ئاژانسی کوردپا: دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی شاری #هەمەدان#، مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شاری #بانە#ی، بانگهێشت کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستا عەبدولباقی سەعیدی، مامۆستای ئایینیی کورد و پێشنوێژی پێشووی هەینیی مزگەوتی تەرخان ئاوای شاری بانە، بانگهێشتی دادگای ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان کرا.
دادگای ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەم مامۆستا کوردەی، ڕەخنەگرتن لە کوژرانی #کۆڵبەر#ان ڕاگەیاندووە.
ئەم مامۆستا کوردە، دەبێ ڕۆژی یەکشەممە، 9ی پووشپەڕ، خۆی بە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە شاری هەمەدان بناسێنێت.
ڕۆژی یەکشەممە، 11ی سەرماوەز، مامۆستا عەبدولباقی سەعیدی، لە لایەن ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپێچینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی بانە کرا.
پێشتر، مامۆستا عەبدولباقی بە هۆی ڕەخنە لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران، لە پێشنوێژیی مزگەوتی تەرخان ئاوا وەلا نرابوو.
دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت، لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، ڕێبەری حکوومەتی ئێراندایە و بەرپرسی هەڵسوکەتی قەزایی لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی و دژبەری حکوومەتی ئیسلامییە.[1]