27ی جۆزەردانی ئەمساڵ 39ساڵی تەواو بەسەر دامەزرانی ڕادیۆی دەنگی #کوردستان#ی ئێراندا تێدەپەڕێ. به و بۆنەیەوە پڕبەدڵ پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان بەتایبەتی بەڕێوە¬بەران، لایەنگران و گوێگرانی بەئەمەگی ئه و ڕادیۆ خۆشەویستە دەکەین.
بۆ ئەوانەی لە کوردستان نەبوون یان لەوێ بوون و تەمەنیان لە پەنجا ساڵ کەمترە دامەزرانی ئه و ڕادیۆیە ڕووداوێکی ئاسایییە: دەزگایەکی قسەبڵاوکردنەوە کەوتۆتە کار کە لەڕێی شەپۆلەکانی هەواوە بەرنامەکانی بڵاو دەکاتەوە و هەرکەس پێی خۆش بێ، دەتوانێ لە شوێنەکەی خۆی بەکۆمەگی ڕادیۆیەکی تەڕانزیستۆری گوێ بۆ بەرنامەکانی ڕابگرێ. بەڵام بۆ ئەوانەی لە کوردستان ژیاون و بەتایبەتی ئەوکەسانەی سەروکاریان دەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانی ئێران هەبووە، دامەزرانی ڕادیۆی دەنگی کوردستان مانا و مەفهوومێکی دیکەی هەیە و هەربۆیەش بە ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی¬ دەژمێردرێ. با بزانین چۆن:
گەلێکی تێکۆشەر و ئازادیخواز تەنیا بە (گوناح)ی داواکردنی سەرەتاییترین مافە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی لەماڵی خۆیدا و لەسەرخاکی باب و باپیرانی لەلایەن ڕێژیمێکی زۆردار و ئینسانکوژەوە پەلامار دراوە، لە ئیلامەوە تا ماکۆ لەگەڵ هێرشی دڕندەترین هێزە سەرکوتکراوەکان بەرەوڕوویە و ڕۆژانە ڕۆڵەی دەکوژرێ، خوێنی دەمژرێ و قەڵاچۆ دەکرێ. شەڕەکە بەوەندەوە نەوەستاوە و گوند و شارە ئازادکراوەکان کە بەرگرییەکی قارەمانانەی ڕۆڵە پێشمەرگەکانی گەلیان تێدایە سیاسەتێکی یەکجار زاڵمانەیان لەسەر پیادە دەکرێ، قوتابخانە و دەر مانگاکانیان داخراون و گەمارۆیەکی توندی ئابوورییان خراوەتە سەر بۆئەوەی نەک هەر خواردەمەنی، بەڵکوو دەرمانی نەخۆشان و شیری وشکی منداڵانیشیان پێ¬نەگا.
سەرباری هەموو ئەوانە ڕێژیمی دەسەڵاتدار گەمارۆیەکی توندتری میدیایی خستۆتە سەر ناوچە ئازادەکان بۆ ئەوەی هاواری مەزڵوومیەتی ئه و خەڵکە و دەنگوباسی جینایەتەکانی کۆنەپەرستی لەلایەک و ئازایەتی و قارەمانەتی و حەماسەخوڵقێنیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی بێوێنەی کۆمەڵانی خەڵک لەلایەکی دیکەوە بە هیچ کوێی دنیا ڕانەگا.
لە هەلومەرجێکی ئاوادا ڕۆژی 27ی جۆزەردانی 1359ی هەتاوی بەرامبەر بە 17ی ژوئەنی1980ی زایینی ڕادیۆی دەنگی کوردستان، دەنگی هەقبێژی گەلی کورد بە سروودی ئومێدبەخشی (ئەی ڕەقیب) دەکرێتەوە، شەوەزەنگی بێدەنگی دادەدڕێ و ترووسکەی هیوا لە دڵی پڕتاسەی ئەویندارانی ئازادیدا دەدرەوشێنێتەوە و پەردە لە سەر ڕووی دزێوی دیکتاتۆری هەڵدەماڵێ. ئیدی دەزگای تەبلیغاتیی ڕێژیمی ئاخوندی چیی دیکە وەک تاقە مەیدانداری زانیاری¬گەیاندن نامێنێ و دەنگێکی ڕاستبێژی بەرەی ئازادی هەیە کە وەڵامی پڕوپاگەندەی ژەهراویی دەزگای هەواڵنێریی حکوومەتی دەداتەوە و چەواشەکارییەکانی پووچەڵ دەکاتەوە.
هەر ئەوانەی ئه و هەلومەرجەیان دیوە و لە نێو ڕووداوەکانیدا ژیاون دەزانن کە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران چەند خێرا کەلێنە تەبلیغاتی و تەشکیلاتییەکانی بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پڕ کردەوە و چۆن وەک کادرێکی شارەزا و حاڵ¬زان ڕۆژانە دوو جار و دواتر سێ جار لە هەموو ماڵە کوردێکی شار و دێ وەژوور دەکەوت. ئۆگریی خەڵک به و ڕادیۆیە بەڕادەیەک بوو کە هەزاران کەس هەر بۆ بیستنی ئه و دەنگە ڕادیۆیان کڕی و لە سەعاتی بڵاوبوونەوەی ڕادیۆدا بە نێو هەر گوندێک و دوکان و بازاڕی هەر شارێکی ناوچە ئازادەکاندا تێپەڕیبای هەنگاوبەهەنگاو دەنگی ڕادیۆی دەنگی کوردستان بەڕێی دەکردی.
ڕێبەری شەهید دوکتۆر قاسملوو هەروەخت سەری پێڕسۆنێلی ڕادیۆی دابایە، ڕیزە ئامۆژگارییەکی دەکردن. یەکێک لە گرنگترین ئامۆژگارییەکانی ئەوە بوو کە دەیگوت زمانتان خاوێن بێ، دروشمی نێوبەتاڵ مەدەن و ڕۆژی جارێک ڕێژیم مەڕووخێنن، پتر لەوانەش پێی لەسەر ڕاستوێژی دادەگرت و دەیگوت لە باسی تەلەفاتی دوژمندا زێدەڕۆیی مەکەن، چونکە دوژمن کەمی لێ کوژرابن و دەقاودەق خەبەرەکەی لە ڕادیۆی ئێمەوە بڵاو بێتەوە پتر زەندەقی دەچێ لەوەی زۆری لێ کوژرابێ و ئێوە ژمارەکە زیاتر یان کەمتر ڕابگەیەنن.
بەکاربردنی ئه و ئامۆژگارییانە بەجۆرێک متمانەی لەلای گوێگرەکانی ڕادیۆ دروست کردبوو کە زۆرجار و لە زۆر ناوچە مۆڵگە و پێگەکانی دوژمنیش بەوردی گوێیان لە بەرنامەکانی ڕادیۆ و بەتایبەتی هەواڵەکان ڕادەگرت. کاتێکیش کەسێک لێی دەپرسین بۆ وا دەکەن؟ دەیانگوت چونکە خەبەرەکانی ڕاست و باوەڕپێکراون.
هەر ئەم خۆشەویستییەی ڕادیۆ لەلای کۆمەڵانی خەڵک بوو کە وای کردبوو هاونیشتمانانی کوردستان هەمیشە لەپشتی ڕاوەستن و بە هەموو شێوەیەک بیپارێزن. دوژمن ڕقێکی کۆنەپەرستانەی زۆری لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان هەبوو، بۆیە بەردەوام لەفکری بۆردومانکردن و کپکردنیدا بوو. لەبەرامبەر ئەوەدا پێرسۆنێلی ڕادیۆ و لەگەڵ ئەوانیش دڵسۆزانی گەلی کورد لە گیان و ماڵ و ئیسڕاحەتی خۆیان بۆ پاراستنی ڕادیۆ مایەیان دادەنا. بەڵگەی ڕاستیی ئەم ئیددیعایە ئەوەیە کە ڕادیۆی دەنگی کوردستان لەماوەی تێکۆشانی خۆیدا چەند جار ناچار بوو جێگۆڕکە بکا و هەموو جارێ دەزگای چەندسەد کیلۆیی ڕادیۆ و ماتۆربەرقی چەندسەد کیلۆیی و یەک تۆنی بە شان و باهۆی ئەویندارانی ئازادی دەگوازرانەوە و سەرەڕای سەختیی هەلومەرجەکە قەت بۆ تاقەڕۆژێکیش پەکی بەرنامەکانی نەکەوت.
لە دامەزراندن و وەڕێخستنی ڕادیۆی دەنگی کوردستاندا کەسانێکی زۆر نەخشیان هەبووە و ڕەنجیان کێشاوە کە هەموویان بە نەمری لە مێژووی حیزبی دێموکڕات و ڕادیۆی دەنگی کوردستاندا دەمێننەوە.
لە ماوەی چل ساڵ کاری ڕادیۆی دەنگی کوردستاندا بە سەدان و بگرە هەزاران تێکۆشەری دێموکڕات لە بوارە جیاجیاکانی بەڕێوەبەری، نووسەری، وەرگێڕی، بێژەری و تەکنیکی و پارێزگاری و هتددا خزمەتیان تێدا کردوە و ئێستاش ئه و کاروانە پڕسەروەرییە هەر بەڕێوەیە کە دەستی هەموویان خۆش و یادی هەموویان بەخێر.
ڕاستە پێشکەوتنی زانست و تەکنیک و دەست¬ڕاگەیشتن بە ئینتەڕنێت و تەلەڤزیۆن و ئامرازە نوێیەکانی پێوەندی تا ڕادەیەک نەخشی ڕادیۆیان کەمڕەنگ کردوە، بەڵام خزمەتەکانی ئه و ڕادیۆیە هەرگیز لەبەر چاو ون نابن و نەخشی لە ناساندنی بزووتنەوە ڕەواکەی خەڵکی کوردستاندا بە نەمری دەمێنێتەوە. یادی 39 ساڵەی دامەزرانی ڕادیۆی دەنگی کوردستان بە خێر و سڵاو بۆ هەموو ئەوانەی خشتێکیان لەسەر ئه و دیوارە بەرزە داناوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن