لە سنوری پارێزگای #هەولێر#، لە شەش مانگی ڕابردوودا 27 کەسی تووشبوو بەنەخۆشی تالاسیمیا تۆمارکراون و لەو ماوەیەشدا 6 کەس بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە، بەرپرسی ڕایگەیاندنی کۆمەڵەی تالاسیمیای هەولێریش دەڵێت: ئامارەکان جێگای دڵخۆشیی نییە و پێویستە کۆمەڵگا هۆشیار بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕێژەی ئەو منداڵانەی تووشبوون بەو نەخۆشییە زیاتر نەبێت.
نەخۆشی تالاسیمیا (Thalassemia)، نەخۆشییەکی بۆماوەیی درێژخایەنە و گرووپێک نەخۆشی زگماکی خوێن دەگرێتەوە کە لەیەک سیفەتدا هاوبەشن ئەویش ناتەواوی لەدروستبووونی هیمۆگلۆبیندا-یە، ئەو پرۆتینەی وا لەخرۆکە سوورەکانی خوێن دەکات، کە توانای هەڵگرتنی گازی ئۆکسجین و دووانە ئۆکسیدی کاربۆنیان هەبێت، ناتەواوی لەدروستبوونی هیمۆگلۆبین چەند جۆرێکی هەیە، بۆیە نەخۆشی تالاسیمیاش چەند جۆرێکی هەیە، بیتا تالایسمیا (Beta thalassemia) باوترینی جۆرەکانە و بریتییە لەکەمبوونەوەی یان دروست نەبوونی زنجیرە پرۆتینەکانی بیتای هیمۆگلۆبین، بەگشتیش توشبوانی تالاسیمیا پێویستیان بەوەیە ناو بەناو خوێن وەربگرن.
بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی تالاسیمیا، لە سنوری پارێزگای هەولێر لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 27 کەسی تووشبوو بە نەخۆشی تالاسیمیا تۆمار کراون، ئەوەش لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو تەنها 37 کەسی تووشبوو بەو نەخۆشییە تۆمارکراوە.
لەئێستا لە سنوری پارێزگای هەولێر نزیکەی 850 تووشبوو بەنەخۆشی تالاسیمیا هەیە، لەو ژماریەش نزیکەی 180 تووشبوویان ئاوارەکانن، سروە عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی تالاسیمیای هەولێر، نیگەرانی خۆی لە بەرزبوونەوەی ئامارەکانی توشبوون بە نەخۆشی تالاسیمیا دەربڕی و لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: بەداخەوە ئامارەکانی تووشبوون بەنەخۆشی تالاسیمیا لە هەولێر بۆ ئێمەی تووشبووان، جێگای دڵ خۆشی نییە، چونکە بە تەنها لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا 27 حاڵەت تۆماکراون و شەش کەسیش بەهۆی تووشبوون بەم نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی تالاسیمیای هەولێر، ئەوەشی خستەڕوو کە ماوەیەک کێشەی کەمی دەرمانمان بۆ نەخۆشەکان هەبووە، بەڵام ئێستا تاڕادەیەک کێشەکە باشتر بووە، بەڵام لە ئێستادا کێشەی کەمی ئەو ئامێرانەمان هەیە کە هاوکارن بۆ گواستنەوەی خوێن بۆ جەستەمان، هەموو کات مەترسی ئەوەش هەیە کە ئەگەر ئەو ئامێرانەی ئێستا هەیە تووشی کێشە بن کەس نییە چاکی بکاتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە بەپێی ستانداردە جیهانیەکان پێویستە لە ماوەیەکی کەمدا ئەو ئامێرانە بگۆڕدرێن، بەڵام من ماوەی دە ساڵە ئامێرێکم هەیە کە ئەویش ئێستا لە کارکەوتووە، بەلایەنی کەم لەو ماوەیەدا دەبوو دووجار ئەو ئامێرەم بگۆڕیبایە، چونکە لەکاتی خوێن گەیاندن بەجەستەمان بەئامێری کۆن تووشی ئازاری زیاتر دەبینەوە خوێنەکەش ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تاوەکو دەچێتە جەستەمانەوە.
لەبارەی ڕێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی تووشبوون بە تالاسیماش وتی: پێویستە کۆمەڵگا هۆشیار بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕێژەی ئەو منداڵانەی تووشبوون بەو نەخۆشییە زیاتر نەبێت، چونکە بڵاوبوونەوەی هۆشیاریی هۆکاریی سەرەکییە لە ڕێگریکردن لە توشبوون بەو نەخۆشییە.[1]