سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی خانووە پلاستیکییەکان لە #سلێمانی# ڕایدەگەیینێت، جووتیاران کێشەی گەورەیان هەیە و سەرجەمیان زەرەردەکەن، سێ هەفتەیە دەیانەوێت وەزیر ببینین پیرۆزبایی لێبکەین ناتوانن، بەڕێوبەری کشتوکاڵیش هۆکارەکان بۆ زۆری بەرهەم و بێپلانی جووتیارەکان دەگەڕێنێتەوە.
جووتیارانی سنووری سلێمانی دەڵێن، بەرهەمەکانیان بە زەرەر دەفرۆشن و بۆیان ساخ نابێتەوە و هیچ هاوکارییەکیش ناکرێن.
د. هەورامان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی خانووە پلاستیکییەکان ڕاگەیاند: بەهۆی نەبوونی سیاسەتێکی کشتوکاڵی ڕوونەوە جووتیارانی کوردستان تووشی زەرەر و زیان دەبن، جووتیار بەرهەمێک دەچێنێت کە زوو پێبگات ناشتواندرێت ناچاربکرێت بەرهەمەکانی جۆراوجۆربن، چونکە هیچ هاوکاری ناکرێن و ناتوانرێت داواکارییەکانیان جێبەجێبکرێت.
د. هەورامان محەممەد دەڵێت: ساڵی 2018 بڕی 450 ملیۆن دینار بۆ هاوکاری جووتیاران هەبوو، بەڵام بەهۆی ڕۆتیناتەوە پارەکە خەرجنەکراو گەڕایەوە خەزێنە.
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی ڕاگەیاند: پارەکە بۆ کەرتی کشتوکاڵ دابینکرابوو لە ساڵی 2018 بڕەکەی حەوت ملیار دینار بوو بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە سلێمانی، بەشێکی بۆ خانووە پلاستیکییەکان بوو، بەڵام بەهۆی ڕۆتیناتەوە ڕەزامەندی خەرجکردنەکەی لە 26-11-2018 گەڕایەوە پارێزگا و تەنها چوار ڕۆژی ساڵی دارایی مابوو، بۆیە نەتوانرا خەرجبکرێت و خرایە ئەمساڵ و لە مانگی داهاتوودا خەرج دەکرێن.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێت: ئێمە ڕێنمایی جووتیارانمان کردووە بەرهەمەکانیان جۆراوجۆربن، بەڵام جووتیاران یەک جۆر بەرهەم دەچێنن و زیاتر دەبێت لە پێویستی بازاڕ.
د. هەورامان لەبارەی هەناردە و هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵییەوە گوتی: ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، تەنها یەک مانگ بەروبوومیان نییە دوای ئەوە بەرووبۆمی خۆیان پێدەگات و پێویستیان بە بەرووبومی کشتوکاڵی کوردستان نییە، دەروازەکانیشیان کراوەیە ئێران دەستیگرتووە بەسەر بازاڕەکانیاندا.
بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی خانووە پلاستیکییەکان تەواو بێ ئومێدبوون لە پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵی، چونکە لە بودجەدا تەنها 1٪ بۆ کەرتی کشتوکاڵ دیاریدەکرێت، ماوەیەکەی زۆریشە هەوڵی بینینی جێگری سەرۆکی حکومەت دەدەن بۆ ئەوەی کێشەکانیان بخەنەڕوو، بەڵام ڕێگەیان پێنادرێت تەنانەت سێ هەفتەیە دەیانەوێت بۆ پیرۆزبایی سەردانی وەزیری کشتوکاڵ بکەن ناتونن.
شاڵاو جەمال لەبارەی بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە گوتی: داوامان کردووە کە 10٪ بودجە بۆ ماوەی 10 ساڵ بۆ کشتوکاڵ و پێشخستنی ئەو کەرتە دابنرێت، بەڵام جێبەجێ ناکرێت.
پارێزگای سلێمانی خاوەنی دوو ملیۆن و 496 هەزار و 644 دۆنم زەوی کشتوکاڵییە، 286 هەزار و 715 دۆنم زەوی بەراون، لە ساڵی ڕابردوو یەک ملیۆن و 825 هەزار و 730 دۆنم زەوی داچێنرابوو.[1]