کەمال موکرجی، 1ی تەممووز 1933–25ی شوبات 1987٫ نەخشەساز و مامۆستای جوگرافیا و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بووە.پاشان بووە بە بەڕێوەبەری چەند قوتابخانەیەک. لەوانە: ناوەندیی ئێوارانی #سلێمانی#ی کوڕان٫ ناوەندیی وەتەنی کوڕان و ناوەندیی سەرچناری کوڕان. دواتر بووە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردە. هاوکات بووە بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی نەخوێنەواری.
. کەمال سێیەمین مناڵی گۆکول-چاند موکرجی و دووەم مناڵی خەیرییە ئەیوب غەیوبە. گۆکول-چاندی باوکی خەڵکی هیندستان بووە و لە سوپای بەریتانیدا سەرباز بووە. لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا بۆ عێڕاق هاتووە و دواتر لە سلێمانی نیشتەجێ بووە و لە خزمەتی سەربازی وازیهێناوە و هەرگیز نەگەڕاوەتەوە. پێش خواستنی خەیرییە خانم دوو جاری تر هاوسەرگیریی کردبوو. لەگەڵ هاوسەری یەکەمیدا ماوەیەکی کورت پێکەوە ژیاون و مردووە. لەگەڵ هاوسەری دووەمیدا کچێکیان بە ناوی (سەبیحە) و بووە. دواتر جیابوونەتەوە. سێیەم هاوسەری موکرجی خەیرییە خانمە کە تەنها کچ و کوڕێکیان بووە٫ ئەوانیش (شوکرییە 1931–2018) و (کەمال 1933–1987)ن. کە هەردووکیان لە شاری سلێمانی و لە گەڕەکی سابونکەران لەدایکبوون. ڕۆژی دیاریکراوی لەدایکبوونەکەی دیارنییە٫ لەسەر پێناسی باری شارستانییەکەی بە 1ی تەممووزی 1933 تۆمارکراوە.
. کەمال موکرجی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. قۆناغی ئامادەیی لە ئامادەیی سلێمانیی کوڕان تەواوکردووە. پاشان لە کۆلێژی پەروەردە٫ بەشی جوگرافیای زانکۆی بەغدا وەرگیراوە کە بە (خانەی باڵای مامۆستایان - دار المعلمین العالیة) بەناوبانگ بووە. لە ساڵی 1959دا کۆلێژی ناوبراو تەواودەکات.
. دوابەدوای دەرچوونی لە کۆلێژ٫ هەر لەو قوتابخانەیەی خۆی لێیدەرچووە٫ واتە ئامادەیی سلێمانیی کوڕان بە مامۆستا دادەمەزرێتەوە. پاشان لە ناوەندیی شۆڕشی کوڕان دەبێتە مامۆستا. دواتر بەهۆی ئەوەی گومانی چالاکیی ڕامیاریی لێکراوە لەگەڵ کۆمەڵەی کاژیکدا؛ ئەوا بۆ بەسڕە دوورخراوەتەوە٫ لەوێ کراوە بە مامۆستا لە قوتابخانەی (ئەلنیزاڵ). پاشان بۆ ناوەندیی #قەڵادزێ#ی کوڕان لە قەڵادزێ دەگوێزرێتەوە. پاشان بۆ سلێمانی بۆ ناوەندیی شۆڕشی کوڕان و دواتریش بۆ ناوەندیی وەتەنی کوڕان هەر وەک مامۆستا دەگەڕێنرێتەوە و بەردەوام دەبێ.
. لە ساڵی 1966دا دەبێتە یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئامادەیی سلێمانیی کوڕان. ساڵی دواتر دوو کاری هاوکاتی یەکتر دەکات. هاوکاتی مامۆستایەتی لە ناوەندیی وەتەنی کوڕان٫ لە ناوەندیی ئێوارانی سلێمانیی کوڕانیش دەبێ بە بەڕێوەبەر. هەر هاوکاتی کاری ئێوارانەکەی لە 1970–1973 لە ناوەندیی وەتەن دەبێتە یاریدەدەری بەڕێوەبەر. لە 1973 و 1974یشدا لە هەردوو ناوەندییەکانی وەتەن و سەرچناری کوڕان دەبێتە بەڕێوەبەر.
. لە ساڵی 1974ەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی بووەتە شارەزای بواری نەهێشتنی نەخوێنەواری. ساڵی داهاتوو بووە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردە بۆ بواری نەهێشتنی نەخوێنەواری. لە ساڵی 1977دا بووە بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی نەخوێنەواری. مامۆستا کەریم زەند یاریدەدەری بووە. هاوکاتی کارەکانی بۆ نەهێشتنی نەخوێنەواری بووە بە پسپۆڕی پەروەردەیی و کارگێڕی. لە سەرەتای ساڵی 1980وە باری تەندروستیی تێکچووە. لەسەر ئەرکی حکوومەت بۆ چارەسەر بۆ دەرەوەی عێڕاق نێرراوە. لە ساڵی 1984ەوە بەهۆی لاوازیی باری تەندروستییەوە داوایکردووە تەنها وەک چاودێری پەروەردەیی بمێنێتەوە. بۆیە بووە بە پسپۆڕی پەروەردەیی وانە کۆمەڵایەتییەکان.
. بەهۆی سروشتی کارەکەی و بۆ چاودێریی قوتابخانەکان سەردانی زۆر لادێ و شارۆچکەی سەر بە پارێزگای سلێمانی کردووە. هاوکاتی گەشتی کارەکەی؛ لە لاوە زانیاریی پێویستی نەخشەی جوگرافی و ناوی سەرجەم شوێنەکان و بەرزییان لە ئاستی ڕووی دەریای تۆمارکردووە. چووەتەوە ماڵەوە و ئەو زانیارییانەی لەسەر چەند ڕەشنووسێکی نەخشە تۆمارکردووە. پاش نزیکەی هەشت ساڵ کارکردن لەو نەخشەیەدا کە بە نهێنی کێشاویەتی٫ کۆچی دوایی کردووە و نەخشەکە بە ناتەواوی بەجێهێڵراوە. ئەو نەخشەیە ناوی زۆر دێ و شوێنی تێدایە کە هەموویان لەلایەن ڕژێمە بەعسەوە خاپوورکراون و ناویان سڕراونەتەوە. وێنەی ماکی نەخشەکە 58سم بە 55سم دەبێت. لای دامێنەکەیەوە کەمێک شێ لێیداوە و نووسینەکانی تەڵخکردووە٫ بەڵام هێشتا دەخوێنرێنەوە.
کەمال موکرجی چوار زمانی بە باشی زانیوە٫ ئەوانیش زمانەکانی عەرەبی٫ کوردی٫ تورکی٫ ئینگلیزی بوون.[1] بە درێژایی ماوەی ژیانی هەر لە شاری سلێمانی ژیاوە. بەهۆی کارەکەیەوە چەند جارێک بۆ لوبنان و میسڕ چووە. لە 21ی تشرینی دووەمی 1965دا خاتوو عەتێ فەرەج مەحموودی خواستووە. دە مناڵیان بووە بە ناوەکانی (ئاسۆ 1966–1989٫ سازان 1968٫ نزار 1969٫ گوڵاڵە 1970 بە مردوویی لەدایکبووە٫ میران 1971٫ کارزان 1973٫ ڕێبین 1980٫ هۆزان 1981٫ ئەحمەد 1986٫ نەوا 1987). تا ساڵی 1970 هەر لە گەڕەکی سابونکەران ژیاون. بەڵام دوای ئەو ڕێکەوتە بۆ گەڕەکی عەلی ناجی دەگوێزنەوە و تا کۆتایی تەمەنی هەر لەوێ ژیاوە. لە 18ی کانوونی یەکەمی 1980دا باوکی دەمرێ و لە 13ی ئابی 1984دا دایکی دەمرێ.
کەمال موکرجی نەخۆشیی دڵی هەبووە. سەردانی وڵاتی سویسرای بە مەبەستی نەشتەرگەری کردووە. لەوێ نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدراوە. بەڵام لە شوباتی 1987دا باری تەندروستیی دڵی دیسان تێکدەچێتەوە. هەرچەندە بەپێی خۆی سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی دەکا؛ بەڵام دوو ڕۆژ دواتر و لە ڕێکەوتی 25ی شوباتی 1987 لە هەمان نەخۆشخانە گیان دەسپێرێ. هەر لە شاری سلێمانی و لە گردی سەیوان٫ نزیک ئارامگای باوکی دەنێژرێ. ئەو کاتەی دەمرێ هێشتا نەزانراوە کە ژنەکەی بە دواهەمین مناڵی سکپڕە.[2]