لە ساڵانی ڕابوردوودا قارچکی ئێرانی بازاڕەکانی #کوردستان#ی تەنیبوو، بەڵام کارگەیەکی بەرهەمهێنانی قارچک لە #هەولێر# کێبڕکێی قارچکی ئێرانی دەکات، ڕۆژانە دوو تۆن بەرهەمی قارچک دەخاتە بازاڕەکانی کوردستان و ناوەڕاستی #عێراق# خاوەنی کارگەکەش داوادەکات حکومەت زەویی گەورەتریان بۆ دابینبکات.
ئەکرەم ئەحمەد، خاوەنی کارگەی قارچکی گوڵی شلێر لە هەولێر، یەکێکە لە گەورەترین کارگەکان لە کوردستان و عێراق، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم کارگەیەمان لە گەشتێکماندا بۆ وڵاتی ئێران لە ساڵی 2012 وەرگرت. کە بینیم بەرهەمێکی باشە و سوودی زۆری ئابووریشی هەیە، بۆیە بیرمکردەوە کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنم.
وتیشی: سەرەتا پێنج هۆڵی بچووکمان بە بلۆک دروستکرد، بەڵام ئێستا لەسەر ڕووبەری یەک هێکتار زەوی 21 هۆڵی بەرهەمهێنانی قارچکمان بە نوێترین سیستەم دروستکردووە. هەر هۆڵێک شەش مەتر پانییەکەیەتی و 20 مەتریش درێژییەکەیەتی. زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری تێچووە. لە سەرەتای ساڵی 2018-ەوە تائێستا ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە دوو تەن قارچک بەرهەمدێنین، بەڵام لە وەرزی هاوین-دا کەمیدەکەینەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ دوو جۆر بڕیار دەردەکات، یان باج دەخاتە سەر بەرهەمی هاوردە یان هاوردەکردنی قەدەغە دەکات، ئەمەش بەمەبەستی بە بازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆ.
خاوەنی ئەو کارگەیە لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ-ەوە دەڵێت: دڵخۆشم بە بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی قارچکی ئێرانی، هیوادارم ئەو بڕیارە بۆ هەمیشەبێت و هەڵنەوەشێتەوە.
ئەکرەم ئەحمەد، لەبارەی ئه و هەلی کارانەی کە بەهۆی کارگەکەیەوە دروستبوون دەشڵێت: نزیکەی هەشت فەرمانبەری هەمیشەیی کاردەکەن لە کارگەکەمدا. لەکاتی بەرهەم کۆکردنەوەشدا هەلی کارەکان زیاددەکەن، چونکە زیاتر لە 50 ژن دێن بەرهەمەکان کۆدەکەنەوە و ڕەوانەی بازاڕی دەکەین.
لەبارەی هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئەکرەم ئەحمەد، ئاشکرایکرد: حکومەت بەهیچ جۆرێک هاوکاری نەکردووین. ئێستا ئەو پەینەی بۆ بەرهەمهێنانی قارچک پێویستە، لە ئێرانەوە دەیهێنن، بۆ هەر بارێک زیاتر لە یەک ملیۆن دینار گومرگ دەدەین، ئەگەر لێرە زەویمان پێبدەن، دەتوانین خۆمان دروستی بکەین و پارەمان بۆ دەرەوە نەڕوات.
ئه و خاوەن کارگەیە گلەیی لە کەمی شارەزا لە بواری کارگەکەیدا دەکات و ئاماژە بەوەدەکات ناچاربووە، ئەندازیارێک لە وڵاتی ئێران-ەوە بهێنێت بۆ سەرپەرشتیکردنی، دەشڵێت: زۆربەی کارگەکانی کوردستان پشت بە ئەندازیار و شارەزای بیانی دەبەستن ئەمەش بەهۆی کەمی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا.
شەفیعی، ئەندازیارێکی خەڵکی تارانە و ماوەی دوو مانگە سەرپەرشتیی کارگەی گوڵی شلێر دەکات، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: لە ئێران ئەو جۆرە پڕۆژانە کۆنن، بەڵام لێرە لەسەرەتادان. لە ئێران چەندین جۆری قارچک بەرهەمدەهێنرێت ئەو پڕۆژانە زۆر بەسوودن، هەم لە ڕووی تەندروستییەوە، هەمیش لە ڕووی ئابوورییەوە، خواردنی قارچک زۆر تەندروستە، چونکە وەک گۆشت پڕۆتینی بەرزە و کۆلیستڕۆڵی تێدانییە.
لەبارەی سوودە ئابوریەکانی ئه و ئەندازیارە دەڵێت: لە بازاڕەکانی کوردستان قارچک بازاڕ و فرۆشی زۆرە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە خەڵک گرنگیی بە خواردنی قارچک دەدەن، بۆیە دامەزراندنی کارگەی قارچک، وادەکات پارەی وڵات نەچێتە دەرەوە، دەستی کاریش لە وڵات بەردەوام هەبێت و بێکاری کەمبێتەوە.
حوسێن حەمە کەریم، بەڕێوەبەری دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ماوەی دوو ساڵە بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنەدراوە بە هاوردەکردنی قارچک مەگەر بە قاچاغ هاتبێت.
حوسێن حەمە کەریم، باسی لەوەشکرد: هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی قارچکدا پێشکەوتووە و پێویستی بە قارچکی هاوردە نییە، بەڵکو بەشێکی زۆر لە قارچکی کوردستان دەچێتە خوار و ناوەڕاستی عێڕاق.
ئه و بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژە بەوەشدەکات: تا ساڵی 2017 هاوردەکردنی قارچک بەردەوامبوو، بەڵام بۆ هەر کیلۆیەک 1000 دینار باجی لەسەر بوو کە زانیمان بەرهەمی ناوخۆ پێویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە کە ساڵانە کوردستان پێویستی بە نزیکەی 2000 تۆن قارچکە ئەوا هاوردەکردنمان ڕاگرت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەرێمی کوردستان خاوەنی 6 کارگەی بەرهەمهێنانی قارچکە بەرهەمی ئەم کارگانە ساڵانە دوو هەزار و 290 تۆن قارچکە، هەر بەپێی داتاکان دوو کارگەی دیکەش سەرقاڵی مامەڵەی دامەزراندنن بەدامەزراندنی ئەو دوو کارگەیە ڕێژەی بەرهەمی قارچک زیاتر دەبێت.[1]