بەرپرسێکی تەندروستی لەکوشتارگەی #سلێمانی# ڕایدەگەیەنێت، بە قوربانیکردن لەڕۆژانی جەژندا ئاژەڵ کەم نابێتەوە، بەڵکو چارەسەری کەمبوونەوەی ئاژەڵ ئەوەیە حکومەتی هەرێم گرنگی بەتوخماتەکانی بدات، دەستەی ژینگەش داوا لەهاووڵاتیان دەکات ئاژەڵەکان لەکوشتارگەکان سەرببڕن.
11ی ئابی 2019 یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە کە جەژنێکی ئاینییە، ساڵانەش له و جەژنەدا بەشێکی زۆر لەهاووڵاتیان قوربانی دەکەن و بەپێی توانای دارایی خۆیان ئاژەڵ سەردەبڕن و گۆشتەکەی دەبەخشنەوە.
بەپێی ئاماری کوشتارگەی سلێمانی کە بەدواڕۆژ دراوە، لەماوەی پێنج ڕۆژدا 793 تەن و 800 کیلۆ گۆشت قبوڵکراوە بۆ خواردن، حەوت تەن و 150 کیلۆش ڕەتکراوەتەوە، هەروەها لەشەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 60 هەزار ئاژەڵ هاتووەتە کوردستانەوە، لەکاتێکدا بەرهەمی ناوخۆیی بەشی 30% تا 40%ی دانیشتوان دەکات.
د.شاڵاو عارف، بەرپرسی ستافی پزیشکی کوشتارگەی سلێمانی ڕاگەیاند: قوربانیکردن بابەتێکی ئاینییە و ڕاستە ئاژەڵ سەردەبڕدرێت، بەڵام لەبەرامبەردا ئاژەڵی دیکەش هاوردە دەکرێت و قەرەبووی دەکاتەوە، بۆیە سەربڕینی ئاژەڵ نابێتەهۆی کەمبوونەوەی ئاژەڵ.
ناوبراو ڕوونیکردەوە: چارەسەری کەمبوونەوەی ئاژەڵ بەسەرنەبڕین نییە، بەڵکو چارەسەر ئەوەیە حکومەتی هەرێم بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکاتەوە ئەوەش لەڕێگەی زیادکردنی توخماتەکانەوە بەکردنەوەی سەنتەری زانستی.
هاوکات مەلا عەتا #پێنجوێن#ی، سەرپەرشتیاری لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی ئاینی کوردستان ڕاگەیاند: قوربانیکردن سوننەتە و دەبێت ئه و کەسەی دەیکات ڕەچاوی ئەوە بکات ئاژەڵێکی تەندروست بێت، چونکە ئەگەر ئاژەڵەکە نەخۆش بێت بۆ قوربانی نابێت، بۆ شوێنی سەربڕینەکەی ناکرێت مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا بکرێت، بەڵکو سوننەت وایە مرۆڤ ئاگاداری سەربڕینەکەی بێت و ڕەچاوی پاکوخاوێنی بکرێت، لەسەر شەقامەکان سەرنەبڕدرێت.
مەلا عەتا ڕەتیکردەوە، بەسەربڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانی، ببێتەهۆی کەمبوونەوەی ئاژەڵ، له و ڕووەوە وتی :بەقوربانیکردن ئاژەڵ کەم نابێتەوە، چونکە ئه و قوربانییە ساڵی یەک جەژنە، پاشان ئەوانە ئاژەڵی ماڵین و بەردەوام لەگەشەسەندنن و زیاد دەکەن.
ساڵانە لەزۆربەی ناوچەکانی کوردستان چەندێک ئاژەڵ لەنێو ماڵ و کوشتارگەکاندا سەرببڕدرێن، ئەوەندەش لەسەر شەقامەکان سەردەبڕدرێن، بۆیە بەرپرسانی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لەهاووڵاتیان دەکەن پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و ژینگەییەکان بن.
د.شاڵاو عارفوتیشی:لەڕووی تەندروستییەوە زۆر گرنگە ئه و ئاژەڵانە لەکوشتارگەکان سەرببڕدرێن، بۆیە ئێمە وەکو ستافی کوشتارگە بەپێی بەرنامەیەک یەکەم ڕۆژی جەژن لەپێشوازی هاووڵاتیان دەبن بۆ سەربڕینی ئاژەڵ لەنێو کوشتارگە.
لەیاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، ئاماژە بەوەدراوە کە هەر گۆڕانکارییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەپێکهاتە یان لەتایبەتمەندی ژینگە ببێتەهۆی زیانگەیاندن پێی، یان هاوسەنگییە سروشتییەکەی بشێوێنێ ئەوا تاوانبار سزا دەدرێت بۆ ماوەی لەمانگێک بەندکردن کەمتر نەبێت یان بەغەرامەیەک لە 150 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 200 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بەهەردووکیان سزا دەدرێت.
هەندرێن شێخ ڕاغیب، وتەبێژی دەستەی پاراستن و ژینگە لەهەرێمی کوردستان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: داوا لەهاوڵاتیان دەکەن لەکوشتارگەکان ئاژەڵەکان سەرببڕدرێن، چونکە کاتێک ئه و ئاژەڵانە لەسەر شەقامەکان سەردەبڕدرێن زیانیان بۆ تەندروستی و ژینگەی دەوروبەر هەیە و دیاردەیەکی ناشارستانی و زانستییە.
ناوبراو ڕوونیکردەوە: بەپێی دەقی یاسای پەرلەمانی کوردستان تایبەت بەژینگە، هەر شتێک زیان لەژینگەی کوردستان بدات بەپێی بڕ و جۆری زیانەکە سزای ژینگەیی دەیگرێتەوە.
سەربڕینی ئاژەڵ لەنێو ماڵ و سەرشەقامەکان جگە لەوەی زیانی تەندروستی و ژینگەیی هەیە، لەڕووی مرۆییشەوە کاریگەری بۆ سەر مرۆڤ هەیە.
محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: قوربانی یەکێکە لە مەراسیمە گرنگەکانی ئاینی ئیسلام، بەڵام ئەوەی گرنگە هاووڵاتیان بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان ئه و قوربانییە لە سەربڕینخانەی حکومەت بکرێت ئەوەش لەپێناو سەلامەتی و تەندروستبوونی پرۆسەکە، زۆریش گرنگە ئه و پڕۆسەیە بەبەرچاوی منداڵان نەبێت کە گونجاو نییە سەربڕین و خوێنڕشتن بۆ لایەن و هەستی ناسکی منداڵ.[1]