۆبووەتەوە، هەر بۆیە هەندێکجار بە کوردستانی بچوک ناودەبرێت.
گەڕەکی کارایولای کە یەکێکە لەگەڕەکە گەورەکانی ئەستانبول زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانەکەی کوردن، ئەو کوردانەی کە بەهۆی سیاسەتی بەسوتماککردنی خاکی کوردستانەوە لەلایەن سوپای تورکەوە، بەدوای پەیداکردنی پارووە نانێکدا بۆ ئیشکردن ڕوویانکردە ئەستانبول، لەوێ نیشتەجێبوون.
ئەم گەڕەکە یەکێکە لەو گەڕەکانەی کە هەژاریی پێوە دیارە، زۆربەی ئەم کوردانە خەریکی دەستفرۆشیی و کرێکاریی و شۆفێرین.
بەپێی ئاژانسی جەیهانی تورکی، کورد لەئەستانبول 18%ی دانیشتووان پێکدەهێنن و بەگەورەترین شاری کوردی ناودەبات، جەیهان لەزاری توێژەرێکی تورکەوە دەڵێت نە ناسیۆنالیستەکانی کورد و نە دەوڵەتی تورکیاش توانیویانە ملیۆنەها کوردی نیشتەجێی ئەستانبول ڕازی بەجێهێشتنی ئەم شارە بکەن، دڵنیابن ئەگەر لەسیاسەتمەدارانی کورد دەربارەی پایتەختی کوردستان پرسیار بکەیت، وەڵامی جیاواز دەبیستیت، بەڵام ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ ڕای خەڵکی کوچە و بازاڕ هەمووان پێتدەڵێن کە پایتەختی کوردەکانی باکوور ئەستانبولە.
لە ئەستەنبولدا کە گەورەترین پارتی کوردی ئەو وڵاتە لەهەڵبژاردنەکاندا دەیان هەزار دەنگ بەدەستدەهێنێت، کورد ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لەو ململانێ گەورەیەی هەردو کاندیدی ئاکەپەو جەهەپە بۆ بردنەوەی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبول دەیکەن.[1]