ساڵانە بڕێکی زۆر شوشەوات و جوانکاری لە وڵاتانی چین و تورکیا و ئێرانەوە هاوردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەوتەی بازرگانێکیش قەبارەی ئەو بازرگانییە ساڵانە دەگاتە 600 ملیۆن دۆلار.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هیچ ئامارێکیان نەبوو لەبارەی بڕ و بەهای کاڵای جوانکاریی نێو ماڵ و ئەو شوشەواتەی کە بازرگانان هاوردەی دەکەن، چونکە بە وتەی خۆیان ئەوان لە بەخشینی مۆڵەتدا ناچنە نێو وردەکاریی کاڵای هاوردەکراوەوە، بەڵام بەوتەی بازرگانان، بەپێی خواستی بازاڕ، ساڵانە بایی نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار شوشەوات و جوانکاریی نێوماڵ لە وڵاتانی چین، تورکیا، ئێران و ئیمارات و هەندێک وڵاتی دیکەوە هاوردە دەکەن، ئەم کاڵایانە بەشێکی لە هەرێمی کوردستان ساغ دەکرێنەوە، بەشەکەی دیکەشی هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرێت.
نەوزاد جەمیل بازرگانێکی شاری هەولێرە، ساڵانە بایی نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار شوشەوات لە چین و تورکیا، ئێران و ئیماراتەوە هاوردە دەکات، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق خواستێکی زۆر لەسەر کڕینی شوشەوات و جوانکاریی نێوماڵ و پێویستییەکانی مەتبەخ هەیە، بۆیە کێبڕکێیەکی زۆر لەنێو بازرگانان هەیە، هەر بازرگانێک دەیەوێت لەڕێی دیزاینی جوانەوە سەرنجی کڕیار بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
دەشڵێت: تەنیا ئەمساڵ بایی 2.5 ملیۆن دۆلار لەو کاڵایانەم لە ئێران هاوردە کردووە، لە چینیش بایی 1.5 ملیۆن دۆلار و لە تورکیاش بایی 300 هەزار دۆلار.
نەوزاد ئەوەش دەخاتەڕوو: چین و ئێران لە پێویستییەکانی مەتبەخ، تورکیا و ئیماراتیش لە جوانکاریی نێو ماڵ زۆر بەهێزن، بازرگانان ساڵانە تەنیا لە چین و ئێرانەوە بایی زیاتر لە 400 تاوەکو 500 ملیۆن دۆلار شوشەوات و پێویستییەکانی مەتبەخ هاوردە دەکەن، لە تورکیا و ئیماراتیشەوە بڕێکی زۆر جوانکاریی نێوماڵ و شوشەوات هاوردە دەکرێت، بۆیە مەزەندە دەکەم ساڵانە بایی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار شوشەوات و جوانکاریی و پێویستییەکانی مەتبەخ هاوردە بکرێن.
بەهۆی کاڵای جۆراوجۆرەوە، هەر بازرگان و پێشانگەیەک بووەتە بریکاری چەند کارگەیەک لە چین و ئێران و تورکیا و بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کڕیاریش، دیزانی تایبەت بە خۆیان هەیە.
خەڵکێکی زۆر بەم بازرگانییەوە خەریکن، کۆمپانیا هەیە لە هەولێر تەنیا لە چین ساڵانە بایی 65 تا 100 ملیۆن دۆلار شوشەوات و پێویستیەکانی مەتبەخ هاوردە دەکات، ئەمە وتەی بازرگانێکی دیکەیە.
رزگار خۆرانی، بازرگانێکی دیکەی شوشەوات و جوانکاریی نێوماڵە، ساڵانە بایی یەک ملیۆن دۆلار کاڵای جۆراوجۆر لە تورکیاوە هاوردە دەکات و 75%ی کاڵاکانی بە پێشانگەکانی هەرێمی کوردستان و 25%ی هەناردەی شارەکانی عێراق دەکات.
ڕزگار خۆرانی باس لەوە دەکات: بێجگە لە بازرگانی بچووک و خاوەن پێشانگەکان کە زۆرجار خۆیان کاڵا لە تورکیا دەهێنن، 25 تاوەکو 30 بازرگانی گەورەش لە هەولێر هەن تەنیا لە تورکیا کاڵا هاوردە دەکەن، بەشێوەیەکی گشتی ساڵانە بایی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار شوشەوات و جوانکاری و پێویستییەکانی نێو ماڵ لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت.
پێشانگەکانی فرۆشتنی شوشەوات و جوانکاریی نێو ماڵ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیان لەزیادبووندایە، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی تۆماری کۆمپانیاکان، لەنێو شاری هەولێر زیاتر لە 450 پێشانگەی تایبەت بە فرۆشتنی شووشەوات و جوانکاریی نێو ماڵ هەیە، جگە لەو فرۆشیارانە، لە سوپەرمارکێت و مۆڵەکانیش ئەم کاڵایانە دەفرۆشرێن.
حاجی موحسین، فرۆشیارێکی شوشەواتە لە شاری سلێمانی بۆ دواڕۆژ باس لەوەدەکات ئەمساڵ فرۆشمان بەراورد بە ساڵانی پێش قەیران زۆر باش نییە، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە بایی نزیکەی 200 هەزار دۆلار کاڵای جوانکاریی نێوماڵم تەنیا لە تورکیا هاوردە کردووە، بەشی زۆریشیم فرۆشتووە.
ئەوەشی ئاشکراکرد: زۆربەی ئەو شوشەواتانەی دێنە کوردستان 80%ی لە وڵاتی چین هاوردە دەکرێن. دواتر تورکیا و ئێران دێن، بەشێکی کەمیش لە ئیماراتەوە هاوردە دەکرێت.
حاجی موحسین باس لەوەش دەکات: لەڕووی جوانی و شێوەی کاڵاکانی تورکیا لە وڵاتانی دیکە سەرنجڕاکێش و جوانترە، بەڵام گرانترە و کڕیاری کەمە و قازانجیشی زۆرترە.[1]