خەڵاتی وێژەیی هۆهەنەمس کە پێشکەشی ئەو نووسەرە پەنابەرانە دەکرێت کە زمانی دایکییان ئەڵمانی نییە بەڵام بە ئەڵمانی دەنووسن، ئەمجارە پێشکەشی نووسەری #کورد# کارۆش تەها کرا.
دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی هۆهەنەمس لە وڵاتی #نەمسا# لە ساڵی 2009وە ساڵانە خەڵاتی وێژەیی هۆهەنەمس دەدات بەو نووسەرە پەنابەرانەی زمانی دایکییان ئەڵمانی نییە، بەڵام بە زمانی ئەڵمانی دەنووسن.
نەک هەر لە نەمسا، بەڵکوو لە ئەڵمانیا و سویسراش نووسەران بەشداری له و پێشبڕکێیەدا دەکەن. بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەمساڵ 111 نووسەری پەنابەر بەشدارییان لە پێشبڕکێیەکەدا کرد. لیژنەی بەخشینی خەڵاتەکە نووسەری کورد کارۆش تەهای بە شایانی ئەو خەڵاتە زانی.
لیژنەکە ڕایگەیاند، کارۆش کە خەڵکی شارۆچکەی #زاخۆ#ی باشووری #کوردستان#ە لە تەمەنی 9 ساڵییەوە لەگەڵ خانەوادەکەی بەناچاری کۆچی کردووە بۆ ئەڵمانیا. بەهۆی قەڵەمە بە بڕشتەکەی کە فرەزمان و فرەکولتوورە شایەنی ئه و خەڵاتەیە.
کارۆش تەها دوای ئەوەی خەڵاتەکەی وەرگرت بۆ میدیاکانی نەمسا قسەی کرد و گوتی، بەهۆی ئەوەی لەنێو خێزانەکەیدا بە ئەڵمانی و کوردی قسە دەکەن، بەرهەمەکانی ڕەنگینن. گوتیشی، (دوای چەندین ساڵ گەڕاینەوە کوردستان، دایکم نەیدەزانی بە کام زمان قسەم لەگەڵ بکات. بۆ ئەوەی فێر ببێت دەیویست بە ئەڵمانی قسە بکات، بۆ ئەوەی منیش کوردی لەبیر نەکەم، دەبوایە بە کوردیش قسەم لەگەڵ بکات.)
کارۆش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئیدی خەونەکانیشی بە ئەڵمانی و کوردین. گوتیشی، لە بەرانبەر وەرگرتنی خەڵاتی هۆهەنەمس سەری سووڕماوە.
ڕۆمانی (Beschreibung einer Krabbenwanderung - گێڕانەوەی مەشی قڕژاڵێک)ی کارۆش تەها ساڵی 2018 بڵاوکراوەتەوە. ڕۆمانەکە لە هەرێمی (ڕاین - وێستفالیای باکوور NRW)ی ئەڵمانیاش خەڵاتێکی وێژەیی پێدرابوو.[1]
#25-06-2019#