لە #کەرکووک# شانۆگەریی زەماوەندی دڕندەیی نمایشدەکرێت لەلایەن هیوا حوسامەدین 6 کاژێر لەمەو بەر
گوزارشت لە بێئومێدبوونی خەڵک و کێشە سیاسییەکانی ئەو شارە دەکات
لە کەرکووک شانۆگەریی زەماوەندی دڕندەیی نمایشکرا، شانۆگەرییەکە گوزارشت لە بێئومێدبوونی خەڵک و کێشە سیاسییەکانی ئەو شارە دەکات.
زەماوەندی دڕندەیی ئازارەکانی خەڵک، ئالودەبوون بە ماددەهۆشبەرەکان، تێکچوونی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە و ئه و لێکەوتانەی خستە ڕوو کە ڕەوشی ئەمنی و سیاسی بەسەر کەرکووکی هێناوە.
سوزان ئەحمەد، ئەکتەری بەشدار لە شانۆییەکە بە (تۆڕی میدیای ڕووداو)ی ڕاگەیاند شانۆگەرییەکەی ئێمە زیاتر جەخت له و ڕووداوە نەخوازراوانە دەکات بەسەر شاری کەرکووکدا هاتوون، ئەوەی من بینوومە ڕۆڵی دایکێکە کە منداڵێکی لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی لەدایکبووە، نە من به و منداڵە ڕازیم و نە ئەویش دایکایەتی منی قبووڵە، دەرئەنجام هەردووکمان بووینەتە قوربانی.
شانۆگەری زەماوەندی دڕندەیی، لە میانی چالاکیەکانی هەفتەی ڕۆشنبیری کەرکووک نمایشکرا، بینەرێکی زۆر ئامادەی بوون، بەجۆرێک لە شانۆگەرییە کۆمیدییەکانی ڕابردوو ئه و ژمارە بینەرە ئامادەنەبوونە.
شکۆ عومەر، دەهێنەری شانۆگەرییەکە ئاماژە بەوە دەکات، بینەران ئامادەبوونێکی باشیان بۆ شانۆکە هەیە، چونکە دەبیندرێ خەڵکی کەرکووک دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر پێوویستییان بە بینینی شانۆ و میوزیک و کاری هونەری هەیە.
هونەرمەندانی کەرکووک لەوە گەیشتوون، دۆخی ئەمنی و سیاسی کەرکووک ناجێگیرە و لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت بره و بە بوارە هونەرییەکان بدەن و کەرکووک له و مێژووە هونەریە دانەبڕێنن لەرابردوودا هەیبووە.
هەر لە هەفتەی چالاکی ڕۆشنبیری کەرکووک، پێشانگەی کتێب و کاری دەستی و شێوەکاری کرایەوە، بڕیاروایە تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە بەردەوامبێت و بە کۆنسێرتی گۆرانی و موزێک کۆتاییپێبێت.[1]