پێشلکاری مەترسیدار بەرامبەر کرێکارانی بیانی لە هەرێم دەکرێت کە ئەگەر هەیە بەوهۆیەوە هەرێم توشی ڕووبەڕبوونەوەی یاسایی ببێتەوە، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤیش، دەڵێت: بەهۆی دەستدرێژی سێکسی، پێنج کرێکاری بیانی لە هەرێم گیانیان لەدەستداوە.
حەمە هەژار مەحمود، سەرۆکی ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافی کرێکارانی بیانی لەهەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەماوەی ساڵی ڕابوردوودا، شکستیان بە نزیکەی 17 هەوڵی بازرگانیکردن بە کرێکارانی بیانی هێناوە و 200 دۆسیەی تری پێشێلکاریی جۆراوجۆریش بەرامبەر ئه و کرێکارانە بە ڕێکخراوەکە گەیشتووە.
حەمە هەژار، دەڵێت:جگە لە بازرگانی، دەستدرێژی سێکسی دەکرێتەسەر کرێکاران بە تایبەتی کرێکارانی کچ و ئافرەتان.
لەماوەی پێنج ساڵی ڕابوردوودا، 34 هەزارو 248 کرێکاری بیانی هێنراونەتە هەرێم، له و ژمارەیە 19 هەزارو 946 کرێکاری بیانی لەناو ماڵەکەدا کاردەکەن، 12 هەزارو 34 یان کرێکاری پڕۆژەن.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، بەشێک له و کرێکارە بیانیانەی کە لە ماڵان کاردەکەن لەهەردوو ڕەگەز دەستدرێژی سێکیسان کراوەتەوەسەر، بەڵام بەهۆی سستی کارەکانی دادگا، کەیسەکان بە دادگا نادرێت.
حەمە هەژار دەڵێت:زۆر دۆسیەی دەستدرێژی سێکسیمان لەلایه و توانیومانە مافی هەندێکیان بە قەرەبووکردنەوەی پارەکە وەربگرینەوە، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی کارەکانی دادگا لە هەرێم بە سستی بەڕێوەدەچێت، بۆیە کرێکاران ناتوانن سکاڵا تۆماربکەن.
لەکاتی سەرخۆشی یاخود لەوکاتەی کە خاوەن ماڵ لەگەڵ کرێکارەکە بەتەنیا دەمێننەوە، دەستدرێژییەکە ڕوویداوە، هەندێکجاریش بەهۆی ئەوەی کرێکارەکە جلی سەرنجراکێشی لەبەرکردووە، خاوەن ماڵ وروژاوە و دەستدرێژی سێکیسی کردووەتەوەسەریان حەمە هەژار وای وت.
بەوتەی بەرپرسی ئه و ڕێکخراوە یەکێک له و کرێکارە بیانیانە لەلایەن خاوەن ماڵەکەیەوە دەستدرێژی کراوەتەسەر و هەڕەشەی ئەوەی لێکراوە کە ئەگەر زانیارییەکان بڵاوبکاتەوە دەیکوژێت، بۆیە کاتێک کرێکارەکە زانیارییەکانی پێداوین بانگی خاوەن ماڵەکەیان کردووه و دوو هەزار دۆلاریان بۆ کرێکارەکە وەرگرتووە و ڕەوانەی وڵاتەکەی خۆی کراوەتەوە.
لە ساڵی 2018دا سێ هەزارو 337 کرێکاری ناوماڵ و 425 کرێکاری پڕۆژەکان هاتوونە هەرێم، هەروەها لەمساڵدا دوو هەزارو 270 کرێکاری دیکە بۆ هەرێم هێنراون، کە زۆرتر کرێکاری بەنگلادیشی، هیندی، پاکستانی، ئێرانی، سودانی و نیپاڵین.
زیا بتڕۆس، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم بۆ دواڕۆژ وتی: هەندێک لە کرێکارانی بیانی دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر، تەنانەت چوار پێنج کەیسی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کرێکارانی بیانی بۆتە هۆی گیان لەدەستدانیان.
وتیشی: بەهۆی دەستدرێژی سێکسی و گیان لەدەستدانیان، هەرێم تووشی کێشەیەکی گەورەی یاسایی دەبێتەوە، چونکە کاتێک کرێکارەکان هاتوونەتە هەرێم و چارەنووسی دیارنەماوە، لەداهاتوودا ئه و وڵاتانەی بەدوای چارەنووسیان دەگەڕێت و هەرێم دەبێت ئه و کێشەیە چارەسەربکات و چارەنووسیان دیاریبکات.
جگە لە دەستدرێژی سێکسی، بازرگانی بە کرێکارانی بیانیشەوە دەکرێت.
حەمە هەژار دەڵێت:کۆمەڵێک قاچاخچی لە هەرێم پەیوەندییان دروستکردووە لەگەڵ کۆمەڵێک قاچاخچی ئاسیاو ناوەڕاستی عێراق بازرگانی بە کرێکارانەوە دەکەن، بەشێوەیەک قاچاخچی کورد لەگەڵ قاچاخچیەکی عەرەب و ئه و وڵاتانەی کە کرێکاری بیانی لێوەدێت ڕێکدەکەون کە لە جیاتی وەرگرتنی ڤیزای کار کە ماوەکەی دوو ساڵه و نوێدەکرێتەوە، ڤیزای کاتییان بۆ وەردەگرن کە ماوەکەی سێ مانگە بەمەش ئه و کرێکارەی دێتە هەرێم تووشی قەرزێکی زۆر دەبێت و ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی چونکە تووشی کێشە دەبێت، ناچار دەبرێنە شارەکانی دیکەی عێراق و بازرگانییان پێوەدەکرێت.
بەپێی ڕێنمیاییەکانی وەزارەتی کاری هەرێم، کرێکاری بیانی ئەوانەی لە کاری بیناو خزکەتگوزاری کاردەکەن گرێبەستی یەک ساڵ و ئەوانەشی لە ماڵان کاردەکەن بۆ دوو ساڵ ڤیزای مانەوەیان پێدەدرێت، نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە کارکردنی کرێکارانی بیانی کێشەی بۆیان دروستکردووە.
عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: هەر کرێکارێکی بیانی کە ڕووبەڕووی پێشلکاری دەبێتەوە، دەتوانێت پەیوەندی بە هێلی گەرمی کارەوە بکات بۆئەوەی ڕێککاری یاسایی بەرامبەر ئه و خاوەن کارانە بگرێتەبەر کە پێشلکارییان بەرانبەری کردووە.
بە وتەی ئه و بەرپرسەی وەزارەتی کار، بەهۆی پێشلکارییەکان چەندین خاوەن کار دۆسیەکانیان لە دادگایە و مۆڵەتی کارکردن لە چەندین کۆمپانیاش وەرگیراوەتەوە.