هەواریان، بیابانێکی چۆڵوهۆڵ بوو، قەومێک بوون، پێپەتی، کچیان زیندەبەچاڵ دەکرد و کە برسییەتی دەکەوتەوە، گۆشتی منداڵی خۆیان دەخوارد. کوڕی گەورەیان، ژنانی باوکی، وەک میراتی بۆ دەمایەوە، مێرد کە سەفەری دەکرد، ژنەکانی بە درەختێکەوە دەبەستەوە، تا دەگەڕایەوە. وەک ئاردی نێو دڕک وابوون، کەسیان متمانەی بەوی دیکەیان نەبوو، هەر بۆیان ڕەخسابا، پەلاماری ژن و ماڵی یەکیان دەدا. لەسەر حوشترێک، جەنگیان هەڵدەگیرساند و ئیدی جەنگ، لەم نەوەوە بۆ ئەو نەوە، دەپەڕییەوە.
ئەم خێڵ، تەرمی ئەو خێڵی ئەتک دەکرد، سەری بڕدراوی یەکدییان، بە دەروازەی شاردا هەڵدەواسی. لەسەر خۆڵ ڕۆ دەنیشتن، خۆڵیان دەکرد بە سەرین، دەڕییانە سەر خۆڵ و هەر بە خۆڵیش پاشەڵیان خاوێن دەکردەوە. گەر شاعیرێکیان تێدا هەڵکەوتبا، بە کافر نێوزەدیان دەکرد و خوێنیان دەحەڵاڵاند. خۆشەویستی لە کنیان قەدەغە و حەرام بوو، گوناهێک بوو، لێ خۆشبوونی نەبوو. پیاویان بە هیوای ئەوەی کوڕێکی قۆز و لێهاتووی ببێت، دەچوو پیاوێکی خانەدانی دەهێنا و بەری دەدایە ژنی خۆی. پیاویان لێ دەگەڕا برادەری میوانی، دەم بە مەمکی ژنییەوە بنێت، تا لە نامەحرەمەوە ببێتە مەحرەم. ئەوەیان پێ ئاسایی بوو، پیاو بە ناوگەڵ و سمتوکەفەڵی، کیژۆڵەیەک وادەی شووکردنی نەهاتبێت، کڵپە و بڵیسەی ئاڵۆشی دابمرکێنێتەوە.
بە دزی و جەردەیی، بژێویی خۆیان دابین دەکرد، ئەوەیان پێ شەرم بوو کار بکەن، پێیان وابوو، جووتیاری و کرێکاری، ئیشی کۆیلە و کەنیزەکن. زانایان تێدا هەڵنەدەکەوت، ئیبن خەلدوون، خەڵکی #تونس# بوو، فارابی، لەودیو وڵاتی (نێوان دووزێ)وە هاتبوو، ڕازی، دەچووەوە سەر وڵاتی #فارس#، سیبەوەی، خەڵکی شیراز بوو، ئیبن سینا لە (بوخارا)وە سەری هەڵدا بوو، (غەزالی)یش لە نیساپوور لە دایک بووبوو.
مێیەکانیان، بۆ ئەوەبوو خەتەنە بکرێت، کەنیزەک بێت، بە گچکەیی مارە بکرێت، دووان و سێیان و چواریان لێ بهێنرێت، سەرجێیی لەگەڵ سەدانیاندا بکرێت. مێ ئەگەر گچکە بووایە، بە نەرمەی ڕانی، خۆیان هێور دەکردەوە، بەڵام لێ نەدەگەڕان وەک سەردەمی جاهیلی، سەری ڕووت بێت، ئاخر سەر دانەپۆشین، یەکێک بوو لە ئیشە پۆخڵەکانی شەیتان.
سەری زمان و بنی زمانیان هەر باسی سێکس بوو، سێکس هەست و نەستی داگیر کردبوون، کە حەزیان دەچووە سەر ژنێک، تا تاقەتیان دەچوو لەگەڵیدا جووت دەبوون، دواتر بە تۆمەتی زینا، بەردبارانیان دەکرد. سێکس هەر فیکری داگیر نەکردبوون، تێکەڵ بە ڕدێنیشیان بووبوو، فەتوایان زادەی ئەو چەپاندنە بوو، کە زەبری لە شێخی ڕیشدرێژی ئارەزووبازیان وەشاندبوو.
کاتێک ئەوان لە (دۆڵی جنۆکە)دا، سەرقاڵی هۆنینەوەی چیرۆکی پڕوپووچ بوون، باپیرە گەورەکانی ئێمە، خەریکی دانانی یەکەمین دەستوور بوون بۆ مرۆڤایەتی. وەختێک ئەوان بۆ چارەسەری گەلێک نەخۆشی، پشتیان بە میزی حوشتر دەبەست، باپیرانی ئێمە لە جامی زیویندا، شەرابیان دەنۆشی. کە ئێمە شانۆمان هەبوو، کە ئێمە سەرقاڵی گوتوبێژی فیکری بووین، کە ئێمە خاوەنی کتێبخانە بووین، ئەوان هێشتا خوێندەواریان تێدا هەڵنەکەوتبوو. چونکە زەندەقیان لەو شارستانییە مەزنەی ئێمە هەمانبوو، چووبوو، هاتن و خاپووریان کرد.
ئەی عەرەبینە! زەریایەک لە وشە، بەشی باسکردنی شارستانیی ئێمە و دواکەوتووییی ئێوە ناکات. بگەڕێنەوە بۆ بن دەوار و کن حوشترەکانتان و لەم دونیا هێندەی پێتان خۆشە، ئاوێزانی ژن و کەنیزەک ببن و لەو دونیایش، لەشکری کوڕیژگە و حۆری، بە ڕیز وەستاون و بە پەرۆشەوە چاوەڕێتان دەکەن. بگەڕێنەوە بۆ بن دەوار و کن حوشترەکانتان! بگەڕێنەوە، چی دی نیشتمانی ئێمە پیس مەکەن!
نووسینی: سەیماء ئەلمەزووغی
و. #حەمەسەعید حەسەن#
() سیماء المزوغي، يا معشر الأعراب عودوا إلی خيامکم و إبلکم : هنا تونس 9آذار 2012
() سەیماء ئەلمەزووغی: شاعیر و نووسەر و چالاکی بواری ژنانە، ساڵی1984 لە تونس لە دایک بووە، ماستەری لە زمان و ئەدەبی چینیدا هەیە.
() کوڕیژگە: غولام.
سەرچاوە: دەڵێی ڕەژوو دەشۆینەوە، ل 167 دەزگای ئایدیا 2019 #سلێمانی#.