هێشتا ڕوون نییە کابینەی نوێی حکومەت چ ئاراستەیەک دەگرێت، ئاراستەیەک بەرەو دروستکردنەوەی متمانە و هاندانی هەردوو حزبی سەرەکی (یەکێتی و پارتی) بۆ هێمنی سیاسی و بەرەو پێشبردنی تێگەیشتنی پێویستی بەیەکەوە کارکردن، یان ئاراستەیەک ڕێگر بێت لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان یەکێتی و پارتی.
نزیکەی 45 ڕۆژە حکومەتی نوێی هەرێم پێکهێنراوە، ڕێککەوتنێکی نوسراو و کۆنکریتی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە. ئەو ڕێککەوتنە تەنها بۆ دابەشکردنی جومگەکانی حوکمڕانیی و پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان نییە، بەڵکو لەبنەڕەتدا بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگییە لەسەربنەمای شەراکەت لە دابەشکردنی دەسەڵات و بڕیاردان، هاوکات چارەسەرکردنی گرفتە ئاڵۆزکاوەکانی نێوان هەردوولا.
45 ڕۆژە تێپەڕیوە کەچی هێشتا ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و پارتی لەجێی خۆیدا نەجوڵاوە، دێڕێک و ماددەیەکی لێ جێبەجێنەکراوە! گەر وابڕوات ئیدی بەمزوانە دەنگی لێ هەڵدەستێ و بێدەنگییەکە دەشکێت.
بەپێی زانیارییەکان تائێستا هیچ دەسەڵاتێک بە جێگری سەرۆکی حکومەت نەدراوە، یان تائێستا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتەکانی لەگەڵ جێگری سەرۆک دابەشنەکردووە! لەکاتێکدا ئەسڵی مشتومڕ و نەگەیشتنە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی دابەشکردنی دەسەڵات و شەراکەت بوو لەحوکمڕانیی! ئەگەر دەسەڵاتی پێویست نەدرێتە جێگری سەرۆک وەزیران کە (#قوباد تاڵەبانی#یە) ئەوا گرفتی جددی دروست دەبێت، بەتایبەت دەسەڵاتی خەرجکردنی پارە لەچوارچێوەی پلانی حکومەت. ناکرێت قوباد تاڵەبانی بڕیاری خەرجکردنی پارەبدات بۆ چاککردنی ڕێگای #کۆیە# وەزیر یان #وەزارەتی دارایی# ڕێگریی بکات!
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن تائێستا پرسی #کەرکووک# دیارنییە، ئەو ڕێکارەی ئێستا گیراوەتەبەر بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ کاتی زۆری پێویستە، پێدەچێت هەوڵبدرێت پرسی دانانی پارێزگارێکی نوێ ببێتە (هەقایەتی شیردە بۆ داپیردە) لەکاتێکدا وا خەریکە ئەو 45 ڕۆژە تەواوبێت کە بڕیاربوو لەوماوەیە پارێزگاری کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە. بەپێی زانیارییەکان ئامادەنەبوونی چەند ئەندامێکی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کراوەتە بیانوو! لەکاتێکدا هەموومان دەزانین پارتی حزبێکی مەرکەزیی شمولییە زۆر ئەستەمە چەند ئەندامێکی لەخۆوە گیربن و ڕێگری دروستبکەن؟!
لەوە واوەتر، تائێستا فەرمانی ڕاسپاردنی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا کە بڕیارە خالید شوانی بێت، لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە دەرنەکراوە! تائێستا خالید شوانی وەک وەزیر دەستبەکارنەبووە! ئەمە لەکاتێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنی کابینەی نوێ بەفەرمانێکی نوێ دووبارە نوسینگەی نوێنەرایەتی پەیوەندی هەرێم و بەغدا کرایەوە و کەسێکی بۆ دەستنیشانکرا! ئەمەش ناکۆک و دژە لەگەڵ دانانی ئەو وەزیرەی هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا.
سەرباری ئەم کۆک نەبوونە، هێشتا فەرمانی دەستبەکاربون بۆ سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (رەوەند مەحمود) لەلایەن سەرۆک وەزیران دەرنەکراوە!
ئەم دۆخەی ئێستای ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی دڵخۆشکەر نییە! ئەو ڕێککەوتنەی کراوە یەک بوخچەیە (پاکێج)ەو ناکرێت ئینتیقائی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەگەر تائێستا بێدەنگییەک لەم دۆخە هەیە، ئەوا ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا لەرۆژانی داهاتوو بێدەنگی دەشکێت، بەتایبەت ئەو ڕێککەوتنەی نێوان هەردوولا کاتێکی زۆری برد، ناکرێت بەنیوە ناچڵی بخرێتە واری جێبەجێکردن و بەشێک لە ڕێککەوتنەکە کاڵبکرێتەوە و تەنها ئەو دیوە جێبەجێکرێت کە لەبەرژەوەندی لایەنێکی دیارکراودایە! بەتایبەت پرسی پێکهێنانی حکومەت کە ئومێدێکی زۆری لەسەر هەڵچنرا بۆ باشترکردنی بازاڕ، بەوشێوەیە نەبوو! ئێستا ئەگەر ڕێککەوتنەکە کێموکاسی تێکەوێت ئەوا بەدڵنیاییەوە دیسان بازاڕ و بەرژەوەندی خەڵک دەشێوێنێت.
سەرتیپ جەوهەر