بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە ساڵی 2013 دوو ملیۆن و 952 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام شەڕی داعش و قەیرانی دارایی هاتنی گەشتیارانی کەمکردەوە، بەجۆرێک هاتنی گەشتیاران لە ساڵی 2014 بەراورد بە 2013 بەڕێژەی 48% کەمی کرد، ساڵی 2015 ڕێژەکە بەرزبووەوە بۆ 73.6%.
دوای نەمانی شەڕ و باشتربوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە کەرتی گەشتیاری هەرێمی کوردستان بوژایەوە بەجۆرێک ساڵی ڕابوردوو 3 ملیۆن و 57 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد.
مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ دەڵێت: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 2019 زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بە بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابوردوو 2018 ژمارەی گەشتیاران لەسەدا 23% زیادیکردووە و پێشبینی ژمارەیەکی زۆر زیاتر دەکەین.
دەستەی ئاماری هەرێم بە هاوکاریی دەستەی گەشتوگوزار و کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2017 ڕووپێوییەکی مەیدانی بۆ هاتنی گەشتیاران و خەرجی و مانەوەیان لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2016 کردبوو.
لە ڕووپێوییەکەدا دەرکەوت لە ساڵی 2016 کۆی ژمارەی میوان لە یەکە گەشتیارییەکان 1.237.438 میوان بووە، ئەمەش لەچاو ژمارەی میوان لە ساڵی 2013 بەڕێژەی 56.8% کەمیکردبوو. هەروەها ژمارەی شەوانی مانەوەی میوان لە یەکە گەشتیارییەکان لە ساڵی 2016دا 3.739.022 شەو بووە، بە بەراورد بە شەوانی مانەوەی میوان لە ساڵی 2013 بەڕێژەی 43% دابەزیبوو. بەو هۆیەشەوە داهاتی کەرتی گەشتیاری 37.6% کەمیکردبوو.
بەپێی ڕووپێوییەکە، لە ساڵی 2016 لە کۆی 1,128 یەکەی گەشتیاری تەنیا 636 یەکەی گەشتیاری لەکاردابوون، 339 یەکەی گەشتیاری کاریان نەکردووە یان داخراون، 101 یەکەی گەشتیاریش شوێنەکەیان کراوەتە شتی دیکە.
ئەو 339 یەکە گەشتیارییەی لە ساڵی 2016 کاریان نەکردووە یان داخراون 159 یان لە هەولێر، 110 لە سلێمانی و 69 یان لە دهۆک بوون، لەناویاندا شەش هۆتێلی 5 ئەستێرەیی و هەشت هۆتێلی 4 ئەستێرەیی هەبوون.
مەولەوی جەبار، دەشڵێت: بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش زۆربەی هۆتێلەکان کاریان کەمبوو و داخران، بەڵام ئێستا ئەوەندە گەشتیار زیادیکردووە هەموو هۆتێلە داخراوەکان کراونەتەوە، لەداهاتوودا چەندین هۆتێلی براندی جیهانیش لە شارەکانی کوردستان دەکرێنەوە.
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، ئێستا 1075 شوێنی مانەوەی گەشتیاران هەن لە هەرێم کە بریتین لە 625 هۆتێل، 370 مۆتێل، 80 گوندی گەشتیاری، ئەمە جگە لە نزیکەی 800 ڕێستۆرانت و کافتریای گەشتیاری و سەدان کەپری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکان.
شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: لە ساڵانی ڕابوردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی گەشتیار خاوەن هۆتێلەکان تووشی زیانی گەورە بوون، ژمارەیەکی زۆر هۆتێل و مۆتێل داخران، تەنانەت 23 هۆتێل بە فەرمی مۆڵەتەکانیان هەڵوەشاندەوە و ئەندامێتیان لەلای ئێمە هەڵپەسارد کە هۆتێلی 5 ئەستێرە و 4 ئەستێرەیان تێدابوو.
وتیشی: بەهۆی باشبوونی بارودۆخی گەشتیاری، ئەم هۆتێلانەی کە پێشتر داخرابوون ئێستا دووبارە کراونەتەوە، بە گشتی سەرجەم ئەو گەشتیارانەی لەڕێگەی گروپەکانەوە دێن 3 تاوەکو 4 شەو دەمێننەوە، ئەو گەشتیارانەشی بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دێن، نزیکەی 50%یان لە هۆتێلەکان دەمێننەوە.
بەهۆی کێبڕکێی هۆتێلەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گروپە گەشتیارییەکان، نرخی مانەوە لە هۆتێلەکانی کوردستان زۆر کەمبووەتەوە.
شوکر عەزیز دەڵێت: نرخی شەوی مانەوە بەتایبەت بۆ گروپە گەشتیارییەکان زۆر دابەزیوە، لە حەوت هەزارەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە 20 هەزار دینار، ئەو نرخەش زۆر کەمە.
هۆتێلی وایت گاردینیا، سێ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی کەمیی میوانەوە داخرا، بەڵام دوو مانگ لەمەوبەر جارێکی دیکە لەلایەن سەرمایەدارێکی لوبنانییەوە کرایەوە.
تۆنی حارس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێستۆرانت و هۆتێلی وایت گاردینیا لە شاری هەولێر کە پێشتر ئیدارەی دوو هۆتێلی دیکەی لە هەولێر کردووە، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: باشبوونی باری ئابووری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران، وای لێکردین جارێکی دیکە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاری بگەڕێینەوە هەولێر.
تۆنی پێیوایە ئەگەر ستافی هۆتێلەکان بەشێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ زەوقی گەشتیاری عەرەب بکەن و خزمەتگوزارییەکانیان باش بێت، هیچ هۆتێلێک ژوورەکانی چۆڵ نابێت.
نرخی مانەوەی گەشتیاران لە هۆتێل و مۆتێلەکان لە شارێک بۆ شارێکی دیکە جیاوازە، بەوتەی گەشتیاران و ڕێبەرەکانیان نرخی مانەوە لە سلێمانی گرانترە لەچاو هەولێر.
هاوشێوەی هەولێر، ئەو هوتێلانەی پێشتر لە سلێمانی داخرابوون ئێستا کراونەتەوە و جمەیان دێت لە گەشتیار. مەحمود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ دواڕۆژی ڕوونکردەوە: ماوەی دوو ساڵە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی گەشتیار بارودۆخی هۆتێلەکانی سلێمانی زۆر باش بووە، زۆربەی ئەو هۆتێلانەی پێشتر داخرابوون، کراونەتەوە.
وتیشی: نرخی مانەوەی شەوێکی میوان لە هۆتێلەکانی سلێمانی بۆ گروپە گەشتیارییەکان لە 15 هەزار دینار کەمتر نییە. بەگوێرەی ئەستێرە و خزمەتگوزارییەکانیش نرخەکە بەرزدەبێتەوە تاوەکو 25 هەزار، نرخی مانەوە لە هۆتێلی 3 ئەستێرە و 4 ئەستێرەش لە 50 هەزار دینار کەمتر نییە