کچێک لەلایەن ئامۆزاکەیەوە دەکوژرێ لەلایەن عومەر چاوشین
25.06.2019
رووداو- پشدەر
(س) توند باوەشی بە باوکیدا کردبوو بۆ ئەوەی لە ئاگری ئەو شەڕە دووری بخاتەوە کە لەسەر پارچە زەوییەک لە نێوان باوکی و ئامۆزاکەی خۆیدا هەڵگیرسابوو، کەچی لەو کاتەدا گوللەیەک بەر خۆی دەکەوێت و دەبێتە تاکە قوربانیی شەڕەکە.
ئێوارەی ڕۆژی 12/6/2019 لە شارەدێی هەڵشۆی سەر بە شارۆچکەی پشدەر، کچێکی تەمەن 25 ساڵ بەناوی (س.مەحموود حەسەن) لە شەڕی نێوان باوکی و ئامۆزایەکیدا کوژرا. پۆلیس دەڵێت شەڕەکە لەسەر پارچە زەوییەکی بچووک بووە.
رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە (رووداو)ی ڕاگەیاند: ئەو شەڕەی ناحیەی هەڵشۆ کە ڕۆژی 19ی ئەم مانگە ڕوویداوە، لە نێوان مام و برازایەک بووە. کەسێک بەناوی (ه.ع.ح) کە خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە، تەقەی لە ماڵی مامێکی خۆی کردووە، بەو هۆیەوە کچی مامی بەرکەوتووە و کوژراوە.
سەبارەت بە هۆکاری شەڕەکە، ڕائید ئیسماعیل گوتی: شەڕەکە لەسەر پارچە زەوییەکی بچووک بووە کە لە بنەڕەتدا شوێنی نیشتەجێبوونە، بەڵام کردوویانە بە کشتوکاڵ، بە گوتەی خۆیان یەکێکیان سنووری زەویی ئەوی دیکەیانی بەزاندووە، لەسەر ئەمە بووەتە شەڕیان.
بە گوتەی ڕائید شۆڕش، شەش سەعات دوای ڕووداوەکە پۆلیس توانیویەتی بکوژی ئەو کچە دەستگیر بکات. دانی بە تاوانەکەشیدا ناوە، بۆیە بەپێی مادە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەی بۆ کراوەتەوە. وەکو پۆلیس گوتی، باوکی تەقەکەرەکەش دەستگیرکراوە، چونکە ئەو کێشەیەی لەسەر زەوییەکە دروستبووە بەهۆی ئەو بووە، بەڵام پێدەچێ بە کەفالەت ئازاد بکرێ.
سەرچاوەیەک لە ناحیەی هەڵشۆ کە ئاگاداری ڕووداوەیەکە و نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، دەڵێت ئەو دوو برایە چەند ساڵێکە لەسەر مەسەلەی زەوی و میرات کێشە کەوتووەتە نێوانیان، کێشەکەیان چارەسەر نەکردووە، بۆیە بەردەوام ساردییەک لە نێوانیاندا هەبوو.
سەرچاوەکە باسی ساتەوەختی ڕووداوەکەی کرد و گوتی: دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە باوکی کچە کوژراوەکە بەنزیک زەوی تەقەکەرەکەدا دەڕوات، باوکی کچەکە بە برازاکەی دەڵێت بۆ سنووری زەوییەکەی منت بەزاندووە؟ لەسەر ئەمە دەبێتە دەمەقاڵەیان. ئێوارە کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، لەلایەن برازاکەیەوە تەقە لە ماڵەکەی دەکرێ.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسیکرد، باوکی (س) لەو کاتەدا ویستبووی بچێتە دەرەوە، بەڵام (س) توند باوەشی پێدا دەکات و لێی دەپاڕێتەوە کە نەچێتە دەرەوە. لەو کاتەدا فیشەکێک بەر کچەکە خۆی دەکەوێ و هەر لەوێ گیانی دەردەچێ. پاشان پۆلیس و ئاسایش دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە.
شوان، برای (ه) دەڵێت، ئەو کاتەی شەڕەکە بووە، ئەو لەگەڵ باوکی لە #قەڵادزێ# بووە. شوان پشتڕاستی کردەوە کە براکەی کێشەی لەگەڵ مامی هەبووە، کێشەکەشیان لەسەر پارچە زەوییەکە و 10 ساڵە بە چارەسەرنەکراوی لە نێوانیاندا ماوەتەوە، ئەو دەڵێت: زەوییەکە ئەوەی نەدەهێنا خوێنی لەسەر بڕژێ.
شوان هیچ بەرگرییەک لە براکەی ناکات و دەڵێت: براکەم کەسێکی توند بوو، زوو هەڵدەچوو. کێشەکەشی لەگەڵ مامم لەسەر پارچە زەوییەکە بوو. زەوییەکە پێشتر خانووی لەسەر کرابوو، براکەم پاکی کردبووەوە و کردبووی بە کشتوکاڵ. ئەو ڕۆژە لەسەر زەوییەکە لەگەڵ مامم بووەتە کێشەیان، پاشان براکەم تەقەی لە ماڵی مامم کردووە.
شوان زۆر نیگەرانە بە لەدەستدانی ئامۆزاکەی و دەڵێت: خۆزگە ئەو گوللەیە بەر من کەوتبایە، بەس ئەو هیچی بەسەر نەهاتبایە.
شوان دەڵێت ئەو ڕووداوە نەبووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییان لەگەڵ ماڵی مامی، ئەوانیش بەشدارییان لە پرسەی کچەکەدا کردووە. ماڵی مامیشی تەنیا سکاڵایان لەسەر (ه) هەیە و هیچ کێشەیان لەگەڵ ئەوانی دیکە نییە.
مەلا عەبدولڕەحیم ڕەسوڵ کە پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گەورەی هەڵشۆیە، ئاگاداری کێشەی نێوان ئەو دوو کەسەیە و دەڵێت: ئەو زەوییە کە زۆر کەمە دەمێکە کێشەی لەسەرە، باوکیان پێش ئەوەی بمرێ وەسیەتی کردووە و زەوییەکەی داوە بە باوکی تەقەکەرەکە، واژۆی هەردوولا و شایەتحاڵەکانیش لەسەر وەسیەتەیەکە، ماوەیەک کێشەکە کۆتایی هات، بەڵام بەهۆی بەدحاڵیبوونەوە سەریهەڵدایەوە.
مەلا عەبدولڕەحیم ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی ئاواییەکە نەیانهێشتووە لەوە زیاتر خوێن بڕژێ و هەر دوای ناشتنی تەرمی (س) قسەیان لەگەڵ باوکی کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ براکەی ئاشت ببێتەوە. ئەویش بە قسەی کردوون و سکاڵای لەسەر براکەی کشاندووەتەوە و ئێستا تەنیا سکاڵای لەسەر برازاکەی هەیە.[1]