پرۆسەی سیاسیی #عیراق# لە وەختێکی خراپدا دەستی داوەتە مەسەلە هەستیارەکانی کە بیچمی سەرەکیی دەوڵەتی عیراق پێکدەهێنن. وەختی خراپ نەک هەر بۆ #کورد# کە چەند ساڵێکە هەوڵی پاشەکشێپێکردنی دەدرێت لە ڕاڕەوەکانی سیاسەتی عیراقدا. بەڵکو خراپ تەنانەت بۆ ڕەوتی دیموکراسی و مەدەنی و دەستووری وڵات، ئەوی لە بنچینەدا لاوازە نەخاسمە کە ئێستا لەبەر دۆخەکەی کورد ئەویش ناتوانێت پاڵبدا بە فاکتەرێکی پشت قایمەوە. لەم دۆخە شڵەژاوەی کە کاری لەسەر پێکهاتنی ما باقی کابینەی حکومەتیش کردووە و هێشتا خەڵک لە شەڕی داعش نەحەواوەتەوە گرژیی تاران و واشنتۆنیشی هاتۆتەسەر، کە دوو ووڵاتن بە گۆشت و خوێن تێکەڵی جووڵەی سیاسیی عیراقن، ئا لەم وەختەدا داڕێژەرانی یاسا و کۆمسیۆنە تایبەتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ یاسای نوێی دادگای فیدراڵی دەستپێکردووە.
دادگای فیدراڵی (محکمەی ئیتحادی) یەکێک دەبێ لە کۆڵەکەکانی دامەزراوەی دەستووری وڵات و لە تەنگانەدا هەم فیدراڵیخوازان و هەمیش لێقەوماوان دەتوانن هانای بۆ بەرن تا لە دەستی هێزداران بیانپارێزێ، ئەگەر هیوایەک ما بێ بە پاراستن و پارسەنگ ڕاگرتن. پڕۆژەیاسای نوێ چوار فوقەها و شارەزای یاسایی نووساندووە بە پێکهاتەی دادگای فیدراڵییەوە کە پێویستە لە سەرۆک و جێگرەکەی و پێنج ئەندام پێکبێت و گەرەکە گشتیان قازی بن. لەکاتێکدا بڕگەی دوو لە مادەی 92 لە دەستووری عیراق ئێژێ بوونی شارەزا و فوقەهاکان بەشێکە لە دامەزراوەکە، نەک بەشێک لە پێکهاتەکەی. واتا ڕۆڵێکی ڕاوێژکارییان هەیە، نەک ڕۆڵێکی بڕیاردەر.
بێگومان هەر کەسێک ڕەخنە لە پڕۆژەیاساکە بگرێت داڕێژەرانی دەڵێن جا ئەوە پڕۆژەیە و شێوەی کۆتایی وەرنەگرتووە، بەڵام مەعلومە ئەم بڕگەیە لە پڕۆژەکە کە سەرپێچییەکی ئاشکرای دەستوورە لە وێستگەی هەرە هەستیاری داڕشتنی پێکهاتەی نوێی دادگای دەستووریدا هەر بۆ وەرزشێکی فیکری دانەنراوە. بۆ ئەوە دانراوە لە غافڵگیرییەکدا قەول و قەراری لێ بدرێت، یان لە سەفقە و سەودای گوژمە یاسایەکدا بگۆڕدرێتەوە بە یاسایەکی تر.
ئەم پڕۆژەیاسایە کە بیچمی دەوڵەتی عیراق دەگۆڕێ و دەیکاتە حوکمێکی ئیسلامیی بڕیاردەر، لە ژینگەیەکی سیاسیی خراپدا خراوەتە بەر باس و گفتوگۆی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە. دیقەتی دەوێ لە هەلومەرجێکدا کە هیچ لەبارنییە بۆ دیقەتدان.[1]
ستران عەبدوڵڵا