دوای ئاراستە کردنی نووسراوێکی وەزارەتمان بۆ (وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عیراق/ دەستەی گشتی ڕووپێوی) پەیوەست بە ئیفرازکردنی چەند پارچە زەوییەک لە سنووری پارێزگای #هەڵەبجە#، کە لە نووسراوەکەماندا بە (شارۆچکەی هەڵەبجە لە پارێزگای #سلێمانی#) ئاماژەی پێکراوە. هەندێک کەس ڕەخنەی ئەوەیان گرت کە پارێزگای هەڵەبجە بە قەزا ناو براوە. لەمبارەیەوە بە پێویستی دەزانین ئەم ڕوونکردنەوەیە بخەینە بەرچاوی هەمووان:
1 – تاکو ئێستا لە هەندێک دامەزراوەی حکومەتی ناوەندی ڕێکاری پێویست نەگیراوەتە بەر بۆ چەسپاندنی ناوی هەڵەبجە وەک پارێزگایەکی عیراق، بەتایبەت لەو ئاستانەی فەرمانگە و دەستەن و سەربە وەزارەتەکانن.
2 – نووسراوەکەی وەزارەتمان تایبەت بوو بە ئیفرازکردنی زەوی و ئاگایانی بواری زەوی و زار دەزانن کە تاکو ئێستا لە عیراق کار بە تەسویەی زەوی و زاری ساڵی (1950) دەکرێت، کە لەوێدا نەک هەڵەبجە، هێشتا #دهۆک# وەک پارێزگا ناوی نەهاتووە، بەڵکو بە قەزای دهۆک پارێزگای نەینەوا ناوی هەیە، ئەمەش هۆکارەکەی لەبەردەست نەبوونی تەسویە و نەخشەیەکی نوێی زەوی و زاری عیراقە، ئێمەش بۆ ئەوەی کاروبارەکان بە زوویی ڕایی بکرێن بە هەمان ناونیشان کە لەسەر نەخشەکانی لای دەستەی گشتی ڕووپێوی عیراق هەیە ناونیشان و ژمارەی پارچە زەوییەکانمان ناردووە. ئەگەر بە ناونیشانە نوێیەکەی هەڵەبجە داوای ڕایی کردنی کارەکەمان بکردایە لای ئەوان ناونیشانەکە نەدەدۆزرایەوە و کارەکان دوا دەکەوتن، یان نەدەکران.
3- لە دید و هزری ئێمەدا هەڵەبجە ناوێکی گەورەی شکۆدارە و پارێزگایەکە جێگای شانازی هەموو کوردانە، ئەم سەرنج و ڕەخانانە سەرئەنجامی نەبوونی تەسویەی نوێی زەوی و زار و سستی ڕێکاری ئیداری پێویستن بۆ ئەو گۆرانکارییە ئیدارییانەی بەسەر وڵات دا دێن، دەبوایە دوای ئەو هەموو ماوە زۆرەی هەڵەبجە وەک پارێزگا ناسێنراوە لە هەموو دەزگا و دامەزراوە ڕەسمییەکاندا وەک پارێزگا بچەسپێنرایە، بەڵام بە داخەوە هۆکار و مەبەستەکە هەرچییەک بێت لە ئاستی پێویست دا نەکراوە. وەک وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دا دووپاتیدەکەینەوە کە لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کاردەکەین بۆ ئەوەی هەڵەبجە لە هەموو ئەو دامەزراوانەی ئێمە سەر و سەودامان لەگەڵیاندا هەیە وەک پارێزگا ناوەکەی بچەسپێنرێت.[1]