وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی کردەوە پێویستە ڕێنماییەکانی خوێندنی ماستەرو دکتۆرا بەشێوازێک دابڕێژین ڕێگر بێت لەچوونە دەرەوەی سامانی نیشتیمانی وڵاتەکەمان و زۆرترین دەرفەتیش بۆ خوازیاران دەستەبەر بکەین. دوپاتیشیکردەوە سەرجەم دەرچووانی زانکۆکان ئەوانەی تا ئێستا دانەمەزراون بەبێ ڕەچاوکردنی ساڵانی دەرچوون و خزمەت دەتوانن داواکاری بۆ ماستەر پێشکەش بکەن.
ئەو جەختکردنەوەی د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی #03-09-2019# لەمیانەی سەرپەرشتی کردنی کۆبوونەوەی داڕشتنەوەو پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هات، کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکان بۆ کاروباری زانستی ئامادەیبوون.
لە وتەیەکدا بۆ یاریدەدەرانی سەرۆک زانکۆکان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاسی کردن کە بەردەوام ڕۆڵیان لە داڕشتنی بنەما زانستییەکان هەبوە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندنی باڵا بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان، وتیشی: لەم کۆبونەوەیەدا پێداچوونەوە بە ڕێنمایەکانی خوێندنی باڵا ماستەر و دکتۆرا دەکەین، بەشێوەیەک بۆ ئەمساڵی خوێندن بتوانین ئەم ڕێنماییانە بە باشترین شێوە ئامادەبکەین لەو پێناوەی زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران دەستەبەر بکەین.
د.ئارام محمد قادر وتیشی: سەرجەم دەرچووانی زانکۆکان ئەوانەی تاکو ئێستا دانەمەزراون، لەمساڵدا بەبێ ڕەچاوکردنی ساڵانی دەرچوون و خزمەت دەتوانن داواکاری بۆ ماستەر پێشکەش بکەن. بۆ ئەمەش دوپاتیکردەوە دەخوازین بە ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیارانمان بتوانین ڕێگر بین لە بردنە دەرەوەی سەرمایەی نیشتیمانی وڵاتەکەمان و کادیری زانستی و ئەکادیمی بە کواڵێت و ستاندارد و بنەما زانستییە پێشکەوتوەکان پێبگەیەنین.
وەزیری خوێندنی باڵا زیاتر وتیشی: ئەم ڕێنماییانە بۆ کواڵێتی کۆرسەکان و توێژینەوەکانیشە بۆ ئەوەی توێژینەوەکان بچنە ئاستێکی باڵاتر و لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانی دونیا بڵاو بکرێنەوە، ئەمانەش بۆ ئەوەن بتوانین ئاستی زانکۆکانمان زیاتر بەرەوپێش ببەین لە ڕوی زانستی و ئەکادیمی. هەروەک داوای لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆکان بۆ کاروباری زانستی کرد: پێویستە مۆدێل و ستایڵی گفتوگۆی ماستەرو دکتۆرا گۆرانکاری بەسەردا بکرێت، بەشێویەک لەگەڵ بنەما زانستییە نێودەوڵەتییە مۆدێرنەکان بگونجێن و گفتوگۆکان لەئاستێکی زانستی و باڵا بەڕێوەببردرێن.
هەر لەو کۆبوونەوەکەدا بەخستنەڕووی دیدو بۆچوونی زانستی، گفتوگۆیەکی ورد لەبارەی داڕشتن و پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرا.