پۆلیسی #سلێمانی# باندێکی چوار کەسیان دەستگیرکرد کە هەڕەشەی کوشتنیان لەهاووڵاتییەک کردبوو لەبەرامبەر پێدانی بڕێک پارە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکیدا دەڵێت: پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن هاووڵاتی (ح.م.غ) لەسەر کەسێک کە لەڕێگەی مۆبایلەوە هەڕەشەی کوشتن و تەقەلێکردنی لێکردووە لەماڵ و دوکانەکەی کە ئەگەر بڕی 10 هەزار دۆلاری پێنەدا، دوای وەرگرتنی وتەی سکاڵاکارو بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی #پێنجوێن# بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردو زانیاری وردیان لەسەر تۆمەتبار کۆکردەوە.
رونیشیکردوەتەوە: سەرئەنجام ڕۆژی 10ی تەموزی 2019، لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی پێنجوێن بەهاوکاری بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی توانرا خاوەنی مۆبایلەکە بدۆزرێتەوە کە تۆمەتبارێکە بەناوی (س.ح.س) لەشاری سلێمانی دەستگیرکرا.
پۆلیس دەشڵێت: لەدانپێدانانەکانیدا تۆمەتبار ڕایگەیاندوە کە سێ کەسی دیکەی لەگەڵدایەو هاوکارییان کردوە لەهەڕەشەکردن لەسکاڵاکار، دواتر لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی پێنجوێن و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی توانرا تۆمەتبار (ی.ع.ق) لەشاری سلێمانی دەستگیر بکرێت، هاوکات هەردوو تۆمەتبار (ج.ع.ق) و (د.ن.أ) لەشارۆچکەی پێنجوێن و لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی پێنجوێنەوە دەستگیرکران.
ئەوەشی ڕاگەیاندوە: لەئێستادا هەر چوار تۆمەتبارەکە بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لەلایەن بەشی پۆلیسی پێنجوێنەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی پێنجوێن دانیشتوانی سنورەکە دڵنیا دەکەنەوە کە بەردەوام لەخزمەتی هاووڵاتیاندان بۆ پاراستنی سەرو ماڵیان و دابینکردنی کەشێکی هێمنیی و ئارام بۆیان.