نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا داوای لە بەرپرسانی ئێران کرد، چارەنووس و شوێنی بەخاکسپاردنی ئەو 4 زیندانییە سیاسییە #کورد#ە ئاشکرا بکات، کە 10 ساڵ لەوە پێش لە سێدارەی داون.
لە ڕاپۆرتی دەستەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی کەسانی بە زۆر بێسەروشوێنکراودا، چوار زیندانیی سیاسی کورد بە ناوەکانی فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی بە کەسانی بە زۆر بێسەروشوێنکراو ناسێنراون.
لەو چوارچێوەیەدا نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتیی ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو 4 کەسە و سەلماندنی بانگەشەی لەسێدارەدانیانی خستە ئەستۆی ئێران و ڕاشیگەیاند، ئەگەر بانگەشەکەیان ڕاست بێت لەبارەی لەسێدارەدانیانەوە، پێویستە شوێنی بەخاکسپاردنەکەیان بە بنەماڵەکانیان ڕابگەیەنرێت.
ئەو دەستەیە لە دانیشتنی ژمارە 118، بەپێی بەڵگەنامەی ژمارە (A/HRC/WGEID/118/1) 4 زیندانیی سیاسی کوردی لە سێدارەدراوی وەکو بێسەروشوێنکراوی زۆرملێ بە ڕەسمی پەسەند کرد.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیانە پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤە و پەیوەندیی بە تێپەربوونی کاتەوە نییە، تا ئەو کاتەی کەسە بێسەروشوێنکراوەکە نەدۆزرێتەوە، یان چارەنووسی بەتەواوی ڕوون نەبێتەوە لێکۆلینەوەکان لەبارەیانەوە بەردەوام دەبن.
فەرزاد کەمانگەر، مامۆستا و چالاکی مافەکانی مرۆڤ، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریان، لە 9ی ئایاری 2010 / 19ی بانەمەڕ (گوڵان) دوای پرۆسەیەکی دادگاییکردنی پڕ لە پێشێلکاری و سەرباری ناڕەزایی بەرفراوانی جەماوەری کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناڕەزایەتییە جیهانییەکان، بە نهێنی و بەبێ ئاگاداری پارێزەر و بنەماڵەکانیان لە دەورووبەری گەراجی زیندانی ئێوین لەسێدارە دران.
دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانیاندا، هێشتا شوێنی بەخاکسپاردنی ئەو 4 تێکۆشەرە کوردە بە بنەماڵەکانیان ڕانەگەیاندراوە و تەنات ڕژێمی ئێران هیچ بەڵگەیەکی لەبارەی لەسێدارەدانیانەوە پێشکەشی دامەزراوە نێونەتەوەییەکان نەکردووە.[1]