خانەوادەی بەڕێز؛
ئێستا ئێوە و بزووتنەوەکەمان و خەڵکی باشوری کوردستان و تەواوی گەلی کوردستان لە نێو بەڕێوەبردنی مەراسیمی بەرز ڕاگرتنی شەهیدبوونی هەڤاڵمان هەڵمەت (دیار غەریب محەمەد)دان، کە لە ڕۆژی 5ی ئەم مانگەدا لە میانەی هێرشێکی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و بە چاوساغی سیخوڕان و بەکرێگیراوان لەگەڵ دوو لە هەڤاڵانیدا(هەڤاڵان دەوران و شاهین)شەهید بوون و ڕێگای کاروانی شەهیدانیان گرتەبەر، بەناوی خۆمان و بزووتنەوەکەمانەوە سەرەخۆشی و غەمگینی قووڵمان بە شەهیدبوونی ڕۆڵە خۆشەویست و هێژاکەی خانەوادە بەڕێزەکەتان و هەڤاڵی پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیمان هەڤاڵ هەڵمەت بۆ ئێوە و هەموو کەس و کار و گەلی باشوری کوردستان دەردەبڕین، مسۆگەر شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت هەروەکچۆن ئازارێکی پڕ بەسوێیە بۆ ئێوە، بە هەمان شێوە بۆ ئێمە و بزووتنەوەکەمان و خەڵکی وڵاتپارێزی باشوری کوردستان و هەموو گەلی وڵاتپارێزی کوردستان ئازارێکی هێجگار مەزنە، مەگەر تەنیا بە ئەنجامگەیاندنی ڕێنمایی، خەون و ئامانجەکانی هەڤاڵ هەڵمەت و شەهیدانی ڕێگای ئازادی بتوانین لەم ئازارە کەمبکەینەوە، ئێمە دەرک بەوە دەکەین بە ئامانجگرتنی هەڤاڵ هەڵمەت لەم هێرشەدا بۆ زەبر وەشاندن بوو لە بزووتنەوەی ئازادی گەلی کوردستان بەگشتی و باشوری کوردستان بە تایبەتی، بەڵام خاوەنداریکردنی ئێوە و ئێمە و گەلەکەمان لە باشور و هەموو کوردستان لە ڕۆڵە بە ئەمەک و جەربەزەکەی خۆی، ئێمەش ئەم شەهیدبوونە دەکەینە سەرچاوەی هەڵنانی قەڵەمبازێکی شۆڕشگیرانەی مەزن و بە سەرکەوتن گەیاندنی بەرخۆدانی ئازادیخوازانەی گەل، کە ئەمە ئاوات و ئامانجی بنچینەیی هەڤاڵ هەڵمەت-یش بوو.
هەڤاڵمان هەڵمەت لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی خۆی لەناو بزوتنەوەی ئازادی- پەکەکە-دا نمونەی کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕی پێشەنگ و سەرکردەیەکی دڵسۆز و هۆشیار و خۆشەویستی ناو بزوتنەوەکەمان و خەڵک بووە، بەو پەروەردە جوان و پاکەی لە نێو خانەوادەکەیدا و لەلای ڕێبەرایەتیمان(ڕێبەر ئاپۆ)و بزووتنەوەکەمان بینیبووی، کەسایەتییەکی خاوەن تایبەتمەندی بەرزی ئەخلاقی شۆڕشگێڕی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو.
هەڤاڵی شەهیدمان هەڤاڵ هەڵمەت کە ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیمان و کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە بوو پێشتریش لە گەلێک خەباتی دیکە لە باشوری کوردستاندا ڕۆڵی پیشەنگایەتی بینیوە بەتایبەتی لە خەباتی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستاندا کە ئامادەبوو ئەرکی سەرۆکایەتی لە ئەستۆ وەربگرێت هەروەها لە هەر شوێنێک و لە هەر بارودۆخێکدا ئەرک و بەرپرسیاریتییەکانی سەرشانی بەڕێک و پێکی بەجێدەهێنا لەبەر ئەوەی خاوەن هۆشیارییەکی بەرزی مێژوویی و سۆسیۆلۆژیی بوو، هەموو کات لە هەوڵی پێگەیاندن و پەروەردەکردنی هەڤاڵانی گەلەکەی بوو، لە پێناو بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەییدا خەباتێکی مەزنی بەڕێوەبرد لە ژیان و تێکۆشانی شۆڕشگێرانی 25 ساڵەی خۆیدا نوێنەرایەتی و پێداگریی لەسەر فیکر و خەتی ئازادیخوازیی ڕێبەر ئاپۆدا دەکرد، بۆیە بە ئامانجگرتنی لەم هێرشەدا بە واتای بە ئامانجگرتنی خەتی ئایدۆلۆژیی و سیاسی ڕێبەر ئاپۆ دێت.
ئێمە لە کاتێکدا بە پیرۆزیی و شکۆدارییەوە یادەوەریی شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت بەرز ڕادەگرین، ئەو خاوەندارێتییە بەرزەی ئێوەش لە ڕۆڵە بە ئەمەک و ئازیزەکەتان بەرز دەنرخێنین، کە نیشانەی ئاستی بەرزی وڵاتپارێزی و هۆشمەندیی و پابەندبوونی ئێوەیە بە تێکۆشانی هەڤاڵ هەڵمەت و بزوتنەوە ئازادیخوازەکەمان، بەڵێن و پەیمانی شۆڕشگێڕیی خۆمان بۆ ئێوە و گەلەکەمان و مێژوو دوپاتدەکەینەوە کە بۆ بەدیهێنانی ئامنجە مەزنەکانی هەڤاڵ هەڵمەت و سەرجەم شەهیدانی ڕێی ئازادی، بە وەشاندنی زەبری قورس لە دوژمن و بەسزاگەیاندنی نۆکەرانی، وەڵامی پێویستی ئەو هێرشەی داگیرکاران و خائینان دەدەینەوە.
دووبارە سەرەخۆشی و خەمگینی قووڵی خۆمان بە شەهیدبوونی هەڤاڵمان(دیار غەریب)بۆ ئێوە و هەموو کەس و کار و گەلی باشور و تەواوی خەڵکی کوردستان دەردەبڕین، مسۆگەر ئەو ڕێباز و فیکر و تێکۆشانەی هەڤاڵ هەڵمەت لە پیناویدا گیانی خۆی بەخشی سەردەکەوێت.