قائیمقامیەتی سلێمانی و حکومەتی عێراق هەماهەنگیی دەکەن بۆ جێگرەوەی زەرفی کاغەز لەبری زەرفی نایلۆن و پلاستیک و هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیاریش بەڕێوەدەچێت.
دوای دەستپێکردنی کارەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ جێگرەوەی زەرفی کاغەز لەبری زەرفی نایلۆن و پلاستیک، وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق بە هاوکاریی ڕێکخراوی یونسێف هەڵمەتێکی هۆشیاریی لە بەغدای پایتەختی عیراق دەستپێکردووە و دەیەوێت هاوڵاتیان لە جیاتی زەرفی نایلۆن زەرفی کاغەز بەکار بهێنن، بۆ هەمان مەبەست ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی کۆبوونەوه.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی سلێمانی، شاندەکە ڕایانگەیاندووە، کە دەیانەوێت هەڵمەتەکەیان لەسەرانسەری عیراقدا فراوانبکەن و وەکو یەکەم پارێزگاش دوای بەغدا سلێمانیان هەڵبژاردووە، چونکە لەم ڕووەوە کاری باش کراوە و هۆشیاریی بە هاوڵاتیان دراوە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وەزارەتی تەندروستی عێراق باسیان لەوەش کرد کە هەڵمەتەکەی ئەوان لە پێناوی پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاوڵاتیاندایە و بەهاوکاری ڕێکخراوی یونسێف ژمارەیەکی زۆر زەرفی کاغەزیان ئامادەکردووە و دەدرێت بە هاوڵاتیان و فرشگاکان.
لە بەرامبەردا، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانیش خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکەیان دەر بڕی و ڕایگەیاند هەماهەنگی باش لە نێوانیاندا دەبێت و بڕیارەکانیشیان له و ڕووەوە دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
دوای پێشکەشکردنی سیمینارێک لەلایەن (حیکمت کورکیس) ئەندازیاری خۆراک بۆ بەشێک لە نوێنەری ڕێکخراوەکانی بواری ژینگە و خاوەنی سەموونخانە و چێشتخانەکان لەبارەی زیانەکانی زەرفی نایلۆن و پلاستیک بۆ سەر ژینگە و تەندروستی هاوڵاتیان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، قائیمقامی سلێمانی ئاشکرایکرد، کە ماوەی 10 ڕۆژ مۆڵەت دەدەنە تەواوی نانەواخانە و سەمونخانەکان بۆئەوەی ئامادەکاریی بکەن و له و کاتە بەدواوە ڕێگە نادرێت لە هیچ نانەواخانە و سەمونخانەیەک زەرفی نایلۆن بەکار بهێنرێت و دەبێت زەرفی کاغەز بەکار بهێنن.
ڕاشیگەیاند، کە لەرێگەی لیژنە هاوبەشەکانیشەوە چاودێریی وردی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکرێت و هەر شوێنێک پێوەی پابەند نەبوو ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.
قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ ئەوەی کە داوای لە هاوڵاتیان کرد هاوکار بن بۆ جێبەجێکردنی بریارەکەوە و هەوڵ بدەن ئەگەر زەرفی کاغەزیان بەکار نەهێنا تورەکەی پەڕۆی تایبەت بە نان و سەمون دروست بکەن و بەکاربهێنن، هاوڵاتیانیشی دڵنیا کردەوە لەوەی کە ڕێگە نادەن بەهۆی ئه و بڕیارەوە نرخی نان بەرز بێتەوە و کێشی گونکی هیچ سەموون و نانێک کەم بکرێتەوە